1

ئەگەر جەنگ لەگەڵ ئێران ڕوو بدات، چۆن دەبێت؟

نووسەران: ئارەش ڕەئیسی نژاد و ئارشام ڕەئیسی نژاد

ڕەنگە واشنتۆن و تاران لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نزیک بن، بەڵام لەبەردەم دەرگه‌ی جەنگێکی تەقلیدیدا نین. سیناریۆی هەرە بەهێز لە قۆناغی ئێستادا، بریتی نییە لە داگیرکردنی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە یان هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمیی گشتگیر، بەڵکوو بریتییە لە لێدانێکی سنوورداری ورد و دیراسەکراو، کە ئامانجی داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی دانوستانە نەک یەکلاکردنەوەیان.

لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا، دژایەتییەکە بەڕوونی دەرکەوت؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان بڵاوەپێکردنی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکات، بەرپرسانی ئێرانیش دووپاتی دەکەنەوە کە ملکەچی گوشار نابن. لەگەڵ ئەوەیشدا، هەردوو لا بەردەوامن لە قسەکردن دەربارەی دانوستان. ئەم دژایەتییە دۆخی شڵەژان نییە، بەڵکوو بەرجەستەکردنی لۆژیکێکی ناسراوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی جەنگ، یان هەڕەشەکردن پێی، وەک ئامرازێکی دانوستان دامەزراوە.

لە چوارچێوەی “مۆدێلی مامەڵەکردن (مساومة)” لە جەنگەکاندا، هێزی سەربازی تەنیا لە شکستپێهێنانی نەیاردا کورت نابێتەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدات تێڕوانینەکان دەربارەی تێچوو، ئاستی خۆڕاگری و نییەتەکانی داهاتوو دەستکاری بکات؛ ئەوەیش کاتێک دیپلۆماسییەت بەتەنیا نەتوانێت پابەندبوونی جێی متمانە بەرهەم بهێنێت. بەمەیش ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات ئاماژە نییە بۆ هەرەسهێنانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ “بەسەربازیکردنی دیپلۆماسی”.

ئەم داینامیکییە، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دانوستانە هێمنانەی کە لە سەڵتەنەتی عومان بەڕێوە دەچن، کە تێیدا دانوستانکارانی ئێران و ئەمریکا هێڵە سوورەکانی لایەنەکەی تر و ئاستی ئامادەیییان بۆ پێشکەشکردنی سازش (تنازل) تاقی دەکەنەوە. ئەم گفتوگۆیانە ناکۆک نین لەگەڵ ئەو بارگرژییە (تصعید)ی کە هەیە، بەڵکوو دەچنە ناو هەمان لۆژیکەوە. لە حساباتی مامەڵەکردندا، دیپلۆماسییەت و گوشاری سەربازی شان بە شانی یەکتر دەڕۆن، نەک بەدوای یەکدا.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات ئاماژە نییە بۆ هەرەسهێنانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ بەسەربازیکردنی، کە تێیدا دانوستانکاران هێڵە سوورەکانی لایەنەکەی تر و ئاستی ئامادەیییان بۆ پێشکەشکردنی سازش تاقی دەکەنەوە.

لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، ئەمڕۆ ئێران بە بەراورد بە دەیەی ڕابردوو، لاوازتر دەردەکەوێت. بە درێژاییی دوو ساڵی ڕابردوو، پێکهاتەی ڕێگری یان ترساندن (ردع- deterrence)ی هەرێمی کە تاران لەژێر ناوی “میحوەری موقاوەمە” (بەرگری) چنیبووی، داخورانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. حزبوڵڵا لەژێر گوشارێکی بەردەوامدایە، بزووتنەوەی حەماس تا ڕاددەیەکی زۆر وەک هێزێکی سەربازی هەڵوەشاوەتەوە و، ڕژێمی ئەسەد لە سووریا هەرەسی هێناوە. تەنانەت ئاسمانی ئێرانیش لەو جەنگەدا ئاشکرا بوو کە ساڵی ڕابردوو دوازدە ڕۆژی خایاند لەگەڵ ئیسرائیل؛ ئەمەیش ئەو گریمانە چەسپاوانەی ئێرانی دەربارەی پارێزبەندیی بەرگرییەکەی هەڵوەشاندەوە.

هێشتا ئێران توانای بەرچاوی هەیە لە بواری مووشەک و درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و، ڕەنگە هەندێک لایەنی جبەخانەکەیشی فراوانتر کردبێت. گرنگتر لەوەیش، مووشەکەکانی لە جەنگی کۆتاییدا دزەکردنێکی بەشەکییان بۆ ناو سیستەمی “گومبەزی ئاسنین”ی ئیسرائیلی تۆمار کرد. بەڵام لە کاتێکدا ڕێگری (ردع) دەوەستێتە سەر هێزی کەرەستە و ئامێر، زیاتر لەسەر “متمانە” دەوەستێت. ئەم متمانەیە، بەتایبەتی توانای سەپاندنی تێچووی قورس بەسەر نەیارەکاندا لە گۆڕەپانی جیاوازدا، تووشی لاوازییەکی ڕوون بووەته‌وه‌‌.

ئەم هەڵسەنگاندنە مشتومڕێکی گەرمی لە واشنتۆن هەڵگیرساندووە دەربارەی چۆنێتیی وەبەرهێنان لەم ساتەوەختەدا، بە بوونی ڕەوتێک کە پێی وایە دەرفەتەکە گونجاوە بۆ توندکردنەوەی گوشار لەسەر ئێران؛ چونکە بەپێی ئەم بۆچوونە ئێران لە ڕووی ستراتیژییەوە گەمارۆ دراوە و بەدەست لاوازییەکی بێپێشینەوە دەناڵێنێت. کەواتە، دەبێت دانوستانەکان بەکار بهێنرێن نەک بۆ جێگیرکردنی دۆخی ئێستا، بەڵکوو بۆ دەسکەوتنی زۆرترین سازش سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، مووشەکەکان و بریکارە هەرێمییەکان. تەنانەت هەندێک لە لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە دوورتر دەڕۆن و بەڕاشکاوی داوا دەکەن “گۆڕینی ڕژێم” بکرێتە ئامانج ئەگەر هێزی پێویست بەکار بهێنرێت. ئەم لۆژیکە لەسەر هاوکێشەیەکی ڕوون وەستاوە کە بریتییە لە: پاشەکشەی هێزی ڕێگریی ئێران، لاوازیی هاوپەیمانان و، فشۆڵیی سەرکردایەتی. خاوەنانی ئەم گەڵاڵەیە دەپرسن: بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەتێکی ڕزگاربوون بدات بە کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا خەریکە لەپێش چاومان نقوم دەبێت؟ بۆچی بە دەستکەوتی سنووردار ڕازی بین ئەگەر تەرازووی هێز لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بێت؟

لە بەرامبەردا، ڕەوتێکی دووەم هەیە کە خوێندنەوەیەکی جیاوازی هەیە. بەڵێ، ئێران لەژێر گوشارێکی تونددایە، بەڵام ئەم واقعە ڕەنگە پەنجەرەیەک بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان بکاتەوە. لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندان جار دژایەتیی خۆی بۆ دەستێوەردانی سەربازیی بەرفراوان و ئەوەی پێی دەڵێت “جەنگە بێکۆتاکان” دەربڕیوە. لەم ڕوانگەیەوە، ساتەوەختی ئێستا دەرفەتێک دەدات بە ترەمپ بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنێکی سیاسی، بەبێ تێوەگلانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ململانێیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو ڕێککەوتنەی لەژێر زەبری گوشاردا بەدەست دێت، واشنتۆن وا لێ دەکات دەست و پێی ئێران ببەستێتەوە و، لە هەمان کاتدا ئەو ڕوانگەیە بەهێز دەکات کە ترەمپ ماوەیەکی زۆرە دیگرێتە بەر، کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە كه‌ “توندوتۆڵی، ڕێگه‌یە بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان.”

هێشتا ئێران توانای بەرچاوی هەیە لە بواری مووشەک و درۆن و، مووشەکەکانی لە جەنگی کۆتاییدا دزەکردنێکی بەشەکییان بۆ ناو سیستەمی “گومبەزی ئاسنین”ی ئیسرائیلی تۆمار کرد.

بەڵام ئێستا ترەمپ ڕووبەڕووی گرفتێک بووەتەوە کە خۆی دروستی کردووە. چونکە لەگەڵ بەڵێنە بەردەوامەکانی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران و وەسفکردنی سەرکردایەتیی تاران بەوەی شەرعی نییە، سەقفی چاوه‌ڕوانییه‌كانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەرز کردەوە بۆ ئاستێک کە سنووری دۆسیەی ئەتۆمی تێ دەپەڕێنێت. ئەم پابەندبوونانە دەرفەتی مانۆڕکردن لە بەردەم ئەمریکادا تەسک دەکەنەوە. خۆبەدوورگرتن لە کردار (جەنگ) ڕەنگە وەک لاوازی لێک بدرێتەوە، لە کاتێکدا چوونەناو جەنگێکی گشتگیرەوە، دژە لەگەڵ ئەو وێنە سیاسییەی کە ئەمریکا سوور بوو لەسەر چەسپاندنی.

لێرەدا ڕۆڵی ستراتیژیی “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە”ی ترەمپ دەردەکەوێت. لەم لۆژیکەدا، هێزی سەربازی ئامانج نییە بە زاتی خۆی، بەڵکوو وەک ئامرازێک بەکار دەهێنرێت بۆ سەپاندنی دانوستان بە مەرجی گونجاو. کردەی سەربازیی سنووردار و یەکلاکەرەوە، ئامانجی ڕێگریکردنە لە نەیارەکان و دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانان و نیشاندانی ویست و ئیرادەیە، بەبێ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بخاتە ناو ململانێیەکی درێژخایەنەوە.

ئەم هاوکێشەیە مەیلی واشنتۆن بۆ پەسەندکردنی لێدانێکی سنووردار بەسەر بژاردەی داگیرکردندا ڕوونتر دەکاتەوە. لێدانی دیراسەکراو (محسوب) زیاتر لەگەڵ ئەم چوارچێوەیەدا دەگونجێت بە بەراورد بە بژاردەی پاشەکشە یان داگیرکاری و، پەیامێکی توند دەنێرێت و، دەنگە توندڕەوەکانی ناوخۆ ڕازی دەکات و، پارێزگاری لە وێنەی ترەمپ دەکات وەک کەسێک کە جەنگی درێژخایەن ڕەت دەکاتەوە و، گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ژینگەی دانوستان دەڕەخسێنێت وەک ئامادەکارییەک بۆ گفتوگۆی جددیتر. ئەم سیناریۆیە ئەگەرەکەی زیاتر دەبێت ئەگەر تاران خۆی بەدوور بگرێت لە پێشکەشکردنی ئەو سازشانەی ترەمپ پێویستی پێیەتی بۆ ڕاگەیاندنی دەستکەوتێکی سیاسی.

 دەتوانین بڵێین ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا، شیاوێتیی جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلەی بەهێزتر کرد. ئەزموونی ڤەنزوێلا، سەرەڕای جیاوازیی بارودۆخەکەی، ئەوەی دەرخست کە دەکرێت سەری دەسەڵات لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بکرێتە ئامانج و، قەدەغەیەکی (تابۆیەکی) نێودەوڵەتی لاواز کرد کە ماوەیەکی زۆر جێگیر بوو. بەڵام ڕیزبەندیی هەنگاوەکان لەوێ، جیاوازە لەوەی ڕەنگە لە ئێران ڕوو بدات. لە ڤەنزوێلا پەیوەندییە هێمنەکان لەگەڵ بازنەکانی ناو ڕژێم پێش جووڵەکە کەوت، بەر لە دەستگیرکردنی سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ. بەڵام لە دۆخی ئێراندا، ڕەنگە ڕیزبەندییەکە پێچەوانە بێتەوە: سەرەتا دانوستانی ئاشکرا، بەدوایدا لێدانێک کە سەرکردایەتی دەکاتە ئامانج، پاشان دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ کەسایەتییەکانی ڕیزی دووەم. لەگەڵ ئەوەیشدا، پێشینەکەی ڤەنزوێلا دەنگدانەوەی خۆی لە تاران بەجێ هێشت؛ ئەو هەستەی لای بڕیاربەدەستان دروست کرد کە بەئامانجگرتنی لووتکەی هەڕەمی دەسەڵات چیتر مەحاڵ نییە، یان تێچووەکەی هێندە زۆر نییە کە ڕێگری لە بیرکردنەوەیەکی وەهادا بکات بۆ ڕژێمی ئێرانیش-ئەمەیش تێگەیشتنێکە کە حساباتی هەڕەشەی ئێران دادەڕێژێتەوە و ناچارن حسابی بۆ بکەن.

هێزی سەربازی لە بنەڕەتدا خودی ئامانج نییە، بەڵکوو وەک ئامرازێک بەکار دەهێنرێت بۆ سەپاندنی دانوستان بە مەرجی گونجاو.

لەم سۆنگەیەوە داگیرکردنی ئێران وەک بژاردەیەک دەمێنێتەوە کە لە ڕووی ستراتیژییەوە ژیرانە نییە؛ چونکە تێچووەکەی زۆرە و، لێکەوتە هەرێمییەکانی کۆنترۆڵ ناکرێن و، پشتیوانیی ناوخۆیی لێی جێگەی گومانێکی گەورەیە. کێشەکە پەیوەندیی بە توانای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نییە بۆ ئەنجامدانی داگیرکاری، بەڵکوو بە نەبوونی پاساوی سیاسی و ستراتیژییەوەیە. هێشتا دێوەزمەی عێراق لە یادەوەریدا ئامادەیە و، کەمن ئەوانەی لە واشنتۆن بڕوایان بەوە هەیە، کە دەوڵەتێک بە قەبارە و دانیشتووان و ئاڵۆزییە ناوخۆیییەکانی ئێرانەوە بەڕێوە ببردرێت، بەبێ کردنەوەی دەرگه‌ بۆ پشێوییەکی درێژخایەن.

سه‌ره‌ڕای بارگرانییە سەربازی و سیاسییە ڕاستەوخۆکان، داگیرکردنی ئێران برینێکی ستراتیژیی خودی دەبێت لە چوارچێوەی کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان. جەنگێکی زەمینیی درێژخایەن، سەرچاوە سەربازی و دارایی و سیاسییەکانی ئەمریکا دادەخورێنێت و، لە ئەولەوییەتە ستراتیژییە یەکەمەکەی دووری دەخاتەوە، کە ڕكابه‌رێتیی چینە. هەروەها ململانێیەکی “پەکخەر” (استنزافي) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی وزە لە جیهاندا بەرز دەکاتەوە و، هەڵاوسان لە ناوخۆی ئەمریکا زیاد دەکات و، گوشار دەخاتە سەر هاوپەیمانییەکان و، توانای واشنتۆن بۆ ناردنی هێزەکەی لە ناوچەی زەریای هیندی و هێمن کەم دەکاتەوە.

لە ڕوانگەی پەکینەوە، ململانێیەکی لەم شێوەیە وەک دەرفەتێک دەردەکەوێت بۆ لابردنی سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە کاتێکدا چین پێگەکانی خۆی لە تایوان و دەریای باشووری چین و زنجیرەکانی دابینکردنی تەکنەلۆژیای هەستیار بەهێز دەکات. تەنانەت ئەگەر سەرکەوتنێکی سەربازیی سەرەتاییش بەدەست بێت، زەمانەتی کەوتنی ڕژێمی ئێران ناکات، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان نقوم بووە لە هەوڵەکانی جێگیرکردنێکی پڕتێچوو بە سوودێکی ستراتیژیی کەم. بۆیە، بژاردەی داگیرکاری تەنیا لە خانەی “ئەوەی خوازراو نییە”دا نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕیشەیی، دژە لەگەڵ ئەولەوییەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیهان لە مەودای دووردا.

پلاندانەرە سەربازییەکان دەرک بەم ڕاستییانە دەکەن، هەروەها سەرکردە سیاسییەکانیش. بۆیە گفتوگۆکە لە بیرۆکەی داگیرکردنەوە، گۆڕا بۆ شێوازگەلی نەشتەرگەری (جراحی)ی تر لە بەکارهێنانی هێزدا. لە بەرامبەردا، ڕەنگە تاران لۆژیکی هەیمەنەی ئەمریکی بەسەر بارگرژی (تصعید)دا لە بنەڕەتەوە ڕەت بکاتەوە. لەو کاتەدا ڕەنگە وا ببینێت کە دانبەخۆداگرتن تەنیا گوشاری زیاتر دەهێنێت، بۆیە بە هەنگاوگەلێک وەڵام دەداتەوە کە ڕووبەری ململانێکە بەئەنقەست فراوان دەکات و توانای واشنتۆن لە کۆنترۆڵکردنی خێرایی و مەوداکەی تاقی دەکاتەوە. ڕەنگە ئەمە بەئامانجگرتنی سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچه‌ی جیاواز، یان هەڕەشەکردن بە ڕێڕەوە دەریایییە گرنگەکان، یان خێراکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان بۆ دەستکاریکردنی حساباتە ستراتیژییەکان لەخۆ بگرێت.

لێرەدا مەترسییەکە چڕ دەبێتەوە؛ چونکە مامەڵەکردن (مساومە) لە ڕێگەی هێزەوە بە سروشتی خۆی ناسەقامگیرە. تەنانەت کاتێک هەردوو لا هەوڵ دەدەن خۆیان لە جەنگی گشتگیر بەدوور بگرن، ڕەنگە هەڵە لە خەمڵاندن، یان بەهەڵە تێگەیشتن لە نیازی نەیار، یان گوشاری ناوخۆ، پاڵیان پێوە بنێت بۆ ئەوەی لە سنووری نیازه‌ ئەسڵییەکە تێ پەڕن. کاتێک هێز دەبێتە زمانی گفتوگۆ، ئاماژەکان دەشێوێنرێن و، ڕەنگە ئەو کردارانەی ئامانجیان ڕێگرییە (ردع)، ببێتە هۆی دنه‌دانی نەخوازراو. لە کەشێکی وادا، مەودای نێوان بارگرژییەکی کۆنترۆڵکراو و ململانێیەکی لەدەستدەرچوو زۆر باریک دەبێتەوە و دەرناکەوێت، مەگەر دوای ئەوەی کار لەکار ترازاوە.

بۆیە ئەم ساتەوەختە زۆر ناسەقامگیر دیارە. زنجیرە ڕووداوە چاوەڕوانکراوەکە بەم شێوەیە دەست پێ ناکات کە دانوستان بکرێت و دواتر هێز بەکار بێت، بەڵکوو بە هێزێک دەست پێ دەکات کە دەبێتە هۆی دانوستان. سیناریۆکە بەم شێوەیە دەبێت: لێدانێک ڕوو دەدات، ویلایەتە یەکگرتووەکان باڵادەستیی خۆی لە بەڕێوەبردنی بارگرژییەکان ڕادەگەیەنێت؛ ئێران وەڵام دەداتەوە، پاشان گفتوگۆی جددی دەست پێ دەکات کاتێک هەردوو لا قەناعەت دەکەن کە ڕووبەری دانوستان داڕشتنەوەی بۆ کراوە. بەم مانایە، لێدانەکە ڕاگەیاندنی شکست نییە، بەڵکوو توندییە بە مەرجی دیپلۆماسی.

واتە، پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە “ئایا هێز بەکار دێت؟”، بەڵکوو ئەوەیە “ئایا دەکرێت بەکار بهێنرێت بەبێ ئەوەی دەرگه‌کانی ململانێیەک بکرێتەوە کە هیچ یەک لە لایەنەکان نایانەوێت و، ئەگەر هەڵگیرسا کۆنترۆڵکردنی قورس بێت؟” ئەوەیە پارادۆکسی مامەڵەکردن بە لۆژیکی هێز، چونکە بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگ بەکار دێت، بەڵام لە جیاتی ئەوە لە خودی جەنگمان نزیک دەخاتەوە. ئەمڕۆ ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەناو ڕێڕەوێکی تەسکدا دەجووڵێنەوە، کە تێیدا هەر ئاماژەیەک قورساییی خۆی هەیە و، هەر هەنگاوێک لێکەوتەی خۆی هەیە، لە کاتێکدا پەراوێزی هەڵە بە شێوەیەک کەم دەبێتەوە کە ئاگادارکەرەوەیە لە دەرەنجامەکان.

بۆ پەکین ئەم ململانێیە دەرفەتێکە بۆ لابردنی سەرنجی واشنتۆن، لە کاتێکدا چین پێگەکانی خۆی لە تایوان و دەریای باشووری چین و بازنەکانی دابینکردنی تەکنەلۆژیای هەستیار بەهێز دەکات.

لەو سیناریۆیەی لە واشنتۆن باس دەکرێت، بژاردەی هەرە بەهێز بەرەو “بڕینی سەری ڕژێم” دەچێت نەک داگیرکردنی خاکی ئێران. لێدانێکی لەم شێوەیە کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراو دەگرێتەوە: ڕێبەری باڵا، سەرکردە سەربازی و سیاسییە باڵاکان، دامەزراوە ئەتۆمییە هەڵبژێردراوەکان، ژێرخانی مووشەکی و، گرێکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و؛ پێ دەچێت بەدوایدا ستراتیژیی “باڵادەستی بەسەر بارگرژیدا” (Escalation Dominance) پەسەند بکرێت، هاوشێوەی ئەو نزیکبوونەوەیەی واشنتۆن گرتییە بەر دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سەربازیی ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٠، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە تاران لەوەی وەڵامە بەڵێندراوەکەی بگۆڕێت بۆ جەنگێکی گشتگیر. مەبەست لێرەدا وێرانکردنی تەواوەتیی تواناکانی ئێران نییە، کە شتێکە لە دەرەوەی سنووری مومکینە، بەڵکوو نیشاندانی باڵادەستییەکی یەکلاکەرەوەیە لە بەڕێوەبردنی پەیژەی هەڵکشاندا.

پەیامەکە لەم تێڕوانینەدا ڕوون و ئاشکرایە: ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت لە دڵی ڕژێمی ئێران بدات و، وەڵامێکی سنووردار هەڵبمژێت و، جڵەوی کۆنترۆڵکردنی پلەکانی بارگرژی لەدەست خۆیدا بهێڵێتەوە. گرنگتر لەوەیش ئەوەیە کە لێدانەکە هاوشان بێت بە دانبەخۆداگرتن، بە شێوەیەک دیزاین کرابێت کە بەخێرایی کۆتایی بێت؛ بە جۆرێک کە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە واشنتۆن هەوڵی بەهێزکردنی کارتەکانی دانوستان دەدات نەک هەڵگیرساندنی جەنگ.

لێرەدا وەڵامدانەوەی ئێران وەک ناڕوونترین هۆکار دەمێنێتەوە. ڕەنگە تاران وەڵامێکی هەژمارکراو و سنوورداری خاوەن سروشتی ڕەمزی هەڵبژێرێت، بۆ پاراستنی هێزی ڕێگری (ردع) و متمانەی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی بخلیسکێتە ناو بارگرژییەکی جڵه‌ونه‌كراو. ڕەنگە ئەمە شێوەی جووڵەیەکی ناڕاستەوخۆ وەربگرێت لە ڕێگەی هاوبەشە هەرێمییەکانەوە، یان لێدانی مووشەکی یان درۆن بە ئیقاعێکی کۆنترۆڵکراو، کە ئاماژەی پتەوی بنێرێت بەبێ چوونەناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا. ئەم ڕێگه‌یە لەگەڵ ئەو پەسەندکردنە چەسپاوەی ئێران بۆ “ناڕوونی” و “پلەبەندی” لە وەڵامدانەوەدا، دەگونجێت.

پوختە

ئەم بابەتە شیکارییەکی ورد بۆ دۆخی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦ دەکات؛  پێی وایە سەرەڕای ئەوەی هەر یەکە لە واشنتۆن و تاران لە هەموو کات زیاتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نزیکن، بەڵام سیناریۆی داگیرکردنی ئێران یان جەنگێکی فراوانی زەمینی، دوورە لە ڕاستییەوە. لە جیاتی ئەوە، ئەگەرە بەهێزەکان بەرەو ئاڕاستەی لێدانێکی سەربازیی سنووردار و ورد دەچن کە ئامانجی سەرەکی، “بڕینی سەری ڕژێم” و بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکان و شوێنە ئەتۆمییەکانە، نەک هێرشی زەمینی و داگیرکردنی خاک. ئەمەیش وەک تاکتیکێک بۆ گۆڕینی هاوکێشەی هێز و ناچارکردنی تاران بە سازشکردن و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، بەتایبەت کە ئێران بەهۆی لاوازبوونی هاوپەیمانەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا و ئاشکرابوونی لاوازیی بەرگریی ئاسمانییەکەی، لە دۆخێکی ستراتیژیی لاوازدایە.

لەم چوارچێوەیەدا، ستراتیژیی ئەمریکا لەسەر بنەمای “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە” دامەزراوە، کە تێیدا گوشارە سەربازییەکان و دیپلۆماسییەت بەیەکەوە بەکار دێن، نەک وەک جێگرەوەی یەکتر. واشنتۆن دەیەوێت بەبێ ئەوەی لە جەنگێکی پەکخەر و درێژخایەن تێوە بگلێت، کە ئابووریی جیهان دەشێوێنێت و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چین دەکات، گورزێکی کاریگەر لە ئێران بوەشێنێت. بەڵام مەترسییە گەورەکە لەوەدایە کە ئەم “مامەڵەکردنە بە هێز” لەوانەیە لەکۆنترۆڵ دەربچێت؛ چونکە هەر هەڵەیەک لە خوێندنەوەی کاردانەوەی یەکتری یان وەڵامدانەوەی ئێران لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە، ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانی نەخوازراو، سەرەڕای ئەوەی ئامانجی سەرەتایی تەنیا باشترکردنی پێگەی دانوستانەکان بووە.

سەرچاوە:

Reisinezhad, A., & Reisinezhad, A. (2026, February 11). What war with Iran would look like. Foreign Policy. <<https://foreignpolicy.com/2026/02/11/iran-war-trump-usa-decapitation-regime-change-invasion/>>.

https://www.majalla.com