ئێران لە جەنگەکەدا سەر نەکەوت
تاران هێشتا لە یارییە درێژخایەنەکەدا دەدۆڕێت
جەیمس جێفری*
بەشێکی زۆری واشنتۆن بە ناڕەزایەتی و سووکایەتییەوە پێشوازییان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئێران کردووە. دوای زیاتر لە سێ مانگ لە جەنگ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەیانتوانی زۆرێک لە ئامانجەکانیان بەدی بهێنن، کە ڕووخاندنی ڕژێمی تاران و کۆتایهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانی بوو.
بەڵام کاتێک لە دیدێکی فراوانترەوە سەیری دەکرێت، ئەنجامەکە جیاواز دەردەکەوێت. لەو ململانێ هەرێمییە نزیکەی سێ ساڵەی کە بە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێ کرد و لەم بەهارەدا لە ئۆپەراسیۆنی “داستانی تووڕەیی” (Operation Epic Fury)دا گەیشتە لووتکە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی لە پێگەیەکی زۆر بەهێزتردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرانی بە زۆر لاوازتر بەجێ هێشتووە. تۆڕی بریکارەکانی ئێران لە گرووپە چەکدارەکان تا ڕاددەیەکی زۆر وێران بووە؛ سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد، کە یەکێک بوو لە هاوبەشە سەرەکییەکانی ئێران، نەماوە؛ تاران لەلایەن هاوپەیمانە گریمانەکراوەکانی لە پەکین و مۆسکۆ بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگوێ خراوە و؛ هێزە کۆنڤێنشناڵ (باو)ەکانی ئێران و، بەشێکی زۆری بنکەی پیشەسازیی بەرگری و ئەتۆمییەکەی، تێک شکێنراون. تاقە سەرکەوتنی ئێران لە دوایین خولی ململانێکاندا، لە توانای داخستنی گەرووی هورمز و گەیاندنی زیانی ئابووری بە سەرانسەری جیهاندا بووە. بەڵام داخستنی گەرووەکە زیان بە خودی ئێرانیش دەگەیەنێت و، پێ دەچێت کاریگەریی داخستنەکە بە تێپەڕبوونی کات لاواز بێت کاتێک وڵاتان بەدوای دابینکاری جێگرەوە، جێگرەوەی نەوت و ڕێڕەوی نوێی کەشتیوانیدا دەگەڕێن بۆ خۆدوورخستنەوە لە گەرووەکە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە جەنگەکە بەتەواوی و بەبێ کەموکوڕی بەڕێوە چووە یان بەپێی پلانەکە ڕۆیشتووە. بەڵام کاریگەریی کەڵەکەبووی سێ ساڵ لە هەوڵەکان بۆ بێدەسەڵاتکردنی ڕژێمێکی مەترسیدار و هەڕەشەئامێز لە ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە پێگەیەکی بەهێزدا هێشتووەتەوە بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکانی. یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتایهێنان بە جەنگەکە دەرگه بەڕووی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێراندا دەکاتەوە، کە دەکرێت سەقامگیریی زیاتر بە ناوچەکە ببەخشێت. سنووردارکردنەکانی یاداشتەکە بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ئێستادا لێڵن، بەڵام توانای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی سزای ئابووری و هەڕەشەی باوەڕپێکراو بە بۆردوومانی زیاتر، هێز و توانای پێ دەبەخشێت بۆ بەدیهێنانی سنووردارکردنی هەمیشەیی لەسەر پیتاندنی ئێرانی. لەبری ئەوەی شکستێکی سیاسەتی دەرەوە بێت، جەنگەکە دەکرێت پارچەی کۆتایی بێت لە هەوڵێکی سەرکهوتوو بۆ گەمارۆدان و سنووردارکردنی هەڕەشە هەرێمییەکانی تاران و بەدیهێنانی ئاگربەستێکی درێژخایەن.
وێنە گەورەکە!
ئەو هەڵمەتە سەربازییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتدا دەستیان پێ کرد، ناتوانرێت بەجیا سەیر بکرێت. وەزارەتی دەرەوە لە ڕوونکردنەوەی یاساییی خۆیدا بۆ ئۆپەراسیۆنەکە، کە لە ٢١ی نیساندا بڵاو کرایەوە، ڕوونی کردەوە: “داستانی تووڕەیی، تەنیا دوایین خولی ململانێیەکی چەکداریی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لەگەڵ ئێراندا.” ئەو ململانێیە بە هێرشەکەی حەماس لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد و، لە سەرانسەری ناوچەکەدا لە هەردوو ئیدارەی “بایدن” و “ترەمپ”دا بەردەوام بوو. ململانێکە شەڕی زەمینی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان، ڕووخاندنی ئەسەد، شەڕی ئاسمانی و دەریاییی هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ حووسییەکان لە دەریای سوور و دەوروبەری و، هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشە عەرەبەکانی کەنداو لەخۆ دەگرت.
کاتێک وەک هەڵمەتێک لە ململانێیەکی بەردەوامدا سەیر دەکرێت، دوایین خولی جهنگ لەگەڵ ئێراندا نزیک بوو لە حەتمیبوون. دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە کاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا فۆردۆ و پێگە ئەتۆمییەکانی تریان بۆردوومان کرد، ئیدارەی ترەمپ هێرشە ئاسمانییە زێدەبارییەکانی ئیسرائیلی ڕاگرت؛ ئەمەیش نیشانەی ئەوە بوو کە واشنتۆن بەدوای چارەسەرێکی گشتگیردا دەگەڕێت لەگەڵ تاران بۆ کۆتایهێنان بە خولی توندوتیژی و سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. دواتر ئیدارەکە خولێکی تری وتوێژی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران لە مانگی شوباتدا ئەنجام دا بۆ ئەوەی تاران ناچار بکات پیتاندن سنووردار بکات و، تاقی بکاتەوە کە ئایا بە ئەنجامدانی ئەم کارە، ئێران ڕێبازی شەڕەنگێزانەی خۆی بەرامبەر بە ناوچەکە نەرم دەکات یاخود نا. هەرچەندە ئێران هەندێک سازشی کرد-بەپێی ڕاپۆرتە دزەپێکراوەکان، ئێران ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر ڕاگرتنی پیتاندن بە شێوەیەکی کاتی-بەڵام دانوستانکارانی ئەمریکی گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئێران نایەوێت دەستبەرداری تەماحە ئەتۆمییە گەورەکانی بێت و، بەمەیش دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ هەژموونی ناوچهییش بێت.
جەنگەکە بەشێکی زۆری تواناکانی تری سەربازیی ئێرانی تێک شکاند
کردەوەکانی ئێران دوای جەنگی ١٢ ڕۆژە، ئەو تێڕوانینەی بەهێزتر کرد کە ئێران پێداگرە لەسەر پاراستنی باڵادەستیی ناوچهییی خۆی. تاران بەخێرایی مووشەکی بالیستیکی نوێی مەودادرێژی جێگیر کرد، کە ئیسرائیلییەکان وەک دابینکردنی قەڵغانێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تێ گەیشتن. لە مانگی یەکدا، ڕژێمی ئێران دڕندانه ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرانسەریی سەرکوت کرد. بەم شێوەیە ڕژێمی ئیسلامی نیشانی دا کە ناگۆڕێت؛ ئەمەیش بەو مانایە بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ هەمان ئەو نەیارەدا دەکەن کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە جەنگەکەی دەست پێ کردبوو و بەناچاری ململانێی زیاتر دەنێتەوە.
تاقە پرسیار بۆ واشنتۆن ئەوە بوو کە ئایا گونجاوترە زووتر هێرش بکات یان درەنگتر. ئیدارەی ترەمپ و ئیسرائیل بڕیاریان دا کە باشترە هێرش بکەن لە کاتێکدا ئێران هێشتا بەڕێژەیی لاوازە بەهۆی جەنگی ١٢ ڕۆژە و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەوە، نەک چاوەڕوان بن تا کۆنترۆڵ بەدەست بهێنێتەوە و کۆگهکانی مووشەک بنیاد بنێتەوە. کێشەی بڕیاری هێرشکردن لە ٢٨ی شوباتدا کاتەکەی نەبوو؛ کێشەکە لەو باوەڕە زێدەڕۆیییەدا بوو کە ئیدارەکە پێی وابوو دەتوانێت سەرکەوتنێکی تەواو بەدەست بهێنێت هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا کردبووی و، هەروەها بەهۆی نەبوونی ئامادەکاری بۆ پەرچەکردارە ئاشکراکان. ئیدارەکە چەندان دەیەی پلاندانانی سەربازیی ئەمریکای بۆ داخستنی چاوهڕوانكراوی گەرووی هورمز پشتگوێ خست و، ئەزموونی قورسی ڕووخاندنی نەیارە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک حزبوڵڵا، دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و، تاڵیبانی فەرامۆش کرد.
ههنگاونان بهرهوپێشهوه
بەڵام تەنانەت لەگەڵ گومانە ڕەواکانیش سەبارەت بە ئامانجەکان و ئامادەکارییەکان بۆ جەنگەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتەوە زیانێکی گەورەیان له ئێران داوه. تۆڕی بریکارەکانی تاران، کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا لاواز ببوو، ئێستا بەتەواوی ڕووخاوە. پاشماوەکانی حەماس ئاگربەستیان لە غەززە پاراستووە و، بەپێچەوانەی ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، کاتێک میلیشیا عێراقییەکان و حووسییەکان لە یەمەن سەدان هێرشیان کردە سەر دارایییە سەربازییەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، تۆڕەکانی بریکاری ئێران تا ڕاددەیەکی زۆر لە خولی کۆتاییی ململانێکاندا لە پەراوێزدا مانەوە. بەغدا دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لایەنگرترین کاندیدەکانی ئێرانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕەت کردەوە و، میلیشیا عێراقییەکانی لایەنگری ئێران لانی کەم هەندێک هەنگاوی ڕواڵەتییان هاوێشت بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ حکوومەتی فەرمیی عێراقدا.
ئیسرائیل بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەو تاقە بریکارەی تێک شکاند کە هاتە ناو ململانێکەوە، کە حزبوڵڵا بوو و، بۆ یەکەم جار لە دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ، لوبنان ڕاستەوخۆ لەسەر داماڵینی چەکی حزبوڵڵا، لەگەڵ ئیسرائیل چووە ناو دانوستانەوە. ئیسرائیل ئێستا کۆنترۆڵی خاکێکی لە لوبناندا کردووە تا ڕووباری لیتانی، کە نزیکەی ١٥-٢٠ میل لە باکووری سنووری ئیسرائیلەوەیە و، هیچ شتێک لە یاداشتی لێکتێگەیشتندا نییە کە ناچاری بکات دەستبەرداری دەستکەوتەکانی بێت.
هەروەها جەنگەکە بەشێکی زۆری تواناکانی تری سەربازیی ئێرانی تێک شکاند، بەتایبەتی تۆڕی بەرگریی ئاسمانییەکەی. بەپێی ڕاپۆرتی پێنتاگۆن، لە ٢٨ی شوباتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٥٠٠ ئامانجی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و ١٢٥٠ کۆگهی درۆن و مووشەکی بالیستیکی پێکاوە. ئێران مەزەندەی کردووە کە جەنگەکە ٢٧٠ ملیار دۆلار زیانی لێ کەوتووەتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل و هاوبەشە عەرەبەکانی کەنداو زۆرینەی هەرە زۆری پەرچەکردارە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانیان پووچەڵ کردەوە؛ ئەوانەیشی کە بەناو بەرگرییەکاندا تێ پەڕین، زیانێکی کەمیان بە ئامانجەکانی ئیسرائیل گەیاند و تەنیا زیانێکی مامناوەندیان بە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ژێرخانی دەوڵەتانی کەنداو گەیاند.
داخستنی سەرکهوتووانەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کەمبوونی نەوتی لێ کەوتەوە و بۆ وڵاتان و بەکاربەران بەئازار بوو، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم بڕینە کەمتر وێرانکەر بوون لە گەمارۆی نەوتی ساڵانی ١٩٧٣-١٩٧٤، کە بووە هۆی پاشەکشەی ئابووریی جیهانی و، نرخی نەوتی بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا ٣٠٠ بەرز کردەوە (بەپێچەوانەوە، نرخی نەوت تەنیا نزیکەی سەدا ٥٠ بەرز بووەوە لەو کاتەوەی جەنگەکە دەستی پێ کردووە). کاتێک ئهمساڵ ئێران گەرووی هورمزی داخست، دەوڵەتان و کۆمپانیاکان بەخێرایی ڕێگهی چارەسەریان دۆزییەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کاریگەرییەکان. کێڵگە نەوتییەکانی ئەمریکا بەرهەمهێنان و هەناردەکردنیان زیاد کرد و، لە مانگی ئایاردا گەیشتنە بەرزترین ئاستی پێوانەییی هەناردەکردنی نەوتی خاو کە ٥.٦ ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا. عەرەبستانی سعوودی ڕۆژانە تا حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت، یان یەک لەسەر سێی هەناردەی کەنداو، لە ڕێگەی بۆرییەکەوە دەگوازێتەوە کە گەرووەکە تێ دەپەڕێنێت و، ئیماراتیش نزیکەی نیوەی کارەکانی بۆرییەکی نوێی تەواو کردووە کە توانای گواستنەوەی زەمینیی خۆی دووهێندە دەکات بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. گەمارۆی نەوتی ئێران هەروەها هاندەری گۆڕانکارییەکی جیهانییە لە وزەدا لە هایدرۆکاربۆنەکانی کەنداوەوە بۆ دابینکارانی تری نەوت و گاز و بۆ سەرچاوەکانی وزەی جێگرەوە؛ ئەمەیش گەمارۆکە دەکاتە بەهایێکی لەدەستچوو. ئێران توانیی بەرگەی گەمارۆدانی درەنگوەختی خودی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەر گەرووی هورمز بگرێت چونکە پێشتر چەندان دە ملیۆن بەرمیل نەوتی لەناو دەریادا هەبوو، بەڵام بژاردە جوگرافییە سنووردارەکانی تاران و دارایییەکانی بۆ هەناردەکردنی نەوت بە ڕێگهی تر، وای لێ دەکات لەبەردەم گەمارۆکانی داهاتوودا لاواز بێت.
ڕێککەوتنە ڕاستەقینەکە
تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەوەی کە هەڵمەتەکە تا چەند زیانی بە ئێران گەیاندووە، ئەوەیە کە چی بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا دێت. بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتن، ئێران تەنیا پابەند بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، نەک هاوێشتنی هەنگاوی پێشوەختەی دیاریکراو جگە لە کەمکردنەوەی خەستیی کۆگهکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی سەدا ٦٠، کە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە ئاستی پیتاندنی سەدا ٩٠ نزیکە، کە بۆ چەکی ئەتۆمی پێویستە و لە ئێستادا تا ڕاددەیەکی زۆر لە ژێرزەویدا نێژراون. یاداشتەکە گفتوگۆی پیتاندن دەبەستێتەوە بە سووککردنی سزاکان؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دانوستانکاران بە شێوەیەکی نافەرمی بەستنەوەیەکیان لەنێوان هەردوایاندا دروست کردووە و، بەپێی ڕاپۆرتە دزەپێکراوەکان، گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ئێران کە لە مانگی شوباتدا ئەنجام دران، هەندێک پێشکەوتنیان لەسەر سنووردارکردنی پیتاندن بەدەست هێناوە. بەڵام بۆ ڕێگریکردنی ڕاستەقینە لە تەماحەکانی چەکی ئەتۆمیی ئێران، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیا بێت لەوەی کە ئەو کۆگهیانە لە ڕاستیدا لەناو دەبرێن و ئێران ناتوانێت لە داهاتوودا بەدوای پیتاندندا بڕوات.
زۆرێک لە چاودێران ڕەخنە لە جەنگەکە دەگرن بەو پێیەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆی لە دۆخێکدا دەبینێتەوە کە هیچ باشتر نییە لەوەی کاتێک ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٢٠١٥، یان ڕێککەوتنی گشتگیری هاوبەش (JCPOA)ی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. ئەوان پێیان وایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیتوانی کۆنترۆڵی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بپارێزێت بە مانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لێی کشایەوە. بەڵام ڕێککەوتنی ئەتۆمی تەنیا بە شێوەیەکی کاتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی سنووردار کرد، لە کاتێکدا کۆتاییی بە سزاکان و میکانیزمەکانی تری جێبەجێکردن هێنا. سنووردارکردنی پیتاندنی ئێرانی بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئەگەر لە شوێنی خۆی بمایەتەوە، لەم ساڵەوە هەنگاو بە هەنگاو لا دەبران؛ لە ماوەی چەند ساڵێکدا، ڕێککەوتنەکە ڕێگەی بە ئێران دەدا بە شێوەیەکی زۆر خێرا و بەبێ سنووردارکردن یۆرانیۆم بپیتێنێت؛ ئەمەیش بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی بۆ ئێران ئاسانتر دەکرد.
هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەزانن کە هێشتا پێویستیانە لەگەڵ واشنتۆندا کار بکەن
ویلایەتە یەکگرتووەکان ئێستا خۆی لە پێگەیەکی باشتری دانوستاندا دەبینێتەوە لەوەی ئەگەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بمایەتەوە. ئەو سزا ئابوورییە توندانەی کە ترەمپ لە کاتی کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨دا سەپاندی و تێکشکاندنی هاوبەشی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ بەشێکی زۆری ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، لە دانوستانەکانی ئێستادا هێز و توانایەکی زۆر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبەخشێت. واشنتۆن ئێستا لەبەرامبەر سنووردارکردنی پیتاندن لەلایەن ئێرانەوە، دەتوانێت ئاگربەست و سووککردنی سزاکان پێشکەشی تاران بکات.
ڕەخنەگرانی جەنگەکە هەروەها ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر بڕیارەکانی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و ئەوروپا تووشی کێشە بووە. وڵاتانی کەنداو ڕێگرییان لە هەندێک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی ئەمریکا کرد کە بنکەکانی سەر خاکی ئەوان بەکار بهێنن و ڕەتیان کردەوە بەشداری بکەن لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان لە ڕێگەی گەرووەکەوە. ئیدارەی ترەمپ چەندان جار ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت بەهۆی ئۆپەراسیۆنی لوبنان دژی حزبوڵڵا، کە وەک تێکدانی داوای ئاگربەستی لوبنان لە یاداشتەکەدا دەیبینی. واشنتۆن لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپاشدا کێشەی هەبوو، بەهۆی نەبوونی ڕاوێژ لەسەر بڕیاری ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و ڕەتکردنەوەی ئەوروپا بۆ یارمەتیدان لە کردنەوەی گەرووەکە.
بەڵام پێ دەچێت هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ئەمریکا لەگەڵ واشنتۆندا کار لەسەر ئەو ناکۆکییانە بکەن، نەک بچنە سەر ڕێکخستنی ئەمنیی زۆر جیاواز، چونکە بژاردەی تریان کەمە. لە ئیسرائیل، سەرۆکوەزیران بنیامین نەتانیاهۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیر کراوە و هیچ سەرپەرشتێکی تری جیهانیی بەهێزی نییە. دەوڵەتانی کەنداو بەدوای هاوکاریی سەربازی لەگەڵ وڵاتانی وەک تورکیا و پاکستاندا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواویان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام هیچ هاوبەشێکی سەربازیی جددیی دیكهیان نییە جگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی پاشماوەی ئێران. دەوڵەتانی کەنداو لە ئێستادا هێشتا پێویستیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانە، بەڵام وەک دانا سترۆڵ لە فۆرین ئەفەرزدا نووسیویەتی، پێویستە ئیدارەی ترەمپ “گۆڕانکاریی سیستهماتیکی لە شێوازی کارکردنی واشنتۆن لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکاندا بکات” ئەگەر دەیەوێت لە داهاتوودا لە لایەنی خۆیدا بیانهێڵێتەوە.
لووتکەی (تا ڕاددەیەک تەبای) کۆمەڵەی حەوت (G-7) کە لە ١٥ بۆ ١٧ی حوزەیران بەڕێوە چوو، وێنای هاوکاریی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەهێزتر کرد. ترەمپ لەگەڵ سەرکردە سەرەکەییەکانی عەرەب کۆ بووەوە بۆ هەماهەنگی لەسەر ئێران، واژۆی لەسەر زمانێکی توند کرد لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە پشتیوانیی لە ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا دووپات دەکردەوە و، لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنساوە لە ڤێرسای پێشوازیی لێ کرا. هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەزانن کە هێشتا پێویستیانە لەگەڵ واشنتۆندا کار بکەن و، ئامادەن ڕابردوو لەبیر بکەن سەبارەت بە جەنگی ئێران.
بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران بێکەموکوڕی نەبوو: وەک زۆرێک لە سەرکێشییە زێدەڕۆیییەکان، کەمی سەرچاوەکان، و کەم شیکراوەکانی سیاسەتی دەرەوە لە مێژووی ئەمریکادا، وەک گڵۆپی سەوزی سەرۆک هاری ئێس ترۆمان بۆ مارشی جەنەڕاڵ دۆگلاس ماکئارسەر بەرەو ڕووباری یالو لە جەنگی کۆریادا و بڕیاری چارەنووسسازی جۆرج دەبلیو بۆش بۆ چوونەناو جەنگ لە ئەفغانستان و عێراق، ئۆپەراسیۆنی ” داستانی تووڕەیی” نەیتوانی سەرکەوتنێکی تەواوەتی بەدەست بهێنێت. بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک دەستکەوتی کەڵەکە کردووە کە تا ڕاددەیەکی زۆر سەرکەوتنە هەرێمییەکانی ئێرانی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پێچەوانە کردووەتەوە. بەو پێشگریمانەیەی کە ئیدارەکە بتوانێت گەرووەکە بەکراوەیی بهێڵێتەوە و پیتاندنی ئەتۆمی درێژخایەنی ئێران سنووردار بکات، سیاسەتێکی ئەمریکا کە ئامانجی گەمارۆدان بێت نەک ڕووخاندنی ڕژێم، دەبێته سەرکەوتنێک. ئەرکی ئێستا بەدیهێنانی سەرکەوتنێکی کۆتاییی دەستنەکەوتوو نییە، بەڵکوو چەسپاندنی ئەم دەستکەوتانەیە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئێران بەلاوازی دەمێنێتەوە بە بەراورد بەو کاتەی کە ململانێکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٢٣دا سەری هەڵدا.
*جەیمس ئێف جێفری، هاوڕێی دیاری “فلیپ سۆلۆندز”ە لە پەیمانگهی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک. وەک ئەفسەری خزمەتگوزاریی دەرەوە لە حەوت ئیدارەی ئەمریکادا کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بووە بۆ کاروباری سووریا و نێردەی تایبەت بووە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش.
سەرچاوە:
Jeffrey, J.F. (2026) ‘Iran Didn’t Win the War: Tehran Is Still Losing the Long Game’, Foreign Affairs, 25 June. Available at: https://www.foreignaffairs.com/iran/iran-didnt-win-war (Accessed: 2 July 2026).