1

لایەنە توندڕەوەکانی عێراق پرۆسەی داماڵینی چەک ڕەتدەکەنەوە، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە پێی ڕازی بوون

 

The National Context

بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەستیان بە وەڵامدانەوەی هەڵمەتێکی نوێ کردووە بۆ خستنەژێرکۆنترۆڵی سەرجەم چەکەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت. چوارچێوەی هەماهەنگی چەترێکی سیاسیی بۆ ئەم هەنگاوە دابین کرد، کە پشتیوانیی خۆی بۆ ”قۆرخکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە” و جیاکردنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسی، حزبی، و کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند. چوارچێوەکە دەسەڵاتی بەخشییە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، وەک فەرماندەی گشتی، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، و ئەم هەنگاوەی بە دەستوور، یاسای حەشدی شەعبیی ساڵی ٢٠١٦، بەرنامەی حکوومەت، و ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەوە گرێ دا.

بەستێن: پرۆسەی جێبەجێکردن ڕادەستی لیژنەیەکی سێ کەسی کراوە کە پێکهاتووە لە زەیدی، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، و هادی عامری سەرکردەی ڕێکخراوی بەدر. ئەرکە ڕاگەیەنراوەکانی لیژنەکە زیاتر لە پێڕستێکی پشکنین دەچێت بۆ تواندنەوەی گرووپەکان لەناو دەوڵەتدا نەک فەرمانی چەکداماڵین. بڕیارە لیژنەکە وردبینی لە ژمارەی چەکدارەکاندا بکات، پێشینەی تاوانیان بپشکنێت، ژمارەی ڕاستەقینەی کارمەندان هەژمار بکات، وادەیەک بۆ ڕادەستکردنی چەکەکان دیاری بکات، ئەو کارمەندانە بەسەر وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکاندا دابەش بکات، داراییان بۆ دابین بکات، و لەوانەیە وەزارەتێکی نوێی ئاسایش بۆ حەشدی شەعبی یان دەزگایەکی ئەمنیی سەربەخۆ دابمەزرێنێت.

سێ گرووپ بە ئاشکرا لۆژیکی لێکجیابوونەوە و پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان قبووڵ کردووە. موقتەدا سەدر جیاکردنەوەی سەرایا سەلام (Saraya al-Salam)ی لە ڕەوتی سەدر و لکاندنی بە دەوڵەتەوە ڕاگەیاند، و ڕێگەی دا فەرماندەی گشتی بەپێی ویستی خۆی لیواکانی بخاتە سەر وەزارەتی بەرگری یان ناوخۆ و چەکەکانیان ڕادەستی هەر لایەنێک بکات کە وەریان دەگرێت. عەسائیب ئەهلولحەق (Asaib Ahl al-Haq) لە ٢ی حوزەیران هەمان هەنگاوی نا و ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی بە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبییەوە دەپچڕێنێت، چەکەکانی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەهێڵێتەوە، و خۆی دەخاتە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتییەوە. گرووپەکە لیژنەیەکی ناوەندیی بۆ سەرژمێریکردنی کارمەندان، چەک، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکان پێکهێنا پێش ئەوەی خۆی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بگونجێنێت. کەتائیب ئیمام عەلی (Kataib al-Imam Ali) هەمان ڕۆژ دەستی بە جووڵە کرد و سێ لیژنەی پێکهێنا: یەکێکیان بۆ سەرژمێری و ڕادەستکردنی چەک، یەکێکیان بۆ خێزانی کوژراو و بریندارەکانی، و یەکێکی دیکەیان بۆ تێکەڵکردنەوەی کارمەندەکانی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت. عەممار حەکیم بە ئاشکرا ستایشی سەدر، قەیس خەزعەلی و شبل زەیدی-ی کرد بۆ ئەم هەنگاوانە.

بەرەی ڕەتکردنەوە بچووکترە. کەتائیب-ی حیزبوڵڵا (Kataib Hezbollah) بەتەواوی ڕادەستکردنی چەکەکانی ڕەتکردووەتەوە، و هەنگاوێکی زیاتریشی ناوە بە پێشکەشکردنی داوای وەرگرتن یان کڕینی ئەو چەکانەی کە گرووپەکانی دیکە دەستبەرداریان دەبن، بەتایبەتی گرنگی بە درۆن، تەقەمەنییە وێڵەکان (loitering munitions)، موشەکی کروز، و سیستەمی دژەزرێپۆش دەدات. کەتائیب-ی سەیدوشوهەدا (Kataib Sayyid al-Shuhada) بە ئاشکرا ئەم هەنگاوەی ڕەتکردووەتەوە، و کازیم فەرتووسی گوتەبێژی گرووپەکە چەکەکانیان وەک ”ئەمانەت و ئەرکێکی ئایینی” وەسف دەکات، جیاوازی دەخاتە نێوان چەکی مقاوەمە و پرسی کارگێڕیی سەربەبوون بە حەشدی شەعبی، و حکوومەت تۆمەتبار دەکات بەوەی مەرجەکانی ئەمریکای بە بەرگی ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتدا پۆشیوە. بزوتنەوەی نوجەبا (Harakat al-Nujaba) پێشتریش دژی وەزارەتی پێشنیارکراوی ئاسایشی فیدراڵی گرژییەکانی زیاتر کردبوو، کاتێک حوسێن سەعیدی پرۆسەی تێکەڵکردنەکەی بە پڕۆژەیەکی ئەمریکی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە سازش لەسەر چەکی مقاوەمە ناکەن.

راستییەکەی، هەڵمەتی کۆنترۆڵکردنی چەک بەتەنیا لە ئارادا نییە. ڕاپۆرتە عێراقییەکان ئەم پرۆسەیە بە توندی بە گوشارەکانی ئەمریکاوە گرێ دەدەن، هەر لە ڤیتۆی کاریگەری واشنتن لەسەر پێکهێنانی کابینە تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی ناردنی دۆلار و یەدەگی دراوی بیانیی عێراق، و ڕێگەنەدانی بە کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بە گرووپە چەکدارەکان بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، ڕێڕەوێکی دارایی و بیرۆکراسی بەڕێوە دەچێت: جووڵەکان لە دەوروبەری پاڵاوگەی بێجی، کەسایەتییەکانی وەک عەدنان جومەیلی  و تۆڕە گومانلێکراوەکانی قاچاخی نەوت، لەگەڵ ئەگەری دوورخستنەوەی هەزاران بەرپرسی پلە تایبەت کە لەناو وەزارەتەکاندا جێگیر کراون. بە کۆکردنەوەی هەموو ئەمانە، ڕێوشوێنەکان زۆر لە پرسی چەک تێدەپەڕێنن، و شۆڕدەبنەوە بۆ ناو ئەو پارە و تۆڕی پاڵپشتییانەی کە ماوەیەکی زۆرە هێزی گرووپەکانیان پاراستووە.

شرۆڤە: ڕوونترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لەم پرۆسەیە بریتییە لە خوێندنەوەی کاریگەرییەکەی، کە لەسەر ئاستی سیاسی زیاتر ڕەنگ دەداتەوە تاوەکو لەسەر ئەرزی واقیع. هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو بەرەکە دەکەوێتە نێوان ئەو گرووپانەی کە زۆرترین زیانی سیاسییان پێدەگات لەگەڵ ئەو گرووپانەی کە هێشتا هێزەکەیان پشتی بە چەکەکانیان بەستووە. گرووپی یەکەم توانای ئەوەی هەیە بوونی چەکداریی ئاشکرای خۆی بە پارێزبەندیی دەوڵەت بگۆڕێتەوە. بەڵام گرووپی دووەم ناتوانێت ئەمە بکات، چونکە ئەم مامەڵەیە لەو شتە بێبەشیان دەکات کە وایکردووە ڕۆڵ و بەهایان هەبێت.

گروپی عەسائیب-ی ئەهلولحەق بە توندی لەناو گرووپی یەکەمدا جێگیر بووە. ئەم گرووپە چیتر میلیشیایەک نییە خاوەنی باڵێکی سیاسی بێت، بەڵکو زیاتر بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە پاشماوەیەکی میلیشیایی هەیە. باڵە سیاسییەکەی، سادیقوون، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥دا ٢٨ کورسی بەدەستهێنا، کە لە هەر پارتێکی دیکەی تاکەکەسیی شیعە زیاتر بوو کاتێک هاوپەیمانییە فراوانەکان لێک جیا دەکرێنەوە. بۆ ڕێکخراوێک بەو قەبارەیە، مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک هێزێکی چەکداری نایاسایی زۆر تێچووەکەی زیاترە لە پۆلێنکردنەوەی چەند لیوایەکی پەیوەندیدار بە حەشدی شەعبی. بە واتایەکی دیکە بۆ عەسائیب، ئەمە تەسلیمکردنی دەسەڵات نییە، بەڵکو پاراستنی پێگەی پەرلەمانی، وەزاری و ئابووریی خۆیەتی لە ڕێگەی دەستبەرداربوون لە بەرچاوترین بەشی دۆسیە چەکدارییەکەی. ژینگەی کۆمەڵایەتیی ئەم گرووپە زۆر لە ژینگەکەی سەدر دەچێت، کە بریتییە لە چینی هەژار و زۆرجار کەمخوێندەواری شیعە، بۆیە پاراستنی تۆڕەکانی پاڵپشتی و ئابووریی هەمان ئەو شتەیە کە بنکەی دەنگدەرانی دەپارێزێت و فراوانی دەکات. هەروەها ئەمە ئامانجە درێژخایەنەکەیان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران لە داهاتوودا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، کە خەڵاتێکە و پێویستی بە پەیوەندییەکی کارا و قبووڵکردنە لەلایەن ئەمریکاوە.

هەڵوێستی ڕێکخراوی بەدریش هەمان ئاراستەی هەیە بەڵام لەسەر بناغەیەکی کۆنتر. هێزی ئەم ڕێکخراوە کەمتر پشتی بە چەکی سەربەخۆ بەستووە و زیاتر پشتی بە دەیان ساڵ لە دزەکردنە ناو وەزارەتە ئەمنییەکان، پارێزگاکان، و خودی سیستەمی حەشدی شەعبی بەستووە. بوونی عامری لە لیژنەی جێبەجێکردندا، لەگەڵ پێشنیاری وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی کە حەشدی شەعبی وەک پێکهاتەیەکی دەوڵەت لەخۆدەگرێت، ئاماژەیە بۆ دەرەنجامێکی ڕوون. ئەگەر دامەزراوەکە بمێنێتەوە، ئەوا ڕێکخراوی بەدر پێویستی بە هیچ میلیشیایەک نییە لە دەرەوەی، چونکە پێشوەختە هەژموونەکەی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕەگی داکوتاوە.

سەدر کەمترین زیان لە هەمووان دەکات. سەرایا سەلام تەنیا یەکێکە لە سەرچاوەکانی هێزی سەپاندنی، و هەرگیز گرنگترینیشیان نییە. هێزی ڕاستەقینەی ئەو لە بنکەیەکی جەماوەریی فراوان، تۆڕێکی پیاوانی ئایینی، و توانای هێنانەسەرشەقامی شوێنکەوتووەکانی لە هەر کاتێکدا بیەوێت، خۆی دەبینێتەوە. ڕادەستکردنی لیواکانی بە دەوڵەت وای لێدەکات وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و دەوڵەتمەدار دەربکەوێت لە کاتێکدا شتێکی زۆر کەم لەو هێزەی دەکاتە قوربانی کە وایکردووە خاوەن پێگەیەکی سامناک بێت، هەروەها ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە پێکهاتەکانی سامەڕاش ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لەوێ ڕوو بدات.

کەتائیب-ی حیزبوڵڵا بەتەواوی سەر بە گرووپەکەی دیکەیە، و گرنگترین کارەکتەرە لە سەرجەم پرۆسەکەدا. ئەم گرووپە بەهێزترین تاکە لایەنە لەناو حەشدی شەعبیدا و قووڵترین ڕەگی تێیدا داکوتاوە، کە بەڕێوەبردنی لیواکانی ٤٥، ٤٦، و ٤٧ی لەئەستۆدایە و هەستیارترین بەشەکانی ئەو هێزەی بەدەستەوەیە، لەوانەش دەستەی ئەرکان، ئاسایش، هەواڵگری، موشەک و دژەزرێپۆش. سەرکردە مەیدانییەکەی، ئەبو فەدەک محەمەداوی، لە هەمان کاتدا فەرماندەی کاروباری ڕۆژانەی حەشدی شەعبییە. گرووپەکە لە ڕێگەی بزووتنەوەی حقوق (Huqooq Movement) چەترێکی سیاسیی هەیە، بەڵام هەرگیز وەک پڕۆژەیەکی پەرلەمانی دانەمەزراوە. بەهای ئەم گرووپە لە توانای سەربازیی بژاردە، دیسپلینی ئایدیۆلۆژی، نزیکیی لە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC)، و ژێرخانێکی نهێنیدا خۆی دەبینێتەوە کە گرووپەکانی دیکە ناتوانن شانبەشانی بوەستن. خودی ئەندامێتی لەم گرووپەدا پێگەیەکی ڕێزلێگیراو لە نێوان چەکدارە شیعەکاندا دەبەخشێت، ڕێک لەبەر ئەوەی مەشق و ڕاهێنانی باشتر و دیسپلینی توندتری هەیە. لە ڕاستیدا، کەتائیب حیزبوڵڵا خەریکە دەبێتە نزیکترین هاوتای عێراقی بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی، بێ هەبوونی ئەو ڕۆڵە سیاسییە جەماوەرییە کە بۆ ئەو کارەکتەرە شیعانە بەجێهێڵراوە کە دەتوانن بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو خۆیان بخەنەڕوو وەک کەسانێک کە کەمتر گرێدراوی تارانن.

چینێکی دیکە هەیە کە زیاتر ئەم گرووپە جیادەکاتەوە. کەتائیب حیزبوڵڵا تەنیا خاوەنی چەکدار، چەک، و ڕۆچوون بەناو دەوڵەتدا نییە، بەڵکو خاکی بەدەستەوەیە. ناوچەی جورف سەخەر (Jurf al-Sakhar)، کە ناوی گۆڕدرا بۆ جورف نەسر (Jurf al-Nasr) دوای دەرکردنی داعش و دانیشتووانە سوننەکەی، بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵە وەک ناوچەیەکی ئەمنیی داخراوی ژێر کۆنترۆڵی کەتائیب-ی حیزبوڵڵا لە باشووری بەغدا ماوەتەوە، کە بە ڕووی خەڵکی دەرەوەدا داخراوە و لە دەرەوەی چاودێریی حکوومەتدایە. ڕاپۆرتەکان ناوچەکە وەک بنکەیەکی سەرەکی بۆ کەمپەکانی ئەم گرووپە و شوێنێکی گرێدراو بە پەرەپێدانی موشەک و درۆن بە پاڵپشتیی ئێران وەسف دەکەن، هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی ئاوارەبوونی دانیشتووانە ناوخۆییەکەیدا ڕوودەدەن کە ڕێگەی گەڕانەوەیان پێنەدراوە. ئەمە شتێک بە کەتائیب حیزبوڵڵا دەبەخشێت کە هیچ گرووپێکی دیکە نییەتی: بنکەیەکی پشتیوانی پاشەوە، قووڵایی لۆجستی و مەشقپێکردن، و جوگرافیایەکی قابیلی بەرگریکردن کە ڕێڕەوەکانی چوونەناو بەغدا، بابل، و کەربەلا دەپارێزێت.

ڕاستییە یەکلاکەرەوەکە سەبارەت بەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ئەو گرووپانەی لێکجیابوونەوە قبووڵ دەکەن ئەوانە نین کە کێشە ئەمنییەکانی عێراق لەگەڵ واشنتن دروست دەکەن. لە میانی جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئێران، ئیسرائیل، و ئەمریکادا، زۆرینەی ڕەهای هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە کەتائیب حیزبوڵڵاوە سەرچاوەیان دەگرت، لەگەڵ بەشدارییەکی کەمتری نوجەبا و کەتائیب-ی سەیدوشوهەدا. ئەو گرووپانەی کە ئێستا لیژنەکانی سەرژمێریکردن پێکدەهێنن، تا ڕادەیەکی زۆر، ئەوانە نەبوون کە تەقەیان دەکرد. لەبەر ئەوە، لێکجیابوونەوەی ئەمانە تەنیا نەخشەی یاسایی حەشدی شەعبی دادەڕێژێتەوە بەبێ گۆڕینی واقیعی مەیدانی و ئۆپەراسیۆنی.

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق (Islamic Resistance in Iraq)، سەرایا ئەولیائودەم (Saraya Awliya al-Dam)، ئەسحابولکەهف (Ashab al-Kahf) / کەتائیب-ی سەرخەتولقودس (Kataib Sarkhat al-Quds)، و جەیشولغەزەب (Jaysh al-Ghadab)  بەرپرسیارێتیی نزیکەی سەرجەم هێرشەکانیان لەئەستۆ گرتووە. بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم ناوانە تا ڕادەیەکی زۆر وەک ڕووپۆشێک کار دەکەن بۆ هەمان ئەو گرووپە بچووکە لە میلیشیا سەرەکییانەی کە یەکگرتنیان ڕەتکردووەتەوە. مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق چەترە فراوانەکەیە؛ بەپێی هەڵسەنگاندنی خودی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم چەترە پێکهاتووە لە کەتائیب حیزبوڵڵا، بزوتنەوەی حیزبوڵڵا نوجەبا (Harakat Hezbollah al-Nujaba)، کەتائیب-ی سەیدوشوهەدا و ئەنساروڵڵا ئەلئەوفیا (Ansar Allah al-Awfiya). ‘سەرایا ئەولیائودەم’ بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە کەتائیب-ی سەیدوشوهەداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کەتائیب-ی حیزبوڵڵا. ئەسحابولکەهف و کەتائیب سەرخەتولقودس لەناو تۆڕە ڕووپۆشەکانی دەوروبەری نوجەبا جێیان دەبێتەوە. هەروەها پێدەچێت جەیشولغەزەب زیاتر سەر بە پێکهاتەی هەڵگری هەمان مۆرکی مقاوەمە بێت نەک سەرکردایەتییەکی سەربەخۆی میلیشیایی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، هەنگاوەکانی عەسائیب، بەدر، و سەدر زیاتر مامەڵەیەکی عەقڵانین نەک سازشکردن. هەر یەکێکیان دەستبەرداری ئەو بەشە لە ناسنامە چەکدارییەکەی دەبێت کە بووەتە بارگرانی، لە کاتێکدا ئەو سەرچاوەی هێزە دەپارێزێت کە لە ڕاستیدا بەلایەوە گرنگە، جا ئەو هێزە قورسایی پەرلەمانی بێت، ڕۆچوون بێت بەناو دامەزراوەکاندا، یان بنکەیەکی جەماوەریی ئامادە بۆ جووڵەپێکردن بێت. هیچ کام لەمانە پێویستیان بە میلیشیایەکی سەربەخۆ نییە بۆ ئەوەی بە بەهێزی بمێننەوە، بۆیە ڕادەستکردنی میلیشیایەک زیانێکی ئەوتۆی نابێت و لە بەرامبەردا ڕوخسارێکی دەوڵەتمەدارانەیان پێ دەبەخشێت.

هەروەها لایەنێکی ئەرێنیی پراکتیکی هەیە کە لەناوخۆی شیعەدا زیاتر و زیاتر دانی پێدا دەنرێت: یەکگرتن دەتوانێت کۆنترۆڵی شیعە بەسەر دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەتدا بەهێزتر بکات لەبری ئەوەی لاوازی بکات. ڕێکخراوی بەدر پێشینەی ئەمەیە. هێنانی پیاوەکانی بۆ ناو وەزارەتی ناوخۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە دامەزراوەییکردنی هەژموونەکەیان بوو لەبری ئەوەی کۆتایی پێ بهێنێت. زۆرێک لە پشتیوانانی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی نیمچە پیرۆز مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، ئەمەش وا دەکات قسەکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئازاربەخش بێت، بەڵام پاساوی ستراتیژیی دامەزراوەی دەسەڵاتدار ئەوەیە کە سیستەمێکی ئاراستەکراو لەلایەن دەوڵەتەوە دەتوانێت هەژموونی شیعە بپارێزێت لە هەمان کاتدا سنوورێک بۆ ئەو پەرتەوازەییە گرووپییە دابنێت کە حەشدی شەعبیی کردووەتە گۆڕەپانی ململانێی ناوخۆیی و، بە شێوەیەکی تا دێ زیاتریش، بارگرانییەک بۆ سەریان.

لە بەرامبەر ئەو ڕێوشوێنە سیاسی و داراییانەی کە هاوتەریب لەگەڵیدا بەڕێوە دەچن، هەڵمەتی چەکداماڵین کەمتر لە فەرمانێکی دابڕاوی چەکداماڵین دەچێت و زیاتر ڕێڕەوێکە لە کەمپینێکی فراوانتری گوشار. ڕێڕەوە ئەمنییەکە سەرژمێریکردنەکان، ڕادەستکردنەکان، لێکجیابوونەوەکان، و وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵیی پێشنیارکراو لەخۆدەگرێت. ڕێڕەوە سیاسییەکە پاڵنەرەکان بۆ دوورخستنەوەی کاندیدی گرووپەکان لە کابینەکە و ئاراستەکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەو پشتبەستن بە تەکنۆکراتە سەربەخۆکان لەخۆدەگرێت. ڕێڕەوە داراییەکەش دۆسیەکانی گەندەڵی، کەیسەکانی قاچاخی نەوت، پرسی دەستگەیشتن بە دۆلار، و ئەو بەرپرسانە لەخۆدەگرێت کە بە تۆڕەکانی ئەو گرووپانەوە گرێ دراون. هەر بۆیە چەکەکان تەنیا بەرچاوترین بەرەی ئەم هەڵمەتەن.

هیچ کام لەمانە بێ کێشە تێناپەڕن. پرۆسەکە جێگەی مشتومڕە و هەڵوەشاندنەوەی ئاسانە، بەتایبەتی ئەگەر ناوچەکە بگەڕێتەوە ناو ململانێیەکی کراوەی ئێران و ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکان لۆژیکی یەکخستنی گۆڕەپانەکان زیندوو بکەنەوە. ململانێ توندەکە لەسەر پرسی جێبەجێکردنە: کام دەزگای دەوڵەت جێگەی متمانەیە بۆ وەرگرتنی ئەم توانا سەربازییانە و جێبەجێکردنی سنووردارکردنەکان، لە کاتێکدا واشنتن بێمتمانەیە بەرامبەر بەو دامەزراوانەی کە گرووپەکان چەندین ساڵە تیایاندا ڕۆچوون. کاتەکەش ئەم دۆخە ئاڵۆزتر دەکات، چونکە جووڵەکردن لەسەر دۆسیەی چەک لە کاتێکدا هێشتا گفتوگۆ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران دەکرێت، چەکداماڵین بە پێکهێنانی حکوومەتەوە گرێ دەدات و دەرگا بە ڕووی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و خەتاخستنە ئەستۆی کەسانی دیکەدا دەکاتەوە.

لەم ڕووەوە، ڕەنگە پرۆسەکە بەڕاستی تێکەڵاویی نێوان پارتەکان و حەشدی شەعبی ڕێکبخاتەوە، بەڵام نابێت بە هەڵە وەک چەکداماڵینێکی ستراتیژی لێکبدرێتەوە. ئەوەی خەریکە لەدایک دەبێت لێکجیابوونەوەیەکی بژاردەیییە، کە تێیدا ئەو گرووپانەی مانەوەی سیاسییان لە مەترسیدایە ڕواڵەتی سەربەخۆیی چەکدارییان دەگۆڕنەوە بە پارێزگاریی دەوڵەتێک کە خۆیان یارمەتیدەرن لە کۆنترۆڵکردنیدا، لە کاتێکدا ئەو گرووپانەی لە ڕاستیدا ئەو توانا سەربازییانەیان بەدەستەوەیە کە واشنتنیان نیگەران کردووە، تواناکانیان هەر دەپارێزن. ئەوەی ئایا ئەمە بە چەکداماڵینی ڕاستەقینە کۆتایی دێت یان تەنیا دووبارە تۆمارکردنەوەی هەندێک گرووپە لەناو دەوڵەتدا، هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، لە کاتێکدا گرووپە توندڕەوەکانی وەک کەتائیب-ی حیزبوڵڵا، نوجەبا، کەتائیب سەیدوشوهەدا، ئەسحابولکەهف، و سەرایا ئەولیائودەم پۆلێنی چەکی مقاوەمە لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە دەهێڵنەوە. تەنانەت ڕەنگە ئەو کڕۆکەی مەسەلەکە لە بەغداش یەکلایی نەکرێتەوە. دەگوترێت دۆسیەی چەکی ئەم ڕەتکەرەوانە، بەتایبەتی کەتائیب حیزبوڵڵا، گرێدراوی دانوستانە فراوانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، ئەمەش پرسیارە یەکلاکەرەوەکان و وەڵامی کۆتایی ئەمریکا دەخاتە دەرەوەی دەسەڵاتی پرۆسە عێراقییەکە.

کەواتە، کڕۆکی چیرۆکەکە لە پێشوازیلێکردنی لەناکاوی سەروەریی دەوڵەت نییە. بەڵکو دووبارە هاوسەنگکردنەوەیەکی ستراتیژیی زۆرەملێ یاخود ناچارەییە کە وەک بژاردەیەکی سەروەرییانە خراوەتەڕوو: هەڵوەشاندنەوەی هێزەکان بەو ڕادەیەی کە بتوانن لەبەرامبەر گوشارەکان بمێننەوە، یەکگرتن بەو ڕادەیەی کە ڕێگری لە کاردانەوەی توندی بنکەی جەماوەریی حەشدی شەعبی بکات، پاراستنی سیستەمە ئاراستەکراوەکە لەلایەن شیعەوە، و پیشاندانی پاشەکشە لە سەربەخۆیی میلیشیایی وەک هەنگاوێکی دەوڵەتسازی، پێش ئەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان و پەرتەوازەیی ناوخۆیی ڕێگە لە بەدەستهێنانی دەرەنجامێکی کۆنترۆڵکراو بگرن.

سەرچاوە:

https://thenationalcontext.com/iraqs-hardline-factions-refuse-a-disarmament-others-have-accepted/