دیدگهیەکی ئێرانییانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ
نووسەر: محەمەدجەواد زەریف (M. Javad Zarif)
ماڵپەڕ: فۆڕن ئەفێرز (Foreign Affairs)
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردۆتەوە. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن کە مانگی ڕابردوو لە سویسرا واژۆ کرا و بۆ چەندان هەفتە لەسەر تاڵەموویەک مابووەوە، سەرەنجام هەڵوەشایەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٨ی تەممووزدا وتی: ”پێم وایە کۆتایی هاتووە. ئیتر نامەوێت مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکەم.”
هەڵوەشانەوەی یاداشتنامەکە جێگەی سەرسوڕمان نییە. ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە هەبوو، بەتایبەتی ئەو بڕگانەی تایبەتن بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز. تاران پێی وا بوو کە وەک لە دەقی یاداشتنامەکەدا هاتووە، بەڵێنی داوە ”تەواوی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ ڕێکخستنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ هیچ تێچوویەک، تەنیا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ.” هاوکات پێی وا بوو، خۆی و عومان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداوی فارس ”ئیدارەی داهاتوو و خزمەتگوزارییە دەریایییەکانی گەرووی هورمز دیاری دەکەن.” سەرباری ئەمەیش، واشنتۆن لهو بڕوایهدا بوو ئێران ڕازی بووە بەبێ هیچ مەرجێک ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئازادانە بەناو گەرووەکەدا بدات و، پێویست ناکات ئەمریکا ڕێز لەو ڕێکارانە بگرێت کە ئێران دای دەنێت. ڕێککەوتنەکە قەت نەیدەتوانی لەبەردەم ئەم جۆرە ناکۆکییەدا خۆی بگرێت، بۆیە سەرهەڵدانەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، پرسێک بوو تهنیا پهیوهندیی به كاتهوه ههبوو، نەک به ئەگەری ڕوودانییهوه.
هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، درێژەدان بە جەنگەکە نە لە بەرژەوەندیی ئێرانە و نە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا. هەرچەندە گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کردووە لەبەرامبەر دوو زلهێزی خاوەن چەکی ناوکیدا، بەڵام هێشتا ململانێکە وەک جهنگێکی سەپێنراو دەبینن؛ پێکدادانێک کە هەرگیز تامەزرۆی هەڵگیرساندنی نەبوون. لە هەمان کاتدا واشنتۆن سەرنجی خۆی لەسەر ئامانجە جیۆپۆلیتیکییە سەرەکییەکەی لا دەدات. بۆ زیاتر لە دەیەیەکە، ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا، کۆکن لەسەر ئامانجی کەمکردنەوەی باری قورسی درێژخایەنی وڵاتەکەیان لە ڕۆژاوای ئاسیا بە مەبەستی تەرکیزکردنە سەر ناوچەی هیندۆ-پاسێفیک (Indo-Pacific)، کە بەهۆیەوە دەستیان بە ستراتیژییەک کردووە کە بەرپرسە جیاوازەکان بە ”وەرچەرخان بەرەو ئاسیا” ناوی دەبەن. سیاسەتەکانی پێشووی واشنتۆن سەبارەت بە ئێران- کە ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥ و ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم (Abraham Accords) دەگرێتەوە (کە تێیدا چەند وڵاتێکی عەرەبی دوای دانوستانەکان بە نێوەندگیریی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە و بەرەیەکی پتەویان دژی ئێران پێک هێنا و بە شێوەیەکی کرداری بەشێکی زۆری ڕۆڵی ناوچەییی ئەمریکایان ڕادەستی ئیسرائیل کرد)، لەگەڵ هێرشەکانی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بۆ سەر وڵاتەکە و ئەو جەنگەی لە شوباتدا هەڵی گیرساند- هەموویان ئەو ئامرازانەن کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەکاری هێناون. بەڵام وەک چۆن ململانێی ئێستا دەری دەخات، واشنتۆن ناتوانێت حکوومەتی ئێران لەناو ببات. تەنیا دیپلۆماسییەت، ڕێککەوتنێکی نوێی ئاشتی و چوارچێوەیەکی نوێی ئەمنی کە خودی وڵاتانی ناوچەکە بۆ خۆیانی دابڕێژن، ڕێگە بە ئەمریکا دەدەن سەرنجی خۆی بەرەو شوێنێکی دیکە ئاراستە بکات.
گفتوگۆی گەرووەکە
ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی ساڵی ڕابردوو تەنیا تاقیکردنەوەی توانا سەربازییەکانی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا نەبوون. بەڵکوو ئەو گریمانە لەمێژینانەیان خستە ژێر پرسیارەوە کە پەیوەستن بە سەپاندنی هێز و توانای بەرپەرچدانەوە و داهاتووی ڕۆژاوای ئاسیا. ئەمریکا و ئیسرائیل ململانێکانی ئەم دوایییەیان لەگەڵ ئێران لەسەر ئەو گریمانەیە هەڵگیرساند کە گوایە گوشاری بەردەوامی سەربازی، دەتوانێت تاران ناچار بە تەسلیمبوون بکات یان له ئهنجامدا کۆماری ئیسلامیی ههرهس دههێنێت. لەبری ئەوە، سهیری خۆیان كرد لەناو زەلکاوێکی ستراتیژیدا چەقیون. هیچ یەک لە هەنگاوەکانیان، لەنێویاندا هێرشی سەر سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی ئێران كه پێشینهی نهبووه و، ئەو زیانە گەورەیەی بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیاندیان، تارانیان ناچار بە گۆڕینی هەڵوێست نەکرد. یەکپارچەییی خاک و سیستەمە سیاسییەکەی پتەو و خۆڕاگر بوون؛ کە ئەمەیش سەلمێنەری خۆڕاگریی نەتەوەی ئێران و تواناکانییەتی بۆ بەرگریکردن لە سەروەرییەکەی، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا.
پێویستە هێزە بیانییهكان درک بەم ڕاستییە بکەن و لە ئاكامهكانی تێ بگەن. توانای ئێران بۆ بەرگەگرتنی گوشاری بەردەوامی سەربازی، پەراوێزخستنی تارانی لە هەر داڕشتنێکی نوێی ئاسایشی ناوچەییدا لە داهاتوودا سەختتر کردووە. لە سەرووی هەموویشیانەوە، ئەمە ئەو پێگە ناوەندییەی ئێران دەگرێتەوە کە کاریگەریی لەسەر پاراستنی ڕێڕەوی گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە و کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا هەیە. تاران جارێکی دیکە زۆربەی دەروازەکانی گەرووەکەی داخستووە، کە زۆرێک لە شرۆڤەکارە ڕۆژاوایییەکان وەک بەڵگەیەک لێکی دەدەنەوە کە ئێران هێزێکی دوژمنکارە و دەیەوێت پەنا بۆ سەپاندنی گوشاری ئابووری و تێکدانی بازاڕەکانی نەوتی جیهانی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کەشتیوانیی ببات. بەڵام ئێران لەبەر هۆکارێکی زۆر تایبەتی، ستراتیژیی بازاڕەکانی وزەی تێک داوە: بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوبەشەکانی ناچار بکات کۆتایی بە هەڵمەتەکەیان بۆ لەناوبردنی ئێران بهێنن.
بە دەربڕینێکی دیکە، جەنگەکە ئێرانی ناچار کردووە ئێستا گەرووەکە وەک پرسێکی چارەنووسساز بۆ ئاسایشی خۆی ببینێت. پێش ئەوەی ململانێ بەرفراوانەکان لە کۆتاییی مانگی شوباتدا دەست پێ بکەن، ئێران بەگشتی بەبێ هیچ دەستوەردانێک ڕێگەی بە کەشتیوانی بەناو ڕێڕەوە ئاوییەکەدا دەدا، هەرچەندە سزاکانی ئەمریکا بە هاوکاریی هاوبەشەکانی واشنتۆن، وایان کردبوو ئێران نەتوانێت دەستی بە زۆربەی ئەو کاڵایانە بگات کە بە گەرووەکەدا تێ دەپەڕین. سزاکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کرداری گەرووی هورمزیان بەڕووی بازرگانیی ئێراندا داخستبوو، لە کاتێکدا بەڕووی نزیکەی هەموو لایەنەکانی دیکەدا کراوە بوو. هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتایییان بەو لێبووردەیییە هێنا؛ چ لەناو فەرماندە سەربازییەکانی ئێران و چ لەوەیش گرنگتر، لەناو زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەکەیدا. لەمڕۆدا، ئامانجی لەپێشینەی ئێران لە گەرووەکە بریتییە لە دڵنیابوون لەوەی نەیارەکانی ناتوانن ڕێڕەوە ئاوییەکە بقۆزنەوە بۆ ئامادەکاری، ئاسانکاری، یان بەردەوامیدان بە سەپاندنی گوشار بەسەر ئێراندا، جا سروشتی ئەو گوشارە سەربازی بێت، یان سیاسی و ئابووری. ئەو جیاوازییە پێشوەختە پەسەندکراوەی نێوان جووڵەی بازرگانی و تێپەڕبوونی سەربازی، کاڵ بۆتەوە. لە کاتی ئاشتیدا، یاسای نێودەوڵەتیی دەریایی، چاوەڕوانییەکان دیاری دەکات. بەڵام لە کاتی جەنگدا، تەنانەت یاسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگیش ئەولەوییەت بە مانەوە (وجوودییهت)ی نەتەوەیی دەدەن.
ئەگەر ئەمریکا ئاشتیی دەوێت، دەبێت سەیری ڕۆڵی ئیسرائیل بکات
ئێستا ئێران بەو باوەڕەوە کار دەکات کە ڕێڕەوە دەریایییەکان ناتوانن لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەن بن، ئەگەر ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی سیستەمەکانی چەک، پارچەی فڕۆکە، کەرەستەی هەواڵگری، یان پشتیوانیی لۆجستیک بۆ ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەیییەکانی بکەن. لەبەر ئەوەی ئەو چەک و تەکنەلۆژیایانەی کە دواتر خاکی ئێران و ژێرخان و هاووڵاتیانی مەدەنییان کردە ئامانج، بەناو گەرووی هورمزدا تێ پەڕیبوون، بڕیاردەرانی سیاسیی ئێران بەتەواوی مافی خۆیانە جووڵەی کەشتیوانی بەرتەسک بکەنەوە تا ئەو کاتەی جەنگەکە بەردەوام دەبێت و گوشاری ئابووریی سەر ئێران درێژەی دەبێت و ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت مافی ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە گەرووەکەدا پێشێل بکەن لە ئارادا بن. بەسادەیی، بۆ تاران زۆر قورسە دیاری بکات کام کەشتییانە کاڵای بازرگانی دەگوازنەوە و کامانەیان ئەو کەرەستانە دەگوازنەوە کە هەڕەشەن بۆ سەر مافی مانەوە (وجوودییهت)ی ئێران. جووڵە دەریایییەکانی کەنداوی فارس، پێویستە لەسەر بنەمای یاساکانی ململانێی چەکداری و مەرامی ستراتیژی لێک بدرێتەوە، نەک لەسەر بنەمای ئەو یاسایانەی کە لە کاتی ئاشتیدا پەیڕەو دەکرێن.
سەرباری ئەمەیش، بۆ تاران، ئەو ئامرازی گوشارەی گەرووەکە دروستی کردووە، لاوازە. ئەگەر ئێران بەردەوام هەڕەشە لە جووڵەی کەشتیوانیی دەریایی بکات، لەوانەیە بەشێکی زۆری جیهان دژی خۆی هان بدات. هەروەها داخستنی بەردەوامی گەرووەکە، ڕەنگە ببێتە هۆی خێراکردنی وەبەرهێنانە نێودەوڵەتییەکان لە پڕۆژەکانی بۆڕیی نەوت و بەندەر و ڕێڕەوە لۆجستیکییە وشکانییەکاندا کە بەتەواوی خۆیان لەم ڕێڕەوە ئاوییە بەدوور دەگرن. ئەگەر بازاڕەکانی جیهان بەسەرکەوتوویی سەرچاوەکانیان بەدوور لە گەرووەکە هەمەجۆر بکەن، ئێران چیتر ناتوانێت ئەگەری داخستنی گەرووەکە وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە بەکار بهێنێت. بۆیە دەبێت تاران دان بەخۆیدا بگرێت، هەروەک چۆن دەبێت وڵاتانی دیکە خۆیان بەدوور بگرن لە ڕێکارە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکانی کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە گەرووەکەدا دەگەیەنن. ئەمانە سەپاندنی سزاکان دەگرنەوە کە بە شێوەیەکی کرداری، ڕێگری لە سوودمەندبوونی ئێران لە ئازادیی کەشتیوانی دەکەن، هەروەها پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دیپلۆماسیی دژی ئێران، یان گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بەناو ئاوەکانی گەرووەکەدا کە ئاسایشی ئێران دەخەنە مەترسییەوە. باشترین ڕێگە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکانە، پێکهێنانی تۆڕێکی ئاسایشی ناوچەیییە کە لە ڕێگەی دیالۆگ و هاوکارییەوە متمانە لەنێوان وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداوی فارسدا دروست بکات. ئەم ڕێبازە کۆتایی بە ئامادەبوونی سەربازی و سەرکێشییە تێکدەرانەکەی هێزە بیانییهكان دەهێنێت لە ڕێگەی نەهێشتنی هۆکاری سەرەکیی مانەوەیان. وەک لە یاداشتنامەکەدا هاتووه، ئێران و عومان لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەناراوەکانی کەنداوی فارس و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان و مافی سەروەریی وڵاتانی کەناراوەکانی گەرووی هورمز، ”ئیدارەی داهاتوو و خزمەتگوزارییە دەریایییەکانی گەرووی هورمز دیاری دەکەن.”
مامەڵەیەکی سەخت
گەرووی هورمز وەک خاڵێکی هەستیاری گرنگ دەمێنێتەوە، بەڵام تاکە سەرچاوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن نییە. بۆ ڕاگرتنی جهنگەکە، پێویستە ئێران و ئەمریکا ناکۆکییە بەرفراوانەکانیان ئیداره بدهن. ئامانجەکانی هەردووكیان پێویسته خاكهڕایانه بن، چونکە تاران و واشنتۆن ناتوانن دۆست بن. جەنگەکانی ئەم دوایییە، کە تێیدا ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێبەری باڵای ئێران و فەرماندە باڵاکانی و منداڵانی بێتاوانی قوتابخانەکانیان کوشت، برینە مێژوویییەکانی وڵاتەکەیان قووڵتر کردۆتەوە. ئەم نەهامەتییانە نە لەبیر دەکرێن و نە دەبەخشرێن، بەڵام پێویست ناکات ببنە هۆی بەردەوامبوونی جهنگ یان ئاڵۆزیی زیاتر. خاڵی سەرەکی بریتییە لە دڵنیابوون لەوەی هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی داهاتوو، بەپێچەوانەی ڕابردووەوە، بە شێوەیەکی پراگماتیکییانە ناکۆکییەکان بەڕێوە ببەن. ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران هەندێک جار دەرەنجامی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی ناسنامەیین کە پێویستیان بە دیالۆگی شهفاف هەیە. جاری وایه، دەرەنجامی بهدگومانیی دوولایەنەن کە دهبنه ڕێگر لەبهردهم هاوکاریی هاوبەش لەسەر بەرژەوەندییە تاکتیکییەکان. هەندێک جاریش، پرسی سیاسین، کە دەکرێت دانوستانیان لەسەر بکرێت و بۆ سازشی ستراتیژی گونجاون. بۆ چوونەپێشەوە، پێویستە هەردوو وڵات جیاوازی بکەن لەنێوان بەها چارەنووسسازەکان و ئامانجە هاوبەشە ئاڵوگۆڕپێکراوەکان، لە کاتێکدا خۆیان بەدوور دەگرن لە هەوڵی بێهوودە بۆ بەدەستهێنانی ئامرازی گوشاری زیاتر.
لە کۆتاییدا، ڕێککەوتنێکی ئەمنیی واقعییانەی نێوان ئەمریکا و ئێران، پێویستیی بە چوارچێوەیەکی دوولایەنەی نەهێشتنی دەستدرێژی دەبێت کە ڕێگری بکات لەوەی ناکۆکییەکانی سەر ناسنامە ببنە هۆی توندوتیژی. پاشان تاران و واشنتۆن دەتوانن هەماهەنگی بکەن لەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە کاریگەرییان لەسەر هەردوو لا هەیە، وەکوو سەقامگیرکردنی ئەفغانستان و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بەڕێوەبردنی کۆچبەری. ئەمریکا دان بە یەکپارچەییی خاکی ئێراندا دەنێت، پۆلێنی تیرۆر لەسەر ئێران و ئاژانسەکانی لا دەبات و، بە شێوەیەکی هەمیشەیی سەرجەم سزاکان هەڵدەوەشێنێتەوە. هەروەها واشنتۆن بەڵێن دەدات یارمەتیی ئێران بدات لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی دەستدرێژییەکانییەوە دروست بووە، وەک چۆن لە یاداشتنامەکەدا بەڵێنی داوە لە ڕێگەی دامەزراندنی سندووقێکی وەبەرهێنان بە بەهای ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ وڵاتەکە. لەبەرامبەردا، ئێران ڕەزامەندی دەدات لەسەر گهرهنتیی هەمیشەییی بڵاونەکردنەوەی چەکی ناوکی، وەکوو پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵی پاشکۆی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کە وا دهكات پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دهستیان زیاتر بگاته ناو دامەزراوە ناوکییەکانی وڵاتێک. ڕەنگە ئێران فەتوای ڕێبەری کۆچکردووی باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، دژی چەکی ناوکی، لە ڕووی یاسایییەوە بچەسپێنێت.
ئەگەر ئەمریکا ئاشتیی دەوێت، دەبێت سەیری ڕۆڵی ئیسرائیل بکات. جگە لە هەڵگیرساندنی یەکەم جەنگ دژی ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ و، قایلکردنی ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمدا، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل بەردەوام دژی دەستپێشخەرییەکانی ئەمریکا بوون کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیرکردنی ڕۆژاوای ئاسیا بوو، لهوانه ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥ و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەم دوایییە. بۆیە دەبێت هەر هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ململانێ، حسابی تایبەت بۆ ئەم تێکدەرە بکات کە ئارەزووی بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ، بەبێ گوێدانە تێچووەکانی، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە. ڕەفتاری ئیسرائیل تەنیا ڕێگری لە ئاشتی لەگەڵ ئێران ناکات، بەڵکوو تەواوی ڕۆژاوای ئاسیا ناسەقامگیر دەکات. لە ڕێگەی فراوانکردنی ئۆردوگا داگیرکراوەکان و ئەو جینۆسایدەی لە غەززە ئەنجامی دەدات و وێرانکردنی لوبنانەوە، ئیسرائیل چەندان جار سەلماندوویەتی کە بۆ بەردەوامیدان بە باڵادەستییە سەربازییەکەی، دەیەوێت ئاژاوە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بڵاو بکاتەوە.
ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و هاوبەشەکانی کە چارەسەری ئەم سەرچاوە بەردەوامەی ناسەقامگیرییە بکەن. هەر یەک لە ترەمپ و جەی دی ڤانس (JD Vance)، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەکەدا بەڵێنیان دا بە ”دەستەبەرکردنی یەکپارچەییی خاکی لوبنان و سەروەرییەکەی”. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، مارکۆ ڕوبیۆ (Marco Rubio)، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڵمەتێکی چالاکانەی دەست پێ کرد بۆ لاوازکردنی ئەو بڕگەیە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە لە مانگی ڕابردوودا، کە بەشێکی لە ڕێگەی هەوڵی توندەوە بوو بۆ ناچارکردنی حکوومەتی لوبنان بە ڕێککەوتنێکی تاکلایەنە لەگەڵ ئیسرائیل، لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی لوبنان. پێویستە ئەم ناتەبایییانەی ئیدارەکە و بێباکییان بەرامبەر بە مەینەتییە ڕۆژانەکانی گەلی فەڵەستین کۆتایی بێت. لەبری ئەوە، دەبێت واشنتۆن دەست بکات بە سەپاندنی گوشاری ڕاستەقینە بەسەر ئیسرائیلدا.
نەهێشتنی ئەڵقەی لاواز
ئیسرائیل بەتەنیا ئەو کارەکتەرە نییە کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سەرکەوتنی ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان تاران و واشنتۆن هەبێت. باشتر وایە ئێران و دراوسێ نزیکەکانی لە کەنداوی فارس پلانێک دابڕێژن کە کۆتایی بە ئاڵۆزی و گرژییهكانی دهیان ساڵهیان بهێنێت، كه بە جەنگی ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨ی ئێران و عێراق دەستی پێ کرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە و زیانی بە هەمووان گەیاندووە. ئەمە بەو واتایە دێت کە پێویستە ڕۆژاوای ئاسیا لەو مۆدێلە ئەمنییە دوور بکەوێتەوە کە پشتبەستووە بە هێزە بیانییەکانهوه؛ پاڵنەرێک کە هێزەکانی ئەمریکای هێناوەتە ناوچەکە و بووەتە هۆی بەردەوامبوونی ململانێکان. بۆ چەندان ساڵە، ئەم ڕێبازە کارەساتبار بووە، وەک چۆن داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە دوای جەنگی ئێران و عێراق بۆ یەکەم جار ئەمەی دەرخست و ململانێکانی ئەم دوایییەیش زیاتر سەلماندیان. هەوڵدان بۆ ڕادەستکردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایش بە زلهێزە جیهانییەکان، ناتوانێت سەلامەتییەکی ڕاستەقینە دابین بکات؛ چ جای ئەو سەقامگیرییەی بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام پێویستە.
لەبری ئەوە، پێویستە وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا دەست بە یەکگرتنێکی باشتر لەنێوان خۆیاندا بکەن بۆ ئەوەی هێزی هەر وڵاتێک سەقامگیریی سەرجەم وڵاتانی دیکە بەهێزتر بکات. ئێرانییەکان پێشتر چەندان بنەمای سەرەکییان بۆ ئەم جۆرە سیستەمە پێشنیار کردووە. وەک جێگری سەرۆک لە ساڵی ٢٠٢٤دا، داوام کرد دیالۆگێکی دامەزراوەیی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا بچهسپێنرێت کە لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و دەستوەرنەدان و لە کۆتاییشدا، ڕێککەوتنی نەهێشتنی دەستدرێژی بێت. ئەمە ڕێکارەکانی دروستکردنی متمانە لەخۆ دەگرێت، وەکوو بەرنامەکانی هاوکاریی مرۆیی لە ناوچەکانی ململانێدا و، دەستپێشخەرییە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و، هەڵمەتە میدیایییە هاوبەشەکان کە پەرە بە پێکەوەژیان دەدەن. هەروەها پێشنیاری تۆڕێکی ناوکیی ناوچەییم کرد، لهوانهکۆنسێرسیۆمێکی پیتاندن کە تەنیا تەرخان کراوە بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانەی زانستی ئەتۆمی. ئەندامەکانی، پسپۆڕییە ناوچەیییەکان لهگهڵ یهكدا هاوبهش دهكهن و پەرە بە هاوکاریی زانستی دەدەن و لە ڕێگەی ڕێکارەکانی چاودێریکردنی هاوبەشەوە متمانە بەهێز دەکەن کە دڵنیایی دەدەن هیچ ئەندامێک هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات. چین و ڕووسیا، لەگەڵ ئەمریکادا، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دامەزراندنی کۆنسێرسیۆمێکی لەو جۆرە بۆ پیتاندنی سووتەمەنی لەگەڵ ئێران و دراوسێ ئارەزوومەندەکانی لە کەنداوی فارس، کە دواتر دەبێت ببێتە تاکە دامەزراوەی پیتاندنی سووتەمەنی بۆ ڕۆژاوای ئاسیا.
بۆ دڵنیابوون لەوەی سەرکەوتنی هەر وڵاتێک یارمەتیی وڵاتانی دیکە دەدات، پێویستە حکوومەتەکانی ڕۆژاوای ئاسیا ژینگەیەکی ئابووریی ناوچەییی یەکگرتوو دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانن سندووقێکی گەشەپێدانی ڕۆژاوای ئاسیا دابمەزرێنن کە پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی دوای ململانێکان و چاودێریی تەندروستی و پەروەردە و ژێرخانی هەستیار دابین بکات. پێکەوەبەستنی ناوچەیی بەبێ کۆسپ، وەکوو هێڵی ئاسنی نێودەوڵەتی، بۆڕییەکانی وزە، ژێرخانی دیجیتاڵی و ڕێڕەوە دەریایییەکان، دەتوانن ئاسانکاری بۆ جووڵەی سەرمایە و کاڵاکان بکەن. دامەزراوە هاوبەشەکانی دیکەیش دەتوانن یارمەتیی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە چارەنووسسازە هاوبەشەکان، وەکوو گۆڕانی كهشوهەوا و کەمئاوی.
ئەگەر ئەم ناوچەیە بتوانێت دامەزراوەی واتادار و هاوبەش بنیات بنێت، ئەوا دەتوانێت ئەزموونی گەشەپێدانێکی بێوێنە بکات. ناوچەکە خاوەنی سەرچاوەی سروشتیی زۆر، شارستانییەتی ڕەگداکوتراو و، دانیشتووانێکی گەنج و خوێندەوارە. ئێران بەتەنیا خاوەنی ڕووبەرێکی فراوان و پسپۆڕییەکی پێشکەوتووی زانستی و سەرمایەیەکی مرۆییی ئاستبەرزی جیهانییە. وڵاتانی عەرەبی، توانایەکی دارایی و وەبەرهێنان و کارگێڕیی بێوێنە، لەگەڵ تۆڕە بازرگانییە جیهانییەکان پێشکەش دەکەن. پاکستان و تورکیاش بە توانای پیشەسازیی بەرچاو و قورساییی جیۆپۆلیتیکی بەشداری دەکەن.
هیچ یەکێک لەمانە ئاسان نابێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دەیان ساڵەی بێمتمانەیی و گومان لە ناوچەکەدا؛ لهوانه لەنێوان هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی خۆیان و لەنێوان ئەو وڵاتانە و ئێراندا. بەڵام پێویست ناکات ڕۆژاوای ئاسیا وەک دیلی ڕابردوو توندوتیژەکەی بمێنێتەوە. جەنگەکانی ئەم دوایییە تەنیا تێچووە کارەساتبارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییان دەرنەخست، بەڵکوو ئەو سنوورانەیشیان دەرخست کە سەپاندنی هێز دەتوانێت بەدەستیان بهێنێت. دەبێت واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبی هەردووكیان قبووڵی بکەن کە ئێران تایبەتمەندییەکی هەمیشەییی نەخشەی ناوچەکەیە و، ناوچەکە ناتوانێت بە پەراوێزخستنی، سەقامگیری بەدەست بهێنێت. هاوکات پێویستە ئێران ئەم متمانە نوێیەی کە بۆی چەسپاوە، لەگەڵ ئامادەییدا بۆ درێژکردنی دەستی دۆستایەتی بۆ دراوسێکانی و بەدواداچوون بۆ ئاسایش لە ڕێگەی هاوکاریکردن لەپاڵ هێزی بەرپەرچدانەوەدا بگونجێنێت. هەروەها دەبێت تەواوی جیهان لهوه تێ بگات کە ناتوانرێت سەقامگیریی هەمیشەیی لە دەرەوە بهێنرێتە ڕۆژاوای ئاسیا یان بە زەبری هێز بسەپێنرێت؛ بەڵکوو گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، دەبێت خۆیان بونیادی بنێن.