1

جەنگێکی نادروست، ڕێککەوتنێکی ناتەواو و داهاتوویەکی مەترسیدار: ئەوەی پێویستە لەمەودوا سەبارەت بە ئێران بکرێت

ماڵپەڕ: ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council)

نووسینی: ویلیام ئێف. وێکسلەر (William F. Wechsler)

لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ یەکەم جار دەسەڵاتی گرتە دەست، لەبارەی ئێرانەوە زۆر جار بڕیاری دروستی داوە، زیاتر لەوەی ڕەخنەگرەکانی بیانەوێت دانی پێدا بنێن.  ترەمپ لە سەرەتاوە، هەستی بەو هەڕەشەیە کرد کە ڕژێمەکە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستیان دەکرد، بۆیە بە شێوەیەکی پێویست بۆ تێکدانی چالاکییە زیانبەخشەکانی ئێران سزاکانی ئەمریکای فراوانتر کرد و، هەوڵی دا ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی بەهێزتر لەو ڕێککەوتنە ناتەواوە بەدەست بهێنێت کە سەرۆککۆمارەکەی پێش خۆی دانوستانی لەسەر کردبوو. “ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم (Abraham Accords)” کە ترەمپ لە کۆتاییی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ڕای گەیاند، ڕێگەی دا هەماهەنگیی سەربازیی نێوان ئیسرائیل و کەنداو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بچێت، لەوانەیش هەوڵە هەستیارەکان بۆ باشترکردنی بەرگرییەکان کە لە کاتی دوو جار هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، بێهاوتا بوون.

ترەمپ هەروەها چەندان بڕیاری دروستی لەبارەی سەختترین پرسەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران داوە، کە زۆر جار پێچەوانەی بۆچوونی ڕاوێژکارەکانی بووە. هەندێک جار زۆر به‌جێ، وریا بووە؛ کاتەکانی دیکە بە شێوەیەکی گونجاو ئامادە بووە مەترسییە مه‌زه‌نده‌كراوه‌كان لەئەستۆ بگرێت. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ژیرانه‌ پێشنیازێکی پێنتاگۆنی بۆ لێدانی ڕاستەوخۆی ئێران وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە خستنەخوارەوەی درۆن (فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان)ی ئەمریکی ڕەت کردەوە، کە دەبووە کاردانەوەیەکی ناهاوسەنگ و، بەم شێوەیەیش ئەگەری هەبوو مەترسیدار بێت. دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠دا، پێنتاگۆنی تووشی شۆک کرد کاتێک فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی فەیلەقی قودسی دا، کە ئەمەیش بە شێوەیەکی بەرچاو تواناکانی ئێرانی کەم کردەوە و دەستبەجێ نەبووە هۆی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە فراوانترەی کە زۆر کەس لەو کاتەدا لێی دەترسان. هەروەها ئەو مەترسییە کەم بووەوە کاتێک ترەمپ داواکارییەکانی بۆ پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان ڕەت کردەوە دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا. لە هەمووی گرنگتر، ساڵی ڕابردوو ترەمپ بڕیارە دروستەکەی دا بۆ بۆردوومانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و، بڕیاری پێشووی ئیدارەکەی بۆ دوورکەوتنەوە لە هێرشەکانی پێشووتری ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە.

بێ گومان ترەمپ لە هەموو شتێکدا سەبارەت بە ئێران ڕاستی نەپێکاوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا، بە شێوەیەکی نادروست بەتەواوی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کشایەوە، لەجیاتی ئەوەی سوود لە خاڵە بەهێزەکانی وەربگرێت، وەک بڕگەکان بۆ “گەڕاندنەوەی خێرا (snap back)”ی سزاکان. لە ساڵی ٢٠١٩دا، نەیتوانی کاردانەوەی هەبێت کاتێک هێزە پرۆکسییەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی وزەی سعوودیا. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیەوە، چەندان جار گومانی خستووەتە سەر ئەوەی ئایا ئەمریکا پێویستە پارێزگاری لە ڕۆیشتنی وزە لە کەنداوەوە بکات یان نا و، پێداگریی کردووە کە ”ئێمە پێویستمان بە نەوت نییە” و بۆیە ”پێویست ناکات ئێشکگری لە گەرووەکاندا بکەین.” تەنانەت خولی دووەمیشی بە هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی ئەمنیی ئەو کەسانە دەست پێ کرد کە پێشتر خزمەتیان کردبوو و ئامانجی پیلانەکانی تیرۆرکردنی ئێران بوون.

سەرەڕای ئەوەیش، لە سەرەتای ئەمساڵدا، لۆژیکی بوو باوەڕمان وابێت کە ترەمپ لە پێگەیەکی باشدا بوو بۆ داڕشتنی کۆمەڵێک سیاسەتی نوێ بەرامبەر بە ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. ڕاستییه‌كه‌ی، لەوانەیە هەرگیز هه‌لومه‌رج هێندەی ئێستا لەبار نەبووبێت بۆ تێکەڵکردنێکی ژیرانەی هێز و دیپلۆماسیی ئەمریکا. پێگەی جیۆستراتیژیی تاران بەتوندی پاشەکشەی کردبوو لە دوای سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی هاوبەشەکانی ئێران کە حەماس و حزبوڵڵا بوون و، ڕووخانی بەشار ئەسەد کە هاوپەیمانی ئێرانە لە سووریا و، وێرانکردنی بەرگرییە ئاسمانییە ستراتیژییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە و، ئەو زیانەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوت. لەوانەیە لە هەمووی گرنگتر، ئاماژە هەبوون کە گەلی ئێران ئامادەیە جارێکی دیکە دژی ستەمکارەکانیان ڕاپەڕێت. ئەمە ساتەوەختێک بوو بۆ بەکارهێنانی خاڵە بەهێزەکانی ئەمریکا لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوبەشە ناوچه‌یییەکان بۆ کەمکردنەوەی توانای ڕژێمی ئێران لە هەڕەشەکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاووڵاتییەکانی خۆیشی.

بەداخەوە، ترەمپ په‌ندی لە ئەزموونەکانی خۆی لەگەڵ ئێران وەرنەگرت و سوودی لەم دەرفەتە مێژوویییە نەبینی. لەجیاتی ئەوە، زۆرێک لە هەڵەکانی پێشینەکانی خۆی دووبارە کردەوە کاتێک جەنگێکی نادروستی هەڵگیرساند و بە ڕازیبوون بە ڕێککەوتنێکی زۆر ناتەواوی ئاگربەست، هەڵەکەی گەورەتر کرد. سەرەڕای ئەوەیش، هێشتا ڕێگەیەک ماوەته‌وه‌ بۆ ڕزگارکردنی دۆخەکە. بۆ دوورکەوتنەوە لە دەرەنجامە مەترسیدار و پێشبینیکراوەکان لە مانگەکان و ساڵانی داهاتوودا، پێویستە ترەمپ شێوازێکی نوێی دانوستان، جەختکردنەوەیەکی نوێ لەسەر ئاسایش و بەرپەرچدانەوەی ناوچه‌یی و، پابەندبوونێکی نوێ بۆ ئامادەکاری بۆ داهاتوو بگرێتە بەر کە هەموو ئەمانە دەتوانن پشتگیریی هەردوو حزبەکە لە کۆنگرێس بەدەست بهێنن.

 

جەنگێکی نادروست، دووبارەکردنەوەی مێژوو

مرۆڤ له‌ هەڵە تازەکانی ترەمپ لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەدا تێ ده‌گات؛ بەڵام هەڵە دووبارەبووەکان وا نین. سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لەمساڵدا کۆمەڵێک بڕیاری لەخۆ گرتووە کە نەیانتوانیوە ئەو وانانە جێبەجێ بکەن کە دەبوو لە هەڵەکانی سه‌رۆكه‌كانی پێش ترەمپەوە فێری ببن. هەروەک ئۆباما- کە بەئاشکرا “هێڵی سوور”ی ئەمریکای سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سووریا ڕاگەیاند، بەهەڵە پێی وابوو تەنیا هەڕەشەکە ناچاریان دەکات پابەند بن- ترەمپ لە ٢ی کانوونی دووەمدا داوای لە حکوومەتی ئێران کرد هێرش نەکاتە سەر خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانی و، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ”ئێمە چەکەکانمان ئامادەیە و پێشوەختە پڕ کراون بۆ تەقەکردن.” پاشان، هەروەک جۆرج ئێچ. دەبلیو بۆش و دوایت ئایزنهاوەر، کە بە ڕیزبەند داوایان لە عێراقییەکان و هەنگارییەکان کرد دژی ستەمکارەکانیان ڕاپەڕن و دواتر کاتێک کۆمەڵکوژ کران تەنیا تەماشاکەر بوون، ترەمپ لە ١٣ی کانوونی دووەمدا داوای لە گەلی ئێران کرد ”بەردەوام بن لە خۆپیشاندان” چونکە ”یارمەتی بەڕێوەیە” پێش ئەوەی بێ دەرەتان و بەتەنیا جێ بهێڵرێن و لەلایەن ڕژێمەکەوە قەسابخانەیان بۆ بکرێت، کە پێ دەچێت ژمارەیان بە دەیان هەزار کەس بێت.

هەروەک جۆرج دەبلیو بۆش، کە جەنگێکی هەڵبژێردراوی نادروستی بۆ گۆڕینی ڕژێم لە عێراق بە گریمانە گەشبینانەکانی تێچووی کەم و دەرەنجامی ناواقعییانە هەڵگیرساند، ترەمپ لە ٢٨ی شوباتدا جەنگەکەی دژی ئێران دەست پێ کرد و بەڵێنی دا کە ”مووشەکەکانیان لەناو ببات و پیشەسازیی مووشەکیان خاپوور بکات” و، ”دڵنیایی بدات کە هێزە پرۆکسییە تیرۆریستەکانی ناوچەکە ئیتر ناتوانن سەقامگیریی ناوچەکە تێک بدەن” و، ”دڵنیایی بدات کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.” هێشتا هیچ یەکێک لەم ئامانجە دیاریکراوانە بەدی نەهاتوون. سەرەڕای ئەوەیش، بەپێچەوانەی جۆرج بۆشەوە کە “سەدام حوسێن”ی ڕووخاند و سیستەمێکی نوێی حوكمڕانیی دامەزراند، ترەمپ ئامانجە ڕاگەیەنراوەکەی بۆ گۆڕینی ڕژێم بەدەست نەهێناوە و، لەجیاتی ئەوە تەنیا توانیویەتی سەرکردایەتییەکەی لەناو ببات. هێزە ئەمنییەکانی ئێران پابەند نەبوون بە داواکارییەکەی ترەمپ بۆ ”دانانی چەکەکانیان”، بۆیە گەلی ئێران نەیانتوانی ”دەست بەسەر حکوومەتەکەیاندا بگرن،” وەک ئەوەی ئەو هانی دابوون. هەروەک سەرۆک لیندن جۆنسۆن، کە نەیتوانی پێشبینیی کردەوەی دوژمن بکات پێش “هێرشی تێت (Tet Offensive)” لە ڤێتنام، ترەمپ پلانی بۆ کاردانەوە پێشبینیکراوەکەی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دانەنا. بەڵام بەپێچەوانەی سەرۆک جۆنسۆنەوە، ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی بەئاسانی دەرەنجامی بێشومار یاریی جەنگیان لەبەردەستدا بوو لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا کە پێشبینیی ئەم کاردانەوەیەی ئێرانیان دەکرد.

هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دوایییەی لەگەڵ ئێران، لێکچوونی مێژووییی نەخوازراوی هەیە. ترەمپ هەڵە سەرەکییەکەی وودرۆ ویڵسۆنی لەگەڵ ئەڵمانیا دووبارە کردووەتەوە کاتێک ڕێککەوتنێکی لە ڤێرسای واژۆ کرد کە ئەگەری جەنگێکی دیکەی لە داهاتوودا زیاتر کرد. لێکتێگەیشتنە چواردە خاڵییەکانی ترەمپ (کە ژمارەکە خۆی لێکچوونێکی تەنزئامێزی دیکەی سەرۆک ویڵسۆنە) بڕگەگەلێک لەخۆ دەگرێت کە ڕێگە بە پارەدان بە ئێران دەدات لە ڕێگەی سووککردنی سزاکان، سندووقەکانی ئاوەدانکردنەوە و، بەدڵنیایییەوە جۆرێک لە کرێی تێپەڕین. لەم ڕووەوە، ترەمپ هەڵە هەستیارەکەی سەرۆک تۆماس جێفەرسۆنی دووبارە کردووەتەوە کاتێک دژی چەتە دەریایییەکانی بەربەری (Barbary Pirates) چووە جەنگەوە بۆ کۆتاییهێنان بە باجی زۆرەملێی ئەمریکا، بەڵام لە کۆتاییدا بە پارەی “فیدیە” ڕازی بوو کە زەمینەی بۆ جەنگی دووەمی بەربەری خۆش کرد.

ڕێککەوتنێکی ناتەواو، بەهێزکردنی ئێران

دۆکترینی ترەمپ بۆ ڕێککەوتنە چواردە خاڵییەکەی لەگەڵ ئێران، ڕەنگدانەوەی ڕێککەوتنە بیست خاڵییەکەی پێشوویەتی لەسەر غەززە. چەند خاڵێکی هاوبەشی ئەرێنی هەن. هەر یەکەیان بە شێوەیەکی سوودبەخش شەڕیان وەستاند، ڕێگەیان بە تێپەڕبوونی نوێی کاڵا زۆر پێویستەکان دا و، دانوستانی فراوانتریان لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا دەست پێ کرد. هەروەها ئاڵنگاریی هاوبەشیان هەیە. بۆ نموونە لە سەرەتاوە، زۆربەی چاودێران باوەڕیان نەدەکرد کە هیچ کام لە ڕێککەوتنەکان زۆر لە خاڵی یەکەمی ئەو خاڵە زۆرانەی ڕیز کراون تێپەڕ ببن.
بەڵام لێکچوونەکان لێرەدا کۆتایییان دێت. ڕێککەوتنە بیست خاڵییەکە داوای لە حەماس دەکرد دەستبەجێ بارمتەکانی ئازاد بکات و، هەروەها ئیسرائیلییە زیندوو و مردووەکان کە لەلایەن گرووپەکەوە ڕفێنرابوون کاتێک جەنگەکەی دژی ئیسرائیل دەست پێ کرد. بەڵام لەجیاتی ئەوە، ڕێککەوتنە چواردە خاڵییەکە کۆنترۆڵی ئێران بەسەر بارمتەکەیدا، کە گەرووی هورمزە، بەهێزتر دەکات، کە تەنیا دوای ئەوەی ئەمریکا جەنگەکەی دەست پێ کرد دەستی بەسەردا گیرا. بێ گومان سەرکردەکانی ئێران له‌م ڕاستییە تێ ده‌گه‌ن، کە ئەمەیش بڕیارەکەیان بۆ هەنگاونانی خێرا بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵیان بەسەر هورمزدا ڕوون دەکاتەوە- کردەوەیەک کە بووە هۆی هەڵگیرساندنی نوێترین پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.

سەرباری ئەوەیش، لە کاتێکدا ڕێککەوتنە بیست خاڵییەکە دوای شکستپێهێنانی سەربازیی حەماس هات، ڕێککەوتنە چواردە خاڵییەکە، ئێران بەسەرکەوتوویی دەهێڵێتەوە. سەرەڕای ئەو زیانەی لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لێی کەوت، ڕژێمی ئێران لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە و وا پێ دەچێت سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی پێگەی ناوخۆییی خۆی هەم لەناو حکوومەتدا و هەم بەسەر دانیشتووانێکی ترسێنراودا زیاتر چەسپاندبێت.
لە هەمووی گرنگتر، ڕژێمەکە بە پەیڕەوکردنی ڕێبازە لەمێژینەکەی، بەسەرکەوتوویی “دۆخێکی ئاساییی نوێ”ی دروست کردووە کە تیایدا ئەو کردەوانەی ئێران کە پێشتر وەک هۆکاری جەنگ (casus belli) سەیر دەکران، ئێستا لە خوار ئاستی جەنگەوە پێناسە دەکرێنەوە. هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا، لە جیمی کارتەر و ڕۆناڵد ڕەیگانەوە بڕیاریان داوە کە ئەمریکا هێزی سەربازی بەکار بهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە کەنداوەوە بەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام ئێستا ترەمپ لە واقعدا و بە نووسراو، کۆنترۆڵی دیفاکتۆی ئێرانی بەسەر خاڵێکی ستراتیژیی دەریاییی زۆر گرنگدا قبووڵ کردووە. ئەمە جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەڵ ئەو کاتەی کە ئۆباما بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەڵام بەنهێنی هەڕەشەی لە ئێران کرد سەبارەت بە هەر هەوڵێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز و، تەنانەت پێچەوانەبوونەوەیەکی تەواوی وتارەکەی ١ی نیسانی ترەمپە بۆ نەتەوەکەی، کە تێیدا بەڵێنی دا کە ”کاتێک ئەم ململانێیە کۆتایی دێت، گەرووەکە بە شێوەیەکی سروشتی دەکرێتەوە ”.

لە دەیەکانی ڕابردوودا، ئەمریکا هێندە متمانەی لەگەڵ هاوبەشە ئەمنییەکانی لە کەنداو دروست کردبوو کە سەرکردەکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) هەستیان کرد لەلایەن جۆ بایدنەوە جێ هێڵراون دوای هێرشێکی تا ڕاددەیەک مامناوەندی حووسییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا؛ کە ئەمەیش وای لە ئەمریکا کرد هەوڵێکی زۆر بدات بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. ئەو ئەزموونە زۆر دوورە لەو شوێنەی ئەمڕۆ تێیداین، کاتێک ترەمپ بەئاشکرا هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی هەستیاری ئیمارات بە ”تەقەکردنێكی قورس نییە” کەم دەکاتەوە و بەرگری لە بوونی جبەخانەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران دەکات. پەیامێک کە بێ گومان بەڕوونی هەم لە تاران و هەم لە ئەبوزەبی بیسترا. دۆخێکی ئاساییی نوێ کە ڕێگە بە ئێران دەدات تواناکانی بۆ دەرخستنی هێز بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانەوە بە توانایەکی قبووڵکراو بۆ لێدانی ڕاستەوخۆی دراوسێکانی بەپێی ئارەزووی خۆی تەواو بکات، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بێت.

ئەم دۆخە ئاسایییە نوێیەی کە لە یاداشتەکەدا بەفەرمی کراوە، هەروەها ڕێگەی بە ئێران داوە کە بەفەرمی بەرژەوەندییەکانی لە دوو گۆڕەپاندا—کەنداو و لوبنان—بەیەکەوە ببەستێتەوە و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئەمریکا و ئیسرائیل لەیەکتر جیا بکاتەوە، کە هەردووکیان ئامانجی ستراتیژیی لەمێژینەی ئێرانن و سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا ڕەتیان کردبووەوە. یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی ترەمپ، ئێران بەهێز دەکات بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئەمریکا تاوەکوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی حزبوڵڵا بوەستێنێت. دەبێت پێشبینیی ئەوە بکەین کە نوێترین بەکارهێنانی ئەم ئامرازەی گوشار لەلایەن ئێرانەوە، نزیک نابێت لەوەی کە کۆتا جار بێت.
جیاوازییەکی سەرەکیی دیکە لەنێوان ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستی ترەمپ بۆ غەززە و ئێراندا هەیە. لە کاتێکدا دەبێت هیوادار بین کە هەموو بیست خاڵەکەی ڕێککەوتنی غەززە بەتەواوی جێبەجێ بکرێن، دەبێت هیوادار بین کە هەر چواردە خاڵەکەی ڕێککەوتنی ئێران هەرگیز جێبەجێ نەکرێن.

لۆژیکییە کە گومانی قووڵمان هەبێت سەبارەت بەوەی ئایا بیست خاڵەکە و “دەستەی ئاشتی”یەکەی ترەمپ هەرگیز سەرکەوتوو دەبن یان نا، بەڵام فەڵەستینییەکان، ئیسرائیلییەکان و تەواوی ناوچەکە زۆر پارێزراوتر و گەشەسەندووتر دەبن ئەگەر سەرکەوتوو بن. ئامانجەکانی پلانەکە بریتین لە داماڵینی چەک لە حەماس و ڕێگریکردن لێی لە حوکمڕانی، ڕێگریکردن لە پاکتاوی نەتەوەییی فەڵەستینییەکان، ڕێگریکردن لە داگیرکاری یان لکاندنی غەززە بە ئیسرائیلەوە، دابینکردنی ئاسایش لەگەڵ هێزێکی نێودەوڵەتی، کۆکردنەوەی هەوڵێکی جیهانی بۆ دەستەبەرکردنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری، پێشینەدان بە نەهێشتنی توندڕەوی بۆ هاندانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان و، دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی کە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکات. تەنیا توندڕەوترین فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان دەتوانن دژی ئەم دیدگه‌یە بوەستنەوە.

بەپێچەوانەوە، ئەو دیدگه‌یەی لەپشت پلانی چواردە خاڵییەکەی ئێرانەوەیە، مۆتەکەیەکە بۆ بەرژەوەندییە هەستیارەکانی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا- ئه‌و شته‌ی کە زۆر کەس هێشتا بەتەواوی لێی تێ نەگەیشتوون. ئەگەر بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە ببنە واقع، ئەوا بە شێوەیەکی بنەڕەتی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی ئێران و بە زیانی ئەمریکا دادەڕێژێتەوە.

تەنیا چەند بڕگەیەکی شاراوە لە چواردە خاڵەکەدا تەواوی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە. لە ڕووی سەربازییەوە، ترەمپ پابەند بووە بە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست کە تێیدا ئەمریکا ”هێزەکانی لە نزیک کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکێشێتەوە” و ”هێزی زیاتر لە ناوچەکەدا بڵاو ناکاتەوە.” لە ڕواڵەتدا، ئەمە دەبێتە هۆی کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا-سیاسەتێک کە من چەندان جار هۆشداریم لەسەری داوە سەرەڕای ئەوەی بۆ زۆر کەس لە هەردوو لایەنە سیاسییەکە سەرنجڕاکێشە. لە هەمووی گرنگتر، ئەمە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستە کە تێیدا بەڕوونی ڕێگە بە ڕژێمی ئێران دەدرێت لە ناوخۆدا کەرەستەی ئەتۆمی بپیتێنێت. یاداشتەکە ئه‌وه‌ ڕەت دەکاتەوە ئاماژە بە پێچەوانەی ئەمە بکات، بەڵکوو لەبری ئەوە جەخت دەکاتەوە کە ”کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆخی هەنووکەییی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەپارێزێت.” هەروەک چۆن هەموو ئیدارەیەکی ئەمریکا-هەم دیموکرات و هەم کۆماری-بۆ دەیان ساڵە گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو بەرنامە ئەتۆمییە، بەرنامەیەکی سەربازییە. ئەمە ئەو شتەیە کە ”پاراستنی دۆخی هەنووکەیی” لە ڕاستیدا مەبەستییەتی.

لە ڕووی دارایییەوە، ئەمە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستە کە تێیدا ئەمریکا سڕکردنی سەر پارەکانی ئێران هەڵدەگرێت و بەڕاشکاوی ڕازی دەبێت کە دەتوانرێت ”بە شێوەیەکی تەواو بەکار بهێنرێن بۆ پارەدان بە هەر سوودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری کراوە.” ئەمەیش دووبارە بنیاتنانەوەی جبەخانە هەڕەشەئامێزەکانی ئێران و فراوانکردنی پاڵپشتییە دارایییەکانی بۆ حزبوڵڵا، حووسییەکان، حەماس و هێزە میلیشیاییەکانی لە عێراق لەخۆ دەگرێت. جگە لەوەیش، ئەمریکا پابەند دەبێت بە دڵنیابوون لەوەی کە ئێران بڕەپارەیەکی خەیاڵی وەردەگرێت کە ”لانی کەم” ٣٠٠ ملیار دۆلارە و، ”هەموو مۆڵەت، لێخۆشبوون و، مۆڵەتە پێویستەکان بۆ مامەڵە دارایییە پەیوەندیدارەکان” دەبەخشێت، بێ ئەوەی هیچ مەرجێک بۆ پابەندبوون بە یاساکانی ئەمریکا لەو پرۆسەیەدا هەبێت. ئەمە هەمان بڕی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی هەنووکەییی ئێرانە. بەڵام ئەمە پارەیەکی تەواو نییە بۆ ڕژێمەکە، بۆیە سەرەڕای ئەوەیش ”ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەئەستۆی دەگرێت کە کۆتایی بە هەموو جۆرە سزایەک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بهێنێت،” کە بەڕواڵەت ئەو سزایانەیش دەگرێتەوە کە بۆ هەر مەبەستێک سەپێنراون و، بەڕاشکاوی، ”ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت”. ئەمە چەندان ساڵی نووری لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆباما تێ دەپەڕێنێت، کە سزاکانی ئەمریکای لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی هەڵگرت، بەڵام ڕێگەی دا سزاکانی پەیوەست بە چالاکییە زیانبەخشەکانی دیکەی ئێرانەوە، وەک پشتگیریکردنی تیرۆری جیهانی، بەردەوام بن.

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ئەمە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستە کە تێیدا ئەمریکا بەئاشکرا پابەندە بە ڕێگریکردن لە ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە ڕاستەوخۆکان و تیرۆریزمی حزبوڵڵا. گرنگە ئەوە بهێنینەوە یاد کە حزبوڵڵا بە ویستی خۆی جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەست پێ کرد بۆ پشتیوانیکردنی حەماس لەدوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا ڕازی بووە کە ڕێگە بە ئێران بدات ”دانوستان لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان بکات بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییە دەریایییەکانی داهاتوو لە گەرووی هورمزدا.” هیچ ”باجێک” بوونی نابێت، بەڵکوو لەبری ئەوە کرێی ئەمنی، باجی کارگێڕی، باجی ژینگەیی، بەرنامەی بیمەی ته‌واوكاری (تكمیلي) و، هەر هاواتایەکی دیکە کە مرۆڤ بتوانێت خەیاڵی بکات، بوونیان دەبێت. ئەگەر ئاراستەکانی ئێستا بەردەوام بن، تەنیا کات پێویستە تاوەکوو ترەمپ سیاسەتی لەمێژینەی ئەمریکا بەتەواوی سەرەوژێر بکات و، پابەند بێت بەوەی ببێتە لایەنێک لە دانانی باج لەسەر هورمز. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، وا پێ دەچوو یەکێک لە نوێترین لێدوانەکانی سەرۆک لەسەر ئەم بابەتە، بۆ دانانی بناغەی ئەو خۆبەدەستەوەدانە کۆتایییە داڕێژرابێت.

چواردە خاڵەکە (خاڵی دووەم) بە پەیماننامەیەک دەست پێ دەکات کە ئەمریکا و ئێران واز لە ”دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر” دەهێنن، کە ئەمە دەستبەرداربوونێکی تەواوەتیی ئەمریکایە لە گەلی ئێران کە دەبێت قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی مانگی کانوونی دووەم یان بزووتنەوەی پێشووی “ژن، ژیان، ئازادی” لە گۆڕەکانیاندا بهەژێنێت. بۆ ئەوەی هەموو ئەمە لە پاکەتێکدا پێشکەش بکرێت، ترەمپ ئەمریکا پابەند دەکات بەوەی هەموو ئەمانە لەناو ”بڕیارنامەیەکی پابەندکەری [ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان]دا” جێ بکاتەوە و، بەم شێوەیە ئەم بڕگانە لەناو یاسای نێودەوڵەتیدا دەچەسپێنێت و دەستی پێشینەکانی دەبەستێتەوە.

داهاتوویەکی مەترسیدار

ئەم جەنگە نادروستە و ڕێککەوتنە ناتەواوەکەیش، ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستووەتە سەر لێواری داهاتوویەکی زۆر مەترسیدارەوە. مرۆڤ دەتوانێت پێشبینیی سێ سیناریۆی نەرێنی و تەنیا یەک سیناریۆی تا ڕاددەیەک ئەرێنی بکات.

لە سیناریۆی یەکەمدا، ئەمریکا دەتوانێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو دیدگه‌یەی لە پلانی چواردە خاڵییەکەدا خراوەتە ڕوو. ئەمە کارەساتێکی مێژوویی دەبێت، وەک ئەوەی لە سەرەوە باس کرا.

لە سیناریۆی دووەمدا، ئەو دانوستانە بەردەوامانەی ئێستا لە ئارادان، لەوانەیە لە کۆتاییدا شکست بهێنن و ئەمریکاش دواتر بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ ناو جەنگ لەگەڵ ئێران. ئەمەیش دەتوانێت کارەساتبار بێت، چونکە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن پێش ئەوەی ئاستە نزمەکانی یەدەگی نەوتی ئەمڕۆ بگەڕێنرێنەوە، ئەوا لەوانەیە پاشەکشەیەکی ئابووریی جیهانیی لێ بکەوێتەوە. ئەو توندوتیژییەی لێی دەکەوێتەوە، دەتوانێت بەئاسانی دامەزراوەکانی وزە و ئاو لە هەردوو دیوی کەنداو لەناو ببات.

لە سیناریۆی سێیەمدا، ئەمریکا دەتوانێت لە هەردوو ئەو تەڵەیە خۆی بپارێزێت بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زەمینە بۆ جەنگێکی دیکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە داهاتوودا خۆش بکات، چ لە سەردەمی ترەمپ یان جێگرەوەیەکیدا بێت. ئەمە دەتوانێت دوای ئەوە بێت کە ئێران بەردەوام هێزەکانی خۆی دووبارە بنیات ناوەتەوە و نفووزی خۆی فراوانتر کردووە لە کاتێکدا ئەمریکا ڕێگەی داوە پێگە سەربازییەکەی لە ناوچەکەدا بەهێواشی دابەزێت. ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بە شێوازی بوێرتر و شەڕانگێزانەتر بجووڵێتەوە و، هاوبەشەکانی ئەمریکاش ملکەچتر و ترسنۆکتر بن بەرامبەر بە مەترسییەکان و، ئەمریکا جەنگی داهاتوو نەک تەنیا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، بەڵکوو لە ڕووی سەربازییشەوە بدۆڕێنێت. لەبەر ئەوەی وا پێ دەچێت هەندێک لە وڵاتانی کەنداو ئەمڕۆ لەسەر ڕێچکەی “بەفینلەندیکردن (Finlandization)”- واتە چەمانەوە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بۆ قبووڵکردنی هێزی پەرەسەندووی ئێران- بن و، لەبەر ئەوەی وا پێ دەچێت بنکەی جەماوەریی هەردوو حزبی سیاسیی ئەمریکا لە ئێستادا هاوبەشی ئارەزووی ترەمپ بن بۆ کشانەوەی سەربازی لە ناوچەکە؛ ئەمە ڕێتێچووترین دەرەنجامە ئەگەر هیچ شتێک نەگۆڕێت.

ئامانجی سیاسەتی ئەمریکا، دەبێت ڕێگریکردن بێت لەم سێ دەرەنجامە و هێنانەئارای سیناریۆیەکی چوارەم کە سەقامگیرییەکی زیاتر بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات. به‌ لەبەرچاوگرتنی ئەو چاڵە قووڵەی کە پێشتر هەڵکەنراوە، بەدەستهێنانی ئەمە ئاسان نابێت. بەڵام هەر هەوڵێک بۆ کردنی ئەمە، دەبێت بە چەند هەنگاوێکی دەستبەجێ و سیاسەتێکی نوێی ئەمریکا دەست پێ بکات. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، بەم دوایییانە پرسیاری کرد: ”ئەگەر پێت وایە ئەمە ڕێککەوتنێکی خراپە، جێگرەوەکەت چییە؟” کەواتە، فەرموو ئەمە جێگرەوەکەیە.


چۆنێتیی خۆپاراستن لێی

یەکەم، پێویستە ئەمریکا ستراتیژییەکی نوێی دانوستان بگرێتە بەر. دەبێت ترەمپ ڕێنماییی ڤانس و دیپلۆماتکارە هەمیشە ئامادەکانی وەک ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر بکات کە ئامانجی ڕاستەقینەی دانوستانەکان لە مەودای کورتدا، نابێت گەیشتن بێت بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، بەڵکوو لەبری ئەوە درێژکردنەوەی دانوستانەکانە بۆ زۆرترین کاتی گونجاو، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ جەنگ. خشتە کاتییە شەست ڕۆژییەکە، دەبێت چەندان جار بە ڕەزامەندیی هەردوو لا درێژ بکرێتەوە، وەک ئەوەی لە خاڵی سێیەمی یاداشتەکەدا ڕێگەی پێ دراوە.

ئەمە پێچەوانەبوونەوەیەکی تەواوەتی دەبێت بۆ ستراتیژییە باوەکانی دانوستانی هەر یەک لە دوو وڵاتەکە، چونکە تا ئەم خاڵە، ئەوە دیپلۆماتکارانی ئێران بوون کە هەموو تەکنیکێکیان بەکار هێناوە بۆ کاتکوشتن، کە بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەسەر چەندان ئیدارەی ئەمریکادا جێبەجێیان کردووە. بۆیە ویتکۆف و کوشنەر، دەبێت زۆر ئاشنا بن بەم فێڵانەی کاتکوشتن: داواکردنی بەرپرسی نەرمتر وەک نێوەندگیر، گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکان، گۆڕینی دانوستانکارە تاکەکەسییەکان، جەختکردنەوە لەسەر ئەو بابەتانەی پێشینەیان کەمترە، درێژکردنەوەی ماوەی وەستان کە بۆ وەڵامدانەوە پێویستن، داواکردنی گەڕاندنەوەی بڕیارەکان بۆ پایتەخت بە مەبەستی پێداچوونەوە لەلایەن بەرپرسە باڵاکانەوە، هەستکردن بە سووکایەتی لە لێدوانە ئاشکراکاندا، کاردانەوەی زیادەڕەوانە بەرامبەر بە ڕووداوە دەرەکییەکان بۆ دواخستنی گفتوگۆکان و هتد. لە کاتێکدا دانوستانەکان بەردەوامن، دەبێت ئەمریکا هانی دەستپێشخەرییە ناوچه‌یییەکان بدات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، لەوانەیش هەوڵە لەمێژینە خەیاڵکراوەکان بۆ دروستکردنی نوسخه‌یه‌كی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە “کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا”. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە دڵنیابوون لەوەی نەوت بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن لە بەرژەوەندیی هەردوو لا؛ بەم شێوەیەیش یەدەگە جیهانییەکان دەتوانرێت پڕ بکرێنەوە. ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ دانوستانکارانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانییەکانەوە لەسەر زمانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە شکست پێ هێنران؛ بەڵام کاتکوشتن ئەرکێکە کە زۆر بەئاسانی بەدەست دەهێنرێت.

دووەم، پێویستە ئەمریکا هاوبەشییە سەربازییەکانی لە کەنداو بەهێزتر بکات و بەرپەرچدانەوەکەی دژی ئێران بگەڕێنێتەوە. پێویستە ترەمپ سێ ڕاگەیەنراوی دەستبەجێ سەبارەت بە پێگە، ئامادەیی و، هاوبەشییەکانی ئەمریکا بدات. سەبارەت بە پێگە، دەبێت ترەمپ پابەندبوونێکی ڕوون بدات کە ئەمریکا بەردەوام گرووپێکی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێگیرکراوی لە فەرماندەییی ناوەندی (CENTCOM) دەبێت و لەناو کەنداو یان نزیک کەنداو جێگیر دەکرێت بۆ تەواوی ماوەی ئیدارەکەی. ئەمە هەروەها پێویستی بەوە دەبێت کە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان-بەتایبەتی شانشینی یەکگرتوو و فەڕەنسا-بەئاشکرا پابەند بن بە هێشتنەوەی کەرەستە سەربازییە تا ڕاددەیەک مامناوەندەکانیان لەوێ بۆ هەمان ماوە و، هاوبەشەکانی کەنداویش بەئاشکرا پێشوازی لەم گۆڕانکارییە بکەن لە سیاسەتدا. ئه‌وه‌نده‌ له‌مێژ نییه‌ کە ئەم دۆخه‌ شتێکی ئاسایی بوو و، لەوانەیە لای ترەمپ جێی سەرنج بێت ئەگەر لەلایەن فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندییەوە زانیاریی پێ بدرێت، کە فەرماندەییی هێزە دەریایییەکانی ناوەندی لە سەردەمی بایدندا بەڕێوە دەبرد، سەبارەت بەوەی کە زۆر جار ئەمە وا نەبووە لە ماوەی ئیدارەی پێشوودا و چۆن ئەو نەبوونی ئامادەیییە، پێ دەچێت هاندەری سەرکێشییەکانی ئێران بووبێت. لای خۆیانەوە، وا پێ دەچێت داڕێژەرانی سیاسەت لە تاران باوەڕیان وابێت کە ترەمپ دۆخی سەربازیی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دۆخە زۆر لەبارەی کە ئێران لە مانگی کانوونی دووەمدا چێژی لێ دەبینی. دەبێت بەخێرایی لەم گریمانەیە بێهیوا بکرێن.

کاتێک گەلی ئێران لە کانوونی دووەمدا ڕاپەڕین و تەنیا بۆ ئەوەی بە دەیان هەزار کەسیان لێ کۆمەڵکوژ بکرێت لە ماوەی دوو ڕۆژدا- ڕێژەیەک کە تێ دەپەڕێت لە هەر ڕێژەیەک کە لە ململانێ هەرێمییەکانی دیکەی ئەم دوایییەدا بینراوە- ئەمریکا هیچ هێزێکی هێرشبەری لەو جۆرەی لە ناوچەکەدا نەبوو. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاستیشدا هیچی نەبوو، چونکە ئیدارەی ترەمپ زۆرێک لە کەرەستە سەربازییەکانی لە کەناراوەکانی ڤێنزوێلا دوور خستبووەوە. ئەم دۆخه‌، زۆر نائاسایی بوو بە بەراورد بە نۆرمی دەیەکانی ڕابردوو. بەڵام لەگەڵ “ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی”ی ئیدارەی ترەمپدا دەگونجا، کە تەنیا چەند مانگێک پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران ڕاگەیەنرا، کە بەهەڵە بانگەشەی دەکرد کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیتر ”سەرچاوەیەکی په‌نگراو به‌ کارەساتی نزیک” نییە و ”ئەم کێشەیە [ململانێی ناوچه‌یی] کەمترە لەوەی مانشێتەکان وامان لێ دەکەن باوەڕی پێ بکەین.” ئەم هەڵسەنگاندنە بێبه‌زه‌یییانه‌یه‌، به‌قه‌د بانگەشەکەی پێشتری ئیدارەی بایدن زوو بەسەر چوو، کە تەنیا یەک هەفتە پێش هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گوتبووی ناوچەکە ”ئەمڕۆ ئارامترە لەوەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا بووە. ”

سەبارەت بە ئامادەییی ئەمریکا، پێویستە ترەمپ پلانێک ڕابگەیەنێت بۆ پڕکردنەوەی تەواوەتیی کارمەندان، دووبارە بنیاتنانەوەی تەواوەتی و، پڕچەککردنەوەی گونجاوی هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ نیگەرانییەکی گەورە لەنێوان هاوبەشەکانی ئەمریکا لە کەنداو هەیە کە ترەمپ و ”کۆتوبەندکەران”ی ناو پێنتاگۆنەکەی، ئەم دەرفەتە بەکار دەهێنن بۆ ”پێداچوونەوە بە قەبارەی” ئامادەییی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی کشانەوەی هەمیشەییی زۆرێک لە کەرەستە زەمینییەکان. لە کۆتاییدا، “ستراتیژیی بەرگریی نەتەوەیی”ی ئیدارەی ترەمپ- کە چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی ئێران گەلەکەی خۆی کۆمەڵکوژ کرد و تەنیا نزیکەی مانگێک پێش ئەوەی ئەمریکا ئەم جەنگە هەڵبگیرسێنێت دەرچوو- جەختی لەوە کردەوە کە ”بەرپرسیارێتیی سەرەکی بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگریکردن لە ئێران و هێزە وەکالەتدارەکانی”، دەکەوێتە ئەستۆی هاوپەیمانان و هاوبەشە هەرێمییەکان و، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، نەک ئەمریکا. پێ دەچێت تاران هاندەری نیگەرانییەکانی کەنداو بێت سەبارەت بە جێهێشتنیان لەلایەن ئەمریکاوە.

هیچ شتێک ناتوانێت بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا زیاتر زیانبەخش بێت لەوەی ئاماژە بە کشانەوەی ئەمریکا بکرێت، بۆیە دەبێت ئامانجی دەستبەجێ، بەڕوونی پابەندبوون بێت بە پێچەوانەکەیه‌وه‌. سیاسەتێکی ڕاگەیەنراو بۆ پڕکردنەوەی کارمەندان، دووبارە بنیاتنانەوە و، پڕچەککردنەوە، لایەنی کەم تاوەکوو گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، دەبێتە سەرەتایەکی باش؛ هەرچەندە دووبارە بنیاتنانەوە بەناچاری دیزاینگەلێک لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی بنکەکانی ئەمریکا لە ڕووی واقعییەوە کەمتر لاواز بن هەم لە ڕێگەی قایمکردنی ئامانجەکان و هەم لە ڕێگەی باشترکردنی بەرگرییەکان دژی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەک. لە لای خۆیانەوە، پێویستە هاوبەشەکانی کەنداو نەک تەنیا بەئاشکرا پشتگیری لەم گۆڕانکارییانە بکەن بۆ ئامادەییی ئەمریکا، بەڵکوو دەبێت پێشنیازی دابینکردنی پارەش بۆ ئەو دروستکردنە بکەن کە لە بنکەکانی ئەمریکادا پێویستە.

دواتر پێویستە ئەمریکا ئامادە بێت بۆ بەکارهێنانی ئەم کەرەستە سەربازییانە بۆ دەرخستنی هێز و تەنانەت بەشداریکردن لە ململانێیەکی کەمتوندوتیژی بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران “دۆخە ئاسایییە نوێ”کەی لەسەر گەرووی هورمز بەتوندی بچەسپێنێت. چ دیپلۆماتکارانی ئەمریکی هاوڕا بن یان نا، سەرکردەکانی ڕژێمی ئێران گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەوە هورمزیان پێ دراوە. بۆیە، چاوەڕوان بن کە پەیڕەوی لە شێوازە نەگۆڕەکەیان بکەن و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی گرژییە پچڕپچڕەکان لە گەرووەکەدا تاوەکوو هەمووان بە شێوەیەک ڕەفتار دەکەن وەک ئەوەی دانیان نابێت بە پێگەی نوێی ئیمتیازداریی ئێران. لە کاتێکدا لە مانگەکانی داهاتوودا، پێویستە هێزی دەریاییی ئەمریکا تێپەڕبوونێکی ئاسایی بە درێژاییی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەناو هورمز و بەرەو کەنداو ئەنجام بدات و، بەم شێوەیە دووپاتی بکاتەوە کە واشنتۆن ئەو دۆخە ئاسایییە نوێیە قبووڵ ناکات کە تاران هەوڵی چەسپاندنی دەدات.

کۆتا هەنگاو بەرەو دڵنیابوونەوەی دۆستان، دووبارە دامەزراندنەوەی بەرپەرچدانەوە دژی دوژمنان و، بەم شێوەیەیش ڕێگریکردن لە جەنگێکی دیکە ئەوەیە کە یارمەتیی هاوبەشە ناوچه‌یییەکانی ئەمریکا بدرێت بۆ چاکسازی و فراوانکردنی سوپاکانی خۆیان. ئەمە کێشەیەکی هەنووکەیییە کە پێویستی بە سەرکردایەتیکردن هەیە لە ئاستی سەرۆکدا. لە ئێستادا، هەموو هاوبەشەکانی ئەمریکا لە کەنداو، پێویستیی زۆر بەپەلەیان هەیە بۆ باشترکردنی تواناکانی بەرگری و هێرشبردنی خۆیان. پارە کێشەکە نییە، بەڵکوو تواناکان کێشەن. بەداخەوە، ئەمریکا لە ئێستادا کێشەی هەیە لە بەرهەمهێنانی چەک بەو ڕێژەیەی کە پێویستییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە، چ جای پێویستییەکانی هاوپەیمانەکانی؛ کە ئەمەیش هاوبەشەکانی ناچار کردووە کڕینەکانیان لە وڵاتانی دیکەوە فراوانتر بکەن.
جێگەی دەستخۆشییە، ئیدارەی ترەمپ دەستی کردووە بە چارەسەرکردنی کێشە دیاریکراوەکە و ئاڵنگارییە سیستەمییەکان لە پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکادا. بەڵام دەبێت کاری زۆر زیاتر بکات بۆ قووڵکردنەوەی هەماهەنگیی بەرگریی جیهانی بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێگەی دەستپێکردنی هەوڵێکی هەماهەنگکراو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا و ئاسیا. هەروەک ئەوەی لە ”شرم الشیخ”، لە میسر کردی دوای ئاشکراکردنی پلانە بیست خاڵییەکەی، پێویستە ترەمپ داوای کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرۆکدەوڵەتانی دیکەی بەرهەمهێنەرانی چەکی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی کەنداو بکات، لەوانەیە لە عەممان بێت. سەرکردەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی کۆمپانیاکانی بەرگرییان، دەتوانن پلانی هاوبەش ڕابگەیەنن بۆ چۆنێتیی دابینکردنی پێویستییەکانی کڕینی چەک بۆ کەنداو، لەوانەیش دیاریکردنی کۆتوبەندەکان لە بنکە پیشەسازییە سەربازییەکانی هەر وڵاتێکدا. ئەمە نیشانەیەکی بەهێز بۆ تاران دەنێرێت کە ملهوڕیکردنی دراوسێکانی سەرکەوتوو نابێت.

ئامادەکاری بۆ داهاتوو: جەنگ و گۆڕینی ڕژێم

ستراتیژییەکی نوێی دانوستان کە بۆ دواخستن داڕێژرابێت لەگەڵ پابەندبوونێکی ئەمنیی نوێکراوە بۆ ناوچەکە، دەتوانن یارمەتیدەری ئەمریکا بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەنووکەیییە. بەڵام هێشتا پێویستییەک هەیە بۆ ئامادەکاری بۆ داهاتوو. ئەو داهاتووە، بەتەواوی پێشبینیکراوە لەسەر بنەمای سێ ڕاستی.

یەکەم، تاوەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت، کردەوەی زیانبەخش ئەنجام دەدات کە لە زیانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادان و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە هاوبەشە ناوچه‌یییەکانی ئەمریکا دەکەن. دەبێت ئەمریکا هەمیشە ئامادە بێت هێزی سەربازی بەکار بهێنێت بۆ ڕێگریکردن لەم ڕژێمە لە هەبوونی چەکی ئەتۆمی-دەرەنجامێک کە هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا لە کاتی دەسەڵاتەکەیدا پێی گەیشتووە و لە ئێستادا دەبێت حاشاهەڵنەگر بێت، لە کاتێکدا ئەم ڕژێمە چەندان جار پەرۆشیی خۆی سەلماندووە بۆ هێرشکردنە سەر تەواوی دراوسێکانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

دووەم، ئەگەری جەنگی دووەمی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەودای درێژخایەندا زۆر بەرزە. سەرەڕای ئەو زیانە ڕاستەقینەیەی بەریان کەوتووە، سەرکردەکانی ڕژێمی ئێران هەست بە بەهێزی دەکەن بەهۆی دەرەنجامی جەنگەکە و، بەهۆی تۆڵەسەندنەوەوە پاڵنەریان دەبێت دوای تووشبوون بەوەی کە ئەوان وەک هێرشێکی ناڕەوا دەیبینن و، بەردەوام دەبن لە خۆگونجاندن لەسەر بنەمای کەموکوڕییە سەربازییەکانیان لەم ململانێیەی دوایییەدا. هەرچەندە ئەگەری ئەم جەنگە لە مەودای کورتخایەندا ئەگەرێکی بەهێز نییە، بەڵام بۆ ساڵان و دەیەکانی داهاتوو مسۆگەرە، بەو گریمانەیەی کە پێش ئەو کاتە هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕژێم لە تاران ڕوو نەدات.

سێیەم، گەلی ئێران چەندان جار دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم ڕژێمە نیشان داوە و بێ گومان لە داهاتوویشدا هەمان شت دەکەن، هەرچەندە ڕەنگە جەنگەکە ئەو ڕۆژەی دوا خستبێت. بۆیە، پێویستە ئەمریکا ئامادەکاری بکات هەم بۆ جەنگێکی دیکە و هەم بۆ دەرفەتێکی دیکە بۆ پشتیوانیکردنی گەلی ئێران.

ئامادەکاری بۆ جەنگێکی داهاتوو بە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و بێسۆز بۆ سەرکەوتن و شکستە سەربازییەکانی ئەمریکا دەست پێ دەکات—هەم هێرشبەری و هەم بەرگری—لە ماوەی ئەم جەنگەی دوایییەدا. هەرچەندە ڕوماڵکردنی ئەم بابەتانە سنووردار بووە، وا پێ دەچێت ڕوون بێت کە ئێران زۆر سەرکەوتووتر بوو لە زیانگەیاندن بە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەوەی کە زۆر کەس چاوەڕوانیان دەکرد. لە کاتێکدا ئەمریکا ئەو بنکانە دووبارە بنیات دەنێتەوە و قایمتر دەکات کە دەکرێت ببنە ئامانجی هاوێژراوە کورتمەوداکانی ئێران، پێویستە پێنتاگۆن بیر لە فراوانکردنی جێگیرکردنی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا بکاتەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژاواتر، لەوانەیش ناو ئیسرائیل. سەرەڕای ئەوەیش، سەرباری سەرکەوتنە گەورەکانی لە ململانێیەکەدا، بێتوانایییە ڕواڵەتییەکەی سوپای ئەمریکا لە پاراستنی گەرووی هورمز بە تێچوویەکی پەسەندکراوی سیاسی و ئابووری، دەبێت ببێتە هۆی لەخۆڕامانێکی قووڵ لەنێوان داڕێژەرانی جەنگی ئەمریکی و فەرماندەکانیاندا.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن سوپای ئەمریکا پێویستی بە شەش مانگی تەواو دەبوو بۆ کردنەوەی هورمز لە ژینگەیەکی ڕێگەپێدراودا، دەبێت بە هەمان شێوە وەک شتێکی قبووڵنەکراو بۆ پلاندانانی جەنگی داهاتوو سەیر بکرێت. پرۆسەکانی بەئامانجگرتنی ناوخۆیی کە بوونە هۆی هەڵە و، بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەکیشیان لەخۆ دەگرت، دەبێت وەک شکستی ستراتیژی، نەک تەنیا تاکتیکی تێ بگەین و زۆر پێش جەنگی دووەم چاک بکرێن.
شیکردنەوەیەکی لەم جۆرە، هەروەها ڕەچاوی ئەو وانانە دەکات کە لە خاڵە سەرەکییەکانی گوشاری ئێرانەوە وەرگیراون، بەتایبەتی ئەو چوارچێوە کاتییە دیاریکراوەی پێش ئەوەی یەدەگە نەوتییەکانی جیهان بۆ ئەو ئاستە دابەزێت کە سەرۆکێکی ئەمریکا ڕووبەڕووی ئەگەری پاشەکشەیەکی ئابووریی جیهانی ببێتەوە. دەبێت ئەو چوارچێوە کاتییە، سنوورێکی دەرەکی بۆ پلاندانەرانی سەربازی دیاری بکات تاوەکوو هەم سەرکەوتنی سەربازی و هەم سەرکەوتنی ستراتیژی دژی تاران بەدەست بهێنن. هەڵسەنگاندنەکە هەروەها دەگاتە دەرەنجامی ڕوون سەبارەت بە کاردانەوەکانی هاوبەشەکانی ئەمریکا لە ماوەی نوێترین جەنگدا، لەوانەیش چۆنێتیی باشتر بەشداریکردنی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و، هەروەها چۆنێتیی هەڵسەنگاندنی دابەشبوونە قووڵەکان لەنێوان وڵاتانی کەنداو، ئامادەیییان یان نەبوونی ئامادەیییان بۆ چوونەناو جەنگەوە لەپێناو بەرگریکردن لە خۆیان و، ئەو بڕیارانەی کە ڕاپۆرت کراون (کە ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە) بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی دووقۆڵیی نهێنی لەگەڵ ئێران بۆ دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنیان. تاوەکوو کاتی دەستپێکردنی جەنگی داهاتوو، دەبێت ئەمریکا لە پێگەیەکی باشدا بێت بۆ سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی گەورەی هاوپەیمانە سەربازییەکان نەک تەنیا ئیسرائیل بەتەنیا.

ئامادەکاری بۆ جەنگی داهاتوو، هەروەها فراوانکردنی زیاتری ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی ئێران لەخۆ دەگرێت بۆ باشتر زانیاریدان بە پلاندانانی ئۆپەراسیۆنی و باشتر پێشبینیکردنی کردەوە و کاردانەوەکانی ئێران. لەوانەیە لە هەمووی گرنگتر، هەر ئامادەکارییەک بۆ جەنگی داهاتوو، دەبێت هەوڵێکی هەماهەنگکراو و چەندان ساڵە لەخۆ بگرێت بۆ کەمکردنەوەی توندی پشتبەستنی هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئابووریی جیهانی بە گەرووی هورمز. ئەمە بریتی دەبێت لە بەکارهێنانی ئەو هەوڵانەی کە ساڵانێک لەمەوبەر لە سعوودیا و ئیمارات دەستیان پێ کردووە بۆ دروستکردنی جێگرەوە لە بۆرییە نەوتییەکانیاندا و، هەروەها خێراکردنی ژێرخانی پەڕینەوەی سنوورەکان کە پێویستە بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە ڕێڕەوی وشکانی بە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

هەروەها پێویستە ئەمریکا هەوڵ بدات باشتر ئامادە بێت بۆ ئەو کاتەی کە گەلی ئێران جارێکی دیکە دژی ستەمکارەکانیان ڕاپەڕین دەکەن. خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەم، کە سێ ساڵ دوای بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و نۆ مانگ دوای جەنگە دوانزە ڕۆژییەکەی دژی ئێران سەریان هەڵدا، ڕاستەوخۆترین هەڕەشە بوون بۆ سەر ڕەوایەتیی ڕژێم لە ساڵی ١٩٧٩وە. ئەمە خودی ڕژێمەکە زۆر باش لێی تێ گەیشت، کە ئەمەیش هەم توندوتیژییە بێپێشینەکەی کاردانەوەکەی و هەم گۆڕانکارییە ستراتیژییەکەی ئەم دوایییەی لە ئایینەوە بۆ ناسیۆنالیزم وەک ناوکە ئایدیۆلۆژییەکەی ڕوون دەکاتەوە. (تەنانەت پێش جەنگەکەیش، سەرکردایەتیی ئێران هەستی بە ناچاری کرد بۆ خاوکردنەوەی سەپاندنی یاسا دڕندانەکانی جلوبەرگ بۆ ژنان). ئەم گۆڕانکارییە جێگەی سەرسوڕمان نییە چونکە ڕژێمێک کە بە شێوەیەکی سروشتی هاتە سەر دەسەڵات بۆ لەکارلابردنی پاشایەتییەکی بۆماوەیی، ئێستا سیستەمێکی ئایینیی بۆماوەیی (theocracy)ی دامەزراندووە بە گواستنەوەی پۆستی ڕێبەری باڵا لە “عەلی خامنەیی”یەوە بۆ “موجتەبا”ی کوڕی، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ئێرانی ئەمڕۆدا لای سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بێت.

دەبێت داڕێژەرانی سیاسەت لە واشنتۆن لەوە تێ بگەن کە چەقی هێز بۆ هەر ئەگەرێکی گۆڕینی ڕژێم لە تاران، گەلی ناوخۆی ئێرانە، نەک ئەوانەی لە تاراوگەی ئێرانیدان و بانگەشەی ئەوە دەکەن بە ناوی ئەوانەوە قسە دەکەن. سەختە بەڵام مەحاڵ نییە کە گۆڕینی ڕژێم لە دەرەوە بێت. بەڵام مەحاڵە، نەک تەنیا سەخت، کە لە ئاسمانەوە بسەپێنرێت، وەک ئەوەی سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم جەنگەدا هیوایان بۆ دەخواست.
لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە هەندێک ناوەنددا باوە کە ئەگەری ڕاپەڕینەوەی گەلی ئێران ڕەت بکرێتەوە دوای ئەوەی دەیان هەزار کەس لە مانگی کانوونی دووەمدا کوژران، ڕەشبینییەکی لەم جۆرە وەک شتێکی لۆژیکی سەیر دەکرێت تەنیا تا ئەو ساتەی کە هەڵەبوونی دەسەلمێنرێت- وەک چۆن کاتێک واشنتۆن سەرسام بوو بە شۆڕشی ئێران، هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی و، گۆڕانکارییەکانی كۆتاییی حکوومەت لە میسر و سووریا. ئێرانی ئەمڕۆ کارەساتێکی ئابوورییە، کە تیایدا نوخبەکان ئەو پارەیە دەدزن کە دەتوانرا بە شێوەیەکی باشتر بەکار بهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەرەنجامەکانی هەڵاوسانە زۆر بەرزەکە، بێکارییە بەرفراوانەکە، دراوە داڕماوەکە و، خراپ بەڕێوەبردنی داراییی لەمێژینە. وەک چۆن جۆرج کینان سەبارەت بە یەکێتیی سۆڤیەت تێبینیی کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران ”تۆوەکانی داڕمانی خۆی لە ناخیدا هەڵگرتووە” و، ”چەکەرەکردنی ئەم تۆوانە زۆر چووەتە پێشەوە.” پێویستە ئەمریکا ئامادە بێت کاتێک ئەو چەکەرانە جارێکی دیکە دەست بە پشکووتن دەکەن.

ئامادەکارییەکی لەم شێوەیە پێویستی بە تێگەیشتنێکی زۆر وردتر دەبێت لە تۆڕەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوخۆی ئێراندا لەوەی کە ئەمریکا یان ئیسرائیل پێ دەچێت ئەمڕۆ هەیانبێت. لە کۆتاییدا، ئەگەر واشنتۆن بەڕاستی لە ئۆپۆزیسیۆن تێگەیشتبایە، ئەوا بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی ڕەزامەندی بدات لەسەر پلانێک بۆ دانانی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران لە دەسەڵاتدا. دەبێت ئەمە ببێتە ئامانجێکی سەرەکیی کۆکردنەوەی زانیاری بۆ هەواڵگریی ئەمریکا و تەواوی دەزگه‌ هاوبەشە پەیوەندیدارەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکە و ئەوروپا. بە تێگەیشتنێکی قووڵترەوە، ئەمریکا دەتوانێت پلان دابڕێژێت بۆ پشتگیریکردنی تۆڕە گونجاوەکان بە پارە، کەرەستە و، ئەگەری هەیە چەکیش. بە هەمان شێوە سوودبەخش دەبێت کە پێشوەختە هەوڵ بدرێت بۆ دیاریکردنی هەر هاوپەیمانێکی ئەگەری لەناو “ئەرتەش (Artesh)”، سوپای ئاساییی ئێران، کە دەتوانن وەڵامی داواکارییەکانی گەل بدەنەوە کاتێک کاتی گونجاو دێت و فەرمان بدەن چەکەکانیان ئاراستەی ڕژێمەکە بکەن.

هەروەها پێویستە ئەمریکا ڕێگری بکات لەوەی ڕژێمی ئێران جارێکی دیکە پەنا بباتە بەر یەکێک لە کاریگەرترین کردەوەکانی: سەپاندنی پچڕانی ئینتەرنێت بەسەر گەلەکەیدا. جاری داهاتوو کە گەلی ئێران ئامادە دەبن بۆ ڕاپەڕین، پێویستە ئەمریکا و هاوبەشەکانی دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هەموو ئەندامێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئامرازی پێویستی هەیە بۆ دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد بۆ مۆبایلەکان. (لە هەمان سیاقدا، بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ لەکارخستنی “بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا (Voice of America’s Persian Service)” و “ڕادیۆ فەردا (Radio Farda)” هەڵەیەکی گەورە بوو).

ئەو شتەی کە نابیت واشنتۆن بیکات، دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵەیەیە کە زۆرێک لە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا کردیان بۆ هەوڵدان و بەگشتی شکستخواردن لە دۆزینەوەی ”میانڕەوەکان” لەناو ڕژێمی ئێراندا کە ئەمریکا بتوانێت لەگەڵیاندا کار بکات بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی چالاکییە زیانبەخشەکانی تاران. ئەمە بووە هۆی ئابڕووچوونە کارەساتبارەکەی “ئێران-کۆنترا (Iran-Contra Affair)”ی ڕەیگان و، کرانەوە شکستخواردووەکەی بیڵ کلینتۆن بەڕووی ئێراندا لە کۆتا ساڵەکانی سەرۆکایەتییەکەیدا و، ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆباما و ڕێبازی ”هاوبەشیکردنی دراوسێیەتی” لەسەر هەڕەشە هەرێمییەکان و، بەم دوایییانەیش ئەو باوەڕە زۆر جار گوتراوەی ترەمپ کە ”گرووپی نوێ”ی سەرکردەکانی پاش جەنگی ئێران ”زۆر کەمتر توندڕەون.” لە کاتێکدا هەمیشە وەسوەسە هەیە بۆ تەسلیمبوون بە تراویلکەی میانڕەوەکانی ڕژێم، پێویستە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکی درک بەوە بکەن کە ئەمە هەرگیز نەبووەتە هۆی چارەسەرێکی بەردەوام.

درێژکردنەوەی دانوستانەکان لە کاتێکدا ململانێکە لەگەڵ ئێران خاو دەکرێتەوە. پابەندبوونێکی نوێ بە پێگە، ئامادەیی و، هاوبەشییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ستراتیژییەکی درێژخایەنتر بۆ ئامادەکاری بۆ پشتگیریکردنی گەلی ئێران ئەگەر هەوڵی گۆڕینی ڕژێم بدەن و، بۆ سەرکەوتن لە ڕووی ستراتیژی و سەربازییەوە ئەگەر جەنگێکی دیکە ناچاری بێت. پێویستە كۆی ئەم کردەوە و سیاسەتانە بۆ ئیدارەی ترەمپ وەک ئامرازێک بۆ دوورکەوتنەوە لەو ڕێگە پڕمەترسییەی کە ئێستا لەگەڵ ئێراندا گرتوویەتییە بەر، سەرنجڕاکێش بن. هەروەها دەبێت لای یاسادانەرانی کۆمارییەکان کە خاوەن تۆمارێکن لە تێگەیشتن لەو هەڕەشانەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دروست دەکرێن و نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە چۆنێتیی کۆتاییهاتنی جەنگەکە و، لای یاسادانەرانی دیموکراتەکانیش کە ڕەخنە لە جەنگەکەی ترەمپ و ڕێبازەکەی بۆ ئێران بە شێوەیەکی گشتی دەگرن بەڵام لە هەمان کاتدا ئاشتییان لەگەڵ تاران بە هەر نرخێک ناوێت، جێی قبووڵ بێت.
داهاتوویەکی مەترسیدار چاوەڕێمانە، بەڵام ئەمە چارەنووسێکی حەتمی نییە. سەرکردەکانی ئەمریکا دەسەڵاتیان هەیە بۆ خۆلادان لێی و؛ دەبێت هەر ئێستا ده‌ستی پێ بکەن.

دەربارەی نووسەر

ویلیام ئێف. وێکسلەر، بەڕێوەبەری باڵای “بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ە لە “ئەنجومەنی ئەتڵەسی” (Atlantic Council). نوێترین پۆستی حکوومیی لە ئەمریکا بریتی بوو لە جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.