1

لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

پ. ی. د. هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی/زانکۆی بەنگۆر

پێشەکی

بۆ جاری دووەم، لە کەمتر لە ساڵێكدا، هێرشە کتوپڕەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕێکەوتی ٢٨/٢/٢٠٢٦ کە پتر لە پێنج هەفتەی خایاند، ناکرێ وەک جەنگێک هەژمار بکرێت کە تەنیا لێکەوتەی لەسەر کۆی گشتیی کەرتەکانی ئێرانی دەبێت، بەڵکوو ئەم جەنگە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لێکەوتەکانی، بەتایبەت لەسەر کەرتی وزە، دارایی، ئابووری و کشتوکاڵی دەوڵەتانی دەرەوەی ئەم جەنگە، بەردەوامە. عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە حوکمی ئەوەی کە درواسێی ئێرانن، لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە، چ لە کورتخایەن و چ لە دوورمەودادا بێبەش نابن. لەم گوتارەدا تیشک دەخرێتە سەر ڕەنگدانەوەی ئەم جەنگە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.

یەکەم، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر عێراق

  • لێکەوتە ئابوورییه‌كان:

بەپێی داتاکان، سەرووی ٩٠٪ داهاتی عێراق پشت بە کەرتی هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت. ئەم جەنگە بووە هۆی داخستنی گەرووی هورمز. ئەگەرچی تاران لە سەرەتای جەنگەوە ڕای گەیاند کە وڵاتانی دۆست، لەنێویشیاندا عێراق، دەتوانن نەوتەکەیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع وەها دەرنەچوو؛ هەر بۆیەش عێراق هەوڵی دا لە ڕێگەی سووریا و هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە هەناردەکردنی نەوتەکەی قەرەبوو بکاتەوە. بەڵام ئەو بۆڕییەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە نەوت دەگوازێتەوە، لە ئێستادا تەنیا توانای گواستنەوەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە یەک ڕۆژدا هەیە. ئەو نەوتەی کە بە سووریا لە ڕێگەی تەنکەرەوە هەناردە دەبێت، ١٥-٢٠٪ی داهاتەکەی بۆ بەهای گواستنەوە دەچێت، جیا لەو پارەیەی کە دەبێ بۆ ترانزیت بە حکوومەتی دیمەشق بدرێت و تەنانەت نەوتەکە لەژێر نرخی ستاندەردی جیهانییەوە بفرۆشرێت.

بەپێی داتاکان، ڕۆژانە عێراق نزیکەی ٤٣٠ ملیۆن دۆلار بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز تەنیا لە هەناردەکردنی نەوت زیان دەکات[1]. داخستنی گەرووی هورمز بووە هۆی ئەوەی کە عێراق نەتوانێت ڕۆژانە پتر لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل لە بەسرەوە هەناردە بکات[2]. ئەمەیش بە واتای کورتهێنانی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دێت.

بە واتایەکی تر ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەغدا دەتوانێت تەنیا مووچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات و کەرتە خزمەتگوزارییەکان پەک دەکەون. ئەگەرچی عێراق باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ نزیکەی ٩٧ ملیار دۆلار وەک نەختینەی یەدەکی هەیە[3]، بەڵام دەوڵەت ناتوانێت بەبێ بوونی نەختینە پاڵپشتیی بەهێزی دراوەکەی بکات، گەشە بە کەرتی ئابوورییەکەی بدات. ئەمەو سەرەڕای پەککەوتنی کەرتەکانی تری داهات بۆ عێراق؛ بۆ نموونە، نەمانی داهاتی کەرتی فڕۆکەوانی کە عێراق لە سەرتاسەری جەنگەکەدا ئاسمانەکەی بەڕووی فڕۆکە مەدەنییەکان دابخرێت. زیاد لەمەیش هەر لە سەرەتای جەنگەوە، نرخی کاڵا سەره‌تایی و خۆراکییەکان لە عێراق بە ڕێژەی ١٥-٢٥٪ بەرز بووەتەوە[4]. ئەمەیش چەند گرفتی سەرەکی لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ عێراق دروست دەکات:

یەکەم، بەهای دراوی دینار و داهاتی عێراق دادەبەزێت.

دووەم، بەهای کاڵاکان بەرز دەبێتەوە؛ بەتایبەت کە نزیکەی ٩٠٪ هاوردەی کاڵای خۆراکی، پەینی کیمیایی بۆ کشتوکاڵ و، دەرمان بۆ نه‌خۆشخانەکان لە گەرووی هورمزەوە هاوردە دەکرێت.

سێیەم، بەرفراوانبوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری.

ئەم گرفتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نایەکسانی لەنێوان ئاستی داهاتی تاکەسی و ئاستی بژێوی ژیان سەر هەڵبدات؛ واتە هاووڵاتی نەتوانێت بەئاسانی پێداویستییە سەرەکییەکانی دابین بکات. بۆ نموونە، بەهای فەرمیی سەد دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ١٣٢ هەزر دینار دیاری کراوە، کەچی لە ئێستادا بەهای سەد دۆلار لە بازاڕەکان سەرووی ١٥٥ هەزار دینارە. خودی ئەمەیش گرفتێکی تری بۆ بازاڕ و کاری بازرگانی دروست کردووە، کە جۆرێک لە بازاڕی ڕەشی لە سەرتاسەری عێراق بەرهەم هێناوە.

لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین کە ئەگەر قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز و هەناردەنەکردنی نەوتی عێراق بەردەوام بێت، دەبێ چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و ڕێژەی هەژاری لە عێراق بکەین. لێکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم نایەکسانییەیش، واتە تێکچوونی نەزمی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیریی سیاسی بەهۆی بچووکبوونەوەی سفرەی هاووڵاتیی عێراقی.

  • لێکەوتەی سیاسی:

یەکەمین لێکەوتەی سیاسیی ئەم جەنگە بریتی بوو لەوەی کە بەپێچەوانەی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەم جارە عێراق لە دەرەوەی مەیدانی جەنگ نەبوو، بەڵکوو گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕێگەی هێرشی درۆنییه‌وه‌ بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارایان له‌ جه‌نگه‌كه‌دا كرد.

ئەم جەنگە ئەوەی خستە ڕوو کە هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕوو بدات، چ بە ئەرینی بێت یاخود نەرێنی، کاریگەری لەسەر عێراق دروست دەکات. ئەگەرچی حکوومەتی بەغدا چەندان جار بەیاننامەی دەرکرد کە عێراق بەشێک نییە لەم جەنگە، بەڵام گرووپە چەکدارەکان ئەمەیان سەلماند کە حکوومەتی بەغدا، توانای کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارەکانی نییە؛ کەچی خودی ئەم هێزە چەکدارانە باڵی سەربازیی ئەو لایەنە سیاسییانەن کە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە پێک دێنن و خودی چوارچێوەی هەماهەنگییش پێکهێنەری سەرەکیی حکوومەتە.

ئەم جەنگە ئەوەی سەلماند کە لە عێراقدا چەندان حکوومەت لەناو یەک دەوڵەتدا حوکمڕانی دەکەن و لە حکوومەتە فەرمییەکەی بەغدا بەهێزتریشن. ئەم حکوومەتە هاوتەریبانە (الحکومات الموازیة) دواجار هەم لە ڕووی پەیوەندییە هەرێمییەکان و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتی، دەبنە هۆی لاوازکردنی حکوومەتی فەرمیی بەغدا و ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئەگەرێکی بەهێزە. بۆ نموونە، هەر لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە گشت وڵاتانی کەنداو ناڕەزایەتییان لەهەمبەر حکوومەتی بەغدا دەربڕی و داوایان کرد کە حکوومەتی بەغدا ڕێگری لە کردەوە دوژمنکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بکات.

لە لایەکی ترەوە خودی ئەمریکاش ئەم ناڕەزایەتییەی حکوومەتی واشنتۆنی گەیاندە بەغدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کاریگەریی بەسەر گشت کەرتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری، سەربازی و داراییی عێراقدا هەیە، کەچی لە میانەی ئەم جەنگەدا چەندان جار هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی. دەکرێ ئەم کردەوانە سەرتایەک بن بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ جیهانی دەرەوە کە دواجار ناسەقامگیریی عێراقی لێ دەکەوێتەوە.

جەنگی ئەمریکا و ئێران، دەرخەری ئەوە بوو کە عێراق نە توانای پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی ناوخۆییی هەیە و نە دەرەکی، بەڵکوو ئەمە تارانە کە نەخشەی سیاسی و سەربازیی عێراق دادەڕێژێت[5]. بەڵام پرسیارە قورسەکە ئەوەیە کە، ئایا بەغدا دەتوانێت لەهەمبەر گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پاڵپشتیکردنی ئێران بەردەوام بێت؟

دووەمین لێکەوتەی سیاسیی ئەم جەنگە، هەڵبەز و دابەزینە لەنێوان پەراوێزخستن و لەخۆگرتنی سیاسیی عێراق. واتە، عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بە نەمانی ڕژێمی بەعس، کە لە ڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە ئەم ڕژێمە ڕووخا، وێنای ئەوە دەکرا کە عێراق بگەڕێتەوە نێو باوەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەم وێناکردنە هەڵە دەرچوو و عێراق کەوتە ژێر هەژموونی تاران؛ کە خودی تارانیش بەدەست پەراوێزخستنی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لەلایەن کۆمەڵگە سیاسییەکانی ڕۆژاواوە دەیناڵاند. بە واتایەکی تر، بەغدا کەوتە باوشی دەوڵەتێکی پەراوێزخراو کە ئەویش ئێران بوو؛ واتە دوو جار عێراق تووشی پەراوێزخستن بۆته‌وه‌.

ئەگەرچی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە درێژاییی ئەم ساڵانە، هەوڵیان داوە کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بده‌ن، بەڵام تا ئێستا بەهۆی هەژموونی تاران بەسەر عێراق و هەبوونی کێشە لەنێوان تاران و زۆربەی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق، بەغدا نەیتوانیوە سیاسەتێکی سەرکەوتووانەی دراوسێتیی باش و هاوسەنگ پەیڕەو بکات.

ئەگەرچی لە دوای هۆشدارییە توندەکانی ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ بۆ حکوومەتی بەغدا، بەغدا هەوڵی داوە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی تر فرەڕەهەند و فره‌سەرچاوە بکات، بەڵام دەکرێت بڵێین قورساییی میلیشیاکان، هەژموونی تاران و ئایدیۆلۆژیای “بەرەی موقاوەمە” بەربەستی سەرەکین لەبەردەم حکوومەتی بەغدا بۆ فرەسەرچاوەکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە. هەر بۆیەش هەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، بەغدا بەدەست کێشەزایی لەخۆگرتن و پەراوێزخستنی سیاسییه‌وه‌ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ده‌ناڵێنێت.

دەکرێت دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، پرۆسەی پەراوێزخستنی عێراق توندتر بکرێت، ئەگەر بێت و بەغدا گوێ بۆ داواکارییەکانی ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ نەگرێت؛ بۆ نموونە هەر لە دوای ئەم جەنگە، واشنتۆن ناوی حەفت سەرکردەی حەشدی شەعبیی خستە ناو لیستی ڕەشەوە، یاخود ڕێگەی نەدا نووری مالیکی ببێتەوه‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق[6]؛ تەنانەت ئەگەری هەیە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تا کۆتاییی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەرفراوانتر بێت و ئەگەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەک ئێستا ببنە سەرچاوەی پەیداکردنی دۆلار بۆ ئێران، دوور نییە بانکی ناوەندیی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی بخرێتە سەر. ئەمەیش به‌ واتای داتەپینی تەواوەتیی سیستەمی ئابووری و سیاسیی عێراق دێت.

سێیەم، لە ناوخۆی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی، کە پێکهێنەری سەرەکیی حکوومەتە، تووشی دووڕییانێکی قورس بووە، کە ئایا پاڵپشتی لە ئێران بکات و دژی ئەمریکا بوەستێتەوە یاخود لە جەنگەکە تێوه‌ نەگڵێت و خۆی لە سزا و هێرشەکانی ئەمریکا بپارێزێت، کە دواجار لە ئاستی حکوومییەوە بڕیاری بێلایەنیی لە جەنگەکەی دەرکرد. ڕاستییه‌كه‌ی، لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی خوازیار نییە عێراق بچێتە ناو هەر جۆرە ناکۆکییەکی نێوان ئێران-ئەمریکا و ئێران-ئیسرائیل، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی داتەپینی بەهای دیناری عێراقی و تەنانەت بلۆککردنی پارەکانی عێراق لە ئەمریکا (بۆ نموونە لە دوای ئاگربەست، واشنتۆن نیو ملیار دۆلار پارەی عێراقی بلۆک کرد) یاخود ڕێگەنەدان بە عێراق کە چیتر گاز لە ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق هاوردە نه‌کات. بۆیە ئەگەر دۆخی عێراق لێک بدەینەوە، بەم دەرەنجامە دەگەین کە  بەغدا لەنێوان چەکوشی ئەمریکا و بزماری ئێران گیری خواردووە، کەچی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر حەشدی شەعبی ناشکێتەوە و ئەمریکاش داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات.

ئەم دۆخە وا لە عێراق دەکات بیر لە تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق بکاتەوە تا هەم ئەمریکا و هەمیش ئێران ڕازی بکات. هەر بۆیەش لە دوای ئەم دۆخە، ئەگەری زۆرە حەشدی شەعبی ببێتە بەشێک لە سوپای عێراق بەڵام بە هەمان پەیکەر و پێکهاتە و، وەک هێزێکی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکات.

  • لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان:

جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لە دژی ئێران، بووە هۆی ئەوەی کە شەقامی سیاسیی عێراقی، بەتایبەت شەقامی شیعە، بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببێت: بەرەیه‌ک دژی ئەمریکا وەستانەوە و پشتیوانییان لە تاران دەکرد و بەرەیەکیش هاوپەیمانی ئەمریکا نەبوون بەڵام پشتیوانیی ئێرانیشیان نەکرد و داوایان کرد کە عێراق خۆی لە تێوەگڵان لە جەنگەکە بەدوور بگرێت. تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ڕای گەیاند کە بەشێک نییە لە جەنگەکە. لە ئاست شەقامی شیعە، “موقتەدا سەدر” داوای کرد کە عێراق نەبێتە بەشێک لە جەنگەکە و “عەلی سیستانی”، گەورە مەرجەعی شیعەیش، داوای کرد کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەرمەبنای یاسای نێودەوڵەتی کێشەکان چارەسەر بکرێت.

ئەم دوو ئاراستە سیاسییە، دواجار ڕەنگدانەوەی لەسەر بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگەیش دەبێت، چونکە تا ئێستا حزبە سیاسییەکان لە عێراق، حزبی جەماوەرین و هەر جۆرە هەڵوێستێکی سیاسیی سەرکردەکان کاریگەری لەسەر لایەنگرەکانیشی دروست دەکات؛ بۆیە ئەم جەنگە سەرەتایەک بوو بۆ لێکترازانی کۆمەڵایەتی لە عێراق، بەتایبەت لە ناوماڵی شیعە کە ڕەوتێک زۆرتر پابەندیی شیعەگەرایی-عێراقچێتییە، ڕەوتێکیش پابەندی شیعەگەرایی-ناوچەگەرایییە (واتە ئەوەی کە بە بەرەی موقاوەمە دەناسرێت).

ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەگەری هەیە لە خولەکانی داهاتووی هەڵبژاردن، ئەو دروشمانە زۆرتر باو بن کە خزمەت بە عێراق بکات وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، نەک خزمەت بە ئایدیۆلۆژیا؛ چونکە ئەگەر لە کابینەی ڕابردوو ورد ببینەوە، دەبینین ئەوەی کە بووە هۆی سەرخستنی لیستی “محەمەد شیاع سوودانی” بریتی بوو لە دابینکردنی ئەو ئاستە خزمەتگوزارییەی کە بۆ عێراق دابینی کرد، جا چ کەم بێت یاخود زۆر. هەر بۆیەش ناوی لیستەکەی بریتی بوو لە ”گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە”.

دووەم، لێکەوتەکانی جەنگەکە لەسەر هەرێمی کوردستان

ئەو لێکەوتانەی کە لەسەرەوە لەسەر عێراق باسمان کرد، بەزیادەوە لەسەر هەرێمی کوردستان ده‌کەوێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەشێکە لە عێراق و کار بە دیناری عێراقی دەکات. بۆ نموونە هەر گەمارۆیەکی ئابووری کە بەسەر عێراقدا بسەپێنرێت، هه‌رێمی کوردستانیش چونکە بەشێکە لە عێراق، لێکەوتەی نەرێنیی بەسەر ئه‌ویشدا دەبێت.

لە لایەکی ترەوە ئەگەری ئه‌وه‌ هەیە هەمدیس بەغداش هەرێمی کوردستان گەمارۆ بدات. واتە ئەگەر دۆخی ئابووریی عێراق لاواز بێت، بەغدا زۆر بەئاسانی دەتوانێت بیانوو به‌ هەرێمی کوردستان بگرێت و بۆ ئەوەی کە بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی سەربازی و مەدەنیی خۆی دابین بکات، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت. کەواتە لە ڕووی بژێوی ژیانەوە، هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە جۆری ئەو سیاسەتەی کە بەغدا لەگەڵ جیهانی دەرەوە پەیڕەوی دەکات کە ئایا سیاسەتێکی عەقڵانی و بنیاتنەری نیشتمان دەبێت یاخود سیاسەتێکی سەر بە بەرەی موقاوەمە؟

لە لایەکی دیكەوە، گوتاری “کوردستان ئیسرائیلی دووەمە”، لە ئێران و عێراق، لەلایەن زۆربەی نوخبەی سیاسییەوە، گوتارێکی باوە. ئەم گوتارە پاساوێکی باشە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و لە میانەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم گوتارە زۆر بەزەقی لە لێدوانی بەرپرسانی ئێران و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی دووبارە دەکرایەوە؛ وەک پاساودانێک بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. دەکرێت ئەم بیانوو ساختەیە، بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بیانوویه‌کی بەهێزیش بێت، چونکە پەرلەمانی بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٢، یاسای ژمارە ١ی دەرکرد، کە ڕێگری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیل دەکات و ڕێگەیش بە هیچ تاک، ڕێکخراو و حکوومەت و لایەنێكی سیاسی لە عێراق نادات کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت[7]. زۆر بەئاسانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگاکانی مۆساد لە هەرێمی کوردستان یاخود دژایەتیکردنی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، هێرشی بەردەوام بکەنە سەر هەرێمی کوردستان؛ خودی تارانیش لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەردەوامە لە هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت کەمپەکانی تایبەت بە خێزانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.

بە واتایەکی تر، چاوەڕوان دەکرێت کە تەنانەت لە دوای گەیشتن بە ڕێکكەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئەمریکا، تاران بەردەوام بێت لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئیستادا تاران، هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی هەژمار دەکات.

لێکەوتەیەکی تری ئەم جەنگە لەسەر هەرێمی کوردستان، دەکرێ بریتی بێت لە قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکان لەنێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. ئاشکرایە کە “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” کە ناوچەی دەستڕۆیشتوویی (نفووز)ی بەرفراوانی هەیە، پەیوەندیی باشتری لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق و گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، وەک بابلیۆن و ئەسحابی ئەهلی هەقی سەر بە قەیس خەزعەلی و تاران هەیە؛ بۆیە دەکرێت بۆ گوشارخستنە سەر “پارتی دیموکراتی کوردستان”، ئەم لایەنانە و تاران گوشار بخەنە سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان قووڵتر بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا لەنێوان ئەم دوو حزبە سیاسییە، ناکۆکیی قووڵ لەسەر چۆنێتیی بەشداریکردن لە بەغدا و پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لە لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا، لێکترازانی زۆرتری سیاسی بێت لە هەرێمی کوردستان؛ بە واتایەکی تر، ئیدارەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تووشی قەیران ببێتەوە.

کۆبەند

ئەم جەنگە بووە هۆی تەواوەتیی گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکە و  بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بە کەمترین تێچوو لەم دۆخە دەرباز بێت، باشترە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پایتەختی وڵاتانی ناوچەکە هاوسەنگ و فرەڕەهەند بکات، چونکە لە ئێستادا پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ زۆربەی وڵاتان، جیا لە بەغدا، تا ڕاددەیەکی زۆر تێک چووە و ئێرانیش دەزانێت کە دۆخی ناوچەکە بەتەواوەتی لە کۆنترۆڵی دەرچووە. بۆیە ئێران زۆرتر کار لەسەر عێراق دەکات وەک باڵانسی هێز لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە. بۆیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی شیعە و کورد، ئێرانیش یارمەتیدەر دەبێت؛ چونکە هەرێمی کوردستانی بەهێز و هەماهەنگ لەگەڵ بەغدا، زۆر بەسوودترە بۆ ئێران بە بەراورد لەگەڵ بەغدایەکی لاواز.

زیاد لەمەیش سیاسەتی ئێستای ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ زۆرتر مامەڵەکردنە لەگەڵ دەوڵەت نەک ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان؛ بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان ڕەچاوی ئەم خاڵە بکات. بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نایەت کە ئیدارەی تره‌مپ ئەولەوییەت بە بەغدایەکی ژێر هەژموونی تاران بدات نەک حکوومەتێکی هەرێمی کوردستانی یەکگرتوو و بەهێز و هاوڕا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

[1] MUFLIH HIDAYAT, ON APRIL 7, 2026, Iraq’s Hormuz Oil Export Crisis: Strategic Vulnerability Analysis, https://discoveryalert.com.au/iraq-oil-export-crisis-2026-geopolitical-chokepoints/

[2] Abdurahmonov, Asilbek, THE ECONOMIC IMPACT OF CONFLICT AGAINST IRAN: Sanctions, Military Escalation, and the Global Economy (March 09, 2026). Available at SSRN: https://ssrn.com/abstract=6377738 or http://dx.doi.org/10.2139/ssrn.6377738

[3] , Reuters S&P places Iraq at risk of downgrade as Hormuz shutdown hurts oil output, March 18, 202612:46 AM GMT+3Updated March 18, 2026. https://www.reuters.com/world/middle-east/sp-places-iraq-risk-downgrade-hormuz-shutdown-hurts-oil-output-2026-03-17/

[4]اقتصاد عربي، تعقيدات المشهد العراقي: خنق صادرات النفط وتصاعد الغلاء، https://www.alaraby.co.uk/economy/%D8%AA%D8%B9%D9%82%D9%8A%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B4%D9%87%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%AE%D9%86%D9%82-%D8%B5%D8%A7%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D8%B7-%D9%88%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D9%84%D8%A7%D8%A1

[5] By Bilgay Duman, April 22, 2026, Where Is the Israel/US–Iran War Dragging Iraq? https://politicstoday.org/where-is-the-israel-us-iran-war-dragging-iraq/

[6] K24, Iraq’s Coordination Framework Deadlocked as U.S. Sanctions Reshape Political Calculations, 18/4/2026, https://www.kurdistan24.net/en/story/908856/iraqs-coordination-framework-deadlocked-as-us-sanctions-reshape-political-calculations

[7] بڕوانە الوقایع العراقیة، العدد ٤٦٨٠، تجريم التطبيع مع الكيان الصهيوني  https://www.moj.gov.iq/upload/pdf/4680.pdf