کۆتوبەندەکانی بەردەم هێزی ڕەق لە ئێران
ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە (Council on Foreign Relations)
مایکڵ فرۆمان (Michael Froman) سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە (CFR) شیکاری بۆ جهنگی ئێران و ئاڵۆزییەکانی ئەم قۆناغە جیۆپۆلیتیکییە دەکات.
ڕەنگە بۆ زلهێزێک هەڵخەڵەتێنەر بێت پەنا بۆ ”یاسا ئاسنینەکانی جیهان” ببات و ستراتیژیی “هێز ماف دروست دەکات“ پەیڕەو بکات، وەک چۆن پێشتر ڕاوێژکارێکی باڵای کۆشکی سپی ئاماژەی پێ کردووە. ڕاستییهكهی، ئەمڕۆ سیاسەتی دەرەوەی تاکلایەنە و جووڵەیی بە ڕێژەیەکی زیاتر پێناسەی جیۆپۆلیتیک دەکات. وەک پێشتریش نووسیومە، ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێکی جیانەکراوەیە لەم ئاراستەیە؛ بەو پێیەی لانی کەم بۆ کاتی ئێستا گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە توخمە سەرەکییەکانی سیستەمی داڕێژراو لەسەر بنەمای یاسا، کە خۆمان دامان مەزراندووە و پاراستوومانە، زیاتر بوونەتە کۆتوبەندێک بۆ سەر هێزی نیشتمانی نەک ئامرازێک بۆ بەکارهێنانی.
بەڵام هێزی ڕەق-سەربازی- بێ کۆتوبەند نییە. جێبەجێکردنی ”ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی ڕەها” (Operation Absolute Resolve) لە ڤەنزوێلا و ڕادەستکردنەوەی سەرکردەیەکی وەک “نیکۆلاس مادۆرۆ“بابەتێکە کە هەرچەندە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر ئاڵۆز بوو، بەڵام ئامانجەکانی سنووردار بوون. هەوڵدان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی جوگرافیای هێز لەسەر ئاستی ناوچەیەک بەتەواوی و لە دوورەوە، بابەتێکی تەواو جیاوازە. تاقیکردنەوەی دووەمیان واتا ”ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانی”(Operation Epic Fury) لە ئێران، ئێستا ڕاستەوخۆ لە ئارادایە. دەرەنجامەکان نەک تەنیا سنوورەکانی هێزی سەربازی دەردەخەن، بەڵکوو ئەو پشێوییەیش ڕوون دەکەنەوە کە یاسا کۆنەکانی یارییەکە (سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانیان) ڕێگرییان لێ دەکرد.
هەرچەندە هەندێک جار وا هەست دەکەین کە بینەری بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی ڕاستەقینەی وەک ”ڕێککەوتن یان بێ ڕێککەوتن ”(Deal or No Deal)ین، بەڵام ململانێی ئێستا لەگەڵ ئێران لانی کەم سێ دەرەنجامی بەرفراوانتری هەیە کە پێویستە چاودێری بکرێن: ١-لێکەوتەکان لەسەر ئازادیی دەریاوانی، ٢- داهێنانەکانی جەنگی ناهاوتا (asymmetric warfare) و، ٣- ئەو گریمانە شاراوەیانەی کە لەپشت هاوپەیمانێتی و هاوبەشییەکانەوەن.
سەپاندنی ئازادیی دەریاکان لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا،یەکێک بووە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و ئەرکێکی سەرەکیی هێزی دەریاییی ئەمریکا بووە؛ لەو کاتەوەی لە سەدەی نۆزدەیەمدا هەوڵێکی هاوبەش بۆ نەهێشتنی چەتەگهریی دەریایی لە جیهاندا درا. هەروەها ئەمە جێگەی نیگەرانییەکی سەرەکیی ئەمریکا بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی نەوتهەڵگرەکان لە کەنداوی فارس لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.
گەرووی هورمز پێش دەستپێکردنی ئەم قۆناغەی ململانێکان لەگەڵ ئێران لە ٢٨ی شوباتدا، کراوە و ئازاد بوو. ئێستا، کردنەوەیدووبارهی گەرووەکە گرنگترین پرس و خاڵی سەرەکیی چەقبەستوویییە لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئێران. وەک چۆن کیس جۆنسۆن، شرۆڤەکاری ”فۆڕن پۆڵسی ”(Foreign Policy)، دەڵێت: ”گەرووی هورمز چیتر داخراو نییە. بەڵام بەتەواویش کراوە نییە.” سەرەتای ئەم هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا بەبێدەنگی و بەبێ ئەوەی ئاشکرا ببێت ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی بە گەرووی هورمزدا تێ پەڕاندووە. ئاماژەی بەوەیش کرد، ”ئایا دەزانن ملیۆنان بەرمیل نەوتمان بردووەتە دەرەوە؟ کەس ئەوە نازانێت. دەزانن کێش پێی نەزانیوە؟ ئێران تاوەکوو ئەم ساتە. ”
ئەم کەشتییانە بە ”تاریکی”، بەبێ ڕووناکی یان ”ئامێری پەخشی ڕادار ”(transponders)ی دەریاوانی، لەژێر چاودێریی وردی هێزی دەریاییی ئەمریکادا بە گەرووەکەدا تێ دەپەڕن. لە کاتێکدا یاسا کۆنەکان لاواز دەبن، جێگەی سەرسوڕمانە کە ئێستا ئەمریکا هەمان تەکتیکی چین، ڕووسیا، کۆریای باکوور و تەنانەت ئێرانیش بەکاردەهێنێت، کە ئەوەی پێی دەگوترێت ”کەشتیگەلە تاریکەکانیان”،پێشەنگ بوون لە داهێنانی ئەم تەکتیکانەدا، بەتایبەتی بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەو تێپەڕینە نهێنییانەی گەرووەکە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان دەگاتە پازدە کەشتیی نەوت و گازی ڕۆژانە، لە ئاست دۆخی پێش قەیرانەکەدا، کە زیاتر لە پەنجا کەشتی بوون، زۆر کەمترن. تەنانەت ئەگەر قەبارەی تێپەڕینی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاساییی خۆی، ئێستا وا دەردەکەوێت سەپاندنی جۆرێک لە باج (یان ”ڕسووماتی ژینگەیی”) بەسەر ئەم کەشتییانەدا ئەگەرێکی مەعقووڵ بێت. ئەمە دەبێتە وانەیەکی تێچوودار سەبارەت بە بەهای سیستەمی بنەمادار بە یاسا، بەتایبەتی ئەگەر ببێتە دیاردەیەکی گوازراوە و وڵاتانی دیکە وەک سەرچاوەیەک بۆ بەرپەرچدانەوە، کارتی گوشار، یان داهاتی دارایی بەکاری بهێنن کە بەهۆی پێگەی جوگرافییەوە کەوتوونەتە سەر ڕێڕەوێکی ستراتیژی؛ بۆ نموونە: ئیندۆنیزیا و گەرووی مالاکا، مەغریب و گەرووی جهبهل تارق(Strait of Gibraltar)، یان تەنانەت ئینگلتەرا و گەرووی دۆڤەر، ئەگەر تەنیا ئاماژە بە چەند دانەیەک بکەین.
ئەمەیش دەمانباتە سەر دووەم ئاڵۆزیی ئەم قۆناغەی ئێستا: پرسی جەنگی ناهاوتا (asymmetric warfare). باڵادەستیی تەکنەلۆژی،سەرکەوتنی سەربازی مسۆگەر ناکات. ئەمریکا هەڵمەتێکی هێرشی بەرفراوانی دژی ئێران ئەنجام دا، کە بووە هۆی زیانێکی گەورە بە توانا دەریایی، مووشەکی، درۆن و، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە؛ سەرەڕای کوژرانی سەرکردەکانی ڕژێم، لەنێویاندا فەرماندە باڵاکانی سوپا. لە هەموو ڕوویەکەوە، ئەمە سەرکەوتنی هێزی ئاسمانیی مۆدێرن بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، تەنانەت لە دۆخە لاوازەکەیشیدا، ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانی درۆن، مین و مووشەکی تا ڕاددەیەک هەرزانەوە، توانیویەتی وێرانکاری بەسەر یەکێک لە هەستیارترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، وڵاتانی سەرانسەری کەنداوو، چەند پێگەیەکی دیاریکراوی سەربازیی ئەمریکادا بهێنێت.
بەڵام تەنیا ئێرانییەکان نین کە لە گۆڕەپانی جەنگدا داهێنان دەکەن. هاوشێوەی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، ململانێی ئێران پەرۆشی بۆ جەنگی خۆکار (autonomous warfare) زیاتر کردووە؛ هەم وەک ڕێگەیەک بۆ هێشتنەوەی سیستەمە گرانبەها و هەستیارەکان وەک یەدەگ و، هەم وەک ئامرازێک بۆ دوورخستنەوەی سەربازەکان لە مەترسی.
هەر ئەم هەفتەیە، هێزی ٥٩ی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار بۆ ڕزگارکردنی دوو سەرباز کەشتییەکی بێسەرنشینی لە شەڕدا بەکار هێنا. پێویستە ئەم ئەرکە بەشایستەیی وەک پێشاندانێکی سەرکەوتووانە بناسێنین بۆ چۆنێتیی بەکارهێنانی کاریگەری ئەم سیستەمە خۆکارە پێشکەوتووە نوێیانەی کە ئەمریکا پەرەی پێ داون. بەڵام ڕووداوەکە ئەو ڕاستییەیش دەردەخات کە تا چ ڕاددەیەک سیستەمە کەمتێچوو و قەرەبووکراوەکانی (attritable systems) ژێردەستی نەیارە کەمتر پێشکەوتووەکان، دەتوانن هەڕەشە لە پلاتفۆرمە ناوازەکانی ئەمریکا بکەن– بۆ نموونە، پێکانی کۆپتەرێکی ئاپاچی بەهۆی درۆنێکی ئێرانییەوە.
سێیەم ئاڵۆزی کە ئەم ململانێیە دروستی دەکات، پەیوەندیی بە تۆڕە بەرفراوانەکەی هاوپەیمانێتی و هاوبەشییەکانی ئەمریکاوە هەیە. پێش ”ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانی”، ئەمریکا نزیکەی چل هەزار سەربازی لە لانی کەم نۆزدە پێگە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر کردبوو. ئەم بنکە سەربازییانە کەوتبوونە لاتەنیشت و، لە هەندێک حاڵەتیشدا دەوری نەیارەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا دابوو. هەروەها وڵاتانی میوانداریان بە ئەمریکاوە گرێ دابوو، نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییشەوە. ئەم ڕێکخستنە بۆ پاراستنی بەرپەرچدانەوە و هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زۆر گرنگ بووە.
بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییش بوو، کە بەپێی ئەو پەیمانە، ئەمریکا لە بەرامبەر پێدانی بنکە سەربازییەکان، ئاسایشی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی دەپارێزێت. ئەم ململانێیە ئەو پەیمانەی تاقی کردەوە، چونکە جەنگی ئێستا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەم بنکە و هاوپەیمانێتییانە دۆستەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج. شەش سەربازی ئەمریکی کە بۆ بەرگریکردن لەم هاوپەیمانانە جێگیر کرابوون، لە کاتی هێرشی درۆنێکی ئێران بۆ سەر ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە بەندەری شوعەیبە لە کوێت، گیانیان لەدەست دا؛ ئەمە جگە لە باسی زیانەکانی سەر خودی هاوپەیمانەکان. مووشەک و درۆنەکانی ئێران کۆمەڵگەی گازی ڕەئس لەفان لە قەتەر، پاڵاوگەکانی کوێت و سعوودیا، تانکییەکانی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت و، وێستگەیەکی پاککردنەوەی ئاوی دەریایان لە بەحرێن پێکا، سەرەڕای سێ ناوەندی داتای ئەمازۆن لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرێن؛ بێگومان سەدان ئامانجی دیکەیش، لەنێویاندا باڵەخانە نیشتەجێبوونە مەدەنییەکان کرانە ئامانج.
هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، زۆر نیگەرانن بەوەی بوونەتە قوربانیی زیانی لاوەکی (collateral damage)، بەتایبەتی کە ئێستا وا دەردەکەوێت پەیمانە ئەمنییەکە لەوەی پێشبینی دەکرا کەمتر پتەو بێت. لە ساڵی ٢٠١٩دا، ڕووداوێک کە تێیدا ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ و، ئەمریکاش وەڵامی نەدایەوە، بووە هۆی دروستکردنی شۆکێکی گەورە لە سعوودیا. لەم دوایییانەیشدا، سەرۆک (ترەمپ) مەیلی بەو ئاراستەیە بووە کە گرنگیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر پێگە نائەمریکییەکان لە کەنداو کەم بکاتەوە؛ ئەمەیش ئەو نیگەرانییانەی زیاتر کردووە کە هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەمریکا،مەترسیی کەوتنەبەر هێرشی ئەو وڵاتانە زیاد دەکات؛ ڕێک لەو کاتەدا کە ئەگەری هەیە پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایشیانەوە لاواز بێت.
لە ئەنجامدا، ڕەنگە ئەمریکا لەم جەنگەدا ڕووبەڕووی ئەگەری کەمبوونەوەی مافەکانی دروستکردنی بنکەی سەربازی ببێتەوە، هەروەها ڕەنگە هاوپەیمانە دێرینەکانیشی خۆیان لە مەترسییەکان بپارێزن و پشت بە جێگرەوەی دیکە ببەستن ؛ چ لە ڕێگەی بانگهێشتکردنی زلهێزەکانی دیکەی وەک ڕووسیا و چین، یان لە ڕێگەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ ئێران کە ئاسایشیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی و هەژموونی ئەمریکا مسۆگەر بکات.
کۆتاییی هەفتە هەرچییەک بهێنێت– ڕێککەوتن یان بێ ڕێککەوتن، هێرشی نوێ یان ئاگربەستێکی نوێ، گەروویەکی تا ڕاددەیەک کراوە یان داخراو،–گۆڕینی یاساکانی یارییەکە شتێکە و، بردنەوەی یارییەکەیش شتێکی تەواو جیاوازە.