1

ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق “عەلی ئەلزەیدی” دەبنەوە

ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق عەلی ئەلزەیدی دەبنەوە

 

نووسینی: یەکەی دیراساتی عێراق (Iraq Studies Unit)

وەرگێڕانی بۆ کوردی: پێنووس

 

پێشەکی

سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی شیعە (CF)، گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، دوای چەندان مانگ لە مانۆڕی سیاسی، ڕێک کەوتن لەسەر ڕاسپاردنی بازرگان عەلی ئەلزەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ. کاندیدکردنی ئەو، بە مەبەستی شکاندنی بنبەستی سیاسی، کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان کوتلە شیعەکان و کەمکردنەوەی گوشارە ڕوولەزیادبووەکانی ئەمریکایە.

پاشخانی ئابووریی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، لایەنگرینەکردنی بۆ ناوەندە سیاسییە دەسەڵاتدارە چەسپاوەکان و، پێویستیی لایەنە جیاوازەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پێکهێنانی حکوومەت، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە دەتوانن هەلی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی پەرلەمان بۆ زەیدی بەهێز بکەن. بەڵام ئەو هاوکێشە سیاسییە ناجێگیرەی کە لە کۆتاییدا بووە هۆی هەڵبژاردنی زەیدی، بەناچاری سروشتی بژاردەکانی حکوومەت و ئەو ستراتیژییەیش دادەڕێژێت کە زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریییانەی بەردەمی بەکاری دەهێنێت.

ئەم ئاڵنگارییانە بریتین لە: قەیرانە ناوخۆیییە ئابووری، ئەمنی و سیاسییەکان، هەروەها پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، کە بەهۆی جه‌نگی ئەم دوایییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەتوندی تێک چوون. ئەم ململانێیە عێراقی ناچار کردووە بەرەو بژاردەی بێپێشینە بڕوات لە بواری پێگەی ناوچەییی خۆی لە نێوەندی ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک ململانێیەکی حەتمی دەیبینن.

ئەم توێژینەوەیە باس لەو ئاڵنگارییانە دەکات کە ڕووبەڕووی حکوومەتە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلزەیدی دەبنەوە و لێکۆڵینەوە لەوە دەکات ئایا عێراق دەتوانێت بەرەو ڕێگه‌یەکی جیاواز لەوەی پێش خۆی ببات یان نا.

چوارچێوەی هەماهەنگی: درێژکردنەوەی قۆناغی گواستنەوە

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوە چوو، بووە هۆی بنبەستێکی سیاسیی پێنج مانگی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان، چەندان ڕکابەری بۆ پۆستی  سەرۆکوەزیران دروست کرد کە ئەجێندا و ئاڕاستەی فرەجۆریان هەبوو. ئەمەیش لەبەرامبەردا، بووە هۆی دروستبوونی جیاوازی لەنێوان ئەو هێزانەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە بەرپرسیار بوون لە کاندیدکردنی  سەرۆکوەزیران.

 ململانێیەکی ئاشکرا  لەنێوان نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو (کە کاندیدبوونی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە ڕەت کرایەوە) و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر (کە دواتر ئەویش ڕووبەڕووی تێبینییەکانی ئەمریکا بووەوە) سەری هەڵدا. ئەمە وای کرد گەڕان بەدوای کاندیدی تەوافوقیدا دەست پێ بکات، کە لە ئەنجامدا لایەنە ڕکابەرەکان لەسەر کاندیدکردنی بازرگان و بانکدارێکی تەمەن ٤١ ساڵ بە ناوی “عەلی ئەلزەیدی” بۆ ئەو پۆستە ڕێک کەوتن.

لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦، سەرۆککۆماری عێراق بەفەرمی ئەلزەیدیی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکەی لە ماوەی یەک مانگدا و پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردن.

هەڵبژاردنی ئەلزەیدی ڕەنگدانەوەی هەم ڕکابەرییە  ناوخۆیییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوو (کە نزیکەی ١٧٥ کورسیی پەرلەمانییان هەیە و زۆربەیان بە میلیشیا لایەنگرەکانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە) و، هەم ڕەنگدانەوەی چوارچێوە فراوانەکەی جه‌نگی نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە بوو.

لە ناوخۆی عێراقدا، لایەنە شیعەکان بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەش ببوون: پێکهێنانی حکوومەت لە کاتی جه‌نگدا، کە ئەم هەڵوێستە لەلایەن فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە سەرکردایەتی دەکرا و داوای پابەندبوونی بە وادە دەستوورییەکان دەکرد و لەلایەن هەندێک هێزی شیعەوە پاڵپشتی دەکرا؛ یان دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت تا ئەو کاتەی ئەنجامی جه‌نگی ئێران ڕوون دەبێتەوە؛ کە  ئەمەیش هەڵوێستی زۆربەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی وەک کارتێکی  گوشار لە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینی. دەرەنجامێکی حەتمیی ئەم ئاڕاستەیە، پاراستنی ئەو بۆشایییە سیاسییە بوو کە لە کاتی جه‌نگەکەدا باڵادەست بوو،  ئەمەیش بۆ دڵنیابوون لەوەی بەغدا هەنگاوی وا نەنێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندا دژبەیەک بێت.

سەیر نییە کە زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بژاردەکانی خۆیان بەپێی ڕێڕەوی جه‌نگەکە هەژمار کردبوو. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەوان ئامادە بوون یان  حکوومەتێک پێک بهێنن کە بەردەوام بێت لە تێوەگلانی عێراق لە پڕۆژەی ئێران (ئەگەر ئێران بەبێ زیان لە ڕووبەڕووبوونەوەکە دەربچێت)، یان ئاڕاستەکەیان بگۆڕن هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا (ئەگەر جه‌نگەکە ببووایە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئێران). کەواتە بڕیاری دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕەوتی جه‌نگی ئێران. سەرکردە دێرینەکانی شیعە – کە نەیانتوانی چوارچێوەیەکی ڕوون بۆ ئاڕاستەی حکوومەت لە کاتی جه‌نگدا دابنێن – بژاردەی کڕینی کاتیان هەڵبژارد. ئەم ستراتیژە، درێژ بووەوە بۆ قۆناغی ئاگربەستیش، کە ئەویش نەیتوانی ئەنجامی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت. عێراق زیانی زۆری بەرکەوت چونکە لە کۆڵەکەیەکی پاڵپشتیکاری ئابوورییە سزادراوەکەی ئێرانەوە، گۆڕدرا بۆ گۆڕەپانێک بۆ فراوانکردنی مەودای جه‌نگەکە، کاتێک میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران وڵاتانی عەرەبی دراوسێیان کردە ئامانج.

هەڵبژاردنی کۆتاییی ئەلزەیدی لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە – بە لەبەرچاوگرتنی پاشخانی وەک بازرگانێکی گەنج کە بەقووڵی لە دیمەنی سیاسی و گرێبەستە حکوومییەکانی عێراق تێوە گلاوە و، نەبوونی لایەنگیریی سیاسی بۆ هیچ لایەنێک، لەوانەیش گرووپە چەکدارەکان – ڕەنگدانەوەی هەم دڵنیانەبوون بوو لە ئەنجامی جه‌نگەکە و هەم ئەگەری سەرهەڵدانەوەی. هەروەها خواستی درێژکردنەوەی قۆناغی گواستنەوەی نادیاری عێراقی نیشان دا.

ئەگەر جه‌نگ لە ماوەی ئەو مانگەدا دەست پێ بکاتەوە، کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت تەرخان کراوە، ئەمە دەکرێت یان ببێتە هۆی کشانەوەی کاندیدکردنی ئەلزەیدی لە بەرژەوەندیی کەسایەتییەکی سیاسیی دیکە، یان پێکهێنانی حکوومەتێک بە هەمان تایبەتمەندیی گواستنەوە، کە ئەگەری هەیە بۆ ساڵێک یان زیاتر بەردەوام بێت تاوەکوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت یان تاوەکوو هەڵبژاردنی داهاتوو، کە دەکەوێتە ساڵی ٢٠٢٩.

جه‌نگ و پێگەی هەڵەی عێراق

جه‌نگی ئەم دوایییەی نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە – کە هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن و خودی عێراقیش لەخۆ گرتبوو – کەموکوڕییەکی بنەڕەتیی لە پێگەی ناوچەییی عێراقدا دەرخست. ئەم لاوازییە لەوانەیە هۆکاری سەرەکی بێت لەپشت زۆربەی قەیرانە  ناوخۆیییەکانی ئێستای عێراق.

ململانێکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئاستی دزەکردنی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، هەروەها پڕچەککردن و توانای ئۆپەراسیۆنییان، زۆر زیاتر بوو لەوەی پێشتر لەلایەن ئەکتەرە ناوچەیییەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە مەزەندە دەکرا. ئەم ڕاستییە هەروەها پێچەوانەی دڵنیایییە فەرمییەکانی عێراق بوو کە دەیوت میلیشیاکان لە کۆتاییدا ده‌كرێت چەک بکرێن و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت – ئەرکێک کە دەرکەوت لە توانای حکوومەتی پێشوودا نەبووە، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەکەی و سروشتی ئەو هێزانەی پاڵپشتییان دەکرد.

ڕاستییه‌كه‌ی، لە ساڵانی یەکەمی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع  سوودانی (٢٠٢٢-٢٠٢٦)، میلیشیا شیعەکان – چ لە ڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی (PMF) کە پەردەی یاسایی و پاراستنی فەرمیی بۆ ئەندامەکانیان دابین دەکرد، یان لە ڕێگەی تۆڕە سەربەخۆکانی خۆیانەوە – هەژموونی خۆیان لە سەرانسەری کایەی گشتیی عێراقدا فراوانتر کرد. ئەوان خۆیان لەناو دامەزراوە ئەمنی، سەربازی، سیاسی و تەنانەت ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیشدا جێگیر کرد.

هەرچەندە  حکوومەتەکەی  سوودانی جێگیرییەکی ڕێژەییی بەدەست هێنا، بەڵام بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە فشەڵ بوو: یەکەم، کشانەوەی تەواوەتیی ڕەوتی سەدری (SM) – ڕکابەری سەرەکیی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆربەی میلیشیاکانی سەر بەوانن – لە هاوکێشە سیاسییەکە. ئەمە ڕێگەی دا بە ئارامییەکی ڕێژەیی دوای ماوەیەک لە گرژی و پێکدادان. دووەم، تێکەڵکردنی دیارترین میلیشیاکان کە بڕبڕەی پشتی حەشدی شەعبی پێک دەهێنن – وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی هەق، جند ئیمام، بزووتنەوەی نوجەبا، ئەنساروڵڵا ئەوفەیا و، ڕێکخراوی بەدر – بۆ ناو  حکوومەتەکەی  سوودانی. ئەم تێکەڵبوونە شێوەی دامەزراندنی سیاسی و کارگێڕیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، گرێبەستی ئابووریی گەورە لەگەڵ دەوڵەت و، ئەو گرێبەستانەی گرتەوە کە کۆمپانیای “ئەلموهەندیس” بەدەستی دەهێنان؛ کە وەک باڵی ئابووریی حەشدی شەعبی لە ڕۆژانی سەرەتای  حکوومەتەکەی  سوودانی دامەزرا.

ئەو فۆرمۆلەیەی حکوومەتی پێشووی عێراقی لەسەر پێک هێنرا، لەسەر بنەمایەکی نیمچەگشتی بوو: “بەڵێنی  سوودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسییانەی گرووپە چەکدارەکان و گۆڕینی ڕەفتاری سەربازییان بەرەو تێکەڵبوون لە ژیانی سیاسی و مەدەنی.” ئەم بنەمایە ڕەزامەندیی ناڕاستەوخۆی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بەدەست هێنا، کە چاوپۆشیی لە هەبوونی ئاشکرای سەرکردەی میلیشیاکان و نوێنەرەکانیان لەناو کایەی گشتیی فەرمیدا دەکرد، هەروەها چاوپۆشیی لە دزەکردنیان بۆ ناو دامەزراوە ئەمنییە هەستیارەکان وەک دەزگه‌ی هەواڵگری، دەزگه‌ی دژەتیرۆر، سوپا و وەزارەتی ناوخۆ دەکرد.

هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە  حکوومەتی پێشوو، هەروەها ڕێگەی بە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو دا کە بەردەوام بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەنە سیاسییە ئاڵۆزەکەی عێراق.  ئەمەیش بونیادنان لەسەر کرانەوەی سیاسی و ئابووریی پێشوو، فراوانکردنی هاوکاری، هاندانی وەبەرهێنان و، گوشارخستنە سەر عێراق بوو بۆ پەیڕەوکردنی گەشەپێدانی ناوخۆیی و پەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکان – بەتایبەتی بە کەمکردنەوەی لایەنگیرییەکەی بۆ میحوەرە ئێرانییەکە و سنووردارکردنی هەژموونی بریکارەکانی ئێران.

هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان تا ڕاددەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی ئەم ئاڕاستەیە بوون. زۆرێک توانای عێراقیان بۆ ڕێکخستنەوەی ڕۆڵی جیۆپۆلیتیکی خۆی بە ئەرێنی دەبینی؛ بەمەیش ئەو ناهاوسەنگییە ستراتیژییەی ڕاست دەکرایەوە کە بەهۆی ئامادەنەبوونی وڵاتێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوروبەری سروشتی ناوچەییی خۆی و تێکەڵبوونی لەگەڵ میحوەرە ئێرانییەکە دروست ببوو، کە گەورەترین فراوانبوونی ناوچەییی خۆی دوای داگیرکاریی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دەست پێ کرد.

هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ دیدگه‌یەکی جیاوازی بۆ سیاسەتی ناوچەییی ئەمریکا هێنا، بەڵام وریا بوو کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەو ئاڕاستە گشتییەدا نەکات کە ئیدارەی پێشوو بەرامبەر بە عێراق گرتبوویە بەر.  ئەمەیش بەردەوامیی پاڵپشتیی حکوومەتی بەغدا، جێبەجێکردنی خشتەی کاتیی پاشەکشەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و، تێوەگلانی ئابووریی زیاتر لەگەڵ ئەم وڵاتەدا بوو، تەنانەت لە کاتێکدا عێراق وەک “سەرێشەیەکی درێژخایەن” بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا مابووەوە.

لە کاتێکدا واشنتۆن بەردەوام بوو لە سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی میلیشیا عێراقییەکان لە ڕێگەی سزاکانەوە، کە تۆڕە ئابوورییەکانیان و ئەو پارانەی بۆ ئێران قاچاخ دەکران دەکردە ئامانج، لە هەمان کاتدا هەوڵی دا عێراق لە “جه‌نگی دوازدە ڕۆژە” لەگەڵ ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ بپارێزێت. لەو کاتەدا هەوڵێکی چڕ درا بۆ ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ، لەوانە  گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل بۆ دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنی خاکی عێراق؛ تەنانەت دوای ئەوەی گرووپە عێراقییەکان هێرشی درۆنییان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند و، بەغدا بوو بە ناوەندێکی پاڵپشتیی لۆجستی، گواستنەوەی چەک و دابینکردنی پارە بۆ حزبوڵڵا لە لوبنان و بزووتنەوەی حووسییەکان لە یەمەن، کە هەردووکیان لەگەڵ ئیسرائیل لە ململانێدا بوون.

بەڵام گەشبینی سەبارەت بە کاریگەریی ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە، بەخێرایی لە یەکەم ڕۆژەکانی جه‌نگی ئەم  دوایییەدا لەناو چوو، کە تێیدا میلیشیا عێراقییەکان ڕاستەوخۆ تێوە گلان بە ئەنجامدانی سەدان هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن، هەرێمی کوردستان و دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکانی عێراق لە بەغدا و بەسرە.

تێوەگلانی میلیشیاکان لە جه‌نگی ئەم دوایییەی ئێراندا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگاندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ پێگەی فەرمیی عێراق لەناو ململانێ فراوانەکەدا و ئەو ئامرازانەی کە ئەو پێگەیەی پێ پیادە دەکرێت، گۆڕی. ئازادیی جووڵەی میلیشیاکان لە سەرانسەری خاکی عێراقدا بێتواناییی بەغدای بۆ ڕاگرتنیان دەرخست؛  ئەمەیش ئەو گریمانە پێشووانەی سەبارەت بە توانا، یەکگرتوویی و دڵسۆزیی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە فەرمییەکانی عێراق تێک شکاند. لە ئەنجامدا، بارودۆخی عێراق ئێستا لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دووبارە هەڵسەنگاندنێکی فراوانی بۆ دەکرێت.

ئەم گۆڕانکارییە لە وتارەکانی ئەمریکادا ڕەنگ دەداتەوە کە ڕاستەوخۆ حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن بە دابینکردنی چەتر بۆ هێرشی میلیشیاکان، هەروەها لە ناڕەزایەتییە فەرمییەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئوردن سەبارەت بەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون.

هەموو ئەمانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراودا ڕەنگ دەدەنەوە، کە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە لە پێناسەکردنی ڕۆڵی حکوومەتەکەی ئەلزەیدی. ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، سیاسەتەکانی حکوومەتە نوێیەکە وەڵامی گرنگ بۆ نیگەرانییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی داهاتووی عێراق لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی و کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی دابین دەکات. ئەو ئاڕاستەیەی دەیگرێتە بەر، دیاری دەکات کە چەندە بە کاریگەری دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەدا بکات کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.

ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی حکوومەتی نوێی عێراق دەبنەوە

یەکەم: دۆسیەی میلیشیاکان

یەکێک لە ئاڵنگارییه‌ هەرە بەپەلەکان، پرسی میلیشیاکانە. جه‌نگەکە هەژموونی بەرچاوی ئەم گرووپانەی لە عێراق و سەختیی تێکەڵکردنیان لەناو سیستەمی سیاسیدا دەرخست، چونکە چالاکییە چەکدارییەکانیان بە شێوەیەکی په‌ره‌سه‌ندوو لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت فراوان دەبن. هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی نێوان میلیشیا یاسایییەکان و ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن، بێکاریگەربوونیانی سەلماندووە. عێراق دەبێت سنووری یاساییی ڕوون  لەنێوان قەوارەی فەرمیی حەشدی شەعبی و ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەژێر چەتری ئەودا بەردەوامن لە کارکردن، دابنێت.

چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە ڕێگەی ڕێوشوێنی یاسایی و ئەمنییەوە ئەرکێکی قورسە بۆ حکوومەتێک کە پاڵپشتییەکی سیاسیی بەهێزی نییە، وەک ئیدارە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلزەیدی.  گوشارەکانی ئەمریکا لەدوای جه‌نگ جەختیان لەسەر ناهاوسەنگیی هێز  لەنێوان میلیشیاکان و دەوڵەتی عێراق کردووەتەوە؛ ئەمەیش ئەلزەیدی دەخاتە پێگەیەکەوە کە دەبێت داواکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ چاوەڕوانییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەڵسەنگێنێت. ئەم  گوشارانە ئاماژەن بۆ پێویستیی چوارچێوەیەک بۆ ئاڕاستەکردنی  حکوومەت، لەوانە:

  1. بڵاوەپێکردنی ستراتیژیی یەکەکانی حەشدی شەعبی:ڕەنگە حەشدی شەعبی ڕووبەڕووی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی جوگرافی ببێتەوە، بە کەمکردنەوەی ئامادەیی لە ناوچە دیاریکراوەکان بۆ لەپێشینەدانی بڵاوەپێکردنی سوپای عێراق. ئەمە بەتایبەتی لە ناوەندی شارەکان و ناوچە سنوورییەکاندا گرنگە، کە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن و هەرێمی کوردستانی عێراق لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە. پلانەکان هەروەها دووبارە ڕێکخستنەوەی حەشدی شەعبی و دووبارە گواستنەوەی چەکدارەکان بۆ ناو دامەزراوە ئەمنییە  ناوخۆیییەکان لە ماوەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراودا دەگرێتەوە.
  2. ڕێکخستنی ئاستی پڕچەککردن:چەکەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی سەر بەوان – بەتایبەتی چەکە قورسەکانی وەک مووشەک و درۆنە دوورهاوێژەکان – دەکرێت بکەونە ژێر ڕێکخستنی توندترەوە، لەوانە: کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سوپا بەسەر درۆن، مووشەک و چەکە قورسەکاندا.
  3. پێداچوونەوە بە چالاکییە ئابوورییەکان:گرێبەست و ئۆپەراسیۆنەکانی کۆمپانیای گشتیی “ئەلموهەندیس”ی سەر بە حەشدی شەعبی، دەبێت وردبینییان بۆ بکرێت، لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە میلیشیاکان دەستیان بەسەردا گرتووە و وەک بنکە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و، هەروەها هەرێمی کوردستان بەکاریان هێناون.
  4. جێبەجێکردنی یاسای چەک:دەسپێشخەری پێویستە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکە بێمۆڵەتەکان، هەڵوەشاندنەوەی بنکەکانی میلیشیاکان و وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر دەستی میلیشیاکاندایە.
  5. دوورخستنەوەی میلیشیاکان لە حوکمڕانی:دەبێت میلیشیاکان لە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە  حکوومەتدا قەدەغە بکرێن، لەگەڵ گرتنەبەری هەنگاو بۆ دوورخستنەوەی ئەو ئەندامانەی میلیشیاکان کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا پۆستی سەرکردایەتییان لە دامەزراوە مەدەنی، ئەمنی و سەربازییەکاندا وەرگرتووە.

سەرکەوتنی حکوومەتەکەی ئەلزەیدی لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێوشوێنانە بەبێ پاڵپشتیی سیاسیی بەهێز، بەتایبەتی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، کارێکی سەخت دەبێت. بەڵام ئەلزەیدی توانای ئەوەی هەیە کە بەدوای چاکسازییە ئەمنی و کارگێڕییە مانادارەکاندا بگەڕێت – چ لە ناو حەشدی شەعبی یان دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەدا – کە دەتوانێت ببێتە نیشانەی پێشکەوتن لە چارەسەرکردنی کێشەی میلیشیاکان لە عێراقدا.

دووەم: قەیرانی ئابووری

عێراق ئێستا لە ململانێدایە لەگەڵ قەیرانێکی ئابووریی فرەڕەهەند، کە زۆربەیان پێکهاتەیین و ڕەگیان لە ئابوورییە ڕەیعی (ڕانتی)یەکەیدایە کە بەتوندی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ناچالاکی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە بەشێکی زۆری بوودجە بەبێ بەدەستهێنانی دەرەنجامی مانادار بەکار دەبردرێت.

داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە قەیرانەکەی زیاتر تەقاندەوە؛ بووە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتی عێراق و، وای کرد حکوومەت لە ململانێدا بێت بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دارایییەکانی.  گوشاری ئابووریی ئەمریکا لە ڕێگەی سزاکان بۆ سەر کەسایەتی و کۆمپانیاکان، لەگەڵ بەستنی ناردنی کاشی مانگانەی دۆلار بۆ عێراق چڕتر بووەتەوە – ڕێوشوێنێک کە لێکەوتەی قووڵی بۆ سەقامگیریی داراییی وڵاتەکە هەیە.

لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، توانای ئەلزەیدی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بنەڕەتیی ئابووریی عێراق یان چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بە سەرچاوەی سنووردارەوە، بەسنووردار دەردەکەوێت- سەرەڕای پسپۆڕیی ئابووریی خۆی. لە قۆناغی یەکەمدا، ڕەنگە  حکوومەتەکەی هەوڵ بدات کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بکاتەوە بۆ سووکكردنی گوشارە ئابوورییەکان و ڕێگریکردن لە سزای زیاتر، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی حکوومەت بەرامبەر میلیشیاکان، کە هۆکارێکی سەرەکییە لە ئاڵنگارییه‌ ئابوورییەکانی عێراقدا.

لە قۆناغی دووەمدا، ئەلزەیدی دەتوانێت بەدوای چاکسازی لە کەرتی بانکیدا بگەڕێت، پرۆسەکانی گرێبەست ڕێک بخاتەوە و کارایی لەناو دامەزراوە بیرۆکراسییەکانی عێراقدا باشتر بکات. بەمەیش زەمینە بۆ سەقامگیریی درێژخایەن خۆش بکات.

سێیەم: دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندیی نێوان لایەن و هێزە سیاسییەکان

ئەگەر حکوومەتەکەی ئەلزەیدی بەسەرکەوتوویی پێک بهێنرێت، ڕووبەڕووی ئەرکێکی سەخت دەبێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە دیمەنی سیاسیی ناوخۆی عێراق و چارەسەرکردنی گرژییە مێژوویییەکانی نێوان لایەنە ڕکابەرەکان. پرسێکی ناوەندی، بڵاوەپێکردنی یەکەکانی حەشدی شەعبی دەبێت لە ناوچە سوننەنشینەکاندا، کە پێویستە حکوومەتی نوێ بەوریایییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

 هەروەها  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو پێویستی بە پێدانی دڵنیایی هەیە بە هەرێمی کوردستان، لەوانە: ڕێککەوتنە ئابووری و دارایییەکان کە بوونەتە هۆی ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر، هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی گرژییە ئەمنییەکان کە لە هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرن.

لەناو بازنەی سیاسیی شیعەدا، ئاڵنگارییه‌کی سەرەکی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ “ڕەوتی سەدری”دایە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەلزەیدی بەڵێنی بە گرووپەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی داوە، ڕەنگە ڕێک کەوتبێت لەسەر ئەوەی حزبێکی سیاسیی نوێ دانەمەزرێنێت و بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نەکات. لە هەمان کاتدا، باس لەوە دەکرێت کە پەیوەندییەکی ئەرێنیی لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دروست کردووە. ئەمە دەکرێت بە شێوەیەکی پۆتێنشیاڵ گەڕانەوەی ڕەوتەکە بۆ ناو سیاسەت ئاسان بکات – یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە یان بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەدرییەکان لەناو سیستەمی دەوڵەتدا تاوەکوو هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو.

لە هەفتەکانی داهاتوودا، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی زۆرترین گوشار دەخەنە سەر ئەلزەیدی بۆ مسۆگەرکردنی پۆست، وەزارەت و پشک لە  حکوومەتدا. هێزە کوردی و سوننەکانیش گوشار بۆ داواکارییەکانیان دەکەن؛  ئەمەیش  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ناچار دەکات بەناو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دانوستاندا بڕوات. پەیوەندییە سیاسییە بەهێزەکانی، ڕەنگە ڕێگەی پێ بدەن بگاتە تەوافوقێک کە هەرچەندە هەموو لایەنەکان بەتەواوی ڕازی نەکات، بەڵام بتوانێت ڕێگری لە گەڕانەوە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی بکات.

چوارەم: دووبارە هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکان

گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، بەستراوەتەوە بە شێوازی مامەڵەکردنی بەرامبەر بە ئێران. سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لە کاتی جه‌نگدا، وڵاتانی عەرەبی بەدوای هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی عێراق بەرامبەر تاراندا ناگەڕێن. لەبری ئەوە، ئەوان چاوەڕوانن بەغدا هەڵوێستێکی هاوسەنگ بگرێتە بەر کە جەخت لەسەر ڕۆڵی عێراق لەناو جیهانی عەرەبیدا بکاتەوە. بەڵام پاڵپشتیی بەغدا بۆ تاران لە ململانێکەی ئەم  دوایییەدا نیگەرانیی لای وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دروست کردووە؛  ئەمەیش وای کردووە داوای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بکرێت.

میلیشیا شیعەکان وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا دەمێننەوە. بۆ ناردنی ئاماژەی ئەرێنی، پێویستە  سەرۆکوەزیرانی نوێ پلانێکی کاری ڕوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی میلیشیاکان پێشکەش بکات. لە هەفتەکانی داهاتوودا، سەرنجەکان لەسەر ئەوە دەبن ئایا حکوومەتەکەی ئەلزەیدی نوێنەری گرووپە چەکدارەکان لەخۆ دەگرێت یان نا. واشنتۆن هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ  حکوومەت بەستووەتەوە بەم مەرجە بنەڕەتییەوە. جێی ئومێده‌وارییه‌ کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ٢٩ی نیسان پێشوازیی لە دەستنیشانکردنی ئەلزەیدی کرد؛ ڕایشی گه‌یاند کە ڕەنگە لێکتێگەیشتنێكی سەرەتاییی پێشوەختە سەبارەت بە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی هەبێت.

دەرەنجامەکان

عەلی ئەلزەیدی کاندیدی دڵخوازی هیچ لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوو؛ نە گرووپە نیشتمانییەکانی دیکە و، نە تەنانەت ئەکتەرە ناوچەیی و ئەمریکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی عێراق. بەڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، لەلایەن ئەو لایەنانەوە ڕەتیش نەکراوەتەوە. ئەمە سوودێکی گرنگ بە  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو دەبەخشێت چونکە ڕێگەی پێ دەدات تا ڕاددەیەک لە کۆکردنەوەی حکوومەتەکەی و دیاریکردنی ئاڕاستەکەیدا نەرمی بنوێنێت. لە هەمان کاتدا، ئەمە دەیخاتە ژێر  گوشاری هەموو لایەنەکانەوە – کە نەک تەنیا ڕووبەڕووی داواکاری لەسەر هەڵوێستە سیاسییە گشتییەکان دەبێتەوە، بەڵکوو لەسەر پۆست و بەرژەوەندییە تایبەتەکانیش.

لەنێو ئەو کۆمەڵە ئاڵنگارییه‌ی کە ڕووبەڕووی ئیدارەکەی دەبنەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی میلیشیاکان و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییە پەیوەندیدارەکانی، وەک تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتن یان شکستی  حکوومەتەکە دەردەکەوێت. پێشکەوتن لەم بوارەدا دەتوانێت  ڕێگه خۆش بکات بۆ هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق لەسەر ئاڵنگارییه‌ بەپەلەکانی دیکە.

پێ دەچێت ئەلزەیدی ئاگاداری ئەم ڕاستییە بێت و ڕەنگە بەشێکی بەرچاوی بەرنامەی حکوومەتەکەی، تەرخان بکات بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی دەوڵەت. بەڵام هەر ڕێوشوێنێکی لەو شێوەیە دەکەوێتە ژێر وردبینییەکی توندەوە و، کاریگەرییەکەیان بەوردی بەرامبەر بەو بەڵێنانەی دراون هەڵدەسەنگێنرێت.

سەرکەوتن لە بڕینی بەربەستە  ناوخۆیییەکانی عێراقدا ڕەنگە ببێتە سەرەتای گەشتێکی سەخت بۆ ئەلزەیدی؛ گەشتێک کە پڕە لە قەیرانی گەورە و ململانێی ناوخۆیی. هەوڵەکان بۆ چەککردنی میلیشیاکان، ئەگەری زۆرە بەرەوڕووی بەرگرییەکی توند ببنەوە لەلایەن ئەو بلۆکە پەرلەمانییە گەورەیەی نوێنەرایەتییان دەکات، هەروەها لەلایەن لایەنە عێراقییەکانی دیکەی هاوتەریب لەگەڵ میحوەرە ئێرانییەکە. هەوڵە ڕاستەقینەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی چەککردن، بەدڵنیایییەوە ڕووبەڕووی ڕێگری دەبنەوە.

ئەو ڕاستییەی کە دەستنیشانکردنی ئەلزەیدی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە پەسەند کرا، ئاماژەیە بۆ قبووڵکردنێکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە. بەڵام تاران – کە هەژموونی بەرچاوی بەسەر ئاسایش، سیاسەت و ئابووریی عێراقدا هەیە لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە و پاڵپشتیی میلیشیاکان وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی هەر  حکوومەتێکی عێراقی دەبینێت – بەوردی چاودێریی کردارەکانی حکوومەتی نوێ دەکات. چاوەڕوان دەکرێت تاران هەر کاتێک هەست بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بکات، دەستوەردان بکات. ئەو دەستوەردانە، دەکرێت لە کەمپەینی میدیایی و سیاسیی دژی حکوومەتەوە دەست پێ بکات تاوەکوو بەکارهێنانی هێزی میلیشیاکان بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایش یان هەڕەشەکردن لە سەقامگیریی حکوومەت، وەک ئەوەی لە سەردەمی “کازمی”دا ڕووی دا.

سەرچاوە:

Emirates Policy Center. (5 May 2026). Challenges facing Iraqi Prime Minister designate Ali al-Zaidi: Militias and regional positioning amid war. <<https://epc.ae/en/details/featured/challenges-facing-iraqi-prime-minister-designate-ali-al-zaidi-militias-and-regional-positioning-amid-war>>.