چۆنێتیی پێوانەکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق؛ ئاخۆ لە پاشەکشەدایە!؟
سەرچاوە: (The National Context)
ژمارەیەکی ڕوولەزیادی شرۆڤەکان پێیان وایە هەژموونی ئێران لە عێراقدا لە پاشەکشەدایە. ئەم بانگەشەیە پشتی بە گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی ڕەفتار بەستووە: کەمبوونەوەی هێرشی میلیشیاکان، دوورکەوتنەوەی ئاشکرا لە تاران و، قبووڵکردنی بێدەنگانەی داواکارییەکانی ئەمریکا. ئەم دەرەنجامە لەگەڵ بەڵگەکاندا یەک ناگرێتەوە؛ بەڵکوو پشتی بە هەڵەیەکی پێوانەکردن بەستووە و، هەڵەکەیش بەهۆی سێ هۆکارەوە ئاڵۆزتر بووە: سروشتی هونەری دەوڵەتداریی ئێران، هەڵەیەکی پۆلێنبەندی سەبارەت بە پێگەی عێراق لەناو سیستەمی هەرێمیی ئێراندا و، ژینگەیەکی ئابووریی سەردەمی جەنگ کە تێیدا دانبەخۆداگرتن ڕێنمایییەکی عەقڵانییە.
کێشەی پێوانەکردنەکە: ئێران هونەری دەوڵەتداریی خۆی لەژێر دەیان ساڵ لە سزا و گوشاری هەواڵگریدا بونیاد ناوە و، بەپێی ئەو دۆخەیش گەشەی پێ داوە: لێڵیی ستراتیژی، ئاماژەناردنی فرەڕەهەند و چەندلایەنە و، وەڵامدانەوەی دواخراو. خۆشاردنەوە و هەڵوێستی پاسیڤ، ئامرازی هەمیشەییی شێوازی کارکردنی تارانن لە کاتی چاودێریکردنیدا. ئەو شرۆڤەکارەی کە قۆناغێکی بێدەنگی، وەک پاشەکشە لێک دەداتەوە، لە ڕاستیدا مامەڵە لەگەڵ ئامرازێکی بەئەنقەستی هونەری دەوڵەتداریی ئێراندا دەکات وەک بەڵگەیەک دژی خودی دەوڵەتەکە. لەبەر ئەمەیش، هەر پێوانەکردنێکی جددیی هەژموون، دەبێت ئەوەی ئێران و هاوبەشەکانی دەتوانن بیکەن، لەوە جیا بکاتەوە کە لە ئێستادا بۆ پیشاندانی هەڵی دەبژێرن. چالاکییە بەرچاوەکان دەرەنجامێکن وەڵامی گوشار، هاندان و ڕێنمایییەکان دەدەنەوە. دەبێت سەرمایەی بنەڕەتیی هەژموونەکە، کە بریتییە لە سەنگی پەرلەمانی، تێکەڵبوونی دامەزراوەیی، بنکەی کۆمەڵایەتی و بۆچوونەکانی گشتی، لەسەر پێوەرەکانی خۆی بپێورێت.
عێراق سەرمایەیەکی دەوڵەتییە و، بەراوردکردنیشی بە حزبوڵڵا چەواشەکارانەیە؛ چونکە هەڵسەنگاندنەکان بۆ پێگەی ناوچهییی ئێران، بە شێوەیەکی باو عێراق لەگەڵ حزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان (Houthis) لە یەمەن پۆلێن دەکەن. ئەوانە کارەکتەری نادەوڵەتین کە بەهاکەیان بۆ ئێران لە ئاژاوهنانهوهی چەکداریدایە. بەڵام گرووپە سەرەکییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراقدا لەناو خودی دەوڵەتدان: لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان و، لە لیستی مووچەخۆرانی گشتیدا لە ڕێگەی پێکهاتەکانی حەشدی شەعبییەوە. ئەرک و ئاستی بەرکەوتن و سوودەکانیان لە جۆرێکی دیکەن.
ئەو جیاوازییە، بەهای عێراق بۆ تاران دیاری دەکات. بەهای عێراق لەوەدایە کە بێبەری بێت لە سزا، توانای داراییی هەبێت و، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرێدراو بێت. عێراقێکی سزادراو و وێرانکراو شتێکی زۆر کەم پێشکەش بە ئێران دەکات. لەم جەنگەدا، کۆتوبەندە ناچارییەکەی ئێران بریتییە لە مانەوەی ئابووری و، دراوسێیەکی کارا کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتیی قووڵاییی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ دەدات؛ بۆ ئەو زۆر گرنگترە لە سەرچاوەیەکی دیکەی هێزی ڕەق، کە ئێران خۆی بۆ خۆی دابینی دەکات و لایەنە عێراقییەکانیش دەتوانن شتێکی کەمی بۆ زیاد بکەن. بەشداریی لایەنە عێراقییەکان لە گۆڕەپانی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە تێ دەپەڕێت؛ بە هێزی مرۆیی و کۆکردنەوە (مۆبالیزهكردن)یشەوە لە ڕێگەی بنکە کۆمەڵایەتییەکەیانەوە.
ئابووریی سەردەمی جەنگ دانبەخۆداگرتن دەکاتە فەرمانێکی عەقڵانی. ئەمە ئەو سیاقەیە کە دەبێت بێدەنگیی ئێستای تێدا بخوێنرێتەوە. گەمارۆدانی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz) عێراقی خستووەتە دۆخێکی هەستیاری پەیوەست بە مانەوەی خۆیەوە، چونکە نزیکەی ٪٩٠ی داهاتی دەوڵەت لە نەوتەوە دێت و، نزیکەی ٪٩٠ی ئەو نەوتەیش بە هورمزدا تێ پەڕیوە. بنکەی داهاتی دەوڵەتە مووچەپێدەرەکە داڕماوە. سەرباری ئەمەیش، واشنتۆن خاوەنی ئامرازێکی پێکهاتەیییە کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکانی دوای داگیرکارییەکە، ئەویش ئەوەیە کە داهاتی نەوتی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵی (Federal Reserve) پارێزراوە؛ کە ئەمەیش توانای بە ویلایەتە یەکگرتووەکان داوە تا لە ڕێگەی بڕیارێکی کارگێڕییەوە خنکاندنی دارایی بەسەر دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنێت.
لەم هەلومەرجهدا، دانبەخۆداگرتنی لایەنە نزیکەکان لە ئێران ئەو سەرمایەیە دەپارێزێت. هاندانی سەپاندنی سزا یان بڕینی دارایی، ڕێک ئەو شتە لەناو دەبات کە عێراق بۆ ئێران بەهادار دەکات. ئەو بێدەنگییەی بەدی دەکرێت، ڕێک شێوەی پاراستنی سەرمایەیەکی ستراتیژییە لە ژێر ئەوپەڕی گوشاردا و، بەتەواویش لەگەڵ ئەو دیسیپلینە ئاراستەکراوەی تاراندا یەک دەگرێتەوە.
دیمەنە هەرێمییەکە لۆژیکی هەردوو لا بەهێزتر دەکات. ئێستا سنووری ڕۆژاوای عێراق بەڕووی حکوومەتێکی سوننە لە دیمەشق بە سەرۆکایەتیی “ئەحمەد شەرع”دا کراوەیە. تورکیا کەوتۆتە باکوور و سعوودیاش لە باشوورە. لەسەر ئاستی ستراتیژی، ئێران تاکە هاوپەیمانە کە بۆ عێراقی بەڕێوەبراو لەلایەن شیعەوە لە ناوچەکەدا مابێتەوە و، عێراقیش دوایین بەرەی کراوەیە کە بۆ ئێران مابێتەوە. پشتبەستنی هەر لایەکیان بەوی دیکەیان زیاتر بووە و، ئەم پشتبەستنە هاوبەشەیش تێچووی هەر ڕەفتارێک بەرز دەکاتەوە کە مەترسی بخاتە سەر پێگە نێودەوڵەتییەکەی عێراق و، لەوێیشەوە یەکڕیزییە ناوخۆیییەکەی خۆی.
تۆمارە بەرچاوەکان لە ڕاستیدا چی دەردەخەن؟
هەر کاتێک پێوانەکردن لە چالاکییە بەرچاوەکانەوە بۆ پێوەرە پێکهاتەیییەکان بگۆڕدرێت، تۆمارەکان یەک ئاراستە پیشان دەدەن.
هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بەهێزترین ئەنجامی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە پێشکەش بە هاوپەیمانیی شیعەی نزیک لە ئێران کرد. کوتلەی چوارچێوەی هەماهەنگی لانی کەم ١٧٠ کورسیی لە کۆی ٣٢٩ کورسی بردەوە، کە دەکاتە ٪٥٢ی پەرلەمان- تەنانەت لەگەڵ بایکۆتکردنی سەدرییەکاندا. ئەو بەربژێرانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەست بوون بە میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە، لە ڕێگەی چەند لیستێکی جیاوازەوە زیاتر لە ٨٠ کورسییان بەدەست هێنا، کە بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوە؛ ئەوەیش لە هەڵبژاردنێکدا کە ڕێژەی بەشداریکردن زیاتر لە ١٠ خاڵ بەراورد بە خولی پێشووتر بەرز بووەوە.
بۆچوونەکانی گشتییش هەمان ئاراستەیان گرتۆتە بەر. دامەزراوەی گالۆپ (Gallup) دەری خستووە کە ڕەزامەندی لەسەر سەرکردایەتیی ئێران لەنێو شیعەکانی عێراقدا لە ٪١٧ لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە بۆ ٪٥٢ لە ساڵی ٢٠٢٥ بەرز بووەتەوە. ڕاپرسییەکەی عەرەب بارۆمێتەر (Arab Barometer) لە عێراق، کە لەنێوان کۆتاییی ئەیلوول و سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ئەنجام دراوە و بەمەیش دەبێتە تێڕوانینێکی تەواوەتیی دوای جەنگ، بەرزبوونەوەی تێڕوانینە ئەرێنییەکانی بۆ ئێران لە ٪٣٤ەوە بۆ ٪٤٤ تۆمار کردووە؛ هاوکات هەڵسەنگاندنە ئەرێنییەکانیش بۆ سیاسەتی ناوچهییی خامنەیی لە ٪٣٧ەوە بۆ ٪٤٨ بەرز بووەتەوە. پێ دەچێت جەنگەکە ئەم گۆڕانکارییەی خێراتر کردبێت. لە کاتێکدا ٪٨٧ی عێراقییەکان تێڕوانینی نەرێنییان بەرامبەر ئیسرائیل هەیە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لەلایەن زۆرینەی خەڵکی شیعەوە وەک شتێکی ڕەوا لێک درایەوە و، ڕزگاربوونی ئێرانیش لە جەنگەکە لە ڕاگەیاندنە شیعەکاندا وەک جۆرێک لە سەرکەوتن وێنا کراوە. هێشتا ئامارەکانی دوای شوباتی ٢٠٢٦ بەردەست نین، بەڵام دوورە ئەم ئاراستەیە پێچەوانە بووبێتەوە.
ڕووداوەکەی تشرین دیمەنەکە تەواو دەکات، چونکە نیشانی دەدات کە پاشەکشەی ڕاستەقینە کاتێک ڕوو دەدات، چۆنچۆنییه. لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢١، خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان قەیرانێکی ڕاستەقینەی ڕەوایەتییان دروست کرد: هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیا شیعەکان) لە ٤٨ کورسییەوە لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ١٧ کورسی لە ساڵی ٢٠٢١ دابەزی و، بەربژێرە نزیکەکان لە خۆپیشاندانەکانەوە بە ژمارەیەکی زۆر چوونە ناو پەرلەمان. ئەوە پاشەکشەیەکی پێکهاتەیی بوو کە دەکرا بپێورێت. تا ساڵی ٢٠٢٥، دەنگەکانی تشرینییەکان بەتەواوی داڕمان و، کەسایەتییەکانیشی لاواز، پەرتەوازە و بێتوانا لە جێبەجێکردندا دەرکەوتن، لە کاتێکدا ژمارەی کورسییەکانی پەیوەست بە میلیشیاکان گەیشتە لوتکەی مێژووییی خۆی. ئەو تاقە ڕووداوە بەڵگەدارکراوەی پاشەکشەی ئێران لە عێراقدا، لەسەر تەواوی ئەو پێوەرانەی پێشتر تۆماریان کردبوو، پێچەوانە بووەتەوە.
بۆیە چیرۆکی پاشەکشەکە، گۆڕاوێکی هەڵە دەپێوێت. چالاکییە بەرچاوەکانی میلیشیاکان کەم بووەتەوە، چونکە بەهای عێراق بۆ ئێران لەژێر سزاکانی سەردەمی جەنگ و گەمارۆدانی هورمزدا پشت بەوە دەبەستێت کە عێراق توانای داراییی هەبێت، بێبەری بێت لە سزا و پێكهوهگرێدراو بێت، هەروەها لەبەر ئەوەی هونەری دەوڵەتداریی ئێران لە کاتی گوشاردا دەگەڕێتەوە بۆ بژاردەی خۆشاردنەوە. هەموو پێوەرێکی پێکهاتەیی، هەر لە پێگەیەکی پێوانەییی پەرلەمانییەوە تا دەگاتە بووژانەوەیەکی بەڵگەدارکراو (دۆكیۆمێنتكراو) لە بۆچوونی گشتیی شیعە و داڕمانی تاقە بزووتنەوە، کە سەردەمانێک بەڕاستی پێگەی ئێرانی داماڵیبوو، هەژموونێک پیشان دەدەن کە جێگیرتر، لە ڕووی دامەزراوەیییەوە چەسپاوتر و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕەگداکوتاوترە بەراورد بە هەر کاتێکی دیکە لەدوای سەردەمی داعشەوە.