ئیدارەدانی ستراتیژیی وزە بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان
نووسینی: د. بێستون محهمهد، دكتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی سروشتی
پوختە
ئەم توێژینەوەیه تیشک دەخاتە سەر کێشەیەکی بنەڕەتی لە کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەویش بەردەوامیی سووتاندنی گازی هاوەڵە (Gas Flaring) لە کێڵگە نەوتییەکاندا. سەرەڕای ئەوەی عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو و، یەدەگەکەی 145 billion بەرمیلە (U.S. Energy Information Administration, 2025)، ساڵانە بڕێکی زۆر لە گازی هاوەڵ دەسووتێنێت. ئەم دیاردەیە بەشێکە لە هەڵکشانی سووتاندنی گاز لە جیهاندا کە لە ساڵی 2024دا گەیشتە نزیكەی 151 ملیار مەتر سێجا (bcm) و بڕی 389 ملیۆن تەن گازی زیانبەخشی دووانەئۆكسیدی كاربۆن (CO2)ی خستووەتە بەرگە هەواوە (World Bank, 2024). لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەفیڕۆدانی ئەم سەرچاوەیە زیانێکی ئابووریی گەورە بە بوودجە دەگەیەنێت (Razzak et al., 2021; PwC, 2021)؛ ئەمە لە کاتێکدایە كە 58.2%ی کارەبای بەرهەمهێنراوی عێراق پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت (EIA,2025) و، ئەم وڵات ساڵانە ملیاران دۆلار لە هاوردەکردنی گازی دەرەکی خەرج دەکات (Rudaw, 2023; Rudaw, 2026).
دەرەنجامەکانی شیکاری تێچوون و قازانج لەم توێژینەوەیەدا، دەریان خستووە کە ڕاگرتنی هاوردەکردنی گازی دەرەکی و بەکارهێنانی گازی هاوەڵی ناوخۆیی، دەتوانێت تێچووی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کۆکردنەوەی گاز لە ماوەیەکی کورتدا بگەڕێنێتەوە (PwC, 2021). جگە لەوەیش، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کۆکردنەوەی گاز، تێچووی بەرهەمهێنانی یەکەی کارەبا بە ڕێژەی 40% بۆ 50% کەم دەکاتەوە و سەربەخۆییی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر گوشارە جیۆپۆلیتیکییەکان تا ڕاددەیەكی زۆر مسۆگەر دەکات.
بۆ بەدیهێنانی ئامانجی کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز تا ساڵی 2030، توێژینەوەکە ئەم ڕاسپاردە سەرەکییانە پێشکەش دەکات:
- هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان: گۆڕینی چوارچێوەی گرێبەستەکانی خزمهتگوزاری (DPC/EDPC) لە عێراق و بەشداریکردن لە بەرهەم (PSC) لە هەرێمی کوردستان؛ بە شێوازێک کە گازی هاوەڵ وەک سەرچاوەیەکی ئابووریی سەربەخۆ هەژمار بکرێت.
- سەپاندنی سزای دارایی: دانانی ڕێژەیەک لە سزای دارایی لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی، بەردەوامن لە سووتاندنی گاز.
- مۆدێلی وەبەرهێنانی سەربەخۆی هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت (PPP): ڕەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنان بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بونیادنانی وێستگەکانی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی گاز بە مۆدێلی (BOO/BOOT).
تێبینی:(BOO) واته: دروستکردن ◄ خاوەندارێتیکردن ◄ بەڕێوەبردن
(BOOT) واته: دروستکردن ◄ خاوەندارێتیکردن ◄ بەڕێوەبردن ◄ گواستنەوەی خاوەندارێتی
- پێشەکی
1.1. واقعییەتی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان
کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردن، ئابووری و پێکهاتەییدایە؛ لە لایەکەوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە بەرزبوونەوەدایە و، لە لایەکی ترەوە بڕێکی زۆر لە گازی هاوەڵ بەفیڕۆ دەچێت و دەسووتێنرێت. بەپێی ئامارە شیکارییەکانی دامەزراوەی Iraq Oil Report, 2026، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی فیدراڵی لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 4.50 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا (bpd) کە بەراورد بە ساڵی 2024 بەرهەمهێنان 4.36 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە؛ كەواتە بەرهەمهێنان بەهۆی ئاسانکاری و نەرمینواندنی ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس (OPEC+)، ڕووی لە زیادبوون کردووە. لەبەرامبەردا، بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە 308,000 بەرمیلی ڕۆژانەوە لە ساڵی 2024، دابەزیوە بۆ 285,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2025دا؛ بەردەوامیش هەڵبەز و دابەز دەكات (Iraq Oil Report, 2026).
لەگەڵ ئەم ڕەوتەی بەرهەمهێناندا، بەڵام سووتاندنی گازی هاوەڵ وەک ئاستەنگێکی سەرەکی، هەر بەردەوامیی هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بانکی جیهانی (World Bank, 2026)، بڕی گازی سووتێنراو لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 167 ملیار مەتر سێجا (bcm) کە بەهای دارایییەکەی بە 54 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ڕاپۆرتەکە دەری خستووە کە وڵاتی عێراق لەگەڵ ڕووسیا و ئێران لە ڕیزی پێشەوەی ئهو وڵاتانەی جیهاندایە کە زۆرترین گازی هاوەڵ دەسووتێنن؛ بە شێوەیەک ئەم سێ وڵاتە پێکەوە نزیکەی 84 ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن کە دەکاتە نزیکەی نیوەی تەواوی گازی سووتێنراوی جیهان (Shafaq News, 2026; World Bank, 2026). ئەگەرچی بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕێژەی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ لە 53%ەوە بەرز بووەتەوە بۆ 74% لە ڕێگەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک کۆمپانیای گازی بەسرە و دەستپێکردنی پڕۆژەکانی Basra NGL 1 و NGL 2 بە توانای چارەسەرکردنی 400 ملیۆن پێی سێجای ڕۆژانە (mmcf/d) بۆ هەر یەکێکیان، بەڵام هێشتا ڕێژەیەکی بەرفراوانی گاز لە هەوادا بەفیڕۆ دەچێت (Egypt Oil & Gas, 2025).
ئەم بەفیڕۆدانەی گاز لە کاتێکدایە کە تۆڕی نیشتمانیی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەست کورتهێنانی بەردەوامەوە دەناڵێنن. لە عێراقدا، پێداویستیی کارەبا لە وەرزی هاویندا دەگاتە 55,000 تا 62,000 مێگاوات، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە لە دەوروبەری 21,000 تا 30,000 مێگاواتدایە؛ هەروەها لەنێوان 55% تا 59%ی کارەبای بەرهەمهێنراو لە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردندا بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە بەهەدەر دەچێت. وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 33% تا 40% پشتیان بە گازی هاوردەکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران (964media, 2026) بەستبوو. ئەم پشتبەستنە هەمیشەیییە، وڵاتەکەی تووشی بەرکەوتەی شۆکی جیۆپۆلیتیکی و گرژییە ناوچەیییەکان کردووە؛ بۆ نموونە بڕینی تەواوەتیی گازی هاوردەکراوی ئێران لە هێڵەکاندا، بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 3,100 مێگاوات ڕاستەوخۆ لە تۆڕی نیشتمانی (The New Region, 2026)، کە ئەمەیش زیانی کوشــــندەی بە سێــــــکتەری ئابـــــــووری و سەقامگیریی کۆمـــــەڵایەتی گەیـــــاندووە (Rawabet Center, 2026).

2.1. ئامانجی توێژینەوەکە
کەلێنی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە، لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەم گۆڕاوە دژبەیەکانەدا کۆ دەبێتەوە. ئامانجە بنەڕەتییەکانی بریتین لە:
- دیاریکردنی زیانە ئابووری و ژینگەیییەکان: خەمڵاندنی بڕی زیانە دارایییە ڕاستەوخۆکان کە لە ئەنجامی سووتاندنی گازی هاوەڵ بەر خەزێنەی گشتی دەکەوێت، بەراورد بە تێچووی هاوردەکردنی سووتەمەنی و کارەبا، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی کەڵەکەبوونی زیانە ژینگەیییەکان و دەردانی گازی میسان و دووانەئۆكسیدی كاربۆن (Methane و CO2).
- داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ بڕیاردەران: ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەکی کەمکردنەوە و ڕاگرتنی تەواوەتیی سووتاندنی گاز، کە پشت بە چاکسازیی پێکهاتەیی لە گرێبەستەکان، ڕێکخستنی یاسایی و، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت ببەستێت تاوەکوو گاز لە سەرچاوەی بەفیڕۆچوونەوە بگواێزرێتەوە بۆ سەرچاوەی بەرژەوەندیی ئابووری و ئاسایشی وزە.
3.1. پرسیارەکانی توێژینەوەکە
بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی توێژینەوەکە، ئەم پرسیارانەی خوارەوە بە شێوەیەكی زانستی وەڵام دەدرێنەوە:
- پرسیاری یەکەم: ئایا تێچووی داراییی کۆکردنەوە و دەرهێنانی گازی هاوەڵ بە بەراورد لەگەڵ تێچووی بەردەوامی هاوردەکردنی گازی دەرەکی و سووتەمەنیی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت؟
- پرسیاری دووەم: چ جۆرە هەموارکردنێک لە گرێبەستە نەوتییەکان (وەک گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری یان گرێبەستەکانی بەشداریکردنی بەرهەمهێنان) و ئامرازەکانی سیاسەتی گشتیدا، پێویستە بۆ دروستکردنی هاندەری ئابووری تا کۆمپانیا جیهانی و ناوخۆیییەکان پابەندی کۆکردنەوەی گاز ببن؟
- شیکاری تێچوو و قازانج
1.2. تێچووی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کۆکردنەوەی گاز
دروستکردنی ژێرخانی گشتگیری کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی گازی هاوەڵ، پێویستیی بە وەبەرهێنانی سەرمایەییی هەنگاو بە هەنگاو هەیە، بەڵام پێوەرە ئابوورییەکان دەری دەخەن کە دەكرێت ئەم تێچووە لە ماوەیەکی کورتدا بگەڕێتەوە. لەسەر ئاستی پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراق، پڕۆژەی وەبەرهێـــــنانی گازی بەســـــرە (GGIP) کە لەلایەن کۆمپـــانیای تۆتاڵ ئینێرجیز (TotalEnergies بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوت جێبەجێ دەکرێت، پێویستیی بە سەرمایەگوزارییەک لە دەوروبەری 10 ملیار دۆلار هەبووە تەنیا بۆ گەشەپێدانی سێــــکتەری گاز و کۆکــــردنەوەی گازی سووتـــێنراو لە کێڵـــگەکانی باشوور (TotalEnergies, 2023). لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای گــــازی بەسرە (Basrah Gas Company – BGC) بۆ دروستکردنی وێستگەکانی پاڵاوتن و ئاسانکارییەکانی وەک Basra NGL لە ڕێگەی ڕێککەوتنی دارایی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک IFC گوژمەی سێ سەد تا پێنج سەد ملیۆن دۆلاری بۆ کەمکردنەوەی بهفیڕۆچوونی گاز (Arab News, 2021) وەرگرتووە.
2.2. لە ڕووی تێچووی وردی ئەندازیارییەوە:
- وێستگەکانی پەستان: تێچووی دامەزراندنی وێستگەیەکی پەستانی گاز بە توانای 15-25MW بەپێی ئامارە پیشەسازییە نێودەوڵەتییەکان، پێویستیی بە 40 ملیۆن تا 70 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ هەر وێستگەیەک .(Industrial Monitor Direct, 2024; OGJ, 2025)
- هێڵەکانی گواستنەوە: تێچووی ڕاگەیەنراوی دروستکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز لەسەر ئاستی جیهانی، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی؛ کە تێکڕا لهنێوان 8.7 ملیۆن تا 10.7 ملیۆن دۆلار بۆ هەر مایڵێک دەخەمڵێنرێت (OGJ, 2023).
- ماوەی گەڕانەوەی سەرمایە: سەرەڕای ئەم تێچووە سەرەتایییانە، پڕۆژەکانی کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ لە عێراق، ماوەی گەڕانەوەی سەرمایەی زۆر کورتیان هەیە کە تەنیا 3 تا 5 ساڵ دەخایەنێت. ئەمەیش بەهۆی جیاوازیی گەورەی تێچووی دیاریکراوەوە ڕوو دەدات؛ تێچووی کۆکردنەوە و بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی، نزیکەی 2.00 دۆلاری پێویستە بۆ هەر ملیۆنێک یەکەی گەرمیی بریتانی (MMBtu)، لە کاتێکدا تێچووی هاوردەکردنی گازی دەرەکی گەیشتووەتە نزیکەی $8.00 بۆ هەرMMBtu . ئەم جیاوازییە 6.00 دۆلار بۆ هەر MMBtu وەک قازانجی پاک و گەڕانەوەی داراییی ڕاستەوخۆ، بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە.
3.2. تێچووی هاوردەکردنی گازی دەرەکی (کڕین و گواستنەوە)
پشتبەستنی بەردەوامی عێراق بە هاوردەکردنی گازی دەرەکی، لۆدێکی دارایی و مەترسییەکی جیۆپۆلیتیکی بەرچاو دروست دەکات:
- خەرجیی ساڵانەی حکوومەت: عێراق ساڵانە لهنێوان 3 ملیار تا 5 ملیار دۆلاری بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەرخان كردبوو تەنیا بۆ کڕینی گازی سروشتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە مەبەستی بەردەوامیدان بە وێستگەکانی کارەبا. کاتێک ئەم خەرجییە لەگەڵ خەرجییەكانی تری وزەی ناوچەیی کۆ دەکرێتەوە، کۆی بەرکەوتەی داراییی هاوردەکردنی وزە دەگاتە 7 ملیار تا 8 ملیار دۆلار ساڵانە. هەروەها بەهۆی ڕێکارە دارایییەکان و سزاکانی ئەمریکا لەسەر گواستنەوەی پارە بۆ تاران، عێراق بەردەوام کەڵەکەبوونی قەرزی وزەی لەسەرە کە لهنێوان 2 ملیار تا 11 ملیار دۆلار بووە بەبەردەوامی.
- مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان و مهترسییه وەرزییەکان: سپاردنی سێکتەری وزە بە یەک دابینکەری دەرەکی، تۆڕی نیشتمانیی خستووەتە ژێر مەترسیی مانۆڕی جیۆپۆلیتیکی. لە وەرزی هاویندا کاتێک پلەی گەرما لە عێراق و ئێران دەگاتە 50°C، داواکاریی ناوخۆیی لە وڵاتی هەناردەکار بەرز دەبێتەوە؛ لە ئەنجامدا بڕی گازی هەناردەکراو بۆ عێراق بە ڕێژەی 50% کەم دەکرێتەوە یان بەتەواوەتی دەپچڕێت. ئەم ناڕێکخراوییە دەبێتە هۆی کوژانەوەی گشتیی کارەبا و، دروستبوونی کورتهێنانی زۆر لە کاتی لووتکەی بەکارهێناندا.
4.2. دەستکەوتە لاوەکییەکان
پرۆسەی گواستنەوە بەرەو کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ، سوودی فراوانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت:
- بەهای ژینگەیی و پابەندبوونی نێودەوڵەتی: عێراق بە سووتاندنی ساڵانەی 17 تا 18 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی، لە ڕیزی دووەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ بهفیڕۆدانی گاز. ڕاگرتنی ئەم پرۆسەیە، ڕێگری لە دەردانی ملیۆنان تۆن لە گازی دووانە ئۆکسیدی كاربۆن (CO2)، کاربۆنی ڕەش و، گازی مێسان (CH4) دەکات. ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ عێراق پابەند دەکات بە بەڵێننامەکانی کەشوهەوا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی پاریس (Paris Agreement) و دەستپێشخەریی بانکی جیهانی بۆ سفرکردنی سووتاندنی ئاساییی گاز تا ساڵی 2030؛ سەرەڕای ئەمەیش، بەکارھێنانی ڕێکارەکانی کاربۆن فۆرمات، ڕێگە بە عێراق دەدات لە ڕێگەی بازاڕەکانی ڕەهەندی کاربۆنەوە داهاتی داراییی زیادە بەدەست بهێنێت.
- ڕەخساندنی دەرفەتی کار و گەشەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی: دروستکردن و کارپێکردنی وێستگەکانی چارەسەرکردنی گاز و هێڵەکانی گواستنەوە، دەبێتە بزوێنەرێکی گەورەی ئابووری، کە دەرفەتی کاری جێگیر لە سێکتەری ئەندازیاری و تەکنیکیدا دروست دەکات. لە ڕووی پیشەسازییەوە، دابینکردنی گازی وشكی ناوخۆیی، دەبێتە کەەرەستەی خاو بۆ بووژاندنەوەی وێستگەکانی کارەبا بە خولی تێکەڵاو، گەشەپێدانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی، بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی و، کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ.
- هەڵسەنگاندنی ئاسایشی وزە و خەرجیی بهرههمهێنانی کارەبا
1.3. دابەزاندنی تێچووی یەکەی کارەبا
بەهۆی نادیاری لە دابینکردنی سووتەمەنیی گونجاو و پشتبەستن بە سووتەمەنیی جێگرەوەی گرانبەها، تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرز بووەتەوە. بەپێی شیکارییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF, 2023) و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی نوێبووەوە (IRENA, 2025)، جیاوازییەکی بەرچاو لە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر مێگاوات- ژمێرێک (MWh) کارەبادا هەیە بەپێی جۆری سووتەمەنیی بەکارهاتوو:
- تێچووی بهرههمهێنان بە گازی هاوەڵی ناوخۆیی: بەکارهێنانی گازی هاوەڵی ناوخۆییی چارەسەرکراو، تێچووی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگە غازییەکاندا، دادەبەزێنێت بۆ دەوروبەری 30 تا 45 دۆلار بۆ هەر MWhێک. ئەم تێچووە نزمە وا دەکات کارەبای بەرهەمهێنراو لە سەرچاوەی گازەوە بەرزترین توانای کێبڕکێی ئابووریی هەبێت.
- تێچووی بهرههمهێنان بە گازی هاوردەکراو و سووتەمەنیی قورس: لە کاتی وەستانی گازی هاوردەکراو یان کەمیی گازی ناوخۆیی، وەزارەتی کارەبا ناچار دەبێت وێستگەکانی بەرهەمهێنان بە گازۆیل یان نەوتی ڕەش/سووتەمەنیی قورس کار پێ بکات. تێچووی بەرهەمهێنانی هەر MWhێک کارەبا بە گازۆیل لە عێراق، دەگاتە 130 تا 180 (IMF, 2023)، لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنان بە گازی هاوردەکراو لە دەوروبەری 80 تا 105 بۆ هەر MWhێک دەخولێتەوە. بێ گومان ئەمە لە کاتێکدایە كە تێچووی کڕین و گواستنەوە کۆ دەکرێتەوە (Baker Institute, 2025; IMF, 2023).
ئەم بەرزبوونەوەی تێچووە، کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر بوودجەی گشتیی عێراق دروست کردووە. دەوڵەت ساڵانە بڕێکی زۆر لە بوودجەی بەکاربردن بۆ پاڵپشتیی نیشتمانیی سووتەمەنی و کارەبا تەرخان دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP, 2025)، تێکڕای پاڵپشتیی نەختینەیی و ناڕاستەوخۆی کارەبا و سووتەمەنیی سەرجەم وێستگەکان، دەگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری ساڵانە. کاتێک بەکارھێنانی گازی هاوەڵی ناوخۆیی جێگەی سووتەمەنیی شل و گازی هاوردەکراو دەگرێتەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 50% تا 60% دادەبەزێت؛ کە ئەمەیش ڕاستەوخۆ گوشاری دارایی لەسەر پاڵپشتیی دەوڵەت کەم دەکاتەوە و بوودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان زیاتر دەكات (AUIS Energy Initiative, 2026; UNDP, 2025).
2.3. جێگیریی تۆڕی کارەبا و سەربەخۆییی وزە
پچڕانی بەردەوامی دابینکردنی گاز و سووتەمەنی، تۆڕی نیشتمانیی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستانی دووچاری شۆک و پەککەوتنی بەردەوام کردووە. جێبەجێکردنی ستراتیژیی کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی پڕۆسەی بەرهەمهێنان:
- زیادکردنی کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبا: وێستگەکانی تورباینی غازی لە عێراق، بە توانای زیاتر لە 15,000 مێگاوات کار دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی کەمیی پەستانی گاز یان نەبوونی سووتەمەنی، بە نیوەی توانای خۆیان کار دەکەن یان بەتەواوەتی کوژێنراونەتەوە (Rudaw Research Center, 2020). دابینکردنی بەردەوام و جێگیری گازی ناوخۆیی، ڕێگە دەدات بە بەرزکردنەوەی توانای کارکردنی ئەم وێستگانە و گۆڕینیان بۆ خولی تێکەڵاو، بەبێ ئەوەی پێویست بە دروستکردنی وێستگەی نوێ بکات. ئەمەیش توانای زیادکردنی 4,000 تا 6,000 مێگاوات کارەبای نوێ بۆ تۆڕی نیشتمانی دەڕەخسێنێت و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات (Arab Reform Initiative, 2024).
- کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دابینکەرە دەرەکییەکان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی: پشتبەستنی سێکتەری کارەبای عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 35% بە سەرچاوەی دەرەکی بۆ دابینکردنی گاز، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی وزە (IMF, 2023). بەهۆی بڕیارە سیاسییەکان، ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان، یان کێشەی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەدا، دابینکردنی گاز چەندان جار لە ساڵدا بەیەکجاری دەپچڕێت. خۆبژێوی لە گازی هاوەڵدا، عێراق لە بەرکەوتەی شۆکی ناوچەیی دەپارێزێت و بنەمای ئاسایشی وزە بەهێز دەکات؛ بە شێوەیەک کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەر گوشارێکی دەرەکی پارێزراو دەبێت و، وڵات بەرەو سەربەخۆییی تەواوەتی لە بواری وزەدا ئاڕاستە دەکات (Arab Reform Initiative, 2024).
- شیکاریی ڕێگرییە یاسایی و گرێبەستییەکان (PSC vs. DPC/EDPC)
1.4. ئاستەنگ لە گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری (DPC/EDPC) لە عێراق
- چوارچێوەی گرێبەستەكانی نەوت: سەرتا پێویستە جۆری گرێبەستە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئاماژەیان پێ بكرێت، كە بریتین لە: PSC، واته گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەمهێنان (ئەم گرێبەستە لە هەرێمی كوردستان زۆر باوە) و، له عێراقیش DPC، واته گرێبەستی گەشەپێدانی بەرهەمهێنان و، EDPC، واته گرێبەستی گەڕان، گەشەپێدان و بەرهەمهێنان، كاری پێ دەكرێت. چوارچێوەی گرێبەستی کەرتی وزەی عێراق، یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی خاوبوونەوەی پرۆسەی کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ. لە خولەکانی یەکەم تا چوارەمی ڕاهێنان، وەزارەتی نەوتی عێراق پشتی بە گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی پەرەپێدان دەبەست. ئەم مۆدێلە گرێبەستە بە شێوەیەک داڕێژرابوو کە تەنیا سەرنجی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بوو، بەبێ ئەوەی هەمان گرنگیی یان هاندەری ئابووری بۆ کۆکردنەوە و وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ هەبێت (Rudaw Research Center, 2023).
- نەبوونی هاندەری داراییی ڕوون: له گرێبەستەکانی DPC وEDPC، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان (IOCs) بڕێكی هەقدەستی جێگیر بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهێنراو وەردەگرن. لەبەر ئەوەی گازی هاوەڵ لەمێژەوە وەک بەرهەمێکی لاوەکی یان پاشەڕۆ سەیر کراوە، پێکهاتەی داراییی ئەم گرێبەستانە میکانیزمێکی ڕوونی نەبووە بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووی وەبەرهێنانی سەرمایەیی کە کۆمپانیاکان بۆ کۆکردنەوەی گاز خەرجی دەکەن (Rudaw Research Center, 2023). لەبەر ئەوەی قازانجی کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوت بوو، سووتاندنی گاز ڕێگەیەکی هەرزانتر و ئاسانتر بوو بۆ بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانی نەوت بەبێ ئەوەی ڕووبـــەڕووی سزای دارایـــی یان یاســـایی ببنەوە (Middle East Institute, 2020).
- دەستپێشخەرییەکانی خولی پێنجەم و شەشەم: بۆ چاکسازیکردن لەم بۆشایییە، وەزارەتی نەوت لە خولی پێنجەم و شەشەمی گرێبەستەکاندا مۆدێلی گرێبەستەکانی بەرەو بەشداریکردنی قازانج گۆڕی، کە تێیدا بڕی قازانجی دیاریکراو بۆ کۆمپانیا بەشداربووەکان گەیشتە زیاتر لە 30% بە مەبـــــەستی ڕاکێــــشانی وەبەرهێـــــــنان بۆ کــــێڵگە غازییەکان و گـــازی هـــاوەڵ (Rudaw Research Center, 2024b). بەڵام جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە نوێیە لە کێڵگە کۆنەکاندا، کە هێشتا گرێبەستە کاتییەکانی DPC بەسەردا زاڵە، وەكوو ئاستەنگێکی یاسایی هەر ماوەتەوە (Lexology, 2023).
2.4. کێشەی خاوەندارێتیی گاز و کڕیاری گاز
جگە لە لایەنی داراییی گرێبەستەکان، ئاستەنگی یاسایی و پێکهاتەیی سەبارەت بە خاوەندارێتی و بازاڕکردنی گاز، ئاڵۆزییەکی زۆری لە پرۆسەی کۆکردنەوەی گازدا دروست کردووە:
- مۆنۆپۆلی دەوڵەت و خاوەندارێتیی گاز: بەپێی یاساکانی نەوت و گازی فیدراڵی و پێکهاتەی گرێبەستەکانی عێراق، تەواوی خاوەندارێتیی گازی بەرهەمهێنراو (چ گازی هاوەڵ یان گازی سەربەخۆ)، دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت و کۆمپانیا نیشتمانییەکان (وەک کۆمپانیای نەوتی باشوور یان کۆمپانیای گازی باشوور) (Al-Nesoor Law Firm, 2023; RGU Repository, 2020). ئەم خاوەندارێتییە ڕەهایەی دەوڵەت، وای کردووە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان مافی ئەوەیان نەبێت گازی کۆکراوە ڕاستەوخۆ بە کڕیاری سێیەم یان بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بفرۆشن، بەڵکوو ناچار کراون تەواوی گازەکە ڕادەستی وەزارەتی نەوت بکەنەوە، بە نرخێک کە لەلایەن حکوومەتەوە دیاری دەکرێت (Lexology, 2023; Middle East Institute, 2020).
- کێشەی کڕیاری کۆتایی و دواکەوتنی پارەدان: لەبەر ئەوەی وەزارەتی کارەبا یان وەزارەتی نەوت تەنیا کڕیاری کۆتاییی گازەکەن، کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان ڕووبەڕووی مەترسیی دواکەوتنی پارەدان یان نەبوونی نهختینەی دارایی دەبنەوە. ئەزموونی ئاڵۆزی ڕێککەوتنەکان لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی وەک دانا گاز و کریستێنت پێترۆلیۆم، دەری خستووە کە ڕێککەوتنی فرۆشتنی گاز بە حکوومەت و دیاریکردنی شایستە دارایــــییەکان، پێــــویستیی بە چـــــوارچێوەیـــــەکی یاساییــــی زۆر جێــــگیر هــــەیە (Crescent Petroleum, 2021; Dana Gas, 2025) . کەمیی ژێرخانی تۆڕەکانی گواستنەوە و ناڕوونی لە کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکان، وای کردووە کۆمپانیاکان دوودڵ بن لە خەرجکردنی سەرمایەی گەورە، کاتێک گهرەنتییەکی یاساییی ڕوون نەبێت بۆ کڕینەوەی بەردەوامی گازەکە لەلایەن دەوڵەتەوە (Belfer Center, 2022; Newlines Institute, 2022).
3.4. ئاستەنگ لە گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەم (PSC) لە هەرێمی کوردستان
پێکهاتەی گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان (Production Sharing Contracts – PSC) کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە (MNR) لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا واژۆ کراون، تا ڕاددهیهك نەرمیی زۆرتری تێدایە بە بەراورد لەگەڵ گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی فیدراڵی، بەڵام هێشتا ئاستەنگی گەورە لە جێبەجێکردنیدا هەیە (KRG Ministry of Natural Resources, 2008; Rudaw Research Center, 2024a).
- ناڕوونیی چوارچێوەی فرۆشتن و گواستنەوە: لە زۆربەی گرێبەستە نموونەیییەکانی هەرێمی کوردستاندا، سهرنج یاخود تهركیزی سەرەکی لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو بووە. ڕاستە لە مۆدێلی گرێبەستەکەدا ئاماژە بە گازی هاوەڵ کراوە، بەڵام چوارچێوەیەکی یاسایی و کارگێڕیی ڕوون بۆ ڕێکخستنی فرۆشتن، گواستنەوە و، پێدانی شایستە دارایییەکانی گازی هاوەڵ بۆ وێستگەکانی کارەبای ناوخۆ دانەنراوە (Arab Reform Initiative, 2024; KRG Ministry of Natural Resources, 2008).
- کێشەی نرخاندن و ژێرخانی گواستنەوە: بەهۆی نەبوونی تۆڕێکی نیشتمانیی یەکگرتووی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز و ناڕوونی لە پێوەرەکانی نرخاندنی گازی هاوەڵ بە بەراورد بە گازی سەربەخۆ، کۆمپانیا کارکەرەکان لە کێڵگە نەوتییەکان تووشی دوودڵی دەبن لە خەرجکردنی سەرمایەی زیادە بۆ دامەزراندنی وێستگەکانی پاڵاوتن (Emirates Policy Center, 2025; Rudaw Research Center, 2025) . جگە لەوەیش، کێشەی نهختینهیی و دواکەوتنی پارەدانی شایستەی کۆمپانیاکان لەلایەن حکوومەتەوە، وای کردووە تەرکیزی کۆمپانیاکان تەنیا لەسەر دەرهێـــــنانی نــــــەوت بێــــــت و گـــــازی هاوەڵ بــــەفیـــــڕۆ بـــــــــــڕوات (Kurdpress, 2026; Rudaw Research Center, 2024a).
4.4. میکانیزمی سزادان و هاندان
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە پێکهاتەیییە و هاندانی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ پابەندبوون بە ڕاگرتنی سووتاندنی گاز، پێویستە چوارچێوەیەک هەبێت پشت بە میکانیزمی هاوسەنگیی سزادان و هاندان ببەستێت (EPIC, 2024; The New Region, 2025).
- داڕشتنی سزای دارایی:
- سەپاندنی باجی دەردانی کاربۆن و میسان: پێویستە دەسەڵاتدارانی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سزای داراییی ڕاستەوخۆ بۆ هەر مەتر سێجایەک گازی سووتێنراو لە سەرووی ئاستی ڕێگەپێدراوەوە دابنێن. بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لە ئەگەری دانانی سزای دارایی (وەک 2:00 تا 3:00 دۆلار بۆ هەر MMBtu گازی سووتێنراو) وا دەكات سووتاندنی گاز لە ڕووی ئابوورییەوە خەرجدارتر بێت لە کۆکردنەوە و وەبەرهێنان تێیدا (EPIC, 2024; The New Region, 2025).
- توندکردنەوەی یاساکانی پاراستنی ژینگە: تێكهەڵکێشکردنی سزای کارگێڕی، وەک ڕاگرتنی کاتیی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی نەوت، کاتێک کۆمپانیاکان پابەندی نەخشەڕێگەی ڕاگرتنی سووتاندنی گاز نابن (The New Region, 2025).
- دابینکردنی هاندەر و بەخشش:
- داشکاندنی باج و لێخۆشبوونی گومرگی: بەخشینی لێخۆشبوونی باجی دەستکەوت یان کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیاکا بۆ ئهو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کۆکردنەوەی گازدا دەکەن، بەرامبەر دابەزاندنی تێچووی هاوردەکردنی ئامێرەکانی پاڵاوتنی گاز (EPIC, 2024).
- بازاڕکردن و بەکارھێنانی ڕەهەندی کاربۆن: پێدانی ڕێگەپێدانی یاسایی بۆ کۆمپانیاکان تاوەکوو بتوانن بڕی گازە دەردراوە ڕاگرتراوەکان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی کرێدیتی کاربۆن تۆمار بکەن و داهاتەکەی وەک هاندەری دارایی ڕاستەوخۆ دابەش بکەن (EPIC, 2024; Rudaw Research Center, 2025).
- هەموارکردنی گرێبەستەکان: ڕێگەپێدان بە کۆمپانیاکان بۆ هەژمارکردنی سەرمایەی خەرجکراو بۆ ژێرخانی گاز (CAPEX) لە چوارچێوەی نەوتی تێچوو (Cost Oil)؛ بە شێوەیەک کە خەرجییەکانیان لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە شێوەیەکی خێرا و پێشینەیی بگەڕێتەوە (Rudaw Research Center, 2024a).
- بژاردەکان و ڕاسپاردەکان
1.5. ڕاسپاردە یاسایی و ڕێکخستنەکان
- هەموارکردنەوەی مۆدێلی گرێبەستەکان: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆدێلەکانی گرێبەستی نەوتی DPC/EDPC و PSC هەموار بکەنەوە؛ بە شێوەیەک کە گازی هاوەڵ وەک سەرچاوەیەکی ئابووریی سەربەخۆ هەژمار بکرێت، نەک وەک پاشەڕۆیەکی لاوەکی. پێویستە تێچووی وەبەرهێنان لە ژێرخانی گاز (CAPEX) بخرێتە چوارچێوەی بەشە-نەوتی تێچوو (Cost Recovery Mechanisms) تاوەکوو کۆمپانیاکان هان بدرێن پارە لەم سێکتەرەدا خەرج بکەن.
- دیاریکردنی وادەی نەگۆڕ و سەپاندنی سزای هەڵکشان: داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی یاساییی ڕوون و نەگۆڕ بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز تا ساڵی 2030. لەگەڵ ئەمەیشدا سەپاندنی سزای دارایی بۆ هەرMMBtu یەک گازی سووتێنراو، بە شێوەیەک کە ڕێژەی سزاکە ساڵانە بەرز بێتەوە، بۆ ئەوەی سووتاندنی گاز لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر خەرجدارتر بێت لە کۆکردنەوەی.
2.5. ڕاسپاردە ئابووری و سەرمایەگوزارییەکان
- بەکارهێنانی مۆدێلی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP): هاندانی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی ژێرخانی کۆکردنەوە، پەستاندن و گواستنەوەی گاز. ئەم مۆدێلە (Public-Private Partnerships) باری دارایی لەسەر بوودجەی گشتی کەم دەکاتەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان خێراتر دەکات.
- دروستکردنی سندووقی تایبەت بە وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ: دامەزراندنی سندووقێکی سیادیی تایبەت کە داهاتی بەدەستهاتوو لە سزای کۆمپانیاکان بۆ سووتاندنی گاز تێیدا کۆ بکرێتەوە و، بەکارهێنانی تەواوی ئەم سندووقە تەنیا بۆ پارهداركردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی وزە و پاککردنەوەی ژینگە.
3.5. ڕاسپاردەی خێرا بۆ جێبەجێکردن
- بەستنەوەی کێڵگە بچووکەکان بە تەکنەلۆژیای CNG/LNG Mini-Grids: بۆ ئەوەی کێڵگە نەوتییە بچووک و دوورەدەستەکان کە بە هێڵە سەرەکییەکان نەبەستراونەتەوە، گازەكەیان كۆ بكرێتەوە، پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای گازی پەستێنراو (Compressed Natural Gas – CNG) یان گازی شلکراو (Small-scale LNG). بەم شێوەیە دەکرێت گازەکە بە شێوەیەکی گوازراوە(Virtual Pipeline) ، بگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی کارەبای ناوچەیی و کارگە نێوخۆیییەکان بەبێ ئەوەی پێویست بە دروستکردنی هێڵی بۆڕیی گەورە و گرانبەها بکات.
- ئەنجامگیری
ڕاگرتن و کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تەنیا پڕۆژەیەکی ژینگەیی یان پابەندبوونێکی ڕەمزیی نێودەوڵەتی نییە؛ بەڵکوو ئەم پرۆسەیە نوێنەرایەتیی وەبەرهێنانێکی ژێرخانی حەتمی و ستراتیژیی ئابووری دەکات کە دەتوانێت لە ڕێگەی بڕینی تێچووی هاوردەکردنی گازی دەرەکییهوه بڕی 3 تا 5 ملیار دۆلار ساڵانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.
چارەسەرکردنی ئەم گۆڕاوە، پێویستیی بە گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە گرێبەستەکان، بەکارهێنانی میکانیزمی هاوسەنگیی سزادان و هاندان و، جێبەجێکردنی شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت هەیە. کۆکردنەوەی ئەم گازە بەفیڕۆچووە، هەنگاوێکی ناوەندی و بنەڕەتییە بەرەو سەربەخۆییی وزە، دابینکردنی کارەبای جێگیر بۆ هاووڵاتیان و، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئاسایشی نهتهوهییی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە.
سەرچاوەکان:
- (2026, July 25). Iraq electricity minister cites regional crises for delayed power grid links. https://en.964media.com/50250/
- Al-Nesoor Law Firm. (2023). Iraq oil & gas legal framework. https://alnesoor.com/en/blog/iraq-oil-gas-legal-framework-en
- Arab News. (2021, June 29). Basrah Gas signs loan agreement with IFC for project to limit gas flaring. https://www.arabnews.com/node/1885416/business-economy
- Arab Reform Initiative. (2024, May 15). Energy transition challenges in Iraq and the Kurdistan Region. https://www.arab-reform.net/publication/energy-transition-challenges-in-iraq-and-the-kurdistan-region/
- AUIS Energy Initiative. (2026). Iraq’s electricity sector caught in a perfect storm. Energy Center, American University of Iraq, Sulaimani. https://energy.auis.edu.krd/articles/iraqs-electricity-sector-caught-in-a-perfect-storm
- Baker Institute for Public Policy. (2025, Jun 17). Iraq’s electricity shortage and the paradox of gas flaring. Rice University. https://www.bakerinstitute.org/research/iraqs-electricity-shortage-and-paradox-gas-flaring
- Belfer Center for Science and International Affairs. (2022). Natural gas development in Kurdistan: Financial and legal assessment. Harvard Kennedy School. https://www.belfercenter.org/publication/natural-gas-development-kurdistan-financial-assessment
- Crescent Petroleum. (2021). LEADING WITH PURPOSE: Socio-economic benefits of gas production in the Kurdistan Region of Iraq. Crescent Petroleum Report. https://www.crescentpetroleum.com/wp-content/uploads/2025/08/cp-sustainability-report-2025.pdf
- Dana Gas. (2025, November). Corporate presentation November 2025. Dana Gas PJSC. https://www.danagas.com/storage/2025/11/20251111-Dana-Gas_Corporate-Presentation_November-2025.pdf
- Education for Peace in Iraq Center (EPIC). (2024). NEW: EPIC BRIEF ON GAS FLARING IN IRAQ. EPIC Briefs. https://enablingpeace.org/new-epic-brief-on-gas-flaring-in-iraq/
- Egypt Oil & Gas. (2025, October 12). Iraq makes progress in oil production, associated gas investments. https://egyptoil-gas.com/news/iraq-makes-progress-in-oil-production-associated-gas-investments/
- Emirates Policy Center (EPC). (2025). How Will the Crisis over the Kurdistan Region’s Gas Contracts with US Firms Reshape Baghdad-Erbil Relations? https://www.epc.ae/details/scenario/how-will-the-crisis-over-the-kurdistan-region-s-gas-contracts-with-us-firms-reshape-baghdad-erbil-relations-
- Industrial Monitor Direct. (2024). Gas compressor station CAPEX estimation: 15-25MW GT-driven systems. Knowledgebase Engineering Report.
- International Monetary Fund (IMF). (2023). Iraq: Selected issues paper – Energy sector subsidies and electricity reforms (IMF Country Report No. 23/076). DOI: https://doi.org/10.5089/9798400231759.002.A002
- International Renewable Energy Agency (IRENA). (2025). Energy transition assessment: Iraq. https://www.irena.org/-/media/Files/IRENA/Agency/Publication/2025/Jul/IRENA_COU_Energy_transition_assessment_Iraq_2025.pdf
- Iraq Oil Report. (2026, January 25). Iraqi production rises in 2025 as OPEC-plus eases quotas. https://www.iraqoilreport.com/news/iraqi-production-rises-in-2025-as-opec-plus-eases-quotas-47478/
- KRG Ministry of Natural Resources. (2008). Model Production Sharing Contract (PSC). Kurdistan Regional Government. https://gov.krd/mnr-en/publications/contracts/
- (2026). The impact of regional conflict on the Kurdistan Region’s oil industry. https://www.kurdpress.com/en/news/2799281/The-impact-of-regional-conflict-on-the-Kurdistan-Regions-oil-industry-
- Lexology. (2023). Oil and gas law in Iraq: Legal analysis and contractual frameworks. https://www.lexology.com/indepth/oil-and-gas-law/iraqi
- Middle East Institute (MEI). (2020). Fixing Iraq’s power sector. https://mei.edu/publication/fixing-iraqs-power-sector/
- Newlines Institute for Strategy and Policy. (2022). The Kurdish gas gambit: Realities and legal hurdles. https://newlinesinstitute.org/middle-east-center/the-kurdish-gas-gambit/
- Oil & Gas Journal (OGJ). (2023, October 2). Land pipeline construction costs hit record $10.7 million/mile. https://www.ogj.com/pipelines-transportation/pipelines/article/14299952/land-pipeline-construction-costs-hit-record-107-million-mile
- Oil & Gas Journal (OGJ). (2025, October 6). Pipeline construction costs reach record $12.1 million/mile. https://www.ogj.com/pipelines-transportation/pipelines/article/55322093/pipeline-construction-costs-reach-record-121-million-mile
- PwC. (2021). Summary: Flare gas monetization projects. Scribd. https://www.scribd.com/document/536852162/Summary-Flare-Gas-Monetization-Projects
- Rawabet Center for Research and Strategic Studies. (2026, July 31). Iraq’s electricity sector: Why has massive spending failed to deliver sustainable economic value? https://rawabetcenter.com/en/?p=11739
- Razzak, A. A., et al. (2021). Assessment and economic evaluation of gas flaring in Iraq. Missouri S&T Scholar’s Mine. https://scholarsmine.mst.edu/che_bioeng_facwork/2158/
- Robert Gordon University (RGU) Repository. (2020). An investigation into the oil and gas contractual and legal relationship between the Kurdistan Regional Government (KRG) and the Iraq Federal Government. https://rgu-repository.worktribe.com/output/950954/
- Rudaw Research Center. (2020). Iraq’s electricity crisis: Power waster and structural failures. https://www.rudawrc.net/en/pdf/article/iraqs%20electricity%20crisis%20power%20waster
- Rudaw Research Center. (2023, December 15). One content and two interpretations: New oil and gas contracts in Iraq and the fate of the contracts in the Kurdistan Region. https://rudawrc.net/en/article/one-content-and-two-interpretations-new-oil-and-gas-contracts-in-iraq-and-the-fate-of-the-contracts-in-the-kurdistan-region-2023-12-15
- Rudaw Research Center. (2024a, July 9). Oil contracts and production costs in the Kurdistan Region. https://rudawrc.net/en/article/oil-contracts-and-production-costs-in-the-kurdistan-region-2024-07-09
- Rudaw Research Center. (2024b, May 15). Iraq finalizes fifth and sixth rounds of oil and gas contracts yielding over 30% profit for participating companies. https://rudawrc.net/en/article/iraq-finalizes-fifth-and-sixth-rounds-of-oil-and-gas-contracts-yielding-over-30-profit-for-participating-companies-2024-05-15
- Rudaw Research Center. (2025, April 9). Gas flaring: A field-by-field and province-by-province assessment in Iraq and the Kurdistan Region. https://rudawrc.net/en/article/gas-flaring-a-field-by-field-and-province-by-province-in-iraq-and-the-kurdistan-region-2025-04-09
- Rudaw. (2023). Iraq, Kurdistan Region’s diverse approaches to electricity supply. Rudaw Media Network. https://www.rudaw.net/english/categories/opinion/871801
- Rudaw. (2026). Iraq owes $2 billion in previous gas imports amid continued reliance on Iranian energy despite sanctions. Rudaw Media Network. https://rudaw.net/english/categories/iraq/1078347
- Shafaq News. (2026, June 23). World Bank ranks Iraq among top gas-flaring countries. https://shafaq.com/en/Economy/World-Bank-ranks-Iraq-among-top-gas-flaring-countries
- The New Region. (2025). KRG strictly targets environmental pollution from energy sector. https://thenewregion.com/posts/1415/krg-strictly-targets-environmental-pollution
- The New Region. (2026, March 18). Iranian gas supplies to Iraq completely halted: Electricity ministry. https://thenewregion.com/posts/4883
- (2023, April 5). Agreement between Iraq and TotalEnergies for the development of natural resources. TotalEnergies Press Release. https://totalenergies.com/iraq
- U.S. Energy Information Administration. (2025). Country analysis brief: Iraq. U.S. Department of Energy. https://www.eia.gov/international/content/analysis/countries_long/Iraq/Iraq_2025.pdf
- United Nations Development Programme (UNDP). (2025). Energy transition assessment and status of power needs in Iraq. https://www.undp.org/sites/g/files/zskgke326/files/2025-09/energy_transition_in_iraq_english_version_250914.pdf
- World Bank. (2024). Global gas flaring tracker report. Global Flaring and Methane Reduction Partnership (GFMR). https://www.worldbank.org/en/programs/gasflaringreduction
- World Bank. (2026, June 23). Global gas flaring rises three years in a row, undermining energy security. Press release. https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2026/06/23/global-gas-flaring-rises-energy-security