بۆچی ئێران دەگەڕێتەوە نێو جەنگ؟
نووسەر: وەلی نەسڕ (Vali Nasr)
ماڵپەڕ (سەرچاوە): فاینانشاڵ تایمز (Financial Times)
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران خەریکە دووبارە دەگەڕێنەوە ناو جەنگ. هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە هیچ کام لەم دوو وڵاتە لە مەرجەکانی ئەو لێکتێگەیشتنامەیە (MoU) تێ نەگەیشتبن کە بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغی یەکەمی ململانێکان واژۆیان کردبوو. هەرچەندە لێکتێگەیشتنامەکە لێڵ بوو و ئەگەری لێکدانەوەی جیاوازی هەڵدەگرت، بەڵام کێشە سەرەکییەکەی ئەوە بوو کە پشتی بە پاراستنی هاوسەنگیی هێز دەبەست لە کاتی واژۆکردنیدا؛ ئەو هاوسەنگییەی کە واشنتۆن سوور بوو لەسەر گۆڕینی و، تارانیش سوور بوو لەسەر پاراستنی.
لە مانگی شوباتدا، ئەمریکا بە ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەستی بە جەنگ کرد؛ یان ئەگەر ئەوەیش نەکرێت، ناچاری بکات ملکەچی فەرمانێکی ئەمریکی بێت بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پێگە هەرێمییەکەی. لەبری ئەوە، جەنگەکە سەرکەوتنێکی ستراتیژیی بەخشییە ئێران کە بریتی بوو لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)و، ئەمەیش شکستێک بوو کە ئەمریکای ناچار کرد بە لێکتێگەیشتنامەکە ڕازی بێت.
سەرکردەکانی ئێران گومانیان لەوە هەبوو کە لێکتێگەیشتنامەکە پاشەکشەیەکی کاتیی ئەمریکا بێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەستان لەسەر ئابووریی جیهان و ئامادەکاری بۆ خولێکی دیکەی جەنگ. تەنانەت جەی دی ڤانس (JD Vance)، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەئاشکرا ئاماژەی بەوە کردبوو کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنەکەی بەدڵە، چونکە کات بە ئەمریکا دەدات تاوەکوو یەدەگە ستراتیژییە نەوتییەکانی کە ڕوو لە کەمبوونەوەن، پڕ بکاتەوە.
ئێرانییەکان چەندان بەڵگەیان بۆ سەلماندنی گومانەکانیان دەبینی. ئەمریکا هیچ سەرمایەیەکی بلۆککراوی ئێرانی ئازاد نەکرد؛ ئەو ڕێککەوتنەیش کە ئەمریکا لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا نێوەندگیریی تێدا کرد، داواکارییەکانی ئێرانی بۆ ئاگربەست لەو وڵاتە پشتگوێ خست و تەنانەت کەرەستەی سەربازیی زیاتری ئەمریکی گەیشتنە ناوچەی کەنداو. هەروەها واشنتۆن هانی کەشتییە بازرگانییەکانی دا کە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا، ڕێنمایییەکانی تاران بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران و بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییەکانی ئێران پشتگوێ بخەن. لە ئەنجامدا، هەندێک لە کەشتییەکان لەبری ئەوە، بە ڕێڕەوەکانی نزیک کەناراوەکانی عوماندا تێ پەڕین. واشنتۆن پێی وا بوو ئەم هەنگاوە بانگهشهكانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە و توانای سەپاندنی ئەو کۆنترۆڵە لاواز دەکات.
لەوانەیە هەر یەکێک لەم هەنگاوانە بەتەنیا پێشێلکارییەکی گەورەی لێکتێگەیشتنامەکە نەبووبێت، بەڵام پێکەوە گوزارشتیان لە هەوڵێکی هەماهەنگ دەکرد بۆ کەمکردنەوەی ئەو کارتی گوشارەی کە ئێران لە کاتی جەنگەکەدا بەدەستی هێنابوو و لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیشدا ڕەنگی دابووەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران پێیان وایە هەر جۆرە دانبەخۆداگرتنێک، تەنیا گوشار و پەستانی زیاتری ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە. بە بڕوای ئەوان، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەمریکا بکرێت و ناچار بکرێت بە شێوەیەکی جددی دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی بەرفراوانتر بکات کە ئاسایش و سووککردنی باری ئابووری بۆ تاران دابین بکات کە زۆر تامەزرۆیەتی، پێویستە ئێران هەڵوێستێکی هێرشبەرانە بگرێتە بەر و ململانێکان بۆ ئاستێک بەرز بکاتەوە کە لە دەرەوەی توانای قبووڵکردنی ئەمریکادا بێت.
تاکە کارتی گوشار کە ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری بێت، بانگهشهكەیەتی بەسەر گەرووی هورمز و، توانای کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆیە بەو گەرووەدا. لەدەستدانی هەژموون لەو گەرووەدا، ئێران بێ هیچ کارتێکی گوشار لە دانوستانەکانی داهاتوودا دەهێڵێتەوە. سەرکردەکانی ئێران بڕیاریان داوە کە پاراستنی کۆنترۆڵی گەرووەکە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ دەستەبەرکردنی دەستکەوتەکانی داهاتوو لەسەر مێزی دانوستان و، دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەمریکا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات لەبری ئەوەی لێی بکشێتەوە.
ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆری خەڵک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی “عەلی خامنەیی”، ڕێبەری باڵای کوژراوی ئێران، لە هەفتەی ڕابردوودا، کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە قەناعەتپێکردنی سەرکردەکانی ئێران بەوەی کە هاووڵاتیان پشتیوانی لە هەڵوێستێکی توند سەبارەت بە گەرووەکە دەکەن؛ پرسێک کە بووەتە دۆزێکی نەتەوەییی جەماوەری. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئێران بڕیاری دا لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە لە نزیک کەناراوەکانی عومانەوە دەپەڕینەوە، پلانەکانی ئەمریکا بۆ کردنەوەی گەرووەکە پەک بخات. ئەم نمایشی هێزە، بەئەنقەست کاردانەوەیەکی گەورەی ئەمریکای لێ کەوتەوە کە بریتی بوو لە هەڵمەتێکی بۆردوومانی درێژخایەن بۆ وێرانکردنی سەکۆکانی درۆن و مووشەکی ئێران لە درێژاییی کەناراوەکانی کەنداو و ژێرخانی سەربازی و مەدەنی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی باج و تێچووی بەرگریکردن لەسەر تاران.
سەرباری ئەمەیش، ئێران چاوەڕێی هەڵگیرسانی جەنگی دەکرد. لەوانەیە جەنگەکە زووتر لە کاتی پێشبینیکراو دەستی پێ کردبێتەوە، بەڵام تاران ئەمە بە سوودی خۆی دەبینێت؛ چونکە ئەگەر جەنگ ناچاری و خۆلێلانەدەراو بێت، باشترە ئێران بەر لەوەی ئەمریکا کاتی تەواوی هەبێت بۆ خۆڕێکخستنەوە و، ئابووریی جیهانییش کاتی هەبێت بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی وزە و زنجیرەی دابینکردن، دەست بە جەنگەکە بکات.
لەبەر ئەم هۆکارە، ئێران هەوڵ دەدات بەرگەی پەستانی سەربازیی ئەمریکا بگرێت و هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزە و مەدەنی لە سەرانسەری کەنداودا چڕتر بکاتەوە. ئامانجی تاران ئەوەیە ئەو پەیامە بدات کە جەنگەکە لەو ئاستەدا نامێنێتەوە کە واشنتۆن هەڵی بژاردووە. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، تاران قبووڵی ئەو سەختییە ئابوورییە خۆلێلانەدەراوە دەکات کە بەهۆی گەمارۆیەکی دەریاییی نوێی ئەمریکاوە دروست دەبێت، چونکە پێی وایە ئەو پەستانەی خۆی لە ڕێگەی داخستنی گەرووی هورمزەوە دەیخاتە سەر ئابووریی جیهان، کە لەوانەیشە گەرووی بابولمەندەب (Bab el-Mandeb) و دەریای سوور (Red Sea)یش بگرێتەوە، ترەمپ ناچار دەکات کە یەکەم لایەن بێت پاشەکشە بکات.
لەوانەیە سەرکردەکانی ئێران لە خەمڵاندنی توانای خۆیاندا بۆ پەیڕەوکردنی ئەم ستراتیژییە زیادەڕەوییان کردبێت، بەڵام پێیان وایە ئامادەیییان بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان لە قۆناغی یەکەمی ململانێکاندا سوودێکی باشی بە وڵاتەکەیان گەیاندووە و، لەوانەیشە جەنگ تەنیا ڕێگە بێت بۆ قەناعەتپێکردنی ترەمپ کە دیپلۆماسییەت بەهەند وەربگرێت.
ڕژێمی ئێران لەنێو ململانێیەکی مان و نەماندایە. گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە ئامادەییی بۆ بەرگەگرتنی ئازار و قەیرانی زیاتر، خاڵێکی بەهێزی پێ دەبەخشێت کە لە مێزی دانوستانەکانی داهاتوودا پێگەی خۆی پێ قایم دەکات.
سەبارەت بە نووسەر:
نووسەری ئەم بابەتە، راوێژکاری پێشووی باراک ئۆباما بووە و، هەروەها مامۆستایە لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز (Johns Hopkins University) و نووسەری كتێبی “ستراتیژی مەزنی ئێران” (Iran’s Grand Strategy)ە.