1

ئێران و ئەزموونی لیبیا؛ وەرگرتنی وانەیەکی هەڵە

نووسەر: باڵیۆز (خانەنشین) گۆردۆن گرەی  (Gordon Gray)

ماڵپەڕ: گۆڤاری مەنارە  (Manara Magazine)

“ئێران” پەندێکی هەڵە لە ئەزموونی “لیبیا” وەردەگرێت

گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمریکا و ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz) دەبێتە هەواڵێکی دڵخۆشکەر. بەڵام هەموو پێوەرەکان دەری دەخەن کە هێشتا قۆناغە سەختەکە ماوە: ١- داڕشتنی پێوەرەکان (parameters)  بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. ٢- پەلەپەل یاخود نەبوونی سەبرە زۆر باوەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump) و پێداگرییە سەرسەختەکەی ئێران، کە متمانەبەخۆبوونی لەڕاددەبەدەر و نائەقڵانیی هەردوو لا زیاتری دەکات؛ تەنیا دوو هۆکارن لە کۆی ئەو هۆکارە زۆرانەی کە دەکرێت دۆخەکە بەرەو بنبەست ببەن. جگە لەوانەیش، هەڵەتێگەیشتنی تاران لە ئەزموونی لیبیا لەمپەرێکی سێیەمی پێشبینیکراوە.

ئامۆژگارییەکەی جۆرج سانتایانا (George Santayana)، فەیلەسووفی ئیسپانی، کە دەڵێت ”ئەوانەی ناتوانن ڕابردوو بهێننەوە یاد، مەحکوومن بە دووبارەکردنەوەی”؛ وا دیارە شوێنکەوتەیەکی چاوەڕواننەکراوی لە کەسایەتیی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی  (Ayatollah Ali Khamenei)دا دۆزیوەتەوە. ڕێبەری کۆچکردووی ئێران لە وتارێکی گشتیدا لە ساڵی ٢٠١١ بەتوندی ڕەخنەی لە موعەمەر قەزافی گرت لەبەر ئەوەی ”دوای چەند هەڕەشەیەکی بەتاڵ، هەموو کەلوپەلە ئەتۆمییەکانی کۆ کردەوە، باری کردە سەر کەشتییەک و ڕادەستی ڕۆژاوایییەکانی کرد و پێی وتن: “بیبەن!” پاشان ئەوان بڕیاریان دا هێرش بکەنە سەر لیبیا و نەوتەکەیان ببەن.”

ژیرانەتر بوو ئەگەر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی سەرنجی بدایەتە تێبینییەکەی پڕۆفیسۆر فرانسیس گاڤین (Francis Gavin) کە دەڵێت ”بیرکردنەوەی لێکچووانە (analogical reasoning) تایبەتمەندییەکی سەرەکیی چۆنێتیی تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ جیهان؛ هەروەها بەراوردکردنی ئێستا بە ڕابردوو، ئەگەر بەباشی بکرێت، دەکرێت بەرهەمدار بێت” – بەڵام ”بەداخەوە، زۆر جار لێکچوواندنەکان بەباشی بەکار ناهێنرێن.” بەسادەیی، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بەهەڵە لە مۆدێلی بەناو لیبیا تێ گەیشت. مەترسییەکی زۆر ڕاستەقینەیش هەیە کە سەرکردایەتیی ئێستای ئێران هەمان هەڵە بکات.

مانەوەکەم لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٤ لە لیبیا، پێش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ نێردەیەکی دیپلۆماسیی لەوێ هەبێت، یەکێک بوو لە لەبیرنەکراوترین مانگەکانی کاروانی ٣٣ ساڵەی دیپلۆماسیم. من لە تەڕابلووس بووم بۆ قۆناغی کۆتاییی دانوستانەکان کە سەرەنجام لیبیای قایل کرد دەستبەرداری بەرنامەکانی چەکی ئەتۆمی و کیمیایی و بایۆلۆژییەکەی ببێت.

گرنگترین ساتی مانەوەم لەوێدا لەژێر پەردەی تاریکیی بەرەبەیانی زووی ٢٦ی کانوونی دووەمدا بوو؛ کاتێک بینیم لیبیا ”نزیکەی ٥٥,٠٠٠ پاوەند لە بەڵگەنامە و پارچەکانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی” ڕادەست کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی بێلۆگۆی سی-١٧ (C-17) بگوازرێنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت هەرگیز بڕیارێکی مسۆگەر نەبوو کە لیبیا کۆتایی بە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی وێرانکەری کۆمەڵکوژ (WMD) بهێنێت و ئەوەی هەیبوو ڕادەستی بکات. بەڵام هەڵسوکەوتی لیبیا لە کاتی دانوستانەکاندا نموونەیەکی بەرچاوی ئەوە بوو کە چۆن نابێت دانوستان بکرێت. دانوستانکارانی لیبیا لەولای مێزەکەوە و لەبەردەم تیمی هاوبەشی ئەمریکا-بریتانیادا بەئاشکرا دەمەقاڵێیان لەگەڵ یەکتردا دەکرد.

دوو بەرەی تەواو جیاواز هەبوون. سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی لیبیا، مووسا کووسا (Musa Kusa)، کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ویلایەتی میشیگان (Michigan State University) بەدەست هێنابوو، لایەنگری سەرەکیی نێو ڕژێمەکە بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژاوادا بە مەبەستی لابردنی سزاکان. ئێلیۆت ئابرامس (Elliott Abrams)، بەرپرسی پێشووی ئەمریکا، زۆر بەوردی وەسفی دەکات و دەڵێت، ”کەسێکی قسەخۆش و لەسەرخۆ بوو – تا ئەو کاتەی مرۆڤ بیری دەکەوتەوە کە وەک بەرپرسی هەواڵگریی قەزافی، کووسا دەبێت باجی خوێنێکی زۆر بدات.” لە بەرامبەردا، ئاوەڵزاوای قەزافی، عەبدوڵڵا سەنووسی (Abdullah Senussi)، کە بەئاشکرا کەمتر شارستانی بوو، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی بوو و بەسەرسەختی دژی ڕادەستکردنی هەموو شتێک بوو. بەڵام سەرەنجام، کووسا توانیی قەزافی قایل بکات.

هەرچەندە پرۆسەی بڕیاردانی ئێران لە بەرزترین ئاستەکاندا بەناڕوونی ماوەتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویانەوە دەکرێن، هاوشێوەی ئەو قسانەن کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر لە تەڕابلووس بیستمانن. بێ گومان باڵی توندڕەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بەرپەرچی هەر هێرشێکی داهاتوو بداتەوە.

ئەگەری زۆرە ئەوانیش هەمان هەڵەتێگەیشتنەکەی ئایەتوڵڵا خامنەیییان هەبێت سەبارەت بە ڕووخانی قەزافی. بڕیارەکەی بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامەکانی چەکی وێرانکەری کۆمەڵکوژ، هۆکاری ڕووخان و سەرەنجام کوژرانی نەبوو لە ساڵی ٢٠١١دا. لەو کاتەدا کە باڵیۆزی ئەمریکا بووم لە توونس، لەو پێگەیەمەوە بەوردی چاودێریی ڕووخانی قەزافیم دەکرد. سەرکوتکاریی دڕندانە، گەندەڵی، قەیرانی قووڵی بەڕێوەبردنی ئابووری و حوکمڕانییەکی یەکجار خراپ، ئەو هۆکارانە بوون کە کۆتایییان بە دەسەڵاتی ٤٢ ساڵەی هێنا، نەک نەبوونی چەکی ئەتۆمی.

ڕەنگە کەسێکی لێبووردە پاساو بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی ئێران بهێنێتەوە بەهۆی نەشارەزایییان لەبارەی لیبیاوە. بەڵام ئەوان زۆر باش دەیانزانی کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد (Bashar al-Assad) هێندە بۆش و بەتاڵ بوو کە تەنانەت هەبوونی جۆرێکی دیکە لە چەکی وێرانکەری کۆمەڵکوژ (واتە چەکی کیمیایی) نەیتوانی لەو داڕمانە ئابڕووبەرانەیەی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕزگاری بکات. هەر ڕێک ئەم هەڵسەنگاندنەیش بوو کە وای لە سەرکردایەتیی ئێران کرد سامانی زیاتر بۆ شتێکی دۆڕاو بەفیڕۆ نەدات و له‌ بەرژەوەندیی ئەودا دەستوەردان نەکات.

ئەگەر سەرکردایەتیی ئێران درک بەوە بکات کە هەموو چەکە ئەتۆمییەکانی جیهان نەیاندەتوانی ڕژێمەکەی قەزافی لە ڕووخان ڕزگار بکەن، ئەوا خزمەتێکی گەورەتر بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی دەکات. لەبری ئەوە، چارەسەرکردنی حوکمڕانیی خراپ و قەیرانی بەڕێوەبردنی ئابووری – لەگەڵ بنەبڕکردنی گەندەڵیی ڕەگداکوتاو و سەرکوتکاریی بێبەزەیییانە – ڕەنگە دەرفەتیان بە قەزافی بدایە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

سەرکردەکانی ئێران هەمان دەرفەتیان لەبەردەستدایە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا دەیقۆزنەوە یان نا. وەک پەندەکە دەڵێت، ”چاکە لە ماڵەوە دەست پێ دەکات.” مانەوەی ڕژێمیش بە هەمان شێوەیە.

سەربارەت بە نووسەر:

گۆردۆن گرەی، پڕۆفیسۆرە بۆ کاروباری کەنداو و نیمچەدوورگەی عەرەبی لە سکوڵی ئیلیۆت بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (Elliott School of International Affairs) لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن (George Washington University). ناوبراو ئەفسەرێکی پیشەییی خزمەتی دەرەوە (Foreign Service) بووە و پۆستەکانی پێشووی بریتی بوون لە: جێگری فەرماندەی کۆلێژی جەنگی نیشتمانی (National War College)، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە توونس و، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک.

ڕوونکردنەوەیه‌كی کورت لەسەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لیبیا (داماڵینی چەک) لە ساڵی ٢٠٠٣-٢٠٠٤:

لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٣دا، پاش چەندان ساڵ لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و سزای قورسی ئابووری بەهۆی تێوەگلانی لیبیا لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا (دیارترینیان تەقاندنەوەی فڕۆکەی لۆکەربی بوو لە ساڵی ١٩٨٨)، ڕژێمەکەی موعەمەر قەزافی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڕیاری دا دەستبەرداری سەرجەم بەرنامەکانی چەکی وێرانکەری کۆمەڵکوژ (ئەتۆمی، کیمیایی و بایۆلۆژی) ببێت. ئەم بڕیارە دوای مانگێک لە دانوستانی نهێنی لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا هات. ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بەپێی چاودێران، ترسی خستە دڵی قەزافییەوە و وای لێ کرد درک بەوە بکات کە ئەگەر کێشەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا چارەسەر نەکات، ڕەنگە هەمان چارەنووسی بەسەردا بێت. ئامانجی سەرەکیی قەزافی لەم بڕیارە، لابردنی سزاکان، ڕزگارکردنی ئابووریی وڵاتەکەی و گەڕانەوە بوو بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ڕۆڵی کەسایەتییەکان لەم بڕیارەدا (ململانێی باڵەکانی نێو ڕژێم): لە کاتی دانوستانەکاندا، دوو باڵی جیاواز لەناو ڕژێمەکەی قەزافیدا دروست بوون، کە نووسەری وتارەکە دەیانکاتە نموونە بۆ باڵەکانی ئێستای نێو کۆماری ئیسلامیی ئێران:

١. مووسا کووسا  (Musa Kusa): سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی دەرەوەی لیبیا بوو. بەهۆی ئەوەی لە ئەمریکا خوێندبووی، شارەزاییی باشی لە سیاسەت و بیرکردنەوەی ڕۆژاوا هەبوو. کووسا نوێنەرایەتیی باڵی “پراگماتیک یان واقعبین”ی دەکرد لەناو دەسەڵاتدا. ئەو، ئەندازیاری سەرەکیی دانوستانەکان بوو و، قەزافیی قایل کرد کە تەنیا لە ڕێگەی دەستبەرداربوون لە چەکە ئەتۆمییەکانەوە، لیبیا دەتوانێت متمانەی ڕۆژاوا بەدەست بهێنێت و ڕژێمەکە لە مەترسیی ڕووخان بپارێزێت.

٢. عەبدوڵڵا سەنووسی (Abdullah Senussi): سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی و ئاوەڵزاوای قەزافی بوو (هاوسەری “فاتیمە فەرکاش” خوشکی “سەفیە فەرکاش”ی هاوسەری قەزافی). سەنووسی کەسێکی زۆر دڕندە بوو (بەرپرسیاری یەکەم بوو لە کوشتارگەی زیندانی ئەبوسەلیم کە تیایدا زیاتر لە ١٢٠٠ زیندانی کوژران). ئەو نوێنەرایەتیی باڵی “توندڕەو”ی دەکرد و بەتوندی دژی ڕادەستکردنی نهێنییە سەربازییەکان بوو بە ئەمریکا. سەنووسی پێی وا بوو کە دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی، وا دەکات ڕژێمەکە بێپارێزبەندی بمێنێتەوە و لە داهاتوودا ئاسانتر لەناو ببردرێت.

سەرچاوەکان:


[i]
 Virginia Tech (N.D.) “History Repeating,” ECHO – The Voices of Virginia Tech’s College of Liberal Arts and Human Sciences, retrieved from: https://liberalarts.vt.edu/magazine/2017/history-repeating.html.
[ii] Azodi, S. (2026). Iran and the Bomb: The United States, Iran, and the Nuclear Question, Bloomsbury, p.143.
[iii] Gavin, F. (2025). Thinking Historically: A Guide to Statecraft and Strategy, Yale University Press, p.84.
[iv] Squassoni, S. and Feickert, A. (2004). “Disarming Libya: Weapons of Mass Destruction,” Congressional Research Service, retrieved from: https://www.everycrsreport.com/files/20040422_RS21823_9c2b81fe3a3385f6aa0d78a8ac41e3e8cd0cb7ad.pdf.
[v] Al Jazeera English (2011). “Profile: Moussa Koussa,” YouTube, retrieved from:  https://www.youtube.com/watch?v=wOj9F7kMgds.
[vi] Abrams, E. (2011). “The Defection of Musa Kusa,” Council on Foreign Relations, retrieved from: https://www.cfr.org/articles/defection-musa-kusa.
[vii] BBC (2015). “Profile:  Abdullah al-Senussi,” retrieved fromhttps://www.bbc.com/news/world-middle-east-17414121.