هێزەکانی ئەمریکا عێراق بەجێ دەهێڵن، بەڵام پێویستە ئەمریکا بمێنێتەوە
نووسینی: ڤیکتۆڕیا تەیلۆر و ئالینا ڕۆمانۆوسکی*
پوختەی سەرەکی
- تەنانەت لەگەڵ کۆتاییهاتنی “ئۆپهراسیۆنی پێداگریی دانەبڕاو”، عێراق، بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، سەرچاوەکانی وزە و، کاریگەرییە فراوانەکانی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە، وەک ناوەندێکی ستراتیژیی گرنگ دەمێنێتەوە.
- ئەمریکا دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت بێ ئەوەی هەزاران سەربازی لە عێراقدا هەبێت؛ لەبری ئەوە پشت بە ڕاوێژکارانی ئاسایش، دیپلۆماسی و، پەیوەندییە ئابوورییەکان ببەستێت.
- بەردەوامیی بەشداریی ئەمریکا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆییی عێراق لە ئێران، هاوکات بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە ئاسایشی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا.
وەک دەزانین لە ٣٠ی ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا عێراق بەجێ دەهێڵن؛ بەمەیش کۆتایی بە زیاتر لە دوو دەیە لە ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا دەهێنرێت. لە کاتی داگیرکارییەکەی ساڵی ٢٠٠٣وە، پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهۆی ئەم ئامادەیییە سەربازییەی ئەمریکاوە پێناسە کرابوو. ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا، دەرفەتێکە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئاڵۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق، بەڵام نابێت ببێتە کۆتاییهاتنی بەشداری و پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا.
ههرچەندە ئیدارەی ترەمپ خەریکی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوونەدەرەوەیە، بەڵام خشتەی کاتی بۆ کۆتاییهاتنی “ئۆپهراسیۆنی پێداگریی دانەبڕاو” (Operation Inherent Resolve) – کە هاوپەیمانییەکی سەربازیی نێودەوڵەتییە بۆ تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)- لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە دانوستانی لەسەر کرابوو و لە ئەیلوولی ٢٠٢٤دا ڕاگەیەنرا. ئێمە هەردووکمان (نووسەرانی ئەو بابەتە) بەشێک بووین لە تیمی بچووکی دانوستانکاری ئەمریکا کە بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک، کارمان کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا کە ڕێگەی دەدا بە کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئۆپهراسیۆنەکە و گواستنەوە بۆ هاوکاریی ئاسایشیی دووقۆڵی. ئیدارەکە ئەم ڕێگەچارەیەی گرتە بەر بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پاشەکشەکەی ساڵی ٢٠١١ لە عێراق و دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی سێیەکی خاکی عێراق لەلایەن داعشەوە. ئێمە پێمان وا بوو کە پاراستنی ئامادەیییەکی بەردەوامی ئاسایشیی ئەمریکا لە عێراق بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا زۆر گرنگ بوو و، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستیی بە هاوکاریی ئاسایشیی بەردەوام هەیە، چ بە بەردەوامبوونی ئۆپهراسیۆنەکە بێت یان بێ بوونی ئۆپەراسیۆن.

بۆچی عێراق ئێستا گرنگە؟
لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، پاش ساڵانێک لە بەشداریی سەربازیی قورس، خەرجکردنی ملیاران دۆلار و، لەدەستدانی گیانی هەزاران ئەمریکی و عێراقی، ماندووبوون لە پرسی عێراق لەمێژە سەری هەڵداوە. بۆ زۆرێک لە ئەمریکییەکان، عێراق یەکێکە لە “جەنگە بێکۆتایییە” ڕەسەنەکان و، پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ دیدگهی سەرۆک “دۆناڵد ترەمپ”دا دەگونجێت بۆ کەمکردنەوەی گشتیی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم وەرچەرخانە (کشانەوەی ئەمریکا) لەلایەن زۆرێک لە عێراقییەکان و ئێرانییەکانەوە ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت، کە لەمێژە هەوڵی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق و ناوچەکە داوە. داگیرکاریی ئەمریکا کە ڕژێمی “سەددام حسێن”ی دیکتاتۆری عێراقی ڕووخاند، گەورەترین دوژمنی تارانی لە ناوچەکە لا دا و ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئێران تا کاریگەرییەکانی خۆی لە عێراقدا لە ڕووی ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە زیاتر بکات. میلیشیا پشتیوانکراوەکانی ئێران لە عێراق لە ساڵانی دواییدا لە ڕووی هێز و ژمارەوە زۆر گەشەیان کرد و، بوونە ئامرازێکی بەهێز بۆ بەرگریی ناهاوسەنگی ئێران. سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، عەلی ئەلزەیدی، بەڵێنی داوە ئەم میلیشیا یاخییانە چەک بکات- ئەرکێکی قورسە بەڵام مەحاڵ نییە، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزە سەرەکییەکانی ناوچەکە ئامادە بن یاریی درێژخایەن لە عێراقدا بکەن.
هۆكاری مانەوە و بەردەوامبوونی بەشداری لە عێراق، تەنیا پەیوەندیی بەو “خوێن و سامانەی” ئەمریکاوە نییە کە پێشتر لە عێراقدا خەرجی کردووە؛ بەڵکوو پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی ئەمریکاوە هەیە. بۆ زیاتر لە دەیەیەک، هەر سەرۆکێکی ئەمریکا هەوڵی داوە سەرنجی خۆی بخاته سهر ئاسیا و، فۆكهس و گرنگیدانی ئەمریکا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە. بەڵام هەر ئیدارەیەک بەهۆی قەیرانە ناوچەیییەکانەوە دواجار خۆی لە ناوچەکەدا بینیوەتەوە و بەناچاری ڕاکێشراوەتەوە ناوچەکە. چ بە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت بۆ تێکشکاندنی داعش، یان ئاڵۆزبوونی ناوچەیی لەدوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس، یان جەنگی ئەمریکا-ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرژەوەندیی درێژخایەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە کە ئەمریکای بە بەشداریکردن لە ناوچەکەدا هێشتووەتەوە و دەیهێڵێتەوە.
ئەمریکا پێویستە لەمەودوا چی بکات؟
ئەوەی کە ئەم پاشەکشەیە لە ناوەڕاستی ململانێیەکی درێژخایەنی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا دێت، ڕێک تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکارانەی کە بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێت دەست لە عێراق هەڵبگرێت. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر هێڵێکی بۆڕیی سعوودیا و، لە ماوەی ئەم جەنگەدا چەندان هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندان و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەم هێرشانە بیرخەرەوەیەکی گرنگن کە ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات، لە عێراقدا سنووردار نامێنێتەوە. چ جەنگی یەکەمی کەنداو بێت، یان جەنگی عێراق، یان شەڕی دژی داعش، سەقامگیریی عێراق هەمیشە کاریگەرییهكی فراوانی له ناوچهكهدا هەبووە. عێراق بە ٤٥ ملیۆن دانیشتووانەکەی و سەرچاوە زەبەلاحەکانی نەوت و گاز، یاریکەرێک دەبێت لە ئابووریی ناوچەکەدا و دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ سەقامگیری… یان نەسەقامگیری.
لەوانەیە هەندێک کەس لە واشنتۆن بڵێن کە عێراق لەمێژە به ئێران دۆڕێنراوە. ئەوان پێیان وایە کە بەردەوامیی بەشداریی ئەمریکا لە عێراق دەستکەوتێكی ئهوتۆی نابێت. بهڵام ئێمە بەو شێوەیە نایبینین. تەنانەت لە کاتێکدا عێراق لە هۆشیاریی ئەمریکییەکاندا کاڵ بووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا لە دیدگهی چینی سیاسی (نوخبە)ی عێراقدا بایەخێكی زۆری هەیە، کە وەک هاوسەنگکەرێکی بەرامبەر ئێرانی دەیبینن و وەک هێڵێکی ڕزگارکردنی ئابووریی گرنگ سەیری ئەمریکا دەکەن. ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستیی بە هەزاران سەرباز نییە بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەکە.
ئەمریکا دەتوانێت هاوکاریی ئاسایشیی دووقۆڵیی خۆی بە پشتبهستن به تیمێکی بچووک بەڵام تواناداری ڕاوێژکارانی ئاسایش، ئامادەیییەکی دیپلۆماسیی بەهێزی ئەمریکا- لەوانەیش باڵیۆزێکی پەسەندکراو- و هەوڵێکی چالاک بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا، بەرەو پێش ببات. ڕۆژانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی هەفتانەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمێژە بەسەر چوون، بەڵام بەردەوامبوونی پەیوەندییە ئاستبەرزەکان لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکاوە، بەسە بۆ پێشخستنی ئەولەوییەتەکانی ئەمریکا. لە سەردەمێکدا کە بڕیاربەدەستانی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەژمارکردنی وریاکارانەی مەترسی و پاداشتەکان دەکەنەوە، وەبەرهێنانێکی کەمی کات و سەرنجی ئەمریکا دەتوانێت دەستکەوتی بەرچاو بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەرهەم بێنێت.
ئێمە هەردووکمان پەیوەندییهكی بهرفراوانمان لەگەڵ باڵاترین سیاسهتمدارانی عێراقدا ههبووه- شیعە، سوننە و، کورد. پشتیوانییەکی بەربڵاو بۆ پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە تەواوی لایەنە سیاسییەکاندا هەیە؛ تەنانەت لەلایەن ئەوانەی کە نزیکترین پەیوەندیی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ڕابەرانی شیعەی عێراق ڕەنگە پەیوەندیی ئایینی و سیاسییان لەگەڵ ئێراندا هەبێت، بەڵام بەرژەوەندیی تایبەتی سەربەخۆی خۆیشیان هەیە. ڕهنگه ڕابەرانی سیاسیی عێراق هەمیشە ملکەچی داواکارییەکانی ئەمریکا نەبووبن، بەڵام بڕیاری وایان داوە کە بەرژەوەندییەکانی عێراقی پێش خستووە؛ تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە ئەو بڕیارانە لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی ئێران بووبن.
بە بەشداریی بەردەوامی ئەمریکا و پابەندبوونێکی کەمی سەرچاوەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت کاریگەرییە بەرچاوەکانی خۆی بە شێوازێک بەکار بهێنێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پێش بخات و یارمەتیدەر بێت لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئاڕاستەی سیاسیی عێراق لە ناوچەکەدا دوور لە ئێران و، زیاتر بەرەو بەرژەوەندییەکانی خۆی ببات. ئەمەیش واتە پاراستنی هاوبەشییەکی ئاسایشیی چالاک، وەبەرهێنانی ئابووری و، بەردەوامبوونی ئامادەییی دیپلۆماسی.
*ڤیکتۆڕیا جەی. تەیلۆر بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق و پڕۆژەی سووریایە لە بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک (Atlantic Council) . ناوبراو جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە ئیدارەکانی بایدن و ترەمپدا.
ئالینا ل. ڕۆمانۆوسکی تۆژەری باڵایە لە دەستپێشخەریی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سکۆوکڕۆفت لە بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک. ناوبراو باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا بووە لە عێراق (٢٠٢٢-٢٠٢٤) و کوێت (٢٠٢٠-٢٠٢٢).
سەرچاوە:
Taylor, V. J., & Romanowski, A. L. (2026, September 30). US troops are leaving Iraq, but the US should stay. Atlantic Council. <<https://www.atlanticcouncil.org/dispatches/us-troops-are-leaving-iraq-but-the-us-should-stay/>>.