1

ئایا فرەجەمسەری یارمەتیدەری ئێرانە یان ئاستەنگ لەبەردەمیدا دروست دەکات؟

کریستۆفەر فیلیپس  (Christopher Phillips)

پەیوەندیی نێوان هەنگاونانی جیهان بەرەو فرەجەمسەری لە دەیەکانی دواییدا و ململانێی ئێستای ئێران چییە؟ لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان دوژمنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، بۆیە ڕەنگە تەقینەوەی سەرەنجامی گرژییەکان مایەی سەرسوڕمان نەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە قۆناغەکانی ڕابردوودا تا ڕاددەیەکی زۆر خۆیان لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ دەپاراست و لەجیاتی ئەوە جه‌نگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) بەڕێوە دەچوو. بێ گومان جه‌نگی ئێران کۆمەڵێک سەرچاوە و هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، بەڵام یەکێک لەو هۆکارانەی زۆر جار پشتگوێ دەخرێت، گۆڕانی هاوسەنگیی هێزە (Balance of power) لە ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیدا.

زانایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێبازی ڕیالیزم (Realism) لەمێژە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هاوسەنگیی هێز، چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ناوچەیەکی دیاریکراوی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سنووردارکردن یان ڕەخساندنی زەمینە بۆ هەڵگیرسانی ململانێ هەیە. بەو پێیەی فرەجەمسەریی جیهانی، توانا و خواستی واشنتۆنی بۆ چاودێریکردن و سەپاندنی نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم کردووەتەوە، دەسەڵاتەكانی ناوچه‌كه‌ ئازادییەکی فراوانتریان بۆ پەیڕەوکردنی ئەجێنداکانی خۆیان دەست کەوتووە.

هەنگاونانی جیهان بەرەو فرەجەمسەری لە ساڵانی دواییدا لەم ڕاستییە بەدەر نییە، چونکە دەرفەتی بە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان داوە کە بەراورد بە ڕابردوو، بە شێوەیەکی زۆر توندتر ڕووبەڕووی ئێران ببنەوە. سەرباری ئەمەیش، جۆرێک لە پارادۆکس لێرەدا بەدی دەکرێت؛ واتە ئێران سەرەتا لە دەیەکانی ٢٠٠٠ و ٢٠١٠دا، کاتێک نەزمی جیهانی بۆ یەکەم جار بەرەو فرەجەمسەری هەنگاوی نا، بە قۆستنەوەی خۆپارێزی و وریابوون (ئیحتیات)ی ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستکەوتی بەرچاوی بەدەست هێنا. کەچی ئەمڕۆ زیانمەندی سەرەکیی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە هەمان دیاردە خوڵقاندبوونی.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغی دوای عوسمانییەکاندا مێژوویەکی فرەجەمسەریی هەبووە. دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکان بە دابەشکردنی ناوچەکە، کۆمەڵێک دەوڵەتی قەبارە-مامناوەندیان بەجێ هێشت کە زۆربەیان خاوەنی توانای بەهێزی وەک دانیشتووانی زۆر، سوپا یان ئابووریی گەورە بوون، بەڵام توانای هیچ کامێکیان لەو ئاستەدا نەبوو بەتەواوی باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت؛ بەو جۆرەی بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەژموونی بەسەر ئەمریکای باکووردا هەیە یان چین بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا هەیەتی.

ناوچەکە بەهۆی گرنگییە ستراتیژی و ئابوورییەکەیەوە سەرنجی زلهێزەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا؛ بەو واتایەی هاوسەنگیی فرەجەمسەریی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تا ڕاددەیەک لەژێر کۆنترۆڵی هاوسەنگیی هێزی جیهانیدا سنووردار کرا. بۆ نموونە، لە سەردەمی جه‌نگی سارددا  (Cold War)، کاتێک جه‌نگ لەنێوان ئیسرائیل و دراوسێکانیدا هەڵدەگیرسا، هەردوو لا پشتیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤیەت (USSR) دەبەست بۆ ئەوەی پشتیوانییان لێ بکەن و سەرەنجام کاریگەرییان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە هەبێت. بە هەمان شێوە، لە قۆناغی تاکجەمسەری (Unipolarity)ی دوای جه‌نگی سارددا کە باڵادەستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بەخۆیەوە بینی، واشنتۆن هێزی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند و بوو بە “هەژموونگەرێکی” (Hegemon)  جێگیر. تەنانەت ئەو دەوڵەتانەیش وەک ئێران کە نەیاری ئەم دیدگه‌یەی ئەمریکا بوون، هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتوندی کۆتوبەندی کردبوون.

شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەنێو ژینگەیەکی نێودەوڵەتیی پڕ لە سنووردارکردندا لەدایک بوو. هەرچەندە تارانی دوای ١٩٧٩دوژمنایەتیی هەردوو جەمسەری ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی دەکرد، بەڵام زلهێزەکان خواستە هەرێمایه‌تییەکانی ئێرانیان سنووردار کردبوو؛ بە چەشنێک لە ماوەی جه‌نگی ئێران و عێراقدا مۆسکۆ و واشنتۆن هەردوو لا پشتیوانییان لە عێراق دەکرد. پاش کۆتاییهاتنی جه‌نگ، سەردەمی تاکجەمسەری دەرفەتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەخشی تا ئامادەیییەکی هەرێمیی زۆر فراوانتر بنیات بنێت و لە ڕێگەی داڕشتنی ستراتیژیی کۆنترۆڵکردنی دوولایەنە (Dual containment)، هاوشانی عێراقی سەدام حسێن، سەرلەنوێ سنوورێک بۆ ئێرانیش دابنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، دەیەی ٢٠٠٠ وەرچەرخانێکی لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا بەخۆیەوە بینی. شکستەکانی جه‌نگی دژی تیرۆر (War on Terror) جۆرێک لە شەکەتیی جەنگی لە نێوخۆی ئەمریکادا دروست کرد. پاش ماوەیەکی کورتیش قەیرانی داراییی ساڵی ٢٠٠٨ و هەڵکشانی چین وەک ڕکابەرێکی ڕاستەقینە بۆ باڵادەستیی جیهانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان هاتنە ئاراوە. لە کۆتاییی دەیەکەدا و دوای هەڵبژاردنی ”باراک ئۆباما” جیهان بەرەو فرەجەمسەری هەنگاوی نا و ویلایەتە یەکگرتووەکان خواستی خۆی بۆ نواندنی ڕۆڵی هەژموونگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدەست دا.

بۆ یەکەم جار لە ماوەی چەندان دەیەدا، لە غیابی سنووردارکردنی دەرەکیدا، فرەجەمسەریی مێژووییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دەرکەوتەوە و ئێران زۆرترین سوودی لەم دۆخە وەرگرت. پاش ئەوەی جۆرج دەبلیوو بۆش (George W. Bush)  سەدامی وەک سەرسەخترین دوژمنی تاران بەخشندانە ڕووخاند، ڕێگەی ڕۆژاوا بۆ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) تەخت بوو بۆ فراوانکردنی تۆڕی هاوپەیمانەکانی کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بە تەوەرەی خۆڕاگری (Axis of Resistance) ناسرا. ئێران زووتر لە ڕکابەرەکانی درکی بە گۆڕانی بارودۆخی ناوچه‌یی و جیهانی کرد و توانیی سوودی دەستپێشخەری (First-mover advantage) مسۆگەر بکات. هاوکات، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا (دەوڵەتانی کەنداو، ئیسرائیل و تورکیا) هێشتا چاویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو هەنگاو لە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بنێت، بەڵام بەهۆی دوودڵیی ئۆباماوه‌ لە گرتنەبەری ئەو هەنگاوە، نائومێد بوون.

ڕێکخستنەوەی شێوازی مامەڵەکردن

دواجار، ئەم ئەکتەرە هەرێمییانە شێوازی مامەڵەکردنی خۆیان ڕێک خستەوە. کاتێک ڕوون بووەوە کە سەردەمی هەژموونی ئەمریکا بەسەر چووە، تورکیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و عەرەبستانی سعوودی خواستی زیاتریان بۆ بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکانی خۆیان یان پشتیوانیکردن لە هێزە پرۆکسییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا پیشان دا. سەرەڕای ئەمەیش، زۆربەیان بەناچارییەوە ئەو ڕاستییەیان قبووڵ کرد کە تێکشکاندنی دەستکەوتە هەرێمایه‌تییەکانی ئێران لەدوای ٢٠٠٣ کارێکی ئاسان نابێت، بەتایبەت کاتێک تۆڕی هاوپەیمانەکانی لە عێراق، لوبنان، سووریا، غەززە و باکووری یەمەن دەسەڵاتی خۆیان چەسپاندبوو. بەڵام شۆکی هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە هەڵوێستی ئیسرائیلدا خوڵقاند.

لە کاتێکدا ئێران بە لەبەرچاوگرتنی توانستە سنووردارەکانی لە دەیەکانی ٢٠٠٠ و ٢٠١٠دا دەستکەوتێکی زیاتر له‌ چاوەڕوانیی بەدەست هێنابوو، ئیسرائیل تا ڕادده‌یه‌ک لە ناوچەکەدا خۆپارێزتر و دەستپێوەگرتر بوو. ئیسرائیل خاوەنی سوپایەکی پێشکەوتوو بوو، بەڵام دوودڵ بوو لە بەکارهێنانی لە دەرەوەی بازنەی دەوروبەری خۆی لە فەڵەستین، لوبنان و باشووری سووریا. کەچی ٧ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانی، نەک تەنیا توندوتیژییەکی بێبەزەیییانەی بەسەر غەززەدا سەپاند، بەڵکوو بووە هۆی دەستبەرداربوون لە “شێوازی نەریتیی کارکردن” (Modus operandi)  لە لوبنان بۆ لەناوبردنی سەرکردایەتیی حزبوڵڵا و سەرهەڵدانی ئیرادەیەکی نوێ بۆ لێدانی دوژمنە دوورەدەستەکان لە عێراق، یەمەن و خودی ئێراندا.

نەزمی فرەجەمسەری، ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەم هەڵمەتە نوێیە

لە سەردەمی باڵادەستیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، سەرکردەکانی ئەمریکا خوازیار بوون دڵی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابگرن و ئیسرائیلی هاوپەیمانیان دەخستە ژێر گوشارەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، پاش چەند هەفتەیەک لە هێرشکردنە سەر دراوسێکانی. لە نەزمی فرەجەمسەریدا، ئیدارەکانی بایدن (Biden) و ترەمپ (Trump) وەک ئەوە دەردەکەون کەمتر نیگەرانی باڵادەستی بن بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بەم پێیەیش ڕای گشتی کەمتر بووەتە ڕێگر لەبەردەم پشتیوانیکردنیان بۆ ئیسرائیل. ئەم دۆخە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکەی ترەمپیش دروست کردبێت بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران لە هەردوو ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا. دەستبەرداربوون لە هەژموونخوازی، ڕەنگە بە واتای کەمبوونەوەی نیگەرانی بووبێت بەرامبەر بە زیانگەیاندن بە ناوبانگ لە ناوچەکەدا لە ئەنجامی جه‌نگێکی نەخوازراو و وێرانکەردا.

ئەم شەڕانە بوونە هۆی لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی ئێران، وەک حزبوڵڵا و حەماس  و ڕووخانی ئەسەد. سەرباری ئەمەیش، هێرشەکانی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان باجی لەدەستدانی چەندان کەسایەتیی باڵای بەسەر ئێراندا سەپاند، کە دیارترینیان “عەلی خامنەیی” ڕابەری باڵا بوو؛ هاوکات زیانی قورسیان بە ژێرخانی ئێران گەیاند و بوونە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی. ئەو فرەجەمسەرییەی بۆ ماوەیەکی درێژ ئاسانکاریی بۆ خواستە هەرێمایه‌تییەکانی ئێران دەکرد، لە ماوەی تەنیا چەند ساڵێکدا، بووە هۆی لەناوبردنی ئەو پرۆژەیە.

فرەجەمسەری هێشتایش سوودی بۆ ئێران هەیە

سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە فرەجەمسەری بەشدار بووبێت لە دروستبوونی کارەساتەکانی دواییدا، دەکرێت بگوترێت هێشتایش هەندێک دەستکەوت بۆ ئێران دابین دەکات:

 یەکەم، سەرەڕای تەواوی باڵادەستییە ئاسمانییەکەی، دەرکەوتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادە نییە لە ڕێگەی هێزی پیادەوە (Boots on the ground) ململانێکە پەرە پێ بدات تا گۆڕینی ڕژێم بە شێوازی عێراق ئەندازیاری بکات. ئەمەیش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ڕووی لۆجستییەوە ئەرکێکی زۆر سەختترە و، بەشێکیشی پەیوەستە بەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی ئەو هێزە بێڕکابەرەی ساڵی ٢٠٠٣ نییە. هەروەها ئەستەمە ڕای گشتیی ئەمریکا پشتیوانی لە هەنگاوێکی لەم شێوەیە بکات؛ بۆ نموونە، شیکارییەکی ئەم دوایییەی ڕیسپۆنسیبڵ ستەیتکرافت (Responsible Statecraft) ڕای گەیاندووە کە جه‌نگی ئێران پێشوەختە بووەتە نەخوازراوترین ململانێی گەورە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. جیا لەوەیش، بەپێچەوانەی ساڵی ٢٠٠٣، ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی ڕکابەرێکی جیهانییە وەک چین و، ترسی لەوە هەیە نقوومبوون لە زەلکاوی ئێراندا لە بەرژەوەندیی پەکین (Beijing) تەواو بێت؛ بەوەی سەرچاوەکانی ئەمریکا دەخوات و دەرفەت دەداتە شی جینپینگ (Xi Jinping) کە بە نیشاندانی خۆی وەک دەوڵەتمەدارێکی بەرپرسیارتر، هاوپەیمانی زیاتر بەدەست بهێنێت.

دووەم، سەرەڕای هه‌موو چالاکییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمزدا، واشنتۆن هێشتا هەوڵ نادات هەژموونی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێتەوە. ئەمەیش ناوچەکە بە فرەجەمسەری و بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەکراوەیی دەهێڵێتەوە و، دەبێتە هۆی دروستبوونی هێڵەکانی ململانێ و ئەجێندای دژبەیەک کە ئەکتەرەکان لە کاتی پێویستدا دەتوانن بیقۆزنەوە. بۆ نموونە، هەندێک پێیان وایە بڕیارەکەی ئەم دوایییەی حووسییەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر عەرەبستانی سعوودیدا لەسەر داوای ئێران بووە.

هەرچەندە هاوپەیمانەکانی تاران لاواز بوون، هێشتا خاوەنی کارتی گوشاری هاوشێوەیە لە لوبنان، عێراق و فەڵەستیندا کە دەتوانێت لە کاتی پێویستدا بیانخاتە گەڕ. ئەم دەستکەوتانە دەری دەخەن کە فرەجەمسەری چەندە وەک “شمشێرێکی دوودەم” (Double-edged sword) بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەلمێنراوە؛ سەرەتا ڕێگەی بۆ هەڵکشانی وەک دەسەڵاتێکی هەرێمی خۆش کرد، دواتر ئاسانکاریی بۆ وێرانکارییەکانی ئەم دوایییەی کرد، بەڵام ڕەنگە لەم ساتەدا یارمەتیدەر بێت بۆ پێشگرتن لە شکستی تەواوەتیی ئێران.

سەرچاوە:

https://en.majalla.com/node/332492/politics/multipolarity-helping-or-hindering-iran