پێنتاگۆن هەست بە هەڵکشانی مەترسیی سیخوڕی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات
وەزارەتی بەرگری (Defense Department)ی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی دژەهەواڵگریی بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە و، باوەڕ وایە ئیسرائیل گوێی لە دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران گرتووە.
نیویۆرک تایمز (The New York Times)
نووسەرەکان: جولیان ئی. بارنز (Julian E. Barnes) و ئێریک شمیت (Eric Schmitt)
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەم دوایییەی ئەمریکا، نیگەرانییان لەسەر گوێگرتنی دەزگه سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لە دانوستانکارانی ئەمریکی ورووژاندووە کە کار لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەکەن؛ ئەمەیش لە ناوەڕاستی هەڵکشانی نیگەرانییەکان لەبارەی هەڕەشەیەکی گشتیتری دژەهەواڵگری (Counterintelligence) لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئیسرائیل و ئەمریکا لەمێژە دەزانن و قبووڵیان کردووە کە هەر یەکەیان سیخوڕی بەسەر ئەوی تریانەوە دەکات. بەڵام بەپێی گوتەی هەندێک بەرپرسی ئەمریکی، هەوڵە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ زانینی هەڵوێستەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێراندا سنووری بەزاندووە.
ڕاپۆرتەکان ئەو نیگەرانییانە لەخۆ دەگرن کە ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ گوێگرتن لە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا چڕ کردووەتەوە، لەوانە ستیڤ ویتکۆف (Steve Witkoff)، گەورە دانوستانکاری سەرۆک ترەمپ و، ئێلبردج ئەی. کۆڵبی (Elbridge A. Colby)، گەورە بەرپرسی سیاسەتی پێنتاگۆن و، یەکێک لە جێگرە سەرەکییەکانی، مایکڵ پی. دیمینۆ (Michael P. DiMino IV).
ڕاپۆرتێکی تر، کە ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری (Defense Intelligence Agency – DIA) و فەرمانگە هەواڵگرییە سەربازییەکانی تر نووسیویانە و تیشک دەخاتە سەر ڕووداوەکانی چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی هەڕەشەی دژەهەواڵگریی ئیسرائیل لەم هەفتانەی دواییدا بۆ بەرزترین ئاست بەرز بووەتەوە؛ واتە لە بەرزەوە بۆ هەستیار. ڕاپۆرتەکە، کە ئاژانسی دژەهەواڵگری و ئاسایشی بەرگری (Defense Counterintelligence and Security Agency) بەشدارییان تێدا کردووە، باس لە هەوڵە جۆراوجۆرەکانی ئیسرائیل بۆ سیخوڕیکردن بەسەر کارمەندانی سەربازی و بەرپرسانی حکوومیی ئەمریکاوە دەکات.
ڕاپۆرتەکان و نیگەرانییە چڕەکان سەبارەت بە سیخوڕیی ئیسرائیل، لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێن. ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە له دژی ئێران دهجهنگن و، هەرگیز وەک ئێستا هەماهەنگیی سەربازیی نزیکیان نەبووە؛ بە جۆرێک ئەفسەرە سەربازییەکانی ئیسرائیل شانبەشانی هاوتا ئەمریکییەکانیان لە فەرماندەییی ناوەندییی ئەمریکا (U.S. Central Command) کار دەکەن.
سوپای ئەمریکا زۆرێك لە زانیاریی تاکتیکی و ئۆپەراسیۆنی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیدا هاوبەش دەکات. بەڵام بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا ڕایان گەیاند کە ئیسرائیل بەدوای تێگەیشتن لە ستراتیژیی دۆناڵد ترەمپ و گۆڕانی هەڵوێستەکانیدا لەسەر گفتوگۆکانی ئاشتیدا دەگەڕێت.
پێ دەچێت هۆشدارییە نوێیەکە هەوڵەکانی یەکخستنی زیاتری پلاندانانی سەربازیی جەنگ لەنێوان فەرماندەییی ناوەندییی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ئاڵۆز بکات، بەتایبەتی ئەگەر پێنتاگۆن بڕیار بدات کۆتوبەندی نوێ بخاتە سەر ئەو زانیارییانەی لەگەڵ ئەفسەرانی ئیسرائیلدا هاوبەش دەکرێن.
پێشتر گرژی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە. لە کاتێکدا ترەمپ بەدوای ڕێککەوتنێکی ئاشتیدا دەگەڕێت، كهچی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەوڵ دەدات تواناکانی ئێران زیاتر دابەزێنێت، حکوومەتە تیۆکراتییەکەی (Theocratic) لاواز بکات یان بیڕووخێنێت و، هێرش بکاتە سەر بریکارەکەی تاران لە لوبنان، واتە حزبوڵڵا.
ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەی (DIA) دوای چەند ڕووداوێک دێت کە تێیاندا کارمەندانی بەرگریی ئەمریکا لە ئیسرائیل بۆیان دەرکەوت کە سۆفتوێر (Software)ی گوێگرتن لە پەیوەندییەکانیان بەنهێنی لەسەر مۆبایلەکانیان جێگیر کراوە. پێشتر ئێن بی سی نیوز (NBC News) بوونی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری و بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشەکەی بڵاو کردەوە. بەڵام وەزارەتی بەرگری ئامادە نەبوو لێدوان بدات. بەرپرسێکی کۆشکی سپی (White House)، کە مەرجی ئەوەی دانا ناوی ئاشکرا نەکرێت، گوتی کە چیرۆکەکە درۆیە.
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتۆن (Washington) قسەی ئەو کەسانەی ڕەت کردەوە کە دەڵێن ئیسرائیل هەڕەشەی دژەهەواڵگری دروست دەکات و، گوتی کە ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر بەرپرسان یان دامەزراوەکانی ئەمریکاوە ناکات.
چەند بەرپرسێکی ئێستا و پێشووی ئەمریکا، بە مەرجی مانەوەیان بەنەناسراوی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە هەستیارە هەواڵگرییەکان، پێشهاتەکانیان خستە ڕوو. ئەوان گوتیان لە هەندێک ڕووەوە هۆشدارییە دژەهەواڵگرییەکە جێی سەرسوڕمان نییە. ئیسرائیل لەمێژە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنە توندەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریدا کردووە لە دژی دوژمنان و هاوپەیمانەکانی؛ وەک چۆن ئەمریکاش هەمان کار دەکات.
لەگەڵ ئەوەیشدا، ئاستی هەڕەشەی دژەهەواڵگریی ئیسرائیل ئێستا لە هەموو هاوپەیمانێکی تر بەرزترە و لە هەندێک وڵاتی نەیاریش بەرزترە. بەرپرسەکان گوتیان، لە ناو هاوپەیمانەکانی ئەمریکادا، تەنها کۆریای باشوور (South Korea)، کە لە هەندێک دۆخدا لە ئاستێکی بەرزدا پۆلێن دەکرێت، نزیک دەبێتەوە لەو نیگەرانییەی لەبارەی هەوڵە سیخوڕییەکانی ئیسرائیلەوە هەیە.
بەرپرسێکی باڵا ڕای گەیاند، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ئیسرائیل لەسەر بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لە ماوەی ئیدارهی دووەمی ترەمپدا لە ئاستێکی ”بێسنوور” و تونددا بووە. بەرپرسەکان، کە بە مەرجی نەناسراوی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵسەنگاندنە ناوخۆیییەکان قسەیان کرد، گوتیان کارمەندانی ئەمریکی کۆمەڵێک ڕێکار و پرۆتۆکۆڵ (Protocols)ی ئەمنی بەکار دەهێنن بۆ یارمەتیدان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکە و پاراستنی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تریان، بەتایبەتی لە کاتی گەشتکردندا لەناو ئیسرائیل، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی ئامادە نەبوون ڕێکارەکان بەوردی باس بکەن.
هاوکاریی نێوان هەردوو سوپاکە زۆر نزیکە، بەڵام پێویستە هەر یەکەیان نهێنیی زانیارییە هەرە هەستیارەکانی خۆی بپارێزێت. بۆ نموونە، لە ناوەندی هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازی (Civil-Military Coordination Center) بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە شاری کیریات گات (Kiryat Gat) لە ئیسرائیل، کارمەندانی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکا و ئیسرائیل، شانبەشانی یەکتر کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە و ئاسانکاری بۆ هەوڵە مرۆیییەکان. بەڵام بیناکە نهۆمێکی تایبەت بە ئەمریکا و نهۆمێکی تایبەت بە ئیسرائیلی هەیە کە کارمەندانی هەر وڵاتێک دەتوانن تیایاندا گفتوگۆ لەسەر هەستیارترین بابەتەکان بکەن.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ڕووداوەکانی دژەهەواڵگری لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٤دا دەستیان بە زیادبوون کرد؛ کاتێک ئیدارهی بایدن (Biden) گوشاری خستە سەر ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی سەر غەززە و، تا ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوام بوو، کاتێک ئیدارهی ترەمپ تاوتوێی بژاردەکانی دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
ڕاپۆرتەکە، کە بەشداریی ژمارەیەک دەزگهی هەواڵگریی سەربازیی لەخۆ گرتبوو، وردەکاریی چەندان ڕووداوی ساڵانی ڕابردوو دەخاتە ڕوو. لە ساڵی ٢٠٢١دا، ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل لە کاتی دانانی ئامێری گوێگرتن لە بارەگای DIA دەستگیر کران. ساڵی ڕابردووش ئاشکرا بوو کە ئەفسەرانی شین بێت (Shin Bet)، دەزگهی هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل، هەوڵیان داوە ئامێرێکی گوێگرتن لە ئۆتۆمبێلێکی دەزگهی نهێنی (Secret Service) دابنێن.
هەرچەندە بەڵگەنامەکەی DIA بەئاشکرا باس لە دانوستانەکانی ئاشتی ناکات، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییە نوێیەکانی تر نیگەرانییان سەبارەت بە گوێگرتنی ئیسرائیلییەکان لە بەڕێز ویتکۆف و گەورە دانوستانکارانی تر ورووژاندووە، لە کاتێکدا هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن دەدەن بۆ پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەمریکا کە مامەڵەی زۆری لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە، ڕای گەیاند، مەیلی هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارهی ترەمپ بۆ گەشتکردن بە فڕۆکەی تایبەت، بەڕێوەبردنی کارەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بە مۆبایلە کەسییەکانیان و ڕەتکردنەوەی ستافی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە دەرەوە، وای کردووە ببنە ئامانجێکی زۆر ئاسان بۆ دەزگه سیخوڕییەکانی هاوپەیمانان و نەیاران بەیەکسانی. بەرپرسانی تری ئێستایش دانیان بەوەدا نا کە بەکارهێنانی مۆبایلی کەسی لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکاوە وای کردووە ببنە ئامانجێکی ئاسان بۆ گوێلێگرتن.
ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگی ئێراندا تا ڕاددەیەکی زۆر هاوهەڵوێست بوون؛ کاتێک ترەمپ پشتگیریی لە ئامانجە لەمێژینەکەی بەڕێز نەتانیاهۆ کرد بۆ دوورخستنەوەی حکوومەتە تیۆکراتییەکە لە دەسەڵات. بەڵام ئامانجەکانی جەنگ خێرا جیاوازییان تێ کەوت، چونکە ئەمریکا زیاتر سەرنجی خستە سەر هەوڵدان بۆ لەناوبردنی تواناکانی سەربازیی ئێران بە مەبەستی سەپاندنی سازشکردن لەسەر مێزی دانوستان، لە کاتێکدا ئیسرائیل هیوای دەخواست حکوومەتە توندڕەوەکەی ئێران دەسەڵات لەدەست بدات.
بەتەواوی ڕوون نییە بۆچی کۆڵبی، کە بەرپرسی سیاسەتی پێنتاگۆنە، دەبێتە ئامانجێک. بەڵام ئەو یەکێکە لە دیارترین لایەنگرانی سیاسەتێکی دەرەوەی کۆتوبەندکراو لەناو حکوومەتی ئەمریکادا. دیمینۆ بەرپرسی سیاسەتی پێنتاگۆنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەمەیش وای کردووە بە شێوەیەکی سروشتی ببێتە جێگەی سەرنجی ئیسرائیل.
دەربارەی نووسەران:
جولیان ئی. بارنز (Julian E. Barnes) ڕووماڵی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تایمز (The Times) دەکات. زیاتر لە دوو دەیەیە سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان دەنووسێت.
ئێریک شمیت (Eric Schmitt) پەیامنێری ئاسایشی نەتەوەیییە لە تایمز. زیاتر لە سێ دەیەیە ڕاپۆرت لەسەر کاروباری سەربازیی ئەمریکا و دژەتیرۆر ئامادە دەکات.