پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
چیڕۆکەکە کەى دەستی پێ کرد؟
ئەوەى چیڕۆکەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات و دەیگێڕێتەوە، ماڵپەڕی ئاكسیۆس (Axios)ە، كه سایتێکی میدیایی و ڕۆژنامەوانیى دیجیتاڵیی ئەمریکییە و لە ساڵی 2017 لەسەر دەستى هەندێ ڕۆژنامەوانى بەناوبانگى ئەو وڵاتە دامەزراوە، وەک: Jim VandeHei وMike Allen وRoy Schwartz . بەوەیش بەناوبانگە کە گرنگییهكی زۆر بە سیاسەتی ئەمریکا و پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لە واشنتۆنی پایتەخت، کۆشکی سپی، ئاسایشی نەتەوەیی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئابووری و کۆنگرێس دەدات و بهدواداچوونیان بۆ دهكات. بۆ هەر یەکێک لەم جێگه و بوارانەیش پەیامنێری تایبەتی خۆی هەیە؛ ناوبانگیشی بهوه دهركردووه كه ڕاپۆرت و زانیاریی ناوازه و تایبهت (Exclusive information / Scoop)ی چنگ دهكهوێت.
ئاکسیۆس ڕۆژى 16ى ئابی 2026 ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە هەوڵێکی ناوبژیوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر داواى ویلایهتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەژێر سەردێڕی Scoop: Inside Trump’s secret backchannel to Iran’s Revolutionary Guard لەلایەن “باراک ڕاڤید”ی پەیامنێرەوە بڵاو کردەوە؛ بۆ یەکەمین جاریش بوو ئەم زانیارییە دواى سێ مانگ لە ئەنجامدانى کارەکە بڵاو بکرێتەوە. هۆکارى داواکەی کۆشکی سپی لە سەرۆکی هەرێم دواى ئەوە هات، کە ئەمریکا پێی وا بوو دواى دە ڕۆژ لە دواکەوتنى واژۆکردنى لێکتێگەیشتنەکەى ئیسلام ئاباد لەنێوان ئەمریکا و ئێران، لە ئێران سەرکردایەتییەکى یەکگرتوو نییە تا لەگەڵیاندا پەیوەندی و ڕێکكەوتن بکات و، وای بۆ دهچوون کە سوپاى پاسداران ڕێگرن و ئەوان دەمڕاستى وڵاتن و بهبێ ڕا و ڕەزامەندیى ئەوان هیچ ڕێکكەوتنێک لەگەڵ ئێران سوودى نییە و سهر ناگرێت.
بۆ گەیشتن بەو زانیارى و ڕاستییە، هیچ کام لە دەوڵەتانى ناوبژیوان، واته پاکستان، قەتەر، عومان و تورکیا، نەیانتوانى وەڵامێک بۆ ئەمریکا وهربگرن و بگەنە سەرچاوەى پێویست و مەبەست. بەپێی سەرچاوەکە: بۆ گەیشتن بەو ڕاستییە، ئەمریکا لە ڕێگەى تولسی گابارد، بەڕێوەبهرى هەواڵگریى نیشتمانییەوە داوایەکی فەرمیی سەرۆکی وڵاتى لەو بارەیەوە گهیانده نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ئەمریکا زۆر حهزی دهكرد بگاتە ئەو ڕاستییە، چونکە بە لاى ئەوانەوە پەیوەندیی بە ئاییندەى دانوستان و ڕێکكەوتنهوه ههبوو لەگەڵ ئێراندا. بە گوتەى ئاکسیۆس: تا ئەمریکا بزانێت لەگەڵ کێدا وتوێژ دەکات و قسەى کۆتایی بۆ بڕیاردان لاى کێیە. ئەوە بوو جووڵە دیپلۆماسییەکەى پشتپەردە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانهوە، بەسەرکەوتوویی ئەنجام درا.
گرنگیى نێوەندگیری و ناوبژیوانییەکەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چیدا بوو؟
- لەنێو هاوکێشە ئاڵۆزە هەڵکشاوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتیى هەرێمی کوردستان توانیى جووڵەیەکی ناوبژیوانیی دەگمەن و ناوازە بكات، کە چەندان دەوڵەتى ناوچەکە تامەزرۆى ئهو جووڵهیه بوون؛ لە لایەک بۆ ئەوەى ڕۆڵێکی ئەرێنى لە قەیرانەکەدا ببینن؛ لە لایەکی تریشەوە بۆ ئهوهی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەپتەوى درێژە پێ بدەن. ئەمەیش بە خاڵێکی ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکەى ئەژمار دەکرێت.
- زۆر بەدواداچوونم کرد بۆ ئەوەى بزانم: ئایا ئەمریکا پێشتر ئەو داواى ناوبژیوانییەى لە سەرۆکى هەرێمێک یان کەسایەتییەکى سیاسی کردووە؛ بهڵام هیچ زانیارییەکم چنگ نەکەوت كه ئهمه پشتڕاست بكاتهوه. گهر ئهمریكا ئهو داوایهیشی كردبێت، یان له دەوڵەتێك بووه، یان له بەرپرسێکی سیاسیی ناو دەوڵەتێک بووه. بەدەر لە حاڵەتى دەوڵەت و نەتەوە یەکگرتووەکان، نموونەمان لەو بارەیەوە نییە؛ بۆیە ئەمە دەگمەنە.
- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێگەیەکی تایبەتى خۆى لە ناوچەکهدا هەیە و پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەموواندا هاوسەنگن و، دەکرێت بۆ ناوبژیوانی و چارەسەرى گرفتەکان، پەناى بۆ ببردرێت. ئەم ڕاستییەیش لە دیمانەیەکیدا ”برێت ماکگورک” ئاماژەى پێ دا. برێت ماکگورک وهك ڕاوێژکار بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەگەڵ چوار سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام بووە.
- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێجگە لە خاڵە ئەرێنییەکانى و پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان، خۆى باکگراوندێکی باشی لەگەڵ ژینگەى سیاسیی ئێراندا هەیە و دهتوانێت بە زمانى فارسیی پاراو قسه بكات و بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ ژیاوه و باشتر لە سەرۆکەکانى وڵاتى ناوچەکە، کەسایەتییەکانى ئەو وڵاتە دەناسێت.
- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خودی هەرێمی کوردستانیش بێلایەنیى تەواوى خۆیان پاراستووە و، تا هەنووکە بەشێک نەبوونه لەو جهنگەى کە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە؛ ههرچهنده لەلایەن ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانییەوە بەردەوام هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە تازەترینیان هێرشە درۆنییەکەى چەند ڕۆژى ڕابردوو بوو بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام لە هەولێر.
کەواتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئاڕاستەى هەرێمی کوردستان، نەک هەر بێلایەنى ڕێژەیی نەبوون، بەڵکوو بێلایەنێکی تەواو ئەرێنى و چالاک بوون لەو جهنگەدا؛ ئهمهیش كارهكهی ئاسانتر كرد كه داوای لێ بكرێت وەک ناوبژیوان بێته ناو بابهتهكه و، ئێرانیش بهوه ڕازی ببێت و متمانهی پێ بكات.
- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان توانیى بگاتە ئەنجام؛ هەردوو لایەنەکەیش مامهڵهیان لەگەڵ ناوبژیوانییەکەى كرد. داواکاری و پهیامی ئەمریکا ڕاشكاوانه لە ڕێگەى سەرۆکی هەرێمەوە گهیهنرایه ئێران و، لەلایەن سوپاى پاسدارانیشەوە وەڵام درایەوە.
- بەرەنجامی ناوبژیوانییهكه ئاماژەیەکی ئەرێنیی دا بە هەردوو لا؛ هەر بۆیە ئەمریکا داوایەکی ترى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد تاكوو وەک ناوبژیوان لە هەولێرى پایتەختى هەرێمی کوردستان میواندارى لە شاندى دانوستانى هەردوو لا بکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندیی خۆی بە میوانداری و پێشوازیكردن له ههردوو لایهنهكه دهربڕی؛ ههرچهنده ئێرانییهكان به پاساوی ئهمنییهوه ڕهتیان كردهوه بێنه ههولێر، بەڵام پێیان وا بوو خودی دانیشتنەکە ڕێی تێ دهچێت ئهنجام بدرێت.
- متمانەى ئەمریکا بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەناو ئەو هەموو سەرکردانەى تر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ڕاستیى ئەوە دەردەخات کە تا هەنووکە هەرێمی کوردستان لە ستراتیژییەتى ئەمریکادا پێگەى تایبەتى خۆى هەیە و لەلایەن خودی دەوڵەتانى ناوچەکەوە- وەک تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق- چیدی وا سەرنجی هەرێمی کوردستان نادرێت کە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیییان؛ بهڵام ئێستا ئەو مەترسییەیان نەک ههر ڕەویوەتەوە، بەڵکوو خۆیان داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتى هەرێم دەکەن تا کارئاسانییان بۆ بكهن و لە تەباییی نیشتمانى لەنێوان حکوومەتى مەرکەزى و گەلی کوردى ئەو وڵاتانەدا ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕن، وهك: پڕۆسەى چارەسەری لە تورکیا، سووریا و هەندێ جاریش لە ئێران. ئەمەیش خاڵێکی وەرچەرخانى ئەرێنییە لە سیاسەتى دەرەوەى ئەو وڵاتانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان.

ئایا ئەو ئەرکى ناوبژیوانییە لەوێ دەستی پێ کرد و هەر لەوێش کۆتایی هات؟
بێ گومان وەڵامەکە “نەخێر”ە. ئەوە بەرەنجامى کارە دیپلۆماسییەکانى چواردە ساڵ لەمەوبەرە؛ ئێستا گەیشتۆتە ئەو ئاستەى کە دەیبینین.
دواى بەدواداچوونم بۆ بهشێك له ئەرشیفی “پارتى دیموکراتى کوردستان” و بیرەوەرییەکانى “سەرۆک بارزانى” و ماڵپەڕی بەڕێزیان و ماڵپەڕى سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان و حکوومەتى هەرێمی کوردستان، بۆ وەڵامی پرسیارەکە داتایەکی تر هەیە: هەر ئەوە نییە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستادا ناوبژیوانییهكی له ئهستۆ گرتبێت و هیچ پێشینەیەکی دیكهی نەبێت؛ نهخێر، پێشینهی ههیه و، بگره بەپێی قۆناغەکان فراوانتر بووه و متمانەی زیاتریش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بووە، بهتایبەت لەگەڵ تورکیا، سووریا و عێراق و، هەندێ جاریش لەگەڵ ئێران. کارەکان لە چەند حاڵەتێکدا خۆیان بینیوەتەوە: ناوبژیوانی، دروستکردنى ڕایەڵەى پەیوەندی، هەماهەنگیکردن، بەشدارى لە میکانیزمی چارەسەر، ڕەواندنەوەى مەترسییەکان و هتد.
بۆ نموونە، سەرۆک بارزانی بەردەوام بەپەرۆش بووە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و، بەشداریى کارای هەبووە لە پڕۆسەى ئاشتەواییی کوردستانی باکوور لەگەڵ حکوومەتى تورکیا، تا لهوێوه گەلی کورد لە باکوورى کوردستان بگەنە مافە نەتەوەیی و مەدەنییەکانى خۆیان و لە دەستوورى ئەو وڵاتەدا جێگیر بکرێن. لە هەندێ قۆناغیشدا پڕۆسەکە باش چۆتە پێش و، سەرۆک بارزانى بهكردهوه، خۆى بەو ئەرکە نەتەوەیییە دیپلۆماسییە هەستاوە. ئەوەندەى کە توانیم لێکۆڵینەوە بکەم، لە دواى ڕاپەڕینەوە سەرۆک بارزانی زیاتر لە 9 جار سەردانى تورکیاى کردووە؛ پێنجیان لە سەردەمى سەرۆکایەتیى هەرێمی بەڕێزیان بووە و بانگهێشتى فەرمی بوون و، مەبەستى زۆربەى سەردانەکانیش پڕۆسەى ئاشتەواییی ئەو وڵاتە بووە. دواهەمینیشیان ئەوەى ساڵی 2025 بوو کە پاسەوانەکانى بە ئاڵاى کوردستانەوە چوونە ناو تورکیا و، هەندێ نیگەرانییشی وەک پەرچەکردار لەلایەن نەتەوەپەرستەکانەوە لێ کەوتەوە.
دوا بە دواى ئەو ئەرکە نەتەوەیییەى سەرۆک بارزانی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەى ئاشتەوایی و کارى دیپلۆماسی و بازرگانى، كه بهتایبەت زۆربەیان ڕەهەندی پڕۆسەى ئاشتەوایییان تێدا بووە لە تورکیا، نێچیرڤان بارزانى لە ساڵی 2012 تا 2025، زیاتر لە 17 جار سەردانى تورکیاى کردووە و، لەلایەن خودى تورکیاشەوە بۆ بەرەوپێشبردنى پڕۆسەى ئاشتەوایی داواى هاوکاریى لێ کراوە؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە سەرۆکی حکوومەتیش زیاتر لە 3 جار بهفهرمی سەردانى ئەو وڵاتەی کردووە.
ئایا لەگەڵ ئەو سەردانانەى سەرۆک بارزانى و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، حکوومەتى تورکیاش کارلێکی لەگەڵ ئەو حاڵەتە ئاشتەوایی و دیپلۆماسییانەى هەرێم هەبووە؟
بەرپرسانی تورکیا لەبەرامبەر ئەو پەیوەندییە ئەرێنییانەى هەرێمی کوردستان کارلێکی ئەرێنییان هەبووە، بهتایبەت لە قۆناغی هاتنەسەرحوكمى پارتى داد و گەشەپێدان؛ هەر لە ساڵی 2009 تا 2026 بەرپرسانی تورکیا زیاتر لە 21 جار بهفهرمی سەردانى هەرێمیان كردووه، بۆ نموونە وەک ژمارە بە جار: سەرۆکى تورکیا 2، سەرۆکوەزیران 3، سیاسەتى دەرەوە 10، بەرگرى 3، بازرگانى و دارایی 1، میت 2.
سەبارەت بە دۆسیەى سووریاش، سەرۆک بارزانى و نێچیرڤان بارزانى هەر لەسەر ئەو ئاڕاستەیە بوون. لە دواى ڕاپەڕین، سەرۆک بارزانى له ساڵی 2003 بۆ یەکەم جار سەردانى سووریاى کرد. بۆ پاڵپشتیى گەلی کورد لە ڕۆژاواش لە مانگى شوباتى 2025، بەڕێز “حەمید دەربەندى”ی ناردە سووریا و لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆ بووەوە. دواهەمین سەردانیش لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بوو لە ساڵی 2026 و، لەگەڵ خودی سەرۆکی سووریا کۆ بووەوە و لە پێشوازیکردنیشیدا ڕێوڕەسمی تەواوى دیپلۆماسی بە ئاڵاى کوردستانیشەوە گیرایە بەر. ئامانج لە سەردانەکە هاوکاریکردن و پشتیوانی بوو بۆ پڕۆسەى ئاشتەوایی لە سووریا لەنێوان گەلی کورد و حکوومەتى سووریا. لە لایەکی تریشەوە پارتى دیموکراتى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012 تا 2014 له چوار وێستگەى گرنگدا لەسەر ئاستى نەتەوەیی، میوانداریى لایەنە سیاسییەکانى کوردى ڕۆژاوایان کردووە به مەبەستى یەکهەڵوێستبوون و یەکپاکێجیی نەتەوەیی لە ڕۆژاوا؛ بەرەنجامەکەشیی ئەرێنی بوو، وەک: ڕێکكەوتنى هەولێر یەک، هەولێر دوو، ڕێکكەوتنى دهۆک. ئەمە بێجگە لەوەى کە پەیوەندییەکان لە 2012 – 2014 زۆر گەرموگوڕ بوون و زیاتر لە 10 سەردانى لایەنە سوورییەکان بۆ هەرێم هەن، کە هەندێکیان تەنانەت لایەنى کوردی سووریا نەبوون و بۆ مەبەستى ناوبژیوانى و ئاسانکارى هاتبوون، تا هەرێمی کوردستان کاریگەرى لەسەر لایەنە کوردییەکانى سووریا بکات بۆ بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی جنێڤ، کە لەسەر بارودۆخى سووریاى ئەوکات ساز درا. بەڵام هەوڵەکانى ساڵانی 2025 تا ئێستا، لەوەدا چڕ کرانەوە کە مافە مەدەنییەکانى گەلی کورد لە سووریا ئاکامێکیان هەبێت و پڕۆسەى ئاشتەوایی بەرەوپێش بچێت. هەر بۆیە بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە کانوونی دووەمى 2025ەوە، بۆ قسهكردن لهسهر دۆسیەى مافەکانى گەلی کوردی ڕۆژاوا و ڕێکكەوتن لەگەڵ دیمەشق، زیاتر لە 5 جاران لەلایەن سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانییهوه له ههرێم پێشوازیی لێ کراوه.
هەمان هەوڵی دیپلۆماسی و پەیوەندیی باش و ههبوونی متمانه لەگەڵ ئێرانیش هەبووە. بهتایبەت لە دواى ساڵی 2005 کە حکوومەتى هەرێم بوو بە دیفاکتۆیەکی دەستووری، سەرۆک بارزانی لە سەردەمى سەرۆکایەتیى هەرێمیدا، 2 جاران سەردانى ئێرانی کردووە. جارێکیشیان لە 2011 لەگەڵ خودی ڕێبەرى گشتى کۆ بۆتەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا زیاتر لە 5 جاران سەردانى ئێرانی کردووە و، سەرۆکوەزیرانیش یەک جار. تەوەرى سەردانەکانیش بازرگانى و سیاسی و هەندێ بابەتیش سەبارەت لایەنە سیاسییە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بوون. لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی کۆمارى ئیسلامی بەفەرمی زیاتر لە 8 جاران لەسەر ئاستە جیاوازەکان و بۆ بابەتە ستراتیژییەکان سەردانى هەرێمیان کردووە؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە کونسوڵ و باڵیۆزی ئەو وڵاتە هەر زوو زوو سەردانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتیان کردووە: سەرۆک 1 جار، وەزارەتى دەرەوە 2 (بەتایبەت جارێکیان وەزیرى دەرەوە)، وەزارەتى ناوخۆ 1، پارێزگاران 3.
ئەوەى کە باس کرا، زیاتر لەسەر ڕەهەندی نەتەوەیی بوو کە چۆن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، توانیویەتى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هێور بکاتەوە و بەرەوپێشیان ببات و لە ڕووى سیاسی و ئابوورییەوە وەبەرهێنانیشیان تێدا بکات؛کە بەپێی قۆناغەکان، بووە مایەى گەشەسەندنى هەرێمی کوردستان و دروستبوونى پەیوەندیی ئابوورى و بازرگانیى فراوان و بەرەوپێشبردنى وەبەرهێنان لە هەرێم.
ئەمه سەرەڕاى ئەوەى کە چەندان سەردانى فەرمی بۆ چەندان دەوڵەتى ئەوروپی و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەلایەن سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانەوە ئەنجام دراون؛ بەتایبەت سەرۆکی هەرێم، زیاتر لە 15 سەردانى فەرمیی لە 2014 بۆ وڵاتانى دونیا كردووه؛ بێجگە لە ئێران و تورکیا. ئامانجیش لێیان بەهێزکردنى پێگەى هەرێمی کوردستان بووە لەسەر نەخشەى سیاسیی جیهان و زیاتر مسۆگەرکردنى پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
جووڵەی فەرمی و دیپلۆماسییەتى پشتپەردە، چۆن وەبەرهێنانى سیاسی و ئابووریی تێدا بکرێت؟
مخابن، بە هۆکارى ئەو ژینگە سیاسییەى کە هەر لە ساڵی 1992وە هەرێمی کوردستانی تێ کەوتووە، نەتوانراوە بەپێی پێویست ئەو جووڵە دیپلۆماسییە گرنگانە وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت. دەتوانرا لەوە زیاتر بکرێت؛ هەرێمی کوردستان پتر پێش بکەوێت؛ گەشەسەندووتر بووایە؛ دەکرا هەرێمی کوردستان جۆرێک لە ڕۆڵى سویسراى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببینیایە.
ئایا دەکرێت لە ڕوانگەى ئەو جووڵە دیپلۆماسییانەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەرێم بتوانێت ڕۆڵی سویسرا یان جنێڤ ببینێت؟ لەو بارەیەوە سویسرا و جنێڤ دوو دیاردەن تا ڕاددەیەک لەیەکترى جیاوازن، بەڵام هەردووکیان سیماى ناوبژیوانی و بێلایەنى و دیپلۆماسییەتیان تێدایە. ڕاستە سویسرا لەسەر بنەماى سەروەریى دەوڵەت و بێلایەنى و سەقامگیری و ئابوورییەکى گەشەسەندوو و دامەزراوەییبوونە، بەڵام جنێڤ ئاماژەیەکە بۆ سیاسەتى نێودەوڵەتى لە بوارەکانى: دیپلۆماسییەت، کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان، ناوبژیوانی، دانوستان، کەناڵی بەیەکگەیشتنى رکابەرەکان.
ئایا هەرێمى کوردستان لەتوانایدا هەیە ئەو ڕۆڵە ببینێت؟
بەڵێ، بێ گومان ئەگەر هەوڵی بۆ بدرێت لەتوانایدایە. پێوەرەکانى تواناکانیشی وەک: بەردەوامبوون لە ناوبژیوانی و نێوهندگیری بۆ لایەنە سیاسییەکانى عێراق و، دەوڵەتانى ناوچەکە و دونیا، بێلایەنیى ڕێژەیی، چونکە هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەو ژینگەیەى لەدەورى تەنراوە، تەواو بێلایەن بێت، بۆ نموونە: مافەکانى گەلی کورد لە پارچەکانى ترى کوردستان، دیپلۆماسییەتى فرەئاڕاستە کە ئێستا لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە ئەنجام دەدرێت، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم یاریدەدەرە، بوونى هێزى نەرمی کاریگەر لە هەرێمی کوردستان، وەک: زانکۆکان، بەستنى چەندان کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆڕبەند، سەنتەرەکانى لێکۆڵینەوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم، وەبەرهێنانى نێودەوڵەتى و ناوچەیی، پێکەوەژیان؛ ئەمە و چەندان هۆکارى دی کە زەمینەى هەرێم لەو بارەیەوە گونجاوتر دەکەن.
کەواتە دەتوانین هەرێم بکەینە مینبەرێکی ناوچەیی بۆ ناوبژیوانی و گفتوگۆ و هاوکاریى لایەنەکان.
ئایا سەرۆکی هەرێم ئەو توانایەى هەیە ئهم کارە بگرێته ئهستۆ و، هەرێم بۆ ئەو ئاستە ههڵكشێنێت؟
ئەوەى پێشوو دەری دەخا، کە دەتوانێت و زەمینەیەکی لەباریش هەیە بۆ ئەوەى کە بتوانێت جووڵەى لێوە بکات؛ چ لەسەر ئاستى ناوخۆیی و، چ لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى. هەر لە ساڵی 2005 تا ئێستا سەرۆکایەتیى هەرێم لە سەردەمى سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانیدا توانیویهتی هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکى ناهەموارەوە، بگۆڕێت بۆ بنەمایەکى ستراتیژییەتى وڵات و هۆکارێکی سەقامگیری و یاریدەدەر بۆ چارەسەرى گرفتەکانى ناوچەکە. بەو مانایەى کە لەو ماوهیەدا سەرۆکایەتیى هەرێم توانیویەتى نیگەرانیى خودى ئەو دەوڵەتانەیش، کە گرفتیان لەگەڵ هاووڵاتیانی کوردی خۆیان هەیە لە تورکیا و ئێران و سووریا، چیدی وا سەرنجى هەرێمى کوردستان نەدەن بەوەى کە مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیییان، بەڵکوو هەرێمى کوردستان بۆتە هاوکار بۆ پڕۆسەکانى ئاشتەوایی لەو وڵاتانە لەنێوان گەلی کوردی باکوور و ڕۆژاوا لەگەڵ حکوومەتەکانیان. لە هەمان کاتیشدا بێلایەنییەکى ڕێژەیی هەیە، چونکە بەردەوام جەخت لەسەر دابینکردنى مافە ڕەواکانى گەلی کورد دەکاتەوە لەو وڵاتانە بە ڕێگەچارەى دیموکراسی و ئاشتییانە.
پرسیارێکی ترى گرنگ لەو بارەیەوە قووت دەبێتەوە: ئایا جووڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانى سەرۆکایەتیى هەرێم، لەگەڵ ژینگەى سیاسیی ناوخۆى هەرێم و پڕۆسە سیاسییەکەیدا هاوتەریبن؟
وەڵامەکە دیارە کە “نەخێر”ە. لە کاتێکدا کە سەرۆکی هەرێم خەریکی ناوبژیوانییە لە مەترسیدارترین جهنگی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لهنێوان سەرسەخترین دوو لایەنى دژبەیەک کە ئێران و ئەمریکان، هەردوو لایەنەکەیش متمانەی تەواویان بەو ناوبژیوانییە هەیە کە دەکرێت و بەرەنجامیشی هەبوو، گەرچی مەرج نییە هەموو هەوڵەکانی ناوبژیوانی لەڕووى سیاسی و دیپلۆماسییەوە بەرەنجامیان هەبێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێم، پڕۆسەى سیاسی ڕوو لە پاشەکشەیە و نەتوانراوە تا ئێستا کابینەى دەیەم پێک بهێنرێت…کەواتە ناهاوسەنگییەک هەیە.
کەواتە هەندێک لە گرفتەکانى بەردەم سەرۆکی هەرێم بۆ باشتر ئەداکردنى ئەو ڕۆڵە گرنگە، ئەمانەن:
- لێکترازان و پەرتبوونى سیاسیی ناوخۆى هەرێم؛ کە متمانە و پێگەى هەرێم لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق، بەرەو داکشان دەبات.
- ڕکابەریى نەرێنیی حزبی. ئەم دیاردەیە تەواوى سنوورەکانى ئاکارى کارى سیاسی و نەتەوەییی بەزاندووە، ههروهها کاریگەریى نەرێنیى لەسەر ڕەوشی پهیوهندییه دهرهكییهكانی ههرێمی کوردستان دەبێت و دەیکاتە پارسەنگ و پاشکۆى ئەو ململانێ حزبییەى کە هەیە.
- پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، هەڵکشان و داکشان دەکەن. لە لایەک هەندێ لە سەرانی بەغدا، نییەتى پاکیان لە جێبەجێکردنى فیدراڵییەتدا نییە؛ لە لایەکی تریشەوە هەندێ لایەنى سیاسیی کوردى ڕۆڵێکی هێندە نەرێنی دەبینن، کە دوژمنانى کورد ئەو توانایەیان نییە. گرفتەکەیشیان لەوەدایە هەر پێشکەوتنێک یان کەمتەرخەمییەک کە هەبێت، لەسەر پارتى دیموکراتى کوردستانی ئەژمار دەکەن و، لەجیاتی چارەسەر و هاوکارى، ڕێگریى زێتر دەنێنەوە. ئەمەیش سەرۆکایەتیى هەرێم و حکوومەت دووچارى دژوارى دەکات. ئەمە جگە لەوەى کە خودى هەرێم بەشێکە لە عێراق، هەندێ جار سنوورى جووڵە دیپلۆماسییەکان بەرتەسک دەکاتەوە؛ بەڵام تا ئێستا لەبەرامبەر جووڵە دیپلۆماسییەکانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە، نیگەرانیى لێ نەکەوتۆتەوە.
- بێلایەنیى ڕێژەییی سەرۆکی هەرێم، هەندێ جار جووڵەى دیپلۆماسی بەرتەسک دەکاتەوە، یان لەمپەرى بۆ دەنێتەوە. خودی سەرۆکایەتیى هەرێمیش لە هەندێ بابەت ناتوانێت بێلایەنى تەواو بێت، وەک: شایستە دەستوورییەکانى هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر حکوومەتی فیدراڵ، یان مافە ڕەواکانى گەلی کورد لە پارچەکانى ترى کوردستان. بەڵام لەو حاڵەتەدا، خۆشبەختانە لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە لێکتێگەیشتن دەربارەیان دروست بووە.
- هەندێ دۆسیەى ئاسایش و سەربازى بەناچارى هەرێمی کوردستان دەکەنە لایەنێک لە ململانێکان؛ هەرچەندە سەرۆکایەتیى هەرێم و حکوومەت ئەو پەیامەیان دووپات کردۆتەوە، بەوەى کە هەرێمی کوردستان نە بەشێکە لەم جهنگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، نە دەبێـتە لایەنێکیش لێی، بەڵکوو بێلایەنیی خۆى بەبەردەوامى پاراستووە. هەر بۆیە ئەو حاڵەتە کاریگەریى لەسەر جووڵەى دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان دەبێت و هەندێ کات، دەبێتە لەمپەر لەبەردەم جووڵە دیپلۆماسییەکان و ناوبژیوانییەکانى سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان.
ئێمە لێرە مەبەستمان ئەوە نییە کە سەرۆکى هەرێمی کوردستان بەرامبەر هەموو ڕووداو و لایەنەکان بێلایەن بێت، بەڵکوو ئەوەى گرنگە ئەوەیە: بتوانێت لەگەڵ هەمووان گفتوگۆ بکات، بێ ئەوەى ببێتە شوێنکەوتەى هیچ لایەنێکیان. گرنگ ئاڕاستەکردنى جووڵەکانییەتى بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانى هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنیان؛ ئاماژەکانیش لەو بارەیەوە ئەرێنین.







