گرنگیی سەرمایەی سیاسەتی بۆ حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا
محەمەد کەریمخان
* دکتۆڕای زانستە سیاسییەکان – سیاسەتی گشتی
پوختە
پرسی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە لە بۆشاییی سیاسەتی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا سەری هەڵداوە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ لاوازیی “سەرمایەی سیاسەتی” دەگەڕێتەوە. لە ڕووی زانستییەوە، “سەرمایەی سیاسی” (Political Capital) پەیوەندیی بە هێز، دەسەڵات، ناوبانگ، پێگەی حزبی، ڕەوایەتی و متمانەی گشتییەوە هەیە. بەڵام “سەرمایەی سیاسەتی” (Policy Capital) پەیوەندیی بە پسپۆڕی، زانست، توانای دامەزراوەیی و عەقڵییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ناوخۆی دەوڵەتدا هەیە. لە ئەکادیمیای ڕۆژاواییدا، سەرمایەی سیاسەتی ئاماژەیە بۆ کۆی ئەو شارەزایی (Expertise)، زانیاری، پەیوەندییە تۆڕییەکان و ئامادەیییە دامەزراوەیییەی کە حکوومەت یان ئەکتەرێکی سیاسی بۆ داڕشتن، تێپەڕاندن و جێبەجێکردنی سیاسەتێکی دیاریکراو هەیەتی. هەرچەندە لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی زانستی سیاسەتی گشتیدا زۆر جار هاوشانی چەمکی “توانای سیاسەتی” (Policy Capacity) بەکار دەهێنرێت.
لەم سۆنگەیەوە، بە ڕوانگەیەکی گەشەخوازانە، تیشک دەخەینە سەر کارایی و کاریگەرییەکانی سەرمایەی سیاسەتی لەناو دامەزراوەکاندا. ئامانجی سەرەکی، شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی سەرمایەی سیاسەتییە لەسەر ئاستی جێبەجێکردن.
توێژینەوەکە لەسەر بنەمای فەلسەفەی پڕاگماتیستی و لە چوارچێوەی تیۆریی “توانای دەوڵەت”دا، بە بەکارهێنانی میتۆدی وەسفی و ڕوونکاری داڕێژراوە. لە دەرەنجامدا، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داڕشتنی سیاسەتدا، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە کەڵەکەبوون و ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسەتی، نەک تەنیا توانای جێبەجێکردن بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو ڕەوایەتیی سیاسییش بەهێزتر دەکات.
پێشەکی
سیاسەتی گشتی (Public Policy)، وەک زانستی دەوڵەت، هاوشێوەی کارگەیەکە کە دەسەڵات بۆ حکوومەت بەرهەم دەهێنێت و توانای دەوڵەت بۆ هێنانەکایەی حوکمڕانیی باش (Good Governance) و پەرەپێدان بەرز دەکاتەوە و لە ناوخۆی وڵاتیشدا ڕەوایەتیی سیاسی دروست دەکات. هەروەها پەرەپێدان و گەشەپێدان تەنیا لە ڕێگەی دەسەڵاتی سیاسی و هەبوونی سەرچاوەی گەورەی دارایییەوە نایەتە دی، بەڵکوو بوونی “سەرمایەی سیاسەتی” -کە لە پێکهاتەی سەرمایەی مرۆیی و توانای دامەزراوەیی (Institution) پێک دێت- وەک ژێرخانێکی ستراتیژی، سەرچاوەیەکی بنەڕەتییە بۆ پەرەسەندن (Development) و گەشەسەندن (Growth).
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکوومەت، بەهێزکردنی تواناکانییەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیران و پرسەکان لە ڕێگەی داڕشتنی بەرنامەی ستراتیژییەوە. لە قۆناغی هەنووکەییدا کە ئەرکەکانی دەوڵەت فراوانتر بوونە، کارکردن لەم مەیدانە فراوانەدا بە مەبەستی بەدەستهێنان و پاراستنی ڕەوایەتیی سیاسی، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری بە سەرمایەی سیاسەتییەوە هەیە.
لە کاتێکدا دامەزراوەکانی حکوومەت، وەک دەسەڵاتێکی فەرمی و یاسایی، بۆ گەیشتن بە قۆناغی پەرەسەندن پێویستیان بە کەڵەکەبوون و ئامادەکردنی سەرمایەی سیاسەتی هەیە، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی، دیمۆگرافی و هەندێک فاکتەری دیکەوە، وڵاتانی تازەپێگەیشتوو (یان پەرەنەسەندوو) نەیانتوانیوە وەک پێویست ئەم سەرمایەیە ڕێک بخەن. هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو ئەزموونانەی کە بۆ بەهێزبوون و هەنگاونان بەرەو پەرەپێدانی ڕاستەقینە، پێویستی بەو سەرمایە سیاسەتییه هەیە.
پرس و گرفتە سەرهکییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکیان کێشەی سیاسین کە پەیوەندییان بە هۆکاری دەرەکییەوە هەیە و بەشێکیشیان کێشەی سیاسەتین کە پەیوەندییان بە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ناوخۆیییەوە هەیە و کاریگەریی لە سەر توانای سیاسی هەیە. دیارە خەڵک هەمیشە بە سەرچاوەیەکی هێز و دەسەڵات هەژمار دەکرێن. سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سنووردارن؛ واتە، سەرەکیترین سەرچاوەی دەسەڵاتی کورد سەرمایەی کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکەیەتی. پاراستنی ئەم سەرچاوەیە، پێویستی بە کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسەتی هەیە کە سەرمایەی سیاسییش بەهێز دەکات.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: “گرنگیی سەرمایەی سیاسەتی لە پڕۆسەی حوکمڕانی و پەرەسەندندا چییە؟” بە پشتبەستن بەو گریمانەیەی کە بەبێ ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسەتی و گۆڕینی زانست بۆ پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار، حوكمڕانی و پەرەسەندن کارێکی ئەستەم دەبێت و زیانی زۆریش بەر ڕەوایەتیی سیاسی دەکەوێت؛ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئامادەکردنی سەرمایەی سیاسەتی وەک سەرچاوەیەکی ستراتیژی لەناو دامەزراوەکاندا، دەبێتە بەستێنێک بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتگەلێکی ئاستبەرز، هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی باش، بەدیهێنانی پەرەسەندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕەوایەتیی سیاسی. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە لە ڕێگەی گرێدانی توانای دامەزراوەیی و کوالێتیی سیاسەتەوە، هەروەها بە کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسەتی، ڕێگە بۆ حوکمڕانیی باش و “پەرەسەندنی پایار” (Sustainable) واتە پەرەپێدانی بەردەوام خۆشتر بکرێت.
چوارچێوەی واتایی: چەمکسازی، بنەمای فەلسەفی و تیۆری
سەرمایەی سیاسەتی بریتییە لەو سەرمایە دامەزراوەیی و مرۆیییە شارەزا و خاوەن پڕەنسیپانەی کە لەناو زانستدا پێ گەیشتوون و لە ڕێگەی هۆشیاریی خودی و درککردن بە هەلومەرجەکان گەشەیان کردووە. ئەم سەرمایەیە لە چوارچێوەی توانای دەوڵەت، دامەزراوەکانی داڕشتنی سیاسەت، زانستی پسپۆڕانە و سەرمایەی مرۆیییەوە پەیدا دەبن و “لەناو دەوڵەتی مۆدێرندا، کە تێیدا حوکمڕانییەکی تۆڕئاسا (Network Governance) لەنێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا بوونی هەیە، ڕەوتی خۆی وەردەگرێت (Weber, 1978: 54).”
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕوانگەیەی کە پرس و کێشەکانی کۆمەڵگەی سیاسی پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بە سیاسەتی گشتییەوە هەیە و پانتایییەکی فراوانتر لە پەیوەندییە نافەرمییەکان دەگرنەوە، ئەو سیاسەتانە لە ڕێگەی ئامرازەکانی دەسەڵاتەوە هەماهەنگییان پێ دەکرێت. لە ئەدەبیاتی سیاسەتی گشتیدا، بەشێک لەم سیاسەتانە بە “تیۆریی بەرنامەیی-سیاسەتی (Program Theory)” پێناسە دەکرێن (Ashtarian, 2025). ئەم تیۆرییانە لە ئایدیۆلۆژیاکان جیاوازن و بەهایەکی زانستیی زیاتریان هەیە، هەروەها پەیوەستن بە تیۆری عەقڵانی و دامەزراوەیییەوە کە هاوکات ڕەهەندێکی سیاسییشیان لەخۆ گرتووە.
لێرەدا، بنەما فەلسەفییە پڕاگماتیستییەکە، گەڕان بەدوای چارەسەری واقعییانەی کێشەکانمان لە ڕێگەی تێکەڵکردنی زانست و پراکتیکەوە فێر دەکات. لەم سۆنگەیەوە، تیۆریی توانای دەوڵەت (Capacity Theory) وەک پاڵپشتییەکی زانستی بۆ بیرکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکان هەژمار دەکرێت. بەپێی تێڕوانینی ئەم تیۆرییە، کوالێتیی حوکمڕانی بە توانای دامەزراوەیی و کاراییی سیستەمی بیرۆکراسییەوە (Fukuyama, 2013) بەستراوەتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە دەوڵەت توانای داڕشتن و جێبەجێکردنی زانستییانەی سیاسەتەکانی هەبێت. بەرزکردنەوەی ئەم تواناییە لە ڕێگەی داڕشتنی چوارچێوەیەکی تۆکمە، بیرۆکراسییەکی تەندروست، تۆڕێکی دامەزراوەیی، هێزی مرۆییی کارامە و سەرمایەی سیاسەتییەوە دێتە دی.
کارایی و کاریگەریی سەرمایەی سیاسەتی
پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی، بەشێکی دانەبڕاوە لە بەڕێوەبردنی ستراتیژیی سەرچاوە مرۆیییەکان، کە دەبێتە هۆی باشتربوونی ئاستی کارەکان و گونجاندنی توانا و شایستەیییەکان لەگەڵ ئەرک و ئامانجی دامەزراوەکاندا (Falola, et al., 2018: 9-16). بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستە، گرنگترین بەشی سەرمایەی مرۆیی بریتییە لە کەڵەکەبوونی سەرمایەی دەسەڵات؛ کە زیاتر لە ڕێگەی ئیرادەی سیاسی و ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسەتییەوە بەدەست دێت. ئەم سەرمایەیە پێکهاتەیەکی سەرەکیی سەرمایەی دەسەڵاتە.
حکوومەت، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکان، دەتوانێت لە ڕێگەی پێدانی متمانە و بەشداریپێکردنەوە، دامەزراوەکانی خۆی بە زانست دەوڵەمەند بکات؛ بەم شێوەیە کاریگەریی ئەرێنی دەخاتە سەر پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار، داڕشتنی سیاسەت و، هاوکات دۆخە ناکاراکانیش کۆنتڕۆڵ دەکات. هەڵگرانی سەرمایەی سیاسەتی، لە ڕێگەی درککردن و ناسینی دەرفەت و هەڕەشەکانەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی کاراتر ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و ببنە قەڵغانێک لەبەردەم مەترسییەکاندا. هەروەها، بە کەمکردنەوەی هەڵە لە داڕشتنی سیاسەتەکان و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان، دەتوانن کوالێتیی سیاسەتە گشتییەکان بەرز بکەنەوە و بەو جۆرە هیوای گەیشتن بە پەرەپێدانی بەردەوام، بکەنە واقع و، خەڵک وەک سەرچاوەیەکی دەسەڵات ڕازی بکەن.
لە ئاستی حکوومەتیشدا، لە کاتی هەبوونی سەرمایەی سیاسەتیی بەهێزدا، ئیتر پێویست ناکات دەسەڵاتە باڵاکان و سەرۆکایەتییەکان کاتی خۆیان لە کۆبوونەوە تەکنیکی و کارناسییەکاندا بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی پرسەکان بەفیڕۆ بدەن؛ بەڵکوو ئەوان زیاتر لە قۆناغی کۆتایی و لە کۆبوونەوەکانی یەکلاکردنەوە و بڕیاردان لەنێوان بژاردە جیاوازەکانی سیاسەتەکاندا بەشدار دەبن (Ashtarian, 2025). بەڵام لە دۆخی لاوازبوونی سەرمایەی سیاسەتیدا، سەرکردایەتیی سیاسی لەجیاتی تەرکیزکردنە سەر دروستکردنی کۆدەنگی، هەماهەنگی و شۆڕکردنەوەی ئەرکە کارگێڕییەکان، خۆیان نوقمی کارە کاتکوژەکانی داڕشتنی سیاسەت و وردەکارییەکانی بەڕێوەبردن دەکەن.
گرنگییەکی دیکەی بەهێزبوونی سیاسەتی ناوخۆیی لە ڕێگەی سەرمایەی سیاسەتییەوە ئەوەیە، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا مۆری شوناسی توانامەندی و لێهاتووییمان لێ دەدرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەوایەتیی سیاسیشمان لەسەر ئاستی جیهاندا پتەوتر بێت.
لێکەوتەکانی لاوازبوونی سەرمایەی سیاسەتی
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە نیگایەکی بەراوردکارانەوە هەڵسەنگاندن بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەکات. بۆ نموونە، زۆر جار دەبیستین کە بە حکوومەتێک دەگوترێت: “ئێوە لە داڕشتنی سیاسەتی ئاو، پاراستنی ژینگە و بوارەکانی تردا لاوازن”؛ لە کاتێکدا وڵاتی وا هەیە سەرەڕای کەمیی سەرچاوە سروشتی و ماددییەکانی، لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانیدا سەرکەوتووترن. ئەم جیاوازییە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ڕیشەیی، ستراکچەری، دامەزراوەیی و بواری سیاسەتدانان دەگەڕێتەوە.
وڵاتانی تازەپەرەسەندوو لە ڕێگەی هۆشیاریی خودی و درککردن بە ژینگەی مۆدێرنیتە، توانییان داهێنان بکەن و سەرمایەی سیاسی و سیاسەتی بۆ خۆیان بەرهەم بهێنن. لەبەرانبەردا، وڵاتانی پەرەنەسەندوو و گەشەنەکردوو تەنیا لە دوورەوە تیشکی مۆدێرنیتەیان بەرکەوت و، بەبێ بیرکردنەوە و لە ڕێگەی چاولێکەرییەوە، کۆپیکردنێکی هەڵەیان ئەنجام دا کە تەنیا هۆشیارییەکی ڕووکەشانەی تێدا بوو، نەک تێگەیشتنی قووڵ بۆ ڕێگەکانی گەیشتن بە پێشکەوتن. لە دەرەنجامدا، دامەزراوەکانیان بە ڕواڵەت و بە شێوەیەکی تەکنیکی لە پڕۆسەیەکی گۆڕاندا مۆدێرنیزە (Modernization) کران، بەڵام لە ڕووی ستایل و دامەزراوەیییەوە نەگەیشتنە دۆخی مۆدێرنیتە (Modernity). هەر بۆیە، لەم وڵاتانەدا سەرمایەی سیاسەتی ڕێک نەخرا تاکوو بتوانن ببنە خاوەن ستراتیژییەکی نیشتمانی. ئەگەر خاوەنی ستراتیژی بوونایە، بێ گومان سەرمایەی سیاسەتییشیان ڕێک دەخست. لەم جۆرە وڵاتانەدا، لە باشترین حاڵەتدا، شێوازی “هەوڵدان و هەڵەکردن” (Trial and Error) پەیڕەو دەکرێت؛ کە هەرچەندە ڕەنگە، بەپێی ئەزموونی هەندێک وڵاتی ئەوڕووپایی، لە کۆپیکردنی کوێرانە باشتر بێت، بەڵام ئەو شێوازە لەم سەردەمەدا جگە لەوەی کات بەفیڕۆ دەدات، ناتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستی پەرەپێدانی خێرا و گشتگیر بێت.
ڕاستییەکەی، ئێمە وەک ئەو وڵاتە پەرەنەسەندووانە، خاوەنی سەرمایەیەکی زۆری سیاسەتی نین و، ئەو بڕە سەرمایەیەی کە هەیشە، ئۆرگانیزە نەکراوە. لەبەر ئەمە، ئەو کەسانەی وەک سەرمایەی سیاسەتی هەژمار دەکرێن، مەیدانی کارکردنیان بەرتەسکە و ناتوانن سەرکێشی (Risk) بکەن. لە زۆر بواردا کەسانی پسپۆڕمان هەن، بەڵام ڕەنگە توانای ئەوەیان نەبێت زانستەکەیان وەربگێڕنە سەر داڕشتنی سیاسەت (Policy) بۆ ئەوەی دواتر ببێتە بابەتی سیاسی (Politics) یان هێزی سیاسی (Ashtarian, 2025). لەبەرانبەردا، سەرمایەی سیاسەتیی ڕاستەقینە، خاوەنی مێشکێکی مۆدێرن و عەقڵییەتێکی دۆزەرەوەیە؛ وڵات و کۆمەڵگەی خۆی بەقووڵی دەناسێت، دەتوانێت داهێنان بکات و هزر بکاتە واقع، هەروەها توانای ئەوەی هەیە زانست بکاتە کهلتوورێکی گشتی.
بەپێچەوانەوە، کاتێک ئەم سەرمایەیە پەراوێز بخرێت، گۆڕەپانەکە تەنیا بۆ ئەو بەڕێوەبەرە سیاسییانە و تیمە “دڵسۆز”ەکانیان چۆل دەبێت کە شارەزایییەکی ئەوتۆیان نییە. بەو جۆرە کەسانی سێبەرخواز و “سەلەبریتییەکان” دەبنە بڕیاردەر و کاربەدەست، کە بەشێکی بەرچاویان پڕەنسیپ و ناسنامەیەکی ڕوونی سیاسی و کۆمەڵایەتییان نییە. لەو دۆخەدا نەک هەر کۆمەڵگە تووشی قەیرانی شوناسی توانامەندی دەبێت، بەڵکوو زیانێکی زۆریش بە ناوبانگ و پێگەی سیاسیی وڵات دەگات.
لاوازبوونی سەرمایەی سیاسەتی، جگە لەوەی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و پشتگوێخستنی داتا و بنەما زانستییەکان، بەهۆی حزبیبوون و بەسیاسیکردنی بیرۆکراسی، دەبێتە هۆی هەڵدێرانی سیاسەت و پووکانەوەی دامەزراوەکان. ئەم لاوازییە زیانی گەورەی تریشی لێ دەکەوێتەوە، کە دیارترینیان لەدەستدانی خەڵک و داکشانی ئاستی ڕەوایەتییە. لەسەر ئاستی ناوخۆ، حکوومەت تەنیا لە کاتێکدا خاوەنی ڕەوایەتییە کە خەڵک هەست بکەن و بزانن بوونی حکوومەت بۆ ژیانی ئەوان خێر و سوودی هەیە. وەک دەگوترێت: “دەسەڵات تەنیا کاتێک مانای هەیە کە ببێتە پێویستییەکی ژیانی کۆمەڵایەتی؛ بەڵام ئەگەر حکوومەت ئەم مانایە لەدەست بدات، بەو واتایە دێت کە کۆگهی دەسەڵاتەکەی بەتاڵ بووەتهوه.
کاتێک سەرمایەی سیاسەتی کەم بێت، حکوومەت لە ڕووی سەرچاوەی مرۆیییەوە تووشی کەمهێنان دەبێت و لە جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرنامەکانیدا شکست دەهێنێت؛ لەم کاتەدا، بوون و نەبوونی حکوومەت، بۆ خەڵک گرنگییەکی ئەوتۆی نامێنێت و متمانە و دەسەڵاتە مەعنەوییەکەی لە زەینی کۆمەڵگەدا دەسڕێتەوە (Ashtarian, 2025).” هەروەها هەر بەهۆی لاوازبوونی سەرمایەی سیاسەتییەوە، لەجیاتی ئەوەی بەرنامەکانی حکوومەت ببنە سیاسەتی ستراتیژی و دوورمەودا، بۆ یۆتۆپیایەکی کاتی، سیاسەتی پەلەپەل و هەنگاوی پۆپۆلیستی دەگۆڕدرێن و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدان و تێچووی ماددی و مەعنەوی؛ بە جۆرێک کە سەرمایەگوزاریی گەورەی تێدا ناکرێت و کەلێنیش بۆ گەندەڵی دەبێتەوە.
ڕێکخستن (Organize)ی سەرمایەی سیاسەتی
سەرکەوتن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا، کە بە مەکینەی سەرەکیی حوكمڕانیی پەرەپێدەر دادەنرێت، بە دوو ئاراستەدا دەگاتە ئەنجامی دڵخواز: یەکەمیان، پێگەیشتوویی و کامڵبوونی کۆمەڵگەیە؛ دووەمیان، بەشداربوونی سەرکردە و کەسانی پسپۆڕ و گەشەخوازە لە پڕۆسەی دروستکردنی بڕیاردا. ئەو کۆمەڵگەیانەی هێشتا بە قۆناغی گەشەکردندا تێ نەپەڕیون، پێویستییان بە دەستەبژێرێکی (Elite) کارامە و توانا هەیە، کە وەک سەرمایەی سیاسەتی هەژمار دەکرێن و توانای ئەوەیان هەیە کوالێتیی سیاسەتی گشتی بەرز بکەنەوە. لەم ڕووەوە، “ڕۆڵی ئەو سەرکردانە ڕۆڵێکی کاریگەرە کە لە ڕێگەی ڕاوێژ و هاوکاریی دەستەبژێرە ڕاستەقینەکانەوە دەبنە خاوەن ئۆتۆریتە (دەسەڵاتی ڕەوا و فەرمی) و دەتوانن سیستەمێکی بەردەوام و پایەدار بنیاد بنێن و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بێننە دی (Brown, 2015).
بە پشتبەستن بەو تێڕوانینەی کە ڕەوایەتیی سیاسیی دەوڵەتان لە ڕێگەی بڕیارە دروست و پسپۆڕییەکانەوە بەرز دەبێتەوە، زیادبوونی ڕێژەی بەشداریی سەرمایەی مرۆییی پسپۆڕ، کاریگەرییەکی ئەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر کوالێتیی سیاسەت و بەڕێوەبردن هەیە و، ئاراستەی دەوڵەت بەرەو حوکمڕانییەکی گەشەخواز دەگۆڕێت (Evans, 1995). کەواتە، گواستنەوەی زانست بۆ ناو کایەی سیاسەتی گشتی و، کاراکردنی ئەو زانستە (Praxis)، هاوکات لەگەڵ داڕشتنی ستراتیژی بۆ هێزی مرۆیی-نەتەوەیی، پێویستی بە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیریی زانستی هەیە. هەرچەندە ئەگەر وڵاتێک بیەوێت بەپێی توانا و تێگەیشتنی خۆی سەرمایەی سیاسی و سەرمایەی سیاسەتی بەرهەم بهێنێت و ڕێکی بخات، ڕەنگە لە سەرەتادا ڕووبەڕووی ئەرکێکی سەخت ببێتەوە؛ بەڵام ئەگەر پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێت، لە کۆتاییدا دەبێتە خاوەنی سەرمایەیەکی سیاسەتیی پتەو (Ashtarian, 2025).
وێڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی و سیاسی هەژمار دەکرێت و خاوەنی سەرچاوەیەکی بەهێزی دەسەڵاتە- کە خەڵکە- بەڵام پێویستە خاوەنی سەرمایەیەکی سیاسەتیی هێندە بەهێزیش بێت کە بەهۆی کارێکی بچووکەوە دامەزراوە یان وەزارەتێک پەکی نەکەوێت و، حکوومەت ناچار نەبێت بۆ چارەسەریی گرفتەکانی، پەنا بباتە بەر کۆمپانیا بیانییەکان کە تێگەیشتنێکی باشیان بۆ پێکهاتە و سایکۆلۆژیای کۆمەڵگەی کوردی نییە. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، لەبری پشتبەستن بە کەسانی “وەفادار”ی بێپسپۆڕی بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان کە توانای داهێنانیان لاوازە، ڕێکخستن و گەشەپێدانی سەرمایەی سیاسەتییە.
لێرەدا گرتنەبەری چەند ڕێکارێک بۆ ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسەتی گرنگن؛ بۆ نموونە: دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوە، پڕۆفیشناڵکردنی سیستەمی بیرۆکراسی، بەدامەزراوەییکردنی پڕۆسەی هەڵسەنگاندن، سوودوەرگرتن لە زانستی سیاسەتی گشتی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ واقعی کۆمەڵگە و چەسپاندنی شەفافییەت و لێپرسینەوە، لە ئەرکە لەپێشینەکانن. هەروەها، پێکهێنانی دامەزراوەی فەرمی بۆ توێژینەوەکانی داڕشتنی سیاسەت (Policy Studies) و دروستکردنی سیستەمێکی هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکان لەژێر چاودێریی بەرزترین دەسەڵاتداردا، هەنگاوێکی دروستە (کە لەم بوارەدا وڵاتی “کەنەدا” ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە). هاوتەریب، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەک سەنگافوورە، پێویستە لە ڕێگەی دۆزینەوە و پەروەردەکردنی کەسانی لێهاتوو، پەرە بە بنەماکانی “شایستەسالاری” بدرێت. بەم شێوەیە، دەتوانرێت گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ڕێگەی پتەوکردنی ژێرخانی دەسەڵات بە بەکارهێنانی زانست و هێزی نەرمەوە، ئاراستە و کۆنتڕۆڵ بکرێن.
لەپاڵ دامەزراوە حوکمڕانییە زانست-تەوەرەکاندا، هەر یەک لە حزبە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ناوەندەکانی توێژینەوە و ئەو کەسایەتییە تایبەتانەی کە وەک سەرمایەی سیاسەتی سەیر دەکرێن، ڕۆڵی خۆیان هەیە. بەتایبەتی ئەو هزرمەندە حکوومی و ناحکوومییانە بە سەرمایەیەکی سیاسەتی دادەنرێن کە بۆ پڕۆسەی بەڕێوەبردن خاوەنی پڕەنسیپ، بنەمای زانستی و ڕەوایەتین. هاوشێوەی ئەزموونی حزبە سیاسییەکانی ئەڵمانیا -کە بۆ ڕاکێشان و لەخۆگرتنی دەستەبژێرەکان دامەزراوەی تایبەتیان داناوە- پێویستە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، لەبری پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی کەسانی شایستە، توانای بەشداریپێکردن و ڕاکێشانیان بۆ ناو کایەی گشتی بەرز بکرێتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرمایەکانی دەسەڵات ئامرازێکی سەرەکین بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکان (Ashtarian, 2024)، پێویستە کەسانی پسپۆڕ وەک بەشێک لە سەرمایەی سیاسەتی لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا بەشداریی کارایان پێ بکرێت. هاوکات لەگەڵ تیۆریسییەنەکان -کە لە پڕۆسەی دروستکردنی بڕیاردا ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن- بەشێکی گرنگی دیکەی سەرمایەی سیاسەتی لە بەڕێوەبەرانی لێهاتوو و دەستپاک پێک هاتووە، کە وەک کۆڵەگەی سەرمایەی دەسەڵاتی سیاسی هەژمار دەکرێن.
لە ڕوانگەی زانستی بەڕێوەبردنەوە، پێویستە درک بەوە بکەین کە زانست تەنیا لە ڕێگەی شارەزایان و بەڕێوەبەرە زانستدۆستەکانەوە لەناو دامەزراوەکاندا بڵاو دەبێتەوە. بە واتایەکی تر، پراکتیزەکردن و خستنەگەڕی زانست لە بواری بەڕێوەبردندا، دەبێتە هۆی گەشەکردنی خودی زانستەکە و، لە کۆتاییشدا کهلتوور و ڕۆشنبیریی زانستی لێ بەرهەم دێت (Ashtarian, 2025).
ئەرکی ئەم جۆرە بەڕێوەبەرانە تەنیا بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانه نییە؛ بەڵکوو ئەوان خاوەنی ئۆتۆریتەیەکن کە لە یەکگرتنی هەردوو توخمی زانست و کاریزما پێک هاتووە. ئەم بەڕێوەبەرانە توانای ئەوەیان هەیە دۆخی هەنووکەیی و مەیدانی کارکردن بەوردی شی بکەنەوە، گوتار (Discourse) دروست بکەن و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی پەرەپێدان تێ پەڕێنن. هەروەها، دەتوانن بە کەمترین خەرجی و تێچوو، گەورەترین کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست بکەن؛ هەروەها دەتوانن لەپاڵ هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەدا، گۆڕانکاریی هزری و کهلتوورییش بەدی بهێنن.
لێرەدا، بۆ ئەوەی بزانرێت بەدیاریکراوی کام بەڕێوەبەر نوێنەرایەتیی سەرمایەی ڕاستەقینەی دەسەڵات دەکات، بوونی دامەزراوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندن، کارێکی پێویستە؛ چونکە بەرزکردنەوەی دروشمە ڕووکەشەکانی وەک پشتگوێخستنی ئەزموون لەپێناو پێگەیاندنی گەنجان (لاوسالاری) یان پێوەری بڕوانامەگەرایی بەبێ ڕەچاوکردنی لێهاتوویی و شایستەیی، باج و تێچوویەکی زۆری لێ دەکەوێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە بەڕێوەبەرە کارامە و لێهاتووەکان، بەدەر لە ئینتیما و ڕەنگی حزبییان بدۆزرێنەوە؛ چونکە بەلاڕێدابردنی سیاسەتی گشتی بەرەو بەرژەوەندیی تایبەتی، کۆمەڵگە تووشی گرێی دەروونیی جیاکاری لەنێوان کەسی “خۆیی” و “بیانی” دەکات؛ کە لە کۆتاییدا دابڕان و لێکترازانی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە (Ashtarian, 2025).
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بۆچوونە، گرنگە پڕۆسەی دیاریکردن و دانانی بەڕێوەبەران لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و پاداشتی “شۆڕشگێڕی” نەبێت، بەڵکوو پێویستە پسپۆڕی، داهێنان، دڵسۆزی و بوێری لە بڕیارداندا ببنە پێوەری سەرەکی. هەر بەم پێوەرە، پێویستە حکوومەت سوود لە ئەزموونی بەڕێوەبەرە سەرکەوتووەکانی کەرتی تایبەت وەربگرێت؛ هەروەها جگە لە پاداشتپێدان بەو بەڕێوەبەرە حکوومییانەی کە دەستکەوتی گەورەیان هەبووە، ڕێزیان لێ بگیرێت و بەردەوام پشتیوانی بکرێن.
لەسەر ئاستێکی فراوانتر، دەرفەتێکی باش بۆ هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە حکوومەت دەتوانێت سوود لە توانا و شارەزاییی دەستەبژێرە شایستەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وەربگرێت، کە لەناو سیستەم و ژینگەی جیاوازدا پەروەردە بوون و پێ گەیشتوون. لەم بارەیەوە، ئیسرائیل یەکێکە لەو نموونانەی کە لە پڕۆسەی دەوڵەتسازیدا، دەستەبژێرە یەهوودییەکانی لە وڵاتانی دیکەوە بۆ لای خۆی ڕاکێشا و ژێرخانی زانستیی وڵاتەکەی پێ بەهێز کردن. لە ئاستێکی باڵاتریشدا، بۆ ئەوەی تۆڕی سەرمایەی سیاسەتی فراوانتر و کاریگەرتر بێت، پێویستە مەیدانی سیاسەتداڕشتن و پڕۆسەی بەشداریپێکردنی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان زیاتر واڵا بكرێت.
کۆبەند
ئەم توێژینەوەیە، بە پشتبەستن بە چوارچێوەی تیۆریی “توانای دەوڵەت”، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە سەرمایەی سیاسەتی بە مەبەستی بەدیهێنانی حوکمڕانیی باش، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕەوایەتیی سیاسی و داڕشتنی ستراتیژیی پەرەسەندن- بە جۆرێک کە توانای ئەوەی هەبێت زانست وەربگێڕێتە سەر سیاسەتی کرداری- سەرچاوەیەکی ستراتیژییە.
ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرمایەی دەسەڵات و سەرمایەیەکی سیاسییە؛ بەڵام پاراستن و بەهێزکردنی ئەم سەرمایەیە لە گرەوی ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسەتیدایە. بە واتایەکی تر، چەندە زیاتر سەرمایەی مرۆیی و زانستی بۆ ناو پڕۆسەی سیاسەتی گشتی ڕابکێشرێت، ئەوەندە جێبەجێکردنی سیاسەتەکان سەرکەوتووتر دەبێت. هەرچەندی سیاسەتەکانیش سەرکەوتووتر بن، هەنبانەی سەرمایەی سیاسیش ئەوەندەی دیکە دەوڵەمەند دەبێت و شوناسی توانای نەتەوەیی، زیاتر خۆی دەنوێنێت. ئەم هەنگاوە، وێڕای ئەوەی دەبێتە هۆی پێشکەوتن و بەرزکردنەوەی کوالێتیی سیاسەت و بەرنامە ستراتیژییە دوورمەوداکان، هاوکات دەبێتە ئامرازێکی کاریگەریش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕەوایەتی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی.
کەواتە، بە مەبەستی ئامادەکردنی کۆمەڵگە، بنیادنانی حکوومەتێکی بەهێز، پتەوکردنی شەرعییەت (ڕهوایهتی) و سەلماندنی شوناسی توانامەندی لەسەر ئاستی جیهان، پێویستە سیاسەتە گشتییەکانی حکوومەت لە ڕێگەی ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسەتییەوە ببنە ئەجێندا و بەرنامەی کاری سەرەکی.
لە کۆتاییدا، گرنگە حکوومەت بە تێڕوانینێکی ستراتیژییانەوە کار بکات؛ بە واتایەکی وردتر، حکوومەت لە ڕێگەی بەدامەزراوەییکردن (Institutionalize)ی توێژینەوەکانی داڕشتنی سیاسەت، بەپڕۆفیشناڵکردنی بیرۆکراسی، دروستکردنی سیستەمی هەڵسەنگاندنی زانستی و چەسپاندنی پرەنسیپی شایستەسالارییهوه پڕۆسەی ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسەتی ئۆرگانیزە بکات. بەم جۆرە، دەتوانێت پێگە جیۆپۆلیتیکییەکەی خۆی بەهێزتر بکات و ڕێگەی گەیشتن بە پەرەسەندنی ڕاستەقینە بۆ داهاتوو هەموار بکات.
سەرچاوەکان:
Ashtarian, K. (2025). National adaptation from the perspective of public policy and policy theory. Shargh Newspaper.
Ashtarian, K. (2025, May 25). Science and practice of academics; Scientific intellectualism. Shargh Newspaper.
Ashtarian, K. (2025, October 18). Power evacuation. Shargh Newspaper.
Brown, A. (2015). The myth of the strong leader: Political leadership in the modern age. Vintage.
Evans, P. B. (1995). Embedded autonomy: States and industrial transformation. Princeton, NJ: Princeton University Press.
Falola, H. O., Salau, O. P., Olokundun, M. A., Oyafunke-Omoniy, C. O., Ibid Unni, A. S., & Oludayo, O. A. (2018). Employees’ intrapreneurial engagement initiatives and its influence on organizational survival. Business: Theory and Practice, 19, 9-16.
Fukuyama, F. (2013). What is governance? Governance: An International Journal of Policy, Administration, and Institutions, 26(3), 347–368. https://doi.org/10.1111/gove.12035.
Weber, M. (1978). Economy and society: An outline of interpretive sociology (G. Roth & C. Wittich, Eds.). University of California Press. (Original work published 1922).