مانۆڕی کڕینی کات و داڕشتنەوەی هەژموون؛ عێراق لەنێوان چەکداماڵین و دەسەڵاتی سێبەردا
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
دەسپێك
لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە وادەی کۆتاییی مانگی ئەیلوول (کە وەک وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ پڕۆسەی قۆرخكردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە، دیاری کراوە) جووڵەیەکی نوێ لەناو باڵەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی شیعەدا سەری هەڵداوە بە مەبەستی داڕشتنەوەی پەیکەری ناوەندی بڕیاردانی سیاسی لە عێراق. ئەم هەوڵە، کە لە پێشنیازی پێکهێنانی ئۆرگانێکی نوێدا بە ناوی “ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت” بەرجەستە دەبێت، تەنیا گۆڕانکارییەکی ڕێکخراوەیی و ڕووکەشی نییە؛ بەڵکوو هەڵگری چەندان ئامانجی شاراوە و لێکەوتەیە بۆ سەر داهاتووی پڕۆسەی سیاسی، پێگەی سەرۆکوەزیران و، هاوسەنگیی هێز.
ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی پشت ئەم پڕۆژەیە و، شیکاری بۆ لێکەوتە سیاسی و دامەزراوەیییەکانی بکات لەم قۆناغەی عێراقدا.
قۆناغی پاش ٣٠ی ئەیلوول؛ پاشەکشەی تاکتیکی و گەمەی کڕینی کات
هەرچەندە بڕیار بوو ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ وادەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بێت بۆ سەپاندنی قەتیسكردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە (حصر السلاح)، کە تێیدا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەر لە گەشتەکەی بۆ واشنتۆن لە (١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦) لە ڕێگەی وتارێکی فەرمییەوە وەک زەمینەسازییەک بۆ قۆناغی پاش کشانەوەی هاوپەیمانان پابەندبوونی خۆی بەم بنەمایەوە دووپات کردەوە ([1])؛ بەڵام پاش گەڕانەوەی لە سەردانەكەی ئەمریكا و گفتەكانی بە ترەمپ لەو بارەیەوە، هاوکێشەکان بەخێرایی ئاراستەیەکی پێچەوانەیان وەرگرت. پاش سەردانی بەرپرسە باڵاکانی ئێران (لەوانە محەمەدباقر قالیباف و ئیسماعیل قائانی) بۆ عێراق لە ناوەڕاستی ئابی ٢٠٢٦ و تێپەڕبوونی نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەسەر دانوستانە چڕەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارە شیعییەکاندا، زەیدی کەوتە ژێر گوشارێکی توندی پێچەوانەوە، کە ناچاری کرد وردە وردە لە پێداگرییەکانی بۆ چەککردنی ئەو گرووپانە جۆرێك لە پاشەکشە بکات ([2]).
لەژێر سایەی ئەم گوشارانەدا، نەخشەڕێگهی بەغدا گۆڕانکاریی بەسەردا هات و عەلی زەیدی خشتەیەکی کاتیی نوێی ڕاگەیاندووە کە وادەی یەکلاکەرەوەی لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ەوە بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ (واتە ٩ مانگ درەنگتر) دوا خست. ئەم نەخشەڕێگه نوێیە بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەبێت: یەکەمیان، ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ٩٠ ڕۆژەیە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لەپاش کۆتاییی ئەیلوول، لەبەرامبەر وەرگرتنی گهرەنتیی ئەمریکی بۆ هێرشنەكردنەسەریان. دووەمیان، دوای تێپەڕبوونی ئەو سێ مانگە، گرووپەکان بە شێوەیەکی پلە بە پلە دەست بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەکەن تا پڕۆسەکە لە کۆتاییی حوزەیرانی ٢٠٢٧دا بەکۆتا دەگات ([3]). لەم پلانەیشدا هێشتا چارەنووسی چەكدارەكان و ئاراستە و مەرجەعییەتی ئەمنی و سیاسیی داهاتوویان پاش ڕادەستكردنی گریمانكراوی چەكەكانیان، بەنادیاری ماوەتەوە و جێگەی پرسیار و مشتومڕی جۆراوجۆرە؛ ئەمەیش دەشێت ئاماژە بێت كە نەخشە و پلانی دووەمیش جددی نەبێت و زیاتر بۆ بەڕێكردنی قۆناغەكە و چاوەڕوانیكردنی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و ئەنجامی پەیوەندیی ئەمریكا و ئێران بێت.
تا ئێستا بەتەواوی ڕوون نییە کە ئایا ئیدارەی ئەمریکا بەفەرمی ئەم گۆڕانکاری و دواخستنە پەسەند دەکات یان نا؛ بەتایبەت کە جگە لە “تۆم باراک”، نوێنەری ترەمپ بۆ عێراق و سووریا، بەرپرسە ئەمریکییەکانی دیکە بێدەنگییان هەڵبژاردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، لێدوانەکانی “مارک ڕوبیۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی ئیدارەی ترەمپ لە عەلی زەیدی و هیوای سەرکەوتنی، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن—سەرەڕای نیگەرانییەکانی لە دواخستنی وادەکە و پەسەندنەكردنی بەفەرمی— دەشێت دەرفەتێکی دیکە بە بەغدا بدات. بەڵام ئەمە “هاوکێشەیەکی شلۆق” و هەستیارە؛ چونکە بەردەوامیی ئەم دەرفەتە، بەتەواوی بەستراوەتەوە بە پەرەسەندنەکانی جەنگی ناوبەناوی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە و هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکانەوە. هەر بەشدارییەکی ئەم گرووپانە لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی دراوسێ، نەک تەنیا پلانە ٩ مانگییەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵکوو پێگە و متمانەی عەلی زەیدی لە واشنتۆن دەخاتە بەردەم مەترسیی داڕمانی یەکجارەکی.
جەنگی چەمکەکان؛ لە قۆرخکردنەوە بۆ ڕێکخستنەوە
لە کاتێکدا عەلی زەیدی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرەو نیویۆرک گەشتی دەکرد، دزەکردنی هەواڵی ئەم وادەگۆڕینە زیاتر لە ستراتیژیی “کڕینی کات” دەچێت وەک لە پابەندبوونێکی کۆنکرێتی. ئەم گەمەی کڕینی کاتە لە گۆڕینی چەمکەکاندا بەڕوونی دەردەکەوێت؛ ئێستا حکوومەتی بەغدا وای پیشان دەدات کە ٣٠ی ئەیلوول وادەی “دەستپێکی ڕێکخستنەوەی چەکە” نەک “وادەی کۆتاییی کۆنترۆڵکردنی”. لەم بهینهیشدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەوڵی دەرکردنی بەیاننامەیەکی گشتگیردان بۆ جێگیرکردنی چەمکی “ڕێکخستنەوەی چەک” (إعادة تنظيم السلاح) بە جۆرێک کە سەرجەم گرووپەکان بگرێتەوە؛ تەنانەت ئەوانەیشی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان([4]). ئەمەیش بەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو گوشارە ناوخۆیی و هەرێمایەتییانەیە کە خراوەتە سەر زەیدی، بەڵام مایك ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبوونەوە لەگەڵ زەیدی جەختی لە “هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا تیرۆریستییەكان” و “ڕێگەگرتن لە هێرشكردنە سەر دراوسێكان” لە عێراقەوە كردەوە و، ئەمەیش بەكورتی لە بایاننامەی وەزارەتی دەرەوەدا كراوەتە تەوەرەی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو لا ([5]).
بەم پێیە ئێستا پڕۆسەکە کەوتووەتە ناو جەنگێکی قووڵی چەمکسازییەوە؛ لە کاتێکدا بەغدا و گرووپە شیعییەکان دەیانەوێت پڕۆسەکە لەژێر ناوی “ڕێکخستنەوەی چەک” تێ پەڕێنن بۆ هێشتنەوەی هەژموونیان، لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێداگری لەسەر چەمکی “هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکان” و گێڕانەوەی سەروەریی ڕەها بۆ دەوڵەت دەکات.
هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سەرۆکوەزیران
هاوکات لەگەڵ ئەو گوشارە توندەی لەلایەن گرووپە چەکدارە شیعییەکانەوە دەخرێتە سەر سەرۆکوەزیران، لە ناوخۆی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یشدا هەوڵێک بهدی دهكرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری ناوەندی بڕیاردانی سیاسی پێش ئەوەی دۆسیەی چەک یەکلایی بکرێتەوە. ئەم هەوڵە بەدیاریکراوی لەو پێشنیازەدا بەرجەستە دەبێت کە هومام حەموودی، سەرکردە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ دامەزراندنی ئۆرگانێکی نوێ لەژێر ناوی “ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت” خستۆتە ڕوو([6]). ئەم پێشنیازەیش لە کاتێکدایە کە نەخشەی سیاسیی عێراق پێشوەختە قەرەباڵغییەکی دامەزراوەییی هەیە؛ لە لایەک “چوارچێوەی هەماهەنگی” وەک چەتری کۆکەرەوەی هێزە شیعییەکان هەیە و، لە لایەکی تریشەوە ئەنجومەنی “ئیدارەی دەوڵەت” وەک سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکوومەت و سەرۆکایەتییەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان کار دەکات.
تا ئێستا، چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر لە “یانەیەکی سیاسیی کراوە” دەچێت و خاوەنی پەیڕەوێکی ناوخۆییی ڕێکخراو نییە کە میکانیزمەکانی دەنگدان، ئەندامێتی و، سەرۆکایەتیکردن تێیدا ڕوون بێت. بەڵام بەپێی پێشنیازەکەی هەمام حەموودی، ئەنجومەنە شیعییە نوێیەکە چەند لیژنەیەکی لاوەکی (ئەمنی، خزمەتگوزاری و، کارگێڕی) لەخۆ دەگرێت، کە هەر یەکەیان سەرپەرشتیی دۆسیەیەک دەکات و “بەرچاوڕوونی و ئاراستە” دەداتە سەرۆکوەزیران؛ بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکرێت میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی چییە و دەسەڵاتەکانی لە کوێوە سەرچاوە دەگرن.
هەرچەندە وایش پیشان دەدرێت کە ئەم پێشنیازە تەنیا دیدگهیەکی کەسیی حەموودییە و لە دیدارێکدا بێ ئامادەکاریی پێشوەختە درکاندوویەتی، بەڵام دوو ئاماژەی سیاسیی بەهێز هەن کە وا دەکەن ئەم پێشنیازە جێگەی دڵەڕاوکێی قووڵ بێت بۆ سەربەخۆییی دەسەڵاتی جێبەجێکردن:
١. بێدەنگیی هێزە شیعییەکان: دوای ڕاگەیاندنی پێشنیازەکە، هیچ لایەنێکی کاریگەری ناو چوارچێوەکە ڕەتی نەکردەوە یان دژی نەوەستایەوە. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە دامەزراندنی ئەنجومەنێکی لەم شێوەیە ڕاستەوخۆ پێچەوانەی دەستوورە و، باڵانسی پێکهاتەیی لە عێراقدا تێک دەدات، لە پراکتیکدا “دەسەڵاتێکی سێبەر” دروست دەکات کە ڕۆڵی سەرۆکوەزیران بۆ جێبەجێکارێکی سادە بچووک دەکاتەوە.
٢. پێگەی هومام حەموودی: ناوبراو بە یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە هەرە نزیکەکان لە ئێرانەوە دەناسرێت و، زۆر جار وەک پردی پەیوەندی و گواستنەوەی پەیامە سیاسییەکانی تاران بۆ ناوەندی بڕیاری سیاسیی شیعی سەیر دەکرێت. ئەگەر ئەم پاڵپشتییە شاراوەیە نەبێت، حزبەکەی حەموودی (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی) کە تەنیا خاوەنی دوو کورسییە لە پەرلەماندا، نەدەبوو لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا خاوەنی ئەو قورسایییە بێت کە بتوانێت ئاراستەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران بكات و دۆسیە چارەنووسسازەکان یهكلایی بکاتهوه، لە کاتێکدا هێزی دیکە هەن کە خاوەنی ٢٠ تا ٤٥ کورسیی پەرلەمانین.
ئەم جووڵەیەیش ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە هەوڵێک هەبێت بۆ دروستکردنی مەرجەعییەتێکی سیاسیی باڵا کە بتوانێت جووڵەکانی سەرۆکوەزیران کۆت بکات، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی کێشمەکێشی نێوان واشنتۆن، بەغدا و گرووپە چەکدارەکاندا.
پاڵنەرەکانی گۆڕینی چوارچێوەی هەماهەنگی
دەشێت بیرۆکەی دروستکردنی ئەنجومەنێك بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە بخوێنرێتەوە: لە لایەک، هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی ناوەندی بڕیاری سیاسیی شیعە، لە کاتێکدا کە “چوارچێوەی هەماهەنگی” بەدەست کێشەی فرەجەمسەری، دابەشبوون و، نەبوونی میکانیزمی دەنگدان و یەکلاکردنەوەی پشکەکانەوە دەناڵێنێت (کە زۆر جار دوای پێکهێنانی حکوومەت ڕۆڵی ئەم چەترە لاواز دەبێت). لە لایەکی ترەوە، ئامرازێکە بۆ ڕێگریکردن لە موقتەدا سەدر، کە نەكا لە دەرەوەی هێزە تەقلیدییە شیعییەکان هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی نوێ پێک بهێنێت[7].
لەپاڵ هەوڵی پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆییی چوارچێوەکە، پاڵنەرێکی بەهێزتریش هەیە؛ ئەویش سنووردارکردن و کۆتکردنی جووڵەکانی سەرۆکوەزیران “عەلی زەیدی”یە. ئەم مەترسییەی چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای ئەوە زیاتر بوو کە زەیدی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بەرەوپێش برد و چەند هەنگاوێکی نا کە تارانیان بەتوندی نیگەران کرد؛ دیارترینیان بەم دوایییە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران و ئەو لێدوانانە بوو کە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئێران ڕێگرە لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە؛ ئەمەیش پێشینەیەكە سەرۆكوەزیرانە شیعەكانی پێشتر پێیان نەكراوە بەو جۆرە لەبارەی ئێرانەوە بدوێن كە هەژموونی ئەمنی و سیاسیی زۆری لە عێراقدا هەیە.
لەم سۆنگەیەوە، سەرچاوە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە شیعییەکان لەپشت پەردەدا سەرقاڵی دۆزینەوەی “شێوازێکی ڕێکخراوەییی نوێن” وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو سیناریۆیەی ئەگەر زەیدی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا تووشی بەیەکدادان بوو؛ لەو کاتەدا ئەم ئەنجومەنە جڵەوی بڕیاری حکوومی و جێبەجێکردن بگرێتە دەست [8].
دروستکردنی دەسەڵاتی جێگرەوە و پێشێلکردنی دەستوور
لە ڕووی دامەزراوەیییەوە، دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە بە مانای گواستنەوەی مەرجەعییەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دێت لە پەرلەمان و دەنگدەرەوە بۆ ئەنجومەنێکی سیاسیی داخراو، کە لە فۆڕم و ناوەڕۆکدا زیاتر لە ئەزموونی “ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش”ی حزبی بەعس دەچێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ماددەی ٧٨ی دەستووری عێراق، سەرۆکوەزیران بەرپرسی ڕاستەوخۆی جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە؛ هاوکات ماددەی ٨٠ دەسەڵاتی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی و چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە ئەنجومەنی وەزیران دەبەخشێت. واتە لە پەیکەری دەستووریی عێراقدا، هیچ بوار و پێگەیەک بۆ دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە (“ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت”) نەهێڵراوەتەوە.
نیگەرانی و مەترسییە گەورەکە لەوەدایە کە بەخشینی دەسەڵاتی کردەیی بەم ئەنجومەنە سیاسییە (ئەگەر سەر بگرێت)، ڕۆڵی سەرۆکوەزیران لە “بڕیاردەرێکی جێبەجێکار”ەوە بچووک دەکاتەوە بۆ “جێبەجێکارێکی سادە”ی ئەو بڕیارانەی لە ناوەندێکی دیکەدا دروست دەکرێن.
بە شێوەیەکی گشتی، کۆی لێکدانەوە و شرۆڤەکانی پەیوەست بە پێشنیازی ئەم ئەنجومەنە، لە دەوری دوو دیدگهی سەرەکی دەسووڕێنەوە:
یەکەم: چوارچێوەی شیعی دەیەوێت لە چەترێکی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ خاوەن و سەرپەرشتیاری دروستکردنی بڕیاری حکوومی بە شێوەیەكی سەرەكی.
دووەم: چوارچێوەکە ئامانجیەتی لە دەرەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران، “وەرشەیەکی بڕیاردان” دروست بکات کە وەک دەسەڵاتێکی باڵا چاودێریی بڕیار و هەڵسوکەوتەکانی سەرۆکوەزیران بکات و بەتەواوی کۆنترۆڵی بکات.
کۆبەند
- خستنەڕووی پێشنیازی “ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت” و دواخستنی وادەی مۆنۆپۆڵکردنی چەک بۆ ساڵی ٢٠٢٧، دوو ڕووی یەك پڕۆسەن لە ململانێیەکی قووڵتردا: ململانێ لەسەر دیاریکردنی سەنتەری بڕیاردانی سیاسی و ئەمنی لە عێراقی پاش کشانەوەی هاوپەیمانان.
- چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕێگەی ئەم پێشنیازەوە هەوڵ دەدات قەیرانی فرەجەمسەری و پەرتەوازەییی ناوخۆییی خۆی چارەسەر بکات و خۆی لە ئەگەری هاوپەیمانێتییە نوێیەکانی سەدر بپارێزێت؛ بەڵام ئەمە لەسەر حیسابی پێشێلکردنی سەروەریی دەستووریی سەرۆکوەزیران ئەنجام دەدات. ئەم هەنگاوە، ئەگەر لەسەر ئەرزی واقع سەر بگرێت، عێراق دەباتەوە بۆ مۆدێلی “مەرجەعییەتی حزبیی باڵا بەسەر دەوڵەتدا”؛ مۆدێلێک کە تێیدا سەرۆکوەزیران لە فەرماندەی گشتی و داڕێژەری سیاسەتی دەوڵەتەوە، بچووک دەبێتەوە بۆ تەنیا فەرمانبەرێکی جێبەجێکار بۆ ئەو بڕیارانەی لە دەسەڵاتێکی سێبەری دەرەوەی دەزگه فەرمییەکاندا دەردەکرێن.
- لە گۆشەنیگایەکی دیکەیشەوە، گەمەی کڕینی کات و گۆڕینی چەمکەکان (لە “هەڵوەشاندنەوەی چەکداری”یەوە بۆ “ڕێکخستنەوەی چەک”)، دەری دەخات کە عەلی زەیدی لەنێوان بەرداشی مەرجەکانی واشنتۆن و هێڵی سووری تاراندا گیری خواردووە. هەموو هەنگاوێکی سەربەخۆیانەی زەیدی بەرەو ڕۆژاوا، کاردانەوەی توندی هێزە وەلائییەکانی لێ دەکەوێتەوە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی دامەزراوەی سێبەرەوە جڵەوی بکەن.
- لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی قۆناغی داهاتوو لە عێراقدا، تەنیا پرسی داماڵینی چەکی گرووپەکان نییە وەک ئەوەی لە ڕواڵەتدا دەردەکەوێت؛ بەڵکوو پرسی پاراستنی خودی پێگەی “دەسەڵاتی جێبەجێکردنە” لە مەترسیی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی لەلایەن دەسەڵاتێکی سیاسی-مەزهەبییەوە، کە دەیەوێت باڵادەستیی خۆی و هاوسەنگییە هەرێمایەتییەکان بەسەر سەروەریی دەوڵەتدا بسەپێنێت.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
([1] ( The Washington Post (2026) Why I’m coming to Washington. 12 July. Available at: https://2h.ae/EkEuL (Accessed: 15 July 2026).
([2]) المدى (2026) أميركا قد تختصر مهلة حصر السلاح إلى 6 أشهر.. ولا اتفاق على مصير مقاتلي الفصائل: بغداد وواشنطن لا تتحدثان اللغة نفسها.. دمج أم تفكيك؟. 24 سبتمبر.
([3]) The New York Times (2026) Iraq Prime Minister Interview: Disarm Militias. 21 September.
[4] الحرة. (2026) مصادر: الحكومة العراقية تتراجع عن موقفها بشأن نزع سلاح الفصائل. 16 سبتمبر. متاح على: https://2h.ae/sWpTS (تاريخ الاطلاع: 18 سبتمبر 2026).
[5] وزارة الخارجية الأمريكية. (2026). Secretary Rubio’s Meeting with Iraqi Prime Minister Al-Zaidi. Office of the Spokesperson، 21 سبتمبر/أيلول 2026.
[6] المدى (2026) «مجلس قيادة الدولة» يشعل الخلاف.. تنظيم للإطار أم جبهة لضبط قرارات الزيدي؟ متاح على: https://2h.ae/NdOmi (تاريخ الاطلاع: 19 سبتمبر 2026).
[7] المدى (2026) من الحكومة إلى «مجلس القيادة».. أين تنتهي سلطة الإطار؟. متاح على: https://almadapaper.net/453057/ (تاريخ الاطلاع: 18 سبتمبر 2026).
[8] إرم نيوز (2026) «دولة فوق الدولة».. هل يتحرك «مجلس القيادة» لسحب القرار من الزيدي؟. متاح على: https://2h.ae/JVjkJ (تاريخ الاطلاع: 18 سبتمبر 2026).