1

گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە سووریا و دەرهاوێشتەکانی بۆ  ڕۆژاوا و هەرێمی کوردستان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پوختە

ئەم شیکاریی سیاسەت ( (Policy Analysisە هەوڵ دەدات شیکردنەوە بۆ وەرچەرخانی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بکات لە دۆسیەی سووریادا، بەتایبەت لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و دەرکەوتنی “ئەحمەد شەرع” وەک کاراکتەرێکی سەرەکی و هاوپەیمانی نوێی ئەمریکا. شیکارییەکە تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان، گرنگیی جیۆپۆلیتیکیی شەرع بۆ واشنتۆن، ڕۆڵی کەسایەتییە سێبەرەکانی وەک “تۆم باراک” لە داڕشتنی سیاسەتدا، هەروەها دەرەنجامەکانی ئەم دۆخە نوێیە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان. ئارگومێنتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکا لە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”ەوە، گۆڕاوە بۆ “تێکشکاندنی قەڵەمڕەوی ئێران” و پڕۆکسییەکانی، کە تێیدا کورد وەک کارتێکی لاواز و ئەحمەد شەرع وەک بکەرێکی ستراتیژی سەیر دەکرێن. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵێین کە شکانی ئەزموونی کورد (هەسەدە) لە ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنیا بەهۆی پشتکردنی ئەمریکا لە کورد نەبوو، بەڵکوو بەهۆی “کەلێنێکی بونیادی” بوو لە نێوان هێزی سەربازیی کورد و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خێڵە عەرەبییەکان (Tribal Fabric). لەم بۆشایییەدا، ئەحمەد شەرع وەک بەدیلێکی “خۆماڵی” دەردەکەوێت؛ “تورکیا” و “قەتەر”یش وەک پاڵپشتیکاری هەرێمی و، “تۆم باراک”یش وەک سەرپەرشتیکاری نێودەوڵەتی بۆ خێراکردنی ئەو پڕۆسەیە. 

پێشەکی

بەگشتی، سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لە نێوان “بەهاکان”(Values)  و “بەرژەوەندییەکان”(Interests)  لە ململانێدا بووە. بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی ئیدارەی ترەمپ و گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی سووریا (کەوتنی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع)، تای تەرازووەکە بەتەواوی بە لای “بەرژەوەندییەکان”دا شکایەوە. ئەم قۆناغە نوێیەی سەردەمی تڕەمپ بەوە دەناسرێتەوە کە ئەمریکا چیتر بەدوای “دیموکراتیزەکردنی سووریا”وە نییە، بەڵکوو بەدوای “سەقامگیرییەکی ئەمنی”دایە کە تێچووی کەم بێت و بتوانێت وەک چەپەرێک بێت بۆ هەژموونی ئێران.

لەم هاوکێشەیەدا، ڕۆژاوای کوردستان (هەسەدە) کە بۆ ماوەی دە ساڵ هاوپەیمانی سەرەکی بوون لە شەڕی دژەتیرۆر، لەناکاو خۆیان لە پەراوێزی ئەو سیاسەتدا دۆزییەوە؛ لە کاتێکدا ئەحمەد شەرع، کە پێشتر لە لیستی تیرۆر بوو، بوو بە ئەمری واقع.

ڕوانگەیەک هەیە وای دەبینێت، فاکتەرێکی کاریگەری سەر ئەو سیاسەته‌ی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (Eastern Syria) هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمایەکی لەرزۆک بنیات نرابوو؛ بریتی بوو لە بەکارهێنانی هێزێکی کوردی (YPG/SDF) بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک کە دیموگرافیاکەی، بەتەواوی عەرەبی و عەشایەرییە. کێشەی سەرەکیی ئەو سیاسەتە ئەوە بوو کە ئەمریکا تەنیا لە پەنجەرەی “دژایەتیی تیرۆر”ەوە سەیری ناوچەکەی دەکرد و، فەرامۆشی کردبوو کە “دینامیکییەتی ناوخۆیی” (Local Dynamics)ی جیۆسیاسیی سووریا زۆر لەوە ئاڵۆزترە. ئەم دیدە لە لای کورد- کە بەشێک بوو لە ئایدیۆلۆژیای هەسەدە بۆ حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ناوی “برایەتیی گەلان”- هەر لە بنەڕەتدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە بوو ، بەڵام دواجار ئەم بەدیلەیش نەبووە ڕێگر لەبەردەم هەرەسهێنانی خێرای هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچە عەرەبنشینەکان.

ڕاستییه‌كه‌ی، ڕوانگەی هەرێمی کوردستان (بارزانی) هەر لە سەرەتاوه‌ ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان تەنیا چاویان لەسەر پاراستنی ناوچە کوردییەکان بێت، هەروەها ڕۆژاوای کوردستان، نەبێت به‌ بەشێک لە ئایدیۆلۆژیا و پێگەی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان، چونکە تورکیا لە پاساوێک دەگەڕێت بۆ لێدان لە هەر ئەزموونێکی کورد؛ بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەم ڕوانگەیە نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی و تیۆریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. 

دوای کەوتنی ئەسەد و توانەوەی داعش، ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ بە جۆرێک ئەمریکا زیاتر ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان لایەنەکاندا دەگێڕێت، وەک پارێزەر بۆ ڕێکخستنەوەی حوکمڕانی دوای ئەسەد کە دەتوانین بە سیاسەتی پاراستنی ئەمری واقع (Status quo) ناوی بنێین. بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا و هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکان ئەم بابەتە بەسەر چەند تەوەرێک دابەش دەکەین.

تەوەرەی یەکەم: بۆچی ئەمریکا پشتیوانیی لە کورد نەکرد؟

بێجگە لە هۆکارە سیاسییەکان، هۆکارێکی کۆمەڵایەتی-ئەمنیی قووڵ هەیە کە وای کرد ئەمریکا دەستبەرداری کورد بێت. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بووە سەرەتای سەرهەڵدانی نەزمێکی ئەمنیی نوێ لە سووریا. ئەمە وای کرد ویلایەتە یەکگرتووەکان بوونی خۆی لە سووریا کەم بکاتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی سووریاش پەیڕەویی لە شێوازێکی “چاودێریی نەرم” دەکرد. ئەم سیاسەتەی واشنتۆن لەسەر سێ تەوەر ڕێک خرابوو: دەستبەسەرکردنی زیندانیانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بەکراوەیی هێشتنەوەی ڕێگه‌کانی گەیاندنی پێداویستییەکان، هەروەها پاراستنی پێگە هەستیارەکان.

سەرکەوتنی پڕۆسەی کشاندنەوەی ئەمریکا، بەندە بە جێبەجێکردنی ئەم سێ بنەمایە، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی بەرامبەر هێڵە سوورەکانی تورکیا و ئیسرائیل. شکستهێنان لە هەر یەکێک لەم بەرانەدا، مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ململانێکان دروست دەکات؛ بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعشیشەوە. ئەم گۆڕانەی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا بۆ دوو فاکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە:

أ. جیاوازیی نێوان “هاوپەیمانی تاکتیکی” و “هاوبەشی ستراتیژی”

لە دیدی پێنتاگۆن و کۆشکی سپیدا، پەیوەندی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و هەسەدە، پەیوەندییەکی “تاکتیکی”(Transactional)  بوو. ئامانجی ئەم پەیوەندییەکە دیاریکراو بوو: تێکشکاندنی خەلافەتی داعش. کاتێک داعش وەک خاک کۆتایی هات، گرنگیدان بە هاوپەیمانی لەگەڵ “هەسەدە”ش کەم بووەوە. ئەمریکا هەرگیز بەڵێنی دروستکردنی قەوارەی سیاسیی بە کورد نەدابوو، بەڵکوو تەنیا هاوکاریی سەربازیی هەبوو.

 جگە لەوەیش، پەیوەندیی نێوان ئیدارەی خۆسەر (کورد) و دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی سووریا (عەرەب)، پەیوەندییەکی “کاتی و ناچاری” بوو. دانیشتووانی دێرەزوور و ڕەقە هێزەکانی کوردیان وەک “ڕزگارکەر” نەدەبینی، بەڵکوو دوای نەمانی داعش، وەک دەسەڵاتێکی بیانی سەیریان دەکردن. ئەمریکا درکی بەوە کرد کە ناتوانێت تا سەر پارێزگاری لە هێزێک بکات کە لە ڕووی ئیتنی-کۆمەڵایەتییه‌وه‌ کێشەی بۆ دروست دەبێت. بەتایبەت دوای ئەوەی هێزە خێڵەکییە عەرەبەکان بینییان سوپای سووریا خەریکە بەهێز دەبێتەوە، پشتیان لە کورد کرد و هەماهەنگیی سوپای نوێی سوورییان کرد؛ ئیتر ئەمریکا تێ گه‌یشت کە ئەستەمە هەسەدە بتوانێت بەرگەی مانەوە بگرێت وەک دەسەڵاتێکی سیاسی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا.

بۆیە هەوڵی دا گوشار بخاتە سەر هەسەدە کە لەگەڵ هێزەکانی ئەحمەد شەرع تێکەڵ بێت. ئەمریکا بۆی دەرکەوت کە مانەوەی کورد لە ناوچە عەرەبییەکان پێویستی بە بوونی سەربازیی هەمیشەییی ئەمریکا هەیە بۆ ڕێگرتن لە شەڕی کورد-عەرەب. لە ستراتیژیی ترەمپدا، ئەمە بەفیڕۆدانی پارەیە. ئەوان دەیانەوێت هێزێک لەوێ بێت کە خۆی بتوانێت لەگەڵ خەڵکەکە هەڵبکات- بەبێ نێوەندگیریی ئەمریکا.

ب. فاکتەری تورکیا (هاوپەیمانی ناتۆ): له‌ تەرازووی جیۆپۆلیتیکدا، تورکیا (بە سوپا گەورەکەی، شوێنی ستراتیژی و، ئەندامێتیی ناتۆ) زۆر قورسترە لە هێزێکی نادەوڵەتیی وەک هەسەدە. لە سیاسەتی نوێی ترەمپدا، ڕازیکردنی تورکیا بۆ دوورخستنەوەی لە ڕووسیا و ئێران، ئەولەوییەتە. ئەنقەرە مەرجی سەرەکیی بۆ هەر هەماهەنگییەک لەگەڵ واشنتۆن، بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەزموونی کوردی لە باکووری سووریا. ئەمریکا بەرژەوەندیی دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورکیای هەڵبژارد نەک کەمینەیەکی بێدەوڵەت.

تەوەرەی دووەم: بۆچی “ئەحمەد شەرع” گرنگتر بوو لە کورد؟

١. کێشەی “پەراوێز”  و  “ناوەند”:

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوە بوو کە دابڕابوو لە ناوەند (دیمەشق یان ئیدلیب). هەسەدە لە گفتوگۆ نیشتمانییەکاندا نەیاندەتوانی نوێنەرایەتیی عەرەبی سوننە بکەن. ئەحمەد شەرع، وەک سەرکردەیەکی سوننی، دەتوانێت ئەو “پەیوەندییە لەگەڵ خێڵە عەرەبەکانی دیکە” دروست بکاتەوە. ئەو لە زمانی عەشیرەتەکان تێ دەگات و دەتوانێت ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بەشێک بوو لە فاکتەرەکان. فاکتەری سەرەکیی بەهێزبوونی، ڕۆڵی دەوڵەت بوو، کە دەبێت هەموو ناوچەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە؛ ئەمە سەرەڕای فاکتەری هەرێمی، بەتایبەت سعوودیا و قەتەر و تورکیا بۆ پاڵپشتی لە دەسەڵاتی ئەحمه‌د شەرع.

٢. مۆدێلی “حوکمڕانیی خۆجێیی” نەک “برایەتیی گەلان”:

هێزەکانی سووریای دیموکرات و پێشتر ئەمریکاش، هەوڵیان دا کە مۆدێلی تەکنۆکراتی خۆجێیی و حوکمڕانیی هاوبەش بەسەر عەشیرەتەکاندا بسەپێنن، بەڵام ئەم مۆدێلە لە سووریایەکی ئایینی/مەزهەبی و ئیتنی ئەستەم بوو. ئەحمەد شەرع پێچەوانەکەی کرد؛ ئەو پشت بە “بەیعەت” و ڕێککەوتنی عەشایەری دەبەستێت. بۆ ئەمریکا، ئەم مۆدێلە هەرچەندە دیموکراسییش نەبێت، بەڵام “سەقامگیرترە” (More Sustainable) و تێچووی کەمترە. بەڵام ئەوەی دووفاقییە، دەسەڵاتی نوێی سووریا ئەو حوکمڕانییە خۆجێیییەی قبووڵ نەبوو بۆ کورد؛ تا دواجار لەژێر گوشاری کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و موکوڕبوونی کورد لە خۆبەدەستەوەنەدان، سووریای شەرع هاتە ژێرباری ئەوەی ئەم مۆدێلە تەنیا لە ئاستی کارگێڕی لە ناوچە کوردییەکاندا جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەژێر چاودێری و سەنتەرگەریی دەوڵەتی عەرەبی سووری. 

٣. یەکخستنی بەرەی سوننی دژی ئێران:

ئەحمەد شەرع نوێنەرایەتیی “شەقامی تووڕەی سوننە” دەکات کە دژی هەژموونی ئێرانن. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی کەنداویش پێویستییان بەم وزە دوژمنکارییەیە بۆ لێدانی ئێران؛ شتێک کە ڕۆژاوای کوردستان ئامادە نەبوون بیکەن. سەرهەڵدانی ئەحمەد شەرع و گۆڕینی جلوبەرگەکەی لە سەربازییەوە بۆ قات و بۆینباخ، تەنیا گۆڕانکارییەکی ڕووکەش نەبوو، بەڵکوو پڕۆژەیەکی هەرێمی بوو کە ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر نیشان دا. هۆکارەکانیش ئەمانە بوون:

١. نوێنەرایەتیکردنی زۆرینەی سوننە: سووریا وڵاتێکە زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبی سوننەن. ئەمریکا گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە تەنیا سەرکردەیەکی “سوننیی بەهێز” دەتوانێت حوکمی دیمەشق بکات و سەقامگیری بپارێزێت. کورد کەمینەن و ناتوانن حوکمی دیمەشق بکەن. ئەحمەد شەرع توانیی خۆی وەک نوێنەری ئەو زۆرینەیە نیشان بدات کە دەیان ساڵە لەلایەن کەمینەی “عەلەوی”یەوە چەوسێنراونەتەوە.

٢.  دژایەتیی سروشتی لەگەڵ ئێران  (The Anti-Iran Bulwark): ئەولەوییەتی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ “بەرزترین ئاستی گوشار “(Maximum Pressure)ە لەسەر ئێران. کورد لە سووریا زۆر جار ناچار بوون بۆ مانەوەیان دانوستان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد و ئێران بکەن. بەڵام ئەحمەد شەرع و گرووپەکەی، دوژمنی ڕاستەقینەی ئێران و شیعەن. بۆ ئەمریکا، شەرع باشترین “بەربەستە” بۆ پچڕاندنی ڕێگه‌ی تاران- دیمەشق-بەیرووت.

٣. توانای کۆنترۆڵکردنی گرووپە جیهادییەکان: ئەمریکا باوەڕی بە تیۆری “بەدکارێک کە دیناسین دەتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین”(The devil we know) هەیە. ئەحمەد شەرع سەلماندی کە توانای هەیە گرووپە توندڕەوەکانی وەک “حوڕاسه‌ددین” (حراس الدین) و ئەوانی تر سەرکوت بکات و گوێڕایەڵی واشنتۆن و تا ڕاددەیەک ئیسرائیلیش بێت. واشنتۆن پێی باشترە “پیاوێکی بەهێز” لە دیمەشق بێت کە بەرپرسیارێتیی کۆنترۆڵی ئەمنی هەڵبگرێت، نەک گرووپی بچووک.

٤. قبووڵکراوی لای تورکیا و قەتەر: شەرع دۆستی نزیکی تورکیا و قەتەرە. کاتێک ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ شەرع دەکات، واتە هاوپەیمانێتیی خۆی لەگەڵ بلۆکی (تورکیا-قەتەر) بەهێزتر دەکات؛ کە ئەمەیش بۆ دژایەتیکردنی بلۆکی (ڕووسیا-ئێران) پێویستە.

تەوەرەی سێیەم: ڕۆڵی “تۆم باراک”؛ لە بازرگانەوە بۆ ئەندازیاری سیاسەت

لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکان له‌ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا (وەک وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جه‌نگ) کەم دەبێتەوە و ڕۆڵی کەسانی وەک “تۆم باراک” دەردەکەوێت. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، تڕەمپ ڕۆڵی باڵیۆز و کۆنسوڵەکانی وڵاتەکەی زۆر فەرامۆش کردووە، لە ڕێگه‌ی دانانی کەسانی نزیک لە خۆی کە ڕاستەخۆ بۆ خۆی بگەڕێنەوە. ئەم ڕۆڵەی تۆم باراک لە چەند ڕوویه‌کەوە کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا.

أ. جێبەجێکردنی تیۆری “گرێبەستی بازرگانی”:

تۆم باراک نوێنەرایەتیی ئەو قوتابخانەیە دەکات کە دەڵێت: “پێویست ناکات نەتەوە بنیات بنێین؛ تەنیا پێویستە بەڕێوەبەرێک (CEO) بۆ ناوچەکە بدۆزینەوە”. تۆم باڕاک، وەک پڕۆژەیەکی “خێرخوازی” سەیری هەسەدەی دەکرد کە داهاتی نەبوو. بەپێچەوانەوە، کارکردن لەگەڵ ئەحمەد شەرع و تورکیا، دەرفەتی بازرگانی (وزە و ئاوەدانکردنەوە) دەڕەخسێنێت. لە چەند وتارێکدا وتوویەتی، لە “بری سەربازی ئەمریکی لە سووریا، دەبێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەوێ بن”. دواتر، باراک ئەو کەسەیە کە ڕاوێژ بە ترەمپ دەدات کە گوێ لە ڕاپۆرتە ئاڵۆزەکانی وەزارەتی دەرەوە نەگرێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ “هێزە کاریگەرەکان” (Power Brokers) ڕێک بکەوێت.

وەک دەزانین تۆم باراک، ملیاردێری بە ڕەچەڵەک لوبنانی و یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی ترەمپ، نوێنەرایەتیی “دیپلۆماسیی سێبەر” دەکات. ئەو پردی پەیوەندیی نێوان ترەمپ و بنەماڵە شاهانەکانی کەنداوە. ئەو باوەڕی بە “گرێبەست “(Deal) هەیە نەک سیاسه‌تی پڕۆتۆکۆڵی.

لە ئیدارەی ترەمپدا، وەزارەتی دەرەوە زۆر جار ڕۆڵی پەراوێزی هەیە و تەنیا بۆ جێبەجێکردنی وردەکارییەکان بەکار دێت. تۆم باراک تەنیا جێبەجێکار نییە، بەڵکوو ئەندازیاری سیاسەتەکانە. باراک وای دەبینێت کە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە “پارە و ئاسایش” چارەسەر دەکرێت نەک بە “مافی مرۆڤ و دیموکراسی. باراك ئەو کەسە بوو کە قەناعەتی بە ترەمپ کرد کە “مانەوە لە سووریا پارەبەفیڕۆدانە” و، دەبێت دۆسیەکە ڕادەستی تورکیا و هێزە سوننەکانی کەنداو بکرێت. ئەو ڕاوێژ بە ترەمپ دەدات کە چۆن گرێبەستی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدات لە بەرامبەر دانپێدانان بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق. لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوە ڕاپۆرتی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن گرووپەکانی شەرع دەنووسی، کەچی تۆم باراک لە ڕێگەی واتسئەپ و کۆبوونەوەی نهێنییەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی وڵاتانی ناوچەکە، نەخشەی داهاتووی سووریای دادەڕشت. تێگەیشتنەکانی باراک دواجار دەبوونە سیاسەتی فەرمی، چونکە ترەمپ متمانەی بە “بازرگانەکان” زیاترە تا “دیپلۆماتکارەکان”.

ب. پەیوەندییە هەرێمییەکان:

تۆم باراک تۆڕێکی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کەنداو هەیە. کاتێک وڵاتانی عەرەبی (کە دژی ئیخوان بوون) وردە وردە بەرامبەر شەرع نەرمی دەنوێنن، ئەمە ئەنجامی دیپلۆماسیی ژێربەژێری کەسانی وەک باراکە کە دەیانەوێت بەرەیەکی نوێ لە دەرەوەی پڕۆتۆکۆڵە فەرمییەکان دروست بکەن. ئەو تەنیا جێبەجێکار نییە، بەڵکوو “وەرگێڕی بەرژەوەندییەکانە” بۆ زمانی ترەمپ. وەک جەیمس جێفری لە نووسینێکدا دەڵیت: “بەرەوپێشچوون بەرەو تێکەڵبوونی تەواوەتیی کورد بە دەسەڵاتی نوێی سووریا، تەنیا گرنگترین پرۆژە نییە لە سووریادا؛ بەڵکوو وەک گرنگترین پرۆژەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتیی غەززەی دۆناڵد ترەمپ و، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێرانیش بەهێزتر دەکات.”

 تەوەرەی چوارەم: کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (Eastern Syria) ڕوو دەدات، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ڕۆژاوای عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەت کە خێڵەکانی هەردوو بەشی عێراق و سووریا باوەڕیان بە “تێکەڵبوونی سنوورەکان”ی هەردوو لا هەیە. ئەمە لە چەند ڕوویەکەوە جێگه‌ی مەترسییە.

١. هەڕەشەی گواستنەوەی مۆدێلی “عەشایەری سوننی”:

سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع لە دێرەزوور و ڕەقە، وزە بە عەشیرەتە سوننەکانی ئەنباری عێراق و مووسڵ دەبەخشێت. ئەوان دەبینن کە هاوتاکانیان لە دیوی سووریا، بوونەتە خاوەن دەسەڵات. ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی داواکاری بۆ “هەرێمی سوننی” لە عێراق؛ کە ئەمەیش سەرئێشەیە بۆ بەغدا و، گۆڕانکارییە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم هاوسۆزییەی سوننەکان، له‌ کاتی گەڕانەوەی سوپای سووریای عەرەبی بۆ ئەو ناوچانە، بەئاسانی هەست پێ دەکرا- ئەمە لەلایەن بەشێک لە سەرکردە شیعەکانی عێراقیش تا ئێستایش وەک مەترسی سەیر دەکرێت.

٢. هەرێمی کوردستان لە “تەنیاییی ستراتیژی”دا:

هەرێمی کوردستان دەبێت لەوە تێ بگات کە ئەو “چەترە ئەمریکییەی” لە سووریا لا برا، لە عێراقیش مەرج نییە هەتاهەتایی بێت. هەرچەندە دۆخی هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە دۆخی ڕۆژاوای کوردستان جیایه‌، چونکە هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر بوونی هەیە؛ دواتر ئەگەر شتێکی وا ڕوو بدات، ئەمە وا دەکات کوردی بەشەکانی تریش ببنە بەشێک لەو ململانێیە. ئەمەیش واتا تێکچوونی سەقامگیریی عێراق و تورکیا و سووریا، کە لە بەرژەوەندیی هیچ کام لەو وڵاتانە نییە.

بێجگە لەمە، شیعەکانی عێراقیش ڕێگه‌ نادەن سوننەکانی سووریا بگەنە ناو عێراق. ئەگەر دەسەڵاتی شەرع بگاتە سنووری فیشخابوور، هەرێم دراوسێیەتیی لەگەڵ هێزێکی ئیسلامیی سەلەفی دەکات نەک هێزێکی کوردیی عەلمانی. ئەمە هاوکێشەی بازرگانی و ئەمنییش دەگۆڕێت.

پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کە پێشتر لای زۆرێک لە سیاسییە کوردەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەبینرا، بەڵام لە ڕاستیدا مەرج نییە بەو شێوەیە بێت. بوونی پەکەکە وەک هێزێکی چەکدار، بەربەستێک بوو لەبەردەم تورکیا کە نەتوانێت بەتەواوی دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکات. بۆ تورکیا پێویست بوو کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندیی هەبێت بۆ پاراستنی هاوسەنگیی پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەدا، بەڵام ئێستا، کە تورکیا کە لە سووریا بە یارمەتیی شەرع دەستی کراوەیە، ئەگەری هەیە هەموو قورساییی پەیوەندییەکانی خۆی بخاتە سەر عێراق و، هەرێمی کوردستان لاواز و پەراوێز بخات، بەتایبەت دوای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هاوسۆز و، پاڵپشتیی تەواوی هەبوو بۆ پرسی ڕۆژاوای کوردستان.

٣. لاوازبوونی پێگەی کوردی: هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتی بەوە دەبەست کە کورد “هاوپەیمانی سەرەکیی ڕۆژاوایە”. کاتێک ئەمریکا واز لە کوردانی ڕۆژاوا دەهێنێت، ترسێک لای کوردی باشوور/عێراق دروست دەبێت کە دەکرێت ئەوانیش لە ئەگەری ڕێککەوتنی گەورەتردا بکرێنە قوربانی. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەکرێت دەرفەتی ئابوورییش هەبێت؛ ئەگەر پەیوەندییەکانی ئەحمەد شەرع و هەرێمی کوردستان (بە نێوەندگیریی تورکیا) باش بێت، ڕەنگە ڕێگه‌ی بازرگانیی نوێ بکرێتەوە. شەرع پێویستی بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و فیشخابوور دەبێت بۆ گەیاندنی کاڵا- کە ئەمەیش داهات بۆ هەرێم زیاد دەکات.

٤. کاریگەرییەکان لەسەر عێراق (گەمارۆدانی شیعە): حکوومەتی عێراق کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعە)وە بەڕێوە دەبردرێت، تووشی جۆرێک لە گەمارۆدان دەبێت؛ لە ڕۆژاواوە (سووریا) کەوتە دەست سوننەیەکی توندڕەو، لە باکوورەوە تورکیا هەیە، لە باشوورەوە سعوودیا. ئەمە وا دەکات عێراق هەست بە گەمارۆدان بکات و ڕەنگە ببێتە هۆی سەر‌هەڵدانەوەی ململانێی تائیفی لە ناوخۆی عێراق.

پچڕانی هیلالی شیعی، ستراتیژیترین کاریگەرییه‌كه‌ی بریتییە لە پچڕانی ڕێگه‌ی تاران-بەغدا-دیمەشق-بەیرووت. ئەمە عێراق دەخاتە دۆخێکەوە کە چیتر ناتوانێت وەک پردی پەڕینەوەی چەک و نفووزی ئێران کار بکات، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران، عێراق بکاتە گۆڕەپانی سەرەکیی شەڕەکەی دژی ئەمریکا و بەرەی نوێی سوننی. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەمە دەرفەتێکی تر بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی شیعی لە عێراق دەڕەخسێنێت کە هاوپەیمانێتییەکی تر دروست بکەن، هاوشێوەی هاوپەیمانێتیی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی بەعس؛ چونکە شیعەکان لە ئێستادا، کە ئێران و پرۆکسییە شیعەکانی لە دۆخێكی لاوازدان، کەسی باشتریان نییە لە کورد و هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ بکەن.

دەرەنجام

سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا لە سەردەمی نوێی “ترەمپ-شەرع”دا، نموونەیەکە لە باڵادەستیی “ڕیالیزمی بازرگانی”. ئەمریکا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە پاراستنی کورد “تێچووی زۆرە و داهاتی کەمە”، لە کاتێکدا گرەوکردن لەسەر ئەحمەد شەرع و تورکیا “تێچووی کەمە و داهاتی ستراتیژیی زۆرە”. ڕۆڵی کەسانی وەک “تۆم باراک” دەری دەخات کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرەو “شەخسەنەکردن” (Personalization) دەڕوات.

بۆ کورد، دیسان خەریکە ئەو وانە مێژوویییە دووبارە دەبێتەوە: “جوگرافیا و هێزی دەوڵەت” هەمیشە بەسەر “ماف و بەهاکان”دا سەر دەکەون. کورد و ڕۆژاوای کوردستان بوونە قوربانیی گۆڕانی نەخشەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان؛ ئەمەیش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان کە پێویستە بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆستایەتییە کاتییەکانی ئیدارەی تڕەمپدا بکات.

لە ڕاستیدا شێوازی مامەڵەکردنی واشنتۆن ڕەنگدانەوەی ئەم واقعە بووە. ئەمریکییەکان پەنایان بۆ نێوەندگیریی کەمتێچوو و، دەستێوەردانی هەنگاو بە هەنگاو بردووە لە بەرژەوەندیی ڕێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر کە بتوانێت سەقامگیری بۆ سووریا و دۆستانی ئەمریکا دابین بکات.

بەشداریپێکردنی حکوومەتی سووریا لە هاوپەیمانیی دژی داعش، دەرفەتێک بۆ هەڵسەنگاندنی توانای حکوومەتی سووریا لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەڕەخسێنێت. سەرکەوتن لەم قۆناغەدا کەمتر بەندە بە نمایشکردنی هێز، بەڵکوو زیاتر پشت بە جێبەجێکردنی مەیدانی (خۆجێیی)ی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دەسکەوتی ئابووری دەبەستێت.

مەترسییە هەرە سەختەکان هێشتا بریتین لە: جووڵەی تائیفەگەری، ناکۆکییە عەشایەری و کۆمەڵایەتییەکان و، کەلێنەکانی چاودێریی ئەمنی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە تێیدا بچووکترین هەڵە دەتوانێت ببێتە هۆی تەقینەوەی ناسەقامگیرییەکی فراوانتر و زەمینەخۆشکردن بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

 

سەرچاوەکان: