1

ئێران، عێراق لەدەست دەدات: بەغدا ڕێڕەوی خۆی دەگرێتەبەر

ماڵپەڕ: (Foreign Affairs)

نووسەر: کامەران پاڵانی (Kamaran Palani)

هەر کاتێک جەنگی ئێران کۆتایی بێت، پێ دەچێت کۆماری ئیسلامی لە پێگەیەکی بەهێزتردا دەربکەوێت. ئەگەر مەرجەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران جێبەجێ بکرێن، حکوومەتەکانی ڕۆژاوا سزایەکی زۆر لەسەر تاران لا دەدەن و وڵاتەکە وردە وردە تێکەڵ بە ئابووریی جیهانی دەبێتەوە. لەوانەیە کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا، کە سەردەمانێک ڕێڕەوێکی ئاویی کراوە بوو، لە ڕێگەی جۆرێک لە سیستەمی باجی هاوبەشەوە بەفەرمی بناسێنرێت. هەروەها ڕەنگە ئێران ئازاد بێت لە دووبارە بونیادنانەوەی تواناکانی لە بواری درۆن و مووشەکی بالیستیدا؛ ئەو چەکانەی كه‌ لە مانگەکانی کۆتاییی جەنگەکەدا زۆر بەسوود بوون.

بەڵام لانی کەم لە یەک بواردا، جەنگەکە ئێرانی بەتەواوی لاواز کردووە: عێراق. لەدوای ڕووخانی “سەدام حوسێن”، دیکتاتۆری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، ئێران توانیویەتی هەژموونێکی زۆر بەسەر دراوسێی ڕۆژاوایدا بسەپێنێت. ئه‌م وڵاته‌ خۆی لەناو دامەزراوەی سیاسیی شیعەی عێراقدا چەسپاندووە، نێوەندگیری لەنێوان باڵە نەیارەکاندا دەکات، شێوە بە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان دەدات و، عێراق بۆ بەدەستهێنانی پارەی کاش لە ڕێگەی قاچاغچێتی و تۆڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە بەکار دەهێنێت. ئێران پاڵپشتیی زۆرێک لە گرووپە نیمچەسەربازییە عێراقییەکانی کرد کە لە ساڵی ٢٠١٧دا یارمەتیدەر بوون بۆ تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، کە بە داعش (ISIS) ناسراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، عێراقییەکان زیاتر ڕقیان لە هەژموونە لەڕاددەبەدەرەکەی ئێران لە وڵاتەکەیاندا دەبووەوە، بەتایبەتی بەهۆی تێوەگلانی ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات لە سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەرانی دژ بە گەندەڵی لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا. ئێستا، ئاڵۆزییەکانی ئەم مانگانەی دوایی، زیاتر عێراقییەکانی هان داوە، دژی ئارەزووی ئێران بوەستنەوە بۆ کردنی وڵاتەکەیان بە گۆڕەپانی بەرگریکردن لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. سەرکردەی ئەو حزبە سیاسی و میلیشیایانەی سەردەمانێک لە تارانەوە نزیک بوون، ئێستا لێی دوور دەکەونەوە.

لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا، چەکدارانی سەرایا سەلام (Saraya al-Salam)، کە میلیشیایەکی سەر بە “موقتەدا سەدر”ە، کە کەسایەتییەکی ئایینیی شیعەی عێراقییە، لە شاری سامەڕا کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکەن. ئەو چەکدانانە، بووە هۆی کشانەوەی گرووپەکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی زۆرینە شیعەیە و لە یەک کاتدا لە ناوەوە و دەرەوەی دەوڵەتی عێراقدا بوونی هەیە. هەزاران چەکداری سەرایا سەلام، یەکەمین کەس بوون کە لە هاوپەیمانێتییەکە کشانەوە و، کۆتا کەسیش نەبوون؛ بۆ نموونە، عەسائیب ئەهلی هەق (Asaib Ahl al-Haq)، کە میلیشیایەکی بەهێزی پاڵپشتیکراوی ئێرانە، ڕای گەیاند کە ئەویش لە حەشدی شەعبی دەچێتە دەرەوە.

چەندان میلیشیای دیاری پاڵپشتیکراوی ئێران، بەتوندی پابەندن بە بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی تاران لە عێراق و ناوچەکەدا. بەڵام لەتبوونی حەشدی شەعبی، گورزێکی ڕاستەقینەیە لە ئێران. ئەوەی پێی دەگوترێت ”میحوەری موقاوەمە”، کە تۆڕی بریکارەکانی ئێرانە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، لەدوای هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. بەڵام لە عێراقدا، ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن تا ڕاددەیەکی زۆر لە جەنگەکە دوور کەوتبوونەوە و هێز و پێگەی خۆیان پاراستبوو. ئەو پێگەیە ئێستا لە داڕماندایە؛ میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران فڕێ ده‌درێنه‌ پەراوێزی سیاسەتی عێراقه‌وه‌. هاوکات لەگەڵ لاوازبوونی هەژموونی تاران، عێراق داهاتوویەکی سەرنجڕاکێش بەدی دەکات؛ کە تێیدا لەوانەیە ڕێگەی خۆی دیاری بکات، بەدوور لە ئاراستەکردنی کۆماری ئیسلامی.

قۆرخکردنی توندوتیژی

پێش ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە مانگی شوباتدا هێرش بکەنە سەر ئێران، حکوومەتی عێراق سیاسەتێکی پێداگرانەی پەیڕەو دەکرد، هەرچەندە تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو: هاوسەنگیڕاگرتن لەنێوان واشنتۆن و تاراندا و، پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەردووکیاندا و هاوکات دوورکەوتنەوە لە پێکدادانەکانیان. سەرباری ئەمەیش، ئەو جەنگەی کە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ”تووڕەییی داستانئامێز”(Operation Epic Fury)  ڕووی دا، ئەو هەڵوێستەی مەحاڵ کرد. عێراق بووە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەکان، کاتێک ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی وڵاتەکەدا و، نێردە دیپلۆماسییەکانی سەر بە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و، ژێرخانی ئەمنی، وزە و، مەدەنیی عێراق، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. هەروەها لە خاکی عێراقەوە هێرشیان کردە سەر ئامانجەکان لە وڵاتانی دراوسێی کەنداو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەڵامی میلیشیا پاڵپشتیکراوەکانی ئێرانی لە عێراق دایەوە، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق تەنیا وەک تەماشاکەرێک سەیری دەکرد. لە کۆتاییدا بەغدا ناچار بوو ڕووبەڕووی پرسیارێک ببێتەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو خۆی لێ دەدزییەوە: کێ کۆنترۆڵی بەکارهێنانی هێز دەکات لەناو سنوورەکانی عێراقدا؟

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، عێراق ڕێگەی بەو گرووپانە دابوو کە سەر بە ئێرانن دەست بەسەر زۆرێک لە ئەرکەکانی دەوڵەتدا بگرن. لە ساڵی ٢٠١٦دا، حکوومەت بەفەرمی حەشدی شەعبیی خستە ناو سیستەمی بەرگریی عێراقەوە. لەسەر کاغەز، بڕیارە سەر بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بن، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیە. به‌كرده‌وه‌، ئەو باڵانە زنجیرەی فەرماندەیی و دڵسۆزیی خۆیان پاراستووە، کە زۆر جار بۆ تارانە. حکوومەتی بەغدا ڕێگەی بەو میلیشیایانە دا، دەست بەسەر سەرچاوەکانی دەوڵەتی عێراقدا بگرن و شەرعییەتی ئەوەیان هەبێت کە نوێنەری دەوڵەت بن، لە کاتێکدا خودی ئەو میلیشیایانە قۆرخکاریی هێزیان لە دەوڵەت سەندەوە کە دەبووە هۆی سەروەربوونی.

حکوومەتە تازە پێکهێنراوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، کە هەڵبژاردنی لە مانگی ئایاردا لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە پەسەند کرا، چەکداماڵینی میلیشیاکانی کردووەتە پێشینەی کارەکانی. توانیویەتی ئەکتەرەکانی حەشدی شەعبی هان بدات کە لە هاوپەیمانێتییەکە بێنە دەرەوە و تێکەڵ بە دەوڵەت ببن. ئەگەر ئەم هەوڵانە گوڕوتینی زیاتر وه‌ربگرن، ڕەنگە بەغدا بتوانێت کۆنترۆڵی ئەو میلیشیایانە بکات کە سەر بە ئێرانن و کۆنترۆڵی ناوەندیی زیاتر بەسەر ڕێکخراوە نیمچەسەربازییەکاندا بسەپێنێت.

سەرایا سەلامی سەدر زۆرترین هەنگاوی ناوە و، پابەندیی خۆی بە تێکەڵبوونی تەواو لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراقدا نیشان داوە. زۆرێک لەو گرووپە چەکدارانەی ئەمڕۆ لە عێراقدا کار دەکەن، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەکەی سەدر و ئەو یاخیبوونەی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دژی هێزەکانی ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکرد. ئەم ئامادەیییە نوێیەی بۆ تێكه‌ڵكردنی هێزەکانی له‌گه‌ڵ دەزگه‌ ئەمنییەکانی دەوڵەت، ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو سەردەمە. گرووپێکی دیکەی حەشدی شەعبی، کە عەسائیب ئەهلی هەقی سەر بە ئێرانە و لەلایەن “قەیس خەزعه‌لی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی نیمچەسەربازیی شیعەوە سەرکردایەتیی دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بە نیازی خۆی داوە بۆ چەکدانان و بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆی بخاته‌ ژێر فەرماندەییی دەوڵەتی عێراقەوە. دەکرێت بۆ هەر یەک لە خەزعه‌لی و سەدر، چوونەدەرەوە لە حەشدی شەعبی و پەیوەندیکردن بە دەوڵەتەوە، وەک بەشێک لە هەوڵێک تێ بگەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باشتر، نەک تەنیا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا، بەڵکوو لەگەڵ واشنتۆنیشدا.

بێ گومان، چەندان گرووپی گرنگی سەر بە ئێران ڕەتیان کردووەتەوە چەک دابنێن و بچنە پاڵ دەوڵەتی عێراقەوە. ئەمانەیش کەتائیبی حزبوڵڵا (Kataib Hezbollah)، بزووتنه‌وه‌ی نوجەبا (Harakat al-Nujaba) و، کەتائیبی سەییدولشوهەدا (Kataib Sayyid al-Shuhada) دەگرنەوە، کە خاڵە سەرەکییەکانی میحوەری موقاوەمەن لە عێراقدا. ئەوان پێیان وایە کە عێراق هێشتا لەژێر داگیرکاریی ئەمریکادایە و تەنیا کاتێک چەکەکانیان ڕادەست دەکەن کە هێزەکانی ئەمریکا وڵاتەکە جێ بهێڵن. بەڵام ئەم سەرپێچییەیان گۆشەگیری كردوون. لە کاتێکدا گرووپەکانی دیکە تێکەڵ بە دەوڵەتی عێراق دەبن، ئەو گرووپانەی ماونەتەوە کەمتر لە پێشەنگێکی نیشتمانی دەچن و زیاتر لە دەستەیەکی یاخیبوو دەچن کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی هێزێکی بیانی دەکەن.

ئامانجێک بەبێ یاخیبووان

هەژموونی ئێران لە عێراقدا لەسەر دوو کۆڵەکە وەستاوە: هێزی ڕەقی میلیشیا هاوپەیمانەکانی و، نفووزێکی قووڵتر لەناو کۆمەڵگە و سیاسەتی عێراقیدا. ئەوە دووەمیانە، زیاتر لە یەکەمیان، کە هێزی مانەوەی بە تاران بەخشیوە. هەرچەندە هەر ئەم کۆڵەکە دووەمەیشە کە دەستی بە داڕمان کردووە.

دەیەیەک لەمەوبەر، گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراوی ئێران لە عێراق، شانبەشانی سوپای عێراق دژی داعش جەنگان. ئەمە هەنگاوێکی زۆر پەسەندکراو بوو کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ساڵی ٢٠١٨دا بووە هۆی بەدەستهێنانی دەنگ بۆ بریکارە سیاسییەکانیان؛ هەرچەندە لەو کاتەوە ناوبانگەکەیان کەم بووەتەوە. بۆ نموونە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، یارمەتیدەر بوون لە سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندانەکانی دژ بە گەندەڵی، کە تێیدا سەدان هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست دا؛ لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ”تووڕەییی داستانئامێز” لە ٢٨ی شوباتدا، هێرشەکانیان لە سەرتاسەری وڵاتەکە و ناوچەکەدا، هەوڵیان دا عێراق ڕاستەوخۆ پەلکێشی ناو جەنگەکەی ئێران بکەن. ئەمە هێندە نەخوازراو بوو کە تەنانەت دامەزراوەی ئایینیی شیعەی عێراقیش، کە پەیوەندییەکی ئایینیی قووڵی بە ئێرانەوە هەیە و بە شێوەیەکی بەرفراوان دژایەتیی هەڵمەتەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات، خۆی لە جەنگەکە دوور خستەوە: باڵاترین مەرجەعییەتی ئایینیی شیعەی عێراق لە نەجەف، ئه‌وه‌ی ڕه‌ت کردەوە داوا لە عێراقییەکان بکات پاڵپشتیی ئێران بکەن دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و، پەنایان بردە بەر یاسای نێودەوڵەتی و، خۆیان بەدوور گرت لە دەرکردنی بانگەوازێکی ئایینی بۆ جەنگان لەپێناو ئێراندا. مەرجەعییەتەکان ئاماژەیان بەوە کرد، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێراندا چەندە نزیک بن، عێراق لە پێشینەیە.

میلیشیا پاڵپشتیکراوەکانی ئێران بەتەواوی هەڵناوەشێنەوە. تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی بریکار و هاوپەیمانە عێراقییەکانی و پاراستنی بریکارەکانی لە وڵاتەکەدا. دەستبەرداری پێگەی خۆی لە عێراقدا نابێت، چونکە پێشتر بینیویەتی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە ناوچەکەدا لەکار خراون یان بەتەواوی لاواز کراون: لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕووخا و، حزبوڵڵاش لە لوبنان دوای چەندان خولی جەنگی سەخت لەگەڵ ئیسرائیلدا لاواز بووە. لە لایه‌كی دیكه‌وه‌، پێ ناچێت عێراق بەزۆرەملێ چەک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دابماڵێت. هەنگاوێکی لەم شێوەیە بەدڵنیایییەوە دەبێتە هۆی پێکدادانی ناوخۆییی شیعەکان، کە هیچ حکوومەتێکی ئەم وڵاتە زۆرینە شیعەیە، نایەوێت سەرکێشیی پێوە بکات.

بەڵام هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا گۆڕاوە. هەرچەندە تاران دەیەوێت پێگەی خۆی لە عێراقدا لەلایەن سیستەمی تازە دەرکەوتووی دوای جەنگەوە بەهێزتر ببێت، بەڵام ئەوە دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقە کە بەرەوپێش دەچێت، نەک تۆڕەکەی ئێران. دەرەنجامەکانی ئەو پێچەوانەبوونەوەیە، ئەگەر بەردەوام بێت، ڕاستەقینەن. ئەو عێراقەی کە تێیدا دەوڵەت دەسەڵات لە میلیشیاکان دەسەنێتەوە، نابێتە دژە-ئێران، بەڵکوو هەژموونی تاران بەسەریدا کەم دەکاتەوە. ئەمەیش ڕێگە بە عێراق دەدات زیاتر تێکەڵ بە کەنداوی عەرەبی و ناوچەکە ببێت، لەوانەیش لە ڕێگەی دەستهەڵگرتن لە گاز و کارەبای ئێران و بەستنەوەی بە تۆڕەکانی کارەبای ئوردن و کەنداوەوە و، وا لە عێراق دەکات باشتر خۆی له‌ پێکدادانه‌كانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا به‌دوور بگرێت.

ئەم گۆڕانکارییە هەروەها ئاماژەیە بۆ لاوازبوونی زیاتری ”میحوەری موقاوەمە”. ڕەنگە ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە وڵاتەکەدا چالاك بمێننەوە، بەڵام پێگەیان لاواز دەبێت. عێراق نابێتە گۆڕەپانێک بۆ دەرخستنی هێزی ئێران لە ناوچەکەدا، وەک چۆن لە دەیەکانی ڕابردوودا بووە. ئێران لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا هەرچییەکی بەدەست هێنابێت، ئەوا لە عێراقدا ڕاده‌ستی كردووه‌.

پێشتریش ئێران ئەم دۆخەی تاقی کردووەتەوە. ئێران پێگەی هەژموونداریی خۆی لە سووریا لەدەست دا، دوای ساڵانێک لە بەکارهێنانی میلیشیا تائیفییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕژێمێکی توندوتیژ، کە وای کرد لەناو سوورییەکاندا بەتەواوی بێزراو بێت. بە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانی لە ڕێگەی خانه‌خوێیه‌كی نابه‌دڵ و پشتگوێخستنی هێما ئاگادارکەرەوەکان، ئێران هەمان هەڵە لە عێراقدا دووبارە دەکاتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر ئەو شەپۆلەی ئێستای سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان بۆ عێراق تەشەنە بکات، ڕەنگە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراقدا دووبارە چالاک ببنەوە و هێرش بکەنە سەر ئامانجەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. ئەنجامدانی ئەم کارە جارێکی دیکە عێراق ڕووبەڕووی جەنگێک دەکاتەوە کە زۆربەی عێراقییەکان، له‌وانه‌ شیعەکان، نایانەوێت بەشێک بن لێی؛ ئەمەیش ڕق و کینە بەرامبەر بە ئێران قووڵتر دەکاتەوە.

نوخبەی شیعەی عێراق زیاتر لە جاران بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان دەخەنە پێش ئامانجی وه‌ستانه‌وه‌ی هەمیشەیی لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لە جەنگەکە دەربازی ببێت، لەوانەیە پێگەی خۆی لە عێراقدا له‌ده‌ست بدات.