1

ئەو سەرکردە نوێیانەی جڵەوی بڕیاردانی ئێرانیان بەدەستە

نووسەر: حەمیدڕەزا عەزیزی (Hamidreza Azizi)

گۆڤاری تایم (TIME)

وەرگێڕان: پێنووس

مانگێکی درێژخایەن و پڕ لە مەترسی بەسەر ئاگربەستی ٨ی نیسانی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران تێ پەڕیوە. هەرچەندە ڕاپۆرتەکانی ئەم دوایییانە جارێکی دیکە ئاماژەیان بە هەنگاونان بەرەو ئەگەری ڕێککەوتنێک کردووە، بەڵام دانوستانەکان لەسەر کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە ململانێکان، چەندان جار بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوو وڵات لەسەر کۆمەڵێک پرس، لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بگرە تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، پەک کەوتوون. ڕاستییه‌كه‌ی، لەم هەفتەیەدا ئیدارەی ترەمپ و بەرپرسانی ئێران بەردەوام بوون لە دەرکردنی لێدوانی دژبەیەک و خێراگۆڕاو سەبارەت بە دۆخی جەنگ و گفتوگۆکانی ئاشتی؛ کە ئەمەیش ناڕوونی و نادڵنیاییی زیاتری خستۆتە پاڵ دیمەنێک کە پێشتر خۆی ئاڵۆز بووە.

بەڵام لە سەرووی ئەم وردەکارییانەوە پرسیارێکی زۆر بنەڕەتیتر لەئارادایە: کێ بەتەواوی ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌بات؟

لە کۆتاییدا، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەک تەنیا ڕێبەری باڵای پێشوو، “ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی”یان کوشتووە، بەڵکوو “عەلی لاریجانی”، بەرپرسی باڵاترین دامەزراوەی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران و، هەروەها زۆرێك له‌ فەرمانده‌ باڵاكانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (IRGC) و سوپای ئێرانیشیان کردە ئامانج. دەرەنجامەکە، بەپێی قسەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانییەکان ”هەموویان شڵەژاون.” ترەمپ لە ڕێگه‌ی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەم دوایییەیدا لەگەڵMS NOW  ڕای گەیاند: ”ئەوان هه‌ر نازانن ڕێبه‌ره‌کەیان کێیە.”

بە لای هەندێکەوە، ئەم دۆخە بە واتای چەسپاندنی باڵادەستیی ئەمریکایە لە ڕێگەی بەردەوامبوون لە بەئامانجگرتنی ئەو سەرکردانەی کە دژی چارەسەری دانوستانکارانەن؛ ئەم گریمانە ڕوونەیش ئەوەیە کە گوشاری بەردەوامی ئابووری و سەربازی، لە کۆتاییدا دابەشبوونەکان لە تاران قووڵتر دەکاتەوە و دەرەنجامێکی لەبارتر لە گفتوگۆ دووقۆڵییەکاندا دەسەپێنێت.

هەرچەندە ئەمە تێڕوانینێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام چاوپۆشی لە ڕاستییەکی دیکە دەکات کە لە ئەنجامی چەندان ساڵ لێکۆڵینەوەم لەسەر دامەزراوەکانی ئێران بۆم ڕوون بووەتەوە: ڕەنگە جەنگەکە كۆمه‌ڵێك سەرکردەی ئێرانی لە گۆڕەپانەکە دوور خستبێتەوە، بەڵام دەوڵەتی ئێرانی ئیفلیج نەکردووە. سەرەڕای ململانێکان، پێکهاتەکانی فەرماندەییی ئێران دووبارە پێک هێنراونەتەوە، بڕیارەکان بەردەوام دەدرێن و، ئێران خۆی لەگەڵ گوشارە بەردەوامەکاندا گونجاندووە.

هەموو ئەمانە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە ئاشکرا دەکەن: لە واقعی پاش عەلی خامنەییدا، چیتر دەسەڵات لە تاران لە دەوری یەک سەرکردەی زاڵ و باڵادەستدا ڕێک نەخراوەتەوە. ڕاستە، ”موجتەبا خامنەیی” وەک ڕێبەری نوێ، بە فەرمی لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدایە، بەڵام ئەو وەک باوکی نییە؛ ئەو دەسەڵاتەی پێشتر لە نووسینگەی ڕێبەردا چڕ ببووەوە، ئێستا بەسەر بازنەیەکی تەسکی کەسایەتییە سەربازی، ئەمنی و سیاسییەکاندا دابەش بووە، کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان تا دێت زیاتر تێکهەڵکێشی یەکدی دەبن.

بە دەربڕینێکی دیکە، لە گه‌رمه‌ی جەنگەکەدا، ئەوەی لە ئێران دەرکەوتووە پێکهاتەیەکی جیاوازی سەرکردایەتییە، کە تێیدا دەسەڵات لە ڕێگەی دامەزراوە و تۆڕەکانەوە پیادە دەکرێت کە خۆیان دووبارە داڕشتووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەندا بگونجێن.

ئەو ڕێبەرەی سەردەمانێک باڵا بوو

کەواتە پرسیار ئەمەیە: ئەی پێگەی خامنەیی کوڕ لەم پێکهاتە نوێیەی دەسەڵاتدا لە کوێدایە؟ بێ گومان موجتەبا، کە جەنگاوەرێکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بووە و خاوەنی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە لەگەڵ کارەکتەرە باڵا سەربازی و ئەمنییەکان، لە چەق و ناوەندی ئەم نەخشە نوێیەی دەسەڵاتدایە. بایەخی ئەو لەوەدایە کە لە ناو جەرگەی قەیرانە قووڵەکاندا، گەرەنتیی مانەوەی هەمان ڕێچکەی باوکی دەکات، چونکە لە کاتێکی ئاوادا، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت و ڕێگەش نادات هیچ جۆرە تەمومژ و ناڕوونییەک لە دەوری جەمسەری ئایدۆلۆژییەکەی دروست ببێت.

بەڵام ڕۆڵ و دەسەڵاتی موجتەبا بەراورد ناکرێت بە باوکی، عەلی خامنەیی، کە لە ماوەی چەندان دەیەی ڕابردوودا دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە پێگەی ئایینی، کۆنترۆڵی دامەزراوەیی و، ئاشنایەتیی کەسی لەگەڵ سەرجەم کوتلە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی کۆ کردبووەوە.

لە زۆربەی ژیانیدا، موجتەبا وەک زانایەکی ئایینیی خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی فیقهی یان پێگەیەکی بەرزی زانستی سەیر نەدەکرا. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بوو، کاتێک گفتوگۆکان سەبارەت بە جێنشینی باوکە بەساڵاچوو و نەخۆشەکەی زیاتر هەستیار و پەلەیان تێ کەوت، نازناوی ئایەتوڵڵای پێ بەخشرا، کە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ پۆستی ڕێبەری باڵا. وێنا گشتییەکەی موجتەبا، کەمتر لە ڕێگەی پۆستی فەرمییەوە نەخشێنراوە، بەڵکوو زیاتر بەهۆی هەژموونی لەناو بازنەی ناوخۆییی باوکی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تۆڕە ئەمنییەکانی وڵاتەکە پێک هاتووە. بەرزکردنەوەی ئەو، بەردەوامی بۆ سیستەمەکە دابین دەکات، بەڵام سەرکردەیەکی تاکڕەو و فەرماندە دەستەبەر ناکات.

لەگەڵ ئەوەیشدا، بەڕێوەبردنی کردارییانەی دەسەڵات بەرەو کۆمەڵێک کەسایەتی ڕۆیشتووە کە دەسەڵاتەکەیان لە دامەزراوە جیاوازەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و ڕۆڵەکانیان زیاتر تەواوکەری یەکترن نەک کێبڕکێکار. سیستەمەکە بە شێوەیەکی کارا هاوپەیمانییەکی سەردەمی جەنگی لە سەرکردە سەربازی، ئەمنی و، سیاسییەکان لە دەوری موجتەبا کۆ کردووەتەوە. زۆرێک لەو سەرکردانە سەر بەو نەوەیەن کە لە جەنگی هەشتاکانی ئێران و عێراق و سەردەمی سەرەتاییی جێگیربوونی سوپای پاسدارانەوە دروست کراون.

کۆڵەکەکانی دەسەڵات

لە کاتێکدا کە ڕێبەری باڵا ئیتر تاکە دەسەڵاتدار نییە، ئەو پیاوەی کە وەک پردێک لەنێوان کایە سەربازی و سیاسییەکانی ئەم پێکهاتە نوێیەی بڕیاردان لە ئێراندا کار دەکات بریتییە لە محەمەدباقر قالیباف (Mohammad Bagher Ghalibaf)، کە چەندان جار ناسنامە گشتییەکەی خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکەدا گونجاندووە. ئەو لە زۆربەی دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیدا خزمەتی کردووە: فەرماندەی سوپای پاسداران لە سەردەمی جەنگی ئێران-عێراق، سەرۆکی پۆلیسی ئێران، سەرۆکی شارەوانیی تاران بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، کاندیدی سەرۆکایەتی و، سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە.

قالیباف بە ئەزموونە درێژ و قووڵەکەیەوە لەوە تێ دەگات کە چۆن ئەولەوییەتەکانی دامەزراوەی ئەمنی بۆ زمانێکی سیاسی وەربگێڕێت و چۆن لەناو دامەزراوەکاندا کار بکات بەبێ ئەوەی وەک کەسایەتییەکی تەواو سەربازی دەربکەوێت؛ ئەمەیش کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە لە کاتی جەنگدا زۆر بەنرخن چونکە کۆماری ئیسلامی پێویستی بە کەسایەتییەک هەیە کە بتوانێت لە یەک کاتدا لەگەڵ چەندان پێکهاتەی جیاواز بدوێت—لە فەرماندە سەربازییەکانەوە بۆ یاسادانەران، لە بیرۆکراتەکانەوە بۆ دانوستانکارە دیپلۆماتییەکان تا دەگاتە سەرکردەکانی دەسەڵاتی دادوەری.

قالیباف کەسێکی خاوەن تمووح و ده‌سه‌ڵاتخوازە و ڕێڕەوە پیشەیییەکەی نیشانی دەدات کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گەیشتن بە پۆستە باڵاکان دەدات. بەپێچەوانەی ئەوەی کە زۆرێک لە دەرەوەی وڵات—و هەندێک ئێرانیش—ڕەنگە خەیاڵی بۆ بکەن، گرنگیی ئەو لەم پێکهاتەیەی ئێستادا لە توانای خۆسەپاندنی بەسەر کەسانی دیکەدا سەرچاوە ناگرێت؛ بەڵکوو ئەو بەهۆی تواناکانییه‌وه‌ بۆ خستنەگەڕی بەشە جیاوازەکانی سیستەمەکە گرنگیی هەیە تا پێکەوە کار بکەن. قالیباف دەتوانێت کارەکتەرە پراگماتیکترەکانی ناو دەوڵەت بەشداریی پێ بکات، لە کاتێکدا متمانەی لای دامەزراوەی ئەمنی- کە پێکهاتەیەکی هەستیارە لە ئێراندا- دەپارێزێت.

دەنگێکی دیکەی یەکلاکەرەوە لەو دامەزراوەیەدا لە کاتێکدا ئێران بەناو ئەم جەنگەدا تێ دەپەڕێت، عەمید ئەحمەد وەحیدی (Ahmad Vahidi)، فەرماندەی گشتیی بەوەکالەتی سوپای پاسدارانە. وەحیدی کە سەر بە باڵی توندڕەوە، پۆستی باڵای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی لەناو لقی سەربازیدا بەدەستەوە بووە. ئەو فەرماندەی دامەزرێنەری فەیلەقی قودس (Quds Force) بوو، کە لقێکی بەهێز و بژاردەی سوپای پاسدارانە و بەرپرسیارە لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها وەک وەزیری بەرگری و ناوخۆی ئێرانیش کاری کردووە.

دوای ئەوەی جەنگی ١٢ ڕۆژەی حوزەیرانی ٢٠٢٥ زیانێکی زۆری بە کۆماری ئیسلامی گەیاند، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، گۆڕانکاریی لە سەرکردایەتیی سوپای پاسداراندا کرد و محەمەد پاکپوور  (Mohammad Pakpour)ی وەک فەرماندەی گشتی دانا و، وەحیدیشی وەک جێگری فەرماندە دەستنیشان کرد؛ پۆستێک کە بەدەستیەوە بوو تا کوژرانی پاکپوور لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە ٢٨ی شوبات. ئێستا کە سوپای پاسداران لە لووتکەدایە، وەحیدی نوێنەرایەتیی ڕوویەکی دیکەی پێکهاتە نوێیەکەی دەسەڵات لە ئێران دەکات. بەپێچەوانەی قالیباف، ئەو هەرگیز هەوڵی نەداوە ناسنامەی خۆی وەک پیاوێکی سەر بە دامەزراوەی ئەمنی بشارێتەوە.

بەڵام هەژموونی وەحیدییش سنووری خۆی هەیە. ئەو قورسایییەکی زۆری لەنێوان کوتلە توندڕەوەکانی سوپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییە بەرفراوانەکەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو کەسایەتییەکی وا نییە کە بەئاسانی بتوانێت وەلائی تەواوەتیی هەموو دامەزراوەکە بەدەست بهێنێت، چ جای ئەرتەش (Artesh)- واتە سوپای ئاسایی- یان بیرۆکراسییەتە مەدەنییەکەیش بە هەمان شێوەیە. لەبەر ئەوە، دەبێت وەحیدی شانبەشانی قالیباف کار بکات. وەحیدی ئیرادەیەکی سەربازی بە پێکهاتەی فەرماندەیی دەبەخشێت؛ لە بەرامبەردا قالیباف یەکگرتووییی سیاسی پێشکەش دەکات. ڕۆڵەکانیان جێگەی یەکتر ناگرنەوە، بەڵام لە بارودۆخی جەنگدا، هەر یەکەیان ئەویتر بەسوودتر دەکات.

نەخشاندنی ڕێڕەوی ئێران

لە دەرەوەی کەسایەتییە تاکەکەسییەکان، گرنگترین دامەزراوە کە لە گه‌رمه‌ی جەنگدا هەماهەنگیی ئەولەوییەتەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیییە. پێشتر ئەم ئەنجومەنە لەلایەن “عەلی لاریجانی”یەوە بەڕێوە دەبردرا، کە کارگێڕێکی سیاسیی لێهاتوو و کەسێکی متمانەپێکراوی عەلی خامنەیی بوو، کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە مانگی ئازاردا کوژرا. جێگرەوەکەی، محەمەدباقر زولقەدر (Mohammad Bagher Zolghadr)، بەرجەستەکاری گۆڕانکارییەکی دیکەیە لە ناوەندی قورساییی سیستەمی ئێرانیدا، کە بەرەو دوورکەوتنەوە لە بەڕێوەبردنی سیاسی و نزیکبوونەوە لە هەماهەنگیی ئەمنی-بیرۆکراسی هەنگاو دەنێت.

زولقەدر ئەفسەرێکی دێرینی سوپای پاسدارانە و، پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بارەگای ڕەمەزان (Ramazan Headquarters)  هەیە، کە یەکەیەکی ئۆپەراسیۆنی نهێنیی سوپای پاسدارانە و، دواتر تۆڕەکانی یارمەتیدەر بوون بۆ دروستکردنی فەیلەقی قودس. لە ماوەی کارکردنیدا، وەک جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران خزمەتی کردووە، دۆسیە ئەمنییەکانی لەناو وەزارەتی ناوخۆدا بەدەستەوە بووە، لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا کاری کردووە و، لە کۆتاییدا بووەتە سکرتێری ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم (Expediency Council)، کە دەستەیەکی ڕاوێژکارییە و ئەرکی نێوەندگیرییە لەنێوان پەرلەمانی ئێران و ئیدارەی مەدەنیدا.

ڕێڕەوەکەی زولقەدر کەمتر پەیوەندیی بە فەرماندەییی مەیدانی جەنگەوە هەبووە و زیاتر پەیوەستە بە بابەتێک کە ڕەنگە هەمیشەییتر بێت: جێگیرکردنی لۆژیکی ئەمنی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. لەم پێکهاتەیەی ئێستادا، ئەمە بەتەواوی سەنگی زولقەدر دەردەخات. زولقەدر شانەی بەستنەەوەی سیستەمەکەیە؛ کەسایەتییەکە کە ڕۆڵی ئەوەیە دڵنیایی بدات لەوەی باڵە سیاسی، دادوەری، سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بەیەکگرتوویی لەگەڵ یەکتردا دەمێننەوە.

کاتێک دێتە سەر جێبەجێکردنی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئەمریکا، ستراتیژیی وڵاتەکە لە جەنگی ناهاوسەنگدا (asymmetric warfare)  گرێدراوە بە سەپاندنی زیانی سزائامێز بەسەر ئابووریی جیهانیدا، ئەویش لە ڕێگەی سنووردارکردنی ڕۆیشتنی نەوت و گازی سروشتیی شلەوە لە گەرووی هورمزەوە و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.

یەکێک لەو کەسانەی کە یارمەتیدەر بوو لە پەرەپێدانی ئەم ستراتیژە، عەلیئەکبەر ئەحمەدیان (Ali Akbar Ahmadian)ە. ئەو وەک فەرماندەیەکی هێزی دەریایی لە سوپای پاسداران خزمەتی کردووە، بۆ چەندان ساڵ سەرکردایەتیی ناوەندی ستراتیژیی ڕێکخراوەکەی کردووە و، وەک بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێرانیش کاری کردووە. دوای جەنگی ١٢ ڕۆژەکە، کۆماری ئیسلامی ئەنجومەنی بەرگری (Defense Council)ی دامەزراند بۆ بەدامەزراوەییکردنی پلاندانانی جەنگ—کە دەستەیەکە ئەحمەدیان تێیدا وەک سکرتێری بەوەکالەت کار دەکات. ئەو نوێنەرایەتیی چینی عەقیدەییی سیستەمەکە دەکات و ڕۆڵێکی زیاتر ستراتیژی دەگێڕێت.

راستییەکەی، دوو چەک سەلماندوویانە کە گرنگییەکی بێوێنەیان هەیە لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی سەربازیی ئێران بە درێژاییی جەنگەکە: درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەکەکان. هێزی ئاسمانی-بۆشایی  (Aerospace Force)ی سوپای پاسداران ئەم چەکانەی بەکار هێناوە بۆ سەپاندنی تێچوو بەسەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکە و، ئیسرائیلدا. هێزی ئاسمانی-بۆشایی وەک گرنگترین لقی سوپای پاسداران دەرکەوتووە و، فەرماندەکەی، مەجید مووسەوی (Majid Mousavi)، لەناو تۆڕەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا وەک کەسایەتییەکی ناوەندی پێگەی بەرزبووەتەوە. مووسەوی و هێزە ئاسمانییەکەی، ئێستا بۆ پیشاندانی توانای بەرپەرچدانەوەی ئێران چارەنووسسازن. لە ناوخۆی ئێراندا، مووسەوی بەراورد بە پێشەنگەکانی پێشووی، وەک کەسێک سەیر دەکرێت کە زیاتر ئامادەیە بەکارهێنانی مووشەکەکان بۆ دەرەوەی ئامانجە سەربازییەکان فراوانتر بکات. زیاتر لە هەموو کەسایەتییەکی دیکە، هەژموونی مووسەوی خێراییی سەربازی و قەبارەی  هەڵکشانی گرژییەکان دەستنیشان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، جەنگەکان پێویستیان بە میكانیزمێكی ئاڵۆزتر هەیە. ئەو دامەزراوەیەی کە بەرپرسیارە لە هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی نێوان سوپای پاسداران و سوپای ئاساییی ئێران لە کاتی جەنگدا، بە بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا (Khatam al-Anbiya Central Headquarters) ناسراوە. ئەو پیاوەی بەڕێوەی دەبات و، چینی ئۆپەراسیۆنی ئەم پێکهاتەی فەرماندەیییە تەواو دەکات، عەلی عەبدوڵڵاهی (Ali Abdollahi)یە، کە ئەفسەرێکە ڕێڕەوە پیشەیییەکەی سوپای پاسداران، پۆلیسی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ و، بیرۆکراسییەتەکانی لۆجستیک و هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکان دەگرێتەوە کە لە کاتی جەنگدا دەوڵەتێک پێکەوە دەبەستنەوە. عەبدوڵڵاهی ستراتیژی دانانێت، بەڵکوو ستراتیژییەکە دەخاتە گه‌ڕ.

ئەوەی لەم ڕێکخستنە دەردەکەوێت، پێکهاتەیەکە کە تێیدا هیچ کەسایەتییەک وەکوو تاک پێویست ناکات هەموو شتێک بکات. هەر فەرماندەیەک لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕۆڵی دیاریکراودا کار دەکات کە جیاوازن، بەڵام تەواوکەری یەکترن؛ کە ئەمەیش ڕێگە بە سیستەمەکە دەدات بەبێ پشتبەستن بە تەنیا یەک ناوەندی دەسەڵات، کار بکات. هەرچەندە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە و، ڕەنگە ئەم جیاوازییانە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە زیاتر دەربکەون. بەڵام لە ئێستادا، ئەوان لەناو چوارچێوەیەکی هاوبەشدا کار دەکەن کە بەهۆی پێویستیی مانەوە، یەکگرتووییی دامەزراوەیی و، پاراستنی کرۆکی سەربازیی کۆماری ئیسلامییەوە پێکەوە بەستراوەتەوە.

هۆکاری خۆڕاگریی ناوەندی دەسەڵات

دڵنیابوون لەوەی کە چوارچێوە ئەمنییەکە بۆ ئامانجه‌كه‌ گونجاوه‌، بە واتای کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆییش دێت لە نێوەندی جەنگدا—کە ئەمەیش ئەرکێکە ئێستا دەکەوێتە ئەستۆی غولامحوسێن موحسینی ئێژەیی (Gholam-Hossein Mohseni-Ejei)، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکە. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەو، سیستەمە یاسایییە بەربڵاو و بەچەککراوە سیاسییەکەی ئێرانی بەکار هێناوە بۆ دادگه‌ییکردنی خۆپیشاندەران و ناڕازییان، دەرکردنی هۆشداری دژی نەیارەکان، هەڕەشەکردن لە سزای توندتری سەردەمی جەنگ و، لەسێدارەدانی زیندانییەکان.

چینێکی دیکە و کۆتایی لە سیستەمی نوێی سەرکردایەتیی ئێران لە کاتی جەنگدا، هەرچەندە پێناسەکردنیان ئاسان نییە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسدارانەوە پێک دەهێنرێت کە پەیوەندیدارییان بە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردان بەئاسانی هەڵناسەنگێنرێت. موحسین ڕەزایی (Mohsen Rezaei)، یەحیا ڕەحیم سەفەوی  (Yahya Rahim Safavi) و، محەمەدعەلی جەعفەری (Mohammad Ali Jafari) لە دەرەوەی ئێران زۆر ناسراو نین و، سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ڕۆژانەیش ناکەن. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوان پێكه‌وه‌ شتێکی هەمیشەییتر بەرجەستە دەکەن: بیرەوەریی دامەزراوەیی، تۆڕە کەسییەکان کە لە ماوەی چەندان دەیەدا گەشەیان پێ دراوە و، متمانەیەک لەنێوان کادیرە کۆنەکانی سوپای پاسداراندا کە هیچ دانانێکی فەرمی ناتوانێت دروستی بکات یان هەڵی بوەشێنێتەوە.

بۆ من ڕوونە کە سەرکردایەتیی ئێستا بەردەوام پرس و ڕاوێژیان پێ دەکات، کە ئەمەیش جارێکی دیکە یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا پشت بە پۆستی فەرمی نابەستێت. لە سیستەمێکدا کە فەرماندە باڵاکان لە هێرشی ئامانجداردا کوژراون و هەندێک پۆست بەئەنقەست بەناڕوونی هێڵراونەتەوە، هێشتا دەکرێت هەژموون لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەوە تێ پەڕێت کە لە ماوەی چەندان دەیەدا دروست کراون.

ئەوەیش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە دەستمان پێ کرد: لۆژیکی جێی پرسیاری پشت پێداگری لەسەر لەناوبردنی لووتکەی سەرکردایەتی. لەناوبردنی فەرماندەیەک لەوانەیە زنجیرەیەکی دیاریکراوی فەرماندەیی تێک بدات، بەڵام مەرج نییە توانای فراوانتری سیستەمەکە بۆ گرتنەخۆی گورزەکە و خۆگونجاندن لاواز بکات- لانی کەم بۆ ئێستا وا نییە.

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی وەڵامی گوشارەکانی داوەتەوە، نەک بە سادەکردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی، بەڵکوو بە زیادکردن و شاراوەکردنی ئەو کەناڵانەی کە دەسەڵاتیان لە ڕێگەوە پیادە دەکرێت. هەندێک پۆست بەخێرایی پڕ کراونەتەوە؛ هەندێکی دیکە بەفەرمی بەبەتاڵی هێڵراونەتەوە و ئەرکەکانیان بەبێدەنگی دووبارە دابەش کراونەتەوە و؛ دەستە نوێیەکان یان دەستە زیندووکراوەکانی سەردەمی جەنگیش گرنگییەکی وایان وەرگرتووە کە کەمدەرکەوتنیان پێچەوانەکەی نیشان دەدات. مەبەستەکەیش پاراستنی بەردەوامیی دامەزراوەیی بووە لە کاتی کەمکردنەوەی ئەو لاوازییەی کە بەهۆی کۆکردنەوەی دەسەڵات لە هەر خاڵێکی تاکەکەسییەوە دروست دەبێت.

دەرەنجامەکە سیستەمێکی زیاتر بەسەربازیکراوە، بەڵام نەک ئەنجومەنێکی حوکمڕانیی سەربازی بەو مانا باوەی کە هەیە. دامەزراوە مەدەنییەکان هێشتا گرنگی خۆیان هەیە. پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار، دەسەڵاتی دادوەری و، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وەک بەشێک لەم پێکهاتەیە ماونەتەوە. بەڵام ئەو لۆژیکەی ئێستا سەرجەم ئەم دامەزراوانە ڕێک دەخات، تا دێت زیاتر لەلایەن فەرماندە ئەمنییەکان و ئەفسەرە دێرینەکانی مەیدانی جەنگەوە لەقاڵب دەدرێت، کە ئەزموونە پێگەیشتنیان نەک لە رێگەی دانوستان، بەڵکوو بە ڕووبەڕووبوونەوە پێناسە دەکرێن. دەوڵەت دەستبەرداری پێکهاتە فەرمییەکانی خۆی نەبووە، بەڵکوو بەبێ هیچ ڕاگەیاندنێک، بەرەو پێداویستییەکانی ململانێی درێژخایەن چەماندوونیەتییەوە (ئاراستەی گۆڕیون).

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە کە جیاوازییە ناوخۆیییەکانی ناو سیستەمەکە ناگەنە ئاستی ئیفلیجی و په‌ككه‌وتن. بەڵام لەژێر بارودۆخی جەنگدا، ئەم جیاوازییانە لەلایەن کۆدەنگییەکی بنەڕەتییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن: سیستەمەکە دەبێت بمێنێتەوە، سوپای پاسداران دەبێت بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و، جەنگەکە نابێت بە شێوەیەک کۆتایی بێت کە خولێکی دیکەی هێرشەکان به‌دوای خۆیدا بێنێت. ڕەنگە ناکۆکییەکان دوای جەنگەکە توندتر ببنەوە، بەتایبەتی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لەنێوان کوتلە جیاوازەکاندا. بەڵام بۆ ئێستا، ئەوان لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا کار دەکەن لەجیاتی ئەوەی دژی بن.

پرسی نەوەکان وەک گرنگترین کێشەی چارەسەرنەکراو لە سیاسەتی ئێرانیدا دەمێنێتەوە. سیستەمی ئێستای ئێران لەلایەن پیاوانێکەوە قۆرخ کراوە کە بەهۆی جەنگی ئێران و عێراق و دەیە سەرەتایییەکانی سوپای پاسدارانەوە پێک هاتوون. ئەوان تێگەیشتنێکی قووڵ و بونیادییان هه‌م بۆ پێویستی و هەم سنوورەکانی بەکارهێنانی هێز هەیە. ئەفسەرە گەنجەکان، کە لە ناو جەنگ و چاوەڕوانیی جیاوازدا پێگەیشتوون، لەوانەیە نەوەی پێش خۆیان وەک کەسانێکی زیاد لە پێویست پارێزکار و خەمخۆری تۆڕەکانی خۆیان ببینن. لەوانەیە دوای شەڕ، موجتەبا خامنەیی هەوڵ بدات لە ڕێگەی ڕاکێشان و پەروەردەکردنی ئەو نەوە گەنجە، پێگەی خۆی بەهێزتر بکات؛ بەڵام ئەو کێبڕکێیە هێشتا کاتی نەهاتووە و پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە.

لە ئێستادا، ئێران لەلایەن تەنیا یەک کەسەوە بەڕێوە نابرێت کە بەرامبەر فشار، گۆشەگیری، یان لابردن لاواز بێت. بەڵکو لەلایەن تۆڕێکی تاقیکراوە و توندوتۆڵەوە بەڕێوە دەبرێت کە خۆی کەمتر دەردەخات، لە بڕیاردانەکانیدا زیاتر بەکۆمەڵ دەردەکەوێت و، بۆیە ملکەچکردنی زەحمەتترە. هەر بۆیە تێگەیشتن لەم ”پێکهاتە”یە بایەخێکی زۆر زیاتری هەیە وەک لە ژماردنی ئەو ناوانەی لە لووتکەی دەسەڵاتدان.

حەمیدڕەزا عەزیزی (Hamidreza Azizi) توێژەری میوانە (Visiting Fellow) لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش (German Institute for International and Security Affairs).

سەرچاوە:

https://time.com/article/2026/05/06/irans-new-leaders/