پێنووس

عێراق و کێشەی چەکی گرووپەکان لەژێر گوشاری جەنگی ئەمریکا و ئێراندا

نووسینی: لیقاء مەكی

ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ئامادەییی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆتایی هات، بەڵام بێ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەرامبەرەی کە پێشتر حکوومەتی عێراق لە تەممووزی ڕابردوودا ڕای گەیاندبوو، کە بریتی بوو لە تەواوکردنی چەکداماڵینی گرووپەکان لە هەمان ڕێكه‌وتدا، تاوەکوو عێراق لە ١ی تشرینی یەکەمدا بە هەمان شێوە، چۆڵ بێت لە هێزە بێگانەکان و لە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت. بەڵام حکوومەتی عێراق وازی هێنا لە سەیرکردنی ٣٠ی ئەیلوول وەک وادەیەکی “کۆتایی” بۆ چەکداماڵینی گرووپەکان و، وادەیەکی نوێ دیاری کرا کە تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، ٢٠٢٧، درێژ دەبێتەوە، بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک کە لەژێر نیشانی “کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” سەرلەنوێ داڕێژرایەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، لە کاتی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وادە نوێیەکەی ڕاگەیاند. ئەمەیش لەگەڵ ئەو دەمەقاڵێیەدا گونجا کە زیاتر لە دوو مانگە عێراق بەخۆیەوەی دەبینێت، کە هاوڕێی هەڕەشەی دوولایەنە و مەترسیی گەیشتنە بە لێواری ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی حکوومەت و ئەو گرووپانەی ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و، ئەوەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەو شێوەیە پەلکێشی بکات بۆ جەنگی ناوخۆ لە ناوچە شیعییەکاندا.

ململانێ لەسەر پێناسەکردنی دەوڵەت

ناکرێت ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات تەنیا وەک ناکۆکییەکی تەکنیکی لەسەر کۆکردنەوەی چەکی بێمۆڵەت سەیر بکرێت، بەڵکوو ململانێکە لەسەر پێناسەکردنی دەوڵەتی عێراقه‌ بۆ خۆی و، لەسەر ئەوەی کێ خاوەنی بڕیاری بەکارهێنانی هێز و بڕیاری جەنگ و ئاشتییە. بۆیە دەستەواژەی فەرمیی عێراقی “کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا”، لە ڕووی سیاسییەوە بەربڵاوترە لە پڕۆسەی نەریتیی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنەوە؛ چونکە مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوێکدا دەکات کە لە هەمان کاتدا خاوەنی هێزی سەربازی، هەژموونی سیاسی، سەرچاوەی ئابووری و پەیوەندییە هەرێمییەکانە و، توانای ڕەتکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەتیشی هەیە ئەگەر پێویست بکات.

به‌ درێژاییی هاوین، وەها دەرکەوت کە سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی، پاش دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە تەممووزی ڕابردوودا؛ زۆر پێداگر بوو و بەڵێنی دا تا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کۆتایی بە دۆخی چەکی دەرەوەی دەوڵەت بهێنێت. بەڵام کێشانی پلانەکە بە ڕەتکردنەوەی لانی کەم سێ گرووپی گرێدراو بە ئێرانەوە و، بە هەڵوێستێکی ئێرانیی دژ بە چەکداماڵین لە بارودۆخی جەنگدا و، بە ترسی هێزە شیعییەکان لە جه‌نگی ناوخۆ، بەغدای پاڵ پێوە نا تا لە لۆژیکی مۆڵەتی کۆتایییەوە بپەڕێتەوە بۆ لۆژیکی سازانی قۆناغ بە قۆناغ.

گرنگترین گۆڕانكاری لە ٢١-٢٢ی ئەیلوولدا ڕووی دا؛ کاتێک زەیدی لە نیویۆرکەوە تێڕوانینێکی ڕاگەیاند کە لەسەر ئاگربەستێکی سەرەتایی بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ بەندە، کە تێیدا هێرشی گرووپەکان دەوەستێت، لەبەرامبەر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕووبه‌ڕوویان نه‌بێته‌وه‌؛ پاشان پڕۆسەی ڕادەستکردن/کۆنتڕۆڵکردنی چەکەکان بە پلەبەندی دەست پێ دەکات تا لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ کۆتایی بێت. پاش دیدارەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆ، نێردەی ئەمریکی، تۆم باراک وتی: واشنتۆن و بەغدا ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەی تا کۆتاییی حوزەیرانی ٢٠٢٧ “تەنیا دەوڵەت” خاوەنی هێزی سەربازی بێت. لێدوانەکەی باراک زۆر گرنگ دەرکەوت، چونکە ئاماژەی بەوە دا کە واشنتۆن ئامادەیە ڕازی بێت بە درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە، بەڵام ئامادە نییە بۆ ڕازیبوون بە گۆڕینی ئامانجە سەرەکییەکەی.

سێ هۆكار بەشدار بوون لە هەڵکشانی شەپۆلی هەڵمەتەکانی تایبەت بە چەکی گرووپەکان: یەکەمیان کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە؛ چونکە گرووپەکان بۆ ماوەیەکی درێژ ئامادەییی ئەمریکایان بەکار هێنا بۆ پاساودانی هێشتنەوەی ئەوەی پێی دەڵێن “چەکی بەرەنگاربوونەوە (مقاومة)”، بەڵام زەیدی بەڵگەکەی بەسەریاندا هەڵگێڕایەوە: ئەگەر هێزە بێگانەکان بڕۆن، ئەوا پاساوی سیاسی و یاسایی بۆ بوونی هێزێکی چەکداری سەربەخۆ لە دەوڵەت لاوازتر دەبێت. بەڕاشکاوی وتی: ده‌رچوونی هێزەکانی ئەمریکا، واتە هیچ “پاساو یان پێویستییەک بۆ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک” لە ناوخۆی عێراقدا نامێنێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول بە “ڕۆژی سەروەری” بپڕژێنێت و، کردییە پشووی فەرمی، تا وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی دەربکەوێت کە بەڵگەی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت بەهێزتر دەکات.

هۆكاری دووەم بریتییە لە جەنگی بەربڵاوتری ئەمریکی-ئێرانی لە ناوچەکەدا. عێراق ئیتر ناتوانێت تەنیا وەک پرسێکی ناوخۆیی مامەڵە لەگەڵ گرووپەکاندا بكات، چونکە هەندێکیان بەکردەیی له‌ شه‌ڕ و پێكدادانی ناوچه‌كه‌دا به‌شدارییان کردووە. ئاژانسی ڕوویته‌رز مەزەندە دەکات کە چەتری “بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی لە عێراق” نێردراوی دە دەستەی توندڕەو لەخۆ دەگرێت، كه‌ بە کۆی گشتی نزیکەی ٥٠ هەزار چەکدار و، خاوەنی مووشەکی دوورهاوێژ و توانای دژەفڕۆکە و درۆنی پێشکەوتوون، وێڕای بەرژەوەندیی ئابووری لە بوارەکانی بیناسازی، خانووبەرە و ئاڵوگۆڕی دراودا. ڕەنگە ژمارەی وردی گرووپەکان جێی مشتومڕ بێت، چونکە هەندێکیان تەنیا ناونیشانی ڕاگەیاندنن و، پێ دەچێت وەک پەرژینێک بۆ لەئەستۆگرتنی هەندێک هێرش و لادانی لۆمە و شەرمەزاری لەسەر ڕێکخراوە ڕاستەقینە کاراکان بەکار بهێنرێن کە ئامادەییی سەربازی و سیاسیی ئاشکرا و کاریگەریان هەیە. بە هەر حاڵ، گرووپە لایەنگرەکانی ئێران دەتوانن ئەم توانا سەربازییە گەورانە دژی ئامانجە ئەمریکییه‌كان یان کەنداو لە خاکی عێراقەوە بەکار بهێنن، بەمەیش دەتوانن -بێ بڕیاری حکوومەت- تەواوی دەوڵەتی عێراق پەلکێشی ئەم جەنگە بکه‌ن کە حکوومەت خۆی هەوڵ دەدات لە دەرەوەی بمێنێتەوە و خۆی لێ بپارێزێت.

بەڵام هۆكاری سێیەم بریتییە لە گۆڕانی ئاستی گوشاری ئەمریکا؛ چونکە ئیدارەی ترەمپ ئیتر مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا ناکات وەک چاکسازییەکی ناوخۆییی پەسەندکراوی عێراقی، بەڵکوو وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ سەروەریی دەوڵەتی عێراق و پەیوەندییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ واشنتۆندا.

گوتار (خطاب)ی ئێستای ئەمریکا سێ داواکاریی پێكه‌وه‌بەستراو لەخۆ دەگرێت، کە بريتین لە: هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازیی سەربەخۆی گرووپەکان، ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرشی دەرەکی و، هێشتنەوەی بڕیاری بەکارهێنانی هێز بەتەنیا لەدەستی دەوڵەتدا.

لە کۆبوونەوەی ڕۆبیۆ-زەیدی لە نیویۆرک، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕای گەیاند: هەردوو لایەن ڕێک کەوتوون لەسەر گرنگیی ئەوەی عێراق “میلیشیا تیرۆریستییەکان هەڵبوەشێنێتەوە” و، ڕێگری لە هێرشەکان بکات کە لە خاکی عێراقەوە دەست پێ دەکەن و، سەروەریی خۆی بەتەواوی پیادە بکات.

لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، تۆم باراک وتی: چەکداماڵینی گرووپەکان “بۆ عێراق و عێراقییەکان” گرنگە و، ستایشی ڕێڕەوەکەی زەیدیی کرد. هەروەها ڕۆبیۆ پشتیوانییەکی ڕوونی بۆ دەربڕی و وتی: واشنتۆن گومانی لە پابەندبوونی ئەو نییە، لەگەڵ دانپێدانانی بەوەی کە ئەرکەکە “ئاڵنگارییەکی زۆر گەورە و قورسە”.

دابەشبوونی گرووپەکان (فەسائیلەکان)

لە کاتی خستنەڕووی هەڵوێستی زەیدییه‌وه‌ سەبارەت بە چەکداماڵین، هەندێک لە گرووپەکان بە ئاستی جیاواز ئامادەیییان دەربڕی بۆ پابەندبوون یان ڕێکخستنەوەی دۆخیان و، لە دیارترینی ئەم گرووپانەیش: عەسائیبی ئەهلی هەق، کەتیبەکانی ئیمام عەلی و، سەرایای سەلام بوون، سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كی گەورە لە سروشتی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتدا. بەڵام بەرەی توندڕەوتر بەئاشکرا بیرۆکەی چەکداماڵینیان لە بنەڕەتەوە ڕەت کردەوە و، هەندێکیان “مەرج”یان بۆ ئەوە دانا کە بەدیهێنانی داواکارییان لەخۆ دەگرت کە تەنیا لە درێژخایەندا چاوەڕوانی بەدیهاتنیان دەکرێت و، هەندێکی تریان لە ڕووی یاسایی یان تەکنیکییەوە مەحاڵن. لە وێنەی ئەم مەرجانە: دەستەبەرکردنی نەگەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، کۆتاییهێنان بەوەی کە بە هەژموونی ئەمریکی لە بڕیاری سیاسی و ئابووریی عێراقدا دەیناسێنن، چوونەدەرەوەی هێزەکانی تورکیا، لابردنی مەترسییە ستراتیژییەکانی بەردەم عێراق، پەرەپێدانی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەتایبەت بەرگریی ئاسمانی و، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەم بەرەیە کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و، کەتیبەکانی سەییدولشوهەدا لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ گرووپی تردا کە خۆیان بە بەشێک لە “بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی لە عێراق” دەزانن و هەندێک کردەی چەکداری و هەڵوێست ڕادەگەیەنن، بەڵام ڕەنگە تەنیا ڕووکاری ڕاگەیاندن بن بۆ سێ گرووپەکەی پێشوو و، هەموو ئەم گرووپانە جەخت لە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا دەکەنەوە لە چوارچێوەی “تەوەرەی بەرەنگاربوونەوە” و وەفادارییان بۆ ڕێبەری باڵای ئێران وەک وەلیی فەقیھ و خاوەنی “مافی شەرعی” لە ڕابەرایەتیکردن و دەرکردنی فەرمان بۆیان.

ئەو پاساوەی گرووپەکان پێشکەشی دەکەن، تەنیا بەسادەیی “چەک ڕادەست ناکەین” نییە، بەڵکوو بەپێی تێڕوانینی ئەوان، دەوڵەتی عێراق تا ئێستایش توانای، بەس نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لەبەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکان یان ئیسڕائیل یان مەترسییە دەرەکییەکاندا؛ بۆیە دەبێت “بەرەنگاربوونەوە” وەک هێزێکی بەربەستکاری هاوتەریب بمێنێتەوە. بەپێی چەندان لێدوانی پێشووی ڕابەرە دیارەکانی شیعی، ئەم گرووپە چەکدارانە، سەرباری حەشدی شەعبی، پێکهاتەی “عەقائیدین” (باوه‌ڕمه‌ندن) کە ئەرکیان “پاراستنی سیستەمی سیاسی”یە لە عێراقدا، کە پەیمانگه‌ی واشنتۆن بە هاوواتایەکی کردەیی دەیزانێت بۆ پاراستنی هاوکێشەی حوکمڕانی لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی تائیفی و جێگیرکردنی هەژموونی زۆرینەی شیعی. بەڵام بە هەر حاڵ، مانەوەی گرووپە چەکدارەکان کێشەی دەستووری و سەروەری تۆخ دەکاتەوە؛ چونکە قبووڵکردنی ئەم پاساوە، بەکردەیی واتە بوونی دوو ناوەند بۆ بڕیاردان لەسەر جەنگ و ئاشتی.

نزیکبوونەوە لەنێوان هەڵوێستی ئەمریکیا و ئێران

هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی ئاشکرا لە ئێرانەوە دەرنەچووە کە بەسادەیی بڵێت: “ئێمە چەکداماڵینی گرووپە عێراقییەکان ڕەت دەکەینەوە”، بەڵام هەندێک ڕاپۆرتی ڕاگەیاندن لە ناوخۆی عێراقدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی، لە کاتی سەردانە ڕانەگەیه‌نراوەکەیدا بۆ بەغدا لە ئابی ڕابردوودا، ڕێنماییی گرووپە لایەنگرەکانی ئێرانی کردووە بە ڕەفتارێکی دووفاقییانە: “ڕادەستنەکردنی چەک لە کاتی ئێستادا و، خۆبەدوورگرتن لە چوونەناو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ حکوومەتەکەی زەیدیدا”. بەپێی ئەم سەرچاوانە، قائانی داوای گەڕان بەدوای سازانێکی سیاسی کردووە کە ڕێگە بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دووفاقییە بدات.

ئەم ئامانجەی ئێران لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێرانەوە لۆژیکی دەرەکەوێت؛ چونکە لەدەستدانی تواناکانی گرووپە عێراقییەکان، لە بارودۆخی جەنگیی ئێستادا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل، بە لەدەستدانی بەشێکی گرنگ لە بەرگریی پێشکەوتوو و بەربەستکاریی ناڕاستەوخۆی ئێران هەژمار دەکرێت. بۆیە، ڕەنگە تاران ڕازی بێت بە “ڕێکخستنی” چەکی گرووپەکان یان “تێکەڵکردنی یاسایی و کارگێڕی”یان لە سیستەمی ئاسایشی عێراقدا، بەڵام نەمانی توانای ئۆپه‌راسیۆنی سەربەخۆی ئەم گرووپانە، بە زەرەرێکی ستراتیژیی گەورە دەبینێت، لانی کەم لەم قۆناغەدا. بە دەستەواژەیەکی وردتر، تاران دەتوانێت لەگەڵ گۆڕینی شێوە یاسایییەکەی چەکدا بژی، بەڵام کێشەکە بۆ ئەو لەدەستدانی ئەرکە ستراتیژییەکەیەتی.

هەوڵەکانی سازان لەنێوان داواکاریی ئەمریکییەکان و پێداویستیی ئێرانییەکان، بووە هۆی سەرهەڵدانی دەمەقاڵێی زاراوەکان، لەنێوان “داماڵینی” چەک یان “کۆنتڕۆڵکردنی” چەک یان “ڕێکخستنی” چەکدا. ئەم دەمەقاڵێیە تەنیا جیاوازیی زمانەوانیی ڕووکەشانە نییە، بەڵکوو بنەمایەک دەبێت بۆ ئەو شێوە یاسایی و مەیدانییەی کە ڕەنگە داهاتووی گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەتی لە عێراقدا و، تێڕوانینی دەوڵەت خۆی بۆ خۆی و بۆ مافی تایبەتی لە قۆرخکردنی توندوتیژیدا لەسەر دروست بکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نووری مالیکی وتی: دەستەواژەی “چەکداماڵین” ئیتر لە دانوستانەکاندا بەکار ناهێنرێت و، ئاخاوتن بووەتە لەسەر “ڕێکخستنی چەک” یان “لەخۆگرتنی چەک” و، پرسیارێکی خستە ڕوو لەسەر ئەوەی ئایا ئەمە هەموو چەکەکان دەگرێتەوە یان جۆرە دیاریکراوەکانی؟ هەروەها ئایا دەکرێت لەنێوان چەکی قورس و مامناوەند و سووکدا جیاوازی بکرێت؟

ئەم تێڕوانینە و، تێپەڕاندنی مۆڵەتی ٣٠ی ئەیلوول، ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی سازانێک کە چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی بۆ دەدات و، وا دیارە ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەم سازانە ڕەتبوونەوە لە شێوازی هەڵوەشاندنەوەی گرووپی چەکدار و ڕادەستکردنی هەموو چەکەکانی و تێکەڵکردنی لە هێزە ڕێکخراوەکاندا لەخۆ دەگرێت، تاوەکوو شێوازە نوێیەکە کۆگه‌کردنی چەکی قورسی گرووپی پەیوەندیدار بگرێتەوە و، خستنەنێوی بە ناوی لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و فەرماندەی گشتیدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی بەشێک لە پێکهاتەی ڕێکخراوه‌یی و سیاسییەکەیدا.

بەدڵنیایییەوە شێوازی دووەم، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ یەکەمدا هەڵدەگرێت و، گرنگترین پرسیار تێیدا لەسەر چارەنووسی ئەو چەکە قورسەیە کە دەکرێت گرووپەکان ڕادەستی بکه ن، کە مووشەک، تانک، تۆپ، ئۆتۆمبێلی زانیپۆش و درۆن لەخۆ دەگرێت و، کێ بەکردەیی کۆنتڕۆڵی کۆگه‌ی ئەم چەکانە دەکات و فەرمانی بەکارهێنانیان دەردەکات؟ ئه‌مه‌یش كه‌ ئایا زنجیرەی فەرماندەیی بەڕاستی دەگاتە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؟ هه‌روه‌ها پرسیارە هەرە گرنگەکە لێرەدا بەدڵنیایییەوە ئەوە دەبێت: سوودی بوونی کۆگه‌ی چەکی جیاواز چییە، بێ ئەوەی بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوپاوە، ئەگەر گرووپی پەیوەندیدار بەکردەیی چووبێتە ناو پەیکەری حەشدی شەعبییه‌وه‌؟ هەروەها، چارەنووسی چەکە مامناوەند و سووکەکان چی دەبێت و، بۆچی گرووپی پەیوەندیدار هێشتوویەتییەوە، لە کاتێکدا دەکرێت لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆییدا بە کاریگەری بەکار بهێنرێن و، بەردەوامبوونی هەژموونی سەرکردەکانی ئەم گرووپانە لەسەر ژینگەی خۆجێیی، وەک ناوەندی هێز دەستەبەر بکەن کە ڕەنگە بگۆڕێن بۆ جۆرێک لە باند لە ناوچەکانی بڵاوبوونەوەیاندا؟

چوارچێوەی هەماهەنگی و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوە

شێوازی پێشنیازکراو بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری “کۆنتڕۆڵکردنی چەک” وەک چارەسەرێکی گونجاو دێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێکی بەپەلە، بەڵام ڕێگه‌ بۆ قەیرانەکانی داهاتوو خۆش ده‌كات و، گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت دەهێڵێتەوە، بەڵام لە مەترسییەکه‌وه‌ بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و بەرژەوەندییە ئەمریکییەکان، دەیگۆڕێت بۆ تەنیا مەترسییەکی ناوخۆیی. ئەم واقعە لای لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی یان هەندێکیان قبووڵکراو دێته‌ پێش چاو. چوارچێوەکە کۆمیسیۆنێکی سێقۆڵیی پێک هێنا کە نووری مالیکی، محەمەد شیاع سوودانی و، هادی عامریی لەخۆ دەگرت بۆ دانوستان لەگەڵ گرووپەکان و ئەنجامدانی شتێک زیاتر لە ناوبژیوانی بۆ دۆزینەوەی نزیکبوونەوەیەک لەنێوان دوو بژارەی سەختدا: یان بەتەواوی لەگەڵ زەیدی بوەستێت دژی گرووپەکان و، بەمەیش سەرکێشی بكات بە دابەشبوونی ماڵی شیعی و ڕەنگە پێکدادانی چەکداری لە ناوخۆیدا، یانیش لەگەڵ گرووپەکان بوەستێت دژی حکوومەت و، بەمەیش عێراق تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆندا و، سزادان و گوشاری دارایی و سیاسی بکات. لە حاڵەتێکدا ئەگەر دۆسیەکە بێ چارەسەر بپچڕێنێت، ئەوا سەرۆکوەزیران و دەوڵەت لەبەردەم ئەمریکییەکان و گرووپەکاندا بە هەمان شێوە لاواز دەکات.

لێرەدا بژارەی چوارەم دەرکەوت، کە بریتییە لە کڕینی کات و گۆڕینی مۆڵەتە یەکلاکەرەوەکە بۆ پڕۆسەیەکی سیاسیی قۆناغ بە قۆناغ و، دیارە ئەمەیش سەرکەوتوو بوو کاتێک زەیدی گواستنەوەی لە وادەی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ەوە بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند. تا ئێستایش وا دیارە کە ئەمریکییەکان لەسەر وادە نوێیەکە ڕازی بوون. بەپێی لێدوانەکانی زەیدی، پاشەکشەکردنی لە وادە ڕەسەنەکە واتای پاشەکشەکردن لە بنەماکە نییە. ئەو لە لێدوانەکانیدا لە نیویۆرک دەڵێت: کۆنتڕۆڵکردنی چەک “ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکوو پێویستییە” و، زیاتر دەڵێت کە کەسانی تر قسەیان لەسەر بابەتەکە کردووە و پاشان لەژێر گوشاردا پاشەکشەیان کردووە، بەڵام بۆ ئەو، پرسەکە، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، “مەسەلەی شەرەفە”.

پلانە نوێیەی کە زەیدی لە نیویۆرک پێشکەشی کرد، سێ قۆناغ لەخۆ دەگرێت کە لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا بە ئاگربەستێک دەست پێ دەکات کە ماوەکەی ٩٠ ڕۆژە و، ڕاگرتنی هەموو هێرشێکی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە یان هێزەکانی ئەمریکا تێیدا لەخۆ دەگرێت. لەبەرامبەردا ئەمریکا خۆی لە هێرشکردنە سەر گرووپەکان لەو ماوەیەدا دەپارێزێت. پاش ئەوە گرووپەکان دەست دەکەن بە ڕادەستکردنی چەکە قورسەکانیان و، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانیان تاوەکوو لەناو حەشدی شەعبیدا تێکەڵ ببن؛ بە مەرجێک ئەم پڕۆسەیە تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ تەواو بێت.

ئەم ڕێکخستنانە ڕێگە بە زەیدی دەدەن سێ ئامانج لە یەک کاتدا بەدی بهێنێت، کە بريتین لە: نەچوونە ناو جەنگێکی ناوخۆیی لەگەڵ گرووپەکاندا، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەمریکی بۆ درێژکردنەوەی خشتەکە و، پێدانی کات بە هێزە شیعییەکان بۆ دانوستان لەسەر شێوازی تێکەڵکردنەکە. دیاریشە هەرسێ ئامانجەکە بەکردەیی بەدی هاتبوون، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لە بوونی دوو مەترسی لەم نزیکبوونەوەیەدا: لە لایەکەوە، پێویستە لەسەر زەیدی کە گه‌ره‌نتیی ئەوە بکات گرووپەکان لە ماوەی ٩٠ ڕۆژەکەدا، لە ١ی تشرینی یەکەم تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦، هیچ چالاکییەکی سەربازی له‌ ناوچه‌كه‌دا ئەنجام نەدەن، وەک چۆن لە سەرەتاوە لە پلانەکەدا هەبوو. لە لایەکی ترەوە، نۆ مانگی داهاتوو ئەگەر بێ گواستنەوەیەکی ڕاستەقینە لە زنجیرەی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵدا کۆتایی بێت، ئەوا ڕەنگە دواخستنەکە لە سازانێکی ڕاگواستنەوەوە، بگۆڕێت بۆ تەنیا دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دۆخی پێشوو.

عێراق و سیاقی جەنگی ئەمریکا-ئێران

گشت ئه‌و ڕێگەچارانه‌ی بۆ چارەنووسی چەکی گرووپە عێراقییەکان خراونه‌ته‌ ڕوو، بە ڕێڕەو و ئەنجامەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکی-ئێرانییەوە بەستراونەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بەرپرسێکی ئاسایشی عێراقییەوە گواستوویەتییەوە کە وتوویەتی: تەواوی پلانەکە ڕەنگە شکستی پێ بێت ئەگەر ئاشتی لەنێوان واشنتۆن و تاراندا بەدی نەهێنرێت؛ ئەمەیش جەخت دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی خشتەیەکی کاتی بۆ چەکداماڵین لە سایەی بەردەوامیی جەنگدا زۆر ئەستەمە.

گرووپە عێراقییەکان بەردەوام بوون لە بانگەشەی ئەوەی کە هۆکاری بوونیان وەک “بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی”، بەستراوەتەوە بە بوونی هێزەکانی ئەمریکاوە لە عێراق و، کاتێک بوونی ئەم هێزانە لە وادەی ٣٠ی ئەیلوولدا کۆتاییی پێ بێت، دەکرێت پاساوی مانەوە دەستبەجێ بگەڕێتەوە بۆ ڕەگە ڕاستەقینەکەی خۆی، کە بریتییە لە بەستنەوەی بە ململانێی ئێرانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و، بەم شێوەیە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، گرووپەکان دەڵێن هۆکاری بوونیان نەڕەویوەتەوە، لە کاتێکدا ئێران دەبینێت دەستبەرداربوون لێیان لە کاتی جەنگدا وەک چەکداماڵینی ئارەزوومەندانەی یەکێک لە قۆڵەکانی بەربەستکارییەتی.

لە بەرامبەردا و، لە حاڵەتی ڕوودانی ڕێککەوتنێکی ئەمریکی-ئێرانی یان هێوربوونەوەیەکی هەرێمیی جێگیر، ئەوا باجی هێشتنەوەی چەک لەلایەن گرووپەکانەوە بەرز دەبێتەوە، چونکە پاساوی “بەرەنگاربوونەوە لە سەردەمی جەنگدا” لاوازتر دەبێت، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتاییهاتنی سوودی بوونی گرووپەکان نایەت بۆ ئێران، چونکە گرنگییەکەیان بەردەوام دەبێت وەک هێزێکی بەربەستکاری پێشکەوتوو، بەڵام شێوازی بوونیان بەحەتمی تووشی گوشاری سەخت دەبێتەوە و، ڕەنگە لەسەر تاران بێت کە نزیکبوونەوەی جیاواز بدۆزێتەوە کە تێیدا هەژموونی خۆی لە عێراقدا بپارێزێت و، لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە سازانە چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ بكات لەگەڵ واشنتۆندا.

بەکورتی، ئەوەی هێزە سیاسییە عێراقییەکان بەکردەیی ئەمڕۆ هەوڵی بۆ دەدەن، دواخستنی پابەندییە لە پێکدادان لەگەڵ گرووپە یاخیبووەکان لەسەر جۆری چەک، بێ دەستبەرداربوونی فەرمی لە سەروەریی دەوڵەت، بە مانای گۆڕینی قەیرانەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربەخۆ/سفری لەنێوان دەوڵەت یان گرووپەکان بۆ پڕۆسەیەکی دانوستانکاری کە ڕاگرتنی ئۆپه‌راسیۆنە چەکدارییەکان و، کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی گرووپەکان و پاشان ڕادەستکردنی چەکی قورس لەخۆ دەگرێت، بە دوایدا سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە و تێکەڵکردن تاوەکوو گەیشتن بە کۆتاییهێنان بە ئۆپه‌راسیۆنەکە.

لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا، عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی بنەڕەتی دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەو گرووپانەی داوای چەکداماڵینیان لێ دەکرێت بزووتنەوەی یاخیبووی شکستخواردوو نین. واتە بەکردەیی ناچار نین وەڵامی داواکارییەکانی حکوومەت بدەنەوە؛ نەک هەر ئەوەیش، بەڵکوو گوشاری ئەمریکییش کە لە بنەڕەتدا بە دوژمنکارانە و پیلانگێڕانەی دەزانن. ئەم گرووپانە هەندێکیان لەناو سیستەمی سیاسی، دەوڵەت، حەشدی شەعبی، پەرلەمان و ئابووریدا لە یەک کاتدا ئاماده‌یییان هه‌یه‌ و، خاوەنی توانای سەربازیی گەورە و سەرچاوەی ئابووریی سەربەخۆن، بۆیە توانای حکوومەت بۆ سەپاندنی ئەنجامەکە بە زه‌بری هێز، زۆر سنووردارە.

بەڵام ئەو توخمەی کە لەم ئاڵۆزییە کەم دەکاتەوە، ئەوەیە کە واشنتۆن ڕازی بووە، وەک دیارە، بە بیرۆکەی پڕۆسەی پلەبەندی بۆ چەکداماڵین یان کۆنتڕۆڵکردنی چەک و، بە وادە نوێیەی کە زەیدی پێشکەشی کرد؛ هەروەها ئێران لای خۆیەوە، دیار نییە ئارەزووی پاڵنانی گرووپەکانی هەبێت بۆ شەڕی حکوومەتی عێراق. لەوەیش گرنگتر، تاران ڕەنگە لە حاڵەتی گەیشتن بە سازان لەگەڵ واشنتۆندا، ببینێت کە تێکەڵکردنی گرووپەکان لە دەوڵەتی عێراق و هێزەکانی ئاسایشدا هەژموونێکی زیادەی لە عێراقدا پێ دەبەخشێت، کە لە داهاتوودا پێویستیی زۆری پێی دەبێت.

بەدڵنیایییەوە ئەم هاوکێشەیە گۆڕەپانێکی سیاسیی دەگمەن دروست دەکات: واشنتۆن دواخستن قبووڵ دەکات بەڵام مانەوەی چەکی سەربەخۆ قبووڵ ناکات و، ئێران دانوستان و ڕێکخستن قبووڵ دەکات بەڵام نایەوێت توانای سەربازی دابماڵرێت پێش سازانی هەرێمی و، حکوومەت دەیەوێت چەک کۆنتڕۆڵ بکات بەڵام ڕازییە بە نزیکبوونەوەیەک کە لێیەوە خۆ لە جەنگی ناوخۆیی بپارێزێت و، گرووپەکان گه‌ره‌نتیی ستراتیژییان دەوێت پێش دەستبەرداربوون لە هێزەکەیان.

تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم نزیکبوونەوانە لە ژمارەی ئەو تفەنگانەدا نابێت کە لەبەردەم کامێراکاندا ڕادەست دەکرێن، بەڵکوو لە چوار شتدا دەبێت: مووشەکەکان، درۆنەکان، کۆگه‌کانی چەکی قورس و، زنجیرەی دەرکردنی فەرمانی ئۆپه‌راسیۆنەکان. ئەگەر ئەمە بەکردەیی بگوێزرێتەوە بۆ دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی، ئەوا عێراق دەستی کردووە بە گواستنەوەیەکی پێکهاتەیی بەرەو قۆرخکردنی هێز لەلایەن دەوڵەتەوە. بەڵام ئەگەر لەدەست سەرکردایەتیی گرووپەکاندا بمێنێتەوە لەگەڵ گۆڕینی ناوەکان و چوارچێوە یاسایییەکان، ئەوا ئەوەی ڕووی داوە ڕێکخستنەوەی چەک دەبێت نەک داماڵینی و نەک کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەقینەی لەدەستی دەوڵەتدا.

سەرچاوە:

مكي، لقاء. (٢٠٢٦، ٣٠ سبتمبر). العراق ومعضلة سلاح الفصائل تحت ضغط الحرب الأميركية–الإيرانية. مركز الجزيرة للدراسات<< . https://studies.aljazeera.net/ar/article/6680

image_pdfimage_print

زیاد کردنی کۆمێنت