1

باڵە چەکدارەکانی عێراق گرەوی کشانەوەی ئەمریکا دەبەنەوە و، بۆ ئێستایش دەست بە چەکەکانیانەوە دەگرن

دوایین سەربازانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٣٠-٩-٢٠٢٦ خاکی عێراق بەجێ دەهێڵن و بەمەیش کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی دەوڵەتی ئیسلامی (Islamic State) دەهێنن. بۆ گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن، ئەم کشانەوەیە سەرکەوتنێکی گەورەیە؛ سەرکەوتنێک کە پاش چەندان مانگ لە مانەوە لە دۆخی بەرگریدا دێت، کاتێک لە سه‌روبه‌ندی جەنگی ئێراندا کە لە 28ی شوباتدا دەستی پێ کرد، ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، گوشاری سزاکانی واشنتۆن و، بەڵێنی حکوومەت بۆ داماڵینی چەکەکانیان ببوونەوە.

هەمان ئەو بەڵێنە وادەیەکی دیاریکراوی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو. بە درێژاییی زۆربەی کاتەکانی ئەمساڵ، بەغدا ڕۆژی 30ی ئەیلوولی وەک دوا وادە دەخستە ڕوو کە دەبوو تا ئەو کاتە تەواوی چەکەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی فەرمی ڕادەست بکرێن. ئێستا ئەم وادەیە بەبێ چەکداماڵین تێ پەڕیوە؛ لە کاتێکدا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تەواو بووە و پرسی چەکەکانیش خراوەتە ناو پرۆسەیەکی قۆناغدارەوە کە لە 30ی حوزەیرانی 2027دا کۆتایی دێت. بە درێژاییی هەمان ئەو مانگانە، چەمک و مەرجەکانی وتووێژ، لە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانەوە گۆڕان بۆ ڕێکخستن، داڕشتنەوە و تێکەڵکردنیان لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا، کە چەترێکی نیمچەسەربازییە و لە ساڵی 2016وە بەفەرمی بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق.

پەیامەکانی ئەمڕۆ ڕەنگدانەوەی ئەم وەرچەرخانەیەن. حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەت ڕای گەیاند لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لەسەر پرسی تێکەڵکردن گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. کەمتر لە سێ کاتژمێر دواتر، بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق، کە ناونیشانی چەتری گرووپە توندڕەوەکانە، هەر جۆرە خشتەیەکی کاتیی حکوومی یان سیاسیی ڕەت کردەوە. بەرەکە ڕای گەیاند کە هەر چوار باڵەکەی، پەڕەیەکی دانوستانکارییان لەگەڵ لێژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانیی حزبە دەسەڵاتدارە شیعەکان، واژۆ کردووە و تا ئێستا هیچ وەڵامێکی حکوومەتیان بەدەست نەگەیشتووە؛ هاوکات مافی وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەکی ئەمریکی یان ئیسرائیلییان بۆ خۆیان پاراستووە.

پاشخان: ئەو کشانەوەیەی كه‌ ئەمڕۆ تەواو بوو، ڕەگ و ڕیشە سیاسییەکەی بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2020 دەگەڕێتەوە. لە 3ی کانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا، هێرشێکی درۆنیی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزرێنەری کەتائیبی حزبوڵڵا. لەپاش دوو ڕۆژ، پەرلەمان بڕیارێکی پەسەند کرد کە حکوومەتی پابەند دەکرد بە کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی بیانی و ڕێگریکردن لە هێزە بیانییەکان لە بەکارهێنانی خاک، ئاو یان ئاسمانی عێراق. هاوکات هەمان بڕیار داوای قۆرخکردنی هەڵگرتنی چەکی لە دەستی دەوڵەتدا دەکرد؛ بڕگەیەک کە لەو کاتەدا سەرنجێکی زۆر کەمتری بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکەدا بە ئامادەبوونی نزیکەی 170 ئەندام لە کۆی 329 پەرلەمانتار، بڕیارەکەیان بە بەرزکردنەوەی دەست پەسەند کرد. فراکسیۆنە شیعەکان پشتیوانی سەرەکیی بڕیارەکە بوون: هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، کە حزبە پەیوەندیدارەکانی بە گرووپە چەکدارەکان لەخۆ دەگرت، لەنێویاندا بزووتنەوەی سادقوون، باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی هەق، هاوپەیمانیی سائیروون، سەر بە موقتەدا سەدر، کەسایەتیی ئایینیی شیعە، هەروەها پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و، ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم. فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، هاوشێوەی زۆربەی پەرلەمانتارە سوننەکان کە هۆشدارییان دابوو لەوەی کشانەوەی هێزەکان ڕەنگە ڕێگە بۆ گەڕانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی خۆش بکات و پێگەی باڵە چەکدارەکان بەهێز بکات. تەنیا ژمارەیەکی کەم لە پەرلەمانتارانی سوننە بەشداریی دانیشتنەکەیان کرد.

هەرچەندە بڕیارەکە ئیلزامی (پابه‌ندكه‌ر) نەبوو و هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ دانەنرابوو، بەڵام وەک چوارچێوەی سەرەکیی هەڵمەتی کشانەوەکە مایەوە. لە شوباتی 2024دا، پەرلەمان داوای لە حکوومەت کرد بڕیارەکە جێبەجێ بکات و، لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا، بەغدا و واشنتۆن لەسەر کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانییەکە لە دوو قۆناغدا ڕێک کەوتن: کۆتاییهێنان بە ئەرکەکە لە عێراقی فیدراڵدا تا ئەیلوولی 2025، هاوکات ڕێگەدان بە بەردەوامیی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە خاکی عێراقەوە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانەوە، پشتیوانی لە ئەرکی سووریا دەکەن تا ئەیلوولی 2026. دەستەی هەماهەنگیی گرووپە چەکدارەکان پێشوازیی لە ڕێککەوتنەکە کرد و بە وەدیهاتنی ئەو ئامانجەی دانا کە ئەندامەکانی لەپێناویدا قوربانییان دابوو. بەدیهێنانی ئەم دەرەنجامە، پێویستی بە هەوڵی چەندان کابینەی حکوومەت و ڕێککەوتنێکی دانوستانکاری لەگەڵ واشنتۆندا هەبوو، بۆیە گرووپە چەکدارەکان ناتوانن سەرکەوتنەکە تەنیا بۆ خۆیان قۆرخ بکەن. هەرچەندە ئەو داواکارییەی لە ڕۆژانی دوای کوژرانی موهەندیس لە پەرلەماندا سەپاندیان، ئێستا هاتۆتە دی.

سەرکردە عێراقییەکان پاش دیاریکردنی خشتەی کاتیی کشانەوەی هاوپەیمانان، پەیوەندیی نێوان کشانەوەی هێزەکان و پرسی چەکی گرووپەکانیان بەڕوونی خستە ڕوو. لە تشرینی دووەمی 2025دا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، بەڵێنی دا کە دەستبەجێ دوای کشانەوەی هاوپەیمانان چەک دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و، ئەندامانی گرووپەکانیش دەچنە ناو دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان یان ڕوو لە کایەی سیاسی دەکەن. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، هەنگاوێکی زیاتری نا؛ ناوبراو لە مانگی تەممووزدا لە کۆشکی سپی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ڕاگەیاند کە دوای 30ی ئەیلوول هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی باڵە چەکدارەکان نامێنێت، هاوکات وتەبێژەکەیشی لە مانگی حوزەیراندا وتبووی هەر چەکێک دوای ئەو وادەیە بمێنێتەوە، بە چەکی نایاسایی هەژمار دەکرێت. لە مانگی ئابیشدا، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت- کە هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری حزبە شیعە، سوننە و کوردستانییەکانە- هۆشداریی دا کە ڕەنگە دوای ئەو رێکەوتە، هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، بەپێی یاسای دژەتیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

پاشەکشە لە جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە لە نیوەی دووەمی مانگی ئابدا دەستی پێ کرد و هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، کە لە 19ی ئابدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گەیشتە بەغدا. بەپێی ڕاپۆرتە عێراقییەکان کە پشتیان بە سێ سەرچاوە بەستووە، قالیباف داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە چەکەکان لای گرووپەکان بهێڵنەوە یان ڕادەستی حەشدی شەعبییان بکەن تا لە کاتی نائاساییدا لە بەردەستیاندا بمێننەوە؛ بە شێوەیەک کە دانیان بە قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دەنا، بەڵام جەختیان دەکردەوە هەلومەرجی ئێستا ڕێگە بەم هەنگاوە نادات. لە 21ی ئابدا، کاتێک قالیباف هێشتا لە بەغدا بوو، عەبوودی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە 30ی ئەیلوول تایبەتە بە کشانەوەی ئەمریکا نەک وادەی کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی چەکی گرووپەکان. ڕۆژی دواتر عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕای گەیاند چەکەکان لە کۆگه‌کانی حەشدی شەعبیدا دەپارێزرێن و، لە 23ی ئابیشدا قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، کۆنترۆڵکردنی چەکی وەک پرۆسەیەکی قۆناغدار پێناسە کرد کە دوای کشانەوەی هاوپەیمانان دەست پێ دەکات. هاوکات ڕاپۆرتەکانی ئەو سەردەمە باسیان لە پێشنیازێک دەکرد کە تێیدا لەبری ڕادەستکردنی چەک، گرووپەکان چەک و بارەگاکانیان بۆ حکوومەت ئاشکرا دەکەن و بۆ ماوەی دوو ساڵ چالاکییەکانیان سڕ دەکەن.

ئەم هاوکاتییە مانای ئەوە نییە قالیباف ئەم گۆڕانکارییەی سەپاندبێت، چونکە تێکەڵکردن لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە هەر لە مانگی حوزەیرانەوە لەناو پلانی حکوومەتدا هەبوو. ئەوەی لە کاتی سەردانەکەیدا گۆڕا، بریتی بوو لە لاوازبوونی پێداگری لەسەر وادەی دیاریکراو و بەخشینی دەرفەتی زیاتر بەو ڕێککارییانەی چەکەکان لە دەستڕەسی باڵە چەکدارەکاندا دەهێڵنەوە. هەروەک دامەزراوەی تی ئێن سی (TNC) لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوی کردەوە، ئەم نەرمینواندنە، هاوتەریب بوو لەگەڵ فراوانبوونی دەرفەتی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.

تا 18ی ئەیلوول، ئەعرەجی ئاماژەی بەوە دەکرد کە لێژنەی چەک هیچ ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ تەواوکردنی کارەکانی دانەنراوە. لە 21ی ئەیلوولدا، زەیدی لە نیویۆرک لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆ بووەوە و خشتەیەکی کاتیی خستە ڕوو کە لە 30ی حوزەیرانی 2027دا کۆتایی دێت. تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا دواتر ڕای گەیاند کە ڕێککەوتن هەیە لەسەر ئەوەی تا کۆتاییی مانگی حوزەیران تەنیا دەوڵەت هێزی سەربازیی بەدەستەوە بێت؛ ئەمەیش قبووڵکردنی خشتە درێژخایەنەکەی لەلایەن واشنتۆنەوە پشتڕاست کردەوە.

شرۆڤە: درێژکردنەوەی وادەکە گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە، چونکە نێوەرۆکی پرۆسەکە هاوشانی ڕێكه‌وتەکە گۆڕاوە. ڕوونترین هێڵکاریی گشتی بۆ پێشنیاری ئێستا، لە 22ی ئەیلوولدا لەلایەن حەیدەر فوئادی، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانییەکەی سوودانییەوە خرایە ڕوو. پێشنیازەکە پێنج قۆناغ لەخۆ دەگرێت: ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە هاوتەریب لەگەڵ کشانەوەی هێزەکان؛ دانانی ماوەیەکی 90 ڕۆژە کە تێیدا گرووپەکان هێرشەکانیان ڕادەگرن، لەبەرامبەر دڵنیاییدان لە ئەنجامنەدانی هێرشی ئەمریکی بۆ سەریان؛ دەستپێکردنی قۆناغ بە قۆناغی ڕادەستکردنی چەکەکان؛ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربەخۆی چەکداریی گرووپەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی ئەندامەکانیان وەک تاک لەناو حەشدی شەعبی و دامەزراوە فەرمییەکانی تردا؛ هەروەها تەواوکردنی پرۆسەکە تا 30ی حوزەیرانی 2027، کە دوای ئەم ڕێكه‌وته‌، بوونی هەر گرووپێکی چەکداریی سەربەخۆ بە نایاسایی هەژمار دەکرێت. فوئادی، ئەم هەنگاوانەی وەک بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی داهاتوو وەسف کرد، لە کاتێکدا دانوستانەکان به‌رده‌وامن.

لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە، میکانیزمە کردارییەکان جێگەی ناکۆکین. بەپێی گێڕانەوەیەک، لە کانوونی دووەمی 2027ەوە بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ لەناو حەشدی شەعبیدا لەژێر چاودێریی حکوومەتدا دەست بە وەرگرتنی چەکەکان دەکات، هاوکات پارێزبەندی لە لێپێچینەوەی دادوەری و دەرفەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بۆ ئەو گرووپانە دەستەبەر دەکات کە پابەند دەبن بە کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداریی سەربەخۆ. گێڕانەوەیەکی تر وادەی ڕادەستکردنی چەکە ستراتیژییەکان (واتە مووشەکی بالیستی، ڕۆکێت و درۆنی خۆکوژ) دەخاتە مانگی ئاداری 2027وە؛ بە جۆرێک کە لیواکانی سەر بە گرووپەکان وەک یەکەی سەربازیی تەواو بچنە ناو حەشدی شەعبییەوە. ئەم جیاوازییە گرنگییەکی بەرچاوی هەیە، چونکە وەرگرتنی چەکداران وەک تاک، پەیکەری فەرماندەییی باڵە چەکدارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا وەرگرتنیان وەک لیوای تەواو، دەبێتە هۆی گواستنەوەی هەمان پەیکەری فەرماندەیی بۆ ناو حەشدی شەعبی بەبێ ئەوەی دەستکاری بکرێت.

زاراوە بەکارهاتووەکانیش بە هەمان ئاراستەدا گۆڕاون. عەلی ئەسەدی، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە 9ی ئەیلوولدا ڕای گەیاند، لێکتێگەیشتن لەگەڵ دانوستانکارانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە “قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا”  بۆ “ڕێکخستنی چەک” گۆڕاوە، هەروەها 30ی ئەیلوولی وەک دەستپێکی وتووێژەکان وەسف کرد کە لەوانەیە چەندان مانگ بخایەنێت. قەیس خەزعەلی، سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی هەق، پشتیوانی لە قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دەکات بەڵام ڕادەستکردنی چەک ڕەت دەکاتەوە و، دەڵێت چەکەکانی گرووپەکەی هەر لە بنەڕەتەوە لەناو حەشدی شەعبیدا پارێزراون.

نەخشەڕێگەی حەشدی شەعبی دەرفەتێک دەڕەخسێنێت کە گوتاری کۆنترۆڵی دەوڵەت بە کەمترین تێچوو بۆ سەر باڵە چەکدارەکان جێبەجێ ببێت. بەپێی یاسای ساڵی 2016ی حەشدی شەعبی، ئەم هێزە فەرمان لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەردەگرێت و ئەندامەکانی لە چالاکیی سیاسی قەدەغە کراون، کەچی باڵە چەکدارەکان ماوەی دە ساڵە لەناو ئەم چوارچێوەیەدا کار دەکەن. ئەو ڕێککەوتنەی لە مانگی ئابدا لەسەر کۆگه‌کردنی چەکەکان بڵاو کرایەوە، باسی لە کۆگه‌یەک دەکرد کە لەلایەن حکوومەتەوە تۆمار دەکرێن و بۆ پشکنینی لەناکاو کراوە دەبن، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە باڵە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی بە هاوبەشی بەڕێوەیان دەبەن، کە سەرۆکی ئەرکانەکەی، ئەبو فەدەک محەمەداوی، سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵایە. کەواتە گواستنەوەی چەکەکان بۆ ناو کۆگه‌کانی حەشدی شەعبی، دەتوانێت چاودێریی یاسایی بەسەر چەکەکانەوە بگۆڕێت، بەڵام کۆنترۆڵی کردارییان لەدەستی هەمان تۆڕدا دەهێڵێتەوە. ئەو گواستنەوانەی چەک کە تا ئێستا ئاشکرا کراون، لە ئاستێکی زۆر سنورداردان: لە مانگی ئابدا سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد کە لیواکانی 41 و 42ی عەسائیب لە یوسفییە، کەمتر لە دە درۆنی بێتەقەمەنییان ڕادەست کردووە و، هیچ مووشەکێکیش ڕادەست نەکراوە.

یاساکانی پەیوەندیدار بە حەشدی شەعبی ڕەهەندێکی تر بۆ دۆخەکە زیاد دەکەن. لە 29ی ئەیلوولدا، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسایەکی حەشدی شەعبیی پەسەند کرد تا بۆ پەرلەمانی ڕەوانە بکات؛ بەمەیش ئەو یاسایەی زیندوو کردەوە کە پێشتر واشنتۆن دژایەتیی دەکرد. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە دەقی پێداچوونەوەکەدا کۆلێژی ئەرکانی حەشدی شەعبی و کۆمپانیای گشتیی موهەندیس، کە باڵی بازرگانیی دەستەکەیە، لە ڕەشنووسە ڕێکخراوەیییەکە دەرهێنراون؛ ئەمەیش دەری دەخات کە دەقەکە لەژێر گوشاری ئەمریکادا هەموار کراوە. هەروەها دانوستانکاران نزیکن لەوەی پلەی وەزیری دەوڵەت (وەزیری بێ وەزارەت) بە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بدەن؛ هاوکات پێشنیازێکی جیاوازی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئارادایە بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی سەربازیی تایبەت بە درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لەناو حەشددا تاوەکوو چەکی گرووپەکان وەربگرێت. ئەگەر ئەم ڕێکارانە بێ هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەییی باڵە چەکدارەکان پەسەند بکرێن، پێگەی فەرمی، دابینکردنی دارایی و داپۆشینی یاسایی بۆ تواناکانی ئەو باڵانە دەستەبەر دەکەن.

باڵە چەکدارەکان لە پێگەی جیاوازەوە دەچنە ناو ئەم پرۆسەیەوە. عەسائیبی ئەهلی هەق بەهۆی هەبوونی وەزیر و پەرلەمانتار کە دەبێت بیانپارێزێت، ڕوو لە تێکەڵبوون دەکات و، خەزعەلییش پیرۆزباییی لە چەکدارەکانی کرد و داوای سازدانی ئاهەنگی سەروەریی نیشتمانیی کرد. کەتائیبی سەییدولشوهەدا هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەک، دەبەستێتەوە بە پاکێجێکی فراوانتری سەروەرییەوە، کە ئەمانە لەخۆ دەگرێت: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدا، پەسەندکردنی یاساکانی حەشدی شەعبی، دەرچوونی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کۆنترۆڵی فیدراڵیی سنوورەکان و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و، دەرکردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە عێراق. کەتائیبی حزبوڵڵا به‌رپرسیارێتیی دەرکردنی ئەمریکییەکانی بۆ خۆی گەڕاندەوە و، هاوکات هەڕەشەی چاودێریکردنی کایەی ئاسمانیی عێراقی کرد و تەواوبوونی کشانەوەکەی ڕەت کردەوە؛ بە جۆرێک بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک، بانگەشەی ئەوەی کرد کە گەشتە ئاسمانییەکان و جووڵەی سەربازانی ئەمریکا تا 30ی تشرینی یەکەم[ڕەنگە مەبەستی نووسەر 30 ئەیلوول بێت] بەردەوام بووه‌. هەروەها ئەسحابولکەهف لە 29ی ئەیلوولدا ڕای گەیاند کە ڕادەستکردنی چەکەکانی، پێویستیی بە فەتوایەکی نووسراوی شەرعی هەیە.

ئەم مەرجانە زۆر لە کشانەوەی ئەمریکا تێ دەپەڕن، بۆیە ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا تەنیا یەکێک لەو داواکارییانە جێبەجێ دەکات کە باڵە توندڕەوەکان بە پرسی چەکەکانیانەوە گرێیان داوە. هەروەک دامەزراوەی تی ئێن سی پێشتر باسی کردبوو، ئەو باڵانەی لە بواری سیاسیدا زیانی گەورەتریان پێ دەگات، بەرەو دەوڵەت هەنگاو دەنێن، لە کاتێکدا ئەو گرووپانەی خاوەنی ئەو توانایانەن کە واشنتۆن زۆرترین نیگەرانیی لەبارەیانەوە هەیە، دەست بە چەکەکانیانەوە دەگرن.

قورساییی سیاسیی گرووپەکان، لە دەرەوەی دۆسیەی چەکیشدا دەرکەوتووە. پاش ئەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەکرەم کەعبی، سەرکردەی بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی مانگرتنی لە فڕۆکەخانەکان کرد و پەرلەمانتارانی بەسڕەش مۆڵەتی 48 کاتژمێریان دایە حکوومەت تا لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە. لە 28ی ئەیلوولدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی دەرکرد کە ڕێگە بە هێڵی ئاسمانیی عێراقی (Iraqi Airways) دەدات تا 28ی تشرینی یەکەم زیارەتکارانی ئێرانی لەنێوان ئێران و نەجەفدا بگوازێتەوە. مەرجەکانی ئەم مۆڵەتە سنووردارن: تەنیا هێڵی ئاسمانیی عێراقی و تەنیا نەجەف دەگرێتەوە، گواستنەوەی بڕەپارەی کاشی زۆر و سەرنشینانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان قەدەغە دەکات و، ئەگەر عێراق لە دەرکردنی فڕۆکە ئێرانییەکانی تر لە ئاسمانەکەیدا سەرکەوتوو نەبێت، مۆڵەتەکە هەڵدەوەشێتەوە. ئەم هەنگاوە وەک حاڵه‌تێكی ڕیزپه‌ڕی سنووردار دەمێنێتەوە کە لە هەمان ئەو هەفتەیەدا پەسەند کرا کە تێیدا واشنتۆن، بە خشتە درێژخایەنەکەی چەک قایل بوو.

کاتی زیادکراو، بەهای ستراتیژیی تایبەت بە خۆی هەیە. سیاسەتوانێکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند کە ئەم دواخستنە دەرفەت بە تاران دەدات بگاتە ڕێککەوتنێکی لەبار لەگەڵ واشنتۆندا؛ هاوکات هەمان ئەو هەواڵانە ئاماژەیان بەوە کرد کە تاران دەیەوێت چەکە کۆگه‌کراوەکان لە بندەستی باڵە چەکدارەکاندا بمێنێتەوە. هەندێک لە شرۆڤەکارانی عێراق پێیان وایە کە گرووپەکان چاوەڕوانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکان (U.S. midterm elections) لە مانگی تشرینی دووەمدا، کە دەکرێت پێگەی ترەمپ لاواز بکات. پێشهاتەکان لە هەر کام لەم دوو بوارەدا دەتوانن پێش مانگی حوزەیرانی 2027 پێگەی باڵە چەکدارەکان سەرلەنوێ دابڕێژنەوە و، تا ئەو کاتەیش جبەخانەکانیان وەک سەرچاوەی سەرەکیی گوشاریان دەمێنێتەوە.

دەرەنجامەکان بەوەوە بەند دەبن کە کێ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی دادەمەزرێنێت، کێ کۆنترۆڵی چوونەناو کۆگه‌کانی بەدەستەوە دەبێت، کێ مۆڵەتی هەڵدانی مووشەکەکان دەدات و، چی ڕوو دەدات ئەگەر گرووپێک لە فەرمانێک یاخی بێت. بۆ ئێستا، واقعی بەرچاو ئاماژە بە وادەیەکی دواخراو، گواستنەوەی سنوورداری چەک و، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێک لەلایەن حکوومەتەوە دەکات کە باڵە توندڕەوەکان دژایەتیی دەکەن. گرووپە چەکدارەکان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان مسۆگەر کرد کە لە ساڵی 2020دا داوایان دەکرد، لەگەڵ نۆ مانگی تر بۆ دانوستان لەسەر مەرجەکانی تێکەڵکردنیان، بەو مه‌رجانه‌ی کە بە قازانجی خۆیان دەشکێتەوە.

تێبینی: بۆچوون و شرۆڤەکانی ناو ئەم وتارە تەنیا گوزارشت لە ڕوانگەی نووسەران و ماڵپەڕەکەیان دەکەن و، مەرج نییە ڕەنگدانەوەی دید یان سیاسەتی خانەی هزریی کوردستان بن.

سەرچاوە:

https://thenationalcontext.com/iraqs-militias-win-us-withdrawal-and-keep-their-weapons-for-now/