هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی سیاسەتەکانی تۆم باراک: هەڕەشە و دەرفەتەکان
نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
ترەمپ و هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی نیگەرانی و مەترسییە بۆ دۆست و دوژمنەکانی. بەتایبەت ترەمپ سیاسەتێکی ناجێگیر و دژبەیەکی هەیە و هەموو چرکەیەک ئەگەری گۆڕانکاری لەسیاسەتەکانیدا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەت و کارە هەرە لەپێشینەکانی ترەمپ بریتییە لە جەختکردن لەسەرکەمکردنەوەی تێچووەکانی ئابووریی ئەمریکا لەسەر ئاستی دەرەکی، ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ ئەمریکا، ناچارکردنی هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی تێچوونی پاراستنی ئاسایشیان بدەن. هەروەها، ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتهوه کە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی، دەبێت ئاسایشی خۆیان بپاڕێزن و کار بکەن بۆ ئەوەی سیستهمی بەرگریی خۆیان هەبێت و ئەمریکا تووشی جهنگێکی درێژخایەن نەبێت لە ناوچەکەدا. لە لایەکی تریشەوە، ترەمپ باوەڕی به وەشاندنی گوڕزی سەربازیی سنووردار و جهنگی کورتخایەن هەیە، بەڵام لەگەڵ ڕووخانی سیستهمی سیاسی نییە؛ نموونەیش ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی حووسییەکان و ئێران.
بە هەمان شێوەیش، ئیدارەی ترەمپ هیچ باوەڕێکی بە بەھاو پڕهنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی نییە و، هەرئەمەیش وای کردووە کە کەمترین گرنگی بە پرسیپاڵپشتیکردنی دیموکراسییەت بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ترەمپ لەجیاتی پرسی دیموکراسی، زیاتر جەخت لەسەر جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدادەکاتهوه لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێزەوە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی و دابینکردنی ئاسایشی وزە. ئەمە تەنیا دیدگه و بۆچوونی ترەمپ نییە،بەڵکوو بەشێک لە ئیدارەی ترەمپ و نێردراوەکانی،لەوانەیش تۆم باراک، ستیڤ ویتکۆف لەگەڵ ئەم دیدگهیەدان و پێیان وایە ئەمە تاكه ڕێگەیه بۆ پاراستنی سەقامگیری لەناوچەکەدا.
نموونەی دیاری ئەم سیاسەتەی ترەمپ، یاداشتی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ئێران کە لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ واژۆ کرا. لە ڕێککەوتنەکەدا ئەمریکا وێڕای سازشی گەورە بۆ ئێران، بەڵێنی داوە بە هیچ شێوەیەک دەستێوهردان لەکاروباری ناوخۆی ئێراندا نەکات. ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپلە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێران، بەڵێنی دابوو یارمەتیی خەڵك بدات کە دەیان هەزار کەس لەلایەن دەسەڵاتدارەکانی ئێرانەوە کوژران. ئەمە سەبارەت به سووریاش هەر ڕاستە، کە وێرای قوربانیدانی زۆریکوردەکان، کەچی ترەمپ پاڵپشتیی حکوومەتی توندڕەوی ئیسلامیی سوننیی کرد دژی کورد و پێکهاتەکانی تریسووریا.
بە هەمان ئاڕاستەیش، ئیدارەی ترەمپ باوەڕی بە هاوپەیمانیی کلاسێکی هاوشێوەی جاران نییە و تەنانەت ئامادە نییە لە ئەگەری دروستبوونی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر هاوپەیمانەكانی، کار بۆ پاراستنیان بکات، ئەگەربەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ نەکرێنە ئامانج. بۆیە، ئێستا دۆستەکانی ئەمریکا زیاتر لەنەیارەکانی لە دڵهڕاوكێدان و نیگەرانن لە سیاسەت و دیدگهکانی ترەمپ بۆ سیاسەتی دەرەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە، ترەمپ کێشەی زۆر گەورەی لەگەڵهاوپەیمانەکانیدا هەبێت، لەوانەیش دەوڵەتانی ئەوروپا، هاوپەیمانیی ناتۆ، ئۆکراینا و، تەنانەت ئیسرائیل.
لە گهرمهی جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەپێچەوانەی هەموو سەرۆکەکانی پێشوو، ترەمپ هیچ پرسێکی بەو دەوڵەتانە نەکرد؛ لە کاتێکدا جهنگی ئێرانڕاستەوخۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ئەوروپیی خستە ژێرمەترسییەوە. هەروەها ترەمپ لە کەیسی ئۆکرایناش وەک پێویست لەگەڵ دەوڵەتە ئەوروپییەکان نەبوو و زۆر گوشاریدروست کرد بۆ ئەوەی ئۆکراینا خواستەکانی ڕووسیا جێبەجێ بکات. تەنانەت لە قەیرانی ئێرانیشدا لە كاتیئاگربەستدا، وێڕای ئەوی ئێران چەندان جار هێرشی کردە سەر کوێت، ئیمارات، ئوردن و عەرەبستانی سعوودی، بەڵام ترەمپ زۆر گرنگیی بەو هێرشانە نەدا.
لە هەموویان خراپتر ئەوەیە کە وێڕای ئەوەی ئیسرائیل هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکایە و لە جەنگی چل ڕۆژەدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە جهنگی دژبە ئێران، کەچی ترەمپ یادداشتی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد، بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ ئیسرائیل بکات؛ تەنانەت تا دوا سات ئامادە نەبوو ئیسرائیل لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئاگادار بکات، لە کاتێکدا ئەو ڕیکەوتنە کاریگەری گەورە دەکات سەر سەقامگیری وئاسایشی ئیسرائیل.
لە لایەکی دیكهیشەوە، لە سەردەمی سەرۆكایەتیی ترەمپ،ئەمریكا وەك دەوڵەت و دامەزراوە، بەھایەكی زۆری نەماوە. ترەمپ هەموو شتێكی بەشەخسی كردووە و دامەزراوەكانلە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا گرنگییەكیان نەماوە؛تەنانەت باڵیۆزخانەكانیشی پشتگوێ خراون. ئێستا، ترەمپلەبری باڵیۆزخانەكان، زیاتر لە ڕێگەی نێردراوهتایبەتەکانەوە سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکات.
ئێستا سیاسەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،لەوانەیش لە ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان، زیاتر لەڕێگهی نێردراوه تایبەتەکانییەوە بەڕێوە دەچێت. ئەو نێردراوانەیش کە بۆ ناوچەكە دانراون، زۆر لە ترەمپەوەنزیکن. لەوە خراپتر، زۆربەی ئەو كەسانەی ترەمپ دایناون، چاویان لەسەر پارە و بازرگانییە. بۆیە، كەسانێكیوەك تۆم باراک، ستیڤ ویتكۆف و کوشنەڕ، زیاتر لەژێركاریگەریی وڵاتانی عەرەبیدان، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندییبازرگانییان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە.
تۆم باراک و ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ تورکیا، سووریا و عێراق
تۆم باراک بازرگانێکی ئەمریکییە و هاوپەیمان و هاوڕێیەکی نزیکی دۆناڵد ترەمپە. زیاتر لە ٤٠ ساڵە پەیوەندییەکی بەهێز و نزیکی لەگەڵ ترەمپ هەیە و، ئەم پەیوەندییە وای کردووە ڕۆڵێکی گرنگ لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت.
لەسەر ڕاسپاردەی ترەمپ، لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥ تۆم باراک وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەستنیشان کرا. هەروەها، لە هەمان مانگدا وەک نێردراوی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا ناسێنرا. دوای تەواوبوونی ماوەکەیش لەو ئەرکە، دۆناڵد ترەمپ لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٦ لە بهیاننامهیهكدا ڕای گەیاند کە، تۆم باراک دووبارە وەک نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق دەستنیشان کراوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا هات کە هەندێک لە چاودێران پێیان وابوو جیاوازی و ناکۆکی لەنێوان تۆم باراک و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەیە. بەتایبەت مارکۆ ڕۆبیۆ چەند ڕۆژ پێش ئەوەی دووبارە تۆم باراک بۆ ئەم پۆستانە دەستنیشان بکرێت، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەرکەکەی کۆتایی هاتووە.
بەگشتی، ئەوەی دیارە ئەوەیە کە تۆم باراک کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ هەیە و ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگی وەک عێراق، سووریا و تورکیا دەگێڕێت.
بە شێوهیەکی گشتی، تێڕوانینەکانی تۆم باراک زیاتر لەبەرژەوەندیی دهوڵەتانی ناوچەکەدایە و، دەکرێت وەک هەڕەشە لەسەر مافی نەتەوە بیدەوڵەتەکان، بەتایبەت پرسی کورد، ببینرێت. تۆم باراک باوەڕی بە سیستهمی فیدڕاڵی یان ئۆتۆنۆمی نییە لە ناوچەکەدا و زیاتر پاڵپشتیی دەسەڵاتێکی سەنتڕاڵ و ناوەندی دەکات.
لە دیدارێكدا لەگەڵ “ڕووداو“دا، تۆم باراک باسی ئەوەی کرد كە سەردەمی فیدڕالیزم باوەی نەماوە و ئەو مۆدیلەشكشتی ھێناوە. تۆم باراک ئاماژەیشی بەوە کرد کە ئەمریكا لەگەڵ سیستهمی فیدڕاڵی یان جوداخوازی نییە. ڕاستییهكهی، ئەم وشانەی باراک، كۆپی پهیستی وشەكانی وڵاتی توركیا و هەندێك وڵاتی عەرەبین. بەتایبەتی وشەی جوداخوازی کە توركیا هەموو جۆڕێكی ئۆتۆنۆمی بە جوداخوازی دەزانێت و، هەروەها زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ترسیان لەوە هەیە باس لە مافی پێكهاتەكان بكرێت. بۆیە دژایەتیی هەموو جۆڕێكی ئۆتۆنۆمی دەكەن.
گومانی تێدا نییە ئەم سیاسەت و قسانهی تۆم باراک،ھەمان قسهكانی “پۆل برێمەر“مان بیر دێنێتەوە؛ كاتێك لە سەرەتای ڕووخانی عێراق، دەسەڵاتی كاتیی لە عێراقوەرگرت. كابرا زۆر بەتوندی دژایەتیی سیستهمی فیدڕاڵیی دەكرد و، ھەروەھا ھەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە ھەڵبوەشێنێتهوه. تەنانەت پۆل برێمەر پێی وابوو،دەبێت لە ھەموو عێراقدا یەك ھێز، یەك دەوڵەت و یەك دەسەڵات ھەبێت. تۆم باراکیش هەمان بۆچوون و دیدگهیهەیە و باوەڕی بە مافی پێکهاتە و کەمەنەتەوەکان نییە و،زیاتر هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ناوهند (مەرکەز)ەوە دەسەڵات بەڕێوە ببردرێت.
ئهوهی ڕاستی بێت، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر دیمەشق وبەتایبەت ڕۆڵی نێردراوی ئەمریکا تۆم باراک، کاریگەرییزۆر خراپی هەبوو لەسەر هاندانی حکوومەتی سووریا بۆئەوەی هێرش بکاتە سەر عەلەوییهكان، درووزهكان و،کوردەکان. لەژێر کاریگەریی لێدوانەکانی تۆم باراکدا حکوومەتی سووریا و هۆزە عەرەبییەکان لە 14ی تەممووزی 2025 هێرشیان کردە سەر درووزەكان و، ئەگەر ئیسرائیلبە هانای درووزەکانهوه نەهاتبا، ئەگەری زۆر بوو کارەساتی گەورهی لێ بكهوێتهوه.
بە هەمان ئاڕاستەیش، تۆم باراک بەتەواوەتی پاڵپشتیی سیاسەتەکانی تورکیا و دیمەشقی کرد بۆ لێدان لە پێگەی کورد و ناچارکردنیان بۆ ئەوەی هێزەکانیان تێکەڵ بە سوپای سووریا ببن و، کورد هیچ کیانێکی ئۆتۆنۆمیینەبێت. تۆم باراک بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکردهوه كه ئەزموونی فیدڕاڵییەت و ئۆتۆنۆمی لە سووریا سەركەتوو نابێت و، دەبێت لە سووریادا یەک سوپا، یەک دەسەڵات و یەک حکوومەت هەبێت. بێ گومان ئەمەیش کاریگەرییزۆری هەبوو لەسەر هاندانی دیمەشق بۆ ئەوەی سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ هێرشێكی گەورە بکاتە سەر کوردلە ڕۆژاوای کوردستان و، بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە کۆنتڕۆڵ بکات.
تەنانەت تۆم باراک لە ٢٠ی کانوونی دووهمی ٢٠٢٦ باسی ئەوەی کرد فاکتەری کورد لە سووریا ئێکسپایەر بووە و،ئەمریکا لە ڕێگەی دیمەشقەوە دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت؛ بەتایبەت ئەوەی پەیوەەندیی بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەوە هەیە. نەک هەر ئەمە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، تۆم باراک تەنیا یەك هەنگاویشینەهاوێشتووە بۆ دروستكردنی ئاشتەواییی ڕاستەقینە لەسووریا و، هیچ گوشارێكیشی لەسەر حکوومەتی شەرعدروست نەكرد بۆ ئەوەی لەنێوان پێكهیاتەکاندا ئاشتەواییدروست بكات.
بە هەمان ئاڕاستەیش، تۆم باراک، لەژێر کاریگەرییگەورەی تورکیا و وڵاتانی عەرەبیدایە و، پێی وایە هەرگۆڕانکارییەک کە لە ناوچەکەدا ڕوو بدات، گرنگە تورکیا ڕۆڵی گەورە و یەکلاکەرەوەی تێدا بگێڕێت . تۆم باراک پێیوایە کە تورکیا و عێراق و سووریا دەتوانن ببنە سێگۆشەی ڕاگرتنی هاسەنگیی هێز لەسەر ئاستی ناوچەکە. لەم ڕووەوە، تورکیا وەک هێزێکی جیۆپۆلیتیک–ئابووری–سەربازی،دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکیی هەبێت لە جێگیرکردنی ئاشتی وسەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە. لەم ڕووەوە، باراک پاڵپشتیی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە“فڕۆکەی ئێف٣٥“ی پێ بدرێت. هەروهها پاڵپشتیی ڕەوانەکردنی هێزی تورکیا بۆ کەرتی غەززە دەکات وەک هێزی ئاشتیپارێز و، بەتەواوەتی پاڵپشتیی سیاسەتی تورکیا دەکات بۆ لێدان لە پێگەی کورد و نەهێشتنی هیچ جۆره ئۆتونۆمییەک یان کیانێکی دیفاکتۆی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان.
بە هەمان شێوەیش، تۆم باراک بەتەواوەتی پشتگیری لهحکوومەتی سووریا دەکات بۆ دروستکردنی حکوومەتێکیناوەندیی بەهێز و، هانی ترەمپ دەدات بەبێ هیچ مەرجێک هەموو گەمارۆکان لەسەر دیمەشق لا ببردرێت. تۆم باراکپێی وایە سووریا دەتوانێت لە پاراستنی سەقامگیرییناوچەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و هێزە پڕۆکسییەکانی و، دژایەتیکردنی داعشدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبێت.
هەروەها، تۆم باراک هانی هەرسێ دەوڵەتی تورکیا، سووریا و عێراق دەدات بۆ ئەوهی لە ڕووی ئابوورییەوەزیاتر لێک نزیک ببنەوە؛ بەتایبەت لە ڕێگەی پڕۆژە گەورەکانی بازرگانی، وزە، وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی وەک هێڵی ئاسنین و ڕێگهکانی گواستنەوە.هەورەها باراک هانی ئەم سی دەوڵەتە دەدات کە واز لەناکۆکییە سیاسی، نەتەوەیی و تائیفییەکان بهێنن و لەسەربنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕاستەقینە، ببن بە بەرەیەکی بەهێز لە ئاستی ناوچەکە و ڕۆڵێکی سەرەکی لەپاراستنی هاوسەنگیی هێزدا بگیڕن. بە پیی ئەم دیدگهیە، تورکیا دەتوانێت لەناو ئەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵیسەرکردایەتیی هەبێت.
لە هەمان کاتدا، تۆم باراک لهو قهناعهتهدایه زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی لە ناوچەکەدا لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووری، خۆشگوزەرانی و دابینکردنی سەقامگیرییهوه سەرکەوتوو بوون، وەک دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا، پشتیان بە دامەزراوە و دەسەڵاتی ناوەندیی بەهێز بەستووە. بەپێچەوانەوە، ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی نەتەوەیی وتائیفییهوه دابەش بوونە، زۆر جار لە دابینکردنی سەقامگیری و گەشەی ئابوورییهوه سەرکەوتوو نەبوون و لەهەندێک حاڵەتدا تووشی جهنگی ناوخۆ و قەیرانی درێژخایەن بوون. بۆیە، لە ڕوانگەی باراکەوە، یەکێک لەچارەسەرە سەرەکییەکان بریتییە لە هەبوونی ناوەندێکی دەسەڵاتی بەهێز کە بتوانێت یاسا جێبەجێ بکات و دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی کارا بەڕێوە ببات.
لە دیدگهی تۆم باراکدا، تورکیا، عێراق و سووریا پێگەیەکی ستراتیژییان هەیە و دەتوانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن لەبەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسایشییەکان؛ وەک چالاکیی داعش، هەڕەشەی گرووپە میلیشیا چەکدارەکان. هەروەها سەبارەت ئاسایشی ناوخۆیی و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە، تۆم باراک هانی ئەو دەوڵەتانە دەداتسیاسەتێکی هاوبەشیان هەبێت.
هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی سیاسەتەکانی تۆم باراک: هەڕەشە و مەترسییەکان
وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، سیاسەتی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ و بەتایبەتیش نێردراوەکەی تۆم باراک، دەکرێت هەڵگری كۆمهڵێك هەڕەشە و مەترسی بێت بۆ پرسی کورد و هەرێمی کوردستان؛ کە لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە هەندێک لەو خاڵانە بکەین: یەکەم، تۆم باراک هیچ باوەڕییەکی بە پرسی دیموکراسییەت و ماڤی مرۆڤ نییە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی سیستهمە توندڕەو و دیکتاتۆرەکانەوە سەقامگیری لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
دیاره بەشێکی زۆری پرسی کورد، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرێدراوه بە پرسی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییەوە. ئەمریکا هەر لە سەرەتاەوە لە ڕوانگەیپرسی دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە پاڵپشتیی کوردی کردووە. لێرەدا، لەبەر ئەوەی ئیدارەی ترەمپ و خودی تۆم باراک هیچ گرنگیییەک بە مەسەلەی دیموکراسییەت نادەن،دەکرێت مەترسیی گەورە بۆ سەر هەرێم دروست بکات. بەتایبەت وەک دیتمان لە ڕۆژاوی کوردستان، ئەمریکا پاڵپشتیی دەسەڵاتێکی توندڕەوی سوننیی کرد لە دژی کوردو پێکهاتەکانی تری سووریا. بۆیە، لە عێراقیش دەکرێتئەمە مەترسی بۆ سەر هەرێم دروست بکات؛ بەتایبەت کاتێک بەرژەوەندیی بەغدا و واشنتۆن یەک دەگرنەوە و دەسەڵاتێک لە بەغدا دروست ببێت هاوپەیمانی ئەمریکا بێت.
دووەم، تۆم باراک لە چەندان بۆنەدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتهوه كه باوەڕی به سیستهمی فیدڕاڵی یان ئۆتۆنۆمینییە؛ تەنیا ڕێگە بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و گەشەسەن،پەیوەستە بە هەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێزە. گومانی تێدا نییە، ئەم تێڕوانینە نەک هەر مەترسی و هەڕەشە لەسەر پرسی کورد دروست دەکات، بەڵکوو دەکرێت کێشەی زۆر بۆ هەرێم دروست بکرێت لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا. بەتایبەت لە ماوەی چەندساڵی ڕابڕدوودا، بەغدا هەوڵی زۆری داوە، بۆ ئەوەیدەسەڵاتەکان بەسەنتڕاڵ بکرێت و لە زۆر بواریشدا،لەوانەیش لە پرسی بوودجە، نەوت و مووچە، توانیویەتیدەسەڵاتی سەنتڕاڵ بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.
لە لایەکی تریشەوە، بەغدا هەوڵی داوە له ڕێگەی دادگهکانەوە بەردەوام دەستێوەردان لە کاروباری هەرێمدا بکات و، ئێستایش بەئاشکرا لە ڕاگەیاندنەکان باسی ئەوە دەکرێت، كه دەبێت “هێزی پێشمەرگە“یش بخرێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییهوه. ئەوەی ڕاستی بێت تۆم باراک کێشەی لەگەڵ ئەم سیاسەتەی بەغدا نییە بۆ بەسەنتڕاڵکردنی دەسەڵاتەکان؛ بگرە پاڵپشتیی ئەو ئاڕاستەیەیش دەکات.
لە لایەکی دیكهیشەوە، تۆم باراک باوەڕی بە مافی کەمەنەتەوە و ئایینییەکان نییە و دیدگه و بۆچوونەکانی هەڕەشەن بۆ سەر گەلە بێدهوڵەتەکان کە داوای هاوبەشی و شەراكەت دەكەن.
سێیەم، تۆم باراک باوەڕی بەوە هەیە عێراق، سووریا و تورکیا کێشە و مەترسیی هاوبەشیان هەیە؛ لەوانە پرسی داعش، سەقامگیری، کاریگەریی ئێران و هێزە پڕۆکسییەکانی و پرسی کورد. لەم ڕووەوه، تۆم باراک هەوڵدەدات ئەم سی دەوڵەتە سیاسەتێکی هاوبەشیان هەبێت؛نەک هەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دابینکردنی سەقامگیری، بەڵکوو سەبارەت کوردیش هانی ئەو دەوڵەتانە دەدات هەماهەنگییان هەبێت.
ڕوانگەی تورکیا، سووریا و عێراق زۆر ڕوون و دیارە کە سیاسەتیان بە ئاڕاستەی دژایەتیکردنی کوردە و، هەوڵدەدهن کورد هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی فیدڕاڵی یان ئۆتۆنۆمیی نەبێت. لە سووریا زۆر بەڕوونی دەرکەوت کە تۆم باراک بەتەواوەتی پاڵپشتیی سیاسەتی حکوومەتی سووریاو تورکیای کرد بۆ لێدان لە پێگەی کورد لەو بەشەی کوردستان. لە عێراقیشدا، ئەگەر لەم قۆناغەیشدا نەبێت، لەداهاتوودا دەکرێت زیاتر کار بکات بۆ بەهێزکردنی بەغدا لەسەر حسابی هەرێم.
بێ گومان، ئەگەر ئەمریکا سهرکەتوو بێت لە لاوازکردنی هەژموونی ئێران و داماڵینی چەکی گرووپە میلیشیاکان، ئەوکات گوشارەکان لەسەر هەرێم زیاتر دەبن، بۆ ئەوەی زیاتر بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بەغدا. هەروەها لێدوانەخراپەکانی ئەم دوایییەی ترەمپ سەبارەت به کورد، کە گوایە چەکی ئەمریکای بۆ خۆی هەڵگرتووە و لێیان بێهیوا بووە، دەکرێت هەڵگری چەندان هەڕەشە بێت؛ لە لایەکهوهپاڵپشتیی ئەمریکا بۆ هەرێم لاواز دەکات، لە لایەکیتریشەوە، هانی ئێران دەدات زیاتر لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوه گوشار بخاته سهر هەرێم. ئەمە بەدەر لەوەی بەو لێدوانانە، ترەمپ لەسەر ئاستی دەرەکییش وێنەیەکی خراپی کورد پیشانی جیهان دەدات.
تۆم باراک و هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق؛ ئایا هەرێمی کوردستان دەخرێتە پەراوێزەوە؟
وێڕای ئەو مەترسییانەی باسمان کرد كه بەهۆی سیاسەتی تۆم باراکهوه لەوانەیە ڕووبەڕووی هەرێم ببێتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا، ئاسان نییە لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەدا ڕۆڵی هەرێم لەبەرچاو نەگیرێت. لە لایەکهوه،هەرێم قەوارەیەکی یاسایییە و لە ڕووی دەستوورییەوه دانیپێدا نراوە و ناتوانرێت بەئاسانی بەسەریدا باز بدرێت. لە لایەکی تریشەوە، بەپێچەوانەی سووریاوه، ئەمریکا دۆستی زۆری لە عێراقدا نییە و زۆربەی هێزە شیعەکان دژایەتیی سیاسەتی ئەمریکا دەکەن. بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانهەڵبوهشێنرێنهوه یاخود بکرێنه بەشێک لە سوپای عێراق. ئەمەیش بۆ ئەوەی لە لایەکهوه سەروەری (سیادە)ی عێراقبپارێزرێت و لەژێر کاریگەریی ئێران دەربهێنرێت و، لەلایەکی تریشەوە زیاتر عێراق لە سووریا و تورکیا نزیک بکاتەوە.
بەڵام ئەوەی دیارە، لەسەر ئاستی پڕاکتیکی، پێ ناچێت ئەم سیاسەتەی تۆم باراک سەر بگرێت؛ بەتایبەت شیعەکان بەتوندی دژایەتیی ئەم سیاسەتەی دەکەن. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانیش کە تەنانەت ئەگەر ملکەچی سیاسەتی ئەمریکاش بێت، دەسەڵاتەکانی زۆر سنووردارن و ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بەبێ لایەنە شیعەکان بهاوێژێت. کەواتە تۆم باراک لە پڕاکیزەکردنی سیاسەتەکانی لە عێراقدا، ڕووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە دەبێتەوە. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو بەبێ هەرێمی کوردستان زۆر سەختتره ئەمریکا بتوانێت لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و ئامانجەکانی دەستەبەربکات.
بۆیه هەرێمی کوردستان پێگەیەکی زۆر گرنگی بۆ ئەمریکا هەیە، بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر سیاسەتی عێراق هەبێت. ئەمەیش وا دەکات، تەنانەت ئەگەر بەنەچارییش بێت، تۆم باراک لەم قۆناغەدا پێویستی به هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی لە عێراق دەستەبەربکات. هەر ئەمەیش وای کردووە لە دوایین سەردانیدا لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەڕاگەیهنراوەکەیدا لەگەڵ عەلی زەیدی، جەخت لەسەرپاڵپشتیکردنی عێراقێکی سەقامگیر و فیدڕاڵ بكاتهوه؛ ئەمە لە کاتێکدایە تۆم باراک لە چەندان لێدوانیدا دژایەتیی خۆی بۆ ئەو جۆرە سیستهمە ڕاگەیاندووە.
لە لایەکی ترەوە، ئەوەی سووریا لە عێراق جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە سووریا یەک کەس و یەک هێز فەرمانڕەوایی دەکات، کە ئەویش “ئەحمەد شەرع“ە و، دەکرێت ئاسانترمامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام بۆ تۆم باراک زۆر قوڕسە کە لە عێراقدا “ئەحمەد شەرع“ێکی تر بدۆزێتەوە کە وەک پیاوێکی بەهێز دەربکەوێت و کار بۆ بەناوەندیکردنی دەسەڵات بکات یان هەموو دەسەڵاتەکان لەدەستی خۆیدا کۆ بکاتەوە. لە عێراق بە دەیان ئەحمەد شەرع هەن و زۆربەیان دژایەتیی سیاسەتی ئەمریکا دەکەن؛ ئەمە بەدەرلەوەی کە بە دەیان گرووپی چەکدار هەن کە سیاسەت و بەرنامەکانی ئێران جێبهجێ دەکەن. بۆیە، تۆم باراکتەنانەت ئەگەر ئەو مەبەستەیشی هەبێت، ناتوانێت هاوبەشێکی هاوشێوە لە عێراقدا بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی باز بدات بەسەر هەرێمی کوردستاندا و کار بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە بەغدا بکات.
هەروەها، هەرێمی کوردستان ئێستا وەک جاران نییە و لەئاستی دەرەوەدا بە دەیان کەناڵی دیپلۆماسیی هەیە. کوردلە واشنتۆن پشتگیرییەکی بەهێزی هەیە و، ئهستهمه ڕێگە بە تۆم باراک بدرێت کە بە شێوەیەک سیاسەت بکات کە کوردبەتەواوی پەراوێز بخرێت. بۆیە، سەرەڕای هەبوونی مەترسییەکان، بۆ تۆم باراک ئاسان نییە ڕۆڵی کورد، بەتایبەتی لە عێراق، پەراوێز بخات؛ بەتایبەت ئەوەی کە تۆم باراک لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستی دەکەوێت بۆ سەقامگیرکردنی لە عێراق، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەبێ هاوکاری و بەشداریی کورد بەئاسانی دەستی ناکەوێت.
هەروەها ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستانیش، هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی زۆری هەیە و لە کاتی هێرشی حکوومەتی سووریا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان، هەرێمی کوردستان ڕۆڵیکی گرنگی بینی لە ڕاگرتنی ئەو هێرشانە. تەنانەت “نێچیرڤان بارزانی“، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، لە ڕێگەی کەناڵەکانی خۆیەوە توانیی ترەمپبهێنێتە سەر خەت بۆ ڕاگڕتنی هێرشەکان. هەر ئەمەیش وای کرد تۆم باراک لەسەر پرسی ڕۆژاوا چەندان جارسەردانی هەرێمی کوردستان بکات و داوای یارمەتی و هاوکاری لە هەرێم بکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی سووریا.
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
Abushamala, Rania. 2026. “US Envoy Welcomes Iraqi Move to Place Weapons under State Control.” Anadolu Agency. June 3, 2026. https://www.aa.com.tr/en/middle-east/us-envoy-welcomes-iraqi-move-to-place-weapons-under-state-control/3955093
Al Jazeera. 2026. “US Envoy Says SDF’s Role in Syria Has ‘Largely Expired’ after ISIL.” January 20, 2026. https://www.aljazeera.com/news/2026/1/20/us-envoy-says-sdfs-role-in-syria-has-largely-expired-after-isil.
Amwaj.media. 2026. “US Regional Strategy in Flux as Barrack Assumes Iraq, Syria, Türkiye Portfolios.” June 3, 2026. https://amwaj.media/en/media-monitor/us-regional-strategy-in-flux-as-barrack-assumes-iraq-syria-turkiye-portfolios
Frantzman, Seth J. 2026. “US Syria Envoy Barrack Tapped for Syria and Iraq Role.” Foundation for Defense of Democracies. June 2, 2026. FDD article
Mack, Eric. 2026. “Trump Expands Turkey Ambassador’s Diplomatic Role, Adding Iraq, Syria amid Middle East Tensions.” Fox News. May 31, 2026. Fox News article
Reuters. 2025. “US Senate Confirms Private Equity Executive Barrack as Ambassador to Turkey.” Reuters. April 29, 2025. https://www.reuters.com/world/us/us-senate-confirms-private-equity-executive-barrack-ambassador-turkey-2025-04-29/
Reuters. 2025. “US Senate Confirms Private Equity Executive Barrack as Ambassador to Turkey.” Reuters. April 29, 2025. https://www.reuters.com/world/us/us-senate-confirms-private-equity-executive-barrack-ambassador-turkey-2025-04-29/
Rubio, Marco (@SecRubio). 2025. “First words of the post…” X, August 29, 2025. https://x.com/SecRubio/status/2060479998864052715
Rudaw tv, YouTube. https://www.youtube.com/watch?v=ZeM7MCwMFrE
Saeed, Yerevan. 2025. “Centralized Rule Is Not a Panacea for Failed States in the Middle East.” American University, School of International Service. September 24, 2025. https://www.american.edu/sis/research/initiatives/global-kurdish/centralized-rule-is-not-a-panacea-for-failed-states-in-the-middle-east.cfm
The New Region. n.d. “Article Available at Post 5513.” Accessed June 19, 2026. https://thenewregion.com/posts/5513
U.S. Department of State. 2025. “Strengthening U.S.-Türkiye Relations and Advancing Relations with Syria.” Foreign Press Centers. https://www.state.gov/briefings-foreign-press-centers/strengthening-us-turkiye-relations-and-advancing-relations-with-syria