1

بۆچی وڵاتانی سکاندیناڤیا کارامەن و کەمترین گەندەڵییان تێدایە؟

فڕانسیس فۆکۆیاما دەڵێت: ”دانیمارک شوێنێکی ئەفسانەیییە کە بە بوونی دامەزراوەی سیاسی و ئابووریی باش ناسراوە: دامەزراوەی سەقامگیر و دیموکراسی، لەگەڵ حکوومەتێکی ئاشتیخواز و ئاستێکی زۆر نزمی گەندەڵی. هەمووان حەز دەکەن تێ بگەن چۆن دەکرێت سۆماڵ، هایتی، نێجیریا، عێراق یان ئەفغانستان بکرێن بە دانیمارک. ”

بەپێی ڕاپۆرتی پێوەرەکانی ”هەستکردن بە گەندەڵی”(Corruption Perceptions Index)  لە ساڵی ٢٠٢٥دا کە ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی (Transparency International) بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتی دانیمارک توانیویەتی لەنێوان ١٨٢ وڵات و ناوچەی جیهاندا، بە بەدەستهێنانی ٨٩ خاڵ لە ١٠٠ خاڵ، بۆ هەشتەمین ساڵی لەسەریەک نازناوی ”وڵاتێک کە کەمترین ڕێژەی گەندەڵیی هەیە لە کەرتی گشتیدا” بەدەست بهێنێت.

دوای دانیمارک، بەدوای یەکدا وڵاتانی فینلاند (بە ٨٨ خاڵ)، سەنگافوورە (بە ٨٤ خاڵ)، نیوزیلاند و نەرویج (بە ٨١ خاڵ)، سوید و سویسرا (بە ٨٠ خاڵ)، هەروەها لۆکسمبۆرگ و هۆڵەندا (بە ٧٨ خاڵ) دێن.

ڕێکخراوەکە ئەم ئامارەی لە کاتێکدا بڵاو کردووەتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتەکەیان، تێکڕای جیهانیی شەفافییەت لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ٤٢ بووە لە ١٠٠ و، زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهانیش خاڵی ژێر ٥٠یان وەرگرتبوو.

لەم ڕاپۆرتەدا، ڕێکخراوەکە ئەنجامەکانی لە پێوەری سفر (زۆر گەندەڵ) تا ١٠٠ (زۆر پاک) خستووەتە ڕوو و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا تەنیا ٢٣ خاڵی هەبووە.

بەڵام پرسیار ئەمەیە: وڵاتانی باکووری ئەوروپا چۆن توانیویانە بگەن بەم ئاستە لە سەرکەوتن لە دروستکردنی حکوومەتێکی پاک و بێگەندەڵیدا؟

نابێت حوکمڕانیی باش لە وڵاتانێکی وەک دانیمارک، سوید و نەرویج وەک بەرهەمی سیاسەتێکی دیاریکراو یان حکوومەتێکی دیاریکراو سەیر بکەین؛ ئەم سەرکەوتنە دەرەنجامی تێکەڵەیەکە لە چەند هۆکارێکی بنچینەیی کە زیاتر لە سەدەیەک بەسەر دروستبوون و بەدامەزراوەییکردنیاندا تێ پەڕیوە و بەردەوامیش بەپێی واقعەکانی کۆمەڵگه‌ و هەلومەرجی سەردەم چاکسازییان تێدا دەکرێت.

هەندێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم وڵاتانە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

١بوونی حکوومەتگەلێک کە کارکردنیان (ئه‌دایان) لەچاو ناوچەکانی تری جیهان شەفافترە

لە وڵاتانی سکاندیناڤیا بنەما لەسەر دەستڕاگەیشتنی ئاسانی هاووڵاتیانە بە زانیارییە حکوومییەکان و بەشێکی زۆر لە بەڵگەنامە کارگێڕییەکان، بوودجەکان، گرێبەستەکان و تەنانەت زانیارییەكانی باجی بەرپرسانیش، لە ئاستێکی فراواندا لەبەردەستی هەموواندان.

بنەمای دەستڕاگەیشتنی گشتی بە بەڵگەنامە فەرمییەکان لە سوید، یەکێکە لە کۆنترین یاساکانی لەم جۆرە لەم بوارەدا و، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٦٦. لە دانیمارکیش هەموو وەزیرەکانی حکوومەت بەپێی یاسا، ئەرکە لەسەریان هەموو مانگێک زانیاریی پەیوەست بە گەشتەکان و ئەو دیارییانە بڵاو بکەنەوە کە کڕیویانە. بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی تایبەت بە خەرجییەکانی فەرمانگە حکوومییەکان و بەرپرسان، ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی دەگرێت.

ئەم ئاستە لە شەفافییەت، تێچووی گەندەڵی بەرز دەکاتەوە چونکە ئەگەری ئاشکرابوونی سەرپێچییەکان، زۆر زیاتر دەکات. هەر ئەم هۆکارە وای کردووە کە ئاستی متمانەی گشتی بە حکوومەتیش لەم وڵاتانەدا بەرز ببێتەوە. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، فینلاند و نەرویج خاوەنی بەرزترین ئاستەکانی ”متمانە بە حکوومەت”ن لەنێوان وڵاتە گەشەسەندووەکاندا؛ تا ئەو جێگەیەی کە ئەم متمانە گشتییە وەک یەکێک لە گرنگترین سەرمایەکانی وڵاتانی سکاندیناڤیا هەژمار دەکرێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزیی متمانە بە دەزگه‌ کارگێڕییەکان، دادگه‌کان و دامەزراوە چاودێرییەکان لە وڵاتانی باکووری ئەوروپا ئەوەیە کە لەم وڵاتانەدا ”شایستەسالاری”(Meritocracy)  تەنیا دروشم نییە بەڵکوو بەکردەوە جێبەجێی دەکەن.

ڕاستییه‌كه‌ی، پێچەوانەی زۆرێک لە وڵاتان کە کوالێتیی حکوومەت بە سەرکردەکانەوە گرێ دراوە؛ لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا دەسەڵاتی ڕاستەقینە به‌دەست ئەو دامەزراوانەوه‌یە کە دێرین و سەقامگیرن. لەم دامەزراوانەدا فەرمانبەرانی حکوومەت لەسەر بنەمای شایستەیی دادەمەزرێن و گۆڕینی حکوومەتەکان بەگشتی نابێتە هۆی پاکتاوکردنی بەرفراوانی فەرمانگەکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەزگه‌ی کارگێڕی تەنانەت دوای گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسییش، هێشتا بەکارامەیی دەمێنێتەوە.

٢بەرزیی ئاستی ”متمانەی کۆمەڵایەتی” لە سەرتاسەری کۆمەڵگه‌دا

لەم وڵاتانەدا خەڵک نەک تەنیا متمانەیان بە حکوومەت هەیە، بەڵکوو متمانەی زیاتریشیان بە یەکتر هەیە و دەرەنجامی متمانەیەکی ئاواش، کەمبوونەوەی تێچووەکانی چاودێری و کۆنترۆڵکردنیان و کەمبوونەوەی تێچووەکانی بیرۆکراسی (Bureaucracy) و جێبەجێکردنی یاساکانە.

دانیمارک وەک وڵاتێک دەناسرێت کە بەرزترین ڕێژەی ”نیازپاكی ”(Goodwill)ی لە جیهاندا هەیە. بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی ٧٤ لەسەدی دانیمارکییەکان پێیان وابوو کە ”دەکرێت متمانە بە زۆرینەی خەڵک بکرێت”؛ کە ئەمەیش ڕێژەیەکی متمانەیە کە لە هەموو نەتەوەکانی تر بەرزترە.

گرنگیی ئەم متمانە کۆمەڵایەتییە تا ئەو جێگەیەیە کە گێرت تینگارد سڤێندسن (Gert Tinggaard Svendsen)، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئارۆس (Aarhus University) لە دانیمارک دەڵێت کە، ٢٥ لەسەدی ”سامانە ڕووننەکراوەکەی دانیمارک” هەر ئەم متمانە گشتییە بەرزە پێکی دەهێنێت: خەڵک سکاڵا لە یەکتر ناکەن، پارەکەیان بۆ ئامێری دژەدزی بەهەدەر نادەن، کار و کەسابەتیان بێ ڕێکخستنی گرێبەستی فەرمی و خەرجیکردن بۆی بەڕێ دەکەن، ڕێککەوتنە زارەکییەکان لایان جێگەی متمانە و پابەندکەرە و سەیری ئەو کەسانەی لە دامەزراوەکانی وەک حکوومەت، پۆلیس، دەسەڵاتی دادوەری و کەرتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا کار دەکەن و دەسەڵاتیان هەیە، دەکەن، وەک کەسانێک کە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگه‌دا کار دەکەن. ئەم متمانە کۆمەڵایەتییە بەرزە، بەرهەمی لانی کەم سەدەیەکە لە کارکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت بە کەمترین سەرپێچییەوە.

٣تێچووی گەندەڵی زۆر بەرزە و ئاستی نایەکسانی نزمە

لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا، ئاشکرابوونی گەندەڵی بەگشتی لێکەوتەی سیاسی و دادوەریی جددی و قورسی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها سیستەمە چاودێرییە سەربەخۆکان، میدیا ئازادەکان و دامەزراوە بەهێزەکانی پێداچوونەوەی دارایی (Audit institutions) ئەگەری شاراوەمانەوەی گەندەڵی کەم دەکەنەوە.

میکانیزمی یاساییی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕوونە و، کۆمەڵێکی بەرفراوان لە سەرپێچییە دارایییەکان لەژێر ناوی گەندەڵیدا دەگرێتەوە. بێ گومان ئەم وڵاتانە تەنیا بە جێبەجێکردنی سزای قورس بۆ گەندەڵی ناوەستن، بەڵکوو تۆڕێک لە یاساکانی پەیوەست بە شەفافییەت، چاودێری و لێپرسینەوەیشیان دروست کردووە.

وڵاتانی باکووری ئەوروپا، بە مانا ڕاستەقینەکەی، توانیویانە ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانی”(Welfare state) دروست بکەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی کەمبوونەوەی گەندەڵی لە باکووری ئەوروپا، نزمیی ڕێژەییی ئاستی نایەکسانیی ئابوورییە.

بە دەربڕینێکی تر، کاتێک بەشێکی گەورەی کۆمەڵگه‌ هەست بکات کە لە خزمەتگوزاریی گشتیی گونجاو، پەروەردەی ئاستبەرز، بیمەی تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی سوودمەندە، ئەوا پاڵنەرەکانیان بۆ خۆدزینەوە لە یاسا، یان بەکارهێنانی پەیوەندییە کەسییەکان کەم دەبنەوە.

٤بوونی که‌لتووری سازش و ڕێککەوتنی سیاسی

یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی وڵاتانی سکاندیناڤیا کە کەمتر ناسراوە، هاوکاریی مێژووییی حکوومەتە لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران و خاوەنکاران، کە وا دەکات زۆرێک لە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان پێش ئەوەی ببنە قەیرانێکی سیاسی، لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.

بەدامەزراوەییکردنی که‌لتووری گفتوگۆ لەنێوان ئەم سێ بەشە سەرەکییەدا، ڕێگری لە جەمسەرگیریی توندی کۆمەڵگه‌ دەکات و سەقامگیریی سیاسی زامن دەکات.

بەم شێوەیە ڕێژەی گەندەڵی لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا لەبەر ئەوە نزمە، کە خەڵک متمانەیان بەو دامەزراوانە هەیە کە بە درێژاییی دەیان ساڵ شەفاف، لێپرسراو، پیشەیی و پێشبینیکراو بوون.

پشكنینی مێژوویی؛ کاتێک کۆتوبەندەکان دەبنە دەرفەت

ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی وڵاتانی تری ئەوروپا تایبەتمەندیی لەم شێوەیەیان نییە؟ چی وای کردووە کە وڵاتانی سکاندیناڤیا بتوانن ببنە خاوەنی حکوومەتی شەفاف، متمانەی کۆمەڵایەتیی بەرز و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، بەڵام وڵاتانی تری جیهان لە چەسپاندنی ئەم تایبەتمەندییانەدا سەرکەوتوو نەبن؟

بۆ وەڵامدانەوە، دەبێت چاوێك به‌ مێژوو و جوگرافیای سیاسیی وڵاتانی سکاندیناڤیادا بخشێنین.

١. وڵاتانی سکاندیناڤیا زۆر زووتر لە ناوچەکانی تری ئەوروپا ”دەوڵەتی مۆدێرن”یان دروست کرد

لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، لە ڕووی مێژوویییەوە بژاردەکان، خانەدانەکان یان خێزانە دەسەڵاتدارەکان سەرەتا دەستیان بەسەر دەوڵەتدا دەگرت و دواتر بە درێژاییی دەیان ساڵ هەوڵ دەدرا تا ڕێژەی گەندەڵی لە دەوڵەتێکی وەهادا کەم بکرێتەوە. بەڵام لە سوید و دانیمارک، لە سەدەکانی ١٨ و ١٩ەوە بیرۆکراسییەکی پیشەیی دروست بوو و حکوومەت وردە وردە لە تۆڕەکانی خزمایەتی و خانەدانەکان جیا بووەوە.

بەم شێوەیە، ئەو هەنگاوانەی وەک فرۆشتنی ڕاستەوخۆی پۆستەکان بۆ بەهێزکردنی گەنجینە، کە بۆ نموونە لە فەڕەنسا کارێکی ئاسایی بوو، لە سەدەکانی ١٨ و ١٩دا لە سوید نەدەبینرا.

هۆکاری خێراکردنی دروستکردنی ”دەوڵەتی مۆدێرن”یش ئەوە بوو کە لەو سەدەیانەدا، پاشاکانی سوید و دانیمارک بۆ ململانێی سەربازی لەگەڵ ئەو زلهێزانەی وەک فەڕەنسا، ئیسپانیا و ڕووسیا پێویستیان بە حکوومەتێکی کارامە هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکانیان و مۆبیلیزه‌كردنی گشتیی هێزەکان.

لە فەڕەنسا یان ئیسپانیا، پاشاکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پشتیان بە خانەدانە ناوخۆیییەکان دەبەست؛ بەڵام لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا چینی خانەدان هەر لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستەوە زۆر لاواز بوون.

ئەگەر لە زۆربەی بەشەکانی ئەوروپادا زەوییە بەپیتە گەورەکان وایان کردبێت کە خانەدانەکان و دەرەبەگەکان بتوانن خاوەنی زەویوزارێکی بەرفراوان بن و جووتیاران بکەنە کۆیلە، ئەوا لە نەرویج و بەشێکی گەورەی سویددا پەرشوبڵاویی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەختیی بارودۆخی کەشوهەوا و نزمیی بەرهەمی کشتوکاڵی، ئەم دەرفەتەی لە خانەدانەکان سەندبووەوە. لە ئه‌نجامدا ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران سەربەخۆ و خاوەن زەوی و بە دەربڕینێکی تر ”جووتیاری ئازاد” بوون.

بەم شێوەیە خانەدانەکانی سکاندیناڤیا هەرگیز نەیانتوانی هەمان ئەو زاڵبوونەیان بەسەر کۆمەڵگه‌دا هەبێت کە لە وڵاتانی تردا دەبینرا و، حکوومەت ناچار بوو ڕاستەوخۆ بێتە مەیدانەوە و کاروباری هەموو کەرتەکان ڕێک بخات.

هەر ئەم بابەتە وای کرد کە سوید ببێتە یەکێک لە یەکەمین ”دەوڵەتە تۆمارکەرەکان”ی زانیاریی دانیشتووانەکەی لە ئەوروپادا و، دەسەڵات دامەزراوەگەلێکی بۆ تۆمارکردنی دۆخی دانیشتووان، زەوییەکان، باج و سامانەکان دروست کرد.

دەستپێشخەرییەکانی دانیمارک بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە دەزگه‌ حکوومییەکاندا

لە دانیمارک دوای ساڵی ١٦٦٠ لە چوارچێوەی پرۆسەی دەوڵەتسازیدا، دەسەڵات سه‌رنجێكی جددیی خستە سەر سەروەریی یاسا و پێگەیاندنی فەرمانبەری حکوومیی دڵسۆز بۆ پاشا و حکوومەت.

لە کۆتاییی سەدەی هەڤدەیەمدا، دەوڵەت هەنگاوەکانی وەک بەرتیلخۆری، بەهەدەردانی سامانی گشتی  (Embezzlement)  و فێڵکردنی، بەتایبەتی بۆ فەرمانبەرانی حکوومەت بە تاوان هەژمار کرد و ڕێنماییی ورد و تێروتەسەلی سەبارەت بە چۆنێتیی ڕاپەڕاندنی کاروباری کارگێڕی دەرکرد. ئەم هەوڵانە وایان کرد کە لە سەدەی ١٨وە بەرتیل لە پێکهاتە حکوومییەکاندا کەمترین ئاست تۆمار بکات.

لەنێوان ساڵانی ١٨٠٣ بۆ ١٨٣٠ حکوومەت میکانیزمێکی بۆ کۆنترۆڵی وردی هەژمارەکانی فەرمانبەرانی دەوڵەت جێگیر کرد، تا ساڵی ١٨٤٠ هەژمارە تایبەت و گشتییەکانی جیا كرده‌وه‌، تا دەیەی ١٨٥٠یش مووچەکانیانی بە شێوەیەک زیاد کرد کە فەرمانبەرانی حکوومەت بەگشتی، بوونە بەشێک لە چینی ناوەڕاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگه‌ و دەستووری دانیمارکیش لە ساڵی ١٨٤٩دا مووچەی خانەنشینیی دەستەبەر کرد.

ئەم چاکسازییە یاسایی و کارگێڕییانە هاوکات لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵ ڕەفتارە نابەجێیەکانی فەرمانبەرانی حکوومەت، وای کرد کە کارکردن بەپێی یاساکان و وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی، بەهادارتر بێت لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی داهات لە ڕێگەی گەندەڵی و سەرپێچییەوە.

٢. چاکسازییە ئایینییەکانی پرۆتستانت

لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا، پرۆتستانتیزمیش (Protestantism) یارمەتیدەر بوو لە پێکهێنانی ئەو دامەزراوانەی کە دواتر دەوڵەتی مۆدێرنیان دروست کرد. هەرچەندە چاکسازییەکانی پرۆتستانتیزم لە نزیکەی نیوەی ئەوروپادا بڵاو بووەوە، بەڵام لە سکاندیناڤیادا کڵێسای لۆتەری (Lutheran Church)، بەکردەوە بووە بەشێک لە دەوڵەت.

هۆکاری بەهێزنەبوونی پرۆتستانتیزم تا ئەم ئاستە لە وڵاتانی تری ئەوروپادا ئەوە بوو کە بۆ نموونە لە ئەڵمانیا سەدان میرنشین هەبوون و لە بەریتانیاش، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کڵێسا هەمیشە ئاڵۆز بوو. بەڵام لە سوید و دانیمارک دەوڵەتێکی تا ڕاددەیەک ناوەندی و کڵێسایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو هەبوو؛ دواجار حکوومەت تۆڕی کڵێسای بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەکار هێنا.

کڵێسا لۆتەرییەکان لە سوید و دانیمارک و نەرویج، جەختیان زۆر دەکردە سەر خوێندەواریی گشتی بۆ خوێندنەوەی کەسیی كتێبی پیرۆز، تۆمارکردنی وردی زانیارییە دیمۆگرافییەکان و گرنگیی بەرپرسیارێتیی کەسیی بەرپرسان. هەر ئەم بابەتە وای کرد کە کڵێسا ببێتە باڵی کارگێڕیی حکوومەت و، بەشداری بکات لەو چالاکییانەی وەک سەرژمێری، هەڵسەنگاندنی ئاستی خوێندەواریی خەڵک، تۆماری لەدایکبوون و مردن و گواستنەوەی زانیارییە ناوخۆیییەکان بۆ ناوەند.

حکوومەتەکانیش بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن كتێبی پیرۆز بخوێننەوە، لە سەدەی هەژدەیەمەوە بەرەو پەروەردەی گشتی (Public education) هەنگاویان نا و، سکاندیناڤیا زووتر لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئەوروپا لە بابەتی فراوانکردنی خوێندەواریی گشتیدا سەرکەوتوو بوو.

٣. وڵاتانی سکاندیناڤیا ئیمپراتۆرییەتی کۆلۆنیالیی گەورەیان نەبوو

لە کاتێکدا کە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکانی وەک ئیسپانیا، پۆرتوگال، فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ چەندان سەدە لە سەرچاوەی كۆلۆنی (داگیرکراو)ەکانیانەوە دەژیان و کەمتر پشتبەستوو بوون بە گەلەکەی خۆیان، وڵاتانی سکاندیناڤیا بێجگە لە چەند حاڵەتێکی کەم، ئیمپراتۆرییەتە کۆلۆنیالییەکان (Colonial empires)ی گەورەیان نەبوو؛ لە ئه‌نجامدا حکوومەتەکانیان زیاتر لە ناوچەکانی تری ئەوروپا، ناچار بوون بۆ بەدەستهێنانی داهات پشت بە هاووڵاتیانی خۆیان ببەستن.

هەبوونی چینی ”جووتیارانی ئازاد” و چینی خانەدان کە ئەوەندە بەهێز نەبوون، پشتبەستنی حکوومەتەکانی بە خەڵک زیاتر کرد و کاتێک حکوومەت بۆ وەرگرتنی باج پشتی بە خەڵک بەستبێت، ناچارە لێپرسراو (پابەند بە وەڵامدانەوە) بێت.

٤. ڕەوتی چاکسازییەکان پلەبەپلە بوو

هەرچەندە لە زۆرێک لە وڵاتاندا ئەمە شۆڕشەکان و جه‌نگە ناوخۆیییەکان بوون کە ڕێڕەوی مۆدێرنیزاسیۆنیان داڕشت، بەڵام لە سکاندیناڤیادا، گۆڕانکارییە سیاسییەکان بەگشتی ئارام بوون. لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا لەنێوان ساڵانی ١٨٠٠ تا ١٩٣٠ دامەزراوەکان کۆمەڵێکی فراوان لە چاکسازییان جێبەجێ کرد، لەوانەیش فراوانکردنی مافی دەنگدان، چاکسازییە کارگێڕییەکان، پەروەردەی گشتی، گەشەپێدانی حزبەکان و گەشەپێدانی سەندیکاکان؛ بەڵام ڕەوتی ئەم چاکسازییانە ”پلەبەپلە” بوو، بۆیە دەرفەتی بەدامەزراوەییکردنیان لە کۆمەڵگه‌دا و بە تێپەڕبوونی کات ڕەخسا.

ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو ”سەقامگیری”یەی کە لەم وڵاتانەدا هەبوو، دەرفەتی بە گەشەی ئارامی دامەزراوەکان دا. سوید لە ساڵی ١٨١٤ەوە نەچووەتە هیچ جەنگێکەوە و، نەرویجیش سەدەی بیستەمی، به‌بێ شه‌ڕی ناوخۆ تێ پەڕاند. وڵاتانی سکاندیناڤیا لە چەقی زۆرێک لە پێشهاتە پڕگرژییەکانی ئەوروپا دوور بوون؛ ئەویش لە کاتێکدا کە فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و ئیسپانیا شه‌ڕی ناوخۆ، یان شۆڕشی خوێناوی و دوو جەنگی جیهانییان تێ پەڕاند.

دوا خاڵ ئەوەیە کە، وڵاتانی سکاندیناڤیا ئەم دەرفەتەیان هەبوو کە لە یەک کاتدا تێکەڵەیەکی دەگمەن لە چوار تایبەتمەندیی گرنگ (خانەدانی لاواز، جووتیاری تا ڕاددەیەک ئازاد، حکوومەتی ناوەندیی بەهێز، دوورکەوتنەوە لە جەنگ و شۆڕشە وێرانکەرەکان)ـان هەبێت؛ ئەویش لە کاتێکدا کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا بەگشتی یەکێک لەم چوار توخمە هەبووە نەک هەموویان.

بەم شێوەیە، لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە، هاوسەنگییەکی هێز دروست بوو کە نە خانەدانەکان توانییان دەست بەسەر حکوومەتدا بگرن و نە حکوومەتیش توانیی کۆمەڵگه‌ بەتەواوی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. هەر ئەم بابەتەیش زەمینەی بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە لە حکوومەت ڕەخساند کە گوێ لە دەنگی خەڵکەکەیان دەگرن.

سەرچاوە:

https://parsi.euronews.com/2026/06/25/why-are-scandinavian-countries-less-corrupt-and-more-efficient