دوورگەکانی باشووری ئێران؛ لە دڵی هەناردەکردنی نەوتەوە تا هێڵی پێشەوەی جەنگ
نووسەر: سایە ڕەحیمی (سایه رحیمی)
ماڵپەڕ: ئیندیپێندنت فارسی (Independent Persian)
لەم ڕۆژانەدا کە شریتی باشووری ئێران، لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمزەوە تا دەریای عومان، کەوتووەتە ژێر توندترین هێرشەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوکات پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەگەری هاتنەناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەندێک لە دوورگەکانی باشوور دەخرێنە ڕوو، گرنگیی ستراتیژیی ئەم دوورگانە بۆ زۆربەمان ڕوونتر بووەتەوە.
هەندێک لەم دوورگانە ئاوەدانن و دانیشتووانەکەی سەرباری نزیکییان لە سەرچاوە و دامەزراوە نەوتییەکان، ڕووبەڕووی کێشەی بژێوی و کەمیی ژێرخانە بنەڕەتییەکان بوونەتەوە. بەشێکیان بەهۆی هەڵکەوتەیان لەسەر ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی و نزیکییان لە گەرووی هورمزەوە پێگەیەکی ستراتیژییان هەیە؛ هەروەها هەندێکی دیکەیشیان شوێنی جێگیربوونی دامەزراوە سەربازییەکان یان پیشەسازییە نەوتییەکانن. هاوکات ههندێ دوورگەیش هەن کە بە گرنگترین ژینگە و یەدەگە سروشتییەکانی کەنداوی فارس دادەنرێن؛ خاڵی سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە زۆربەیان خاوەنی بەهای مێژوویی و کهلتوورین. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر بڵاوبوونەوەی جوگرافی، دۆخی نیشتەجێبوون، پێکهاتەی ئابووری و بەکارهێنانی ئەم دوورگانە و گرنگییە ستراتیژییەکەیان لە کەنداوی فارس، گەرووی هورمز و دەریای عوماندا.
ژمارە و دابهشبوونی جوگرافیی دوورگەکانی باشووری ئێران
ئێران لە کەنداوی فارس و سنووری گەرووی هورمزدا خاوەنی زیاتر لە ٤٠ دوورگە و، ههروهها وشکانیی دوورگەیییه كه دهستنیشان كراون و ناویان بۆ دانراوە. ئەم دوورگانە بەسەر سنووری سیاسیی هەرسێ پارێزگای خوزستان، بوشەهر و هورمزگاندا دابەش بوون. هەندێک لەم دوورگانە چۆڵن و هەندێکی دیکەیشیان لە یەک کاتدا دانیشتووانی ڕەسەن، دامەزراوەی نەوتی، بنکەی سەربازی و ناوچەی پارێزراویان هەیە.
لەم نێوەندەدا، نزیکەی ١٢ دوورگە خاوەنی دانیشتووانی ڕەسەنن، یان شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەییی مەدەنین، كه بریتین لە: مینو (Minoo)، خارگ (Kharg)، شیف (Shif)، قشم (Qeshm)، هورمز (Hormuz)، لارەک (Larak)، هەنگام (Hengam)، کیش (Kish)، هێندۆرابی (Hendorabi)، لاوان (Lavan)، ئەبومووسا (Abu Musa) و تونبی گەورە (Greater Tunb).
ڕێژهی دانیشتووان و جۆری نیشتەجێبوون لەم دوورگانەدا یەکسان نییە. قشم، کیش، خارگ، هورمز و مینۆ خاوەنی چەندان شار و گوندن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانیان تێدایە، لە کاتێکدا لارەک، هەنگام، هێندۆرابی و تونبی گەورە دانیشتووانێکی سنووردارتریان هەیە. لە ئەبومووساش دانیشتووانی ڕەسەن و مەدەنی شانبەشانی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی حکوومی دەژین.
سەرباری ئەمەیش، لە دوورگەکانی سیری (Sirri)، فارسی (Farsi)، تونبی بچووک (Lesser Tunb) و فارووری گەورە (Greater Farur) هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی دامەزراوە حکوومییەکان دەژین، بەڵام زۆربەیان خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نین.
ئەو دوورگانەی دانیشتووانی ڕەسەنیان نییە
بەگشتی، نزیکەی ٣٠ دوورگەی باشووری ئێران، بێبەشن لە کۆمەڵگەی ڕەسەن و دانیشتووانی هەمیشەییی مەدەنی. بێ گومان نائاوەدانیی ئەم دوورگانە بە واتای چۆڵبوونی تەواوەتییان نایەت. هەندێک لەم دوورگانە هێزە سەربازییەکان، پاسەوانانی سنوور، ژینگەپارێزان، کارمەندانی پیشەسازیی نەوت یان چاودێرانی گڵۆپە دەریایییەکانی لێیه و، لە هەندێکی دیکەیشیاندا ماسیگران بە شێوەی وەرزی دەمێننەوە.
بونە (Buneh)، دارا (Dara)، قەبری ناخودا (Qabr-e Nakhoda)، عەباسەک (Abbasak)، نەخیلۆ (Nakhiloo)، ئومولکەرەم (Omal-Karam)، تەهمادۆن (Tahmadon)، مۆتاف (Motaf)، مۆرغی (Morghi)، شیدوەر (Shidvar)، فارووری بچووک (Lesser Farur)، دوورگەکانی ناز (Naz) و دوورگەی شەیتان (Sheytan) لەو دوورگانەن کە دانیشتووانی هەمیشەیییان نییە. هەندێک لەم وشکانییانە زۆر بچووکن، بەرزییان لە ئاستی دەریاوە کەمە یان لە کاتی هەڵکشاندا بەشێک لە ڕووبەرەکەیان ژێرئاو دەکەوێت و لە ڕووی سروشتییەوە بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی گونجاو نین.
ئەو دوورگانەی بۆ جێگیرکردنی بنکە سەربازییەکان بەکار دەهێنرێن
پۆلێنبەندیی دوورگەکان لەسەر بنەمای بەکارهێنانی سەربازی و ستراتیژی کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەندێک دوورگەی وەک فارسی، تونبی گەورە، تونبی بچووک، ئەبومووسا، فارووری گەورە و سیری تا ڕاددەیەک بەکارهێنانی سەربازی یان چاودێریی دەریایییان هەیە، بەڵام لە دوورگەکانی وەک قشم، هەنگام، لارەک، هورمز و خارگیشدا، سەرباری جێگیرکردنی بنکە، ئەسکەڵە دەریایییەکان، سیستەمەکانی چاودێری یان دامەزراوە سەربازییەکان، ناتوانرێت تەواوی دوورگەکە تەنیا وەک ناوچەیەکی سەربازی هەژمار بکرێت.
گرنگیی سەربازیی ئەم دوورگانە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی هەڵکەوتەیان. قشم، هورمز، لارەک و هەنگام دەکەونە سنووری گەرووی هورمزەوە؛ ئەبومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک بەسەر ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی بەشی ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارسدا دەڕوانن. دوورگەی فارسی کەوتووەتە ناوەڕاستی کەنداوی فارس و نزیک سنووری دەریاییی ئێران و سعوودیا؛ هەروەها خارگیش بەهۆی لەخۆگرتنی گرنگترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، لە یەک کاتدا هەم گرنگیی ئابووری و هەم گرنگیی ئەمنیی هەیە.
دوورگە پارێزراوەکان و یەدەگە سروشتییەکان
لانی کەم ١٠ دوورگە یان کۆمەڵەدوورگەی ئێران لە کەنداوی فارسدا، بە شێوەیەکی تەواوەتی یان تا ڕاددەیەک دەکەونە سنووری ناوچە پارێزراوەکان، پەناگەکانی ژیانی ئاژەڵی کێوی و ژینگە هەستیارە دەریایییەکانەوە. شیدوەر، نەخیلۆ، ئومولکەرەم، تەهمادۆن، بوونە، دارا، قەبری ناخودا، خارگۆ (Khargo)، فارووری گەورە و فارووری بچووک بە گرنگترینی ئەم دوورگانە دادەنرێن.
دوورگەکانی نەخیلۆ و ئومولکەرەم لە سنووری پارکی نەتەوەییی دەریاییی نایبەند (Nayband) و ناوچەی پارێزراوی مەند (Mond)دان، کە یەکێکن لە گرنگترین شوێنەکانی هێلکەدانانی پەرەسێلکە دەریایییەکان و کیسەڵە دەریایییەکان.
شیدوەر، لە نزیک لاوان، ژینگەی کیسەڵە پۆزهەڵۆیییەکان، باڵندە کۆچەرییەکان و جۆرە دەریایییەکانە. هەروەها بوونە، دارا و قەبری ناخودا لە دەمی خۆرمووسا (Khor Musa) شوێنی زاوزێی باڵندە ئاوی و دەریایییەکانن و فارووری گەورە و بچووکیش دەکەونە سەر ڕێڕەوی کۆچی جۆرەها باڵندە.
سەرباری ئەمەیش، نازناوی یەدەگی سروشتی نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم حزووری مرۆڤ یان چالاکییە ئابوورییەکان لەم دوورگانەدا. هەندێکیان هاوسنووری کێڵگە نەوتییەکان، ڕێڕەوی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ناوچەکانی ماسیگرتن و سنوورە سەربازییەکانن و لە زۆر حاڵەتیشدا بهرهوڕووی زیانەکانی وەک پیسبوونی نەوتی، ڕاوکردنی نایاسایی، هاتنەناوەوەی بێسەروبەری گەشتیاران و وێرانکردنی ژینگەکان بوونەتەوە.
دوورگە پیشەسازی و نەوتییەکان
لەنێو دوورگەکانی باشووری ئێراندا، لانی کەم شەش دوورگە بە شێوەیەکی تایبەت بەکارهێنانی سەرەکیی نەوتی، بەندەری و پیشەسازییان هەیە کە بریتین لە: خارگ، لاوان، سیری، سەدرا (Sadra)، نێگین (Negin) و خارگۆ.
گرنگترینیان خارگە، کە وێستگەکانی هەناردەکردن، کۆگهکانی عەمبارکردن و دامەزراوەکانی گواستنەوەی نەوتی لەخۆ گرتووە. لاوان میوانداریی پاڵاوگە، کۆگهکان و شۆستە نەوتییەکان دەکات و، سیرییش یەکێکە لە سەنتەرەکانی دەرهێنان، پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە دەریایییەکانەوە.
سەدرا و نێگین لە سنووری بوشەهر، زیاتر بەکارهێنانی بەندەری، کەشتیسازی و پیشەسازییان هەیە. لە هەندێک دوورگە یان وشکانیی بچووکی دیکەیشدا شۆستە، گڵۆپی دەریایی، دامەزراوەکانی پاڵپشتی، سەنتەرەکانی چاودێریی دەریایی یان کەرەستە و ئامێرەکانی پەیوەست بە پیشەسازییەکانی وزە جێگیر کراون.
ئەم دوورگانەیش هەم ئاوەدانن و هەم سەربازین. خارگ و لاوان هەم دانیشتووانی ڕەسەنیان هەیە و هەم نەوتین؛ سیری خاوەنی دانیشتووانی دامەزراوەیی و هێزی کاری حکوومییە؛ هەروەها خارگیش، بەهۆی کاریگەریی لە هەناردەکردنی نەوتدا، سەرباری بەکارهێنانە پیشەسازییەکەی، بە یەکێک لە گرنگترین خاڵە ستراتیژی و سەربازییەکانی باشووری ئێران دادەنرێت.
ئاستەنگەکانی دابینکردنی ئاو، خۆراک، چارەسەری پزیشکی و هاتوچۆ لە دوورگە ئاوەدانەکاندا
ژیان لە دوورگە ئاوەدانەکانی باشووری ئێراندا، بەپێی ڕووبەر، دانیشتووان و قەبارەی وەبەرهێنانی حکوومی، دۆخی جیاوازی هەیە. کیش و قشم خاوەنی فڕۆکەخانە، نەخۆشخانە، تۆڕی بازرگانی و خزمەتگوزاریی شاریی فراوانترن، بەڵام لە دوورگە بچووکترەکانی وەک هەنگام، لارەک، هێندۆرابی و تونبی گەورەدا، دابینکردنی زۆربەی پێداویستییەكانی ڕۆژانە، بەستراوەتەوە بە پەیوەندیی دەریایی لەگەڵ خاکی سەرەکیدا. تەنانەت لە دوورگە نەوتییەکانی وەک خارگ و لاوانیشدا، بوونی دامەزراوەی پیشەسازیی فراوان، مەرج نییە بە واتای سوودمەندبوونی دانیشتووانەکەی لە خزمەتگوزارییە گشتییە گونجاوەکان بێت.
دابینکردنی ئاو یەکێکە لە گرنگترین کێشە هاوبەشەکانی دوورگەکانی باشوور. ئەم دوورگانە ڕووباری هەمیشەیی و سەرچاوەی ئاوی سازگاری بەرچاویان نییە و ئاوی پێویستیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ئامێرەکانی شیرینکردنی ئاو (پاڵاوتنی ئاو)، بیری سنووردار، حەوزی ئاو، هێڵەکانی گواستنەوە یان کەشتییە ئاوهەڵگرەکانەوە دابین دەکرێت.
لە دوورگەکانی وەک کیش و قشمدا، ئامێرە پیشەسازییەکانی سوێریاوکێش (شیرینكردنی ئاو) بەشی سەرەکیی پێداویستیی دانیشتووان دابین دەکەن، بەڵام لە گوندەکانی قشم و دوورگە بچووکترەکاندا، داڕزانی تۆڕەکان، سنوورداریی توانای بەرهەمهێنان و زیادبوونی بەکاربردن لە وەرزی گەشتیاریدا دەبێتە هۆی دابەزینی پەستان یان پچڕانی ئاو. لە هێندۆرابی، لارەک و هەنگامیشدا، سنوورداریی سەرچاوەکانی ئاو هەمیشە یەکێک بووە لە کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵک.
هاوکات دابینکردنی کەرەستەی خۆراکی، دەرمان، کەرەستەی بیناسازی و کاڵا بەکاربەرەکانی دیکەیش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تێچووی گواستنەوەی دەریایییەوە هەیە. لەو دوورگانەی شۆستە (ئهسكهڵه)ی گونجاویان نییە، تێچووی گواستنەوەی کاڵا دەخرێتە سەر نرخی کۆتایییەکەی.
لە زۆربەی دوورگە بچووکەکاندا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان تەنیا لە سەنتەرەکانی تەندروستی، نۆرینگە یان پزیشکیی گشتیدا کورت بوونەتەوە. ئەو نەخۆشانەی پێویستییان بە پشکنینی پسپۆڕی و نەشتەرگەری هەیە، دەبێت ڕەوانەی بەندەر عەباس (Bandar Abbas)، بەندەر لەنگە (Bandar Lengeh)، بوشەهر یان شارە کەناراوییەکانی دیکە بکرێن. ئەم گواستنەوەیە لە بارودۆخە ئاسایییەکانیشدا بەستراوەتەوە بە دۆخی دەریا، توانای لەخۆگرتنی کەشتییەکان و ئامرازەکانی فریاکەوتن؛ هەروەها لە ڕۆژانی گەردەلوولدا، لە کاتی وەستانی هاتوچۆ یان لە دۆخی جەنگیدا دواکەوتنی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە.
تەنانەت لە خارگیشدا، کە زیاتر لە حهفتا ساڵه یەکێکە لە گرنگترین سەنتەرە نەوتییەکانی ئێران، کەمیی پزیشکی پسپۆڕ، ئامێرە پزیشکییەکان و خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە هەمیشە لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکان بوون.
هاتوچۆکردن لە کیش و قشم، بەهۆی بوونی فڕۆکەخانە و زۆریی ڕێڕەوە دەریایییەکانەوە، ئاسانترە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا، دانیشتووانی گوندە دوورەدەستەکانی قشم و دوورگەکانی دەوروبەری، هێشتا پشت بە کەشتییە سنووردارە ناوخۆیییەکان دەبەستن. لە هورمز، هەنگام و لارەکیش، وەستانی هاتوچۆی کەشتییەکان لە ڕۆژە شەپۆلاوییەکاندا، ڕێگەی گەیشتنی خەڵک بە شوێنی کار، قوتابخانە، نەخۆشخانە و بازاڕ دەپچڕێنێت یان سنوورداری دەکات. ئێستایش لە دۆخی جەنگیدا، کۆتوبەندە ئەمنییەکان، کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، وەستانی کاتیی هاتوچۆی دەریایی و مەترسیی هێرشکردنە سەر شۆستەکان و ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی، ئەم لاوازییە کۆنەیان زیاتر کردووە.
پێویستە ئابووریی دوورگەکانی باشووری ئێرانیش بخرێتە سەر ئەم خاڵانە کە دژیەکییەکی بنەڕەتی دەردەخات، چونکە بوونی وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوت، پاڵاوگەکان، کۆگه زەبەلاحەکان، شۆستە بازرگانییەکان، ناوچە ئازادەکان و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان ئەو تێڕوانینە دروست دەکەن کە ئابووریی ناوخۆیی گەشاوەیە، بەڵام واقعەکە ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانە ڕەسەنەکە بەدەست بێکاری، کارە ناجێگیرەکان، گرانیی نیشتەجێبوون و سنوورداریی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە دەناڵێنن. ئەم دووفاقییە لە دوورگە نەوتییەکانی خارگ و لاوان و ناوچە ئازادەکانی کیش و قشمدا ڕوونترە.
لە کاتێکدا خارگ بە درێژاییی دەیان ساڵ گرنگترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بووە و بەشێکی گەورەی نەوتی خاوی وڵاتەکە لە دامەزراوەکانی ئەم دوورگەیەوە هەناردە کراوە؛ سەرباری ئەمەیش، هێشتا دامەزراندن یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە. کۆمپانیا نەوتییەکان بەشێکی بەرچاو لە هێزی کاری پسپۆڕ و کارگێڕی لە دەرەوەی دوورگەکە دابین دەکەن و زۆرێک لە فەرمانبەرانیش بە شێوەی خولی لە خارگ کار دەکەن. لە ئەنجامدا، چڕبوونەوەی سەرمایە و ئامێرە نەوتییەکان لە دوورگەکەدا، مەرج نییە ببێتە هۆی دروستکردنی زنجیرەیەکی فراوان لە کاری هەمیشەیی بۆ کۆمەڵگە ڕەسەنەکە.
هەروەها لە لاوانیشدا پاڵاوگە، شۆستەکان، کۆگهکان و دامەزراوە نەوتییەکان لەتەنیشت شوێنە نیشتەجێبوونە ڕەسەنەکاندان، بەڵام ئابووریی بەشە ڕەسەنەکەی دوورگەکە هێشتا به ڕاددەیەکی زۆر پشتی بە ماسیگرتن، خزمەتگوزارییە ناوخۆیییەکان و کارە سنووردارەکان بەستووە.
لە هورمز و هەنگامیشدا، هەرچەندە گەشتیاری دەرفەتی داهاتی بۆ ئەو ژنانەی کاری دەستی دەفرۆشن، خاوەن بەلەمەکان، ڕێبەرە ناوخۆیییەکان، شۆفێران و خاوەن شوێنەکانی حەوانەوە ڕەخساندووە، بەڵام ئەم ئابوورییە بەستراوەتەوە بە وەرزی گەشتکردن، دۆخی دەریا و ئەگەری هاتنەناوەوەی گەشتیاران. هەروەها زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بەبێ گەشەپێدانی گونجاوی تۆڕی ئاو، کارەبا، کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوە و گواستنەوە، بارگرانی دەخاتە سەر شانی دانیشتووانە ناوخۆیییەکە.
ماسیگرتنیش کە کۆنترین بنەمای بژێویی دانیشتووانی شیف، هەنگام، لارەک، هێندۆرابی، گوندەکانی قشم و بەشێک لە لاوانە، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی یەدەگی ئاژەڵە ئاوییەکان، زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی و ئامێرەکان، ڕاوکردنی پیشەسازی، پیسبوونی نەوتی و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە ناوچە سەربازییەکاندا بووەتەوە. ئێستایش جەنگ و ناسەقامگیریی دەریایی، مەترسیی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان و شۆستەکان و سنووردارکردنی چالاکییەکان لە گەرووی هورمز و کەنداوی فارس، هەڕەشە لە داهاتی هەمان ئەم گرووپەیش دەکات.
گرنگیی ستراتیژیی دوورگەکانی باشوور
سەرباری سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی ئاماژەیان پێ درا، دوورگەکانی باشووری ئێران گرنگییەکی ستراتیژیی زۆریان هەیە. بڵاوبوونەوەی ئەم دوورگانە بە درێژاییی کەنداوی فارس و لە هەردوو دیوی گەرووی هورمزدا، ئەو دەرفەتە بە ئێران دەدات کە چاودێریی بەشێکی گەورە لە کەناراوەکان، ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی و ئاوەکانی دەوروبەری بکات. هەروەها هەندێک لەم دوورگانە وەک بنەمای دیاریکردنی ئاوە هەرێمییەکان، سنوورە دەریایییەکان و مافی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی دەریا دادەنرێن.
لە ڕووی ستراتیژییەوە، گرنگترین کۆمەڵەدوورگەی ئێران دەکەوێتە دەوروبەری گەرووی هورمز. قشم بهقهد کەناراوەکانی باشووری ئێران درێژ بۆتهوه، هەروەها هورمز، لارەک و هەنگامیش دەکەونە دەروازە و سنووری ئەم گەرووەوە. لە ڕۆژاوایاندا، تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبومووسا لەتەنیشت ڕێڕەوی جووڵەی کەشتییەکان لەنێوان کەنداوی فارس و دەریای عوماندا هەڵکەوتوون. ئەم بڵاوبوونەوەیە دەرفەتی دروستکردنی تۆڕێک لە بنکە دەریایییەکان، ڕادارەکان، سیستەمەکانی چاودێری، شۆستەکان و سەنتەرەکانی پاڵپشتی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارسدا ڕەخساندووە.
گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هورمز لە قەبارەی ئەو وزەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیدا تێپەڕ دەبێت. بەپێی خەمڵاندنەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA)، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، کۆندێنسەیت (Condensate) و بەرهەمە نەوتییەکان لە گەرووی هورمزەوە تێ پەڕیون؛ کە قەبارەکەی هاوتا بووە بە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەکاربردنی جیهانیی سووتەمەنییە شلەکانی جیهان و زیاتر لە یەک لەسەر چواری بازرگانیی دەریاییی نەوتی جیهان. هەروەها نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی جیهانیی غازی سروشتیی شل (LNG)یش، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە قەتەرەوە هاتووە، بە هەمان ڕێڕەودا تێ یپەڕیوە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش، هەر جۆرە هێرش، داخران یان پشێوییەک لە دوورگەکان و ئاوەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز، دەتوانێت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، کاریگەری لەسەر نرخی جیهانیی نەوت و غاز، تێچووی دڵنیاییی کەشتییەکان، کرێی گواستنەوە و ئاسایشی وزەی وڵاتانی هاوردەکار دروست بکات. جەنگی ئێستا ئەوەی دەرخست کە گرنگیی ئەم دوورگانە تەنیا پەیوەست نییە بە توانای سەربازیی جێگیرکراو تیایاندا، بەڵکوو ئاسایشی تێپەڕبوونی هەزاران دەریاوان و زنجیرەی دابینکردنی جیهانیش بەستراوەتەوە بە دۆخی ئەم ڕێڕەوە ئاوییەوە.
جگە لە گەرووی هورمز، لە بەشی ناوەڕاست و ڕۆژاوای کەنداوی فارسیشدا، گرنگیی دوورگەکان لە سەروو هەموو شتێکەوە بە پیشەسازیی نەوتەوە گرێ دراوە. خارگ شوێنی جێگیربوونی کۆگهکان، هێڵەکانی گواستنەوە، شۆستەکان و کەرەستەکانی بارکردنی نەوتی خاوە. ئەو نەوتەی لە کێڵگە و ناوچە جیاوازەکاندا بەرهەم دەهێنرێت، لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەم دوورگەیە و لەوێشەوە دەکرێتە ناو کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە. هەر ئەم چڕبوونەوەیەی ژێرخانیشە کە خارگی هەم کردووەتە یەکێک لە بەنرخترین خاڵەکانی ئابووریی ئێران و هەمیش یەکێک لە لاوازترین ئامانجەکان لە کاتی جەنگدا.
لاوان و سیرییش، یەکێکن لە گرنگترین سەنتەرەکانی دەرهێنان، پاڵاوتن، عەمبارکردن و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگە دەریایییەکان. دوورگەی لاوان خاوەنی پاڵاوگە و شۆستەی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە؛ هەروەها سیرییش شوێنی پاڵپشتیکردن و پاڵاوتنی بەرهەمی چەندان کێڵگەی نەوتیی دەریایییە. بوونی ئەم دامەزراوانە وای کردووە کە بەکارهێنانی ئابووری و سەربازی لەم دوورگانەدا بەیەکەوە گرێ بدرێن.
لە هەمان کاتدا ئەم چڕبوونەوەیە جۆرێک لە لاوازیی پێکهاتەیی (بونیادی)ی دروست کردووە؛ کە تێیدا پشێوی لە دوورگەیەک یان شۆستەیەکدا دەبێتە هۆی وەستانی بەشێک لە هەناردەکردن، پاڵاوتن یان گواستنەوەی وزە. هەر لەبەر ئەمەیشە، لە هاوکێشە جەنگییەکاندا خارگ، لاوان و سیری تەنیا پارچەیەک نین لە خاکی ئێران، بەڵکوو وەک سەنتەری قورساییی سەرەکیی تۆڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دادەنرێن.
هەر ئەم کەڵەکەبوونەی ئەرکە سیاسی، ئابووری و سەربازییانەیە کە لە بارودۆخە جەنگییەکاندا، دوورگەکانی باشووری کردووەتە یەکێک لە هەستیارترین بەشەکانی جوگرافیای ئێران.