1

وابەستەیی بە گەرووی هورمز: لاوازییەکی پێکهاتەیی لە ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا

شەهریار شێخلەر، توێژەر لە بواری سیاسەتی وزە- ماستەر لە بەڕێوەبردنی بیزینس- ستراتیژی و، هەروەها ماستەر لە بەڕێوەبردنی ئیجرائییە.

پێشەکی

عێراق بە ١٤٥ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی سەلمێنراوی نەوتی خاوی جیهانە و، بە هەرێمی کوردستانەوە توانای ڕۆژانە بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٤،٥٠٠،٠٠٠ بەرمیل و هەناردەکردنی زیاتر لە ٣،٣٠٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و، بەوەیش لە پلەی دوومی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوت لەناو ڕێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپێک) دەوەستێت.

ئەو یەدەگە گەورەیە و توانای بەرهەمهێنان و داهاتی هەناردەکردنە، وای کردووە کە لە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و بە درێژاییی سەد ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی نەوت وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراقی زیاتر و بەهێزتر بێت داهاتی نەوت زیاتر لە ٩٣%ی کۆی داهاتی حکوومەت و زیاتر لە ٩٥%ی هەناردەکردنی وڵات پێک دەهێنێت. ئەم پشتبەستنە زۆرە بە یەک کاڵا، بۆتە ئەوەی عێراق لە ڕێزی ئەو وڵاتانە دابنرێت کە ئابووریناسان بە “ئابووریی کرێچی” ناوی دەبەن- ئابوورییەک کە دەوڵەت زۆربەی داهاتەکەی لە فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکان (وەک نەوت، گاز و…) وەردەگرێت، نەک لە ڕێگه‌ی باج یان بەرهەمهێنانی ئابووری لە ناوخۆی وڵات. ئەم ئاستی وابەستەیییە لە چەند ڕووەوە لاوازیی پێکهاتەییی بەرچاوی لەناو ئابووریی عێراقدا دروست کردووە.

یەکێک لە لاوازییە جددییەکان، پەیوەندیی بە سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و پشتبەستنی زۆری بە ڕێگه‌کانی هەناردەکردنی دەریایی لە باشوورەوە هەیە، کە بەستراونەتەوە بە گەرووی هورمزەوە. هەر بەو ئاستەی داهاتی حکوومەت بە داهاتی نەوت گرێ دراوە، هەناردەکردنی زیاتر لە ٩٣%ی نەوتی عێراقیش تەنیا بە یەک ڕێڕەو پەیوەستە کە هەمیشە لەژێر مەترسی و هەڕەشەی داخراندا بووە. بەوهۆیەوە گرژییە جیۆپۆلیتیکییە ناوچەیییەکان، ململانێ سەربازییەکان و نائەمنیی دەریایی، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووری و توانای داراییی عێراق دەکەن.

ململانێکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە (لە ئازاری ساڵی ٢٠٢٦)، گەورەییی ئەم لاوازییەیان ئاشکرا کرد. پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەی کەنداو، هاتوچۆی تانکەرەکانی بە گەرووی هورمزدا ​​پەک خست؛ ئەمەیش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠% و، وەزارەتی نەوتی ناچار کرد ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە و بە پشتبەستن بە خاڵی “فۆرس ماژۆر” (Force majeure)، بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی کە لەلایەن بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێن ڕابگرێت.

ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە لە لاوازییە ستراتیژییە شاراوەکانی ناو سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەکات و لەسەر سێ ڕەهەندی پەیوەندیدار بەیەکەوە توێژینەوە دەکات: لاوازییە تەکنیکییەکان، لاوازییە دارایییەکان و لاوازییە کارگێڕییەکان. هەروەها لێکەوتە بەرفراوانەکانی پشتبەستنی عێراق بە گەرووی هورمز شی دەکاتەوە و جێگره‌وه (به‌دیل)‌ی ستراتیژی پێشنیاردەکات کە توانای باشترکردنی ئاسایشی وزەی عێراق و خۆڕاگریی هەناردەکردنی هەبێت.

١. کرۆکی قەیرانی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق

مێژووی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، داستانێکی پڕ لە بژاردەی ئاڵۆز و هەڵەی ستراتیژییە، بەتایبەت پاش بەنیشتمانیکردنی کەرتی نەوت لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشوو. لە ڕووی مێژوویییەوە، عێراق پشتی بە دوو ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردن بەستووە: “تێرمیناڵی باشوور لە کەنداو”، “تێرمیناڵی نەوتی ئەلبەسرە و خورئەلئەمایە” و “هێڵی بۆڕیی عێراق-تورکیا” (ITP)  کە لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان دەڕوات. هەرچەنده‌ لە سەرەتادا، نەوتی کەرکووک لە ڕێگه‌ی بۆڕییەوە بۆ حەیفا (لە ئیسرائیلی ئێستا) و دواتر بۆ بانیاس دەگوازرایەوە، بەڵام زۆر خێرا و بەهۆی کێشە سیاسییەکانه‌وه‌ هەردوو بۆڕی وەلا نران و لە کۆتاییی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە، ڕوو کرایە بۆڕیی نەوتی کەروکووک-جەیهان. هەڵبەت دواتر ئەو بۆڕییەیش وەستا و، لە ئێستادا بۆڕیی نەوتی کوردستان لە خۆڕماڵەوە وەک جێگرەوەی بۆڕییەکە کار دەکات.

١.١. ئاڵنگاری تەنگەبەری باشوور: زۆرینەی ڕەهای نەوتی خاوی عێراق-ڕۆژانە تاکوو ٤ ملیۆن بەرمیل و بەگشتی بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٣%ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق (لە بارودۆخی ئاساییدا) بە تێرمیناڵە دەریایییەکانی پارێزگای بەسرەدا تێپەڕ دەبێت و ڕادەستی کەشتیگەلی کڕیار دەکرێت. لەوێیشەوە دەبێت کەشتییە تانکەرەکان بە گەرووی هورمزدا ​​بڕۆن، کە ڕێڕەوێکی تەسکە لەنێوان عومان و ئێراندا و نزیکەی لەسەدا ٢٠ی نەوتی دەریاییی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت. ئەم چڕبوونەوەی توانای هەناردەکردن لە ڕێگەی یەک خاڵی مەترسیلەسەری دەریایییەوە، وێنای لاوازییەکی ستراتیژیی نائاسایی دەکات. کاتێک ململانێی ناوچەیی لەم دوایییانەدا گەرووەکەی داخست، هەناردەی عێراق لە ماوەیه‌كی زۆرخێرا بەتەواوی ڕاوەستا و دواتر تەنیا کەمتر لە ١٠%ی و بەشێکی بە شێوازی نائابوورییانە دەستی پێ کردەوە.

سەرەڕای ئەوەیش، بەندەرەکانی باشووری عێراق، خۆیان هەڵگری کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگارین. توێژینەوە ئەکادیمییەکان “مەترسیی ئاسایشی گواستنەوە، لاوازیی توانای بەندەر و ڕێگه‌کان” و “ئاستی نزم لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی تەکنیکی”یان وەک کێشەی بەردەوام لەو بەندەرانە دەستنیشان کردووە.

١.٢. په‌ككه‌وتن (ئیفلیج)ی بۆڕیی کەرکووکجەیهان: ئەو بۆڕییە هەرچەند بە توانای سنووردار، بەڵام سەردەمانێک ڕێگه‌یەکی جێگره‌وه‌ی گرنگی دابین دەکرد و نەوتی خاوی کەرکووکی لەسەر دەریای ناوەڕاست ‌دەگواستەوە بۆ جەیهان. بەڵام ئەم بۆڕییە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ڕاددەیەکی له‌كار كه‌وتووه‌. هەرچەنده‌ لە ٢٠١٤وە بۆڕیی نەوتی کوردستان وەک جێگرەوەی ئەو بۆڕییە ڕاکێشراوە، بەڵام ئەویش ماوەیەک بەهۆی بڕیارێکی “ژووری ناوبژیوانیی بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس” ڕاگیرا و دواتریش بەهۆی خواستی بەغدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەرگیز بەپێی پێویست و توانای بۆڕییەکە سوودی لێ وەرنەگیراوە.

بەبۆچوونی بەشێک لە شارەزایان “دوودڵیی بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، کەمتر پەیوەندیی بە ئاستەنگی تەکنیکی یان یاسایییەوە هەیە و زیاتر پەیوەندیی بە بەکارهێنانی پرسی بۆڕییەکەوە هەیە بە مەبەستی بەناوەندکردنی کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی کۆی عێراق و سنووردارکردنی سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی کوردستان”.

١.٣. جێگره‌وه‌ دروستنەکراوەکان: لە ساڵانی ڕابردوو، حکوومەتەکانی عێراق چەندان جار بابەتی ڕێگەی جێگره‌وه‌یان بۆ هەناردەکردنی نەوت ورووژاندووە، بەڵام هیچ کامیان نەگەیشتوونەتە دۆخی کارلێکردن. عێراق هەرچەند لە ڕووی جوگرافییەوە بێجگە لە ڕێگەی کەنداو و تورکیا، بەهۆی دراوسێتی لەگەڵ سعوودیا، ئوردن و سووریا، دەیتوانی چەندان ڕێگه‌ی دیکەی جێگره‌وه‌ بۆ ڕێڕەوی هورمز بنیاد بنێت بەڵام بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی گشتگیر، هەروەها کێشە و ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکان، نەیتوانیوە پلانێکی ئابوورییانەی سەرکەوتووش دابڕێژێت.

بوودجەی پێویست بۆ ڕاکێشانی بۆڕییەکی جێگره‌وه‌ بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا بە هەشت ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە هەم قەبارەی وەبەرهێنانەکە و هەم کێشە ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەکان، ڕێگر بوون لە دەستپێکردن و جێبەجێکردنی ئەو پلانە. بۆڕییەکی پێشنیارکراوی دیکە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن ساڵانێکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بەڵام ئەویش بەهۆی جوگرافیا و تایبەتمەندییەکانی بەندەری عەقەبە ناتوانێت بەتەنیایی فریادڕەسی نەوتی عێراق بێت و، کاتێک دەتوانێت سوودمەند بێت کە لەگەڵ ڕێگه‌چارەکانی دیکە بەشێک بێت لە چارەسەری ئاڵنگارییەکان.

لەم دوایییانەدا عێراق ڕێککەوتنێکی سەرەتاییی لەگەڵ عومان ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی بۆڕیی نەوتی خاو لە بەسرە بۆ بەندەری دوقم لە عومان، بە دەربازبوون لە گەرووی هورمز. پرۆژەکە سەرەتا توانای عەمبارکردنی 10 ملیۆن بەرمیل لە دوقم لەخۆ دەگرێت و نەوت بە کەشتی دەگوازرێتەوە تا تەواوبوونی ڕاکێشانی بۆڕییەکە. بەڵام پڕۆژەکە لە ڕووی ئیمکانی ئابوورییەوە پرسیاری جددیی لەسەرە. ڕێگه‌ی بەسرە بۆ عومان “بە شێوەیەکی بەرچاو درێژە و تێچووی زۆری دەوێت؛ ئەمەیش وای کردووە بە بەراورد بە جێگره‌وه‌کانی کورتتر و بەردەست، زۆر کەمتر پراکتیکی بێت” لە تورکیا، ئوردن، سووریا، ئیمارات و تەنانەت سعوودیاش. ئەمەیش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ شرۆڤه‌كاران پڕۆژەکە “کەمتر لەبارەی کارایی و زیاتر لەبارەی مانۆڕی ستراتیژییەوه‌” پێناسە بکەن و بەهۆی پاڵنەری سیاسی نەک پلانێکی ئابووریی دروسته‌وه‌ شرۆڤەی بکەن.

یەکێکی دیکە لە پلانەکانی ئێستا باس دەکرێت و وەکوو بەردی بناغەی ستراتیژیی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەناسێنرێت، دروستکردنی بۆڕیی بەسرە-حەدیسەیە. ئەو بۆڕییە “بەسرە بە حەدیسە دەبەستێتەوە بە توانای پلانبۆداڕێژراوی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا… و، درێژایییەکەی 700 کیلۆمەترە و نەوتی خاو دەگوازێتەوە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێ وەک بانیاس لە سووریا، جەیهان لە تورکیا و عەقەبە لە ئوردن؛ هاوکات وەک هێڵی دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکان لە سەرانسەری باشوور و ناوەڕاست و باکووری پارێزگاکانی عێراق کار دەکات.”

 ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو پڕۆژەیە هەرچەند تۆڕێکی نیشتمانیی گواستنەوەی ناوخۆییی نەوت لە عێراق ساز دەکات، بەڵام کۆکەرەوەی پلانەکانی هەناردەکردن لە ڕێگه‌ی عەقەبە و بانیاسە، کە پێشتر خاڵە لاوازەکانی باس کرا. ئەوەیش پێویستیی بە چارەسەری کێشە سیاسی و ئەمنی و جیۆپۆلیتیەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق هەیە و، بێ ئەوانە چارەی کێشەکان ناکات.

٢. لاوازییە تەکنیکییەکان لە پێکهاتەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا

٢.١. چڕبوونەوەی ژێرخانی هەناردەکردن

یەکێک لە لاوازییە تەکنیکییە سەرەکییەکانی عێراق، وەک پێشتریش باس کرا، لە چڕبوونەوەی زۆری ژێرخانی هەناردەکردندایە لە باشووری عێراق و سەر کەنداو. سیاسەتی هەناردەکردنی عێراق بە پلەی یەکەم پشت بە تێرمیناڵەکانی باشوور و دامەزراوەکانی بارکردنی دەریایی دەبەستێت. ئەم چڕبوونەوەیە لەسەر یەک ڕێڕەو، بۆتە هۆی لاوازییەک کە تێیدا ڕاوەستانی هەناردەکردن لەو ڕێگه‌یە بە مانای ڕاوەستانی زۆربەی هەناردەکردنی گشتیی نەوتی عێراق دەبێت.

هەرچەنده‌ گفتوگۆکان سەبارەت بە هەمەچەشنکردنی ڕێگه‌کانی هەناردەکردن و ڕاکێشانی بۆڕییە جێگره‌وه‌كان لە ڕێگەی تورکیا، ئوردن و سووریاوە دەستی پێ کردۆتەوە بەڵام هێشتا لەسەرەتایە و تاکوو چارەسەر کاتی زۆری پێویستە. هەرچەندە هێڵی بۆڕیی هەرێمی کوردستان-تورکیا ڕێگه‌یەکی جێگره‌وه‌ لە بەندەری جەیهانەوە دابین دەکات، بەڵام ناکۆکیی سیاسی، سنوورداربوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لەو ڕێگه‌یەوە و تەنانەت تەحەددای ئاسایشی ناوخۆییی عێراق، ڕێگرن لەبەردەم بەکارهێنانی تەواوی توانای ئەو ڕێگه‌یە.

٢.٢. سنوورداربوونی توانای عەمبارکردن و گواستنەوە

لاوازییەکی تری تەکنیکی بریتییە لە کەمیی توانای عەمبارکردن (كۆگه‌كردن) و گواستنەوەی ستراتیژیی نەوتی خاو. لە کاتێک چڕیی ژێرخانی هەناردەکردن لە باشووری عێراقەوە لاوازییەکی مەترسیداری بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق پێک هێناوە، سنوورداربوونی توانای عەمبارکردنی پێویست بۆ کاتە هەستیارەکان، وەکوو وەستانی کاتیی هەناردەکردن، وای کردووە کە کارەکانی بەرهەمهێنان زۆر وابەستەی ڕەوتی بەردەوامی هەناردەکردن بێت.

لە ماوەی قەیرانی ئەم دوایییەی ناوچەکەدا و پاش ئەوەی هەناردەکردن لە باشوورەوە وەستا، توانای عەمبارکردنی نەوتی عێراق لە ماوەی تەنیا چەند هەفتەیەکدا گەیشتە سنووری خۆی؛ ئەمەیش وای کرد وەزارەتی نەوت بە پشتبەستن بە خاڵی فۆرس ماژۆر لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەرکار، بەرهەمهێنان لە سەرانسەری کێڵگە نەوتییەکانی باشووردا کە لەلایه‌ن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێت ڕابگرێت، چونکە چیتر نەتوانرا نەوتی خاو بە شێوەیەکی کارا عەمبار بکرێت یان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بگوازرێتەوە.

جگە لەوەیش، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە پیربوونی ژێرخان و کێشەکانی چاککردنەوەی بۆڕییەکان و کەمیی کارەبا و وەبەرهێنانی تەواو لە تەکنەلۆژیای هەناردەکردنی مۆدێرندایە. ناکاراییی تەکنیکی، تێچووی کارکردن زیاد دەکات و لە کاتی باری نائاساییدا توانای چارەسەری کێشە لۆجستیکییه‌كانی نەوتی عێراق دادەبەزێنێت.

٢-٣. پشتبەستن بە کەشتیوانیی بیانی

پشتبەستنی زۆری عێراق بە کەشتیوانیی دەریایی لە ڕێگەی کەنداوەوە و نەبوونی کەشتیگەلی پێویست لەناو سیستەمی کەشتیوانیی نەوتی نیشتمانی، لاوازیی تەکنیکی زیاتر چڕ دەکاتەوە. گواستنەوەی دەریایی، زۆر هەستیارە بە ناسەقامگیریی جیۆپۆلیتیکی، ململانێ دەریایییەکان، هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان و مەترسییەکانی بیمە. ڕاوەستانی هاتوچۆی تانکەرەکان دەتوانێت بەخێرایی کارەکانی هەناردەکردن ئیفلیج بکات، تەنانەت ئەگەر دامەزراوە بەرهەمهێنانەکان بەکارایی بمێننەوە. بەڵام عێراق، نەك تەنیا پشتی بەو شێوازی گواستنەوەیە بەستووە، بەڵکوو سنوورداربوونی توانای عەمبارکرنی نەوتی خاوی عێراق و، هەروەها نەبوونی هیچ کەشتیگەلێکی گەورەی نەوتی لەناو کۆمپانیای تانکەری نەوتی عێراق، نەك تەنیا بۆتە هۆی ئەوەی کە عێراق نزیکەی تەواو لە بازاڕی گواستنەوەی نەوتی دەریاییی جیهانیدا نەمێنێت، بەڵکوو تەنانەت ناتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی کاتی نەوتی بەرهەمهاتوو، یان گواستەنەوەی نەوتی خاوی خۆی بۆ بەندەرەکانی کڕیاران؛ دۆخێک کە بێجگە لە کێشەکانی پشتبەستن بە کۆمپانیاکانی بیانی بۆ گواستنه‌وەی نەوت بە تێچووی بەرزتر، کاریگەریی هەر کێشەیەکی گرنگ لە کەرتی عەمبارکردن یان گواستەنەوە، ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و دەبێتە هۆی ڕاوەستانی بەرهەمهێنانی نەوت.

٣. لاوازییە دارایییەکان و دەرەنجامە ئابوورییەکان

٣.١. پشتبەستنی دارایی بە داهاتی نەوت

داراییی گشتیی عێراق تا ڕاددەیەکی زۆر بە داهاتی هەناردەکردنی نەوتەوە وابەستەیە. لە ئەنجامدا پچڕانی هەناردەکردن ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی دارایی و خەرجییەکانی حکوومەت و گەشەی ئابووری دەکات. بەپێچەوانەی ئابوورییە هەمەچەشنەکانەوە، عێراق خاوەنی سەرچاوەی داهاتی جێگره‌وه‌یه‌كی سنووردارە کە توانای قەرەبووکردنەوەی دابەزینی لەناکاوی داهاتی نەوتی نییە.

بەپێی شیکردنەوە و ڕیپۆرتەکان، پچڕانی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە ساڵی ٢٠٢٦دا گوشاری داراییی توندی لەسەر سیستەمی بوودجەی عێراق دروست کردووە. داهاتی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لە کاتێکدا پابەندبوونەکانی خەرجییە گشتییەکان بەبەرزی ماونەتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە مووچە و یارمەتییەکان و خەرجییەکانی کەرتی گشتی.

ئەم وابەستەیییە پێکهاتەیییە، ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە فراوانەکانی ئابووریی کرێچییە کە سیاسەتی دارایی، زۆر زوو و توند بەرەوڕووی شۆکی دەرەکیی پەیوەست بە نرخ و داهاتی سامانە سروشتییەکان دەبێتەوە. لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان بەبەردەوامی نیشان دەدەن کە پشتبەستنی زۆر بە داهاتی هایدرۆکاربۆن، خۆڕاگریی ئابووری لاواز دەکات و بەرکەوتن بە ناسەقامگیریی جیۆپۆلیتیکی زیاد دەکات.

٣.٢. پێویستی بە دراوی بیانی و مەترسییە دراوییەکان

هەناردەکردنی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی یەدەگی دراوی بیانییه‌ بۆ عێراق. بۆیە پچڕانی هەناردەکردنی نەوت گوشارێکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەقامگیریی دراو و نرخی ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەل لە دەرەوە دروست دەکات. کەمبوونەوەی داهاتی نەوت توانای بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیرکردنی بەهای دیناری عێراقی و دابینکردنی داراییی هاوردەکردنی خۆراک و کاڵای پیشەسازی و بەرهەمە بەکاربەرەکان سنووردار دەکات.

پچڕانی درێژخایەنی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت، دەتوانێت ببێتە هۆکاری گوشاری هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراو و ناسەقامگیریی ئابووری بە قەبارەیەکی گەورە و مەودای کاریگەریی فراوانتر. هەروەها نادڵنیاییی دارایی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی بەگشتی و بەتایبەت لە کەرتی وزەی عێراقدا دەکات، چونکە وەبەرهێنەران بەوردی و هەستیارییه‌كی زیاتره‌وه‌ لە مەترسییەکانی کارکردن و جیۆپۆلیتیکی دەکۆڵنەوە.

٣.٣. ئاستەنگەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان

هەروەها لاوازیی ستراتیژی لە سیاسەتی هەناردەکردندا پلانی وەبەرهێنانی درێژخایەن تێک دەدات. کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە لە عێراق کار دەکەن، پێویستیان بە ژێرخانی هەناردەکردنی پێشبینیکراو و سەقامگیریی سیاسی هەیە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و فراوانکردن. پچڕانی جیۆپۆلیتیکی بەردەوام، نادڵنیایی زیاد دەکات و پابەندبوونەکانی وەبەرهێنانی درێژخایەن سست و لاواز دەکات.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی (فۆرس ماژۆر) لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کە لەلایەن بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێن لە کاتی قەیرانی ئەم دوایییەی هورمزدا، قەبارەی ئەو پچڕانی دامەزراوەیی و گرێبەستییەی دەرخست کە ڕووبەڕووی کەرتی وزەی عێراق بووەتەوە.

لە ئەنجامدا ڕەنگە مۆدێرنیزاسیۆنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی تەکنەلۆژی و فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە عێراق زیاتر وەدوا بکەوێت؛ ئەمەیش توانای ڕکابەرییەکەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا زیاتر لاواز دەکات.

٤. لاوازییە کارگێڕی و دامەزراوەیییەکان

٤.١. لاوازی لە پلاندانانی ستراتیژی 

لاوازییە ئیدارییەکان بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی لاوازیی سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراقن. حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چەندان جار باسیان لە ستراتیژییەکانی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی نەوت کردووە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە و داڕشتنی پلانەکان بەهۆی خاوی و ناتەبایییه‌وه‌ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو نەهاتۆتە دی. پلاندانانی ستراتیژیی درێژخایەن سەبارەت بە ڕێگه‌کانی هەناردەکردنی جێگره‌وه‌ و ئاسایشی وزە، زۆر جار بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی، گەندەڵی و پارچەپارچەبوونی بیرۆکراسی لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە.

٤.٢. پارچەپارچەبوونی سیاسی و ئاڵنگارییه‌كانی حوکمڕانی

ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆیی، سیاسەتی هەناردەکردنی عێراق ئاڵۆزتر دەکات. گرژییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت و دابەشکردنی داهات، توانای عێراقی لاواز کردووە بۆ بەکارهێنانی کاریگەریی جێگره‌وه‌كانی هەناردەکردنی لە ڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە.

چەندان شرۆڤەکار لە کاتی قەیرانی ئەم دوایییەی هورمزدا ​​ئاماژەیان بەوە کرد کە ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر توانای وه‌ڵامدانەوەی ستراتیژیی عێراقی بە ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکان سنووردار کردووە و، ڕێگر بووە لە فراوانبوونی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا.

هەروەها پارچەپارچەبوونی کارگێڕی، کاریگەریی لەسەر بەڕێوەبردنی گرێبەست، پەرەپێدانی ژێرخانی و، هەماهەنگیی وەبەرهێنانی بیانی هەیە. ئەم لاوازییانەی حوکمڕانی، کارایی و خۆڕاگریی کەرتی وزەی عێراق کەم دەکەنەوە.

٤.٣. گەندەڵی و ناکاراییی دامەزراوەیی

گەندەڵی هێشتا یەکێکە لە بەربەستە دامەزراوەیییە سەرەکییەکان کە کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوتی عێراق هەیە. خراپ بەڕێوەبردن و پاڵپشتیی سیاسی و ناکاراییی کارگێڕی، پڕۆژەکانی ژێرخانی دوا خستووە و توانای دامەزراوەییی لاواز کردووە.

چەندان پڕۆژەی هەمەچەشنکردنی ژێرخانی، لەوانەیش فراوانکردنی بۆڕی و ژێرخانی عەمبارکردنی نەوت، بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و کەمیی بوودجە و کێشەی حوکمڕانییەوە دوا کەوتوون. ئەم جۆرە لاوازییە ئیدارییانە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە لاوازیی ستراتیژیی عێراق لە کاتی قەیرانە جیۆسیاسییەکاندا.

٥. جێگره‌وه‌كانی ستراتیژی و پێشنیارەکانی سیاسەت

کەمکردنەوەی لاوازیی ستراتیژیی عێراق، پێویستی بە چاکسازییەکی گشتگیر هەیە کە لە یەک کاتدا هەموو ڕەهەندە تەکنیکی، دارایی و کارگێڕییەکان چارەسەر بکات.

یەکەم: پێویستە عێراق ڕێڕەوی هەناردەکردن هەمەچەشن بکات بە فراوانکردنی ژێرخانی بۆڕیی جێگره‌وه‌ لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و، هەروەها ئوردنەوە. هێڵی بۆڕیی پێشنیارکراوی بەسرە-عەقەبە دەتوانێت دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ بۆ دەریای سوور دابین بکات و پشتبەستنی زۆر بە ڕێگه‌ دەریایییەکانی کەنداو کەم بکاتەوە.

دووەم: عێراق توانای عەمبارکردنی ستراتیژیی نەوت لەنزیک بەندەرەکانی باشوور، نزیک سنووری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و، هەروەها نزیک لە سنووری ئوردن زیاد بکات و بە هاوچەرخکردنی ژێرخانی هەناردەکردن توانای کارکردن لە کاتی قەیرانەکاندا باشتر بکات. وەبەرهێنان لە ژێرخانی عەمبارکردن، سیستەمی چاودێریی دیجیتاڵی و چاککردنەوەی بۆڕییەکان، خۆڕاگریی تەکنیکی بەهێزتر دەکات.

سێیەم: عێراق پێویستی بە هەماهەنگیی دامەزراوەییی بەهێزتر و پلانی ستراتیژیی درێژخایەن هەیە سەبارەت بە ئاسایشی وزە. دامەزراندنی میکانیزمی یەکگرتووی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و باشترکردنی حوکمڕانی لەناو کەرتی نەوتدا، بۆ کەمکردنەوەی لاوازییە ئیدارییەکان زۆر گرنگن.

چوارەم: چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن باشتر بکات و هەماهەنگیی وزە لەسەر ئاستی  ناوخۆ بەرز بکاتەوە.

لە کۆتاییدا، عێراق دەبێت هەمەچەشنکردنی ئابووری، جددیتر پەیڕەو بکات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی زیادەڕۆیی بە داهاتی نەوت. بەهێزکردنی کەرتە نانەوتییەکانی وەک کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان و پیشەسازی، دەبێتە هۆی باشترکردنی خۆڕاگریی دارایی و کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە شۆکی جیۆپۆلیتیکی دەرەکی.

سەرچاوەکان:

  1. Abdulmahdi, Y. S. (2024). Petro-dependence and diversification; an analysis of Iraq’s economic strategies (Bachelor’s thesis). Luiss Guido Carli. https://tesi.luiss.it/40032/1/277021_ABDULMAHDI_YASEEN%20SALAM.pdf
  2. Al-Abadi, N. J. A. (2025). Economic Diversification to Address Oil Rent Dependency in Iraq: An Analytical Study. Lex localis – Journal of Local Self-Governmenthttps://doi.org/10.52152/801277
  3. Al-Dirawi, M. A. R. (2026). The impact of fluctuations in the international oil markets on the Iraqi economy (PhD thesis). Budapesti Corvinus Egyetem. https://doi.org/10.14267/phd.2026015
  4. Al-Saadi, T., Cherepovitsyn, A., & Semenova, T. (2022). Iraq Oil Industry Infrastructure Development in the Conditions of the Global Economy Turbulence. Energies, 15(17), 6239. https://doi.org/10.3390/en15176239
  5. AP NEWS. (MAY 11, 2026). Saudi oil giant Aramco sees 25% jump in Q1 profit after shifting exports from Strait of Hormuz. https://apnews.com/article/aramco-saudi-arabian-oil-ab384a52510f7af0c1e5629889742285
  6. Hussein, M. (2025, September 17). Facing Fiscal Pressures: Iraq’s Struggle for Reform Ahead of the 2025 Election. The Washington Institutehttps://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/facing-fiscal-pressures-iraqs-struggle-reform-ahead-2025-election
  7. Hussein Haider Muhammad Al-Jazairi. (2025, April 16). A PhD dissertation at the University of Basrah examines contemporary trends in maritime oil transport. University of Basrahhttps://en.uobasrah.edu.iq/index.php/colleges-news/41259
  8. (August 18, 2015). Iraq: Selected Issues. https://doi.org/10.5089/9781513521923.002
  9. Jun U. Shepard, Lincoln F. Pratson. (2020). Maritime piracy in the Strait of Hormuz and implications of energy export security. Energy Policy, Volume 140, May 2020, 111379. https://doi.org/10.1016/j.enpol.2020.111379
  10. Kurdistan24. (2025, September 10). Iraq, Oman Reach Preliminary Agreement on Oil Pipeline Project. https://www.reuters.com/business/energy/iraqi-oil-production-collapses-with-strait-hormuz-blocked-by-conflict-sources-2026-03-08/?utm_source=chatgpt.com
  11. (September 16, 2025). Iraq continues export focus with strategic oil link to Oman. https://newsbase.com/story/iraq-continues-export-focus-with-strategic-oil-link-to-oman-401333
  12. Pipeline Technology Journal.  (March 31, 2026). Iraq Weighs Massive Pipeline Expansion as Regional Conflict Shuts Gulf Routes. https://www.pipeline-journal.net/news/iraq-weighs-massive-pipeline-expansion-regional-conflict-shuts-gulf-routes
  13. (March 8, 2026). Iraqi oil production collapses with Strait of Hormuz blocked by conflict, sources say. https://www.reuters.com/business/energy/iraqi-oil-production-collapses-with-strait-hormuz-blocked-by-conflict-sources-2026-03-08/?utm_source=chatgpt.com
  14. (March 20, 2026). Exclusive: Iraq declares force majeure on foreign-operated oilfields over Hormuz disruption, sources say. https://www.reuters.com/business/energy/iraq-declares-force-majeure-foreign-operated-oilfields-over-hormuz-disruption-2026-03-20/?utm_source=chatgpt.com
  15. (May 11, 2026). Oil market will lose around 100 million barrels every week, if Strait of Hormuz remains closed, Aramco CEO says. https://www.reuters.com/business/energy/oil-market-will-lose-around-100-million-barrels-every-week-if-strait-hormuz-2026-05-11/?utm_source=chatgpt.com
  16. Sarit Maitra. (2023). Impact of Economic Uncertainty, Geopolitical Risk, Pandemic, Financial & Macroeconomic Factors on Crude Oil Returns — An Empirical Investigation. arxiv.org. https://doi.org/10.48550/arXiv.2310.01123
  17. WIL CRISP. (April 29, 2025). Revival of Syrian oil export route could benefit Iraq. MEED Business Review, 10(6), 42-43. https://www.meed.com/revival-of-syrian-oil-export-route-could-benefit-iraq
  18. World Bank. (November 06, 2020). Iraq Economic Monitor, Fall 2020: Protecting Vulnerable Iraqis in the Time of a Pandemic, the Case for Urgent Stimulus and Economic Reforms. © World Bank. http://hdl.handle.net/10986/34749