بەغدا و هەولێر: بەرەو سەردەمێکی نوێ لە هاوبەشی بۆ بنیادنانی دەوڵەت
نووسەر: یووسف موحسین (Yousef Al-Muhsen)
سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ کاروباری دەرەوە (رئيس المجموعة العراقية للشؤون الخارجية)
لە کایەی سیاسەتدا، گرنگیی وتارەکان تەنیا لە نێوەڕۆکدا قەتیس نامێنێت؛ بەڵکوو ئەو زمانەی قسەکەر پێی دەپەیڤێت، ئەو شوێنەی وتارەکەی تێدا پێشکەش دەکات و، ئەو ئامادەبووانەی ڕوویان لێ دەکات، ڕەهەندی سەرەکیی وتارەکە پێک دەهێنن. لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت وتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە زمانی عەرەبی لە بەغدا، لەوە زیاتر بخوێنرێتەوە کە تەنیا وتارێک بێت لە بۆنەیەکی نیشتمانیدا؛ چونکە پەیامێکی سیاسی لەخۆ دەگرێت کە پەیوەستە بە پێگەی هەرێم لەنێو دەوڵەتی عێراقدا، سروشتی ئەو پەیوەندییەی دەیەوێت لەگەڵ بەغدا بنیادی بنێت و، ئەو ئەرکەی دەیەوێت لە داڕشتنی ئاییندەی عێراقدا بیبینێت.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەى سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی لە ئایاری ٢٠٢٦دا، ئامادەییی سەرۆکی هەرێم لە بەغدا ڕووی لە هەڵکشان کردووە؛ بەشداریکردنی لە دانیشتنی متمانەبەخشین بە حکوومەت دەستپێکی ئەم ڕەوتە بوو، پاشان بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و، دواتریش ئامادەبوونی لە کۆنفرانسی ڕۆژی سەروەری.
ئەم ئامادەبوونە لە ساتەوەختێکدا هاتە ئاراوە کە پرسەکانی تایبەت بە سەروەری، سنووردارکردنی چەک لهدەستی دەوڵەتدا و پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، لەگەڵ گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاییندەی هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێگەی عێراق لەنێو گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا، تێکەڵ بوون.
لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخەدا، بڕیاری سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی زمانی عەرەبی، واتایەکی بەرفراوانتر لە دوواندنی ئامادەبووان بە زمانی خۆیان وەردەگرێت؛ پێ دەچێت سەرۆکی هەرێم هەوڵی فراوانکردنی پێگەی سیاسیی خۆی بدات، لە سەرۆکی هەرێمێکەوە کە دەربارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا وتووێژ دەکات، بەرەو هاوبەشێکی کورد کە دیدگەیەک بۆ ئاییندەی دەوڵەتی عێراق دەخاتە ڕوو. زمان لێرەدا دەبێتە دەروازەی پەیامەکە، لە کاتێکدا نێوەڕۆکەکەی بە چۆنێتیی بنیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵیی سەقامگیر، ڕێکخستنی هێز لەنێویدا و، دەستنیشانکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەبەسترێتەوە.
کاتێک سەرۆکی هەرێم لەبەردەم سەرکردەکانی وڵات و نوێنەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕای دەگەیەنێت کە ”عێراق بەرپرسیارێتیی هاوبەشمانە”، پێناسەیەکی نوێ بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی گشتیی نیشتمانیدا دەخاتە ڕوو. ئەم واتایەیش بەو جەختکردنەوەیەی پتەوتر دەبێت کە هەرێم دەبێتە پشتیوان و هاوکاری هەموو ئەو هەوڵانەی، سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەپارێزن، هاوکات لەگەڵ بانگەوازەکەی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەنێو ”ماڵی عێراقی”دا بە گوێرەی دەستوور. ئەم دەستەواژانە سیمایەکی گشتگیری عێراقی دەبەخشنە وتارەکە و، بازنەی بایەخدانەکەی فراوان دەکەن، تا دەوڵەت، دامەزراوەکانی و ئاییندەکەی بگرێتەوە.
گرنگیی ئەم دیدگەیە لە گرێدانی مافەکانی هەرێم بە شێوازی ئەو دەوڵەتەوە دەردەکەوێت کە پێویستە حوکمی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بکات. هاوکات هیواخواستنی بۆ ”عێراقێکی دەستووری، فیدراڵی و، سەقامگیر کە خاوەنی سەروەرییهكی تەواو بێت”، فیدراڵیزم وەک ڕەگەزێکی بنیادنەری دەوڵەتی عێراق دەناسێنێت. بەم هەنگاوە، وتارەکە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ تێپەڕاندنی گرێکوێرەیەکی درێژخایەنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ گرێکوێرەیەک کە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە، گوایە بەهێزبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر حیسابی هەرێم دەکەوێتەوە، یان فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی هەرێم دەوڵەت لاواز دەکات.
دەوڵەتی فیدراڵی دەتوانێت بەهێزیی دامەزراوە فیدراڵییەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمەکاندا ئاوێتە بکات، بە مەرجێک پەیوەندیی نێوان هەردوو لا لەسەر بنەمای یاسای ڕوون و جێگیر دامەزرابێت. بە پشتبەستن بەم دیدگەیە، پەیامەکە بە ئاراستەی دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکی هێز لەنێو عێراقدا هەنگاو دەنێت: هێزی بەغدا لە توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و جێبەجێکردنی دەستووردا چڕ دەبێتەوە و، هێزی هەولێریش لە سەقامگیریی پێگە دەستوورییەکەی و بەشداریکردنی لە بڕیاری نیشتمانیدا بەرجەستە دەبێت؛ بە جۆرێک هەردوو لا بکاتە خاوەن توانایەکی بەرزتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان.
دەستوور لەم دیدگهیەدا ئەرکێکی بنەڕەتیی سیاسی دەبینێت؛ چونکە لە یەک کاتدا مەرجەعی یەکپارچەییی دەوڵەت و ڕێکخستنی دەسەڵاتەکانیەتی، هاوکات زامنی سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی هەرێمیشە. بۆیە بانگەواز بۆ دەوڵەتێکی بەهێز، مانای تەواوی خۆی کاتێک وەردەگرێت کە لەگەڵ جێبەجێکردنی دەستوور لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە دارایی، کارگێڕی و ئەمنییەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هاوتەریب بێت. بەم جۆرە، بەهێزیی دەوڵەت دەبەسترێتەوە بە توانای لەخۆگرتن و ڕێکخستنی فرەییی پێکهاتەکان و، گۆڕینی هاوبەشی بۆ نەریتێکی دامەزراوەییی بەردەوام.
ئەم شێوازە لە تێڕوانین، هەوڵێک بۆ داڕشتنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای سەرکەوتنی هاوبەش دەردەخات، بە جۆرێک سەقامگیریی هەرێم ببێتە بەشێک لە سەقامگیریی عێراق و، هێزی دەوڵەتیش ببێتە زامنی هاوبەشییەکی هاوسەنگتر.
هەستیارترین پەیامی نێو وتارەکە، پەیوەستە بە مەرجەعییەتی بڕیاری سەربازییەوە. جەختکردنەوەی سەرۆکی هەرێم لەسەر ئەوەی، پێویستە دەوڵەت لە پرسی ئاشتی و جەنگدا خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت، دەست بۆ جەوهەری تەنگژەی ئێستای عێراق دەبات: توانای دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی هێز و، ڕێگریکردن لە فرەییی ئەو لایەنانەی دەتوانن وڵات بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە پەلبکێشن یان باجی ململانێیەکی ناوچەییی بەسەردا بسەپێنن.
لەم چوارچێوەیەدا، لێدوانەکەی دەربارەی ئەو چەکانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان، گرنگییەکی تایبەت پەیدا دەکات؛ چونکە مشتومڕی سەروەرى، بۆ ئاستی توانای کردەیی لە بڕیاردان و جێبەجێکردندا دەگوازێتەوە. سەروەری بەناتەواوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی بڕیاری بەکارهێنانی هێز بەتەواوی ملکەچی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت نەبێت.
هاوکات سەرۆکی هەرێم پێداگریی کرد لەسەر ستایشکردنی قوربانیدانی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە؛ ئەمەیش داڕشتنێکی سیاسیی وردبینی بۆ هەڵوێستەکەی دابین کرد کە لە یەک کاتدا داننان بە کاریگەریی ئەو هێزانەی دژ بە ڕێکخراوی داعش جەنگان، لەگەڵ چەسپاندنی مەرجەعییەتی دەستووریی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی هێز کۆ دەکاتەوە. ئەم هاوکێشەیە دەرفەت دەڕەخسێنێت دۆسیەی چەک لە دەروازەی ڕێکخستنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەوە تاوتوێ بکرێت، بەبێ ئەوەی پێگەی ئەو قوربانیدانانە کەم بکرێتەوە کە جەنگاوەران لەپێناو پاراستنی عێراقدا پێشکەشیان کردووە.
ئەم تێڕوانینە پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەگرێتەوە.
وتارەکە پرسی کشانەوەی هێزەکانی، وەک دەروازەیەک بۆ داڕشتنەوەی هاوبەشی سەیر کردووە و، داوای کردووە پەیوەندییەکە لە هاوپەیمانێتییەکی بنەمادانراو لەسەر جەنگی دژەتیرۆرەوە، بگوازرێتەوە بۆ هاوکارییەکی درێژخایەن کە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسی بگرێتەوە. ئەمە دیدگەیەکە کە دەربڕی ئەو تێگەیشتنەیە کە قۆناغی داهاتوو پێویستیی بە گۆڕینی هاوکاریی سەربازی هەیە بۆ بەرژەوەندیی بەرفراوانتر کە پشتیوانی لە سەقامگیریی عێراق و توانستە دامەزراوەیی و ئابوورییەکانی بکات.
له دووتوێی ئهم تێڕوانینهوه، ئهم گوتاره هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی بەشدار لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی عێراق دهناسێنێت و، پەیامێکیش بۆ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەنێرێت کە عێراقێکی فیدراڵیی سەقامگیر دەتوانێت هاوبەشێکی باوەڕپێکراو بێت. هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆش، هەرێمی کوردستان دەخاتە نێو سیستەمی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە؛ ئاراستەیەک کە لەگەڵ هەوڵەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکاندا یەک دەگرێتەوە، بە مەرجێک ئەو هەماهەنگییە وەربگێڕدرێتە سەر ڕێکخستنی دامەزراوەییی ڕوون.
بانگەوازی ناوبراو بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان، پەیامێکی هەرێمایەتییشی پێوەیە. هەروەها دەکرێت جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێ و دۆستاندا، وەک بانگەوازێک بخوێنرێتەوە بۆ ملکەچپێکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی و سەروەریی دەوڵەت. ئەم داخوازییە، قورساییی خۆی لە قۆناغێکدا وەردەگرێت کە گوشارەکان بۆ سەر عێراق ڕوو لە زیادبوونن و، توانای کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ناوخۆیی دەبێتە مەرجێک بۆ پاراستنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی.
سەرباری ئەمەیش، گرنگیی وتارەکە بە مانای تەواوبوونی ئەو وەرچەرخانە نایەت کە وتارەکە دەری بڕیوە. وتارەکە هەرچەندە هێمای گۆڕانکاری لە سروشتی پەیوەندییەکاندا لەخۆ بگرێت، بەو واتایە نییە کە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر یەکلایی بووبێتنەوە، یان هاوبەشییە نوێیەکە بووبێتە واقعێکی دامەزراوەییی تۆکمە و تەواو. گواستنەوە لە دانوستاندن دەربارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانەوە، بۆ بەشداریکردن لە بنیادنانی ئاییندەی دەوڵەتدا، پێویستی بە پابەندبوونی دوولایەنە، ڕێککەوتنی شیاوی جێبەجێکردن و، متمانەیەک هەیە کە لە بۆنە سیاسییەکان تێ پەڕێت.
هاوکات، بانگەواز بۆ قەتیسکردنی بڕیاری ئاشتی و جەنگ لەدەستی دەوڵەتدا، پێویستیی بە ڕێوشوێنێكه کە سەرجەم هێزە چەکدارەکان بگرێتەوە و، بەرپرسیارێتی و پەیوەندییان بە دامەزراوە دەستوورییەکانەوە دیاری بکات؛ لە کاتێکدا هاوبەشیی نێوان بەغدا و هەولێر پێویستیی بە بنەمایەک هەیە کە لە گۆڕانکاریی هاوپەیمانێتییەکان و قەیرانەکان بیپارێزێت.
سەرۆکی هەرێم زمانی عەرەبیی بەکار هێنا تا لەگەڵ بەغدا بدوێت، بەڵام لە نێوەڕۆکی وتارەکەیدا پرسیارێکی خستەڕوو کە لە بەغدا تێ دەپەڕێت و دەگاتە هەموو عێراقییەکان: چۆن دەکرێت دەوڵەتێک بنیاد بنرێت کە سەروەری و هاوبەشی، دەسەڵات و دەستوور، یەکێتیی بڕیار و ڕێزگرتن لە فرەیی، تێیدا کۆ ببێتەوە؟
پێ دەچێت ئەمە گرنگترین پەیامی وتارەکەی بێت. پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەی عێراقدا تەنیا بەو ماف و دەسەڵاتانە دیاری ناکرێت کە بەدەستی دەهێنێت، بەڵکوو بە ئاستی بەشداریکردنی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی دەوڵەت، هاوکاری لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانیدا و، پابەندبوون بەو بنەما دەستوورییانەی کە داوا لە هەمووان دەکات پەنای بۆ بەرن، دەستنیشان دەکرێت.
لەبەرامبەردا، بەهێزیی دەوڵەتی عێراق تەنیا بە توانای لە سەپاندنی دەسەڵاتەکەیدا ناپێورێت، بەڵکوو بە توانای لە بنیادنانی هاوبەشییەکی فیدراڵیی سەقامگیردا پێوانە دەکرێت؛ هاوبەشییەک کە فرەیی لەخۆ بگرێت، مافەکان بپارێزێت و، بڕیاری سەروەری لە چوارچێوەی دامەزراوە دەستوورییەکاندا یەک بخات. لەنێوان ئەم دوو ڕێڕەوەدا، دەکرێت پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بەڕێوەبردنی بەردەوامی ناکۆکییەکانەوە، بەرەو هاوبەشییەکی کردەیی لە بنیادنانی ئاییندەی عێراقدا بگۆڕدرێت.
سەرچاوە: