جەنگ لەپێناو شکاندنی بنبەستی جیۆپۆلیتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:
داڕمانی هەژموون و داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی
توێژینەوە و ئامادەکردن: ماڵپەری پێنووس
پاڵنەرە ستراتیژییەکانی جەنگ و هاوکێشەکانی هێز
تێگەیشتن لە لۆژیکی ستراتیژیی واشنتۆن، پێویستی بە جیاکردنەوەی نێوان پێویستییە پێکهاتەیییەکانی ستراتیژیی گەورەی ئەمریکا — کە لە نێوان ئیدارەکاندا بەردەوامن — و پەسەندکردنە تاکتیکییە تایبەتەکانی ژینگەی سیاسیی تڕەمپ هەیە. پێویستییە پێکهاتەیییەکە، کە لە دوای “دۆکترینی کارتەر” (Carter Doctrine)ەوە (١٩٨٠) بەردەوامە، ڕێگریکردنە لەوەی هەر هێزێکی هەژموونگەر کۆنترۆڵی ڕەوتی وزەی کەنداوی فارس بکات. توانای ئەتۆمیی ئێران هەم مەترسییەکی ڕاستەوخۆی بڵاوبوونەوە و هەم ڕێگرێکی شاراوە پێک دەهێنێت کە ئازادیی کرداری ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆ هەمیشە سنووردار دەکات. لەناوبردنی ئەو توانایە، بەرژەوەندییەکی پێکهاتەییی ئەمریکایە بەبێ گوێدانە هیچ ئیدارەیەکی تایبەت.
واشنتۆن لەژێر سەرکردایەتیی تڕەمپدا، لۆژیکی “ئەوپەڕی گوشار”ی گۆڕیوە بۆ ستراتیژیی “ئەوپەڕی لەناوبردن و لەکارخستن”. ئامانجی سەرەکی، ڕووخانی ڕژێم نییە بە مانا کلاسیکییەکەی، بەڵکوو داماڵینی تەواوەتیی تواناکانییەتی لە دروستکردنی هەڕەشە. تڕەمپ دەیەوێت بە کەمترین تێچووی هێزی پیادە، سیستەمی بەرگری و ئابووریی تاران دابڕمێنێت.
بەڵام لە تەلئەبیب هاوکێشەکە پەیوەستە بە مانەوەی وجوودی. ئیسرائیل ئەم جەنگە وەک دوایین دەرفەت دەبینێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڕەپانە سەربازییانەی کە لە ڕێگەی پرۆکسییەکانی ئێران لە لوبنان، سووریا و عێراق دروست کراون.
لەناوبردنی تەواوەتیی پرۆگرامی ئەتۆمی و تێکشکاندنی توانای دروستکردنی مووشەکی بالیستیک، خاڵی هاوبەشی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێک دەهێنن. ئەم دووانە پێیان وایە لاوازکردنی ئێران دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانێتییەکی نوێ لە چوارچێوەی پەیماننامەی ئیبراهیم (Abraham Accords).
لەبەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی لێکدانەوەکانی لەسەر بنەمای جهنگی ناهاوسەنگ یاخود ناهاوتا (Asymmetric warfare) داڕشتووە. تاران پێی وایە -پێ دەچێت بۆچوونەکەیشی ڕاست بێت- کە ئەگەر بتوانێت لەژێر بۆردوومانەکاندا خۆی ڕابگرێت و بمێنێتەوە، دەتوانێت زۆرێک لە ئامانجەکانی بپێکێت. هەر بۆیە تاران تەسلیمبوون وەک بژاردەیەک نابینێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات جەنگەکە بکاتە ململانێیەکی درێژخایەنی پڕتێچوو بۆ ئەمریکا بۆ مانەوەی خۆی. بەرژەوەندیی سەرەکیی سوپای پاسداران مانەوەی سیستەمەکەیە، تەنانەت ئەگەر بە نرخی وێرانبوونی تەواوی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەیش بێت.
ستراتیژیی ئێران پشت بە سێ کۆڵەکە دەبەستێت:
١- داخستن یان تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز بۆ دروستکردنی شۆکێکی قووڵی وزە لە جیهاندا.
٢- ئاراستەکردنی هێرشی وێرانکەر بۆ سەر وێستگەکانی نەوت و دامەزراوە و ژێرخانەکانی دارایی و سەربازیی وڵاتانی کەنداو.
٣- بەکارهێنانی میلیشیاکانی عێراق و سووریا بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و حووسییەکان و حزبوڵڵا لەهەمبەر ئیسرائیل. لەم چوارچێوەیەدا ستراتیژیی تاران بەم شێوەیەیە کە دەیەوێت قەیرانەکە ئەوەندە پڕتێچوو و هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتی و فراوان بکات تاوەکوو وڵاتان و زلهێزەکانی تر ناچار بە دەستێوەردان و ڕاگرتنی جەنگەکە بکات.
لە لایەکی دیکەیشەوە، وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە دۆخێکی هەستیاردان؛ لە لایەکەوە پێشوازی لە لاوازبوونی بنچینەییی ئێران دەکەن، لە لایەکی تریشەوە سعوودیا و ئیمارات هەوڵی پاراستنی بێلایەنییەکی ڕواڵەتی دەدەن، چونکە بەرژەوەندییەکانیان لە مسۆگەرکردنی پاراستنی ژێرخانەکانیاندایە.
وڵاتانی ئەوروپی بەنیگەرانییەوە دەڕواننە گۆڕەپانەکە؛ نایانەوێت تێوە گلێن. لێکدانەوەکانیان پێشان دەدات هەر داڕمانێکی دەوڵەت لە ئێران یان عێراق، شەپۆلێکی ملیۆنیی کۆچبەران بەرەو کیشوەرەکەیان بەڕێ دەخات. هاوکات پرسی وزە، دەکرێت ئابوورییەکهیان تووشی قەیرانی گەورە بکات.
لەسەر ئاستی عێراق، دەوڵەت لە لێواری لێکهەڵوەشاندایە. دەسەڵاتی سیاسیی بەغدا لە نێوان میلیشیاکانی نزیک لە تاران و هێرشی سەربازیی سوپای ئەمریکا و بەتایبەتی هەڕەشەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا ئیفلیج بووە. گرووپە چەکدارەکان عێراقیان کردووەتە گوڕەپان و پەرژینێکی بەرگری بۆ ڕژێمی ئێران. بەم پێیە، هەرێمی کوردستان لە چەقی ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەدایە.
لێکدانەوە ستراتیژییەکانی هەولێر پابەندن بە هاوپەیمانێتیی ڕۆژاواوە، بەڵام جوگرافیاکەی وای کردووە ببێتە ئامانجی ئاسانی مووشەکەکانی ئێران و میلیشیاکان. مانەوەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە توانای ئەمریکا لە پشتیوانیی سیاسی و دیپلۆماسی و بەتایبەتی دابینکردنی چەتری بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو. لە ڕاستیدا هەم بۆ ئێران و هەمیش بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، پێگەی هەرێم دەبێتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە لە بەرفراوانکردن یاخود جیاکردنەوەی بەرەکانی جەنگ و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکاندا، بەتایبەتی ترس لە کردنەوەی بەرەیەک لەلایەن کوردەوە لە ناوخۆی ئێران.
کاریگەری و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی جەنگ و دۆخی وڵاتانی عەرەبی
داهاتووی هاوسەنگیی هێز و بەم پێیەیش نەخشەی جیۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت. ئەگەر ئێران بەلاوازی بمێنێتەوە، سعوودیا و ئیسرائیل دەبنە دوو جەمسەری بێڕکابەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکەیشەوە دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی عەرەبی پاش جەنگەکە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت. لە ڕووی سیاسییەوە، ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل خێراتر دەبن، چونکە هەڕەشەی ئێران نامێنێت تا وڵاتانی کەنداو پێویستیان بە بەکارهێنانی دۆزی فەڵەستین بێت بۆ هاوسەنگی. هەرچەندە لە ڕووی ئابوورییەوە، وێرانبوونی دامەزراوە نەوتییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کەشتیوانی لە کەنداو، شۆکێکی کورتخایەنی وزە دروست دەکات کە زیان بە ژێرخانیان دەگەیەنێت؛ بەڵام لە درێژخایەندا، نەبوونی کێبڕکێی نەوتی ئێران بازاڕەکانیان بۆ قۆرخ دەکات. پەیوەندیی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێرانێکی لاوازکراودا، دەگۆڕێت بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەریدا، نەک مامەڵەکردن وەک هێزێکی هاوتا.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا هەژموونی تاکجەمسەریی خۆی لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی لێدانی گورزی سەربازییەوە دەسەلمێنێتەوە. بەڵام ڕووسیا بەهۆی لەدەستدانی درۆن و پاڵپشتییەکانی تاران، لە قەیرانی ئۆکراینادا دۆخێکی جیاوازتر لە ڕابردووی دەبێت. بۆیە ئەگەر ئەو هاوکێشەیە یاخود گریمانەیە بێتە دی، ئەوە چین گەورەترین زەرەرمەند دەبێت؛ سەرچاوەی وزە هەرزانەکەی لەدەست دەدات و دەبێت پشت بە وزەی کەنداو ببەستێت کە ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی واشنتۆندایە.
هەر بۆیە بەشێک لە ستراتیژیستەکان ئەم جەنگە بە جەنگی ئەمریکا لە دژی چین دەبینن لە درێژخایەندا نەک جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ هەرچەندە داخرانی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەکان، براوەیەکی ڕوونی هەبوو کە ئەویش تەکنەلۆژیاکانی وزەی نوێبۆوە وەک “خۆر، با و پاترییەکان”ن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەدەستی چیندان. پێش جەنگیش کێبڕکێی جیهانیی وزە لە نێوان “وڵاتانی نەوتی” (Petrostates) بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا و “وڵاتانی کارەبایی” (Electrostates) بە ناوەندێتیی چین- ئەو وڵاتەی کە زیاتر لە ٧٠٪ی کەرەستەکانی وزەی سەوزی جیهان دابین دەکات- پێناسە دەکرا؛ بەڵام جەنگ جارێکی دیکە ناسکی و لهرزۆكییی ئابووریی جیهانی لە بەرامبەر شۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخستووە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەڕەشەی پچڕانی دابینکردنی گاز، مەترسیی سستبوونەوەی ئابووریی جیهانی (Global Recession)ی زیاد کردووە. هەر بۆیە، خواستی بژاردە جێگرەوەکان زیادی کردووە و کۆمپانیا چینییەکان لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پاترییشدا، لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکانیان و جەختکردنەوە لەسەر بازاڕە دەرەکییەکان، لەم بارودۆخە سوودمەند دەبن.
بەڵام ئەوروپا، سەرەڕای پێویستییان بە وزەی سەوز، لە زیادبوونی وابەستەیی بە چین نیگەرانن. نیگەرانییەکانیشیان سەبارەت بە ئاسایش، کێبڕکێی پیشەسازی و ئەگەری بەکارهێنانی سیاسییانەی ئەم وابەستەیییانەیه.
جگە لەمانەیش، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە چین موگناتیسەکانی ناو “ئینتەرسێپتەر” (Interceptor)ی مووشەکەکانی بەرگریی “ئارۆ” دابین دەکات کە بەرگری لە تەلئەبیب دەکات. لە لایەکی دیکەیشەوە، چین سیستهمی سەتەلایتی “بایدۆ” (BeiDou) لەناو مووشەکی “فەتاح-٢”دا دابین دەکات کە هێرش دەکاتە سەر تەلئەبیب.
“پەیمانگهی سیاسەتی ستراتیژیی ئۆسترالی”(ASPI) دوو هەفتە لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە کە مووشەکە بەرگریکارەکانی ئەمریکا، لەوانە پاتریۆت، تاد (THAAD)، ئارۆ و، قۆچەقانی داوود (David’s Sling)، وابەستەی ئەو توخمە دەگمەنە پاڵفتەکراوانەی زەوین (rare earth elements) کە لە چینەوە دێن، بۆ دروستکردنی موگناتیسەکانی “نیۆدیمیۆم” و “ساماریۆم-کۆباڵت” کە سیستهمی ڕێپیشاندەر ئاراستە دەکەن، وزە بە بزوێنەرەکان دەدەن و کۆنترۆڵی گەڕانکەرەکان (seekers) دەکەن.
هەروەها مووشەکەکانی ئێران، لەوانە “فەتاح-٢”ی هایپەرسۆنیک، “خەیبەرشكێن”، “عیماد” و هەموو درۆنەکانی “شاهید” لەم هێرشانەی ئێستادا، سیگناڵە سەربازییە کۆدکراوەکانی سەتەلایتی “بایدۆ-٣”ی چین بۆ پێکانی ئامانجەکان بەکار دەهێنن و، بە سووتەمەنیی پاڵنەری “پێرکلۆرایتی ئەمۆنیۆم”ی چینی کار دەکەن، هەستەوەر و نیمچەگەیەنەر و بگۆڕی ڤۆڵتەی چینییان تێدایە و، لە ڕێگەی وێنەکانی سەتەلایتی “خەیام”ی ڕووسی و کۆمەڵەسەتەلایتی “جی لین-١”ی چینییەوە ئاراستە دەکرێن.
لەم نێوەندەیشدا، لەپاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، ئیسرائیلیش ئاسایش و ئامانجە جیۆستراتیژییەکانی بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەستەبەر دەکات؛ ئەگەر بۆ هەمیشەییش نەبێت.
سیناریۆکانی جەنگ و ململانێ لەنێوان هەژموون و مانەوەدا
تاوەکوو ئێستا ئیدارەی تڕەمپ لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانیەوە (Operation Epic Fury) دەیەوێت سیستەمی بەرگری و ئابووریی ئێران تێک بشکێنێت و ئامانجە ستراتیژییەکانی بەدی بێنێت. واشنتۆن هیچ ئارەزوویەکی بۆ دووبارە بونیادنانەوە (Nation-Building) لە ئێراندا نییە. ئەمەیش وا دەکات ئێران بکەوێتە ناو قەیرانێکی درێژخایەن. بەردەوامیی جەنگ پەیوەستە بەوەی کە ئایا ئەو شۆکی وزەیەی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست دەبێت، تا چەند وڵاتانی وەکوو چین و ئەوروپا ناچار بە دەستێوەردانی خێرا دەکات.
لەبەرامبەریشدا، ئامانجە ستراتیژییەکانی تاران تەنیا لێدان لە ئاسایشی وزە و ئابووری-دارایی نین، بەڵکوو سیستەمەکانی پاککردنەوەی ئاو لە ئیمارات و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا لە سعوودیا بایەخی ستراتیژییان هەیە. تێکدانی ئەم سیستەمانە لە ژینگەیەکی بیابانیدا، قەیرانێکی مرۆییی خێرا دروست دەکات کە تاران وەک کارت دژ بە پایتەختە عەرەبییەکان بەکاری دەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونەناو جهنگەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بکات.
پێ دەچێت سیناریۆی ئێستای ئەمریکا بریتی بێت لە دەستبەسەرداگرتن یاخود سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی توند و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی و ئاوی بۆ ڕێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی سەربازیی تاران. بۆ نموونە نزیکەی نیوەی داهاتی حکوومەتی ئێران لە نەوت و گاز دابین دەکرێت و گەمارۆدان یاخود لەدەستدانی “دوورگەی خارگ”، دەکرێت گورزێکی جددی لەم سەرچاوە دارایییە بوەشێنێت. هەرچەندە نزیکایەتیی خارگ لە خاکی سەرەکیی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی هێزە جێگیرکراوەکان تێیدا بکەونە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکی. هەروەها دابینکردنی پێداویستیی هێزەکان لەم دوورگەیەدا، بە لەبەرچاوگرتنی دووریی بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن، کوێت و قەتەر و نائەمنیی ڕێڕەوە دەریایییەکان، بە پڕ لە ئاڵنگاری دادەنرێت و ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی دەتوانن بە مینڕێژکردن یان هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، ئەم ڕێڕەوانە بکەنە ئامانج و تەنانەت لەوانەیە ئێران لە وەڵامدا، ژێرخانەکانی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج؛ کە ئەمەیش دەکرێت نرخی وزە زیاتر بەرز بکاتەوە.
بەڵام بژاردەی “ئابڵووقەی دەریایی” (Naval Blockade) بۆ ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران وەک سیناریۆیەکی جێگرەوە کاری لەسەر دەکرێت کە ڕەنگە لە بەراورد لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی دوورگەکاندا، مەترسیی کەمتری هەبێت. بەم پێیەیش، ئەمریکا بە شێوەیەکی سیستهماتیک لە ژێرخانی وزە، پەیوەندییەکان و تۆڕەکانی سوپای پاسداران دەدات بۆ ئیفلیجکردنی توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
لانی کەم لە ئێستادا، ئەوروپییەکان نایەنە ناو جەنگی ڕاستەوخۆوە، چونکە ترسیان لە قەیرانی وزە و شەپۆلی کۆچبەران هەیە. بەشداریی ئەوان تەنیا لە پێشکەشکردنی زانیاریی هەواڵگری و پاراستنی ڕێڕەوە دەریایییەکاندا سنووردار دەبێت.
ئیسرائیل تەنیا یەک ئامانجی هەیە: سڕینەوەی هەڕەشەی ئێران و پرۆکسییەکانی بۆ هەمیشە و خاپوورکردنی ژێرخانی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران، چونکە ئێران توانای بەرگەگرتنی درێژخایەنی نییە؛ سزاکانی پێشوو ستراکچەر و بونیادی ئابوورییەکەیان پووکاندووەتەوە و گورزە سەربازییەکان و لێدان لە سەرکردە و فەرماندەکانیش توانای مانەوەی ڕێکخراوەیی لە سیستەمەکە دەستێننەوە.
هەرچەندە ئێران هێشتا ژمارەیەکی زۆر مووشەکی لەبەردەستدایە و کەمبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان زیاتر لە کەمبوونەوەی ڕێژەی تەقاندنەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک لەناوبردنی تەواوی ئەم توانمەندییانە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاراستنی ئەم توانایە، بەکارهێنانی بەرفراوانی تۆڕە ژێرزەوییەکانی تونێل و ئەشکەوتەکانە لەلایەن ئێرانەوە بۆ شاردنەوەی کەرەستە سەربازییەکان؛ ژێرخانێک کە لە ماوەی چەندان ساڵدا بۆ بارودۆخێکی لەو شێوەیە دیزاین کراوە و ناسینەوە و بهئامانجگرتنی ئەستەم دەکات. هەروەها بەکارهێنانی سەکۆ گەڕۆکەکانی هەڵدانی مووشەک، شوێنپێهەڵگرتنی ئەم سیستەمانەی ئاڵۆزتر کردووە.
هەرچەندە توانای بەرگریی ئاسمانیی ئێران ناکاریگەر کراوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە توانای سەربازیی ئێران، لەوانە تۆڕی هێزە بریکارەکان، درۆنەکان و توانای هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی، ماونەتەوە و بۆ لەناوبردنی تەواوی ئەوانە پێویستی بە هەنگاوی زیاتر دەبێت؛ بۆ نموونە، هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هێشتا بەشێکی بەرچاوی توانای خۆی پاراستووە و سەدان یان تەنانەت هەزاران بەلەمی خێرا و بێسەرنشینی (unmanned surface vessels) لەبەردەستدایە؛ ئامرازگهلێك کە بۆ دروستکردنی پەککەوتن لە هاتوچۆی دەریاییدا چەکی بەهێزن.
لەبەرامبەریشدا، دراوی ئێرانی لەپاش جەنگ بەتەواوی بەهاکەی لەدەست دەدات و ئابوورییهكهی پەکی دەکەوێت؛ کۆنترۆڵی ناوخۆیی و ناڕەزایەتییەکان ئەستەمتر و ئێران ڕەوایەتیی سیستەمەکەی، زیاتر لە ڕابردوو کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و، مەترسیی سەرهەڵدانی بزووتنەوە نەتەوەیییەکان و چەکداربوونی پێکهاتە ناڕازییهکان بەهێزتر دەبێت.
ستراتیژیی ئیسرائیل و داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی ئەمنیی ناوچەکە
لاوازبوون یاخود داڕمانی سیستەمی سیاسیی تاران بۆشایییەکی جیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ دەهێڵێت. ناوچەکە پاش جەنگەکە پێ دەنێتە ناو قۆناغێکی نوێی ململانێ لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە. تورکیا و سعوودیا دەکەونە کێبڕکێیەکی توندەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی پاشماوەی وڵاتانی عێراق و سووریا. ئیسرائیلیش باڵادەستیی سەربازیی ڕەهای خۆی دەسەپێنێت.
ئیسرائیل تێڕوانینی خۆی بۆ ململانێکان گۆڕیوە. لە قۆناغی جهنگی پرۆکسییەکان و پەلاماردانی سنووردارەوە، پێی ناوەتە ناو ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتدا. پاش ئەو پێکدادانە سەختانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە “جەنگی دوانزە ڕۆژە” ناسرا، تەلئەبیب گەیشتە ئەو باوەڕەی کە مانەوەی ستراتیژیی خۆی، تەنیا بە خاپوورکردنی یەکجارهكیی دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران مسۆگەر دەبێت. ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل لاوازکردنی سوپای پاسداران و بێبەشکردنیەتی لە سەرچاوە دارایی و سەربازییەکان، بەو هیوایەی ئەم گوشارە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم (Regime Change) یان لانی کەم شکانێکی گەورە لە ناوخۆی دەسەڵاتی تاران.
لە لایەکی ترەوە، وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات، لەبەردەم هاوکێشەیەکی پڕمەترسیدان. تێکشکانی هەژموونی ئێران ڕێگە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا و ئیسرائیل خۆش دەکات، بەبێ ئەوەی چیتر مەترسیی تۆڵەسەندنەوەی تارانیان لەسەر بێت. پێگەی ئەمریکا وەک تاکە پارێزەری ئاسایشی کەنداو بەهێزتر دەبێت، بەڵام مەترسییە گەورەکە لە کورتخایەندایە؛ ئێرانێکی بێهیوا کە لەژێر پەلاماری بەردەوامدایە، ئەگەری زۆرە پەنا بباتە بەر لێدان لە وێستگە نەوتییەکانی سعوودیا و ئیمارات بۆ ئەوەی قەیرانەکە بکاتە قەیرانێکی جیهانی.
لە کاتێکدا دەستەبژێری سیاسی لەم وڵاتانە پێشوازی لە داڕمانی توانای مووشەکی و تەنانەت ئەتۆمیی ئێران دەکەن، بەڵام نادڵنیان لەهەمبەر گۆڕینی سیستەم و پشێوی و جەنگی ناوخۆ لە ئێران. هەروەها دڵەڕاوکێی سیاسی و ئاسایشییان لە باڵادەستیی ڕەهای ئیسرائیل و تەنانەت تورکیا هەیە.
هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکان
سەڕەرای مەترسییەکان بۆ تورکیا، ئەنقەرە ئەم جەنگە وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی نفووزی خۆی دەقۆزێتەوە. بە لاوازبوونی ڕەهای ئێران و پاشەکشەی میلیشیاکانی لە عێراق و سووریا، بۆشایییەکی ئەمنیی گەورە دروست دەبێت. تورکیا ڕاستەوخۆ ئهم بۆشایییه پڕ دەکاتەوە، بەڵام چهند كێشهیهكی ههیه: گرفت و بەربەست و کێشەی گەورەی لەگەڵ ئیسرائیل و داهاتووی پرسی کورد لە ناوخۆ و لە ئێران ههیه و، هەروەها نیگهرانه له دوودڵیی وڵاتە عەرەبەکان لە هەڵکشانی هەژموون و نفووزی خۆی.
لە ئاستی ململانێی نەزمی نێودەوڵەتی و سیستەمیدا، هەر یەک لە چین و ڕووسیا بە شێوەیەکی پراگماتیک خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی پێگەی خۆیانن لەم هاوکێشە جیۆسیاسییانەدا. “پەکین” ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی ستراتیژی بووەتەوە: لە لایەکەوە دەیەوێت ئەمریکا لە زەڵكاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێز و چەکی خۆی بەتاڵ بکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە ئابوورییەکەی بەتوندی پابەندە بە وزەی هەرزانی ئێران و کەنداو و سەدان ملیار وەبەهێنان و گرێبەست لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان.
مۆسکۆ گەورەترین سوودمەندی کورتخایەنی ئەم جەنگەیە. جگە لە قازانجە ئابوورییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە بۆ ڕووسیا، هەروەها ئەم جەنگە وای کردووە سەرنجی لۆجستیی ئەمریکا و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بەتەواوی لە بەرەی ئۆکرایناوە ڕاکێشراونەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مۆسکۆ بە شێوەیەکی شاراوە زانیاریی هەواڵگریی مانگدەستکردەکان و تەکنۆلۆژیای دژەتەگەرەی ئەلیکترۆنی دەداتە تاران. ئامانجی ڕووسیا سەرخستنی ئێران نییە، بەڵکوو خوێنبەربوونی ئەمریکایە لە جەنگێکی تاقەتپرووکێن و درێژخایەندا تاوەکوو هەژموونی ڕووسیا لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات جێگیر ببێت و لێکترازانی زیاتر لەنێوان وڵاتانی ئەوروپی-ناتۆ لەگەڵ ئەمریکا دروست بکات.
خۆڕاگری، سەپاندنی تێچووی زۆر و، گواستنەوەی چەقی ململانێکە بۆ دەرەوە لەپاڵ داخستنی گەرووی هورمز و لێکترازانی دیپلۆماسی لە هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکادا، کاریگەرترین چەکی ئێرانن، نەک مووشەکەکانی.
ڕاستییهكهی، جەنگی ئێران دەکرێت ببێتە قەیرانێک لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دیوی ئەتڵەسی (Transatlantic Relations) و تەنانەت هەڕەشە لە “پەیمانی ناتۆ” بکات؛ چونکە ڕەتکردنەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکا لەم جەنگەدا و هەڕەشەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ کشانەوە لە ناتۆ، ئەم پرسەی ورووژاندووە کە ئایا ئەم هاوپەیمانێتییە ڕووبەڕووی درزێکی جددی بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوروپا لە ڕووی سەربازییەوە بەتوندی وابەستەی ئەمریکایە و وەبەرهێنانی ناتەواو لە کەرتی بەرگریدا، توانای سەربەخۆی ئەم کیشوەرەی سنووردار کردووە. لاوازکردنی ناتۆ لە بارودۆخی ئێستادا، دەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ ئاسایشی ئەوروپا و “نەزمی نێودەوڵەتی” (International Order) هەبێت و ئەم دۆخە بە نیشانەیەک لە “لاوازیی ستراتیژی” (Strategic Weakness) دادەنرێت کە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و چین و ئێران و کۆریای باکوردایە.
لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەمریکا بڕێکی زۆر لەو تەقەمەنییانەی بەکار هێناوە کە قەرەبووکردنەوەیان قورسە، وەک: مووشەکی تۆماهۆک (Tomahawk) و سیستەمی بەرگریی پاتریۆت (Patriot)؛ ئەمەیش وای کردووە بەرەکانی دیکە -لە ئەوروپا و ئاسیا- بکەونە مەترسییەوە.
ئاراستە و لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان
عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن خۆیان لە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە بپارێزن. عێراق نزیکەی ٪٩٠ی داهاتەکەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت. داخستنی گەرووی هورمز یان پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی، ئابووریی عێراق دەخاتە سەر لێواری ئیفلیجبوون. یەدەگی دراوی قورسی عێراق تەنیا دەتوانێت بۆ چەند مانگێکی کەم مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. دراوی عێراقی لە بەرامبەر دۆلاردا بەخێرایی بەهاکەی لەدەست دەدات و هەڵاوسانێکی گەورە باڵ بەسەر بازاڕەکاندا دەکێشێت. ئەگەر داهاتی نەوت بوەستێت، ململانێی نێوان کوتلە سیاسییەکان لە بەغدا لەسەر سەرچاوە کەمەکانی داهات توندتر دەبێت و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی لێ دەکرێت.
بۆ هەرێمی کوردستان، دۆخەکە لە ڕووی ئەمنییەوە کارەساتبارترە. لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، هەولێر بووەتە ئامانجی سەدان هێرشی درۆنی و مووشەکی لەلایەن ئێران و میلیشیا نزیکەکانیەوە. ئامانجی ئەم پەلامارانە دروستکردنی گوشارە لەسەر ئەمریکا، کە بنکەکانی لە هەرێم جێگیر کردووە و، هەروەها مەترسییە لە چوونەپاڵ ئەمریکا لەلایەن حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ساڵی ١٩٩١ی عێراق و دروستبوونی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیی دیفاکتۆ لە کوردستان لە ئێران و، تەنانەت سەرەتای لەدەستدانی کۆنترۆڵی تاران لەلایەن پێکهاتەکانی دیکە و، ناوچەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دەسەڵاتی ناوەندیی تاران تاوەکوو ڕووخاندنی سیستەمەکە. لەم نێوەندەیشدا، ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان-عێراق زیانمەندی یەکەمە. داخستنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران و وێرانبوونی ڕێگهکانی بازرگانی، نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و سووتەمەنی بەرز دەکاتەوە. هەروەها لە سیناریۆی داڕمانی ڕژێمی ئێراندا، هەرێمی کوردستان دەبێتە خاڵی وەرگرتنی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە و ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دیمۆگرافی و مرۆیی دەبێتەوە.
هەر بۆیە هێزە کوردستانییەکان سیاسەتی بێلایەنیی تەواوەتییان پەیڕەو کردووە بۆ ئەوەی نەکرێنە بەشێک لە جەنگ؛ بەڵام پێ ناچێت ڕۆڵ، ناسنامە، پێگە و جوگرافیا و، هەروەها هاوکێشەکانی عێراق دەرفەتی ئەم خۆپاراستنەیان تا کۆتایی پێ بدات.
لەم چوارچێوەیەدا، سیستەمی سیاسیی عێراق لە دۆخی لاوازبوونی ڕەهای ئێراندا ڕووبەڕووی لێکهەڵوەشانێکی خێرا دەبێتەوە. ئەو بۆشایییە هێزەی بەهۆی پچڕانی پاڵپشتییەکانی سوپای پاسدارانەوە دروست دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جهنگێکی ناوخۆی سەخت لە نێوان کوتلە شیعەکاندا لەسەر کۆنترۆڵکردنی بەغدا و سەرچاوە دارایییەکان. هەروەها میلیشیاکان سەرکردایەتییەکی ناوەندییان نامێنێت و بەرەو پەرتبوون دەچن. لەم نێوەندەیشدا هێزە سوننەکان هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی نفووز و گێڕانەوەی ناوچە لەدەستچووەکانیان دەدەن.
لەم هاوکێشەیەدا، هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتی گەورەدایە؛ لە لایەکەوە، کەمبوونەوەی گوشاری میلیشیاکان و ئێران پێگەی سیاسی و ئابووری و ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان لە عێراق بەهێزتر دەکات. لە لایەکی تریشەوە، مەترسیی پەلاماردانی ژێرخانی وزە و هەولێر لەلایەن هێزە پرۆکسییەکان دەگاتە لووتکە.
لە دۆخێکی گریمانەییدا، ئەگەر بەغدا دابڕمێت، کوردستان دەبێتە تاکە ناوچەی ئارامیی ڕێژەیی، کە ئەمەیش شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون بەرەو سنوورەکانی پاڵ پێوە دەنێت. بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە تورکیا باڵادەستیی خۆی بەسەر مووسڵ و ناوچە سوننەکان بسەپێنێت و سنوورەکانی باشووری خۆی تا قووڵایییەکی ستراتیژی فراوان بکات. ئەگەرێکی دیکەیش ئەوەیە کە ڕژێمەکەی “ئەحمەد شەرع” لە سووریا پشتیوانیی سوننەکان بکات، ئەگەر بەڕاستەوخۆیش بەشداریی پێ نەکرێت!
کۆبەند: بەچەککردنی دیمۆگرافیا و هەڵوەشانەوەی سنوورە جیۆگرافییەکان
لەگەڵ داڕمانی خێرای تواناکانی هێرشبەرانە و بەرگریی سوپای پاسداران، سیستەمی فەرمانڕەوایی لە تاران خەریکە دەگاتە خاڵی بێگەڕانەوە (Point of No Return). ئەگەرێکی مەترسیدار ئەوەیە کە وێرانبوونی دامەزراوە سەربازییە سەرەکییەکان وا بکات کە کۆماری ئیسلامی هەست بکات مەرگی سیاسی و پێکهاتەیییەکەی حەتمییە، هەوڵی کتوپڕ بدات بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی سەربازی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمیی خێرا. ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ دروستکردنی چەک نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی قەڵغانێکی دەروونی کە واشنتۆن و تەلئەبیب ناچار بە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانیان بکات. گەیشتن بەم لێوارە، سروشتی جەنگەکە لە ململانێیەکی هەرێمییەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی نێودەوڵەتی کە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناتەقلیدیی لێ دەکرێت.
لە ڕەهەندێکی ترەوە، ئێران لۆژیکی “بەچەککردنی دیمۆگرافیا” (Weaponization of Demographics) بەکار دێنێت یاخود دەخاتە گەڕ. بە درککردن بەوەی کە تورکیا و ئەوروپا لە شەپۆلی پەنابەران دەترسن، تاران بە شێوەیەکی سیستهماتیک پاڵ بە سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی و ئەفغانییەوە بنێت بەرەو سنوورەکانی ڕۆژاوا. هەرێمی کوردستان و عێراق دەبنە گۆڕەپانی یەکەمی ئەم زریانە مرۆیییە. ئامانجی ئەم تاکتیکە، خنکاندنی ژێرخانی ئابووریی ئەو ناوچانە و دروستکردنی قەیرانێکی مرۆییی هێندە قووڵە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بە دەستێوەردان بکات بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست. ئەم مەترسییە دیمۆگرافییە وەک چەکێکی ناهاوسەنگ بۆ پەشۆکاندنی وڵاتانی دراوسێ و گواستنەوەی کێشە ناوخۆیییەکان بۆ دەرەوە بەکار دەهێنرێت.
بەڵام گواستنەوەی ڕێرەوەکانی وزە و کۆریدۆرەکانی گواستنەوەی کاڵا لە دەرەوەی گەرووی هورمز و بەتایبەتی لە ڕێگەی سعوودیا- ئۆردن-سووریا-تورکیا-ئیسرائیل و دەریای سپیی ناوەڕاست، وا دەکات کۆی هاوکێشە جیۆستراتیژی و جیۆئێکۆنۆمی و جیۆپۆلیتیکییەکان و بەم پێیەیش پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا بۆ هەمیشە بگۆڕێت.
پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەم قەیرانە، هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش نیسانی ٢٠٢٦. وڵاتانی وەک عێراق و سووریا بەکردەیی پێ دەنێنە ناو قۆناغی “دوای دەوڵەت” (Post-State Environment). هەرێمی کوردستان لەناو ئەم گێژاوەدا ڕووبەڕووی مەترسیی دووانەیی دەبێتەوە. لە نەبوونی دەوڵەتێکی مەرکەزیی بەهێز لە بەغدا، ئەگەری سەرهەڵدان و بەهێزبوونی سوننەی توندڕەو هاوکێشەی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت جیۆسیاسییەوە دەخوڵقێنێت.