تێڕوانینێکی جیاواز دەربارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران
ئامیت سیگال (Amit Segal)
ئەمڕۆ هەینییە، ٢٦ی حوزەیران و، ئەو شتانەی لێرەدا نووسراون پێچەوانەی زۆرینەی ڕەهای ئەو دەقانەن کە دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران نووسراون، هەم لە ناوەڕۆک و هەم لە ئاستی گرژییشیاندا. ئەمانە شیکردنەوەیەکی سارد و هێمنانەن، نەک ئاگر و تووڕەیی. لەسەر بنەمای گفتوگۆیەک لەگەڵ سەرچاوەیەکی زۆر ئاگادار و شارەزای قووڵی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا داڕێژراون. مەرج نییە قبووڵیان بکەیت، بەڵام شایەنی خوێندنەوەن. لە ڕۆژانێکی وەک ئەمڕۆدا، زیانی نابێت ئەگەر هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژیت و بیر بکەیتەوە.
هەموو شتێک لە هەڵبژاردنهكانی نیوەی خولی ئەمریکاوە (midterm elections) دەست پێ دەکات، کە نزیکەی چوار مانگی دیکە بەڕێوە دەچێت. بۆ دۆناڵد ترەمپ ئەم هەڵبژاردنانە بەتایبەتی یەکلاکەرەوەن. ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران (House) بە دیموکراتەکان بدۆڕێنێت، تەنانەت ئەگەر پارێزگارییش لە کۆنترۆڵی کۆمارییەکان بەسەر ئەنجومەنی پیران (Senate) بکات، ئەوا دوو ساڵی کۆتاییی خولەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەی بێکۆتا و هەوڵی لێپێچینەوە بە مەبەستی لەکارخستن (impeachment) بەسەر دەبات. هیچ گومانێک نییە کە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەپێچەوانەی ئەنجومەنی پیرانەوە، تەنیا زۆرینەیەکی سادە پێویستە. بۆ ترەمپ ئەمە دەبێتە سێیەمین لێپێچینەوەی لەکارخستن. ڕووخانی ڕژێمی ئێران یان دوورخستنەوەی یۆرانیۆمەکە تا ڕاددەیەک یارمەتیی دەدات، بەڵام بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی وزە بە واتای دۆڕانێکی نزیک لە دڵنیایی دێت لە هەڵبژاردنەکاندا.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دوو کارتی یەکلاکەرەوەی بەدەستەوە بوو بۆ بەکارهێنان. یەکەمیان: ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمەکە- بەڵام ترەمپ پێی وابوو کە لە کۆتاییی ڕێگهکەدا هەمیشە دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە ماددەکە بباتە دەرەوە. دووەمیان: وێرانکردنی دامەزراوەکانی وزەی ئێران. لە مانگی نیساندا مەبەستی ئەمە بوو کاتێک هەڕەشەی سڕینەوەی شارستانییەتی ئێرانی کرد. لە ئیسرائیل دەستەواژەیەکی دیکەیان بەکار هێنا: لە تاران دەگەڕێنەوە بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵەکانیان بە مۆم.
سەرچاوەکە دەڵێت، کێشەکە ئەوەیە کە لەم وڵاتەدا تەنانەت دە کەسیش نین بیر لەوە بکەنەوە کە قەیرانی جیهانیی وزە مانای چییە. بۆ ترەمپ، ئەمە خەمی سەرەکیی ناو مێشکییەتی. ئایا بە لێدانێکی لەو شێوەیە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێت؟ بەدڵنیایییەوە. ئایا بەدڵنیایییەوە پێش هەفتەی یەکەمی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ دەڕووخێت؟ هیچ کەسێکی بەرپرسیار ناتوانێت گەرەنتیی ئەوە بکات. مانای ئەمەیش ئەوەیە کە لێدانی تۆڵەسەندنەوەی ئێران قەیرانێکی وزە دروست دەکات کە تێیدا نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە دوو سەد دۆلار، لەوێشەوە، وەک زنجیرەیەکی خێرای دۆمینۆ- هەڵاوسان، لەدەستدانی ئەنجومەنی نوێنەران، لێپێچینەوەی لەکارخستن- دەست پێ دەکات.
هەمان شت بۆ گەمارۆکەیش ڕاستە: تەنانەت ئەگەر گریمانەی ئەوەیش بکەین کە بەردەوام دەبێت لە لاوازکردنی ئێران، بەو واتایە دێت کە نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا دەگاتە شەش دۆلار بۆ هەر گالۆنێک و هەڵاوسان زیاتر هەڵدەکشێت پێش ئەوەی تەنانەت ڕژێمەکەیش بڕووخێت. کەواتە ئهوهی ڕاستی بێت ترەمپ بە دەستێکی بەستراوەوە شەڕ لەگەڵ ئێرانییەکان دەکات—بەبێ لەشکرکێشیی کوردەکان، بەبێ ئۆپەراسیۆنی زەمینی و، بەبێ لێدانی ژێرخانی وزە، لانی کەم تا کاتی هەڵبژاردنەکان.
بەم شێوەیە ڕێککەوتنەکە لەدایک بوو. ئەمە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نییە بەڵکوو ڕێککەوتنێکە دەربارەی هورمز. سەرچاوە باڵا ئیسرائیلییەکە دەڵێت، لێرەدا دەبێت مرۆڤ سەرنج بداتە شتێکی زۆر گرنگ سەبارەت بەو بڕگەیەی کە لە پرسەکانی هورمز تێ دەپەڕێت و دەچێتە ناو بابەتی پارەوە: ئەمە سووککردنێکی کاتیی سزاکانی سەر ئێرانە، نەک هەڵگرتنی یەکجارهكییان.
واتای ئەمە ئەوەیە کە لە ساتی واژۆکردنەکەوە، سەداسەدی گوشاری ئابووریی سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لا دەچێت، بەڵام تەنیا ڕێژهیهكی کەمی گوشاری ئابووری لەسەر ئێران لا دەچێت. ناکۆکی هەیە لەسەر قەبارەی ئەو زیانەی ئێران لە جەنگەکەدا بەری کەوتووە- ئەوانەی لە قەبارەکەی کەم دەکەنەوە بە سێ سەد ملیار دۆلار مەزەندەی دەکەن، ئەوانەیشی زیادی دەکەن، بە یەک تریلیۆن. بە هەر جۆرێک بێت، سوودەکە بۆ ئێران وەک ئەوە وایە مەلەوانگەیەکی بەتاڵ پەرداخ بە پەرداخ پڕ بکەیتەوە.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، کەسایەتییە باڵاکانی ناو دەزگهی مۆساد ڕەشبینییەکی قووڵیان دەربڕی سەبارەت بە دەرفەتەکانی سەرهەڵدانێکی جەماوەری لە ئێراندا لە کاتێکدا بایهکە لە بەرژەوەندیی ڕژێم هەڵدەکات. سەرچاوە باڵاکە گەشبینترە و دەڵێت: “باشە بیری بهێنینەوە کە تەنانەت پێش ئەم زیانە گەورەیەیش، جەماوەر چوونە سەر شەقامەکان بێ ئەوەی هیچ شتێکیان هەبێت بۆ لەدەستدان. هاووڵاتیانی ئێران شەش مانگی دیکە چی دەکەن، کاتێک تێ دەگەن کە دۆخە ئابوورییە سەختەکە هەر دەمێنێتەوە؟ ڕژێمەکە چی دەکات؟”
لە هەفتەی ڕابردوودا خەڵک ڕێککەوتنەکەی ترەمپیان بە ڕێککەوتنەکەی ئۆباما بەراورد دەکرد. تەنانەت سەرۆکی پێشوو توانجی لە سەرۆکی ئێستا دا و گوتی کە ڕێککەوتنەکەی ئەم خراپترە. سەرچاوەکە وەڵامی دایەوە و وتی: “تەنیا ئەوە نییە کە ئیسرائیل پەیامگەیاندنی لاوازە، بەڵکوو ئەمریکییەکانیش بە هەمان شێوەن.” هەروەها وتی: “گرنگترین بەش ئەوەیە کە ئێستا ئێرانییەکان واژۆیان لەسەر بەڵێننامەیەک کردووە بۆ سڕکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان. ئەمە هەنگاوێکی دراماتیکییە. لە دۆخی نە ڕێککەوتن و نە جهنگ، بۆ نموونە، دوای ئۆپەراسیۆنی “نەڕەی شێر (Lion’s Roar)” لە حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئەوان بەردەوام بوون لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان. لەژێر ڕێککەوتنەکەی ئۆبامادا، دەیانتوانی بە مۆڵەت و دەسەڵاتەوە، بەردەوام بن لەسەر زۆرێک لە ڕەگەزەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.”
ئەی سەبارەت بە هورمز؟
حاڵی حازر هەمووان ڕێگەی جێگرەوە دەدۆزنەوە. چەکی داخستنی گەرووەکە تەنیا ئەو کاتە بۆ ئێرانییەکان کار دەکات ئەگەر بەکاری بهێنن و ترەمپیش هیچ نەکات. بەڵام بۆ نموونە چی ڕوو دەدات ئەگەر مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان گەرووەکە دابخەن؟ مرۆڤ تەنیا دەتوانێت خەیاڵی کاردانەوەی سەرۆک بکات. لێرەدایە پێکدادانی بنەڕەتیی بەرژەوەندییەکانی نێوان ترەمپ و نهتانیاهۆ دەردەکەوێت: هەردووکیان لە پاییزدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردن دەبنەوە. یەکەمیان پێویستی بە ڕێککەوتنێک هەیە بۆ هێشتنەوەی چانسەکانی بردنەوە؛ دووەمیان پێویستە خۆی لە ڕێککەوتنێک بپارێزێت هەر بۆ هەمان مەبەست. ترەمپ، وەک چاوەڕوان دەکرا، خۆی هەڵبژارد.
پرسی لوبنان هەر دەمێنێتەوە
جیاوازییە سەرەکییەکەی ئێستا بەراورد بە دۆخی بیست ساڵ لەمەوبەر، لە کۆتاییی جەنگی دووەمی لوبنان و، ساڵ و نیوێک پێش ئێستا، لە کۆتاییی گەڕی پێشوودا، ئەوەیە کە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) لە قووڵاییی ناوەوەی وڵاتەکەدان. “ئارامی بە ئارامی وەڵام دەدرێتەوە”، چونکە ئەنجامی دڵخوازی ئیسرائیل نییە بۆ ماوەی درێژخایەن، بەڵام بۆ ماوەی کورتخایەن وایە، بەهۆی دۆخە سەختەکەی حزبوڵڵا و بارودۆخە ئاڵۆزەکەی سەرۆکی ئەمریکاوە.
“ئیسرائیلییەکان دەبێت لهوه تێ بگەن کە هیچ سیناریۆیەک له ئارادا نییە تێیدا ئیسرائیل بەتەنیا حزبوڵڵا هەڵبوەشێنێتەوە بێ ئەوەی دەست بەسەر هەموو لوبناندا بگرێت یان ئێران بڕووخێت و، لەبەر ئەوە، تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە، چیرۆکەکە بریتییە لە بەرپەرچدانەوە (deterrence). دەتوانیت لە مانگەکانی داهاتوودا دۆخێک دروست بکەیت کە تێیدا پەیوەندییەکەت لەگەڵ ئەمریکادا پاراستووە، هێشتۆتە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران خۆی بە خۆی هەرەس بهێنێت بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەک بەدەستەوە بدەیت و، لهو واقعهدا گیرتان خواردبێت کە كهس تهقه له خاکەکەت ناکات و، سەربازەکانیش لە ناوچە ئەمنییە نوێیەکەدا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆن دژی کۆکردنەوەی هێزی سەربازی. بۆیە پێویستە ژیرانە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی مسۆگەر بکەیت بۆ ههنگاونان، نەک بێ وەستان بجووڵێیت و وەک ئاژاوەگێڕی گەڕەکەکە سەیر بکرێیت کە دەبێت لغاو بکرێت.
“لە تێڕوانینێکی فراوانترەوە، وانەی ٧ی ئۆکتۆبەر بریتییە لە دەستنیشانکردنی هەڕەشە دەرکەوتووەکان نەک تەنیا لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵکوو لە سیاسەتیشدا و، پێشگرتنیان بە دەستپێشخەرییەکان. بۆ دەستپێشخەری، پێویستت بە مەودایەکە بۆ مانۆڕکردن. گوتنی “بۆ هەمیشە لە لوبنان یان سووریا دەمێنینەوە” بەو واتایە دێت ئیسرائیل وەک کەسە خراپەکە نیشانە کراوە و گوشارەکە دەکەوێتە سەرت؛ ئەمەیش ئەو مەودایەیە کە دەبێت وەزیرەکانی کابینەکە بیدەن بە سەرۆکوەزیران، تەنانەت لە ساڵی هەڵبژاردنیشدا. ڕۆژێک دوای گفتوگۆکەمان، وەزیری بەرگری و وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی، بەڕێککەوت هەمان شتیان گوت.
وانەیەکی دیکە:
هەرگیز یەک جار و کۆتایی نییە، یان بە عیبری “یەک تەقینەوە و تەواو”. دوای جەنگی شەش ڕۆژە مەسیح (Messiah) نەهات و، دوای یۆم کیپوور (Yom Kippur) دەوڵەتەکە کۆتایی نەهات. ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات. با سەیری وێنە گەورەکە بکەین؛ پێش کۆتاییهێنان بە قسەکانی، سەرچاوەکە پێشنیار دەخاتە ڕوو. دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا هەڕەشەیەکی بوونەکی (وجوودی) لەسەر دەوڵەتەکە هەبوو لە شێوەی بەرنامەی ئەتۆمی و هێزە پرۆکسییەکان، بەڵام ئێستا ئەو هەڕەشەیە لەئارادا نییە. سەرەڕای ئەوەیش، ئیسرائیل دوو جار بە ئێرانییەکانی پیشان داوە کە ئامادەیە لێیان بدات ئەگەر هەست بکات بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو دەنێن.
لە بەرەی بالیستیکیدا، ئێران هەڕەشەیەک لە ئاستی نەریتی، وەک ئەوەی سوپاسالار ساڵی ڕابردوو پێناسەی کرد، هەزاران مووشەک و سیستەمێکی بەرهەمهێنانی ترسناکیان هەبوو. ئێستا تەنیا هەزار مووشەک ماون و هیچ سیستەمێکی بەرهەمهێنان بوونی نییە؛ گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشووی، سێ بۆ پێنج ساڵی پێویستە. لە هەمان کاتدا، لە ماوەی جەنگەکەدا داهێنانێک ئاشکرا بوو کە قوبەی ئاسنین (Iron Dome) دەتوانێت زۆرێک لە مووشەکەکان تێک بشکێنێت. مانای ئەمەیش ئەوەیە، لە کاتێکدا تێچووی یەک تێکشکاندن جاران بە ملیۆنان دۆلار دەپێورا، ئێستا تەنیا سەد هەزار دۆلارە. هێڵەکانی بەرهەمهێنان بۆ تێکشکێنەرەکان لەم ساڵانەدا بەخێرایییەکی زۆر زیاد دەکرێن. کەواتە هێشتا کات ماوە و، کاتیش لە بەرژەوەندیی ئەو کەسەدایە کە بەکاری دەهێنێت. “ئایا ئەمە ڕێککەوتنێکی مێژوویییە؟ نەخێر. بەڵام بەدڵنیاییشەوە کارەسات نییە.”
توخمێکی نیگەرانکەرتر، لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، لەناو لێدوانە توندەکانی سەرۆک و تەنانەت زیاتریش لەوانەی جێگرەکەی، دژی دەوڵەتەکە، سەرۆکوەزیرانەکەی و وەزیرەکانی کابینەکەی شاراوە بوو. سەرچاوەکە دەڵێت: “دوورکەوتنەوە لە ئیسرائیل ستراتیژیی ترەمپ نییە. پەیوەندی لەگەڵ ترەمپدا کاری ٢٤ کاتژمێری و حەوت ڕۆژی هەفتەیە. چەندان ساڵ قەیرانی گەورە هەبوون کە هەرگیز ئاشکرا نەبوون چونکە لەپشت پەردەوە چارەسەر دەکران. شتە نوێیەکەی ئەم جارە زیاتر بەرهەمی بڕیارەکەیەتی بۆ وەڵامدانەوەی هەموو پەیوەندییەکی نەناسراو، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لەودیوی هێڵەکەوەیە. ڤانس (Vance) خۆی ناچار بوو بەرگری لە ڕێککەوتنەکە بکات دژی ئەو دوو لایەنە سەرەکییەی دژی بوون، کە بریتین لە ئیسرائیل و لایەنگرەکانی لەناو حزبی کۆمارییەکاندا. ئەو ڕەوانبێژییەکی هەڵبژارد کە لە ڕووی سیاسییەوە یارمەتیی نادات.
“لێرەدا ئامۆژگارییەک بۆ ئیسرائیل هەیە: چی ڕوو دەدات ئەگەر، بۆ تەنیا جارێکیش بێت، بێدەنگ بین؟ ڕاستە، ترەمپ هێرشیشی کردە سەر جۆرجیا مەلۆنی (Giorgia Meloni)، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەویش بەتوندی وەڵامی دایەوە. بەڵام ئیتاڵیا جەنگێکی دووبەرەیی لەسەر سەری نییە و، هەروەها دەتوانێت پشت بە پاڵپشتیی دیموکراتەکانی ئەمریکاش ببەستێت. بۆ ئێمە ئەمە جگە لە زیان هیچ شتێکی دیکە نییە. بێدەنگ بە، هەناسە بدە و، کاتی پێ بدە. ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێت بکرێت.”
سەرچاوە: