عێراق وەک کێشە بۆ دراوسێکانی: چۆن دەیەیەک لە دیپلۆماسییەتی کەنداو لە کاتی جهنگی ئێراندا هەرەسی هێنا؟
نووسینی: یەریڤان سەعید
دوای سێ ڕۆژ لە سوێندخواردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی، لە 14ی ئایاری 2026، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کە لە خاکی عێراقەوە هەڵدرابوون، ژێرخانی گرنگیان لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کردە ئامانج؛ یەکێکیان لەنزیک وێستگەی وزەی ئەتۆمیی “باراکا” کەوتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕای گەیاند کە هەرسێ درۆنهكه لە خاکی عێراقەوە هەڵدراون. هەروەها شانشینی عەرەبستانی سعوودی لە هەمان ڕۆژدا سێ درۆنی دیکەی ڕاگرت کە لە هەمان ئاراستەوە چوونەتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەی. ئەم هێرشانە نوێترین زنجیرەی هێرشەکانن کە دەیەیەک لە کاری دیپلۆماسیی عێراقی لە کەنداو کۆتاییی پێ هێنا.
بەغدا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سەرمایەیەکی سیاسیی زۆری خستبووە گەڕ بۆ دەرچوون لە گۆشەگیریی ناوچهییی وڵاتەکە لە ساڵی 1990ەوە؛ پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دامەزراند، هەوڵی دا تۆڕی وزە لەگەڵ کوێت و سعوودیا یەک بخات و، سوودی لە کرانەوەی سعوودیا-ئێران لە ساڵی 2023 وەرگرت بۆ جێگیرکردنی خۆی وەک پردێکی بێلایەن.
هەروەها عێراق، بۆ یەکەم جار لە ماوەیەکی درێژدا، لەگەڵ میوانداریکردنی لووتکەی عەرەبی لە ساڵی 2025، توانیی سەرنجی جددیی کەنداو بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا ڕابکێشێت. بەڵام ئەم پڕۆژەیە ئێستا دەستی بە هەرەسهێنان كردووه و، هۆکارەکەیشی دوژمنایەتیی دەرەکی نییە، بەڵکوو ناکۆکییەکە، کە سەرکردە شیعەکانی عێراق کاریان لەسەر کردووە بۆ ئەوەی لە پێکهاتەی دەوڵەتەکەیاندا جێگەی بکەنەوە: بڕیارێک بۆ لەخۆگرتنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و، دانی مووچەکانیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و، خۆنواندن بەوەی کە ئەم هەنگاوە لەگەڵ پەیوەندییە سەروەرییەکانی دراوسێیەتیدا دەگونجێت.
شەپۆلێک لە هێرشه درۆنی و مووشەکییهكان لەلایەن هەمان ئەم میلیشیایانەوە دژی ژێرخانی گرنگ لە سعوودیا و کوێت و ئیمارات، جگە لە هێرشکردنە سەر دیپلۆماتکارانی کەنداو لە خاکی عێراقدا، دواجار کۆتاییی بەم بانگەشە درۆیینە هێنا.
پرسیارەکە بۆ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، چیتر پەیوەندیی بەوەوە نییە کە چۆن هاوسەنگییەک لەنێوان کاریگەریی ئێران و بەشداریکردنی کەنداودا دروست بکات، چونکە ئەم پرسیارە، گریمانەی ئەگەری بەڕێوەبردنی هاوسەنگییەکی لەو شێوەیە دەکات؛ بەڵکوو پرسیارە ڕاستەقینەکە ئێستا ئەوەیە کە، ئایا دەوڵەتی عێراق بە شێوەی ئێستای، دەتوانێت بەرگەی دەرەنجامەکانی ئەوە بگرێت کە بۆ خۆی دیاری کردووە یان نا.
دەیەیەک لە دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو
هەڵمەتی دیپلۆماسیی بەغدا لەدوای لەناوبردنی ڕێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش)، یەکێک بوو لە هەوڵە هەرە گەورەکانی نۆژەنکردنەوە لە مێژووی نوێی عێراقدا. چیتر داهاتی نەوت، کە لە ڕێگەی سیستهمێکی دەستکەوت و خزمخزمێنە (Patronage system)ی ئاوساوەوە دابەش دەکرێت، نەیدەتوانی بەردەوامی بە دەوڵەتێکی کارا و ژمارەی دانیشتووانی زیادبوو بدات. عێراق پێویستیی بە سەرمایەی کەنداو و ڕێڕەوی بازرگانیی ناوچهیی و یەکخستن لە پڕۆژەکانی وزەدا هەبوو کە تەنیا وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو دەتوانن پارەی بۆ دابین بکەن. هەروەها عێراق پێویستیی بەوە بوو کە چیتر وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو، کە لەنێوان تاران و ڕیازدا دابڕاوە، مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت.
پێشکەوتنەکە هێواش بوو، بەڵام ڕاستەقینە بوو؛ بەغدا ڕێککەوتنی بەستنەوەی کارەبای لەگەڵ وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو واژۆ کرد، دەستەی بەستنەوەی کارەبای کەنداو پڕۆژەیەکی بە بەهای نزیکەی 220 ملیۆن دۆلاری لە کانوونی یەکەمی 2022 دەست پێ کرد کە بریتی بوو لە دروستکردنی هێڵی ئاسمانیی دووخولی بە ڤۆڵتییەی 400 کیلۆڤۆڵت لە وێستگەی وەفرە لە کوێتەوە بۆ وێستگەی فاو لە باشووری عێراق، بە درێژاییی گشتیی 295 کیلۆمەتر. هەروەها سعوودیا لە تشرینی دووەمی 2020 دوای نزیکەی سێ دەیە لە داخستنی، دووبارە دەروازەی سنووری عەرعەری کردەوە.
چاودێران ئەم ڕێکارانەیان بە گەورەترین هەنگاو بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لەدوای ڕووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2003وە وەسف کرد. ڕیاز باڵیۆزەکانی نارد و میوانداریی شاندە عێراقییەکانی کرد و دەستی بە ئاراستەکردنی وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوە لە عێراق کرد. هەروەها ئیمارات و قەتەر شوێنپێی سعوودیایان هەڵگرت؛ بە جۆرێک کە بەغدا تا ساڵی 2022 دەستی بە میوانداریکردنی کۆنفرانسە هەرێمییەکان و جێگیرکردنی خۆی کرد -بە هەندێک گۆڕانکارییەوە- وەک نێوەندگیرێک لەنێوان ئێران و جیهانی عەرەبیدا.
نزیکبوونەوەی سعوودیا-ئێران ئەم کارەی خێراتر کرد؛ کاتێک ئێران و سعوودیا لە 10ی ئازاری 2023 بە نێوەندگیریی چین، ڕێک کەوتن لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا دوای حەوت ساڵ پچڕان و دووبارە کارپێکردنی ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەمنیی ساڵی 2001. لەگەڵ نهرمبوونهوهی ڕکابەریی نێوان سعوودیا و ئێران، گوشار لەسەر عێراق کەم بووەوە؛ بە جۆرێک کە بەرپرسانی عێراقی، وڵاتەکەیان وەک “خاڵی کۆبوونەوە” دانا نەک وەک گۆڕەپانی جەنگ.
یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن لە بواری وەبەرهێناندا دوو هێندە بوون؛ بە جۆرێک کە ژێرخانی بەندەری بەسرە کۆمپانیاکانی کەنداوی، کە لە بواری لۆجستیدا کار دەکەن، ڕاکێشا. ئیمارات و قەتەر بەڵێنی پشتیوانیکردنی پڕۆژەی “ڕێگهی گەشەپێدان”ی عێراقییان دا کە ئامانجی، بەستنەوەی کەنداوە بە ئەورووپا لە ڕێگەی تورکیاوە. هەروەها سەرنجێکی نوێ درایە پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو کە بەهای 4.9 ملیار دۆلارە و، ئامانجی مامەڵەکردنە لەگەڵ 99 ملیۆن تۆن باری ساڵانە.
وڵاتانی کەنداو عێراقیان- وەک دەوڵەتێکی عەرەبی کە زۆرینەی شیعەیە- وەک خاڵێکی ستراتیژی دەبینی، کە ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو بەکار بهێنرێت، دەتوانێت هاوسەنگییەک لەگەڵ باڵادەستیی ئێران لە ناوچەی “مانگی بەپیت” (Fertile Crescent)دا دروست بکات. بڕیاردەرانی سعوودیا و ئیمارات، لهوه تێ گەیشتن کە دانانی عێراق لە چوارچێوەی ئابووریی کەنداودا، کاریگەرتر لە هەر پاکێجێکی سزاکان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی تاران بەسەر بەغدادا. نزیکبوونەوەیان، لهسهر ئارامگرتن و بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گرێبەستکردن و خۆپارێزی بنیات نرابوو.
لهگهڵ ئهوهیشدا، زۆربەی وەبەرهێنانە بەڵێندراوەکان لە قۆناغی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندا مانەوە و، گواستنەوەیان بۆ قۆناغی خستنەڕووی سەرمایە هێواش بوو. ڕیاز و ئەبوزەبی کاریان لەسەر بەڕێوەبردنی ئەزموونێکی ستراتیژیی کەمتێچوو کرد و، تاقییان کردەوە کە ئایا چینی سیاسیی عێراق دەتوانێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پابەندبوونێکی قووڵتر لەلایەن ئەوانەوە، سەقامگیری و سەروەریی پێویست دابین بکات. ئەم پێکهاتەیە دڵنیاییی دا کە وڵاتانی کەنداو دەتوانن هەر کاتێک بیانەوێت بکشێنەوە، بەبێ ئەوەی تووشی زیانێکی گەورە ببن ئەگەر وەڵامەکە نەرێنی بێت.
کێشەی دابینکردنی بوودجە بۆ گرووپە چەکدارەکان لە بوودجەی دەوڵەتەوە
هێڵی ناکۆکی کە لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانەدایە، نوێ نییە، چونکە چاودێران چەند ساڵێکە ئاماژەیان پێ داوە؛ بەڵام زیادبوونی گرژییەکان کە لەگەڵ دەستپێکردنی جهنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێ کرد، کێشەیەکی حوکمڕانیی درێژخایەنی، گۆڕی بۆ بارگرانییەکی ناوچهییی زیندوو.
هێزەکانی حەشدی شەعبی بەفەرمی لە 26ی تشرینی دووەمی 2016دا خرانە نێو دەزگه ئەمنییەکانی عێراقەوە؛ کاتێک پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 40ی پەسەند کرد کە بریتی بوو لە دانانی ئەم هێزانە لە چوارچێوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا. ئەمەیش لە ڕووی کردارییەوە بەو مانایە دێت کە گرووپەکانی وەک “کەتائیبی حزبوڵڵا” و “عەسائیبی ئەهلی هەق” و “بزووتنەوەی حزبوڵڵا” و “نوجەبا”، مووچەکانیان لە بوودجەی گشتیی دەوڵەت وەردەگرن لەژێر ناوی زنجیرە فەرماندەییی فەرمی (لەسەر کاغەز) کە بەستراوەتەوە بە سەرۆکوەزیرانەوە.
ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی تا ساڵی 2024 گەیشتە نزیکەی 238,000 چەکدار بە بوودجەیەکی ساڵانە کە نزیکەی 3.6 ملیار دۆلارە. ئەمەیش لە ڕووی یاسایی و دارایییەوە بەو مانایە دێت کە ئەندامانی ئەم میلیشیایانە فەرمانبەری حکوومەتن.
بڕیاری یەکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دوور له مهنتق نەبوو؛ نوخبە سیاسییە شیعەکانی عێراق لە ساڵی 2016دا پێیان وا بوو کە ئەم هەنگاوە وەڵامێکی ژیرانە بوو بۆ کۆمەڵێک گوشاری ڕاستەقینە. گرووپەکانی حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی “داعش”دا گێڕا، دوای ئەوەی عەلی سیستانی، مەرجەعی شیعە، لە ساڵی 2014دا فەتوایەکی دەرکرد و داوای لە عێراقییەکان کرد بجەنگن.
خوێنی هەزاران چەکدار لەپێناو بەرگریکردن لەو ناوچانەدا ڕژا، کە سوپای ڕێکخراو لێیان کشابووەوە. وهرنهگرتنی ئەم چەکدارانە، مەترسیی ئهوهی ههبوو كه دابەشبوون ڕوو بدات و سهركردهی جهنگی لە قۆناغی دوای جهنگی لێ دروست ببێت؛ بەهۆی ئەوەی دەیان گرووپی چەکدار شارەزاییی شەڕکردن و شەرعییەتی جەماوەرییان لە ناوەڕاستی ناوچە شیعەکاندا هەبوو و هیچ ئینتیما و دڵسۆزییەکی دامەزراوەیییان بۆ دەوڵەت نەبوو.
ئامانج لە یەکخستنەکە، دانانی ئەم میلیشیایانە بوو لەژێر چەتری دەوڵەت و خستنەژێردەسەڵاتی ناوی دەوڵەت و، دانانی چەکدارەکانیان لە چوارچێوەیەکی داراییدا کە بەغدا لە تیۆریدا دەیتوانی بەڕێوەی ببات. بڕیار بوو ئەم پڕۆسەی یەکخستنە فەرمییە، سەرەڕای هەموو شتێک، کاریگەری لەسەر گرووپە هەبووەکان دروست بکات. بەڵام ئەم بڕیارە سوودی نەبوو و، تێگەیشتن لە هۆکاری ئەنجامدانی، پێویستە بۆ تێگەیشتن لە سەختیی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییەی لێی کەوتەوە.
بەهێزترین گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، لە ڕووی ئۆپەراسیۆنەوە ئامرازێکن بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران. سەرەڕای ئەوەی کە سەرکردە باڵاکانی ئەم گرووپانە بەفەرمی بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام ڕاشكاوانه ڕای دەگەیەنن کە “ڕێبەری باڵای ئێران” فەرماندەی باڵای ئەوانە. “عەبدولعەزیز محەمەداوی” (ناسراو بە ئەبو فەدەک)، سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی، لە کاتی سەردانەکەی بۆ تاران لە نیسانی 2024 بۆ بەشداریکردن لە “ڕێپێوانی ڕۆژی قودس”، ڕای گەیاند کە هێزەکانی حەشدی شەعبی چاوەڕێی فەرمانی “ئایەتوڵڵا خامنەیی”ن بۆ زانینی چۆنێتیی وەڵامدانەوەی قەیرانی ناوچهیی. ئەمەیش دانپێدانانێکی دەگمەنە لەلایەن باڵاترین ئەفسەری ئەو هێزانەی کە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت.
سەنتەری نیشتمانیی ئەمریکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کەتائیبی حزبوڵڵا بەوە وەسف دەکات کە “بە شێوەیەکی بەرفراوان” لەگەڵ “فەیلەقی قودس”ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کار دەکات و، پابەندی ڕێنمایییەکانی ڕێبەری باڵای ئێرانە.
فەرمانی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، کە میلیشیا شیعەکان بەرەو وڵاتانی کەنداو هەڵیان دا، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەرنەچووە، بەڵکوو لەلایەن فەرماندەییی فەیلەقی قودس لە تارانەوە بووە، كهچی بەغدا مووچەی دهداته ئەو کەسانەی کە ئەم کارەیان کردووە. ئەم ناکۆکییە، زیان بە هەموو ئەو پەیوەندییانە دەگەیەنێت کە عێراق کاری لەسەر بنیاتنانی کردووە.
حکوومەتەکانی پێشووی عێراق توانیویانە ئەم کێشەیە لە ڕێگەی ناڕوونی و دواخستنەوە بەڕێوە ببەن؛ سەرۆکوەزیرەکان، لە “حەیدەر عەبادی”یەوە تا “محەمەد شیاع سوودانی”، بەئاشکرا کۆنترۆڵی سەروەرییان بەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبیدا دووپات دەکردەوە، كهچی لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا دانیان بەوەدا دەنا کە ناتوانن و، زۆر جاریش نایانەوێت ڕووبەڕووی بەهێزترین گرووپەکانی ناو ئەم هێزانە ببنەوە.
ئەم ڕێکخستنانه لەسەر دوو گریمانەی سەرەکی دامەزرا بوون: یەکەم، میلیشیاكان، بەتایبەتی ئهوانهی نزیكن لە ئێران، خۆیان کۆنترۆڵ دهکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دابەشبوون و ناکۆکیی ناوخۆیی بکرێت؛ دووەم، ئێران، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا بەدەست هێناوە، پێی باشتر دهبێت کە ئەم سەقامگیرییە بپارێزێت.
هەڵمەتەکە کە لە شوباتی ڕابردووەوە بە دروشمی “بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق” دەستی پێ کردووە، ئەم دوو گریمانەیەی لاواز کرد، چونکە بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق چەترێکە بۆ میلیشیا شیعە سەرەکییەکانی کارا لە عێراق و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەوانەیش: کەتائیبی حزبوڵڵا، کەتائیبی سەییدولشوهەدا، عەسائیبی ئەهلی هەق، بزووتنەوەی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا. ئەم گرووپانە لە سەرەتای هەڵمەتی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی 2026ەوە بە درۆن و مووشەک سەدان هێرشیان كردۆته سهر هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و ئامانجەکانی وڵاتانی کەنداو. بەپێی خەمڵاندنەکانی بەرپرسانی ئەمریکی، هێرشەکانی میلیشیاکان دژی بنکەکانی ئەمریکا بەتەنیا، 600 هێرشی تێ پەڕاندووە.
هێرشەکان و لێکدانەوەکانیان
هێرشەکانی میلیشیاکان وەک ڕەنگدانەوەیەکی هەرێمیی فراوانتری جهنگی غەزە و ستراتیژیی تاران دەرکەوتن. هێرشەکان بە شێوەیەکی بەئەنقەست پەرەسەندنیان بەخۆوە بینی، بە جۆرێک کە هێرشە سەرەتایییەکان لەسەر ژێرخانی وزە چڕ بوونەوە؛ هاوشێوەی هێرشەکانی پێشوو دژی دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سعوودیا. هێرشەکانی درۆن و مووشەکی بالیستی لە 14ی ئەیلوولی 2019دا زیانی بە دامەزراوە نەوتییەکانی “کۆمپانیای ئارامکۆ”ی سعوودیا لە بقیق و “کێڵگەی نەوتی خورەیس” گەیاند؛ ئەمەیش بووە هۆی وەستانی کاتیی بەرهەمهێنانی 5.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیا و نزیکەی 5%ی دابینکردنی جیهانی. بەرپرسانی ئەمریکی لەو کاتەدا ڕایان گەیاند کە هەندێک لەو هێرشانە لە خاکی عێراقەوە هەڵدراون، سەرەڕای ئەوەی تاران ڕهتی كردهوه دهستی لەو هێرشانەدا ههبێت.
لە ساڵی 2026دا، هێرشە درۆنییهكان، دامەزراوەکانی کۆگهکردنی سووتەمەنیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت لە 8ی ئازار و دووبارە لە 1ی نیسان کردە ئامانج. کەناڵی عەرەبی، پاشان ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەكانی دواتر، کە بنکەکانی پاسەوانی نیشتمانیی کوێتیان کردە ئامانج، لە خاکی عێراقەوە هەڵدراون.
هێرشی 17ی ئایار، کە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی باراکا لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی کردە ئامانج- کە دەسەڵاتدارانی ئیماراتی پشتڕاستیان کردەوە کە لە عێراقەوە كراوه- پەرەسەندنێکی جۆری بوو، چونکە لە کاتی ئاگربەستی ناسک لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا کە لە 8ی نیسانەوە بەپچڕپچڕی بەردەوام بوو، نزیک ژێرخانێکی ئەتۆمیی کردە ئامانج. وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات داوای لە عێراق کرد کە “هەموو کارە دوژمنکارییەکان” کە لە خاکی وڵاتەکەیەوە دێن، ڕابگرێت و، وەڵامی عێراقیش هەمان وهڵامه ئاساییییهكه بوو: دەرکردنی بەیاننامەیەکی ئیدانەکردن و پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە.
بەڵام زیانبەخشترین هێرشەکان، دامەزراوە دیپلۆماسییەکانیان کردە ئامانج؛ کاتێک هێرشێکی درۆنی (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لە 9ی ئازاردا لەنزیک کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر ڕووی دا، لە کاتێکدا هێرشێکی دیکەی درۆنی لە 14ی ئازاردا ڕاستەوخۆ کونسوڵخانەکەی کردە ئامانج؛ ئەمەیش بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی ئاسایش.
دوای دوو ڕۆژ، هێرشێکی درۆنی، “هۆتێل ڕەشید”ی لە ناوچەی سەوزی پایتەختی بەغدا کردە ئامانج، کە باڵیۆزخانەی سعوودیا و نووسینگەکانی دیپلۆماسیی تێدایە، لەوانەیش نوێنەرایەتیی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق. ئەمەیش هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێکی دیکە کە سەکۆی هێلیکۆپتەرەکانی لە کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کردە ئامانج. دیپلۆماتکارانی سعوودیا و قەتەر لە ڕۆژانی دواتردا بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییهوه دەستیان بە کشانەوەی نوێنەرایەتییەکانیان لە عێراق کرد.
هێرشەکان ئهوهیان سهلماند کە میلیشیاکان دهتوانن دەستیان بە ژێرخانی گرنگ لە کەنداو ڕابگات و، ناوەندەکانی فڕۆکەوانی کە براندی جیهانیی ناوچەکە لەسەری بنیات نراوە، بکەنە ئامانج و، دژی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لەناو عێراقدا کار بکەن بەبێ ئەوەی هیچ سزایەک بدرێن. دەرەنجامەکە، پاڵنانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو بوو، بۆ ئهوهی ئیدانەکردنی ئاشکرا تێ پهڕێنن؛ بە جۆرێک کە هێزەکانی سعوودیا و کوێت وەڵامێکی سنوورداریان دژی ئەو ناوچانە دایەوە کە میلیشیاکان هێرشەکانیان لێوە ئەنجام دەدەن، واته لە ڕۆژاوا و باشووری عێراق. لەم هێرشە سنووردارانەدا ئهو دوو وڵاته هەوڵیان دا نههێڵن هێزەکانی عێراق قوربانیی لێ بكهوێتهوه، بەڵام بەس بوون بۆ گەیاندنی پەیامێکی ڕوون: ئەگەر بەغدا نەتوانێت کۆنترۆڵی خاکەکەی بکات، ئەوا وڵاتانی کەنداو دهیكهن.
دۆلار وەک ئامرازێکی گوشار
سەرەڕای بەهێزیی لایەنی سەربازیی ئەم قەیرانە، بەڵام لەچاو لایەنی ئابوورییەوە، لاوەکییە، چونکە دراوی عێراقی لاوازترین خاڵە بۆ بەغدا و، ئەمەیش شتێکە واشنتۆن لێی تێ دەگات. ئابووریی عێراق بە شێوەیەک پشت بە دۆلار دەبەستێت کە ئامرازێکی ناچارکەری نائاسایی بە ئەمریکا دەبەخشێت، چونکە داهاتی نەوتی عێراق لە هەژمارێکی سەر بە بانکی یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک دادەنرێت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سندووقی گەشەپێدانی عێراق لە ساڵی 2003؛ کە وەک سەرپەرشتیار و ناوەندی پاکتاوکردن بۆ بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکات کە دواتر لە ڕێگەی زیادکردنێکی ڕۆژانەوە دۆلارەکان دەگۆڕێتەوە بۆ دیناری عێراقی. نزیکەی 10 ملیار دۆلار کاش لەم داهاتی نەوتە، ساڵانە بۆ بەغدا دەنێردرێت. ئابووریی بەکاربەرانی عێراق، کە زۆر پشت بە هاوردە دەبەستێت، ناتوانێت بەبێ ئەم پارە کاشە کار بکات.
ئەم میکانیزمە دراوییە، لەوانەیە بەهێزترین ئامراز بێت لەدەستی واشنتۆندا؛ ئەگەر بەغدا شکستی هێنا لە سەلماندنی ئەنجامدانی کارێکی بەرچاو دژی ئەو میلیشیایانەی کە هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، ئەوا واشنتۆن لێشاوی دۆلارەکان سنووردار دەکات. ئەگەر لێشاوی دۆلارەکان خاو بێتەوە، ئەوا دەبێتە هۆی لاوازبوونی دیناری عێراقی لە بازاڕی هاوتەریبدا و بەرزبوونەوەی نرخی هاوردەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چینی سیاسی- کە پشت بە سیستهمی خەرجییەکانی چاودێری و دابەشکردنی ئیمتیازەکان دەبەستێت- ئامرازە سەرەکییەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوخۆ لەدەست بدات.
عێراق پێشتر بیرۆکەیەکی لەم بارەیەوە وەرگرت؛ کاتێک بانکی فیدراڵی لە نیویۆرک لە کۆتاییی ساڵی 2022دا به مهبهستی ڕاگرتنی گواستنەوەی نایاساییی دۆلار بۆ ئێران، مامەڵەکانی دۆلاری نێودەوڵەتیی لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە بهتوندی سنووردار كرد. وەزارەتی خەزێنە و بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لە تەممووزی 2023دا بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی مامەڵە بە دۆلار، بەهۆی نیگەرانییەکانهوه سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە و ساختەکاریی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە، قەدەغەیەکیان بەسەر 14 بانکی عێراقیدا سەپاند. ئەمەیش بووە هۆی دابەزینێکی توند لە بەهای دیناری عێراقی لە بازاڕی هاوتەریبدا، لە کاتێکدا بەهای دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا زۆر بەرز بووەوە و لە نرخی فەرمی تێ پەڕی؛ ئەمەیش نیگەرانیی جەماوەریی لێ كهوتهوه. هەروەها لە ساڵی 2024دا قەدەغەیەکی هاوشێوە بەسەر هەشت بانکی دیکەدا سەپێنرا. لە کۆتاییی نیسانی ٢٠٢٦دا، واشنتۆن گواستنەوەی بەشێک لە داهاتی دۆلاری هەناردەی نەوتی عێراقی ڕاگرت، بۆ ئەوەی بەغدا ناچار بکات دژی میلیشیاکان هەنگاو بنێت.
ئێستا، پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا؛ کە یەکەم سەردانی دەرەوەیەتی لەدوای دهستبهكاربوونی وهك سهرۆكوهزیران، لهسهر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەم گوشارە زیاتر بووهتهوه. سەردانەکە دوای کۆبوونەوەی نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق، “تۆم باڕاک”، لە بەغدا لە 15ی حوزەیران دێت، کە تێیدا هەردوو حکوومەت بەئاشکرا بەڵێنی “هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی چەک و هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپ و پێکهاتە چەکدارەکان”ی چالاک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقیان دا.
چاوەڕوان دەکرێت زەیدی بگاتە واشنتۆن و پلانێکی بەرچاو لەگەڵ خۆیدا بێنێت سەبارەت بەو شێوەیەی کە بەغدا دەیەوێت ئەم پابەندبوونە جێبەجێ بکات کە بریتییە لە خشتەی کاتی و ڕێکارەکانی پشتڕاستکردنەوە و دڵنیاییدان بەوەی کە چیتر خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکار ناهێنرێت.
لەلای خۆیەوە واشنتۆن لە سەرەتای مانگی ئایاری ڕابردوودا پەیامێکی نارد سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی دۆلار و یارمەتیی ئەمنی، ئەگەر هەنگاوی بەرچاو دژی گرووپەکان بگیرێتە بەر. لەوانەیە سەخت بێت پەیامی ناڕاستەوخۆ لێرەدا پشتگوێ بخرێت، چونکە ئەو پلانەی کە زەیدی پێشکەشی دەکات، تا ڕاددەیەکی زۆر دیاری دەکات کە ئایا واشنتۆن دۆلارەکان بۆ بەغدا دەگەڕێنێتەوە یان نا. هەروەها پایتەختەکانی کەنداویش، بە هەمان پێوەر، دووبارە بڕیار له بەشداریکردنی خۆیان دهدهن.
کارتی گوشاری دۆلار تێچووی تایبەتی خۆی هەیە چونکە تەواوی ئابووریی عێراق سزا دەدات، نەک تەنیا میلیشیاکان؛ دەبێتە هۆی تێکچوونی توانای کڕینی هاووڵاتیانی ئاساییی عێراق و، ڕێژەی هەڵاوسان بەرز دەکاتەوە. ئەمەیش ئەو جۆرە نائومێدییە ئابوورییە دروست دەکات کە لە مێژوودا بووەتە هۆی فراوانبوونی دامەزراندنی میلیشیاکان. گرووپەکانی حەشدی شەعبی سەرچاوەی داراییی هاوتەریبیان هەیە، لەوانەیش تۆڕەکانی قاچاخچێتی، باجی بازرگانیی تێپەڕیو لە سنوورەکان، یارمەتییەکانی ئێران و، ئابووریی بنیاتنراو لهسهر زۆرهملێ و زهبروزهنگ، کە هیچ کامیان بە زنجیرەی دابینکردنی دۆلاری فەرمیدا تێ ناپەڕن؛ گوشارە دارایییەکانی واشنتۆن گوشار لەسەر خودی دەوڵەتی عێراق دەکەن، لە کاتێکدا میلیشیاکان بۆ کارکردن لە دەرەوەی ئەم سیستەمە دیزاین کراون.
بژاردەکانی بەردەم زەیدی
سەرۆکوەزیران زەیدی، دوای چەند هەفتەیەک لە پێکهێنانی حکوومەتێکی ناتەواو- هێشتا دوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری لە حکوومەتەکەیدا دانەمەزراون- ڕووبەڕووی سێ ڕێگه دەبێتەوە، کە هیچ کامیان ڕێگهیەکی ئاسان نین. ڕێگهی یەکەم بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە بەرپرسیارن لە هێرشەکان. ئەمەیش بەناچاری بهو واتایه دێت كه هێزە ئەمنییەکان پارچەپارچە دهكرێن، کوتلە سیاسییە شیعەکان-کە بنکەی پەرلەمانیی ئەوانن- دوور دهخرێنهوه و، مەترسیی ململانێی چەکداری لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوور دروست دهبێت؛ چونکە میلیشیاکان هێزی پەراوێزخراو نین، بەڵکوو کۆنترۆڵی گەڕەکەکان دەکەن و، نووسینگەی ئابووری و تۆڕەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبەن و، ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لە سەرانسەری بنکەی شیعەدا هەیە.
هەڵمەت دژی ئەوان، وەک هیچ هەڵمەتێکی جێبەجێکردنی یاسا نابێت، بەڵکوو وەک قۆناغی سەرەتاییی جهنگێکی ناوخۆیی لەنێوان شیعەکاندا دەردەکەوێت؛ لە ساڵی 2020ەوە، دەسەڵاتدارانی عێراقی هێرشیان کرده سەر کەتائیبی حزبوڵڵا بە مەبەستی چەکداماڵینی ئەو گرووپانەی کە نایانهوێت ملکەچی کۆنترۆڵی دەوڵەت بن- بهڵام ئەنجامەکان سنووردار و تا ڕاددەیەکی زۆر ڕهمزی بوون. گرووپە بەهێزەکان بهرگهی گوشارەکان دهگرن و بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان، چاوەڕێی کۆتاییهاتنی خولی سیاسی دەکەن.
ڕێگهی دووەم، ئەو ڕێگهیەیە کە بەغدا لە ماوەی ڕابردوودا گرتوویەتییە بەر و بریتییە لە ڕێکاری ڕەمزی؛ فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە، بەڵام هەرگیز جێبەجێ نەکراوە و، یەکە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی بەناو دووبارە پێک هێنراونەتەوە، بەڵام لە ڕووی ئۆپەراسیۆنەوە وەک خۆیان ماونەتەوە. لە کاتێکدا ئیدانەکردنەکان ڕاشكاوانه دەرچوون، کەناڵە نهێنییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیاکان، بهکراوەیی مانەوە. ئەم ڕێبازە لە قەیرانەکانی ڕابردوودا کاتی کڕیوە، چونکە تێچووی چالاکییەکانی میلیشیاکان لە خوار ئەو ئاستەوە بوو کە هێزە دەرەکییەکانی ناچار بکات کاردانەوەیان هەبێت.
بەڵام چالاکییەکانی میلیشیاکان ئەم جارە لەو سنوورانە تێ پەڕی؛ هێرشەکان دژی فڕۆکەخانەی کوێت، هێرشەکەی سەر دامەزراوەی باراکا لە ئیمارات و، ڕووداوەکەی هۆتێل ڕەشید، هەموویان سهلماندیان كه چالاكییهكانی میلیشیاكان تهنیا دهستپێشخهری و چالاكیی نمایشی نین. بۆیه پێویسته دووباره تواناكانیان به شێوهیهكی جددی ههڵسهنگێنرێنهوه و پێداچوونهوهیان بۆ بكرێت.
وڵاتانی کەنداو ئێستا کاردانەوەکانیان بەرامبەر ڕەفتار و كرداری عێراق ڕێک دەخەن، نهك ئهوهی تهنیا سهیری بەیاننامەکانی عێراق بكهن. ڕێکارە ڕهمزی یاخود سیمبوڵییهكانی عێراق وەک ئهوه سهیر دهكرێن و سهلمێنهری ئهوهن كه بهغدا لهنێوان میلیشیاکانی و دراوسێکانیدا، میلیشیاكانی ههڵبژاردووه.
ڕێگهی سێیەم بریتییە لە دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان لەبەرامبەر سازشەکانی عێراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکان لەسەر ئێران و تێپەڕین لە سنوورەکان. ئەم بژاردەیە لە سەرەتادا سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت چونکە تاکە ڕێگهیە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ڕەفتاری گرووپەکاندا کە لە دامەزراوە عێراقییەکان- کە بڕیارە حوکمڕانییان بکەن- بەهێزترن. لەبەرامبەردا، ئەم بژاردەیە دۆخی ئەمنی و سەروەریی عێراق دەخاتە دەستی هەمان ئەو هێزە بیانییەی کە بریکارەکانی قەیرانەکەیان دروست کرد؛ قەیرانەکە کەم دەکاتەوە، بەڵام چارەسەر ناكات و، بۆ دراوسێ عەرەبەکانی عێراق پشتڕاست دەکاتەوە کە دۆسیەی ئەمنی لە بەغدا به تاراندا تێ دەپەڕێت.
لە ڕووی کردارییەوە، زەیدی بڕیاری داوە کە لە ڕێگەی دیاریکردنی وادەی کۆتایی بۆ میلیشیاکان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، ههنگاوی یەکەم بهاوێژێت نەک لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری پڕاكتیكیی خێرا و بەرچاو. حکوومەتەکەی تا 30ی ئەیلوول وادهی بۆ هەموو گرووپێکی چەکدار داناوە بۆ ئهوهی چەکەکانیان ڕادهستی دەوڵەت بكهن. ئەم ڕێكهوتهیش دهستنیشان كراوه بۆ ئەوەی هاوکات بێت لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکە؛ ئەمەیش پاساوی سەرەکیی ڕاگەیەنراو بۆ ئەو گرووپانە ناهێڵێت کە ڕەتی دەکەنەوە ملکەچی ئەو ڕێکارانە بن و، پێداگری لەسەر پاراستنی چەکەکانیان دەکەن. ئەم وەڵامە، بووە هۆی دابەشبوون لە گۆڕەپانی سەربازیدا؛ “سەرایا سەلام”ی سەر بە “موقتەدا سەدر” دەستی كرد بە ڕادەستکردنی چەک و بارەگا به فەرماندەیی.
ئەم دابەشبوونە، مانگی ئەیلوول دەکاتە خاڵی یەکلاکەرەوە کە هەموو شتێکی دیکە لە دەوری دەسووڕێتەوە، لەگەڵ سێ ئەنجامی گونجاو؛ لەوانەیە باشترین ئەم ئەنجامانە پابەندبوونی تەواو بێت تا وادەی کۆتایی. ئەمەیش پێویستیی بەوە هەیە کە کەتائیبی حزبوڵڵا دەستبەرداری هەمان ئەو توانایە بێت کە هێز و کاریگەریی ناوچهییی ئێران پێک دەهێنێت؛ هیچ شتێک لە مێژووی گرووپەکەدا ئاماژە بەوە نادات کە ئەوان ئەم کارە دەکەن. خراپتر لەوە ئەوەیە کە هەوڵی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە، ببێتە پریشکێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناوخۆییی شیعەکان کە لە سەرەوە باسی لێوه کرا.
ئەنجامە ئەگەرییەکە دەکەوێتە نێوان ئەم دووانە و بریتییە لە پابەندبوونی بەشێکیان، کاتێک گرووپە هاوکارەکان لەگەڵ دەوڵەت پڕۆسەی ڕادەستکردنی پلاندانراو تەواو دەکەن و، حکوومەت سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە ڕادەگەیەنێت، لە کاتێکدا گرووپە ڕەتکەرەوەکان بەردەوام دەبن لە پاراستنی کۆگهکانی درۆن و مووشەکەکانیان. بەمەیش بهربهست بۆ هەر ڕێکارێک کە بەغدا دژیان بگرێتە بەر، دروست دەکەن. کاتێک پرسیار لە وتەبێژی حکوومەت کرا سەبارەت بەوەی چی بەسەر ئەو گرووپانە دێت کە دوای تێپەڕبوونی وادەی دیاریکراو هێشتا چەکەکانیان دەپارێزن، تەنیا ئاماژەی بەوە دا کە بەغدا بیر لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژیان دەکاتەوە. ئەمەیش وشەیەکە کە گوزارشت له ڕێگهی ڕهمزیی دووەم دهكات.
پابەندبوونی بهشێك لە گرووپەکان بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق، لەگەڵ یاخیبوون و پابهندنهبوونی ههندێ گرووپی دیکە، کێشەیەکی سەرەکی و پارادۆكسێك دروست دەکات: ئەگەر هەندێک گرووپ پابەند بن و هەندێکی دیکە پابەند نەبن، ئەوا دەوڵەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و بهرهنگاربوونهوهی مهترسیدارترین گرووپهكان، بهتایبهت بۆ دراوسێكانی، لهو وادهیهی كه دیاری كراوه، بەتەواوی باڵادهست نابێت؛ بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە و ئەو سنوورداركردنهی پێشتر بەسەر ئەو گرووپانەدا سهپاندبوویان، کەم دەبێتەوە.
ئەگەر دوای بەسەرچوونی وادەی ٣٠ی ئەیلوول، کەتائیبی حزبوڵڵا هەروا بەردەوام بێت لە هێشتنهوهی چەکەکانی و بتوانێت لە سزا دەرباز بێت، ئەوا ڕیاز، ئەبوزەبی و واشنتۆن ڕەنگە هەڵمەتی چەکداماڵین بەگشتی وهك نمایش و شانۆگهرییهك بخوێننهوه.
ئەگەر وادەی کۆتایی هەرەسی هێنا و زەیدی لە گرتنەبەری ڕێکارەکان پاشگەز بووەوە، ئەوا گوشارە دەرەکییەکان توندتر دەبنەوە و، ڕێکارەکانی سڕکردنی دۆلار بەهێزتر دەبن. له دۆخێكی وادا، سەرمایەی کەنداو ئاراستەی ئوردن، میسر و شوێنەکانی دیکە دەکرێتەوە کە مەترسییهكی جیۆپۆلیتیکی كهمتریان ههیه. هەروەها پڕۆسەی دووبارە یەکخستنەوەی عێراق لە سیستەمی ناوچهییدا هەرەس دەهێنێت. ئەمەیش وا له بەغدا دەکات كه تهنیا پشت به ئێران ببهستێت، کە خۆی لەژێر گوشار و سزای تونددایە و لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت قەرەبووی وەبەرهێنانەکانی کەنداو بکاتەوە.
دواتر چی ڕوو دەدات؟
لە حاڵەتی نەبوونی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیاسەتی ناوخۆی عێراق یان لە پێشینەکانی ستراتیژیی ئێراندا، ئهگهری نزیک، ئاماژە بە بەردەوامبوونی داخورانی سەروەریی عێراق و خراپتربوونی کێشە ناوخۆیییەکانی وڵاتەکە و کێشەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا دەکات؛ چونکە ئەو گرووپانەی کە ڕەتیان کردووەتەوە چەک دابنێن، هیچ هاندانێکیان نییە بۆ وەستان. هێرشەکان لەسەر ژێرخانی کەنداو خزمەت بە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران دەکەن و، پێگەی سیاسیی ناوخۆی میلیشیاکان بەهێز دەکەن و، تێچوو لەسەر ئەو یاریزانە هەرێمییانە دەسەپێنن کە له ههمووان زیاتر دژایەتیی تاران دەکەن. تا کاتێک ئهو توانایه هەیە و پشتیوانیی سیاسی ماوە، ئەم هێرشانەیش بەردەوام دەبن.
وڵاتانی کەنداو بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری هەڵوێستی توند لەم بارەیەوە. سعوودیا ئامادەییی خۆی نیشان داوە بۆ بەکارهێنانی هێز لەناو خاکی عێراقدا و، دامەزراوە ئەمنییەکانی کوێتیش پێشتر مامەڵە لەگەڵ باشووری عێراقدا دەکەن وەک سەرچاوەیەکی هەڕەشە نەک وەک هاوبەشێکی بازرگانی؛ چونکە پێکهاتەی دیپلۆماسی کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بنیات نرابوو، بەخێرایی هەڵدەوەشێتەوە.
واشنتۆنیش لە جێبەجێکردنی گوشاری دارایی بەردەوام دەبێت و، ههروهها خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میلیشیاکان دهپارێزێت. هێشتا نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقن و، ئێستا تا ڕاددەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان کۆ کراونەتەوە دوای کشانەوەی قۆناغ به قۆناغ لە ناوچە نا-کوردییەکان کە بەپێی ڕێککەوتنی ئەیلوولی 2024، لە سەرەتای ساڵی 2026دا تەواو بوو، کە پێشبینی دهكرێت کشانەوەی زیاتری هێزەکان له مانگی ئەیلوولی 2026دا ڕوو بدات.
وا دیارە بارودۆخی مەیدانی بەتوندی دژی ئەم خشتە کاتییەیه؛ هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتێکدا جێگیرن کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران- کە مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن- هێرش دەکەنە سەریان و، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی و، ههروهها هاوپەیمانەکانی ئهو وڵاته. جێگیربوون و پارێزراوبوونیان لە هەرێمی کوردستان، کەمترین تێچووی بژاردەیەكه، کە لەبەردەم بڕیاردەرانی ئەمریکادایە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە میلیشیاکان چیتر پهره به چالاکییەکانیان نادهن.
هەرێمی کوردستان خۆی شایەنی سەرنج و جێی بایهخه، وەک فاکتەرێکی گۆڕاو و دیار و وەک میوانداری سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکا و، شوێنی وەبەرهێنانە گەورەکانی کەنداو و، پلاتفۆرمێکی ئەگەریی جێگرەوە بۆ بەشداریکردنی کەنداو لەگەڵ عێراق، ئەگەر هات و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بەتەواوی هەرەسیان هێنا. هەولێر هەوڵی داوە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەبوزەبی و ڕیاز و ئەنقەرە پەرە پێ بدات؛ ئەمەیش بەشێکی وەک ڕێگهیەک بۆ خۆپارێزی لە ناسەقامگیری له بەغدا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی داهاتوودا لەنێوان بەغدا و تاران و وڵاتانی کەنداودا چ جۆره جووڵهیهك دهكات، ئهوا دیاری دەکات کە ئایا عێراق هیچ پێگەیەکی دامەزراوەیی لە سیستەمی ئابووریی کەنداودا دەپارێزێت، یان ئایا هەرێمی کوردستان دەبێتە تاکە ڕێگهی گونجاو بۆ عێراق یان نا. هێرشه درۆنییهكان بۆ سەر کونسوڵخانەی ئیماراتی لە هەولێر، ئاماژهیه بۆ ئهوهی کە میلیشیاکان لەم دینامیکییەتە تێ دەگەن و هەوڵ دەدەن ئەو ڕێگهیەیش دابخەن.
ئەنجامی کۆتاییی ئەگەری و چاوهڕوانكراو، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی دینامیکییەتەكانی ئێستا، بریتییە لە دووبارە گۆشەگیرکردنهوهی عێراق بەهێمنی. ئەمەیش کەمتر لە گۆشەگیرکردنی توندی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەچێت و، زیاتر لە دوورخستنەوەی هێواش لە سیستەمی هەرێمی دەچێت.
کێشەی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی لە بنەڕەتدا کێشەیهكی پهیوهندیداره به سەروەرییەوه؛ ئامانج لە یەکخستنی یەکە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی، پووچهڵكردنهوهی هەڕەشەی میلیشیاکان بوو بۆ سەر دەوڵەت. لەجیاتی ئەوەی کۆتایی بەو هەڕەشەیە بهێنێت، کردی بە بەشێکی هەمیشەییی ناو پێکهاتەی دەوڵەت؛ خەسڵەتێک کە ئێستا ئاڕاستەی دەرەوە کراوە و هەڕەشە لە هەموو ئەو هاوبەشانە دەکات کە عێراق بۆ مانەوەی ئابووریی خۆی پشتیان پێ دەبەستێت.
هیچ ڕاگەیاندنێك له بەغدا یان گۆڕانكارییهكی سیاسی لە واشنتۆن ناتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، مهگهر ئهوهی چینی سیاسیی عێراق ڕووبهڕووی ئهو پرسیاره گرنگه ببێتهوه كه بۆ ماوهی ده ساڵێك بوو، خۆی لێ دهدزییهوه: کێ حوکمڕانیی خاکی عێراق دەکات؟
تا کاتێک حکوومەتی نوێ لە بەغدا نهتوانێت وەڵامێکی باوەڕپێکراو بداتهوه، ئەگەری ئهوه کەمە کە وڵاتانی کەنداو وەک جاران بگەڕێنەوە بۆ عێراق، یان دۆلارەکان بەئازادیی زیاتر بگهنه وڵات، یان میلیشیاکان چالاکییەکانیان بوەستێن.
سەرچاوە:
Saeed, Y. (2026, July 14). Iraq as a neighborhood problem: How a decade of Gulf diplomacy collapsed in a single spring. Emirates Policy Center. <<https://www.epc.ae/en/details/featured/iraq-as-a-neighborhood-problem-how-a-decade-of-gulf-diplomacy-collapsed-in-a-single-spring>>.