1

عێراق لە دوای يونامی

پرۆفيسۆر د. بڕیار شێرکۆ بابان

دوای زیاتر لە بیست و دوو ساڵ، ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق – يونامی/ UNAMI-  لە ڕێکەوتی 1/1/2026ەوە کۆتایی دێت. ئەم نێردەیە دامەزراوەیەکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو؛ لە زۆر بابەتی گرنگی سەر شانۆی سیاسیی عێراقی جێپەنجەی دیار بوو. کۆتاییهاتنی ئەکتەرێکی نێودەوڵەتیی ئاستباڵا و تەمەندرێژ، لەوانەیە دەرەنجامی نەخوازراو و مەترسیداری بۆ داهاتووی عێراق هەبێت؛ هەروەها هەندێك لە عێراقییەکان ئەم ڕووداوە بە گەڕاندنەوەی سەروەری لە قەڵەم دەدەن.

لە کۆتاییی ئەم بابەتەدا چەند پێشنیار و سەرنجێك دەربارەی چۆنێتیی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قۆناغی دوای يونامی دەخەينە ڕوو.   

یەکەم: يونامی چی بوو؟

لە 14ی ئابی ساڵی 2003، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق بە بڕیاری ژمارە (1500)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا. سەرۆکی ئەم نێردەیە لە هەمان کاتدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لە ساڵی 2007ەوە بە بڕیاری 1770، يۆنامی ئەرکەکانی بەرفراوان کرا، بە شێوەیەك زۆر بابەتی هەستیاری لەخۆ گرتبوو، بۆ نموونە: پرسی جێبەجێکردن و ڕێزگرتنی دەستووری عێراق، پرسە ئاسایشییەکان، مافەکانی مرۆڤ، هەڵبژاردنەکان و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا، پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چاکسازیی دادوەری و یاسایی و ئابووری و هتد.

يونامی، پردی پەیوەندی بوو لە نێوان ئەم پرسە هەستیارانەی عێراق و دامەزراوە گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەکوو: ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتی. بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی، سەدان ستافی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە هەموو عێراقدا بڵاوەیان پێ کرا بوو؛ لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆکی نێردەکە و دوو جێگرەکەی. یەکێك لە جێگرەکانی تەرخان کرابوو بۆ مەبەستی کاروباری سیاسی و هاوکاریی هەڵبژاردن و، جێگرەکەی تری سەرپەرشتیی کاروباری مرۆیی و پەرەپێدان و نیشتەجێبوونی دەکرد.

دووەم: عێراق وەکوو دروستکراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان

عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان مێژوویەکی زۆر تایبەت کۆیان دەکاتەوە. سەد ساڵ لەمەو پێش، سنووری عێراقی ئەمڕۆ بە بڕیارێکی کۆمەڵەی گەلان لە 16/12/1925 چەسپێنرا. بەپێی ئەم بڕیارە، هەرێمی کوردستان بە مەرج بە عێراقەوە لکێنرا. چەند ساڵێك دواتر لە 3/10/1932 عێراق توانی ببێت بە ئەندام لە کۆمەڵەی گەلان. ئەم بەئەندامبوونە، بوو بە هۆکار بۆ سەربەخۆبوونی عێراق.

لە ساڵی 1946، بە بڕیاری ژمارە (24)ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەفەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان جێی کۆمەڵەی گەلانی گرتەوە. عێراق بەردەوام بوو لە ئەندامبوون لە نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکوو ئەمڕۆ. لە لایەکی ترەوە، بڕیاری ژمارە (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ دروستبوونی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991ەوە.

شایانی گوتنە، لە ساڵی 1991ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، عێراق مەیدانێکی زۆر بەپيت بووە بۆ چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر لەو ساڵەوە، کەم تا زۆر، بەشێك لە کایەی ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەتاوەکوو سیاسیی عێراقیش لەدەستی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. پێویستە بڵێین، نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق بە پەروەردەی دەستی خۆی دادەنێت و، هەوڵی داوە بيپارێزێت. پاڵپشتی سەرەکی بووە لە داڕشتن و تێپەڕاندنی دەستووری عێراقی ساڵی 2005، هەروەکوو لە بڕیارەکانی ژمارە 1546 و 1637ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دیارە.

ژمارەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە عێراق، (٨٠) بڕیاری تێ پەڕاندووە. بڕیارەکان “بۆ” یان “دژی” عێراق دەرچوونە. زۆربەی زۆری بڕیارەکان، جێبەجێکردن و خەرجیی دارایییەکەیانی خراوەتە سەر ئەستۆی عێراق. ئەم وڵاتە کراوە بە تاقيگەیەک بۆ بڕیارە جۆربەجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. يونامی لە بەشێکی ئەو ڕووداوە بەشداریی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی هەبووە.

سێیەم: سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق

لە ساڵی ١٩٩١ەوە، عێراق کێشەی سەروەریی هەیە. لە ماوەی نێوان ١٩٩١ – ٢٠٠٣ خرايە ژێر گەمارۆیەکی توندی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌. عێراق نەيدەتوانی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و یاسایییەوە سەروەریی خۆی وەکوو دەوڵەتێکی ئاسایی پيادە بکات. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ کەوتە ژێر هەژموونی دوولایەنەی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە لایەکەوە و، لە لایەکی ترەوە ئێران.

سیاسەتێکی فرەلایەن هەیە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراق، کە لە ساڵانی حوکمڕانیی “نووری مالیکی” لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠١٤ هەستی پێ کرابوو و بەتایبەتی دوای  واژۆکردنی ڕێکكەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ و کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١. کەچی دواتر دوای داگيرکردنی ڕووبەرێکی فراوان لە خاکەکەی لەلایەن ڕێکخراوی داعشه‌وه‌، عێراق ناچار بوو ڕێگه‌ بە گەڕاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی جیهانیی دژی داعش بدات؛ لە سەرووی هەموویانەوە هێزەکانی ئەمریکا.

لایەنگرانی سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری، ڕەنگدانەوەی بەسەر ناوی هاوپەیمانیی دروستکردنی حکوومەتی “محەمەد شياع سوودانی”دا هەبوو و ناوی لێ نراوە “هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت”. ئیدارەی دەوڵەت و سەروەری، دوو دەستەواژەی نزيک لە یەکن، چونکە ئیدارەی دەوڵەت کارێکی هەرە ئاساییی هەموو حکوومەتێكە لە جیهان؛ بەڵام نەدەکرا ناوی لێ بنرێت “هاوپەیمانیی سەروەری” (تحالف السيادة)، لەبەر ئەوەی سوننەکان کە بەشدار بوون لە حکوومەتەکەی سوودانی، ئه‌و ناوه‌یان له‌ هاوپەیمانێتییەکەیان نابوو‌.

نیشانەیەکی تری سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری، بریتییە لە بڕیاری دادگه‌ی باڵای ئیتیحادی، تایبەت بە نادەستووریبوونی ڕێکكەوتننامەی عێراق و کوێت دەربارەی “خۆر عەبدوڵڵا” کە لە ڕێکەوتی ٤/٩/٢٠٢٣ دەرکرا و، تاكلایه‌نه‌ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکكەوتننامەی دوولایەنەی نێوان کوێت و عێراقی لە ٢٩/٤/٢٠١٢ ڕاگەیاند؛ واتە دادگه داوای گەڕاندنەوەی سەروەریی خاکی عێراق بۆ سەر خۆر عەبدوڵڵا دەکات.

هەندێ جار هەست دەکرێت لایەنگرانی سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری، زیادەڕەوییی تێدا ده‌کەن:  لە ئاستی ناوخۆیی بە شێوەی “دژەفيدراڵییەت” کار ده‌کەن و لە جیاتی جێبەجێکردنی فيدراڵییەت، داوای “بەناوەندیکردن”ی توند لە بەغداوە دەکەن.

هەروەها سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری لە ئاستی نێودەوڵەتی، بەو شێوەیە کاری لەسەر ده‌کرێت کە بابەتێکی وەکوو “جينۆساید”، کە سروشتێکی تەواو نێودەوڵەتیی هەیە، بچووك بکرێته‌وه‌ و بەناوخۆیی بکرێت، هه‌روه‌ها کۆتاییهاتن بە “يۆنیتاد – UNITAD” (تیمی لێکۆڵينەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش) لە ساڵی 2024، وەکوو نیشانەیەکی تری ئەم سیاسەتە دەردەکەوێت.

کەواتە لە چوارچێوەی سیاسەتی گەڕاندەوەی سەروەری بۆ عێراق، حکوومەتی سوودانی بە ئاسانترین لایەنی نێودەوڵەتی دەستی پێ کرد، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و بەرەبەرە وەکوو کاردانەوەیەكیش دژی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، بڕیاری کۆتاییپێهێنان بە يۆنامی درا.

چوارەم: مەترسییەکانی دوای یونامی

ئەو ماوە درێژەی مانەوەی يۆنامی، وای کردبوو کە ئەم دامەزراوەیە وەکوو بەشێك لە دامەزراوەکانی عێراقی دوای ساڵی 2005 لێ هاتبوو. هه‌ر چه‌ند مانگ جارێك، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی، دەچووە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ لەوێ بابەته‌ سیاسی و گرنگەکانی عێراقی لە پێش پازدە دەوڵەتەکەی ئەندام لەم ئەنجومەنە دەخستە بەر باس و شرۆڤە و ڕای جیاواز. واتە عێراق بۆ ماوەی 22 ساڵ خرابووە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی ئاسایش.

کەواتە لەمەودوا ئەم جۆرە چاودێری و کۆنتڕۆڵە نامێنێت و هەندێك پرسی هەستیار لەژێر دەستی تەواوی عێراقییەکاندا دەبن. گرنگترین ئەو پرسانەیش بريتی دەبن لە: ئاشتبوونەوە و گفتوگۆی نیشتمانی، نێوەندگيریکردن لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فيدراڵی و نزيکكردنەوەیان، هەڵبژاردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردن، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، مافەکانی مرۆڤ، مافی پێکهاتە و کەمایەتییەکان و پەنابەرەکان و کۆچبەرە ناوخۆیییەکان، مافە تاکەکەسییەکانی تر و، پرسی چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی و دارایی.

سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارە عێراقییەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان بە ڕۆڵی يۆنامی نەدەدا، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دوایی، بەڵام نەمانی ئەم چاودێرییەی يۆنامی بۆ سەر عێراق، لەوانەیە کاریگەریی نەرێنیی هەبێت. نایشتوانین بڵێین کە نێردەی تایبەتی نوێی ئەمریکا بۆ عێراق شوێنگرەوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت چونکە ئەرکەکانیان و ئامانجەکانیان و چۆنێتیی کارکردنیان زۆر جیاوازن.

ئەگەر لە گۆشەنیگای هەرێمەوە تەماشای بابەتەکان بکەین، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێم لەم 10 ساڵەی کۆتاییدا لەژێر چاويلکەی نەتەوە یەکگرتووه‌كاندا بەو شێوەیە نەرێنی و پڕلەکێشە بوو، ئایا بەبێ چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم پەیوەندییە چۆن دەبێت؟     

پێنجەم: هەڵوێستی هەرێم لە دوای يونامی

هۆکاری سەرەکیی پێکهێنانی يۆنامی و تەمەنە درێژەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عێراق وڵاتێکە پێویستیی بەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی هاوکاری بێت. ئەو هۆکارانەی پێش دوو دەیە بوونە هۆی پێکهێنانی ئەم نێردە سیاسییە، کۆتاییی پێ نەهاتووە بەڵکوو هەندێك بابەت لەوانەیە ئێستا ئاڵۆزتر بووبن، بۆ نموونە: بڵاوبوونەوەی ژمارەیەك گرووپ و ميلیشیای دەرچوو لە یاسا و فەرمانی حکوومی، کە چەكی قورس و درۆنی سەربازییان لەژێردەستە و بەکاری دێنن و، پرسی چارەسەرنەبوون و جێبەجێنەبوونی دەستوور و بەبیابانبوون و نەبوونی خزمەتگوزاری و هتد.

ئەگەر حکوومەتی عێراق بەڕاستی ویستوویەتی دەستبەرداری نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، بەڵام ئەم ڕێکخراوە نەیویستووە لە عێراق دوور بکەوێتەوە. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بەرەبەری کۆتاییی يۆنامی، نەتەوە یەکگرتووەکان سیاسەتێکی بەکار هێناوە بۆ نزيکكردنەوەی عێراق لە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان،  بۆ نموونە: بەئەندامبوونی عێراق لە بۆردی جێبەجێکاری يونسکۆ 2023-2027 و، بەئەندامبوونی لە بۆردی جێبەجێکاری UN-Habitat 2025-2027 و، بەئەندامبوونی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵانی 2026-2028، دەستنیشانکردنی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، “د. بەرهەم ساڵح” لە پۆستی کۆمیسياری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران.

سەرەڕای ئەم ئاماژانەی سەرەوە بۆ خۆنزيککردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە دوای يۆنامی نزیکەی (25) ئاژانس و دامەزراوە و سندووق و بەرنامە و سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێم لە چالاکییەکانی خۆیان بەردەوام دەبن. مانەوە و پەره‌پێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕێگه‌ی ئەو دامەزراوانەوە دەبێت. ئەگەر پێشتر يونامی ڕۆڵێکی کۆکەرەوەی بۆ ئەو هەموو دامەزراوەیە هەبوو، ئێستا ئەو مەرکەزییەتە نامێنێت؛ شێوازی پەیوەندییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

دوای کۆتاییپێهێنانی يۆنامی، دەیان ستافی کوردستانی کە لەو دامەزراوەیە کاریان دەکرد، بێکار دەبن- هەندێکیان شارەزایییەکی زۆریان پەیدا کردووە. دەکرێت هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، سوود لە تواناکانی ئەو پیشەکارانە وەرگرێت و پشتگيرییان بکات كه‌ بچنە ناو دامەزراوە گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پۆستی ئاستبەرز وەرگرن و، ببن بە بەشێك لە “لۆبیی کوردستان” لەو ڕێکخراوەیەدا.

هەرچەندە يونامی نامێنێت، ئێمە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەوەداین، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە جۆربەجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بێت. لەبيرمان نەچێتەوە، ئەم ڕێکخراوە لە چەندان وێستگەی مێژووییدا پشتگيریی لە خەڵکی کوردستان کردووە. ڕاستە يۆنامی وەکوو نێوەندگيرێك لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق نامێنێت، بەڵام ئێستا دەتوانین بڵێین کە بەدیلی ئەم نێوەندگيرییە نێودەوڵەتییەیش تا ڕاددەیەك هەن، بۆ نموونە: نوێنەری تایبەتی ئەمریکا و باڵيۆز و کونسوڵەکان و خودی ئەو دامەزراوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر خاکی عێراق ماون، دەتوانن لە پرسە جیاوازەکاندا ئەو ڕۆڵە ببينن.