1

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری؛ کرێملینی شڵەژاو لە گەرمەی تیرۆرکردنەکان و ترسی کودەتادا، ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری پووتین توندتر دەکات

 سی ئێن ئێن  (CNN)

نووسەر: نیک پەیتۆن وۆڵش  (Nick Paton Walsh)

وەرگێڕان: پێنووس

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسێکی هەواڵگریی ئەوروپی کە دەست سی ئێن ئێن (CNN) کەوتووە، کۆشکی کرێملین (Kremlin)  ڕێوشوێنی ئاسایشی کەسیی دەوروبەری سەرۆک ڤلادیمیر پووتین (Vladimir Putin)ی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە و، سیستەمی چاودێری (Surveillance systems)ی لە ماڵی ستافە نزیکەکانیدا دامەزراندووە؛ وەک بەشێک لەو ڕێوشوێنە نوێیانەی کە بەهۆی شەپۆلێک لە تیرۆرکردنی کەسایەتییە باڵاکانی سوپای ڕووسیا و ترسی کودەتاوە گیراونەتە بەر.

دۆسیەکە دەڵێت کە چێشتلێنەران، پاسەوانانی تایبەت و فۆتۆگرافەرەکان کە لەگەڵ سەرۆکدا کار دەکەن، گەشتکردنیان بە ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی لێ قەدەغە کراوە. هەروەها دەیشڵێت، سەردانکەرانی سەرۆکی کرێملین دەبێت دوو جار پشکنینیان بۆ بکرێت و، ئەوانەیشی لەنزیکییەوە کار دەکەن تەنیا دەتوانن ئەو مۆبایلانە بەکار بهێنن کە هێڵی ئینتەرنێتیان نییە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، بەشێک لەم ڕێوشوێنانە لە چەند مانگی ڕابردوودا و لەدوای کوژرانی جەنەڕاڵێکی باڵا لە مانگی کانوونی یەکەمدا گیرانە بەر، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی لە ڕیزەکانی سەرەوەی دامەزراوەی ئاسایشی ڕووسیادا. ئەمانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی ناسەقامگیری لەناو کرێملیندا، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی کێشەی ڕوو لەزیادبوو دەبێتەوە لە ناوخۆ و دەرەوە، لەوانە: قەیرانە ئابوورییەکان، زیادبوونی نیشانەکانی ناڕەزایەتی و، هەروەها پاشەکشەکانی گۆڕەپانی جەنگ لە ئۆکراینا.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، بەرپرسانی ئاسایشی ڕووسیا ژمارەی ئەو شوێنانەیان کە پووتین بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانیان دەکات، بە ڕاددەیەکی زۆر کەم کردووەتەوە. پووتین و خێزانەکەی چیدی ناچن بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ئاساییی خۆیان لە ناوچەی مۆسکۆ (Moscow) و لە ڤاڵدای(Valdai) ، کە موڵکێکی هاوینەی سەرۆکە و دەکەوێتە نێوان سان پێتێرزبۆرگ (St. Petersburg) و پایتەختەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای گەشتە بەردەوامەکانی لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەمساڵ پووتین تا ئێستا سەردانی هیچ دامەزراوەیەکی سەربازیی نەکردووە. هەروەها ڕاپۆرتەکە ئەوەیش زیاد دەکات کە بۆ خۆدزینەوە لەم سنووردارکردنانە، کرێملین وێنەی پێشوەختە تۆمارکراوی ئەو بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت كه‌، لە کاتی داگیرکردنی ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، پووتین چەندان هەفتە لەسەریەک لەناو پەناگە ژێرزەمینییە (Bunkers) پێشکەوتووەکاندا بەسەر دەبات؛ زۆر جار لە کراسنۆدار (Krasnodar)، کە ناوچەیەکی کەناراوە و هاوسنوورە لەگەڵ دەریای ڕەش و چەند کاتژمێرێک لە مۆسکۆوە دوورە.

دۆسیەکە، کە لەلایەن سەرچاوەیەکی نزیک لە ئاژانسێکی هەواڵگریی ئەوروپییەوە بۆ سی ئێن ئێن و دەزگه‌كانی ڕاگه‌یاندنی دیکە بڵاو کراوەتەوە، لە کاتێکدایە کە قەیرانێکی هەستپێکراو لە دەوروبەری کرێملیندا لە زیادبووندایە، ئەویش پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر جەنگە دڕندانە و نەگريسەکەیدا.

زیانەکانی ڕووسیا، کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواوە بە نزیکەی ٣٠ هەزار کوژراو و بریندار لە هەر مانگێکدا دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ دەستکەوتە سنووردارەکان لەسەر زەوی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و، هێرشە یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی درۆن لەلایەن ئۆکرایناوە لە قووڵاییی ڕووسیادا، زیانەکانی ململانێكەیان گەیاندووەتە ئاستێک کە زۆر کەس پێیان وایە بەرگەی ناگیرێت. تەنیا لە شەوی یەکشەممەدا (٣-٥-٢٠٢٦)، درۆنێک خۆی کێشاوە بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی بەرزدا لە گەڕەکێکی ئاستبەرز (ڕاقی) لە ڕۆژاوای ناوەڕاستی مۆسکۆ؛ ئەمەیش بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و گرتە ڤیدیۆیییەکانی شوێنی ڕووداوەکە.

تێچووی ئابووریی جەنگەکە ئێستا هەستپێکراوە – لەگەڵ پچڕانی هێڵی مۆبایل کە بە شێوەیەکی بەردەوام زیان بە شارە گەورەکان دەگەیەنێت و تەنانەت چینی بۆرژوازی (Bourgeoisie) لایەنگری پووتینیش تووڕە دەکات – ئەمەیش هەستێک دروست دەکات کە جەنگەکە خەریکە کاریگەری لەسەر نوخبەی شارنشین (Urban elite) دروست دەکات، کە تا ئێستا زۆربەیان لە کاریگەرییەکانی داگیرکارییەکە دابڕابوون.

ڕاپۆرتەکە وردەکاریی دەگمەن دەخاتە ڕوو لەسەر نیگەرانییەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە خراپبوونی ئاسایشی ناوخۆیی (Internal security). هەروەها باس لە وردەکارییه‌كانی ڕه‌نگبێ ئابڕووبەری گرژییەکی توند دەکات لەنێوان فەرماندەییی سەربازی و ئاسایشی ڕووسیادا لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسیار بووە لە پاراستنی بەرپرسە باڵاکانی سوپا (Top brass) –  پرسێک کە ڕاپۆرتەکە دەڵێت بووەتە هۆی پێداچوونەوە بە پرۆتۆکۆڵەکانی ئاسایشی پووتین و فراوانکردنی ئاستێکی بەرزتری ئاسایشی کەسی بۆ ١٠ فەرماندەی باڵای دیکە.

مەترسیی کودەتا

ڕاپۆرتەکە دەڵێت کە لە سەرەتای مانگی ئازاری ٢٠٢٦ەوە، ”کرێملین و خودی ڤلادیمیر پووتین نیگەران بوون لە ئەگەری دزەکردنی زانیارییە هەستیارەکان، هەروەها مەترسیی پیلانێک یان هەوڵێکی کودەتا کە سەرۆکی ڕووسیا بکاتە ئامانج. پووتین بەتایبەتی لە بەکارهێنانی درۆن بۆ ئەگەری هەوڵی تیرۆرکردن لەلایەن ئەندامانی نوخبەی سیاسیی ڕووسیاوە نیگەرانە”.

بەڵام سەرنجڕاکێشترین ڕووداو، پەیوەندیی بە کەسی متمانەپێکراوی پێشووی پووتینەوە هەیە: سێرگی شۆیگۆ (Sergei Shoigu). ڕاپۆرتەکە دەڵێت، وەزیری بەرگریی پێشووی پەراوێزخراو، کە لە ئێستادا وەک سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش (Security Council) کار دەکات، ”پەیوەستە بە مەترسیی کودەتاوە، چونکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەناو فەرماندەییی باڵای سەربازی(Military high command) دا هەیە”.

سێرگی شۆیگۆ (Sergei Shoigu) و ڕوسلان تسالیکۆڤ  (Ruslan Tsalikov)

 لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەدا شۆیگۆ بە ”مەترسیی کودەتا” ناسێنرابوو. هەروەها ئەوەیش زیاد دەکات کە دەستگیرکردنی جێگری پێشوو و هاوکارە نزیکەکەی شۆیگۆ، ڕوسلان تسالیکۆڤ، لە 5ی ئازاردا وەک ”پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نەگوتراوەکانی پاراستن لەنێوان نوخبەکاندا دادەنرێت، کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی شۆیگۆ و زیادکردنی ئەگەری ئەوەی کە خۆیشی ببێتە ئامانجی لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری ”.

لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکی مانگی ئازاردا ڕای گەیاند کە تسالیکۆڤ بە تۆمەتی پەیوەست بە بەهەدەردانی سامانی گشتی (Embezzlement)، سپیكردنەوەی پارە (Money laundering) و بەرتیل (Bribery)  دەستگیر کراوە. ڕاپۆرتەکانی گەندەڵی لەناو نوخبەی سەربازیدا زۆرن، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی داگیرکاریی ئۆکرایناوە چەندهێندە زیادیان کردووە.

هەرچەندە ڕاپۆرتەکە هیچ بەڵگەیەک ناخاتە ڕوو بۆ پشتگیریکردنی ئەو بانگەشانەی دژی شۆیگۆ کراون، کە پێشتر بە زۆر نزیک لە پووتین سەیر دەکرا و، هەوڵدان بۆ لابردنی سەرۆکی ڕووسیا دەبێتە گۆڕانکارییەکی تەواو پێچەوانە لە دڵسۆزیدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بڵاوکردنەوەی، ڕەنگە بە ئامانجی ناسەقامگیرکردنی کرێملین بێت، ڕاستییەکەی، جێگەی سەرنجە کە خزمەتگوزارییە هەواڵگرییە ئەوروپییەکە لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی کاریگەر کرێملین لە ئەگەری کودەتایەک ئاگادار بکاتەوە.

پووتین لە هەوڵێکی پێشووی کودەتا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ڕزگاری بوو، کاتێک سەرۆکی هێزەکانی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین (Yevgeny Prigozhin)، سەرکردایەتیی جووڵەیەکی سەربازیی سەرنەکەوتووی کرد بەرەو مۆسکۆ.

زۆر جار ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی نوخبەی مۆسکۆ دەبنە جێی قسە و باسی زۆر، بەڵام دەگمەن ئاشکرا دەکرێن. لە قووڵاییی ڕووداوەکانی داگیرکردنی ئۆکراینادا، لە کاتێکدا پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ (Kyiv) کەم دەبنەوە، هەر بۆیە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەوروپا پاڵنەرێکی بەهێزیان هەیە بۆ ئاماژەدان بە زیادبوونی ململانێ و پارانۆیا (Paranoia)  لەناو کرێملیندا. سروشتی ئەم جۆرە زانیارییە هەواڵگرییانە، وا دەکات پشتڕاستکردنەوەی بەشێک لە وردەکارییەکان قورس بێت. هەر بۆیە سی ئێن ئێن بۆ وەرگرتنی لێدوان، پەیوەندیی بە کرێملینەوە کردووە.

ڕێوشوێنە نوێیەکان بەدوای کوشتنی لیوا فانیل سارڤارۆڤ (Fanil Sarvarov) هاتن، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن ئۆکرایناوە ئەنجام دراوە. بەشێک لەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی کە لە دەوروبەری پووتیندا بەوردی باسیان لێوە کراوە، پێشتر ڕاپۆرتیان لەسەر دراوە، یان بە شێوەیەکی بەرفراوان وا گومان دەکرا کە وا بێت، لەوانە: پشکنینی جەستەییی چڕ، دوورکەوتنەوەی کرێملین لە مۆبایلە زیرەکەکان و سنووردارکردنی جووڵەکانی سەرۆک. هێشتا پووتین بە شێوەیەکی بەردەوام لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەوێت؛ لەم هەفتەیەدا چاوی بە سەرکردەی چیچان، ڕەمەزان قەدیرۆڤ (Ramzan Kadyrov) و وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی (Abbas Araghchi)  کەوت.

پووتین لە کاتی پەتای کۆڤید-١٩ (Covid-19) دەستی بە دابڕاندنی خۆی کرد و، زۆر جار له‌وسه‌ری مێزێکی درێژەوە بەدوور لە میوانە باڵاکانی دادەنیشت، تا ئەو کاتەی فەرمانی داگیرکارییەکەی شوباتی ٢٠٢٢ی دەرکرد. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەمان شێوازی ئۆفیس لە چەندان شوێن بەکار دەهێنێت کە لێیەوە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە قسە بۆ کابینەکەی دەکات.

ئاشکراکردنی وردەکاریی ڕێوشوێنە ئەمنییە نوێیەکان چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە مۆسکۆ گۆڕانکارییەکی گەورەی لە نمایشی سه‌ربازیی ٩ی ئایاری مەیدانی سوور (Red Square) بۆ یادکردنەوەی سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیای نازی (Nazi Germany) ڕاگەیاند. بۆنەکەی ئەمساڵ – کە پێنجەمین بۆنەیە لە دوای داگیرکارییە هەمەلایەنەکەی ئۆکرایناوە – بەبێ چەکی قورسی وەک زرێپۆش و مووشەک بەڕێوە دەچێت.

پووتین ئەمساڵ لە مەیدانی سوور میوانداریی نمایشێکی بچووککراوە دەکات. لە ناوەڕاستی گوشار و هەڕەشە زیادبووەکاندا وتەبێژی کرێملین، دیمیتری پێسکۆڤ (Dmitry Peskov) ئاماژەی بەوە دا کە هەڕەشەکان و سەرکەوتنەکانی ئەم دوایییەی هێرشە مەودادرێژەکانی ئۆکراینا، یەکێک بووە لە پاڵنەرەکان. ”لە پاشخانی ئەم هەڕەشە تیرۆریستییەدا،” ئەو وتی، ”بێ گومان هەموو ڕێوشوێنێک دەگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.” نمایشەکانی پێشوو نیشاندەری هێزی سەربازیی کرێملین بوون، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی داگیرکاریی ئۆکرایناوە بە بیانووی نیگەرانییە ئۆپەراسیۆنی و ئەمنییەکان کەم کراونەتەوە.

ململانێ و دەمەقاڵێی ناو کرێملین

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە ئاماژە بە شەڕەقسەیەکی توند دەکات لەنێوان بەرپرسە باڵاکانی سوپا لە کۆبوونەوەیەکی کۆتاییی ساڵی ڕابردووی کرێملیندا لەگەڵ پووتین، کە بەشێکی هۆکار بووە بۆ سەرهەڵدانی ڕێوشوێنە نوێیەکان. دوای تیرۆرکردنی لیوا فانیل سارڤارۆڤ لە مۆسکۆ لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، کە پێ دەچێت لەلایەن بریکارەکانی ئۆکرایناوە بووبێت، سێ ڕۆژ دواتر پووتین کارمەندە سەرەکییەکانی ئاسایشی بانگهێشت کرد.

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە دەڵێت: دوای کۆبوونەوەیەکی توند، دەستەبەری ئاسایشی زیاتر بۆ ١٠ بەرپرسی باڵای سەربازی دابین کرا.

 ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لەنێو کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەرکانی گشتی، ڤالێری گێراسیمۆڤ (Valery Gerasimov) ڕەخنەی لە سەرۆکی دەزگه‌ی ئاسایشی فیدراڵی (FSB)، ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ (Alexander Bortnikov)  گرت لەسەر ئەوەی کە نەیتوانیوە ئەفسەرەکانی بپارێزێت؛ ئەویش لە بەرامبەردا سکاڵای لە نەبوونی سەرچاوە و کارمەند بۆ ئەنجامدانی کارەکە کردووە. ”بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو ترس و بێورەیییەی کە ئەم ڕووداوە لەناو کارمەندانی (سەربازی) دروستی کردووە، ڤالێری گێراسیمۆڤ بەتوندی ڕەخنەی لە هاوتاکانی لە خزمەتگوزارییە تایبەتەکان گرت لەسەر نەبوونی دووربینییان”.

هەروەها ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە دەڵێت: ”لە کۆتاییی ئەم کۆبوونەوە گرژەدا، ڤلادیمیر پووتین داوای هێوربوونەوەی کرد و، پێشنیاری فۆرماتێکی جێگره‌وه‌ی کارکردنی کرد و ڕێنماییی بەشداربووانی کرد کە لە ماوەی یەک هەفتەدا چارەسەری کۆنکرێتی بۆ کێشەکە بخەنە ڕوو.” ئەو چارەسەرە خێرایە بریتی بوو لەوەی کە پووتین دەسەڵاتی دەزگه‌ی پاراستنی فیدراڵی (FSO)ی خۆی فراوان بکات – کە لەو کاتەدا تەنیا گێراسیمۆڤی لەناو فەرماندەییی سەربازیدا دەپاراست – بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ ١٠ فەرماندەی باڵای دیکە.

ڕاپۆرتەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی خودی پووتین، دوای ئەم فراوانکردنەی دەسەڵاتەکانی FSO هاتووە. ڕاستییەکەی، زۆر پێشهاتێکی دەگمەنە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا زانیاریی وردی گفتوگۆ نهێنییەکانی ئەکتەرە دوژمنکارەکان دزە پێ بکەن، کە پێ دەچێت لە سەرچاوەی مرۆیی یان ئەلیکترۆنییەوە بەدەست هاتبێت، کە هەردووکیان ئەگەر ئاشکرا ببن مەترسیی لەدەستدانیان لەسەرە. بەڵام هەر لەم سۆنگەیەوە، بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، دەکرێت ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی بەرپرسانی ئەوروپی بێت بۆ قۆستنەوەی ئەگەری داڕمانی ڕووسیا، کە هەندێک لایەن وەک تاکە ڕێگە بۆ تێكشکاندنی ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا هەژماری دەکەن.

سەرچاوە:

https://edition.cnn.com/2026/05/04/europe/putin-russia-security-intelligence-intl?iid=cnn_buildContentRecirc_end_recirc&recs_exp=most-popular-article-end&tenant_id=popular.en