1

تەنانەت ئەگەر جەنگی ئێران کۆتایی هاتبێت، شوێنەواری خۆی جێ هێشت: ترس، کوشتار و پشێوی، هەموویان بوون بە شتێکی ئاسایی

نەسرین مالیک (Nesrine Malik)
ڕۆژنامەی گاردیان (Guardian)
فڕانک مەککۆرت (Frank McCourt) لە کتێبی ”ئەنجێلاز ئاشێز” (Angela’s Ashes) نووسیویەتی: ”مرۆڤەکان بەرگەی کوشتنێکی زۆر دەگرن.” هەرچەندە دەستەواژەیەکی ڕەش و نائومێدکەرە، بەڵام مەککۆرت باسی لە خۆڕاگری دەکرد، کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت بەرگەی ئەو هەموو هەژاری و چەوساندنەوەیە بگرێت و هێشتا لە ژیاندا بمێنێتەوە. بەڵام دیوەکەی تری توانای مرۆڤ بۆ بەرگەگرتنی ئازار ئەوەیە کە، دەکرێت چەندە ئازارمان بەسەردا بسەپێنرێت و بکرێت بە شتێکی ئاسایی. سەرسوڕهێنەرە کە چۆن جەنگ – کە لە سەرەتادا تووشی شۆکت دەکات و بەرگە ناگیرێت – بەخێرایی دەبێتە ئەمری واقع. کەم ململانێ هەیە هێندەی جەنگی سەر ئێران بەڕوونی ئەمەیان سەلماندبێت. بۆ چەندان مانگ دۆخەکە بریتی بوو لە هێرشی ئاستنزم، لێدوانی توند و نەرم و، نزیکبوونەوە لە کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان، کە هەرگیز نەهاتنە دی. قەیرانە سیاسییە توندەکان وەک نەهامەتییەکی سەخت و پشێوی بۆ خەڵک دەرکەوتن.
ئێستا ڕێککەوتنێکی ئاشتیمان هەیە، دەبێت سوپاسگوزار بین بۆ ئەوە، بەڵام بیر لەوە بکەرەوە چی پێش ئەو ڕێککەوتنە ڕووی دا. تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێرانی دەرکرد و، ئارەزووی خۆی بۆ داگیرکردنی دوورگەی خارگ (Kharg Island) دەربڕی، کە لەسەدا ٩٠ی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەخۆ دەگرێت. پاشان پێشوەختە ڕای گەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان (US) لە ڕێگەی ”ڕێککەوتنێکی گەورە”وە کۆتاییی بە جەنگی سەر ئێران هێناوە. بازاڕەکان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە جووڵەی ئاساییی خۆیان کرد، بەڵام بۆ ئەوانەمان کە وەبەرهێنانمان لە پاشەڕۆژی نەوتدا نەکردووە، ئاسایی بوو ئەگەر هیچ کاردانەوەیەکمان بۆ ئاشتییەکی چاوەڕوانکراو نەبووبێت، چونکە نزیکەی ٤٠ جار هەمان بەڵێنی دابوو. ترەمپ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان، پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا و چاوپێکەوتنەکانی چەند مانگی ڕابردوودا گوتبووی ئارام بن، خەریکە کۆتایی دێت. بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی هێرش و هێرشە پێچەوانەکان لە سەرانسەری ناوچەکە، داخستنی گەرووی هورمز (strait of Hormuz)، پشێوییە ئابوورییە گشتییەکانی جیهان و ناسەقامگیرییە تایبەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێ بگەین کە تا چەندە کۆتایی نەهاتبوو.
تەنانەت کاتێک ترەمپ باسی لە ئاشتی دەکرد، خەڵک بەدەست زیانی لاوەکییەوە (collateral damage) دەیانناڵاند. وڵاتانی عەرەبی بەر هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران کەوتن، کە وەک هاوپەیمانی ئاسانکار بۆ ئەمریکا و شەڕکەری بەوەکالەت دەیانبینێت. کاتێک هەفتەی ڕابردوو ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا هەرەسی هێنا، ئوردن، کوێت و بەحرێن کەوتنە بەر هێرشی ئاگرینی ئێران. ئەمە سەرباری ئەو چەندان هەفتەیەی هێرشکردنە سەر ئیمارات، عەرەبستانی سعوودی و قەتەر کە گیانلەدەستدانی لێ کەوتەوە، ژێرخانی وزەی وێران کرد و هەستی ئاشتیی تێک شکاند کە تەنانەت دوای ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆش، کاتێکی زۆری دەوێت تا دەگەڕێتەوە.
سیستەمە سیاسییەکان و ئابوورییەکان دەلەرزن و، لە بۆشایییەکی ڕاگوزەردا (liminal space) گیریان خواردووە کە تێیدا ژیان دەگەڕێتەوە، ڕادەگیرێت و دواتر دووبارە دەگەڕێتەوە. هەمیشە لەژێر هەڵکشانە بەردەوامەکانی هێرش و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆنه‌كان)دان، لەگەڵ هەڕەشەی مۆتەکەی گەورەتر بۆ هێرشێکی سەربازیی گشتگیری ئەمریکا لە ئێران. لە هەمان کاتدا، لەسەدا ١٧ی دابینکردنی جیهانیی غازی سروشتیی شلکراوەی قەتەر لەدەست چووە. لەوانەیە ئێستا گەرووی هورمز بکرێتەوە، بەڵام داخستنی وەک چەکێکی جەنگ، دەستبەجێ پێشینە ئابوورییەکانی سعوودیای داڕشتەوە و، پارەی بەرەو دروستکردنی ژێرخانی وەک بەندەرەکان و سەنتەرەکانی داتا (datacentres) ئاراستە کرد. دوبەی لەژێر گوشاردایە، کە هێڵە ئاسمانییە گەورەکان بەردەوامن لە ڕاگرتنی گەشتەکانیان و، پێشبینی دەکرێت ئابوورییەکەی تووشی پووکانەوەیەکی توند ببێت.
لەولای باجە ئابوورییەکانەوە، باجی دەرهەستتر (abstract) و کەمتر پێوانەکراو هەن؛ باجگەلێک کە شایەنی تێڕامانن تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنەکەی ئەمڕۆش ڕاستەقینە بێت. کاریگەرییەکی ناسەقامگیرکەر لەسەر ملیۆنان کەس هەبووە کە سەردەمی جەنگیان بەڕێ کردووە، ژیانی ئابووری، پیشەیی و کەسییان تێک چووە بەهۆی ئەو داڕشتنەوە خێرایەی کە هاوبەشییە وێرانکەر و شەڕانگێزییەکەی ترەمپ و بنیامین نه‌تانیاهۆ دروستی کردووە. پێکەوە ئەو دووانە بڕیاریان دا ئەجێنداکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکەن و گوێ بە دەرەنجامەکانی نەدەن بۆ ئەو کەسانەی کە لە واقعدا لەوێ دەژین.
لە ”ئاگربەستە” بێماناکانی سەرانسەری ناوچەکەدا، خودی واتای جەنگ دادەڕێژرێتەوە. لە غەززە، لە کاتی ئاگربەستەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی ١,٠٠٠ کەس کوژراون. لە لوبنان، لەدوای ئاگربەستەکەی مانگی نیسانەوە، کوشتارەکانی ئیسرائیل، دەرکردنی سەدان هەزار لوبنانی لە ماڵەکانیان و بۆردوومانکردنی بەشەکانی بەیرووت بەردەوامن. نزیکەی یەک ملیۆن کەس هێشتا ئاوارەن. لە دوو مانگی ڕابردوودا، ئاماری کوژراوان کە نزیکەی ١,٥٠٠ کەسە، دەکاتە یەک لەسەر سێی کۆی قوربانییەکان لەدوای هەڵکشانی ململانێکان لە سەرەتای مانگی ئازاردا. زیاتر لە یەک لەسەر چواری ئەو کوژراوانە منداڵن. هەروەها پاش دوایین ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگی نیسان، هەردوو لا هێرشی زیاتریان ئاڵوگۆڕ کرد، لەوانەیش هێرشەکانی ئەم دوایییەی ئەمریکا بۆ سەر شارەکانی باشووری ئێران.
فەرهەنگێکی تەواو بۆ وەسفکردنی ئەم دۆخەی ئینکاریکردنی جەنگە دەرکەوتووە – ئاگربەستە کاتی و هەمیشەیییەکان ”ناسکن”، ”لاوازن”، ”لە ژێر تاقیکردنەوەدان” یان ”ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەتەوە”. هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدان کە مووشەک، درۆن، کوشتار و لەشکرکێشییەکان بەردەوامن. لە دەوروبەریشیانەوە، سەمایەک دەکرێت کە زۆر ئاشنایە- بانگه‌شه‌ی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران کە لوبنانیش بگرێتەوە و، دواتر خاڵە ئاڵۆزە حەتمییەکان دەردەکەون. چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کردنەوەی گەرووی هورمز، پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و دانانی سنوور بۆ بەرنامە مووشەکییەکەی، تەنیا چەند پرسێکی ئاڵۆزن کە پێویستە چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی بەڕاستی ئاشتی بگەڕێتەوە.
هیچ شتێک لە پڕۆسەکەدا نییە کە متمانە یان دڵنیایی بە خەڵکی ئاسایی ببەخشێت. ئەمە جۆرێکی تۆقێنەرە لە یاری شەتڕەنج. کاتێک ئەمریکا، لەگەڵ پاکستانی نێوەندگیردا، پێشنیاریان کرد کە دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕابگەیەنرێت، ئێرانییەکان ڕەتیان کردەوە کە هەموو شتێک چارەسەر کرابێت، پاشان هەڕەشەیان کرد کە بەتەواوی لە دانوستانەکان دەکشێنەوە دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دەوروبەری بەیرووت.
تەنانەت ئەگەر ئەم ڕێککەوتنی ئاشتییە ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکانیشی لەسەر بێت، هێشتا چەند قۆناغێکی ماوە کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت. ئەوە باسی پرسی ئیسرائیل ناکەین کە ئێستا نزیکەی لەسەدا ٢٠ی خاکی لوبنانی داگیر کردووە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانێک کە وا دەردەکەوێت سەرپێچیی ترەمپ بکات و بە شێوەیەکی تاکلایەنانە هێرش بکاتە سەر ئێران.
کێشەی جەنگ ئەوەیە، تا زیاتر بخایەنێت، واقعی نوێی زیاتر لەسەر زەوی دروست دەکات، هەروەها ئەجێندای نوێ و جۆراوجۆر کە ناکرێت بگەڕێنرێنەوە بۆ دۆخی پێش ململانێکان. لەوانەیە نه‌تانیاهۆ بیەوێت لەژێر پەردەی لەناوبردنی حزبوڵڵا (Hezbollah)دا سوود لە پێگەی بەهێزی خۆی لە لوبنان وەربگرێت، لە کاتێکدا هیچ ئارەزوویەکی بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران نییە کە سەقامگیری بە ڕژێمێک ببەخشێت کە دەرفەتی ئەوەی هەبوو بەچۆکیدا بهێنێت. ترەمپ بەهۆی سەرکەشی و وەڵامەکانی ئێرانەوە تووشی شەرمەزاری بووە و لاوازییەکانی دەرکەوتووە. هەر لەبەر ئەمەیشە کە بەڵێنی ئاشتیی دەدا، لە کاتێکدا هاوكات هەڕەشەی سڕینەوەی ”تەواوی ژێرخانی” ئێرانی دەکرد. لەم نێوەندەیشدا، کاتێک ئێمە چاوەڕێی دەرەنجامی عەقڵانی بووین لە ناعەقڵانیترین یاریزانەکان، جەنگ بوو بە دۆخێکی ئاسایی و واقعێک، جا هەر زاراوەیەک هەڵبژێریت بۆ وەسفکردنی چڕییەکەی.
کێشەی لوبنان لە شەو و ڕۆژێکدا چارەسەر نابێت؛ ملیۆنان هاووڵاتییە ئاوارەکەی، هەر کە ڕێککەوتنێک واژۆ کرا، ناگەڕێنەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوە ناکەن – ئیسرائیل بەوە ناسراو نییە کە ئارەزوویەکی ژیرانەی هەبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بە مەبەستی دەستبەرداربوون لە زەوییە داگیرکراوەکان. غەززە وەک برینێکی کراوە دەمێنێتەوە. ئێرانییەکان هێشتا هێزی ئەوەیان هەیە کە ناوچەکە و ئابووریی جیهان لە ڕێگەی هێرش و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزەوە پەک بخەن. وڵاتانی عەرەبییش لە دۆخێکی چەقبەستووی ناسەقامگیریدا دەمێننەوە و، دیلی باڵانسی مەحاڵی نێوان تاران، تەلئەبیب و واشنتۆنن.
ئەم هەستەیش کە دۆخەکە بەم شێوەیەیە و، هەمیشە بەم شێوەیە بووە، جێگیر دەبێت، چونکە خەڵک بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ ژیانکردن لە کاتی گەورەترین ململانێی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژووی هاوچەرخدا. چونکە مرۆڤەکان بەرگەی کوشتنێکی زۆر دەگرن.

نەسرین مالیک، ستووننووسی ڕۆژنامەی گاردیان (Guardian)ە.