1

گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە سووریا و دەرهاوێشتەکانی بۆ  ڕۆژاوا و هەرێمی کوردستان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پوختە

ئەم شیکاریی سیاسەت ( (Policy Analysisە هەوڵ دەدات شیکردنەوە بۆ وەرچەرخانی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بکات لە دۆسیەی سووریادا، بەتایبەت لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و دەرکەوتنی “ئەحمەد شەرع” وەک کاراکتەرێکی سەرەکی و هاوپەیمانی نوێی ئەمریکا. شیکارییەکە تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان، گرنگیی جیۆپۆلیتیکیی شەرع بۆ واشنتۆن، ڕۆڵی کەسایەتییە سێبەرەکانی وەک “تۆم باراک” لە داڕشتنی سیاسەتدا، هەروەها دەرەنجامەکانی ئەم دۆخە نوێیە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان. ئارگومێنتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکا لە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”ەوە، گۆڕاوە بۆ “تێکشکاندنی قەڵەمڕەوی ئێران” و پڕۆکسییەکانی، کە تێیدا کورد وەک کارتێکی لاواز و ئەحمەد شەرع وەک بکەرێکی ستراتیژی سەیر دەکرێن. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵێین کە شکانی ئەزموونی کورد (هەسەدە) لە ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنیا بەهۆی پشتکردنی ئەمریکا لە کورد نەبوو، بەڵکوو بەهۆی “کەلێنێکی بونیادی” بوو لە نێوان هێزی سەربازیی کورد و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خێڵە عەرەبییەکان (Tribal Fabric). لەم بۆشایییەدا، ئەحمەد شەرع وەک بەدیلێکی “خۆماڵی” دەردەکەوێت؛ “تورکیا” و “قەتەر”یش وەک پاڵپشتیکاری هەرێمی و، “تۆم باراک”یش وەک سەرپەرشتیکاری نێودەوڵەتی بۆ خێراکردنی ئەو پڕۆسەیە. 

پێشەکی

بەگشتی، سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لە نێوان “بەهاکان”(Values)  و “بەرژەوەندییەکان”(Interests)  لە ململانێدا بووە. بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی ئیدارەی ترەمپ و گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی سووریا (کەوتنی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع)، تای تەرازووەکە بەتەواوی بە لای “بەرژەوەندییەکان”دا شکایەوە. ئەم قۆناغە نوێیەی سەردەمی تڕەمپ بەوە دەناسرێتەوە کە ئەمریکا چیتر بەدوای “دیموکراتیزەکردنی سووریا”وە نییە، بەڵکوو بەدوای “سەقامگیرییەکی ئەمنی”دایە کە تێچووی کەم بێت و بتوانێت وەک چەپەرێک بێت بۆ هەژموونی ئێران.

لەم هاوکێشەیەدا، ڕۆژاوای کوردستان (هەسەدە) کە بۆ ماوەی دە ساڵ هاوپەیمانی سەرەکی بوون لە شەڕی دژەتیرۆر، لەناکاو خۆیان لە پەراوێزی ئەو سیاسەتدا دۆزییەوە؛ لە کاتێکدا ئەحمەد شەرع، کە پێشتر لە لیستی تیرۆر بوو، بوو بە ئەمری واقع.

ڕوانگەیەک هەیە وای دەبینێت، فاکتەرێکی کاریگەری سەر ئەو سیاسەته‌ی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (Eastern Syria) هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمایەکی لەرزۆک بنیات نرابوو؛ بریتی بوو لە بەکارهێنانی هێزێکی کوردی (YPG/SDF) بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک کە دیموگرافیاکەی، بەتەواوی عەرەبی و عەشایەرییە. کێشەی سەرەکیی ئەو سیاسەتە ئەوە بوو کە ئەمریکا تەنیا لە پەنجەرەی “دژایەتیی تیرۆر”ەوە سەیری ناوچەکەی دەکرد و، فەرامۆشی کردبوو کە “دینامیکییەتی ناوخۆیی” (Local Dynamics)ی جیۆسیاسیی سووریا زۆر لەوە ئاڵۆزترە. ئەم دیدە لە لای کورد- کە بەشێک بوو لە ئایدیۆلۆژیای هەسەدە بۆ حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ناوی “برایەتیی گەلان”- هەر لە بنەڕەتدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە بوو ، بەڵام دواجار ئەم بەدیلەیش نەبووە ڕێگر لەبەردەم هەرەسهێنانی خێرای هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچە عەرەبنشینەکان.

ڕاستییه‌كه‌ی، ڕوانگەی هەرێمی کوردستان (بارزانی) هەر لە سەرەتاوه‌ ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان تەنیا چاویان لەسەر پاراستنی ناوچە کوردییەکان بێت، هەروەها ڕۆژاوای کوردستان، نەبێت به‌ بەشێک لە ئایدیۆلۆژیا و پێگەی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان، چونکە تورکیا لە پاساوێک دەگەڕێت بۆ لێدان لە هەر ئەزموونێکی کورد؛ بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەم ڕوانگەیە نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی و تیۆریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. 

دوای کەوتنی ئەسەد و توانەوەی داعش، ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ بە جۆرێک ئەمریکا زیاتر ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان لایەنەکاندا دەگێڕێت، وەک پارێزەر بۆ ڕێکخستنەوەی حوکمڕانی دوای ئەسەد کە دەتوانین بە سیاسەتی پاراستنی ئەمری واقع (Status quo) ناوی بنێین. بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا و هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکان ئەم بابەتە بەسەر چەند تەوەرێک دابەش دەکەین.

تەوەرەی یەکەم: بۆچی ئەمریکا پشتیوانیی لە کورد نەکرد؟

بێجگە لە هۆکارە سیاسییەکان، هۆکارێکی کۆمەڵایەتی-ئەمنیی قووڵ هەیە کە وای کرد ئەمریکا دەستبەرداری کورد بێت. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بووە سەرەتای سەرهەڵدانی نەزمێکی ئەمنیی نوێ لە سووریا. ئەمە وای کرد ویلایەتە یەکگرتووەکان بوونی خۆی لە سووریا کەم بکاتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی سووریاش پەیڕەویی لە شێوازێکی “چاودێریی نەرم” دەکرد. ئەم سیاسەتەی واشنتۆن لەسەر سێ تەوەر ڕێک خرابوو: دەستبەسەرکردنی زیندانیانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بەکراوەیی هێشتنەوەی ڕێگه‌کانی گەیاندنی پێداویستییەکان، هەروەها پاراستنی پێگە هەستیارەکان.

سەرکەوتنی پڕۆسەی کشاندنەوەی ئەمریکا، بەندە بە جێبەجێکردنی ئەم سێ بنەمایە، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی بەرامبەر هێڵە سوورەکانی تورکیا و ئیسرائیل. شکستهێنان لە هەر یەکێک لەم بەرانەدا، مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ململانێکان دروست دەکات؛ بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعشیشەوە. ئەم گۆڕانەی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا بۆ دوو فاکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە:

أ. جیاوازیی نێوان “هاوپەیمانی تاکتیکی” و “هاوبەشی ستراتیژی”

لە دیدی پێنتاگۆن و کۆشکی سپیدا، پەیوەندی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و هەسەدە، پەیوەندییەکی “تاکتیکی”(Transactional)  بوو. ئامانجی ئەم پەیوەندییەکە دیاریکراو بوو: تێکشکاندنی خەلافەتی داعش. کاتێک داعش وەک خاک کۆتایی هات، گرنگیدان بە هاوپەیمانی لەگەڵ “هەسەدە”ش کەم بووەوە. ئەمریکا هەرگیز بەڵێنی دروستکردنی قەوارەی سیاسیی بە کورد نەدابوو، بەڵکوو تەنیا هاوکاریی سەربازیی هەبوو.

 جگە لەوەیش، پەیوەندیی نێوان ئیدارەی خۆسەر (کورد) و دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی سووریا (عەرەب)، پەیوەندییەکی “کاتی و ناچاری” بوو. دانیشتووانی دێرەزوور و ڕەقە هێزەکانی کوردیان وەک “ڕزگارکەر” نەدەبینی، بەڵکوو دوای نەمانی داعش، وەک دەسەڵاتێکی بیانی سەیریان دەکردن. ئەمریکا درکی بەوە کرد کە ناتوانێت تا سەر پارێزگاری لە هێزێک بکات کە لە ڕووی ئیتنی-کۆمەڵایەتییه‌وه‌ کێشەی بۆ دروست دەبێت. بەتایبەت دوای ئەوەی هێزە خێڵەکییە عەرەبەکان بینییان سوپای سووریا خەریکە بەهێز دەبێتەوە، پشتیان لە کورد کرد و هەماهەنگیی سوپای نوێی سوورییان کرد؛ ئیتر ئەمریکا تێ گه‌یشت کە ئەستەمە هەسەدە بتوانێت بەرگەی مانەوە بگرێت وەک دەسەڵاتێکی سیاسی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا.

بۆیە هەوڵی دا گوشار بخاتە سەر هەسەدە کە لەگەڵ هێزەکانی ئەحمەد شەرع تێکەڵ بێت. ئەمریکا بۆی دەرکەوت کە مانەوەی کورد لە ناوچە عەرەبییەکان پێویستی بە بوونی سەربازیی هەمیشەییی ئەمریکا هەیە بۆ ڕێگرتن لە شەڕی کورد-عەرەب. لە ستراتیژیی ترەمپدا، ئەمە بەفیڕۆدانی پارەیە. ئەوان دەیانەوێت هێزێک لەوێ بێت کە خۆی بتوانێت لەگەڵ خەڵکەکە هەڵبکات- بەبێ نێوەندگیریی ئەمریکا.

ب. فاکتەری تورکیا (هاوپەیمانی ناتۆ): له‌ تەرازووی جیۆپۆلیتیکدا، تورکیا (بە سوپا گەورەکەی، شوێنی ستراتیژی و، ئەندامێتیی ناتۆ) زۆر قورسترە لە هێزێکی نادەوڵەتیی وەک هەسەدە. لە سیاسەتی نوێی ترەمپدا، ڕازیکردنی تورکیا بۆ دوورخستنەوەی لە ڕووسیا و ئێران، ئەولەوییەتە. ئەنقەرە مەرجی سەرەکیی بۆ هەر هەماهەنگییەک لەگەڵ واشنتۆن، بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەزموونی کوردی لە باکووری سووریا. ئەمریکا بەرژەوەندیی دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورکیای هەڵبژارد نەک کەمینەیەکی بێدەوڵەت.

تەوەرەی دووەم: بۆچی “ئەحمەد شەرع” گرنگتر بوو لە کورد؟

١. کێشەی “پەراوێز”  و  “ناوەند”:

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوە بوو کە دابڕابوو لە ناوەند (دیمەشق یان ئیدلیب). هەسەدە لە گفتوگۆ نیشتمانییەکاندا نەیاندەتوانی نوێنەرایەتیی عەرەبی سوننە بکەن. ئەحمەد شەرع، وەک سەرکردەیەکی سوننی، دەتوانێت ئەو “پەیوەندییە لەگەڵ خێڵە عەرەبەکانی دیکە” دروست بکاتەوە. ئەو لە زمانی عەشیرەتەکان تێ دەگات و دەتوانێت ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بەشێک بوو لە فاکتەرەکان. فاکتەری سەرەکیی بەهێزبوونی، ڕۆڵی دەوڵەت بوو، کە دەبێت هەموو ناوچەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە؛ ئەمە سەرەڕای فاکتەری هەرێمی، بەتایبەت سعوودیا و قەتەر و تورکیا بۆ پاڵپشتی لە دەسەڵاتی ئەحمه‌د شەرع.

٢. مۆدێلی “حوکمڕانیی خۆجێیی” نەک “برایەتیی گەلان”:

هێزەکانی سووریای دیموکرات و پێشتر ئەمریکاش، هەوڵیان دا کە مۆدێلی تەکنۆکراتی خۆجێیی و حوکمڕانیی هاوبەش بەسەر عەشیرەتەکاندا بسەپێنن، بەڵام ئەم مۆدێلە لە سووریایەکی ئایینی/مەزهەبی و ئیتنی ئەستەم بوو. ئەحمەد شەرع پێچەوانەکەی کرد؛ ئەو پشت بە “بەیعەت” و ڕێککەوتنی عەشایەری دەبەستێت. بۆ ئەمریکا، ئەم مۆدێلە هەرچەندە دیموکراسییش نەبێت، بەڵام “سەقامگیرترە” (More Sustainable) و تێچووی کەمترە. بەڵام ئەوەی دووفاقییە، دەسەڵاتی نوێی سووریا ئەو حوکمڕانییە خۆجێیییەی قبووڵ نەبوو بۆ کورد؛ تا دواجار لەژێر گوشاری کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و موکوڕبوونی کورد لە خۆبەدەستەوەنەدان، سووریای شەرع هاتە ژێرباری ئەوەی ئەم مۆدێلە تەنیا لە ئاستی کارگێڕی لە ناوچە کوردییەکاندا جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەژێر چاودێری و سەنتەرگەریی دەوڵەتی عەرەبی سووری. 

٣. یەکخستنی بەرەی سوننی دژی ئێران:

ئەحمەد شەرع نوێنەرایەتیی “شەقامی تووڕەی سوننە” دەکات کە دژی هەژموونی ئێرانن. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی کەنداویش پێویستییان بەم وزە دوژمنکارییەیە بۆ لێدانی ئێران؛ شتێک کە ڕۆژاوای کوردستان ئامادە نەبوون بیکەن. سەرهەڵدانی ئەحمەد شەرع و گۆڕینی جلوبەرگەکەی لە سەربازییەوە بۆ قات و بۆینباخ، تەنیا گۆڕانکارییەکی ڕووکەش نەبوو، بەڵکوو پڕۆژەیەکی هەرێمی بوو کە ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر نیشان دا. هۆکارەکانیش ئەمانە بوون:

١. نوێنەرایەتیکردنی زۆرینەی سوننە: سووریا وڵاتێکە زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبی سوننەن. ئەمریکا گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە تەنیا سەرکردەیەکی “سوننیی بەهێز” دەتوانێت حوکمی دیمەشق بکات و سەقامگیری بپارێزێت. کورد کەمینەن و ناتوانن حوکمی دیمەشق بکەن. ئەحمەد شەرع توانیی خۆی وەک نوێنەری ئەو زۆرینەیە نیشان بدات کە دەیان ساڵە لەلایەن کەمینەی “عەلەوی”یەوە چەوسێنراونەتەوە.

٢.  دژایەتیی سروشتی لەگەڵ ئێران  (The Anti-Iran Bulwark): ئەولەوییەتی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ “بەرزترین ئاستی گوشار “(Maximum Pressure)ە لەسەر ئێران. کورد لە سووریا زۆر جار ناچار بوون بۆ مانەوەیان دانوستان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد و ئێران بکەن. بەڵام ئەحمەد شەرع و گرووپەکەی، دوژمنی ڕاستەقینەی ئێران و شیعەن. بۆ ئەمریکا، شەرع باشترین “بەربەستە” بۆ پچڕاندنی ڕێگه‌ی تاران- دیمەشق-بەیرووت.

٣. توانای کۆنترۆڵکردنی گرووپە جیهادییەکان: ئەمریکا باوەڕی بە تیۆری “بەدکارێک کە دیناسین دەتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین”(The devil we know) هەیە. ئەحمەد شەرع سەلماندی کە توانای هەیە گرووپە توندڕەوەکانی وەک “حوڕاسه‌ددین” (حراس الدین) و ئەوانی تر سەرکوت بکات و گوێڕایەڵی واشنتۆن و تا ڕاددەیەک ئیسرائیلیش بێت. واشنتۆن پێی باشترە “پیاوێکی بەهێز” لە دیمەشق بێت کە بەرپرسیارێتیی کۆنترۆڵی ئەمنی هەڵبگرێت، نەک گرووپی بچووک.

٤. قبووڵکراوی لای تورکیا و قەتەر: شەرع دۆستی نزیکی تورکیا و قەتەرە. کاتێک ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ شەرع دەکات، واتە هاوپەیمانێتیی خۆی لەگەڵ بلۆکی (تورکیا-قەتەر) بەهێزتر دەکات؛ کە ئەمەیش بۆ دژایەتیکردنی بلۆکی (ڕووسیا-ئێران) پێویستە.

تەوەرەی سێیەم: ڕۆڵی “تۆم باراک”؛ لە بازرگانەوە بۆ ئەندازیاری سیاسەت

لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکان له‌ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا (وەک وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جه‌نگ) کەم دەبێتەوە و ڕۆڵی کەسانی وەک “تۆم باراک” دەردەکەوێت. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، تڕەمپ ڕۆڵی باڵیۆز و کۆنسوڵەکانی وڵاتەکەی زۆر فەرامۆش کردووە، لە ڕێگه‌ی دانانی کەسانی نزیک لە خۆی کە ڕاستەخۆ بۆ خۆی بگەڕێنەوە. ئەم ڕۆڵەی تۆم باراک لە چەند ڕوویه‌کەوە کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا.

أ. جێبەجێکردنی تیۆری “گرێبەستی بازرگانی”:

تۆم باراک نوێنەرایەتیی ئەو قوتابخانەیە دەکات کە دەڵێت: “پێویست ناکات نەتەوە بنیات بنێین؛ تەنیا پێویستە بەڕێوەبەرێک (CEO) بۆ ناوچەکە بدۆزینەوە”. تۆم باڕاک، وەک پڕۆژەیەکی “خێرخوازی” سەیری هەسەدەی دەکرد کە داهاتی نەبوو. بەپێچەوانەوە، کارکردن لەگەڵ ئەحمەد شەرع و تورکیا، دەرفەتی بازرگانی (وزە و ئاوەدانکردنەوە) دەڕەخسێنێت. لە چەند وتارێکدا وتوویەتی، لە “بری سەربازی ئەمریکی لە سووریا، دەبێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەوێ بن”. دواتر، باراک ئەو کەسەیە کە ڕاوێژ بە ترەمپ دەدات کە گوێ لە ڕاپۆرتە ئاڵۆزەکانی وەزارەتی دەرەوە نەگرێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ “هێزە کاریگەرەکان” (Power Brokers) ڕێک بکەوێت.

وەک دەزانین تۆم باراک، ملیاردێری بە ڕەچەڵەک لوبنانی و یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی ترەمپ، نوێنەرایەتیی “دیپلۆماسیی سێبەر” دەکات. ئەو پردی پەیوەندیی نێوان ترەمپ و بنەماڵە شاهانەکانی کەنداوە. ئەو باوەڕی بە “گرێبەست “(Deal) هەیە نەک سیاسه‌تی پڕۆتۆکۆڵی.

لە ئیدارەی ترەمپدا، وەزارەتی دەرەوە زۆر جار ڕۆڵی پەراوێزی هەیە و تەنیا بۆ جێبەجێکردنی وردەکارییەکان بەکار دێت. تۆم باراک تەنیا جێبەجێکار نییە، بەڵکوو ئەندازیاری سیاسەتەکانە. باراک وای دەبینێت کە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە “پارە و ئاسایش” چارەسەر دەکرێت نەک بە “مافی مرۆڤ و دیموکراسی. باراك ئەو کەسە بوو کە قەناعەتی بە ترەمپ کرد کە “مانەوە لە سووریا پارەبەفیڕۆدانە” و، دەبێت دۆسیەکە ڕادەستی تورکیا و هێزە سوننەکانی کەنداو بکرێت. ئەو ڕاوێژ بە ترەمپ دەدات کە چۆن گرێبەستی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدات لە بەرامبەر دانپێدانان بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق. لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوە ڕاپۆرتی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن گرووپەکانی شەرع دەنووسی، کەچی تۆم باراک لە ڕێگەی واتسئەپ و کۆبوونەوەی نهێنییەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی وڵاتانی ناوچەکە، نەخشەی داهاتووی سووریای دادەڕشت. تێگەیشتنەکانی باراک دواجار دەبوونە سیاسەتی فەرمی، چونکە ترەمپ متمانەی بە “بازرگانەکان” زیاترە تا “دیپلۆماتکارەکان”.

ب. پەیوەندییە هەرێمییەکان:

تۆم باراک تۆڕێکی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کەنداو هەیە. کاتێک وڵاتانی عەرەبی (کە دژی ئیخوان بوون) وردە وردە بەرامبەر شەرع نەرمی دەنوێنن، ئەمە ئەنجامی دیپلۆماسیی ژێربەژێری کەسانی وەک باراکە کە دەیانەوێت بەرەیەکی نوێ لە دەرەوەی پڕۆتۆکۆڵە فەرمییەکان دروست بکەن. ئەو تەنیا جێبەجێکار نییە، بەڵکوو “وەرگێڕی بەرژەوەندییەکانە” بۆ زمانی ترەمپ. وەک جەیمس جێفری لە نووسینێکدا دەڵیت: “بەرەوپێشچوون بەرەو تێکەڵبوونی تەواوەتیی کورد بە دەسەڵاتی نوێی سووریا، تەنیا گرنگترین پرۆژە نییە لە سووریادا؛ بەڵکوو وەک گرنگترین پرۆژەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتیی غەززەی دۆناڵد ترەمپ و، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێرانیش بەهێزتر دەکات.”

 تەوەرەی چوارەم: کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (Eastern Syria) ڕوو دەدات، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ڕۆژاوای عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەت کە خێڵەکانی هەردوو بەشی عێراق و سووریا باوەڕیان بە “تێکەڵبوونی سنوورەکان”ی هەردوو لا هەیە. ئەمە لە چەند ڕوویەکەوە جێگه‌ی مەترسییە.

١. هەڕەشەی گواستنەوەی مۆدێلی “عەشایەری سوننی”:

سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع لە دێرەزوور و ڕەقە، وزە بە عەشیرەتە سوننەکانی ئەنباری عێراق و مووسڵ دەبەخشێت. ئەوان دەبینن کە هاوتاکانیان لە دیوی سووریا، بوونەتە خاوەن دەسەڵات. ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی داواکاری بۆ “هەرێمی سوننی” لە عێراق؛ کە ئەمەیش سەرئێشەیە بۆ بەغدا و، گۆڕانکارییە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم هاوسۆزییەی سوننەکان، له‌ کاتی گەڕانەوەی سوپای سووریای عەرەبی بۆ ئەو ناوچانە، بەئاسانی هەست پێ دەکرا- ئەمە لەلایەن بەشێک لە سەرکردە شیعەکانی عێراقیش تا ئێستایش وەک مەترسی سەیر دەکرێت.

٢. هەرێمی کوردستان لە “تەنیاییی ستراتیژی”دا:

هەرێمی کوردستان دەبێت لەوە تێ بگات کە ئەو “چەترە ئەمریکییەی” لە سووریا لا برا، لە عێراقیش مەرج نییە هەتاهەتایی بێت. هەرچەندە دۆخی هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە دۆخی ڕۆژاوای کوردستان جیایه‌، چونکە هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر بوونی هەیە؛ دواتر ئەگەر شتێکی وا ڕوو بدات، ئەمە وا دەکات کوردی بەشەکانی تریش ببنە بەشێک لەو ململانێیە. ئەمەیش واتا تێکچوونی سەقامگیریی عێراق و تورکیا و سووریا، کە لە بەرژەوەندیی هیچ کام لەو وڵاتانە نییە.

بێجگە لەمە، شیعەکانی عێراقیش ڕێگه‌ نادەن سوننەکانی سووریا بگەنە ناو عێراق. ئەگەر دەسەڵاتی شەرع بگاتە سنووری فیشخابوور، هەرێم دراوسێیەتیی لەگەڵ هێزێکی ئیسلامیی سەلەفی دەکات نەک هێزێکی کوردیی عەلمانی. ئەمە هاوکێشەی بازرگانی و ئەمنییش دەگۆڕێت.

پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کە پێشتر لای زۆرێک لە سیاسییە کوردەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەبینرا، بەڵام لە ڕاستیدا مەرج نییە بەو شێوەیە بێت. بوونی پەکەکە وەک هێزێکی چەکدار، بەربەستێک بوو لەبەردەم تورکیا کە نەتوانێت بەتەواوی دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکات. بۆ تورکیا پێویست بوو کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندیی هەبێت بۆ پاراستنی هاوسەنگیی پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەدا، بەڵام ئێستا، کە تورکیا کە لە سووریا بە یارمەتیی شەرع دەستی کراوەیە، ئەگەری هەیە هەموو قورساییی پەیوەندییەکانی خۆی بخاتە سەر عێراق و، هەرێمی کوردستان لاواز و پەراوێز بخات، بەتایبەت دوای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هاوسۆز و، پاڵپشتیی تەواوی هەبوو بۆ پرسی ڕۆژاوای کوردستان.

٣. لاوازبوونی پێگەی کوردی: هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتی بەوە دەبەست کە کورد “هاوپەیمانی سەرەکیی ڕۆژاوایە”. کاتێک ئەمریکا واز لە کوردانی ڕۆژاوا دەهێنێت، ترسێک لای کوردی باشوور/عێراق دروست دەبێت کە دەکرێت ئەوانیش لە ئەگەری ڕێککەوتنی گەورەتردا بکرێنە قوربانی. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەکرێت دەرفەتی ئابوورییش هەبێت؛ ئەگەر پەیوەندییەکانی ئەحمەد شەرع و هەرێمی کوردستان (بە نێوەندگیریی تورکیا) باش بێت، ڕەنگە ڕێگه‌ی بازرگانیی نوێ بکرێتەوە. شەرع پێویستی بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و فیشخابوور دەبێت بۆ گەیاندنی کاڵا- کە ئەمەیش داهات بۆ هەرێم زیاد دەکات.

٤. کاریگەرییەکان لەسەر عێراق (گەمارۆدانی شیعە): حکوومەتی عێراق کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعە)وە بەڕێوە دەبردرێت، تووشی جۆرێک لە گەمارۆدان دەبێت؛ لە ڕۆژاواوە (سووریا) کەوتە دەست سوننەیەکی توندڕەو، لە باکوورەوە تورکیا هەیە، لە باشوورەوە سعوودیا. ئەمە وا دەکات عێراق هەست بە گەمارۆدان بکات و ڕەنگە ببێتە هۆی سەر‌هەڵدانەوەی ململانێی تائیفی لە ناوخۆی عێراق.

پچڕانی هیلالی شیعی، ستراتیژیترین کاریگەرییه‌كه‌ی بریتییە لە پچڕانی ڕێگه‌ی تاران-بەغدا-دیمەشق-بەیرووت. ئەمە عێراق دەخاتە دۆخێکەوە کە چیتر ناتوانێت وەک پردی پەڕینەوەی چەک و نفووزی ئێران کار بکات، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران، عێراق بکاتە گۆڕەپانی سەرەکیی شەڕەکەی دژی ئەمریکا و بەرەی نوێی سوننی. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەمە دەرفەتێکی تر بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی شیعی لە عێراق دەڕەخسێنێت کە هاوپەیمانێتییەکی تر دروست بکەن، هاوشێوەی هاوپەیمانێتیی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی بەعس؛ چونکە شیعەکان لە ئێستادا، کە ئێران و پرۆکسییە شیعەکانی لە دۆخێكی لاوازدان، کەسی باشتریان نییە لە کورد و هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ بکەن.

دەرەنجام

سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا لە سەردەمی نوێی “ترەمپ-شەرع”دا، نموونەیەکە لە باڵادەستیی “ڕیالیزمی بازرگانی”. ئەمریکا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە پاراستنی کورد “تێچووی زۆرە و داهاتی کەمە”، لە کاتێکدا گرەوکردن لەسەر ئەحمەد شەرع و تورکیا “تێچووی کەمە و داهاتی ستراتیژیی زۆرە”. ڕۆڵی کەسانی وەک “تۆم باراک” دەری دەخات کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرەو “شەخسەنەکردن” (Personalization) دەڕوات.

بۆ کورد، دیسان خەریکە ئەو وانە مێژوویییە دووبارە دەبێتەوە: “جوگرافیا و هێزی دەوڵەت” هەمیشە بەسەر “ماف و بەهاکان”دا سەر دەکەون. کورد و ڕۆژاوای کوردستان بوونە قوربانیی گۆڕانی نەخشەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان؛ ئەمەیش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان کە پێویستە بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆستایەتییە کاتییەکانی ئیدارەی تڕەمپدا بکات.

لە ڕاستیدا شێوازی مامەڵەکردنی واشنتۆن ڕەنگدانەوەی ئەم واقعە بووە. ئەمریکییەکان پەنایان بۆ نێوەندگیریی کەمتێچوو و، دەستێوەردانی هەنگاو بە هەنگاو بردووە لە بەرژەوەندیی ڕێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر کە بتوانێت سەقامگیری بۆ سووریا و دۆستانی ئەمریکا دابین بکات.

بەشداریپێکردنی حکوومەتی سووریا لە هاوپەیمانیی دژی داعش، دەرفەتێک بۆ هەڵسەنگاندنی توانای حکوومەتی سووریا لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەڕەخسێنێت. سەرکەوتن لەم قۆناغەدا کەمتر بەندە بە نمایشکردنی هێز، بەڵکوو زیاتر پشت بە جێبەجێکردنی مەیدانی (خۆجێیی)ی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دەسکەوتی ئابووری دەبەستێت.

مەترسییە هەرە سەختەکان هێشتا بریتین لە: جووڵەی تائیفەگەری، ناکۆکییە عەشایەری و کۆمەڵایەتییەکان و، کەلێنەکانی چاودێریی ئەمنی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە تێیدا بچووکترین هەڵە دەتوانێت ببێتە هۆی تەقینەوەی ناسەقامگیرییەکی فراوانتر و زەمینەخۆشکردن بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

 

سەرچاوەکان:




ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی سیاسی بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی: گۆڕانی جیۆپۆلیتیک و دەرکەوتنی ڕۆڵی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسیی دانپێدانراو

لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و بەتایبەتی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان لە قەوارەیەکی دیفاکتۆوە گۆڕا بۆ قەوارەیەکی دەستووریی دانپێدانراو. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا کاریگەریی لەسەر کوردی باشوور/عێراق نەبوو، بەڵکوو هاوکێشەی پرسی کوردی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی. هەرێمی کوردستان، بوو بە تاکە نموونەی حوکمڕانیی کوردی کە خاوەنی ئاڵا، پەرلەمان، هێزی چەکدار (پێشمەرگە)، پەیوەندیی نێودەوڵەتیی فەرمی لە ئاستی ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی دونیادا.

ئەم “سەروەرییە سنووردارە” (Limited Sovereignty) وای کردووە کە هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەند یان مەرجەعێکی سیاسی و مەعنەوی، نەک تەنیا بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڵکوو بۆ تەواوی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەڵبەتە چەمکی “ناوەند یان مەرجەع” لێرەدا بەو مانایەی کە هەرێمی کوردستان وەک تاکە دەروازەی فەرمیی مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ پرسی کورد سەیر دەکرێت، هەر لە ڕۆڵی دەمڕاست، ناوبژیوان، داڵدەدەر، تا دەگاتە ئاراستەکەری پرسی کورد و مافە نەتەوەیییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەم نووسینە هەوڵ دەدات شیکردنەوە بۆ ڕۆڵی “هەرێمی کوردستان” (KRI) بکات وەک ئەکتەرێکی نیمچە-دەوڵەتی (Quasi-state) کە خاوەنی شەرعییەتی دەستووری و نێودەوڵەتییە؛ بە واتایەکی تر، چۆن ئەم پێگەیە وای کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە چەقی کێشکردنی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان (باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات). ئەم نووسینە تیشک دەخاتە سەر میکانیزمەکانی “هێزی نەرم” و “دیپلۆماسیی پارچەکان” کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات بۆ بەڕێوەبردنی (ئیدارەدانی) هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە  نەتەوەیییەکانی کورد و گوشارە ئیقلیمییەکانی ئێران و تورکیا.

یەکەم. بنەماکانی بەهێزیی پێگەی هەرێمی کوردستان

چەند بنەمایەکی سەرەکی هەن کە هۆکاری بەهێزی پێگەی هەرێمی کوردستانن لە سەرکردایەتیکردن و بەمەرجەعبوونی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە بەراورد بە بەشەکانی تری کوردستان تەنیا هەرێمی کوردستان هەیەتی:

  1. شەرعییەتی یاسایی و نێودەوڵەتی: بوونی کونسوڵگەریی وڵاتە زلهێزەکان لە هەولێر و پێشوازیی پرۆتۆکۆڵی لە سەرۆکی هەرێم وەک سەرۆکی دەوڵەت، کێشێکی سیاسیی بەهێزی بەو ڕۆڵەی هەرێمی کوردستان بەخشیوە. بەشداری و ئامادەییی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە دوای ٢٠٠٣ لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان و دیداری وڵاتانی ناوچەکەدا لەسەر پرسی کورد، تا دەگاتە هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا و وڵاتە زلهێزەکان، کە لە دیارترینیان بەشداریی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە هاوپەیمانیی دژی داعش لە ٢٠١٤، بەڵگەی ڕوونن بۆ ئەو پێگە نێودەوڵەتییە.
  2. هێزی ئابووری (دیپلۆماسیی وزە): توانای هەرێم لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و بوونی سەرچاوەکانی وزە، بەتایبەت گازی سروشتی، وای کردووە ببێتە ئەکتەرێکی گرنگ لە ئاسایشی وزەی ناوچەکە. ئەمەیش سەربەخۆیییەکی ڕێژەییی بەخشیوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیاری سیاسی بدات و لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا کاریگەریی هەبێت. هەرچەندە ئێستا ئەم دۆسیەیه‌ کەمتر لەژێردەستی هەرێمی کوردستاندایە، بەڵام بەهۆی بوونی سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە ئاییندەدا گازی سروشتی، هەرێمی کوردستان هەمیشە هاوبەشێک دەبێت لەگەڵ عێراق. ئەمە جگە لەوەی هەرێم لە ڕووی توانای ئابووری و وەبەرهێنانیشەوە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەیە، بەتایبەت ئەگەر بەشی بوودجەی هەرێم لە یاسای بوودجەدا دیاری بکرێت. بە مانایاکی تر هەرێمی کوردستان ئەو قۆناغەی تێ پەڕاندووە کە بەبێ هاوکاریی دارایی و ئابووریی وڵاتان نەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات. ئەمە سەرچاوەیەکی گرنگە؛ وا دەکات هەرێمی کوردستان جۆرێک لە سەربەخۆییی هەبێت لە بڕیاری سیاسی و بەرگریکردن لە پرسی کورد لە ناوچەکه‌دا.
  3. هێزی نەرم (Soft Power): هەرێمی کوردستان ئێستا خاوەن كۆمه‌ڵێك دەزگه‌ی که‌لتووری و ئەکادیمی و تینک تانک (ژووری فیكر) و میدیایییە کە دەتوانیت پەیوەندیی لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا دروست بکات. بۆ نموونە میدیا کوردییەکان (وەک ڕووداو و کوردستان ٢٤ و کەناڵ ٨ و ئاڤا و…) دەتوانن وەک لۆبییەک بن بۆ گەیاندنی پەیام و سیاسەتی هەرێمی کوردستان و بەرگریکردن لە پرسی کورد لە ناوچەکه‌دا. چیتر میدیا بیانییەکانی وەک جەزیرە و میدیا عەرەبییەکان تاكه‌ سەرچاوەی هەواڵ نین لەسەر کورد، بەڵکوو ئێستا دەزگه‌ میدیایییە جیهانییەکان و ناوەندە سیاسییەکان ڕاستەوخۆ زانیاری لەو کەناڵانه‌ و ناوەندەکانی توێژینەوەی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.

زانکۆکان و چالاکییە که‌لتوورییەکان لە هەرێم، وایان کردووە هەولێر ببێتە ناوەندی بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسی/نەتەوەییی کوردی لە بەشەکانی تری کوردستانیشدا. بۆ نموونە پێشتر ئه‌و سەرچاوە میدیایییانه‌ی کێشە سیاسییەکانی کوردیان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی تری وەک تورکیا و ئێران و سووریا ڕووماڵ ده‌كرد، تەنیا میدیا عەرەبییەکان و چەند میدیایەکی سنوورداری بیانی بوون، کە بەمەبەست و بێمەبەست لایەنداریی کێشەکانیان دەکرد لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە. بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان سەرچاوەی چەندان تۆڕی میدیاییی بەهێزە، کە پەیام و نوێنەریان لە زۆربەی سەکۆ نێودەوڵەتییەکان هەیە و، دەنگی کورد و کێشەکان دەگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان. تا ئەو ئاستەی سەرچاوەی پرسی کورد و هەواڵە کوردییەکان کەناڵە کوردییەکانن بە زمانه‌ بیانییەکان نەک میدیا عەرەبی و بیانییەکان. ڕووماڵکردنی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەسەدە و هێزە کوردییەکان، زیندووترین سەرچاوەیە بۆ ئەم پێگەیەی هەرێمی کوردستان. پێشتر کەناڵی “ئەلجەزیرە”ی قەتەری ڕۆڵی زۆری هەبوو لە ئاراسەتەکردنی ڕای گشتی لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، بەڵام ئێستا بۆ میدیا جیهانییەکان لەبارەی پرسی کورد، کەناڵی ئەلجەزیرە چیتر سەرچاوەی زانیاریی بێلایەن نییە.

ئەمە لە ڕاستیدا تەکانێکی زۆری بەخشیوە نەک تەنیا بە پێگەی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بە پێگەی تەواوی پرسی کورد لە ناوچەکه‌دا. ئەمە جگە لەو کۆڕبەند و دیدارانەی (دیداری ساڵانەی مێری، کۆڕبەندی مێپس، دیداری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی) کە ساڵانە چەندان کەسایەتیی سیاسی و بڕیاربەدەست دێننە کوردستان، کە وا دەکات کاریگەریی هەبێت لەسەر ڕا و ڕوانگەی سیاسیی سەرکردەکان و دیدگه‌ی توێژەرە جیهانییەکان لەبارەی پرسی کورد و هەرێمی کوردستان. 

  1. بوونی هێزێکی چەکداری دانپێدانراو لەلایەن عێراق و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی: بوونی هێزی چەکدار، ئەگەرچی هێشتا لە ئاستی سوپایەکی نیشتمانی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش فاکتەرێکی گرنگە؛ لەو سۆنگەیەی کە هێزەکانی پێشمەرگە تاکە هێزی کوردیی چەکداری شەرعیی دانپێدانراون لە ئاستی دەوڵەت و نێودەوڵەتیدا. بوونی هێزی چەکداری وەک پێشمەرگە کە پڕچەک کراون بە چەکی پێشکەوتوو و زانیاریی لۆجستی و پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەتوانن ڕۆڵی کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو پێگە سیاسی و نەتەوەیییەی هەرێمی کوردستان. بەتایبەت کە لە ناوچەیەکی وەک شام و عێراق ئەستەمە ئەو لایەنەی هێزی سەربازیی نەبێت، بتوانێت بمێنێتەوە و حسابی سیاسیی بۆ بکرێت.

چوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ “کۆبانێ” بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، نموونەیەکی زیندووی ئەو پێگە هەستیارەیە کە ئەم هێزە دەتوانێت بەو ڕۆڵەی هەرێمی کوردستان ببەخشێت؛ ئەمە جگە لەوەی لە دانوستاندنەکان و هاوپەیمانیێتییەکاندا پێگەیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی پێ دەبەخشیت. ئەگەر هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی نەبووایە و دانپێدانراو نەبووایە، هەرێم قەت نەیدەتوانی ئەو هاوئاهەنگی و هاوکاری و پاڵپشتییەی ئەمریکا بەدەست بهێنێت. ئەم ڕۆڵەی هەرێمی کوردستان دەتوانین لە هەرسێ بەشەکانی کوردستان (ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باکوور) بەڕوونی ببینین:  

١. هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە سووریا (ڕۆژاوا)

پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین دۆسیەکان. لێرەدا ڕۆڵی هەرێم وەک “مەرجەع” لە چەند خاڵێکدا دەردەکەوێت:

  • ڕێکخستنی ماڵی کوردی (ڕێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک)

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەدیاریکراوی جەنابی مەسعوود بارزانی، ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لە هەوڵدان بۆ یەکخستنی لایەنە کوردییەکانی سووریا (پەیەدە (PYD) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ENKS))(. هەرێمی کوردستان میوانداریی چەندان کۆبوونەوەی کرد بۆ دروستکردنی دەستەیەکی باڵای هاوبەش. هەرچەندە ئەم هەوڵانە بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆیی و کاریگەریی پەکەکە لەسەر ڕۆژاوای کوردستان سەرکەوتنی تەواوەتیی بەدەست نەهێنا، بەڵام سەلمێنەری ئەوە بوو کە “هەولێر” شوێنی چارەسەری کێشە ناوخۆیییەکانی کوردە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چ ئەمریکا و چ دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، چەندان جار لەنزیکەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دانیشتوون بۆ ئەو ڕۆڵە. کۆبوونەوەی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە بارەگای بارزانی و ڕێککەتنی هاوبەش، دەرخەری ئەو ڕۆڵەیە. هەڵبەتە ئەمە جگە لەو پەیوەندییانەی کە ئەحمه‌د شەرع بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە هەرێمی کوردستانی کردووە (بەتایبەت سەرۆک بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان).

هەر یەکە لە سووریای نوێ و تۆم باراک دەزانن کە هەرێمی کوردستان و کەسایەتیی بارزانی کاریگەریی هەیە لەسەر پرسی کورد و گەلی کورد لە ناوچەکه‌دا، ئەگینا بەدڵنیایییەوە ئەو پرسوڕایەیشیان بە کورد نەدەکرد.

  • دەروازەی ژیان و دیپلۆماسی

لە کاتێکدا ڕۆژاوای کوردستان لەژێر گەمارۆدا بوو، دەروازەی “سێمێلکا-فیشخابوور” وەک تاکە سییەکانی هەناسەدان بۆ ڕۆژاوا مایەوە. هەرێمی کوردستان ئەم دەروازەیەی نەک تەنیا بۆ هاوکاریی مرۆیی، بەڵکوو وەک کارتێکی گوشار بۆ ڕاستکردنەوەی سیاسەتی ئیدارەی خۆسەر بەکار هێناوە. هەروەها، هەرێم بووە پردێک بۆ گەیاندنی سەرکردەکانی ڕۆژاوای کوردستان بە پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمریکا؛ ئەمە جگە لەو جووڵە بازرگانییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستان هەبوو. جگە لەوەیش ئێمە بەڕوونی دەبینین کە دەزگه خێرخوازییەکانی هەرێمی کوردستان (بۆ نموونە دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی) یەکەم لایەنن کە بەپیر ڕۆژاوای کوردستانەوە دەچن. ئەمە مانا و مه‌غزای سیاسی و نەتەوەییی خۆی هه‌یه‌.

  • هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ

دروستکردن و مەشقپێکردنی هێزی “پێشمەرگەی ڕۆژ” لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی سەربازی و پاراستنی فرەییی سیاسی لە ڕۆژاوای کوردستان. هەرچەندە ڕێگری لە گەڕانەوەیان کرا، بەڵام وەک هێزێکی یەدەگی ستراتیژی ماونەتەوە؛ بەو مانەیەی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا ڕۆڵی ناوبژیوانی دەبینێت، بەڵکوو ڕۆڵی دەستوەردەر و ئاراستەکاریش دەبینێت لە پرسی کورد لە بەشەکانی تری کوردستاندا. بۆ نموونە بارزانی چەندان جار گوشاری کردووە کە هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان خۆیان لە کارکردن لەگەڵ پەکەکە و نزیکایەتی لە پەکەکە بپارێزن.

٢. هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە تورکیا (باکوور)

پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیا لەسەر هێڵێکی زۆر باریک بەڕێوە دەچێت؛ لە لایەک پەیوەندیی باش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و، لە لایەکی تر هاوسۆزیی نەتەوەیی و بوونی کورد لە تورکیا، کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لەو هاوسۆزییە بەدوور بگرێت. هەرێمی کوردستان لە باکووری کوردستانیش خاوەن دیدگه‌ی خۆی بووە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا. هەر یەکە لە تورکیا و کوردانی باکووری کوردستانیش ئەو ڕۆڵەی هەرێمی کوردستانیان قبووڵ بووە. بەسادەیی دەتوانین ئەو ڕۆڵەی هەرێم لە چەند ئاستێکدا ئاماژە پێ بدەین.  

  • ڕۆڵی هەرێم لە “پرۆسەی ئاشتی”

لووتکەی کاریگەریی هەرێمی کوردستان وەک مەرجەع، لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ دەرکەوت. سەرکردایەتیی هەرێم ڕۆڵی نێوەندگیریی ڕاستەوخۆی دەبینی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا (AKP) و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK). سەردانی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ دیاربەکر (ئامەد) لە ٢٠١٣ پەیامێکی ڕوون بوو کە چارەسەری پرسی کورد لە ئەنقەرە بە هەولێردا تێ دەپەڕێت.

ڕێكه‌وتی 29-11-2025، بارزانی بەشداریی لە چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شڕنەخی باکووری کوردستان کرد. ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە. ئەمە بێجگە لەو وێستگە جیاوازانەی پرۆسەی ئاشتی کە هەم بارزانی و هه‌م سەرۆکی هەرێم ڕۆڵی بەرچاویان تێدا هەبووە.

  • مۆدێلی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێكی ئیلهامبەخش

هەرێمی کوردستان بۆ کوردانی باکوور نموونەیەکی زیندووە کە دەکرێت کورد خاوەنی ئیدارەی خۆی بێت. هەرچەندە ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە هەندێک جار کاریگەریی لە سەر ئەم پەیوەندییە هەبووە، بەڵام هەرێم بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە “خەباتی چەکداری” لە باکوور کۆتایی هاتووە و، دەبێت خەباتی پەرلەمانی و مەدەنی (وەک هەدەپە (HDP) یان دەم پارتی) شوێنی بگرێتەوە. ئەمە تێڕوانینی ستراتیژیی هەرێمە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان. ئەم ڕوانگەیەی هەرێمی کوردستان دواجار بەفەرمی لەلایەن ئۆجەلانەوە، بووە دەسپێشخەری بۆ چارەسەری پرسی کورد. دیسان لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیش هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی کارای بەشدار بوو لەو پڕۆسەیە.

٣. هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ئێران (ڕۆژهەڵات)

دەتوانین بڵێین کە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵەیەکە لە “پەناگە” و “بەرپرسیارێتیی ئەمنی”. ئەمە دەتوانرێت لە چەند تەوەرێکدا تاوتوێ بکرێت.

  • هەرێم وەک پەناگەی سیاسی و ئابووری

هەرێمی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکانەوە و دواتر لە نەوەدەکان، بووەتە پەناگەی سەرەکی بۆ حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حدکا، کۆمەڵە، پژاک و ئەوانی تر). سەرەڕای گوشارە ئەمنییە توندەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هەرێم ڕەتی کردۆتەوە ئەو هێزانە ڕادەست بکاتەوە؛ ئەمەیش هەڵوێستێکی ئەخلاقی و نەتەوەییی گەورەیە کە پێگەی هەرێمی وەک ناوەندێک چەسپاندووە. لەسەر بوونی ئەو هێزە کوردییانە، چەندان جار پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی گرژیی تێ کەوتووە. لە چەندان داواکاری و کۆبوونەوەیش ئێران هەمیشە ئەو داواکارییەی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، کە نابێت ئەم هێزانە داڵدە بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش تا ئێستا هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هاوسەنگی پەیڕەو کردووە (لەبەر سنوورداریی نووسینی بابەتەکە ناتوانم وردەکاریی زۆر بخەمە ڕوو، ئەگینا چەندان وێستگە هەن بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵە لەلایەن هەرێمی کوردستانه‌وه‌). هەڵبەتە ئەمە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ بوونی دەرفەتی کارکردن بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لەو دۆخە سەختە ئابوورییەی کە لە ئێراندا هەیە.

  • بەڕێوەبردنی گوشارەکان

لەم ساڵانەی دواییدا، ئێران گوشاری سەربازی (تا ئاستی مووشەکبارانی هەرێمی کوردستان) و سیاسیی زۆری خستە سەر هەرێم بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە. هەرێمی کوردستان لێرەدا ڕۆڵی “پارێزەر”ی گێڕا؛ بەوەی هەوڵی دا لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئەمنی و گواستنەوەی کەمپەکان بۆ شوێنێکی پارێزراوتر، گیانی ئەو پەنابەرانە بپارێزێت بەبێ ئەوەی دەستبەرداریان بێت.

هەرێم هەمیشە ئامۆژگاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کردووە کە خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار نەهێنن تا پاساو نەدەنە دەست تاران بۆ لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان. سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لە ٢٠١٨، مەبەست لێی مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەم گوشارانەی ئێران؛ بە جۆرێک کە توانیی تا ئاستێکی زۆر گوشارەکانی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە. ئەم سیاسەتەی سەرۆکی هەرێم، بۆ مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەم گوشارانەدا، بەتایبەتیش پیشاندانی نیازپاکی و ڕوانگەی هەرێمی کوردستان کە زۆر پێویست بوو بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

دووەم. ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەناوەندبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان

سەرەڕای ئەم ڕۆڵە گرنگەی هەرێمی کوردستان، بەڵام نابێت ئەوەیش لەبیر بکەین کە چەندان ئاڵنگاری هەن کە ڕێگرن لەوەی هەرێم بەتەواوی بتوانێت ئەو ڕۆڵەی ناوەندگەرایی و مەرجەعبوونەی پرسی کورد لە ناوچەکه‌دا بگێڕێت:

  1. دابەشبوونی ناوخۆیی (نیمچە-دووئیدارەیی): نەبوونی یەکگرتووییی تەواو لە نێوان پارتی و یەکێتی و، ململانێی تەسکی حزبی، زۆر جار وای کردووە هێزە ئیقلیمییەکان و بەشەکانی دیکەی کوردستان یاری لەسەر ناکۆکییەکانی ئەم دوو هێزە بکەن؛ بۆ نموونە: نزیکبوونەوەی پەیەدە لە سلێمانی و دوورکەوتنەوەی لە هەولێر یان بەپێچەوانەوە، یان نزیکبوونەوەی حزبی دیموکرات لە پارتی دیموکراتی کوردستان و دووری لە یەکێتی. مەرجەعبوون پێویستیی بە یەکدەنگیی ناوخۆیی هەیە.
  2. ڕکابەریی ئایدیۆلۆژی: بوونی دوو قوتابخانەی سەرەکی (قوتابخانەی بارزانی و قوتابخانەی ئۆجەلان)، تا ئاستێک وای کردبوو کە دونیای کوردی دابەشی سەر دوو جەمسەر ببێت. هەوڵەکانی پەکەکە بۆ دروستکردنی ئەلتەرناتیڤ بۆ هەرێم (وەک شەنگال یان کانتۆنەکان) بەربەست بوون لەبەردەم هەژموونی تەواوەتیی بەمەرجەعبوونی هەرێمی کوردستان. بەڵام دوای بانگەوازی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و سەردانی تیمی ئیمڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان و دیداری سەرۆک بارزانی، وەک پەیامێک بوو کە ئۆجەلان دەیەوێت بارزانی لەو پرسەدا ڕۆڵی هەبێت؛ بە جۆرێک هەر یەکە لە تورکیا و پەکەکە و نوێنەرانی کوردی باکووریش ئەو ڕۆڵە مەرجەعیەیی هەرێمی کوردستانیان قبووڵ بوو.
  3. گوشارە جیۆپۆلیتیکییەکان: وەک دەزانین هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو دەوڵەتی هەرێمیی بەهێزدایە (تورکیا و ئێران) کە هیچیان نایانەوێت هەرێم ببێتە سەنتەری نەتەوەیی و مه‌نزڵگه‌ و پەناگەی کوردان؛ یاخود هەرێمی کوردستان بگاتە ئەو ئاستەی کە ڕۆڵێکی کارای لە پرسی کورد هەبێت. ئەوان لە بنەڕەتدا هەر ناخوازن پرسی کورد لە هەڵکشاندا بێت، بۆیە هەر جووڵەیەکی هەرێم بۆ یەکخستنی کوردانی ناوچەکە، بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەو وڵاتانە سەیر دەکرێت. ئەمە زۆر جار  وای کردووە هەرێمی کوردستان دەستەوەستان بێت لە بەکارهێنان و پاڵپشتیکردنی پرسی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان.

 دەرەنجام

هەرێمی کوردستان، بە حوکمی پێگە دەستوورییەکەی، هەروەها توانای ئابووری و ئەزموونی حوکمڕانی، بەکردەیی بۆتە ناوەندی قورسایی (Center of Gravity) بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەتوانین بڵێین کە ڕۆڵی هەرێم لە هاوکارییەکی سادە تێ پەڕیوە؛ هەرێم ئێستا وەک نوێنەری دیپلۆماسیی باڵای کورد، پارێزەری که‌لتوور و پەناگەی لێقەوماوانی کورد سەیر دەکرێت بۆ گشت بەشەکانی تری کوردستان. ئەو کەسایەتییەی کە زۆرترین چانسی هەیە بۆ گیڕانی ئەو ڕۆڵە، لە ڕاستیدا کەسایەتیی “مەسعوود بارزانی”یە؛ لە ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی هەرێمی و ئاستی نێودەوڵەتییش وا سەیری بارزانی دەکرێت. ڕاستە هەندێک جار لەبەر ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان، کە وابەستەی مەلملانێیەکی تەسکی حزبییە، ئەو ڕۆڵەی بارزانی کەم دەکرێتەوە، بەڵام ئەو مامەڵە سیاسییەی لەگەڵ بارزانی دەکرێت، چ لە بەشەکانی تری کوردستان و چ لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییش، ئەو پێگەیەی پێ بەخشیوە.

بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە ستراتیژییە بەردەوام بێت و گەشە بکات، هەرێمی کوردستان پێویستیی بەوەیە:

  • یەکڕیزیی ناوخۆییی خۆی پتەو بکات. ئەمەیش زیاتر پەیوەستە بە بوونی ڕێکكه‌وتنێکی ستراتیژیی تر لەگەڵ یەکێتی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکانی داهات.
  • مۆدێلی حوکمڕانییەکەی بەرەو دیموکراسی و شەفافییەتی زیاتر ببات تا ببێتە نموونەیەکی سەرنجڕاکێشتر (Soft Power Model) هەم لە ئاستی ناوخۆیی هەم لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا.
  • هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی “هاوسەنگی” لە نێوان سۆزی نەتەوەیی بۆ پارچەکان و ڕیالیزمی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا.

لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە هەرێمی کوردستان تاکە هیوا و تاکە قەڵایە کە کورد لە مێژووی هاوچەرخدا توانیویەتی وەک کیانێکی دەوڵەت-ئاسا بیپارێزێت. بۆیە پاراستنی هەرێم نەک تەنیا ئەرکی باشوور، بەڵکوو دەبێتە ستراتیژیی مانەوە بۆ تەواوی پرسی کورد لە ناوچەکەدا. لە بەرامبەریشدا قووڵاییی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان نە بەغدا و دیمەشق و، نه‌ ئەنقه‌رە و تاران‌، بەڵکوو ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەوەی لە کاتی تەنگانە، سەرەڕای ناکۆکییەکانمان بەپیرمانەوە بێت، تەنیا کوردی بەشەکانی تری کوردستانن. هەرێمی کوردستان جگە لە بەشەکانی تری کوردستان هیچ پاڵپشتییەکی تری نییە.

ئێستا هەرێمی کوردستان بۆ بەشەکانی تری کوردستان ڕۆڵی مەرجەع و براگەورە دەگێڕێت؛ دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین. لەم چرکەساتەی کە خەریکە ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان لەبار دەچێت، نابێت بە هیچ جۆرێک لە خەمی شکاندنی دڵی تورک و عەرەبەکان بین؛ چۆن ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان هەیە، هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت پشت لە بەرژەوەندییە  نەتەوەیییەکانی خۆی بکات.

سەرچاوەکان:

  1. Al-Asyura, M. K. Z., & Basyar, M. H. (2022). Turkey and Kurdistan Regional Government (KRG) relations: A soft power approach towards Kurdish question. Andalas Journal of International Studies, 11(1), 1-16. https://www.researchgate.net/publication/383509765_Turkey_and_Kurdistan_Regional_Government_KRG_Relations_A_Soft_Power_Approach_towards_Kurdish_Question
  2. Awene. (٢٠٢١) [ئێران داوای دەرکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان دەکات]. https://www.awene.com/detail?article=52801
  3. Cagaptay, S. (2014, July 9). Yesterday’s enemies, tomorrow’s friends? The Washington Institute. https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/yesterdays-enemies-tomorrows-friends
  4. Channel 8. (2025, March 1 [بارەگای بارزانی: شاندی ئیمراڵی ناوەرۆكی پەیامی ئۆجەلانیان بە بارزانی گەیاند]. https://channel8.com/kurdish/news/110325
  5. Kurdistan Chronicle. (2025). Peshmerga Included in U.S.-Iraq Security Dialogue. https://kurdistanchronicle.com/babat/3239
  6. Reppeto, J. P. (2020). Enemy of My Enemy, Enemy of My Friend: the United States, the Syrian Kurds, and Proxy War in Syria [Honors thesis, University of Texas at Austin]. Texas ScholarWorks. https://repositories.lib.utexas.edu/server/api/core/bitstreams/65e7c586-34c2-4095-be57-637414d4e2f8/content
  7. (2020, January 1). [ئەنەكەسە و تەڤدەم دەگەنە ڕێككەوتن؟ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0101202013>>.
  8. (2025, May 17). سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بووەتە جێی بایەخی میدیاکان. https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1705202513
  9. (2026, January 20). ئەحمەد شەرع بۆ سەرۆک بارزانی: تەواوی مافەکانی کورد پارێزراو دەبن. https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2001202625




ئەجێندای نوێی ئەمریکا بۆ عێراق و سیناریۆکانی پاش هەڵبژاردن

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

 پێشەکی

هەرچەندە ئەمریکا دروستکەرەوەی عێراقی دوای “بەعس”ە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا تا ئێستایش پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناجێگیرە؛ لە لایەک ئەمریکا ڕێککەوتنی ستراتیژی و سەرباز و ڕاوێژکاری هەیە لە عێراق و وەک پارێزەری دەوڵەتی عێراق و سیسته‌مە سیاسەکەیشی وایە، بەڵام تا ئێستایش نە ئەمریکا و نە عێراقیش خۆیان وەک هاوپەیمان نابینن. پەیوەندیی بەغدا و واشنتۆن پڕە لە نامتمانەیی، بەڵام سەردەمی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد تڕەمپ جیاوازە لە سەردەمی ئیدارەکانی تری ئەمریکا؛ ته‌نانه‌ت لە ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد تڕەمپیش. بە واتایەکی تر، ئەوەی بۆ عێراق تا ئێستا چووەتە سەر، لەوانەیە لەو ئیدارەیەدا چیتر عێراق نەتوانێت ئەو یارییە لەگەڵ ئەمریکا بکات.

سیاسەتی نه‌ریتی (تەقلیدی)ی واشنتۆن کە بریتی بوو لە “بونیادنانی نەتەوە/دەوڵەت” (Nation/state Building) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتووە. ئێمە لەبەردەم سیاسەتێکی نوێداین کە لەسەر بنەمای “مامەڵەی بازرگانی و بەرژەوەندیی ڕووت” داڕێژراوە.

 ئەم بابەتە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر وردەکارییەکانی ستراتیژیی نوێی ئەمریکا بەرامبەر عێراق و پێکهاتەکان (شیعە، سوننە، کورد)، ئاییندەی پڕمەترسی پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا، هەروەها ڕۆڵی یاریزانە هەرێمییەکانیش لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا. بۆ تیگەیشتن لە ڕوانگەی ئەمریکا بۆ عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ ئەم ڕاپۆرتە بەسەر چەند پرسێکی سەرەکیدا دابەش دەکەین.

یەکەم: واشنتۆن چۆن سەیری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی  ٢٠٢٥ دەکات؟

پێش ئەوەی بچینە ناو وردەکاریی سیاسەتی دۆناڵد تڕەمپ، دەبێت لەوە تێ بگەین هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ چ پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ کۆشکی سپی نارد. ئەنجامەکان تەنیا دابەشکردنی کورسی نەبوون، بەڵکوو نەخشەی سیاسیی نوێی عێراقیان کێشا کە ئەمریکا ناچارە مامەڵەی لەگەڵ بکات. بەکورتی هەڵبژاردنەکان سێ پەیامی سەرەکییان بۆ واشنتۆن نارد:

١ . شەرعییەتی لەرزۆک و “بایکۆتی بێدەنگ

ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان (کە چاوەڕوان دەکرا نزم بێت یان لەلایەن جەماوەرەوە بایکۆت بکرێت)، پەیامێکی مەترسیداری بۆ ئەمریکا  نارد کە پێمان دەڵێت، ئەوە “حکوومەتی بەغدایە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی سیاسی دەکات، نەک شەقام.” ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەگەر پێشتر ئەمریکا بیویستایە گوشار بخاتە سەر حکوومەت، ئەوە دەیتوانی پشت بە “ناڕەزایەتیی شەقام” ببەستێت. بەڵام ئەم جارە ناڕەزاییی شەقام و سەدرییەکان بەو جۆرە نەبوو کە دەسەڵاتی سیاسی و نوخبەی حوکمڕان لە بەغدا بترسێنێت. بە مانایاکی تر کارتی شەقام ئەم جارە کارتێکی بەهێز نییە بەدەست ئەمریکاوە، وەک ئەوەی لە سەردەمی تشرینییەکان لە کۆتاییی ٢٠١٩ بینیمان.

٢. چەسپاندنی دەسەڵاتی “دەوڵەتی قووڵ

ئەنجامەکان دەریان خست کە هێزەکانی نزیک لە ئێران (چوارچێوەی هەماهەنگی) چیتر “میلیشیا” نین، بەڵکوو بوونەتە خودی “دەوڵەت”. ئەوان توانیویانە لە ڕێگەی یاسای هەڵبژاردن و کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانەوە، مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن؛ بە جۆرێک ئەو لایەنانەی پڕۆکسیی چەکداری نزیک لە ئێرانن، نزیکەی ٦٦ کورسییان هێناوە، ئەمە جگە لەوەی کە کورسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییش لە ١١٩ بۆ ١٦٥ کورسی زیادیان کردووە. به‌م پێیه‌ ئەمریکا گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ناتوانێت لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە گۆڕانکاری لە ڕەفتاری بەغدا بکات. بۆیە تاکە ڕێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم “دەوڵەتە قووڵە”، بەکارهێنانی زمانی زەبر و بەرژەوەندیی ئابوورییە، نەک بانگەشەی دیموکراسی.

٣.  هاوپەیمانە پەرتەوازەکانی ئەمریکا

ئەنجامەکان پەیامێکی نائومێدکەریان هەبوو سەبارەت بە دۆستانی نه‌ریتیی ئەمریکا (کورد و سوننە). دابەشبوونی دەنگەکانی سوننە و ململانێی توندی پارتی و یەکێتی، بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا، کە دەکرێت وەک لاوازی بۆ پێگەی دۆستانی ئەمریکا لە پەرلەمانی عێراق سەیر بکرێت، بەتایبەت کورد. ئەمە بۆ  واشنتۆن ئەوە دەگەیەنێت کە ناتوانێت چیتر وەک بلۆکێکی یەکگرتوو بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بەرامبەر شیعەکان، پشت بە کورد یان سوننە ببەستێت. ئەمەیش وا دەکات ستراتیژیی ئەمریکا بگۆڕێت بۆ “مامەڵەی تاکتیکی” لەگەڵ هەر حزبێک بەجیا، نەک وەک پێکهاتە.

دەتوانین بڵیین کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ ئەو پەیامەی بە ئەمریکا گەیاند کە: “عێراق بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی سیستەمێکی سیاسیی چەقبەستوودایە و، چاکسازی لە ناوەوەی  سیسته‌مەکە ئەستەمە.” ئەمەیش پاساوی تەواو دەداتە ئیدارەی تڕەمپ کە دەستبەرداری دروشمی “پاڵپشتیی دیموکراسی” بێت و ڕاستەوخۆ بچێتە سەر “مامەڵەی بزنس و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان” لەگەڵ عێراقدا و لەو ڕوانگەیەیش سەیری عێراق بکات؛ کە ئەمە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ کورد و هێزە مەدەنییەکانیش سیاسەتێکی هیوابڕه‌.

دووەم: ئامانجە گشتییەکان و ستراتیژیی “ئەمریکا یەکەم”

دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، لەژێر سایەی ئیدارەی نوێی تڕەمپدا، لە دەوری سێ پایەی سەرەکی دەسووڕێتەوە: کەمکردنەوەی ئەرکی سەربازیی ڕاستەوخۆ، دڵنیابوون لە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و پرسی وزە، هەروەها بەکارهێنانی عێراق وەک سەنگەرێک دژی ئێران بە کەمترین تێچوو.

ئامانجە ستراتیژییەکان:

  1. بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی ئێران: ئەمە وا دەکات ئامانجی سەرەکیی ئیدارەی تڕەمپ لە عێراق، بریتی بێت لە لاوازکردنی کاریگەریی ئێران لەسەر حکوومەتی ناوەندیی بەغدا. ئەمە چیتر بە جەنگ ناکرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی “خنکاندنی دارایی” و ڕێگەگرتن لە گەیشتنی دۆلار بە گرووپە چەکدارەکان ئەنجام دەدرێت.
  2. دڵنیابوون لە سەقامگیریی وزە: عێراق بەرهەمهێنەرێکی سەرەکیی “نەوت”ە. تڕەمپ دەیەوێت دڵنیا بێتەوە کە نەوتی عێراق بەردەوام دەڕژێتە بازاڕەکانی جیهانەوە بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا بەرز نەبێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ نەوتەکە دەفرۆشێت.
  3. کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازان: بە گوێرەی دیدگه‌ی “America First”، تڕەمپ هەوڵ دەدات ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق بۆ نزمترین ئاست کەم بکاتەوە؛ تەنیا هێندە دەهێڵێتەوە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هەواڵگرییەکان پێویستن. کشانەوەی هێزەکان بۆ هەرێمی کوردستان و کردنەوەی كونسوڵگه‌رییە گەورەکەی ئەمریکا لە هەولێر، هەنگاوێکە بەو ئاڕاستەیە.

سێیەم: سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر پێکهاتەکان

هەرچەندە ناتوانین بڵێین ئەمریکا سیاسەتی تایبەتی هەیە بۆ هەر یەک لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق، بەڵام ئیدارەی تڕەمپ بە شێوازێکی تەواو “پراگماتیک” بە میکانیزمی تایبەت لەگەڵ هەر یەکێک لە پێکهاتەکان مامەڵە دەکات:

  1. بەرامبەر شیعەکان (دەسەڵاتی ناوەندی)

ڕەنگە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەغدا، جۆرێک بێت لە پەیڕەوکردنی بنەمای “سزا و پاداشت”؛ ئەمە دەکرێت بە چەند میکانیزمێک ئەنجام بدرێت. ئەمریکییەکانیش بەناڕاستەوخۆ چەند جار ئەو پەیامەیان بۆ نوخبەی شیعەی حوکمڕان لە بەغدا ناردووە.

  • پەرتکردنی سیاسی: ئەمریکا هەوڵ دەدات لە نێوان ئەو گرووپە شیعانەی کە “عێراقچێتی” دەکەن و ئەوانەی سەر بە ئێرانن، ناكۆكی دروست بکات، بۆ نموونە: بەکارهێنانی سوودانی و گرووپە میانڕەوەکانی تر لە دژی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ئێستا لە پێکهێنانی حکوومەتدا بەڕوونی دیارە.
  • چەکی دۆلار: مانەوەی دەسەڵاتی شیعە، بەندە بە دابینکردنی دۆلار لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە. تڕەمپ ئەمە وەک کارتێکی گوشار بەکار دەهێنێت؛ هەر جووڵەیەک بە ئاڕاستەی ئێران، بە مانای بڕینی بۆڕیی دۆلار دێت لە ئەمریکاوە. شیعەکانیش باش لەو پەیامەی ئەمریکا تێ گەیشتوون، بۆیە تا ئێستا زۆر پڕاگماتییانە مامەڵەیان کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٥ ئاسانکاریی زۆر کراوە بۆ هێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان،  وەک کۆمپانیا زەبەلاحەکانی: (IOCs) ئیکسن مۆبیل و شیڤرۆن و KBR (Kellogg Brown & Root) ؛ HKN (Hess Corporation’s Exploration Arm) ؛ Baker Hughes و Schlumberger .
  1. بەرامبەر سوننەکان

پێ دەچێت سوننەکان لە سیاسەتی ئەمریکادا وەک “کارتێکی هاوسەنگی” سەیر بکرێن:

  • هێزی سیاسی: واشنتۆن دەیەوێت سوننەکان ببنە هێزێکی سیاسیی یەکگرتوو بۆ هاوسەنگکردنی هێزی فراکسیۆنە شیعەکان لە پەرلەمان. ئەمە دەکرێت لە ڕێگه‌ی وڵاتانی کەنداو ئەنجام بدرێت. سوننەکان خۆیشیان دەرکیان بەو پێگە نوێیە کردووە؛ ئێستا خەریکی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوون کە بتوانن کاریگەری دروست بکەن.
  • پاراستنی ناوچە سوننییەکان: ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش لە ناوچە سوننییەکان لە پێشینەی ئامانجی ئەمریکایە لە عێراق؛ بەڵام تڕەمپ پێی باشە وڵاتانی کەنداو (سعوودیا و قەتەر و ئیماڕات) خەرجیی ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچانە بگرنە ئەستۆ، نەک وەک خۆی دەڵێت “باجدەری ئەمریکی”.
  1. بەرامبەر کورد

بەراورد بە هەردوو پێکهاتەکەی تر (شیعە و سوننە)، هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی دڵسۆزتر و بەمتمانەترە بۆ ئەمریکا، بەڵام لە سەردەمی تڕەمپدا ئەم هاوپەیمانێتییەیش لەوانەیە مەرجدار بێت بە چەند پرسێک:

  • سەقامگیریی ناوخۆیی: تڕەمپ بێزارە لە ناکۆکییە ناوخۆیییەکان. نایەوێت ببێتە پاسەوانی ناوماڵی کورد، بەتایبەت کە کورد دەوڵەتێکیشی نییە تا ئەمریکا مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ بکات. وەک لە ستراتیژیی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەی ئەمریکادا هاتووە، “ئەمریکا خۆڕاگرە و پارێزگارە، بەڵام ناکرێت بە “خۆشباوەڕ یان مامەڵە”(Dovish)  ناو بنرێت. واتا پەیامەکە بۆ کوردیش ڕوونە: “یان یەکگرتوو بن، یان چاوەڕێی پاراستن مەبن.”
  • قەڵایەک دژی نەیارانی ئەمریکا: هەرچەندە ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان سەختە، بەڵام هەرێم لە ڕوانگەی بەشێک لە ئیدارەی نوێی تڕەمپ ڕەنگە وەک “ژووری ئۆپەراسیۆن” و بنکەی هەواڵگریی پێشکەوتوو دژی نەیارانی ئەمریکا و پاشماوەکانی داعش سەیر بکرێت. بۆیە پاراستنی هەولێر وەک هێڵێکی سوور دەمێنێتەوە، بەڵام سنووری ئەم پاراستنە، سنووردارە و کراوە نییە!

چوارەم: هاوکێشەی هەولێر و بەغدا لەژێر ڕۆشناییی کشانەوەی ئەمریکادا

پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕەنگە کاریگەرترین فاکتەر بێت لە هاوکێشەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ چونکە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا هەمیشە لەژێر چاودێریی ناوبژیوانێکی بەهێز (ئەمریکا)دا بووە. کشانەوە یان کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا- کە بڕیار وایە لە کۆتاییی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەتەواوی لە عێراق بکشێنەوە-، ڕەنگە هاوکێشەی ئەم پەیوەندییانە بەتەواوی بگۆڕێت. بەتایبەت پابەندبوونی عێراق بە پرسی بوودجە و ناوچە کێشەلەسەرەکان، ڕەنگە سەرەتای قۆناغێکی تری ناسەقامگیری بێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دۆخی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

١. نەمانی “هێڵی جیاکەرەوە” و بۆشاییی ئەمنی

بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی (عەین ئەسەد، هەریر و، کەرکووک) وەک بەربەستێک بوو.

  • مەترسی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان: ئەگەر تڕەمپ هێزەکان بکشێنێتەوە، بۆشایییەک دروست دەبێت کە ڕەنگە سوپای عێراق و میلیشیاکان هەوڵی پڕکردنەوەی بدەن. لەم دۆخەدا ئەمریکا دەستوەردان ناکات، مەگەر ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییە نەوتییەکانی بکەوێتە مەترسییەوە.
  • بێلایەنیی ئەمریکا: بەبێ گوشاری دیپلۆماسیی ڕۆژانەی ئەمریکا لەسەر بەغدا، دادگه‌ی فیدراڵی و حکوومەتی ناوەندی، گوشارەکانیان بۆ سەر هەرێم چڕتر دەکەنەوە. تڕەمپ کەمتر بایەخ بە “دەستوور” دەدات و زیاتر بایەخ بەوە دەدات “کێ بەهێزترە و کێ دەتوانێت سەقامگیری مسۆگەر بکات”.

٢. دۆسیەی نەوت و وزە

لەبەر ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ بە ڕوانگەیەکی بزنسمانانەوە سیاسەت دەکات، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕەنگە بۆ ئەمریکا بچێتە قۆناغی “قازانج و زیان”؛ بەتایبەت ئەگەر سوودانی (یان جێگرەوەکەی) گرێبەستی گەورە بداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، تڕەمپ پشتگیری لە “مەرکەزییەت”ی بەغدا دەکات و چاوپۆشی لە کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوتی هەرێم دەکات. بەڵام ئەگەر هەرێم بتوانێت بیسەلمێنێت کە تاکە سەرچاوەی وزەی جێی متمانەیە و بەدەرە لە کۆنترۆڵی ئێران، ئەوا واشنتۆن گوشار دەکات بۆ کردنەوەی بۆڕییەکان و ناردنی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان؛ نەک لەبەر دڵسۆزی بۆ کورد، بەڵکوو لە پێناو دابەزاندنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهانی.

٣. سیناریۆی مانەوە لە هەرێم، کشانەوە لە بەغدا

ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی تەنیا لە هەرێم بهێڵێتەوە، ئەمە دوو لێکەوتەی دەبێت:

  • لایەنی باش: ئەگەری هەیە دواجار هەرێم ببێتە خاوەنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی بەهێز بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا.
  • لایەنی خراپ: بەغدا و گرووپە چەکدارەکان، هەرێم وەک “بنکەی دوژمن” سەیر دەکەن و گەمارۆی ئابووریی توندتر دەخەنە سەر هەرێم. لێرەدا پێویستە هەرێم خۆی بۆ قۆناغێکی دژواری ئابووری ئامادە بکات.

پێنجەم: کاریگەریی فاکتەری هەرێمی: تورکیا و ئێران

لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا هەمیشە فاکتەرێکی تر هەیە کە ناتوانێت نادیدە بگیرێت، ئەویش فاکتەری “تورکیا” و “ئێران”ە. ئەم فاکتەرە بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش ڕاستە. لە دۆخی پەیوەندییەکانی بەغدا و  واشنتۆن ئەم فاکتەرە لە چەند ئاستێکدا کاریگەرە:

١. ئێران: ستراتیژیی “ئه‌وپه‌ڕی گوشار” (Maximum Pressure 2.0)

جیاواز لە ئیدارەی بایدن، تڕەمپ و ئیدارەکەی، چاوی لەوە نییە هەرچۆنێک بێت ئێران ڕازی بکات. گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە چەند ڕوویه‌کەوە کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت:

  • جەنگی دراو: چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا کۆتوبەندی زۆر توند بخاتە سەر بانکی ناوەندیی عێراق. ئامانجەکە ئەوەیە عێراق ناچار بکرێت لە نێوان “سیستەمی داراییی جیهانی” و “دۆستایەتیی ئێران” یەکێکیان هەڵبژێرێت.
  • پچڕانی ڕێڕەوی وشکانی: تڕەمپ هەوڵ دەدات پەیوەندیی وشکانیی ئێران بە سووریا و لوبنان لە ڕێگەی عێراقەوە پەک بخات. هەردوو میکانیزمەکە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا دەبێت.

٢. تورکیا: هاوپەیمانێکی پێویستە بۆ ئەمریکا

پەیوەندیی تڕەمپ و ئەردۆغان هەمیشە تایبەت بووە. بۆیە فاکتەری تورکیاش دیسان لە دوو پرسدا کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی واشنتۆن و بەغدا دەبێت:

  • ئەگەر واشنتۆن ڕێگە بە تورکیا بدات ئۆپەراسیۆنی فراوانتر لە قووڵاییی خاکی عێراق و هەرێم دژی پەکەکە ئەنجام بدات، لە بەرامبەر ئەوەی ئەنقەرە هاوکاری بێت لە گوشارخستنە سەر ئێران.
  • ڕێگه‌ی گەشەپێدان: ئەمریکا ڕەنگە پشتگیریی پڕۆژەی “ڕێگه‌ی گەشەپێدان” بکات بۆ ئەوەی عێراق ببەسترێتەوە بە باکوور (تورکیا/ناتۆ) نەک ڕۆژهەڵات.

کۆتایی و دەرەنجام

سیاسەتی ئەمریکا بۆ عێراقی دوای ٢٠٢٥، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەکرێت لەم تەوەرانەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:

  1. کۆتاییی چەکی سپی: ئەمریکا چیتر ئامادە نییە پارێزەری بێمەرجی هیچ لایەنێک بێت لە عێراق. چ حکوومەتی ناوەندی و چ هەرێمی کوردستان، دەبێت خۆیان بیسەلمێنن کە مایەی “سەرمایە”ن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، نەک “بارگرانی”.
  2. ئابووری پێش سیاسەت: زمانی گفتوگۆی چوار ساڵی داهاتوو، زمانی دۆلار و وزە دەبێت. هەر لایەنێک بتوانێت زۆرترین دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕەخسێنێت و زۆرترین دووری لە ئێران بپارێزێت، دەبێتە براوەی یارییەکە.
  3. مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم: ئەگەر کورد ماڵی خۆی ڕێک نەخاتەوە، مەترسییەکی ڕاستەقینە هەیە کە سیاسەتی “عێراقی یەکگرتوو”ی تڕەمپ لەسەر حسابی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بێت؛ بەتایبەت ئەگەر بەغدا بتوانێت متمانەی ئەمریکا بەدەست بێنێت.

لە کۆتاییدا، پەیامی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ سەرکردەکانی عێراق ڕوونە: “یارییەکە گۆڕاوە؛ یان بە یاساکانی ئێمە یاری دەکەن، یان بەتەنیا جێتان دەهێڵین.” بۆ عێراقێک کە هێشتا لە ڕووی ئاسایش و ئابووری و دارایییەوە لەسەر پێی خۆی نەوەستاوە، بژاردەی دووەم دەکرێت کارەساتبار بێت.

سەرچاوەکان:   

  1. Ali Mamouri. New US envoy faces first trial as Iraq forms government. Dec 8, 2025. <https://amwaj.media/en/article/inside-story-new-us-envoy-faces-first-trial-as-iraq-forms-new-government>.
  2. Bolton, John. The Room Where It Happened: A White House Memoir. Simon & Schuster, 2020.
  3. Cook, Steven A. “The End of Ambition: America’s Past, Present, and Future in the Middle East.” Oxford University Press, 2024.
  4. Ford, Robert. “US Policy in Iraq: Balancing Interests and Values.” Middle East Institute, 2023.
  5. Hussein Ibrahim. Iraq’s Balancing Act Between Washington and Tehran. Sep 19, 2025. <https://en.al-akhbar.com/news/iraq-s-balancing-act-between-washington-and-tehran?utm_source=chatgpt.com>.
  6. International Crisis Group (ICG). “Iraq: Stabilizing the Fault Lines.” Middle East Report, 2025.
  7. James Jeffrey,David Schenker. Iraq’s Election: Outcomes and Next Steps. Nov 17, 2025. <<https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/iraqs-election-outcomes-and-next-steps >>.
  8. Khairuldeen Makhzoomi. Pro-Iran Militias Are the Big Winners in Iraq’s Election. Nov 25, 2025. <https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/pro-iran-militias-are-big-winners-iraqs-election>.
  9. Knights, Michael. “The Future of Iraq’s Armed Forces.” The Washington Institute for Near East Policy, 2024. <https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/future-iraqs-armed-forces>.
  10. Patricia Karam. Baghdad between Tehran and Washington: The struggle for a sovereign state. Arab Center Washington DC. 2025, October. <https://arabcenterdc.org/resource/baghdad-between-tehran-and-washington-the-struggle-for-a-sovereign-state/>.
  11. Trump, Donald J. Agenda 47: Policy Platform. Official Campaign Publications, 2024.
  12. زهراء امير حسن. السياسة الخارجية للواليات المتحدة االمريكية تجاه العراق في عهد الرئيس بايدن.
  • جامعة بغداد/ مركز الدراسات االستراتيجية والدولية ، ٢٠٢٥. <<https://iasj.rdd.edu.iq/journals/uploads/2025/07/23/c0545179054091b96273c4a02cee2698.pdf>>.



ڕوانگەی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا  

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی تشرینی دووەم لە عێراقدا لە ئانوساتێکی تایبەتدا ئەنجام دەدرێت؛ بەو مانایەی هەم لە ئاستی ناوخۆدا ململانێ و ترسی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بەتایبەت لەوەی کە نیازێکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی حوکمڕانی لە عێراقدا. ئەوەی ئەم ترسەیشی زیاتر کردووە، ئەو گۆڕانکارییە هەرێمییانەیە کە لە دوای لاوازبوونی “بەرەی مقاوەمە” هاتۆتە ئاراوە؛ هەمیشە باس لەوە دەکرێت کە ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی عێراقیش کار بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەکەن.

لەم به‌ینەدا ڕوانگەی ئەمریکا، بەتایبەتیش ڕوانگەی ئیدارەی تره‌مپ، وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە باکگراوند و نەخشەی هێزە سیاسییەکاندا ئامادەیە. هەرچەندە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە دوای ٢٠٠٣وە لە عێراق کەم بووەتەوە، بەڵام بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی واشنتۆن- لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەقاڵبدانی کاریگەریی ئێران و پەلوپۆکردنی میلیشیاکان تا دەگاتە بەهێزکردنەوەی سەروەریی عێراق- ئاماژەن بۆ ڕوانگەیەکی نوێێ ئەمریکا کە دەیەوێت لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنەکانەوە شوێنپەنجەی بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا هەبێت.

هەڵبژاردن وەک خاڵی وەرچەرخان بۆ گەڕاندنەوەی “سەروەری”ی عێراق

هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، دەکرێت تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بێت بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دامەزراوە و هێزە سیاسییەکاندا. بۆ ئەمەیش هێزەکان بەسەر دووبەرەدا دابەش بوون: ئەو هێزانەی کە لەگەڵ ئەوەن، دەبێت دەوڵەت کۆنتڕۆڵی بەسەر هێزە چەکدارەکاندا هەبێت، كه‌ بریتین لە سەدرییەکان (هەرچەندە لە هەڵبژاردندا بەشدار نین)، هێزە سوننییەکان و، هەروەها کورد و بەشێک لە هێزە مەدەنییەکانی عێراقیش کە لەم هەڵبژاردنە بەشدارن. ئەم هێزە، پشتئەستوورە بە ڕوانگە و گوشاری ئەمریکا، کە ئەو دۆخە نوێیە هەرێمییە وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی خۆیان لەم هەڵبژاردنەدا.

هەرچی بەرەی دووەمە، تایبەتە بەو هێزانەی کە نایانەوێت ئەو واقعەی هەیە بگۆڕێت و، لەم دۆخەی ئێستا سوودمەندن؛ دیارترینیان لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یە، وەک: ڕێکخراوی بەدر و بزووتنەوەی نوجەبا و هێزەکانی حەشد و گرووپە چەکدارەکانی تر. ئەم لایەنانە پاڵپشتیی ئێران و چەک، وەک گەرەنتییەکی ئەمنی و ئامرازێک بۆ پاراستنی دەستکەوتە سیاسییەکان و، هەروەها ڕێگرییەک لە بەرامبەر هەر دەستوەردانێکی دەرەکی- وەک ئەمریکا یان ئیسرائیل- سەیر دەکەن.

هەرچەندە پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕای گەیاندووە کە ئەو لایەنانەی باڵی چەکدارییان هەیە، ڕێگەیان پێ نادرێت بەشداری بکەن، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە زۆر قورسە و هێزە چەکدارەکان چەندان ده‌رچه‌ی سیاسی و ئابووری و دامەزراوەیییان هەیە بۆ ئەوەی بەسەر ئەو بڕیارەدا باز بدەن. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەمە وای کردووە کاریگەریی هەبێت بەسەر بەشداریی سیاسیی خەڵکیش لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە بەشێکی زۆری دانیشتووانی عێراق پێیان وایە هەڵبژاردن بێهوودەیە و هیچ لە دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات ناگۆڕێت- ئەو هێزانە زۆر لەوە بەهێزتر و شارەزاتر و کارامەترن بتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن.

تا ئەو ئاستەی بەشێک لەو لایەنانە تۆمەتبارن بە کڕینی کارتی دەنگدەران؛ بۆ نموونە لە نەینەوا و بەغدا، یان ڕێگریکردن لە دروستکردنی خانوو لە شنگال و دەشتەکانی نەینەوا. ئەمە دەکرێت لە چەندان ناوچەی تری عێراقیشدا هەبێت. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت ئەمریکا و بەشێک لە هێزە هەرێمییەکان، گرەو لەسەر گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی پەرلەماندا بکەن، کە دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ بڕینی باڵادەستیی سیاسیی ئەم میلیشیایانە؛ بەمەیش ئاستێکی زیاتر لە سەروەری بۆ دەوڵەتی عێراق بگەڕێتەوە. بەرژەوەندیی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ئەو هێزانەدایە کە تەحەددای هەژموونی تاران دەکەن و هەر هێزێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەبینن.

ستراتیژیی واشنتۆن بۆ عێراق

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت زۆر جار هەست دەکەیت ئەمریکا ستراتیژێکی ڕوونی نییە بۆ عێراق، بەڵکوو سیاسەتی تایبەت و ڕوانگەیەکی دیاریکراوی هەیە. سەرەڕای دابەزینی ئاستی پابەندییەکانی ئەمریکا بە عێراق و خۆبەدوورگرتن لە کێشە سەرەکییەکان، بەڵام هێشتا عێراق پێگەیەکی تایبەتی لە ستراتیژیی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپدا هەیە، بەتایبەت کە دۆناڵد تره‌مپ کەسێکی نزیکی وەک نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق (مارک ساڤایا) دەستنیشان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش عێراق پێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەمریکا، کە دەتوانین لەم چەند پرسەی خوارەوەدا کورتیان کەینەوە:

بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر: عێراق لە ڕوانگەی ئەمریکا و ڕۆژاوادا هێشتا بە ناوچەی پاشماوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دادەنرێت. عێراق دەکرێت مۆڵگەی ژیانەوەی داعش یان ڕێکخراوێکی هاوشێوە بێت لە هەر کاتێکدا. ئەمەیش ئەرکی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، دەکاتە ئەولەوییەت. ئەمریکا نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق بۆ ئەو پرسە تەرخان کردووە، کە تا ئێستایش لە کشانەوەی هێزەکانیدا دوودڵه‌.

دەورەدان و چاوترساندنی ئێران: عێراق دەکرێت “پاژنەی ئەخیل”ی ئێران بێت. ئەمریکا بەغدا وەک هێڵی پێشەوەی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردن و فراوانبوونی هەژموونی ناوچەییی ئێران دەبینێت. بوونی سەربازانی ئەمریکا، چ لە عێراق یان هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی کاریگەر وەک بەربەستێک دەبێت لە دژی ئەم کاریگەرییە هەرێمییەی ئێران، بۆیە سەیر نییە کە چەندان جار بنکە ئەمریکییەکانی وەک “عەین ئەسەد” و “حەریر” لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە (وەکوو کەتائیبی حزبوڵڵا) دەکرێنە ئامانج.

بازاڕی جیهانیی وزە: یەدەگی بەرفراوانی نەوتی عێراق، زۆر گرنگە بۆ هاوسەنگیی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆیە سەیر نییە کە تره‌مپ لە دیداری شەرم ئەلشەیخ لە وەسفکردنی عێراقدا وتی “نەوتێکی زۆریان هەیە بەڵام نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.” بۆیە ئەمریکا ناتوانێت تەماشاکه‌ر بێت کاتێک دۆخی سیاسی و سەقامگیریی عێراق تێک دەچێت، یان عێراق دەبێتە سەرچاوەی مەترسی بۆ وڵاتانی کەنداو، کە پارسەنگی سەرەکیی بازاڕی وزەن لە جیهاندا و دۆستی نزیکی ئەمریکاشن.

پاڵپشتیکردنی سوودانی وەک ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی

ئەمریکا دەزانێت کە هیچ دەرفەتێک نییە بۆ دوورخستەنەوەی شیعەکانی عێراق لە دەسەڵات، نە بە میکانیزمی هێز و نە بە میکانیزمی هەڵبژاردن و دیموکراسی ئەمە ڕوو نادات؛ بۆیە ئەمریکا بۆ هێزێکی شیعە دەگەڕێت کە بتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم شیعەکانی نزیک لە ئێران. “موقتەدا سەدر” دەکرا ئەو کەسە بێت، بەڵام ئەمریکییەکان پێ ناچێت بە هیچ جۆرێک وەک کەسێک بینینن کە بتوانن کاری لەگەڵ بکەن. بۆیە لە ڕوانگەی ئەمریکاوه‌ سەدر ئامراز و تاکتیکە نەک ئامانج و ستراتیژ؛ جارجار کە له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بێهیوا دەبن، پرسی زەقکردنەوەی موقتەدا دەخه‌نەوە ڕۆژەڤه‌وه‌. هەرچەندە ئێستا موقتەدا لە دەرەوەی دەسەڵاتە، پێ دەچێت خۆیشی نەیەوێت ئەو یارییە بکات، چونکە ئەمە لەگەڵ بەها سیاسی و مەزهەبییەکانی موقتەدا ناگونجێت کە پرۆفایلێکی دوورودرێژی هەیە لە دژایەتیکردنی ئەمریکا.

ماوەی جه‌نگی دوازدە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران و کەوتنی سووریا، تاقیکردنەوەیەکی باش بوو بۆ حکوومەتەکەی سوودانی کە توانیی عێراق لە چوونەناو ئەو جه‌نگه‌وە بپارێزیت؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو ڕێگرییش لە میلیشیاکان بكات بۆ ئەوەی عێراق بخزێننە ناو جه‌نگه‌كه‌وه‌. هەڵبەتە دەستکەوتی ئەمە هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ سوودانی، بەڵام سوودانی توانیویەتی بیکاتە هی خۆی؛ لەو ماوەیەدا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئەمریکییەکان.

هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە سوودانی دەکرێت هاوبەشێکی چاوەڕواننەکراوی ئەمریکییەکان بێت لە ئێستا و دوای هەڵبژاردنەکانیشدا. نەک هەر ئەوە بەڵکوو سوودانی و حکوومەتەکەی، ئامادەییی خۆیان نیشان داوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دارایی و سیاسیی میلیشیاکان وشک بکه‌ن. بۆ ئەمەیش چەند هەوڵێکی دیاری هەبووە، لەوانە دەوترێت سوودانی بەرپرسانی ئەمریکای دڵنیا کردووەتەوە لە پاراستنی بێلایەنی؛ دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٥ی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ڕێگریی لە هەوڵەکانی میلیشیاکان کرد بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دۆستەکانی ئەمریکا. سوودانی توانیی ڕێگری لە میلیشیاکان بکات کە خاک و ئاسمانی عێراقی بەکار بهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و، گوشاری خستە سەر فەرماندەکانی میلیشیاکان بۆ ئەوەی عێراق لە جه‌نگی ناوچەیی دوور بخه‌نه‌وە، بەتایبەت لە کاتی کەوتنی ڕژێمی ئەسەد.

هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی ئابووریی میلیشیاکان

سوودانی بۆ ئەوەی بلیتی دووبارە سەرۆکایەتی وەربگرێتەوە، پێویستیی زۆری بە هاوکاریی ئەمریکا دەبێت، هەڵبەت زیاتریش بە هاوکاریی ئێرانییەکان؛ بەڵام سوودانی باش دەزانێت لایەنەکانی تری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، بۆ ئێران گرنگترن لە سوودانی، ئەمە جگە لەوەی ناڕەزایەتییه‌کی زۆر هەیە لەلایەن مالیکی و بەشێکی تری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییشه‌وه‌ کە ڕێگر بن لەوەی سوودانی ببێتەوە سەرۆكوەزیران. بۆیە سوودانی لە دوای ڕووخانی سووریا هەوڵی زۆری داوە لە ئەمریکا نزیک بێتەوە. بۆ ئەمەیش لۆبیی زۆری کردووە بۆ ئەوەی جێگه‌ی خۆی لەناو ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکاتەوە و پاڵپشتیی ئەمریکا بەدەست بهێنێت. بۆ بەدستهێنانی ئەم پاڵپشتییەیش حکوومەتی سوودانی لەوە تێ بگات کە گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت، کە ئەمریکییەکان کاری لەسەر دەکەن، پێویستیی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە دارایییە فراوانە هەیە کە دەسەڵاتی میلیشیاکان هاوتەریب دەکات لەگەڵ دەوڵەت. ئەگەر سه‌رنج بدەین، سوودانی لە چەندان وێستگەدا بەبێدەنگی ئەو هەنگاوەی ناوە؛ ئەگەرچی هەنگاوەکان زۆر جار لەژێر گوشاری ئەمریکا و بەهاوکاریی تەکنیکیی ئەمریکا بووە، کە دەتوانین لە چەند پرسێکدا تێبینی بکەین:

بەئامانگرتنی تۆڕە دارایییەکان: دواخستنی مووچەی میلیشیاکان، هەروەها چاودێریکردنی کەناڵەکانی پارەدان و دیسپلینکردنی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بە حکوومەتەوە.

بەناوەندکردنی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان: ناساندنی سیستەمی چاودێریی ئەلیکترۆنی (بەهاوکاریی تەکنیکیی ئەمریکا و نێودەوڵەتی دابین کراوە) و به‌ناوەندکردنی دەروازە سنوورییەکان لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی وەزارەتی دارایی بۆ سنووردارکردنی توانای داراییی میلیشیاکان.

خێراکردنی ڕێککەوتنەکانی وزە: بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە ئێران، وەک ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ دووهێندەکردنی هاوردەکردنی کارەبا لە ئوردنەوە.

ڕێکكەوتن و هێنانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان: یەکێکی تر لە هەنگاوەکانی سوودانی بۆ ڕازیکردنی دڵی دۆناڵد تره‌مپ، هەوڵدانی سوودانی بووە بۆ سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی بەشێک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەشداریپێکردنیان، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە، ژێرخانی و تەکنەلۆژیا – وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ دەستەبەرکردنی پشتگیریی سیاسیی واشنتۆن، بەتایبەتی لەژێر سیاسەتی “سەفەقاتی” و بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ. سوودانی لەوە تێ گەیشتووە کە ترەمپ گرێبەستە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا لە پێشینەی کارەکانی داناوە. بۆیە بەغدا هەوڵی دا خۆی وەک شەریکێکی ئابووری و بازرگانی جێگیر بکات نەک بارگرانییەکی پاسیڤی ئەمنی.

لە سەردەمی سوودانی، عێراق چالاکانە دەستی کرد بە پەیوەندیکردن بە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکی وەک: ئێکسۆن مۆبیل، جەنەڕاڵ ئێلیکتریک، هانیوێڵ و هالیبێرتۆن. زۆر جار کۆبوونەوەکان لە واشنتۆن نەک تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە بەڵکوو وەک یەکخستنی ستراتیژی لە چوارچێوەیەکدا داڕێژرابوون کە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی گرێبەستێک کە پشتبەستنی عێراقی بە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران کەم بکاتەوە؛ ئەمەیش ڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت سیاسەت و هەڵمەتی زۆرترین گوشاری ترەمپ دژی تاران. هەروەها عێراق دەستی کرد بە دیجیتاڵکردنی گومرگی، مۆدێرنکردنی بەندەرەکان، پڕۆژەکانی LNG و بۆڕی و، چاکسازیی ڕێکخراوەیی لە پێناو ئاسانکاریی گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا.

ئەم هەنگاوانە تەنیا ئابووری نەبوون- ئاماژەیەکی سیاسی بوون. سوودانی بە بەستنەوەی داهاتووی عێراق بە سەرمایە و کاریگەریی ئەمریکاوە، دەیەوێت خواستەکانی ئیدارەی تره‌مپ جێبەجێ بکات؛ تا ئەو ئاستەی هەندێک سیاسیی عێراقی نێردەی نوێی ئەمریکا “مارک ساڤایا” وەک دۆستی سوودانی سەیر دەکەن.

ئەمریکا و سوودانی؛ هەماهەنگی بەبێدەنگی!

سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا ئەوەیە کە بەهێمنی پشتگیری لە سوودانی بکات بۆ گەڕاندنەوەی باڵادەستیی دەوڵەت (سەروەری) بەسەر کایەی سیاسی و ئەمنیدا. لە هەردوو پەیوەندییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “مارکۆ ڕۆبیۆ”، جەخت لەسەر ئەو پرسە کراوەتەوە. بۆیە دەکرێت بڵێین ئەمریکا ئەمە بە چەند ڕێگه‌یەکەوە لەگەڵ حکوومەتی سوودانی دەکات:

یارمەتی و ڕاهێنانی تەکنیکی: پێشکەشکردنی پاڵپشتی لە ڕێگەی هاوکاریی تەکنیکی و ڕاهێنانی ئەمنی بۆ یەکەکانی دەستەبژێری وەک: خزمەتگوزاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (CTS).

هەماهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنەران: کارکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی کەنداو، بۆ ئەوەی ئابووری و بازرگانیی عێراق لە گرێدراوی به‌ ئابووریی ئێرانه‌وه‌ ڕزگاری بێت. سوودانی توانیویەتی بە سیاسەتێکی بێدەنگ، کار لەگەڵ ئەمریکا بکات؛ ئەمریکاش بەبێدەنگی تا ئێستا لەسەر ئەو هاوکارییە بەردەوامە. ئەمە دەکرێت بنەمایەک بێت بۆ هەماهەنگییەکی پتەوتر ئەگەر سوودانی بتوانێت لەو خولەیشدا پۆستی سەرۆکوه‌زیران بەدەست بهێنێتەوە.

ئەم سیاسەتە وای کردووە ئێران بە چاوی گومانەوە لە پەیوەندیی ئەمریکا و سوودانی بڕوانێت. سەردانە لەناکاوەکەی “ئیسماعیل قائانی” لە کۆتاییی ئەم مانگەدا (ئۆکتۆبەر) بۆ بەغدا، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ورد بەڵام مانادار لە ستراتیژیی ناوچەییی ئێران. ئێران لەجیاتی هەڕەشەوگوڕەشەی ئاشکرا لە ئەمریکا، ئێستا بە دیپلۆماسییەتێکی وریا، کار لەگەڵ عێراق دەکات. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی دووبارە جەختکردنەوە لەسەر کاریگەریی سیاسی و هاوبەشییە ناوخۆیییەکانی ئێرانە لە عێراق. سەردانی قائانی بۆ عێراق جەخت لەسەر خواستی تاران دەکاتەوە بۆ سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی عێراق و خۆپاراستن لە گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. هەرچەندە وردەکاریی کەم هەیە لەسەر کۆبوونەوەکانی قائانی لە بەغدا، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە هەر یەکە لە “مالیکی”، “عامری”، “حەکیم” و “هومام حەموودی”ی بینیوە. سەردانەکە ئامادەییی ئێران نیشان دەدات بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە حساباتی ناوچەییی خۆی؛ دەستگرتن بە عێراقه‌وه‌ کە دەسەڵات لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان نەچێتە دەرەوە و ئەو بەرەیە درزی تێ نەکەوێت.

پێگەی هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا

هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی ئەمریکاوه‌ وەک فاکتەری هاوسەنگیی ناوخۆی عێراق سەیر دەکرێت؛ لە هەمان کاتیشدا وەک دۆستی ئەمریکا، کە دەبێت لە چوارچێوەی عێراقدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت. لە دوای هەڵبژاردنیش ئەمریکا فاکتەری کورد بۆ دروستکردنی ئەو هاوسەنگییە، بەگرنگ دەبینێت. تا ئاستێک دوور نییە داوا لە هەرێمی کوردستان بکرێت کە لەو بەرەیە بێت کە ئەمریکا دەیەوێت لە دوای هەڵبژاردن پشتگیرییان بکات بۆ لاوازکردنی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی. ئەو بەرەیە ئەگەرچی لە ئێستادا ڕوون نییە کێن، بەڵام دەکرێت سوودانی و کورد و بەشێک لە سوننەکان بن.

دۆستە نزیکەکانی ئێران لە عێراق، کورد وەک بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبینن لە عێراقدا. هەرچەندە توانیویانە کورد بکەن بە دوو بەشەوە، بەڵام تا ئێستایش وای دەبینن کە لۆبیی کورد لە واشنتۆن بەشێک بوون لە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکان. هەروەها ڕۆڵی ناوەندگیریی ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، وەک گوشارێک دەبینن بۆ ڕێگرتن لە بەغدا بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان. لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش، کورد وەک بەربەست دەبینن و ترسی ئەوەیان هەیە کە کورد ئەگەر لە بەشە عەرەبییەکانی عێراقیش بکشێنەوە، ئەوا دواجار لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ دەبن بۆ چاودێریکردنی عێراق و گوشارخستنە سەر دۆستەکانی ئێران لە عێراق. هەرچەندە ئەمریکا سیاسەتێکی تایبەتی نییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو تا ئێستایش هەرێم وەک بەشێک لە سیاسەتیان بەرامبەر عێراق دەبینن؛ بەڵام ئەمە مەرج نییە هەروا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەوەستێتە سەر ئەوەی عێراق تا چ ئاستێک بەربەست دەبێت لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

کۆتایی

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ڕۆڵی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا، ڕۆڵی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو ڕۆڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە پێناو ئەو ڕوانگەیەی، کە ئەمریکا دەیەوێت عێراق لەدەست هەژموونی ئێران و پڕۆکسییەکانی ڕزگار بکات. ئەمریکا بەبێدەنگی پشتیوانی لە هەوڵەکانی سوودانی دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و لاوازکردنی تۆڕە دارایییەکانی میلیشیاکان و بەشداریی عێراق لە بازاڕی وزەی جیهاندا. ئەمریکا ئاسانکاری بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی هەڵبژاردن دەکات کە هێزە ناسیۆنالیسته‌كان، چاکسازیخوازەکان، مەدەنییەکان و، پێکهاتە سەرەکییەکان، دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان لایەنە سەرەکییەکانی عێراقدا بنیات بنێنەوە و، گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە بەلاڕێدابردنی سیاسەتی ناوچه‌یی و نێودەوڵەتیی عێراق دوور بخەنەوە، وەک بەشێک لەو هاوکێشە سیاسییەی دوای لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکەدا هاتۆتە کایەوە. هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەر، دەرەنجامەکانی ئەو هەوڵەی ئەمریکا دیاری دەکات کە ئایا عێراق دەتوانێت بەشێک بێت لەو هاوکێشە هەرێمییە نوێیە، یان هەروەک سەنگەری بریکارەکانی ئێران دەمێنێتەوە بۆ دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل.

سەرچاوەکان:




گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر کابینەی سوودانی: بەئامانجگرتنی میلیشیاکان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، جه‌نگی ئیسرائیل و ئێران و لێدانی ئەمریکا لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، باوەڕێک لای ئەمریکا دروست بووە، کە ئێران لە ڕێگه‌ی هێزەوە نەبێت، زەفەری پێ نابردرێت. وردتر بڵێین، سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران کە پەیوەست بووە بە “سیاسەتی ئه‌وپه‌ڕی گوشار” و “چاوترساندن” و لە هەمان کاتدا “گفتوگۆ لە ڕێگه‌ی هێزەوە”، بەرهەمی خۆی هەبووە؛ بە جۆرێک توانیویەتی ئێران بخاتە ناو چوارچێوەیەکی تەسکه‌وه‌ و لەقاڵبی بدات. ئەمریکا و ئیسرائیل باش دەزانن کە یەکێک لە چەکە هەرە کاریگەرەکانی ئێران، میلیشیا و پڕۆکسییەکانن کە لە وڵاتانی وەک لوبنان و یەمەن و عێراق ئێستایش ئەکتیڤن و دەتوانن کێشە دروست بکەن، بۆیە دەیانەوێت ڕێگری لەو میلیشیایانە بکەن کە بتوانن خۆیان کۆ بکه‌نەوە و، یان چەک و ئابووریی دەوڵەت بۆ سوودی خۆیان بەکار بهێنن.

سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، بەشێکە لە سیاسەتی پەلوپۆکردنی ئێران کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەرفەتی دەزانن ئەو کارتەی دەستی ئێرانن بسووتێنن. ئەوەی بۆتە ڕوخساری ئەو پرسە لە عێراقدا، ئێستا حکوومەتەکەی سوودانییە، کە بەرگەی ناڕەزایه‌تیی ئەمریکا ناگرێت و لە هەمان کاتیشدا ناتوانێت دژایەتیی بڕیاری “چوارچێوەی هەماهەنگی” بکات، کە ستوونێکی سەرەکیی حکوومەتەکەیەتی.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ڕوانگەی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر میلیشیاکان و، هەروەها مامەڵەکردنی حکوومەتەکەی سوودانی لەگەڵ ئەم کێشەیەدا دیاری بکەین، بە ڕەچاوکردنی لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق و میلیشیاکان

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەگشتی پەیوەستە بە دوورکەوتنەوە لە جه‌نگە سەربازییە درێژخایەنەکان کە لە ململانێی نێوان دەوڵەتان و ناسەقامگیریی ناوچەیییەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمریکا دەیەوێت بناغەیەک هەبێت بۆ سیستەمی دەوڵەت-سەنتەری بۆ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ واتە مامەڵە لەگەڵ کیانی دەوڵەتی بکەن کە بە توانا و ئیرادەی خۆیان دەتوانن سەقامگیریی خۆیان بپارێزن، نەک بوونی دەوڵەتی شکستخواردوو و لاواز لە ناوچەکە. ئەمریکا وای دەبینێت کە پشتیوانیی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گرووپە نادەوڵەتییەکان، لەوانە میلیشیاکان لە عێراق و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، سیستەمی دەوڵەتیی ناوچەیی تێک دەدات. لە ڕوانگەی ئەمریکاوه‌ لاوازبوونی پێگەی ستراتیژیی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ و سەرەتای ٢٠٢٥، دەرفەتێکی بەرچاوی بۆ ئاستی سەقامگیریی ناوچەکە ڕەخساندووە.

سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر عێراق، ئەوەیە کە بەغدا کێشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دروست نەکات، کە دەتوانین ناوی بنێین سیاسەتی بێ کێشە (No problem policy). تەوەرێکی سەرەکیی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەستە بە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. ئەمریکا نایەوێت عێراق بە هیچ جۆرێک هاوکار بێت بۆ چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە. ئەمریکا ئێستا سیاسەتی ئه‌وپه‌ڕی گوشار و دیپلۆماسییەتی هێز و گفتوگۆ لە یەک کاتدا لەگەڵ ئێران پەیڕەو دەکات. خاڵی دووەم ئەوەیە کە عێراق بەردەوام بێت لە فرۆشتنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە هاوسەنگی بمێنێتەوە. تەوەری سێیەمی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق بریتییە لە لاوازکردن یان پەلوپۆکردنی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران- ئەوانەی لەم چەند ساڵەدا بەشێک بوون لە ئەجێندای سیاسیی ئێران لە ناوچەکە؛ چ دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت، یان دژی وڵاتانی ناوچەکە.

ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لە عێراق، بەشێکە لە سیاسەتی ئەمریکا دژی ئێران؛ بۆیە دەکرێت بڵێین سیاسەتی ئەمریکا بۆ عێراق، بەشێکە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری سیاسەتی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکە. کەچی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە نفووزی زیاتر بە ئێران ببەخشن لە ڕێگه‌ی دروستکردنی سوپایەکی سەربەخۆ بە ناوی “حەشدی شەعبی”، کە بەپێی یاساکە بۆی هەیە بەشداری لە جەنگەکانی دەرەوەی عێراقیش بکات. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە لە ئاراستەکردنی عێراق و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی ئێران و چەند گرووپێکی چەکدار کە لە بنەڕەتدا وابەستەی سەرۆکی حکوومەت و عێراق نین. بەشێکی زۆری میلیشیاکان، ئیمام گەورەیان ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، نەک محه‌مەد شیاع سوودانی. بوونی سوپایەکی لەو جۆرە، پێچەوانەی دەستووری عێراق و ئەو رێکكەوتنە ستراتیژییەشە (Strategic Framework Agreement) کە ئەمریکییەکان لەگەڵ عێراقدا هەیانە. ئەمە بەتەواوی دژی ڕوانگەی ستراتیژیی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا زۆر ئەستەمە ڕێگه‌ بە تێپەڕبوونی پڕۆژەیاسایەکی لەو جۆرە بدات، کە سوپایەکی هاوشێوەی سوپای قودس لە عێراقدا دروست بکرێت.

ئامانج لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی چییە؟

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە ئەو یاسایەی حەشدی شەعبی کە پەرلەمان، بەتایبەتیش ئیتاری تەنسیقی (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) دەیەوێت پەسەندی بکات، حەشد وەک ڕێکخراوێکی سەربازیی سەربەخۆ، دەکات بە دامەزراوەیەکی فەرمی کە جیاوازە لە دەزگه‌ سەربازی و ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی عێراق، لەوانەیش: سەربەخۆییی دارایی و فەرمانی سەربازی. سەرۆکی حەشد وەک وەزیرێک دەبێت و، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەبێت؛ هاوشێوەی وەزارەتێکی تری بەرگری، نەک وەک بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق. ڕاستە سەرۆکی حەشد لەژێر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتە- کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی هێزە چەکدارەکانیشە- بەڵام ئێمە دەزانین پێشتریش حەشد فەرمانی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرنەدەگرت.

بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە حەشد ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاوی دەبێت و سوپایەکی سەربەخۆ دەبێت؛ ئەمەیش وایان لێ دەکات پابەند نەبن بە ڕێنمایییەکانی حکوومەت، وەک لە هێرشەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت. هەروەها یاساکە بوارێکی دامەزراوەیی بۆ حەشدی شەعبی دابین دەکات کە بەش و ئەکادیمیای سەربازیی تایبەت بە خۆی هەبێت. یاساکە ئەرکی حەشد ڕوون دەکاتەوە کە بریتییە لە “پاراستنی ڕژێم” و “بەرگریکردن لە وڵات، پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەییی خاکی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.

 لە ڕاستیدا حەشد یاسا کۆنەکەی ٢٠١٦یشی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام ئێستا وەک بەشێک لە ڕەخنەگرانیش دەڵێن، وا دەکات ڕێکخراوەکە هاوشێوەی دامەزراوەیەک- هاوتا بە دەوڵەت- چاودێریی پرۆسەی سیاسی و سیسته‌می حوکم  بکات و بڕیار لەسەر یار و نەیاری سیاسی بدات. وەک پاسەوانێک بۆ پاراستنی ڕژێم، هەڵبەتە بە پێوەری تایبەتی خۆیان.

 یەکێک لە ئامانجەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە دروستکردنی باڵێکی سەربازی لەناو دەوڵەتدا، پاراستنی خۆیانە؛ بەتایبەت دوای ئەو دۆخەی دروست بووە، هەست دەکەن دەکرێت ئەوانیش بەرژەوەندییان بکەوێتە مەترسییەوە، بەتایبەت کە هەست دەکریت لە ئاستی جەماوەرییشدا پێگەی سیاسییان لە لێژیدایە. خۆیشیان ئەوه‌ندە متمانەیان بە دامەزراوەکانی دەوڵه‌ت نییە، بەتایبەت کە ئێستا پێگەی سوودانی و چەند لایەنێکی تری سەربەخۆش لە هەڵکشاندایە؛ ئەمە جگە لەوەی سەدر وەک نەیارێک هەمیشە لە بۆسەدایە ئەم لاوازییەی ئەو هێزانە بقۆزێتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی هەستی بەوە کردووە کە لەوانەیە ئێران وەک پێشان نەتوانێت بەرگرییان لێ بکات- ئەو کاتەی کە ڕێگر بوو لە هاوپەیمانیی کورد و سوننە و سەدر لە ساڵی ٢٠٢٠.  

ئەم یاسایە تا ئێستا ڕووبەڕووی ناڕەزایه‌تیی ئەمریکا و نوخبەی سیاسیی سوننە و کورد بۆتەوە. بێجگە لەوە، بەشێکیش لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ دەرچوونی ئەو یاسایە نین لە ئێستا، ئەگینا خۆیان توانای ئەوەیان هەیە یاساکە تێ پەڕێنن؛ بەڵام بەمەبەست دواجار کە ویستیان دەنگی لەسەر بدەن، ١٦٤ ئەندام پەرلەمان ئامادە نەبوون.

هەرچەندە کاری ئەنجومەنی نوێنەران، دانان و دەرکردنی یاسایە و دەستوور دەسەڵاتی داوەتە ئەنجومەنی نوێنەران کە یاسا فیدراڵییەکان دەربکات، بەڵام نابێت یاساکان پێچەوانەی حوکمەکانی دەستوور بن. لە ماددەی (٩)ی دەستوور، پرسی هێزە چەکدارەکان بەوردی هاتووە و بە دەق نووسراوە. لە خاڵی (ب)ی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٩) هاتووە “پێکهێنانی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغەیە.” بۆیە هەر هێزێک لە دەرەوەی هێزە چەکدارەکانی وەزارەتی بەرگری، گومان هەڵدەگرێت. ئێستا حشد لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤، %15,6ی بوودجەی سێکتەری ئەمنی دەبەن کە دەکاتە 4,55 ترلیۆن دینار. بەراورد بە بوودجەی ساڵی 2021 کە ژمارەیان تەنیا ١٢٢ هەزار چاکدار بووە، لە ساڵی 2024 ئەم ژمارەیه‌ بەرز بۆتەوە بۆ 238000 چەکدار.

بۆچی لەم کاتەدا ئەمریکا گوشار لە سوودانی دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان؟

گوشاری ئەمریکا بۆ سەر کابینەی سوودانی، لەوانەیە زۆر پەیوەندیی بە دۆخی ئێستای ناسکی عێراقەوە نەبێت کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندایە، بەڵکوو زیاتر پەیوەندیی بە ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت بەهێزترین چەکی دەستی ئێران وشک بکەن، کە میلیشیاکانن، چونکە بوونی ئەم میلیشیایانە سەرچاوەیەکه‌ بۆ لاوازکردنی وڵاتانی وەک عێراق و یەمەن و لوبنان. ئەگەر ئێران ئەمەی نەمێنێت، کاریگەریی سیاسی و ئایدیۆلۆژییشی لەو وڵاتانە لاواز دەبێت.

وەک دەزانین ئەمریکا دژی تێکەڵکردنی حەشد نییە لەگەڵ سوپای عێراق؛ بەپێچەوانەوە دەیەوێت ئەو هێزانەی دەرەوەی دەوڵەت، تێکەڵی سیسته‌می بەرگری و سەربازیی عێراق ببنەوە، بەڵام نەک بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی خۆیان وەک دەزگه‌یەکی جیا شان بە شانی وەزارەتی بەرگری، یان بوونی سوپایەک لەناو سوپایەکی تردا. ئەمریکا پێشتر هەرگیز ئەوەنده‌ ڕژد نەبووە لەسەر پرسی حەشد. ئێستا وەزیرەی دەرەوە “مارکۆ ڕۆبیۆ” بەتایبەت کار لەسەر ئەم پرسە دەکات و، ڕاشكاوانه‌ پەیامی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە کە ئەوان ڕێگه‌ نادەن حەشد پڕۆژه‌یاساكه‌ بەو شێوەیەی کە مەبەستیانه‌، تێ پەڕێنن. هەڵبەتە مەبەستی ئەمریکا ئەوە نییە شێوازی یاساکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بەڵکوو لە بنەڕەتدا دژەی ئەو بیرۆکەیە کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەوڵەت و بوونی سوپایەکی زەبەلاحی هاوتا بە سوپای عێراق.

ڕاستە ئەمە بۆ سوودانی کاتێکی باش نییە، چونکە سوودانی لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندایە، به‌ڵام بەشێکی زۆری دەنگدەرانی شیعە لەگەڵ ئەوە نین کە حەشد هەڵبوەشیتەوە بەو شێوەی ئەمریکا دەیەوێت. سوودانی دەیەوێت لە ئێستادا خۆی لە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە بەدوور بگرێت، بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانیش نایانەوێت لە ئێستادا ئەو سەرکێشییە بکەن، بەڵام بە دەرفەتێکیشی دەبینن بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسیی سوودانی لە هەڵبژاردنەکان. سوودانی دەیەوێت دەستیدەستی بە یاساکە بکات و میتۆدی گرتنی دارەکە لە ناوەڕاست پەیڕەو بکات، بەڵام ئەمریکا بەوە ڕازی نییە و دەیەوێت ئەو پرسە کۆتاییی پێ بهێنێت.  

ئیدارەی ترەمپ، جیا لە ئیدارەکانی تر ڕوونتر و ڕەقتر قسە لەگەڵ عێراق دەکات؛ ئەوان دەیانەوێت عێراق خۆی یەکلا بکاتەوە و واز لە کارکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران بهێنێت. نوخبەی سیاسیی شیعەیش لەوە تێ گەیشتوون کە سەرکێشیکردن لەگەڵ ئەو ئیدارەیه‌ لەوانەیە دەرەنجامی خراپی لەسەر عێراق هەبێت. عێراق بەتایبەت لە دوو شت دەترسێت: یەک، کردنەئامانجی هێزەکانی حەشد لەلایەن ئیسرائیله‌وه‌، دووەمیش سەپاندنی سزای ئابووری و دارایی (بەتایبەتیش لە پرسی پێدانی دۆلار)  بەسەر عێراق. لە هەردو دۆخەکەدا عێراقی ئێستا بەرگەی ئەو مەترسییانە ناگرێت؛ بەتایبەت کە دەنگێک لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە، پێی وایە دەبێت سزا بەسەر فرۆشتنی نەوتی عێراق و “کۆمپانیای سۆمۆ”یش بسەپێنرێت چونکە هاوکاریی ڕۆیشتنی نەوتی ئێرانیان کردووە.

هێزەکانی حەشد زیاتر لە حەفتا گرووپ لەخۆ دەگرن؛ لەنێویاندا چەند گرووپێکی سەرەکی هەن کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست دەستنیشان کراون، دیارترینیان: بزووتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا، عەسائیب ئەهلی هەق و کەتائیبی حزبوڵڵا. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی عێراق پارەیان بۆ دابین دەکات، ئەم کوتلە چەکدارانەی حەشد، وابەستەی ئێرانن و بەوردی خۆیان بۆ دژایەتی و دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تەرخان کردووە. ئەمریکا له‌ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ٢٢ی تەممووز لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، لە ڕێگه‌ی وەزیری دەرەوە، بەڕوونی په‌یامی خۆی گه‌یاند و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە ڕەشنووسی یاسای حەشد “کاریگەریی ئێران و گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان بەدامەزراوەیی دەکات کە سەروەریی عێراق تێک دەدەن.”

بژاردەکانی ئەمریکا چین؟

ئەمریکا وەک وڵاتێکی زلهێز لە ناوچەکە، بەتایبەت کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر کاریگەریی لەسەر ئێران و پڕۆکسییەکانی هه‌یه‌، بژاردەی زۆری هەیە كه‌ دەتوانێت پەنایان بۆ ببات ئەگەر لەگەڵ عێراق گەیشتە بنبه‌ست. دەکرێت بژاردەکان لە چەند خاڵیکدا کۆ بکەینەوە:

یەکەم، ڕێگەدان بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی میلیشیا و سەرکردەکانی حەشد بکاتە ئامانج؛ بەتایبەت ئەوانەی خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمریکا. ئەمە هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە، بەتایبەت کە ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ ئەزموونی پێشتریان هەیە لە کردنەئامانجی سەرکردەکانی حەشد- لە ڕووی هەواڵگری و پێکانیشەوە دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.

دووەم، پەراوێزخستنی سوودانی و کابینەکەی و هاوکارینەکردنی و داوەتنەکردنی بۆ واشنتۆن. وەک دەزانین دەمێکە سوودانی دەیەوێت سەردانی واشنتۆن بکات بۆ ئەوەی وەک کەمپینێک بێت بۆ پاڵپشتیی ئەمریکا لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی سوودانی؛ بەڵام تا ئێستا ئەمریکا ئامادە نەبووە ئەو پێشوازییەی لێ بکات، چونکە سوودانی لەو پرسە هاوکاریی ئەمریکییەکانی نەکردووە. سوودانی دەیەوێت هەم ئەمریکا هەم لایەنە شیعەکانیش ڕازی بکات بۆ ئەوەی ئەو پرسە لە هەڵبژاردنەکان لێکەوتەی نەرێنیی لەسەر پێگەی سوودانی نەبێت. سوودانی لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر پێویستیی بە هاوکاریی ئەمریکایە و، دەیەوێت ئه‌م پاڵپشتییە وەک دەستکەوتێک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەکار بهێنێت.

سێیەم، سزادانی ئابووری و داراییی عێراق؛ بەتایبەت کە ئەمریکا دەسەڵاتی تەواوی هەیە بەسەر پێدانی دۆلاری کاش بە عێراق. بێجگە لەمەیش دەتوانێت چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەک بەهۆی کارکردن بۆ بەرژەوەندیی میلیشیا و هێزە تیرۆریستییەکان سزا بدات. ئەمە لە ڕاستیدا کاریگەریی خێرا و نەرێنیی زۆری لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت، تا ئاستی شلەژانی سیاسی و دارایی؛ تا ئاستی ڕووخانی حکوومەتەکەی سوودانی.  

چوارەم، پاڵپشتیکردن لە هەرێمی کوردستان و هێزە سوننییەکان و، هەروەها سەدرییەکانیش، بۆ ئەوەی لە دژی تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ڕاوەستن. بەتایبەت پێشاندانی پاڵپشتی لە سەدرییەکان (کە ئێستا لە دەرەوەی حکوومەت و پەرلەمانن) ترسی زۆر دەخاتە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و کابینەکەی سوودانی؛ بەتایبەت ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن ئەو سێ هێزەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو هەوڵە وەک گۆڕینی پرۆسەی سیاسی و ئاراستەکردنی عێراق بۆ بەرەی سوننە دەبینێت.

پێنجەم، دەکرێت ئەو پێشنیارە بێت کە دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لە کابینەی یەکەمی ترەمپ، پێشنیاری کردووە بۆ گوشارخستنە سەر کابینەی سوودانی، ئەگەر ئەو یاسایە تێ پەڕێنن. شینکەر پێشنیار دەکات کە دەکرێت “ئەمریکا بەفەرمی عێراق وەک سپۆنسەری دەوڵەت بۆ تیرۆر دەستنیشان بکات. هەرچەندە ئەمە بژاردەیەکی زۆر توندە و لەوانەیە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و عێراق زیاتر بخاتە باوەشی ئێرانەوە، بەڵام لەم نێوەندەدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەتوانێت کۆمپانیای گشتیی موهەندیس و لقوپۆپەکانی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە دەکەن دەستنیشان بکات و سزای ئابووری و دارایییان بەسەردا بسەپێنێت. یانیش ئەمریکا لێپرسینەوە لە هەر گرێبەستێکی دیکە بکات کە لەگەڵ میلیشیاکاندا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

لێکەوتە و کاریگەرییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق، بوونی دامەزراوەیەکی تری سەربازی لەناو دەوڵەتی عێراق، بێ گومان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌بێت، بەتایبەت ئەو لایەنانەی تا ئێستا پڕۆفایلێکی خراپیان هەیە لە دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تێکدانی سەقامگیریی هەرێم. بوونی حەشد وەک دامەزراوەیەکی تری سەربازی، وا دەکات ڕۆڵی دامەزراوەکانی تری دەوڵەت، وەک وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، ته‌نانه‌ت دامەزراوەکانی تریش لاواز بێت، کە کوردیش تێیدا پشکی خۆی هەیە و بەشێکە لەو دامەزراوانە. ئینجا بەشێکی زۆری پەیوەندی و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق لە ڕێگه‌ی ئەو دامەزراوانەوەیه‌؛ ئەگەر دامەزراوەکان لە عێراق بێهێز بن و وابەستەی هەرێمییان هەبێت، ئەوە شێوازی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدایش ئەستەم دەبێت. هەوڵێکی لەو جۆرە سەرەتای قۆناغیكی مەترسیدارە بۆ عێراق، کە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بڕیاری سیاسی و سەربازیی عێراق بکات و، هەر کات ویستی دژی وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاری بهێنێت؛ تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە عێراق بەتەواوی بخاتە ناو چوارچێوەی بەرەی مقاوەمە. ئەمە وا دەکات ئەمریکا پێداچوونەوەی تەواو به‌ پەیوەندی و هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی لەگەڵ عێراقدا بکات. کەمکردنەوەی هاوکاریی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە پڕۆژەیاسای کۆنگرێس لە ١٨٩ ملیۆن دۆلاره‌وه‌ بۆ ٤٨ ملیۆن بۆ ساڵی ٢٠٢٦، دەکرێت سەرەتای ئەم هەنگاوە بێت؛ کە بەدوایدا “بوودجەی هاوکاریی پێشمەرگە”یش خراوەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. ئەمە بێ گومان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بەتایبەت کە عێراق ئەستەمە بەشی هەرێمی کوردستان بدات. ئەمە بێجگە لەوەی، دوور نییە دامەزراوەی حەشد بە حوکمی پێگەی سیاسی و سەربازی و پاڵپشتیی هەرێمی، دواجار ببێتە دەمڕاستی دەوڵەتی عێراق و، ڕێگر بێت لە ڕێکكەوتن و هەماهەنگییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق.

یەکێک لەو پرسانەی کە حەشد بەئاشکرا دژایەتیی دەکات، بوونی هیزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بێ شك تا دەسەڵاتی حەشد زیاتر بێت، پێگەی ئەمریکییەکان لاوازتر دەبێت؛ ئەمەیش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە. لە ڕاستیدا بوونی هێزێکی سەربازی بەو شێوەیەی لە پڕۆژەیاساکە داوا کراوە، زیاتر لە خزمەتی گرووپێکی سیاسیدایە- ئەوەی ئێستا لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانه‌. ئەم هاوپەیمانییە دەیەوێت لە ڕێگه‌ی ئەو دامەزراوەیەوه‌ کاریگەریی سیاسی و سەربازی و داراییی خۆی بپارێزێت و بۆ دژی هەر هێزیکی تر بەکاری بهێنێت کە جیاواز یان دژ بێت لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو هێزانە.

خاڵێکی تر، وابەستەییی ئەو هێزەیە بە ئێران. بەشێکی زۆریان بەئاشکرا دەڵێن مەرجەعی مەزهەبی و سیاسیی ئێمە “ئایەتوڵڵا خامنەیی”یە. ئەمە وا دەکات ئەم هێزە پارێزەری بەرژەوەندیی ئێران بێت لە عێراق، نەک پرسی پێکەوەژیان و سیسته‌می فیدراڵی و هتد. ئەوەی ئەم پڕۆژەیاسایە داوای کردووە، حەشد ده‌كاته‌ هاوتای هێزێکی سەربازی و سیاسیی سەربەخۆ؛ وەک هێزێک کە ڕێگر بێت لە هەر گۆڕانکاری یان هەڵبەزودابەزی پێگەی هێزە سیاسییەکان لە عێراق- ئینجا ئەمە چ بە هۆکاری کاریگەریی جەماوەری بێت، یان دۆخی سیاسیی ناوچەییی نوێ بێتە کایەوە. ئەمەو چەندان هۆکاری تر وا دەکات بوونی ئەو هێزە، کاریگەری و لێکەوتەی زۆری لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێریش هەبێت.

سەرچاوەکان:

Associated Press. (2025, July 29). Iraq’s prime minister seeks closer US ties while keeping armed groups at bay. ABC News. <<https://abcnews.go.com/International/wireStory/iraqs-prime-minister-seeks-closer-us-ties-keeping-124161929 (ABC News)>>.

Al‑Istrabadi, F. (2025, July). Ex‑Ambassador: US views Iraq through Iran lens, warns of sanctions over PMF. Kurdistan24. <<https://www.kurdistan24.net/en/story/853978/ex-ambassador-us-views-iraq-through-iran-lens-warns-of-sanctions-over-pmf (Kurdistan 24)>>.

Al Jazeera Arabic. (2025, August 4). شركات نفط صينية مستقلة تتوغّل في سوق العراق [Independent Chinese oil firms expand in Iraq’s market]. Al Jazeera e‑Business. <<https://www.aljazeera.net/ebusiness/2025/8/4/independent-chinese-oil-iraq-market>>.

Bilal, W. (2024 Feb 1). Two Tough Scenarios for U.S.-Iraq Relations. Washington Institute. [Arabic policy‑analysis page]. <<https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/synarywhan-sban-lllaqat-alamrykyt-alraqyt (washingtoninstitute.org, FDD)>>.

Toomey, B. (2025, July 25). US expresses concern over Iraqi legislation enshrining militias as independent security force. FDD’s Long War Journal. <<https://www.longwarjournal.org/archives/2025/07/us-expresses-concern-over-iraqi-legislation-enshrining-militias-as-independent-security-force.php (FDD’s Long War Journal)>>.

Kurdistan24. (2025, August 6). Controversial PMF bill sparks US warnings, Iraqi rejection. Kurdistan24. <<https://www.kurdistan24.net/en/story/856188/controversial-pmf-bill-sparks-us-warnings-iraqi-rejection english.aawsat.com+6kurdistan24.net+6kurdistan24.net+6>>.

U.S. Department of State. (n.d.). Iraq: Issues in the 116th Congress [PDF]. <<https://2009-2017.state.gov/documents/organization/122076.pdf (congress.gov)>>.

Schenker, D. (2025, August 4). If Iraq passes the new PMF law, the U.S. response should be severe [Policy analysis]. The Washington Institute for Near East Policy. <<https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/if-iraq-passes-new-pmf-law-us-response-should-be-severe washingtoninstitute.org+6washingtoninstitute.org+6washingtoninstitute.org+6>>.

Zsuba, J. (2025, August 5) Senate defense spending bill would restrict US troop drawdown from Syria. Al-monitor. <https://www.al-monitor.com/originals/2025/08/senate-defense-spending-bill-would-restrict-us-troop-drawdown-syria>.




سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە سووریا: کاریگەری و لێکەوتەکان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

پێش ڕووخانی ئەسەد، سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا، بریتی بوو لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی داعش؛ وەکووتر له‌ ڕوانگه‌ی ئەمریکا‌وه‌، بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ، سووریا پێگەیەکی گرنگی نەبوو، تا ئەو کاتەی بەخێرایی ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و دەستەی تەحریر شام هاتنە سەر دەسەڵات. دوای ئەوە سیاسەتی ئەمریکا بریتی بوو لە چاودێریکردنی دۆخی سووریا، بەتایبەت ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ڕەفتاری ڕژێمی سووریای نوێ، کە ئایا ئیسلامیستێکی توندڕەو دەبێت، یان دەبێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی. بەڵام پاڵپشتیی تورکیا و وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعوودیا و قەتەڕ و ئیمارات لە “ئەحمەد شەرع”، تەواوی سیاسەتی ئەمریکای بەرامبەر سووریا و دەستەی تەحریر شام گۆڕی.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین شرۆڤەی سیاسەتی ئەمریکا بکەین، بەتایبەت لە ڕوانگەی نێردەی نوێی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک، بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی تورکیا و ئێران و وڵاتانی کەنداو؛ هەروەها پێگەی کورد لە سووریا لەو هاوکێشەیەدا.

  • سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا: ئیدارەدانی قۆناغی گواستنەوە

ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، ئەوەیە کە ڕۆڵی ئەمریکا لە سووریای دوای ڕژێمی ئەسەد، کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو بەپێی ڕوانگەیەکی واقعیتر کە هاوتەریبە لەگەڵ سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە، داڕێژراوەتەوە. دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی واشنتۆن، لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی ململانێکانەوە گۆڕاوە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە؛ لە پشتیوانیکردنی هێزە نادەوڵەتییەکانی وەک هەسەدە بۆ  هەماهەنگیی مەرجدار لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، واتا دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع. ئەمەیش دەتوانین لە سێ پرسی سەرەکیدا تێبینی بکەین:

یەکەم: هەڵگرتنی سزاکان. سزاکان وەک ئامرازێک بوون لەدەستی واشنتۆن، بۆ جڵەوکردنی ڕژێمی پێشوووی سووریا (ئەسەد). بەڵام لە کاتی سەردانی ترەمپ بۆ کەنداو (١٣ی ئایار ٢٠٢٥)، وەک دیارییەک لە پێناو ئەو گرێبەستە گەورانەی پێشکەشی کرا، پێشکەشی وڵاتانی کەنداوی کرد؛ هەروەک لە لووتکەی ڕیازدا دەرکەوت، کە تیایدا سەرۆک تره‌مپ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی بە نەخشەیەکی ڕوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسییەوە گرێ دا- لە پێش هەموویان سیاسەتی سووریای نوێ بەرامبەر بە ئیسرائیل و چارەنووسی “میلیشیا بیانییەکان”. دواتریش لە کۆتاییی حوزەیرانی هەمان ساڵ (٢٠٢٥)، بەشێکی زۆری سزاکانی هەڵگرت. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا دەیەوێت هاوکاریی سووریای نوێ بکات بۆ ئەوەی دروست بێتەوە.

دووەم: واشنتۆن تا ئێستا ڕێگر بووە کە ئیسرائیل گورزی کاریگەر لە دەسەڵاتی شەرع بدات؛ ئەمە سەرەڕای پابەندبوونی ئەمریکا بە مافی ئیسرائیل بۆ “بەرگریکردن لە خۆ”، ڕەتکردنەوەی “ناڕاستەوخۆ”ی دەربڕی بۆ فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە سەقامگیری سیاسیی سووریا نەکات. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی خواستی ئەمریکایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هاوپەیمانەکەی، نەک سەرپشکكردنی تەواوی ئیسرائیل.

سێیەم: وەک دەزانین ئەمریکا وەک هاوبەشێکی مەیدانی، ساڵانێکە پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەربڕیوە. بەڵام بە هۆکاری ڕێککەوتنی یەکگرتن لەگەڵ دیمەشق و، پاشان لە لووتکەی ڕیازدا، بە مەرجی ئەوەی کە حکوومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی زیندانەکانی داعش لە ئەستۆ بگرێت، هەندێک ئاماژەی گۆڕانکاریی ستراتیژی ڕوویان داوە. ئەمەیش دەکرێت گوزارشت بێت لە ئامادەکاری بۆ وازهێنانێکی وردە وردەی ئەمریکا لە هەسەدە وەک هاوبەشێکی سیاسی و گەڕان بەدوای پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیدا کە واشنتۆن هیواخوازە نەرمتر و ڕێکخراوتر بەڕێوە بچێت.

ئەم سێ وێستگەیە ڕۆڵێکی نوێی ئەمریکا لە سووریادا دەخەنە ڕوو: نە کشانەوەیەکی تەواو و نە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو هاوبەشییەکی ئەمنیی مەرجدارە کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ سەقامگیریی دیمەشقدا یەک دەگرنەوە. ئەم هاوکێشەیە هێشتا فراژووە (fragile)، چونکە سەرکەوتنی پەیوەستە بە توانای لایەنی سووریا بۆ هاوسەنگی لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی ڕۆژاوا بەبێ سازشکردن لەسەر ئەوەی پێی دەڵێن “سەروەریی  سووریا”. لەسەرێکی تریش، پەیوەستە بە توانای واشنتۆن بۆ سنووردارکردنی داواکارییەکانی لە ڕژێمی شەرع، بەبێ ئەوەی زۆری لەسەر بکەوێت؛ لە هەمان کاتدا هاندان و ئاسانکاری بۆ ڕژێمی نوێی سووریا کە تێکەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببێتەوە.

ڕاستییه‌كه‌ی، لە ڕوانگەی سەرۆک ترەمپ، ئەلشەرع ئامادەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل؛ ئەمە هەڵوێستێکی مێژوویییە بۆ هەر سەرکردەیەکی  سووریا کە پێشتر بەخەیاڵماندا نەدەهات. ئەم ڕوانگەیە کاریگەریی زۆری هەبووە  لەسەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا، سەرەڕای پەیوەندیی ڕابردووی بە ئەلقاعیدە. کۆشکی سپی ڕای گەیاند کە لە کۆبوونەوەی ڕیازدا، تره‌مپ داوای لە ئەلشەرع کردووە (لەگەڵ چەند داواکارییەکی دیکەی ئەمریکادا) بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی “ئەبراهام”ەوە بکات کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.

 بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەلشەرع بە ترەمپی گوتووه‌، حکوومەتی سووریا کێشەی نییە لەسەر مانەوەی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر بەرزایییەکانی جۆلان. دواتر دەزگه‌ی هەواڵی ئیسرائیلی i24 بڵاوی کردەوە، ئەلشەرع داوای لە ئیسرائیل کردووە یەک لەسەر سێی بەرزایییەکانی جۆلانی ڕادەست بکاتەوە، بەڵام مافی بەکرێدانی سێ بەشەکەی تر بدات بە ئیسرائیل بۆ ماوەی 25 ساڵ. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ داواکاریی سووریا بۆ خاکی جۆلان؛ هەنگاوێک کە متمانەی نێوان واشنتۆن و تەلئەڤیڤ زۆر بەهێزتر دەکات. هەروەها دووری و دژایەتیی شەرع بۆ ئێران و حزبوڵڵا و پڕۆکسییەکانی تر، فاکتەرێکی دیكه‌یه‌ کە وا دەکات ئەحمەد شەرع جێگه‌ی ڕەزامەندیی ترەمپ بێت.

فاکتەری تری ئابووری و داراییش هەن، بۆ نموونە خەمڵاندنەکانی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی  سووریا لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٤٠٠ ملیار دۆلاردایە، کە بڕەکەی زۆر زیاترە لە توانای هەر دەوڵەتێک کە بتوانێت بەتەنیا ئەمە بگڕیتە ئەستۆ.

  • ڕوانگەی نوێی ئەمریکا بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەمریکا ڕۆڵی ئاسانکاریی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات  لەگەڵ تورکیا و ڕژێمی نوێی سووریادا بینیوە. دەوترێت بەرپرسانی ئەمریکا هانی “مەزڵووم عەبدی”یان داوە بچێته‌ دیمەشق، بۆ دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنی مانگی ئازاری 2025 لەگەڵ ئەلشەرع؛ تەنانەت بەپێی زانیارییەکان عەبدی بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکا بۆ پایتەختی سووریا گوازراوەتەوە.

لە مانگی ئایاردا، تۆم باراک- کە دوو ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت: هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و، هه‌میش نێردەی تایبەتی بۆ سووریا- هەوڵی دا عەبدی دڵنیا بکاتەوە کە ئەمریکا هێشتا هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هاوپەیمان دەزانێت لە شەڕی دژی داعش و، هانی داوە لەژێر نێوەندگیریی ئەمریکادا بەردەوام بێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەنقەرە. تەنانەت باراک بە تەلەڤزیۆنی تورکیای وتووە کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەسەدە “فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ کۆنگرێسەکەمان”. باراک کار لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات لەگەڵ ڕژێمی شەرع؛ وەک خۆی دەڵێت: “زۆر زۆر گرنگە هەسەدە ئاراستە بکرێت بەرەو یەکگرتن لەگەڵ حکوومەتێکی نوێی سووریا.”

باڕاک دەیەوێت لە هەمان کاتدا هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کەم بکاتەوە. پلانەکە ئەوەیە ژمارەی بنکەکانی ئەمریکا لە  سووریا تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە هەشت بنکە بۆ یەک بنکە کەم بکرێتەوە؛ ئەمریکا پێشتر لانی کەم لە چوار بنکە کشاوەتەوە. دیارە هەسەدە بەم کەمکردنەوەیە دڵخۆش نییە؛ مەزڵووم عەبدی هۆشداریی دا لەوەی کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، دەبێتە ڕێگر لە بەردەم هەڵمەتی دژە-داعش. سەرەڕای ئەوەیش، عەبدی وتی: “دیاره‌ ئەمە پلانی سوپای ئەمریکایە؛ ئێمە ماوەیەکە لەبارەیەوە دەزانین…و، لەگەڵ سوپای ئەمریکا کار دەکەین بۆ پاراستنی گوشارەکان لەسەر داعش.” هەڵبەتە ئەمە پەیامێکە بۆ هەسەدە کە ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانیان لەگەڵ سوپای نوێی سووریا تێکەڵ ببنەوە. هەرچەندە دوور نییە بۆ ئەم مەبەستە داواکارییان لە سووریا هەبێت، بەڵام ئەو داواکارییە لە ڕاستیدا پێ ناچێت لە بەرژەوەندیی کورد بێت بەڵکوو داواکارییەکە لەوانەیە بۆ ئیسرائیل بێت؛ بەوەی، سووریا ڕەچاوی بەرژەوەندیی ئیسرائیل بکات، تا ئاستی ئەوەی دۆست بێت بۆ ئیسرائیل نەک نەیار. ئیسرائیلیش خەریکە بەو دەرەنجامە ڕازی بێت.

وەک دەزانین لە نێوان سووریا و ئیسرائیل بۆ جۆرێک لە هەماهەنگی لە باکۆی ئازەربایجان گفتوگۆ هەبووە؛ ئەمە ئەو داواکارییەیە کە ئەمریکاش لە سووریای دەوێت. بۆیە دوور نییە دواجار دۆستایەتیی ئەمریکا، هەسەدە بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل. هەرچەندە ئەو گرژییانەی لە مانگی حوزەیران لە نێوان سووریا و ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕووی دا، لەوانەیە ئەو هەماهەنگی و نیمچەلێکتێگەیشتنەی هەبوو کاڵ بکاتەوە، چونکە ئیسرائیل نایەوێت هیچ هێزێکی چەکدار لە باشووری سووریا و ناوچە درووزنیشنەکان هەبێت؛ بەڵام شەرع لەگەڵ ئەم داواکارییەی ئیسرائیلدا کێشەی هەیە. ئەمە دوور نییە سیاسەتی ئیسرائیل لە ئاشتبوونەوەی خێرا لەگەڵ سووریادا بگۆڕێت؛ هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ ئەوەی ناوێت!

بۆیە هەرچۆنێک بێت، دەکرێت ئەو گرژییە تازانە زەنگێک بێت بۆ دەسەڵاتی نوێی سووریا کە مساوەمەی زیاتر بکات بۆ کورد، بۆ گەیشتن بە فۆڕمێکی تری ڕێکكەوتن، کە دەکرێت جۆرێک لە لامەرکەزی بۆ کورد دەستەبەر بکات؛ بەڵام ئەمە دواجار دەبێتە داواکاریی درووزەکان و عەلەوییەکانیش. بۆیە هەوڵێکی لەو جۆرە ئەگەر هەیشبێت، لەوانەیە تەنیا بۆ کڕینی کات بێت تا وەکوو دەسەڵاتی شەرع دەکەوێتەوە سەرپێ؛ دواتر پابەند نابێت بە هیچ جۆرێک لەو ڕێکكەوتنانە. ئەمە بێجگە لەوەی کە هەر ڕێکكەوتنێکی نێوان شەرع و کورد، پێویستیی بە ڕەزامەندیی تورکیا دەبێت؛ تورکیاش ئەستەمە ڕێگه‌ بدات.

  • قۆناغێکی تری سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست

هێشتا وێنە گەورەکەی سیاسەتی ئەمریکا، کێبڕکێی ستراتیژییە لەگەڵ چین. ڕاستە ئەمریکا پشت ناکاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دەیەوێ کەمترین پابەندێتیی کرداریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت. هەر بۆیە کار بۆ نەزمێکی نوێی هەرێمایەتی (new regional order) دەکات کە ئەو ناوچەیە دۆستی ئەمریکا و ڕۆژاوا بێت. ستوونەکانی ئەم نەزمەیش ئیسرائیل و تورکیا و کەنداو دای دەڕێژن. سووریا خاڵی بەیەکگەیشتن و هاوکات بەرکەوتنی ئەم ستوونانەیشە لای وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا مەبەستیەتی سووریایەک هەبێت کە ناکۆک نەبێت بە بەرژەوەندییەکانی: تورکیا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو. لای ئەمریکا مەبەستە سووریا سەقامگیر ببێت و، ببێتە شوێنی لێکنزیککردنەوەی ئەم سێ لایەنە و بەرژەوەندییەکانیان.  

تۆم باراك بازرگانێكی ئەمریكییە و ھاوپەیمان و دۆستێكی نزیكی ترەمپە و لەسەر ڕاسپاردەی ترەمپیش لە 14ی ئایاری 2025 بووە باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا، کە لە هەمان کاتدا نێردراوی تایبەتی واشنتۆنیشە بۆ سووریا. باراك ئێستا ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان حكوومەتی دیمەشق و كورد دەگێڕێت بۆ ئەوەی لەسەر فۆرمێک لەگەڵ دیمەشق بگەنە ڕێككەوتن. ئەوەی جێگەی سەرنجە لێدوان و قسەكانی باراك زیاتر لە خزمەتی حكوومەتەكەی ئەلشەرع و توركیادایە؛ بەتایبەت كه‌ باراك لە دیدارێكدا باسی ئەوە دەكات كە سەردەمی فیدراڵیزم نەماوە و ئەو مودێلە شكستی ھێناوە. ھەروەھا باسی ئەوە دەكات كورد تەنیا یەك ڕێگەیان لەبەردەمدایە، ئەوەیش “ڕێگەی دیمەشق”ە. ئەمەیش وەك ئاماژەیەك بەوەی كە كورد جگە لە ڕێككەوتن لەگەڵ دیمەشق و ڕازیبوون بە مەرجەكانیان، ھیچ ڕێگەیەكی تریان لەبەردەمدا نییە. ھەروەھا تۆم باراك پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كه‌ دەبێت ڕێككەوتنەكەی 10ی ئاداری 2025ی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی جێبەجێ بكرێت. ئەمە پێ دەچێت بەشێک بێت لە ڕوانگەی ئێستای ئەمریکا بۆ  سووریا، کە بتوانێت هەرسێ هێزە هەرێمییەکەی دۆستی ئەمریکا (تورکیا-ئیسرائیل- وڵاتانی کەنداو) ڕازی بکات.

ڕوانگە و قسەكانی تۆم باراك، ھەمان بیرەوەرییەكانی “پۆل بریمەر”مان بیر دێنێتەوە، كاتێك لە سەرەتای ڕووخانی عێراق دەسەڵاتی كاتیی لە عێراق وەرگرت. بریمەر سەرەتا زۆر بەتوندی دژایەتیی سیسته‌می فیدراڵیی دەكرد و، ھەروەھا ھەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی “ھێزەكانی پێشمەرگە” ھەڵبوەشێنێتەوە. تەنانەت پۆل بریمەر باوەری بە “قەوارەی ھەرێمی كوردسان”یش نەبوو و، پێی وابوو دەبێت لە ھەموو عێراق یەك ھێز، یەك دەوڵەت و یەك دەسەڵات ھەبێت. بەڵام مکوڕیی سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەتیش “بارزانی” و “تاڵەبانی”، توانیی ڕای بڕیمەر بگۆڕێت؛ ئەگەر سەرنجی بیرەوەرییەکانی بڕیمەر بده‌یت، بەڕوونی باسی ئەم پرسە دەکات.

بۆیە ئەمە دەکرێت بۆ دۆخی ئێستای سووریاش ڕاست بێت. ڕاستە تۆم باراك نوێنەری ئەمریکایە، بەڵام بڕیارەکانی پەیوەستن بە واقعی ئێستای سووریا؛ بەتایبەت كه‌ هێشتا دەسەڵاتی نوێی سووریا نەکەوتۆتە سەرپێ. بۆیە کورد هێشتا دەرفەتی هەیە نەیه‌تە ژێرباری بڕیارەکانی تۆم باڕاک، بەتایبەت کە کورد لە سووریا سەربەخۆییی ناوێت، بەڵکوو دەسەڵاتێکی لامەرکەزیی ئیداریی دەوێت. ئەمەیش دەکرێت مایەی سەقامگیری بێت بۆ  سووریا نەک بەپێچەوانەوە. ئەمە جگە لەوەی کورد لە کۆنگرێس دۆستی زۆری هەیە؛ کۆنگڕێس دەتوانێت بڕیارەکانی تۆم باراک ڕەت بکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت ئەوەی تۆم باراک دەیەوێت جێبەجێی بکات، لە واقعی سیاسیی ئێستای سووریادا ئەستەم بێت، بەتایبەت دوای گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا لەسەر ناوچەی سوه‌یدا و باشووری  سووریا.

کاریگەریی هێزە هەرێمییەکان: تورکیا، وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل

دیارە مەزڵووم  عەبدی ئاگادارە کە تورکیا ئێستا بانگەشە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش دەکات لە تورکیا و، خەریکی دروستکردنی ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنە لە نێوان سووریا-ئۆردن-تورکیا لە دیمەشق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و کەمکردنەوەی پشتبەستنی واشنتۆن بە هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئەنقەرە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە هەسەدە بۆ هەڵمەتی دژی داعش، چیتر پێویست نییە و لەناوچوونەکەیشیان زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناگەیەنێت. ئەردۆغان لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە “پرۆسەی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە” لقی  سووریاش دەگرێتەوە. بەڵام عەبدی ڕای گەیاندووە کە “ڕێکكەوتنی پەکەکە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە لە سووریا.” پێ دەچێت ئەوە پلانی تورکیا بێت بۆ چەکداماڵینی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەڵام بە فۆڕمێکی تر. کەواتا دەکرێت بڵێین تورکیا لە یەک کاتدا کار لەسەر چەکداماڵینی پەکەکە و هێزەکانی سووریا دیموکرات دەکات، بەڵام بە فۆڕمی جیاواز.  ئەردۆغان لەو ڕێگه‌یەدا توانیی خۆی بەدوور بگرێت لە بریندارکردنی هەستی کورد لە تورکیا؛ نەک ئەوە، بەڵکوو دوور نییە ئەردۆغان وەکوو “پیاوی ئاشتی”یش سەیر بکرێت. لەم سۆنگەیەوە ئەردۆغان دەیەوێت بەو میکانیزمە سوود لە دەنگی کورد ببینێت لە کاتی گۆڕینی دەستووری تورکیا، کە ئەردۆغان لە ئێستاوە کاری بۆ دەکات.

ئەم ڕوانگەیەی ئەمریکا لە کاتی سەردانی بۆ کەنداو بەڕوونی دەرکەوت، دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لە ١٤ی ئایار لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە ڕیاز؛ کاتێک ڕای گەیاند کە ئەمریکا سزاکانی سەر دیمەشق لا دەبات. حکوومەتی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی سووریا کرد کۆنترۆڵی ٩ هەزار زیندانیی داعش بکات کە تا ئێستایش لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان. ئەم ڕۆڵەی پاسەوانیی سیستەمی ئەو زیندانانەی کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان تێدا نیشتەجێ بوو، یەکێک بوو لە ئەرکە سەرەکییەکانی هێزەکانی هەسەدە- SDF؛ بەشێکی گرنگ و سەرەکی بوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئەمریکا و هەسەدە. ئەوەی کە ئەمریکا ئێستا گوشار دەخاتە سەر سووریا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم کارە، ئاماژەیە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ڕژێمی نوێی سووریا، کە ئەمەیش لەسەر حسابی پاراستنی کوردەکانی سووریا دەبێت. ئاماژەیەک بۆ ئەم سیاسەتە نوێیە، هەوڵەکانی باڵیۆزی ئەمریکایە (باراک)، دوای ئەوەی لە کۆتاییی مانگی ئایاردا ئاڵای ئەمریکای بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ئەمریکا لە دیمەشق هەڵکرد و وتی، “دڵنیاتان دەکەمەوە کە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر سووریا، لە سیاسەتی سووریای ١٠٠ ساڵی ڕابردوو نزیک نابێت، چونکە هیچ کام لەم سیاسەتانە کاریگەرییان نەبووە.” مانای ئەم لێدوانە ڕوون نییە، بەڵام بەو پێیەی هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و هەسەدە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەشێکی دیار بووە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە سووریا، پێ دەچێت لێدوانەکەی باراک بۆ کوردەکانی  سووریا جێگه‌ی دڵنیایی نەبێت.

هەرچەندە گەشەکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سووریای نوێ، خۆی دەتوانێت پێشکەوتنێکی ئەرێنی بێت، بەڵام ئەوە دواجار بەشێکی سەرەکییە لە سیاسەتی ترەمپ؛ خواستێکە بۆ ئەوەی ڕژێمی نوێی سووریا پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکات. ئەمەیش بەشێک دەبێت لە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی بەناو ئەبراهام کە ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا دەستی پێ کرد. پشتیوانیی ئەمریکا بۆ باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەژێر ڕۆشناییی جه‌نگی ئیسرائیل و ئێران، ڕەنگە بەشێک بێت لەم ستراتیژییە.

لە ڕاستیدا ئیسرائیل لەو کاتەوەی کە ئەلشەرع هاتە سەر دەسەڵات، بە هەموو جۆرێک دژایەتیی کردووە؛ بەڵام ئەم سیاسەتە خەریکە کۆتایی دێت. ڕەنگە ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی پێیان وابێت کە ئەمریکا هێندە هێزی هەیە کە بتوانێت ئامانجی ئاساییکردنەوەی نێوان سووریا و ئیسرائیل بپێكێت. لە چاوی واشنتۆنەوە ئەگەر لەم پرۆسەیەدا کوردانی سووریا بکرێنە قوربانی، ئەوە شتێکی گەورە ڕوو نادات، چونکە ئەمە یەکەم جار نابێت کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کورد وابەستەیە بە ئەولەوییەتە ستراتیژییە گەورەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ستراتیژیی ئەمریکا ئەوەیە سووریا بەشێک بێت لە نزیکەکانی ئەمریکا و بەشێک نەبێت لە بەرەی ئێران؛ ئێستایش لە هەموو کات ئەو دەرفەتە لەبارترە بۆ ئەمریکا. ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دژبەریش نییە لەگەڵ سیاسەتی دۆستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە (تورکیا، ئوردن، وڵاتانی کەنداو).

پاشەکشە سەربازییەکانی ئێران لەسەر دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەرفەتێکی بۆ تورکیا ڕەخساندووە کە ئامانجە ستراتیژییەکانی، بەتایبەتی لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی عێراق، سووریا و قەفقازی باشووردا بەدی بهێنێت. بەڵام خۆڕاگریی تاران و ئیستغلالکردنی پڕۆکسییەکانی، ڕەنگە ئاستەنگ بۆ ئەنقەرە دروست بکات.

پرۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدانی عێراق بە بڕی 20 ملیار دۆلار، ڕێڕەوێکی ژێرخانی گشتگیرە؛ ئامانجی بەستنەوەی پارێزگای بەسرەی باشووری عێراقە بە تورکیاوە لە ڕێگەی 1275 کیلۆمەتر ڕێگه‌وبان و هێڵی ئاسنین. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن هەردوو وڵاتی قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییه‌وه‌ پاڵپشتی دەکرێت؛ بەڵام پێ ناچێت ئێران لە پڕۆسەیەک ڕازی بێت کە پێگەی ئابووری و سیاسیی تورکیا لە ناوچەکە باڵادەست بکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت تورکیا هەوڵ دەدات کەلێنی هێزی ئێران لە ناوچەکە پڕ بکاتەوە- بە عێراقیشەوە. ڕەنگە ئەوەی عێراق، لە دەرگه‌ی پرۆژەی ئابووری و پرسی وزە بێت، کە بۆ هەردوو لا بەرژەوەندیی هاوبەشە.

ڕێڕەوی زەنگزور، کە تەماحێکی ستراتیژیی لەمێژینەی هاوبەشی تورکیا و ئازەربایجانه‌، خاڵێکی تری هەڵگیرسانی ڕکابەریی ئەنقەرەیە لەگەڵ تاران. ئەم کۆریدۆرە ئازەربایجان بە ناوچەی نەخچیڤان لەسەر سنووری تورکیا دەبەستێتەوە. ئەگەر ئەو ڕێڕەوە دامەزرا، ئەوا پەیوەندیی وشکانیی نێوان ئێران و ئەرمینیا دەپچڕێنێت کە ڕێڕەوێکی بازرگانیی گرنگە و تورکیا دەخاتە خاڵێکی خنکاندنی ستراتیژییەوە کە ڕێڕەوی بازرگانیی وشکانی لە تورکیاوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست و چین کۆنتڕۆڵ دەکات. بەم هۆکارە، ئێران ترسی لە سەرهەڵدانی کەوانەیەکی تورکیا هەیە لە باکووری خۆیان. “ئەمە گەورەترین ترسی ئێرانە”.

لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

ڕۆژی دووشەممە (٤/٧/٢٠٢٥) گیدیۆن ساعر (Gideon Sa’ar)، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕای گەیاند، “ئیسرائیل پابەندە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم” و، “بەرژەوەندیی ئیسرائی لەوەدایە کە وڵاتانی وەک سووریا و لوبنان بخاتە ناو بازنەی ئاشتی و ئاساییکردنەوە.” هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “ئیسرائیل زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەرزایییەکانی جۆلانی لەژێردەستدایە.” لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیدا، جۆلان به‌ بەشێک لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەمێنێتەوە.” ئەمە بەو مانایە دێت کە سووریا ئەگەر نەیشچێتە ناو ڕێکكەوتنەکانی ئەبراهام، بەڵام بەشێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە دەبێت هاوکاریی ئیسرائیل بکەن. ئیسرائیل دەیەوێت بازنەی وڵاتانی دۆست زیاد بکات؛ ئەمریکاش دەیەوێت  سووریا و لوبنان ببنە بەشێک لەو بازنەیە. بەپێی چەند نەخشەیەک بێت، هەرێمی کوردستانیش لەناو ئەو بازنەیەدایە. هەر بۆیە ئەگەر هەیە کوردانی ڕۆژاوای کوردستان ببنە قوربانیی ئەو هاوکێشە هەرێمییە نوێیە.

لاوازبوونی کورد لە سووریا هەرگیز لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە بەهێزیی کورد لەوێ، وەک پاڵپشت و قووڵاییی ستڕاتیژی وایە بۆ هەرێمی کوردستان. بەتایبەت ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕوو بدات، کوردەکانی سووریا دەکرێت نزیکترین دۆستی هەرێمی کوردستان بن؛ بە جۆرێک هەرێمی کوردستان بتوانێت بۆشاییی پەکەکە پڕ بکاتەوە. لە ڕووی ئابووری و مرۆیییەوە گرنگە هەرێمی کوردستان دەروازەکانی بکاتەوە بۆ گەیشتنی هەر یارمەتییەک بۆ کوردانی سووریا؛ هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، لەو بارەیەوە ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە.

لەم هاوکێشە نوێیەدا، هەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەیە؛ نابێت لەبەر خاتری وڵاتانی دراوسێ دەستەوەستان بوەستێت. هەرچەندە هێشتا هاوکێشەکە یەکلا نەبۆتەوە، بەڵام ئامانجی تورکیا و سووریای نوێ ئەوەیە، کە یەکەم هەنگاو ئەمریکا بکشێتەوە، ئینجا دەست بە گوشار بکەن لەسەر کەمینەکان، بەتایبەت هێزە کوردییەکان. لەم سۆنگەیەوە گرنگە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە مافی کورد بکات لە سووریا و، هاوکاری دۆخی مرۆیی و پتەوکردنی هەستی نەتەوەیی بێت لە نێوان ڕۆژاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی پرسی کورد و هەرێمی کوردستانە کە ئێستا سەرکردایەتیی ئەو پرسە دەکات لە ناوچەکەدا. دۆخی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان دەکرێت وانەیەک بێت بۆ هەرێمی کوردستان لە پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکان، کە هەرگیز تاسەر نابنە گەرەنتی بۆ هەرێمی کوردستان.

کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ڕاستە دۆستی ئەمریکان، بەڵام ئەو هاوبەشییە سنووردارە. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستە؛ ئێمە هاوبەشی ئەمریکاین بەڵام هاوبەشییەکە لەسەر چەند پرسێکە و سنووری هەیە. تا ئەو سنوورە ئەمریکا بەرگریت لێ دەکات کە پەیوەستە بە پلانەکانی ئەوان؛ لەوە زیاتر تۆ دۆست نیت بەڵکوو کێشە بۆ ئەمریکا دروست دەکەیت. ئەمە لۆژیکی هاوبەشیی سیاسییە لەگەڵ زلهێزەکان!

گوتاری نێردەی واشنتۆن بۆ سووریا (تۆم باڕاک) تا ئێستا، گوتارێکی زۆر دژەکوردە. کورد هەرگیز داوای دەوڵەت و سەربەخۆییی نەکردووە لە سووریا، کەچی ئەو بە هەمان گوتاری تورک و عەرەبی ناسیونالیست دەڵێت، “ئێمە پاڵشپتیی دابەشبوون و دەوڵەتی سەربەخۆ ناکەین بۆ کەس”؛ کە ئەمە بەلاڕێدابردنی ڕوانگەی ئەمریکا و ڕۆژاواشە لەبارەی کورد! دوای ئەو هەموو شەڕ و قوربانییە شان بە شانی شارستانییەتی ڕۆژاوا، بەڵام کورد لە سووریا ئێستا بەقەد درووزەکانیش پاڵپشتی نییە، کە ئیسرائیل ئامادەیە دەستوەردانی سەربازی بکات لە پێناو مانەوەیان؛ بەڵام ئەگەر بەیانی تورکیا یان هێزەکانی شەرع هێرش بکەنە سەر هەسەدە، ئەوە ئەمریکا ئامادە نییە هێزەکانی تورکیا یان سووریا بۆمباران بکات. ئەمە ئەو هاوکێشە جیۆپۆلۆتیکییە سەختەیە کە بەسەر دۆخی سیاسیی کورددا زاڵە.

سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا، پەیوەستە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی سێکوچکەی: تورکیا، ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو؛ بەتایبەت تورکیا ڕێگرە لە بەردەوم هەر دەستکەوتێک بۆ کورد لە ڕۆژاوای کوردستان؛ ئەگینا کورد لە هەموو لایەنەکانی تر، ڕێکخراوتر، چەکدارتر، حوکمڕانتر و ڕوانگەڕوونترە لە  سووریا.

 

سەرچاوەکان:

  1. صبا عبد اللطيف (١٨/٥/٢٠٢٥) ماذا تريد أميركا من سوريا الجديدة؟ الجزیرة. https://shorturl.at/C1oNe
  2. Atlantic Council. (2024, July 10). Five questions—and expert answers—on Israel’s strikes against Syria. Atlantic Council. <<https://www.atlanticcouncil.org/blogs/new-atlanticist/five-questions-and-expert-answers-on-israels-strikes-against-syria/>>.
  3. Coalition for Regional Security (2025) <https://abrahamshield.org/en/>.
  4. Times of Israel Staff. (2024, July 14). Syria believed it had green light from US, Israel to deploy troops to Sweida. The Times of Israel. <<https://www.timesofisrael.com/syria-believed-it-had-green-light-from-us-israel-to-deploy-troops-to-sweida/>>.
  5. The White House. (2025, June). Fact sheet: President Donald J. Trump provides for the revocation of Syria sanctions. <<https://www.whitehouse.gov/fact-sheets/2025/06/fact-sheet-president-donald-j-trump-provides-for-the-revocation-of-syria-sanctions/>>.
  6. Mohammed A. Salih (June 25. 2025) Kurds and the Israel-Iran clash: New openings or old dangers? <https://thenewregion.com/posts/2575>.
  7. US Department of State (June 30, 2025) Ending the Syria Sanctions Program for the Benefit of the Syrian People. <https://www.state.gov/releases/office-of-the-spokesperson/2025/06/ending-the-syria-sanctions-program-for-the-benefit-of-the-syrian-people/>.
  8. Natacha Danon (4 July 2025) Why has US policy toward Syria shifted, and what might the future hold? <<https://syriadirect.org/why-has-us-policy-toward-syria-shifted-and-what-might-the-future-hold/ >>.
  9. Ezgi Akin (July 12, 2025)From Caucasus to Iraq: How Israel’s war hands Turkey edge over Iran <<https://www.al-monitor.com/originals/2025/07/caucasus-iraq-how-israels-war-hands-turkey-edge-over-iran >>.
  10. Sirwan Kajjo ( July 14, 2025) It Would Be a Mistake for the United States to Force the Dissolution of Syrian Kurdish Forces <<https://www.meforum.org/mef-observer/it-would-be-a-mistake-for-the-united-states-to-force-the-dissolution-of-syrian-kurdish-forces>>.
  11. Elwazer, S., & Tawfeeq, M. (2025, July 16). Airstrikes in Damascus kill at least 3, Syria says. <<https://edition.cnn.com/2025/07/16/middleeast/damascus-syria-airstrikes-intl>>.
  12. Patricia Karam (July 18, 2025) Lifting US Sanctions on Syria: A New Chapter for Damascus and Beirut? <https://arabcenterdc.org/resource/lifting-us-sanctions-on-syria-a-new-chapter-for-damascus-and-beirut/>.




هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان: لێکەوتە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ناوچەکەدا

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

ڕۆژی دووشەممە (١٢ی نیسان، ٢٠٢٥) پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی ڕاگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت: “خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت.” هەڵوەشاندنەوە یان چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) وەک هێزێکی کاریگەری ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردی کە ماوی زیاتر لە چوار دەیە دەبێت، چالاکیی سیاسی و سەربازیی هەبووە، کاریگەریی زۆری دەبێت؛ نەک تەنیا لەسەر باکووری کوردستان بەڵکوو لەسەر بەشەکانی تری کوردستانیش. هەرچەندە ئەمە هێشتا پڕۆسەیەکە و تەواو نەبووە، بەڵام بەشە هەرە گرنگەکەی کە وەک بەربەست دەبینرا، واتا ڕازیبوونی سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان و ئەنجامدانی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە، “به‌سەرکەوتوویی کۆتایی هات”. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە پڕۆسەکە بەشێکی زۆری تەواو بووە و بەخێرایی دەڕوات.

ئەوەی جێگه‌ی باسە، هەرێمی کوردستان لەسەرەتای گەڵالەبوونی بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بانگەوازی سەرۆک ئۆجەلان لە ٢٧ شوباتی ئەمساڵدا تاوەکوو کۆنگرەی ١٢، كه‌ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە نێوان ٥ و ٧ مانگی مایسدا بەڕێوە چووە، ڕۆڵیکی سەرەکیی بینیوە. بەپێی چەند زانیارییەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە تا بەستنی دوا کۆنگرەی پەکەکە و جاردانی هەڵوەشاندنەوەی، ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە؛ هەروەها ئەو هەنگاوانەیشی کە لە ئاییندەدا بەڕێوە دەچن، هەرێمی کوردستان بەشێک لەو پڕۆسەیە دەبێت.

 لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەو داینامیک و لێکەوتانە شرۆڤە بکەین کە ئاوابوونی خۆری پەکەکە یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە بە دوای خۆیدا دەیهێنێت، بەتایبەت لەسەر پرسی کورد و بەشەکانی تری کوردستان و، هەروەها هاوسەنگیی هێزی نێوان حزبە سیاسیە کوردییەکان.

کاریگەرییەکانی لەسەر تورکیا

کاریگەریی هەرە سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک ڕێکخستنێكی سەربازی، سەرەتا لەسەر تورکیا دەبێت. کۆتایهێنانی جه‌نگێکی ٤٠ ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، بەر لە هەر شتێک دەستکەوتێک دەبێت بۆ ئەردۆغان و ئاکپارتی کە توانیی کۆتایی بە جه‌نگی ٤٠ ساڵەی دەوڵەت و پەکەکە بهێنێت . واتا، لە ئاستی ناوەخۆدا دەستکەوتێک دەبێت بۆ ئەردۆغان لە دژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر، بەتایبەتیش جەهەپە. ئەمە لەوانەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکار بێت بۆ گۆڕینی ده‌ستووری تورکیا کە ئەردۆغان خۆی بۆ ئامادە کردووە. بەتایبەت ئەگەر سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت، دوور نییە هاوپەیمانیی ئەردۆغان و دەم پارتی ببینین. ئەم هاوپەیمانییە ڕەنگە تاکە هۆکارێک بێت کە بتوانێت ئەردۆغان و حزبەکەی لە لادان لە دەسەڵات بپارێزێت.

هەر لە ئاستی ناوەخۆدا، نەمانی پەکەکە کاریگەریی لەسەر خاوکردنەوەی ڕقی نێوان کورد و تورک دەبێت، چونکە پرسی کورد لە تورکیا تەنیا پرسێکی سیاسی نەبووە بەڵکوو کاریگەریی کردۆتە سەر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پێکەوەژیانی کورد و تورک. ئەمە هەڵبەتە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی تورکیاش دەبێت. لە ئاستی ئابوورییش ڕەنگدانەوەی دەبێت، چونکە جه‌نگی پەکەکە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لەسەر تورکیا دەکەوت. بەپێی ڕاپۆرتێکی پشتبەستوو بە زانیاریی دروست، مەزەندەی ئەوە دەکات کەGDP ی تورکیا لەوانەیە ١٤٪ زیاتر بووایە ئەگەر جه‌نگی پەکەکە و تورکیا نەبووایە. بۆیە هەر یەکە لە ئەردۆغان و دەڤلەت باخچەلی وەک پاڵەوانی نەتەوەیی بە کۆتایهێنانی گەورەترین جه‌نگی درێژخایەنی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ هێزێکی دەرەوەی دەوڵەت، ناویان دەچێتە مێژووەوە. بێجگە لەوەیش لە ئاستی ناوەخۆدا ڕۆڵی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیا (میت) لە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکەدا بەرچاو دەبێت؛ ڕەنگە پێگەی سیاسیی ئەو لەناو حزب و دەوڵەتدا بەهێزتر بکات.

کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان

هەرچی تایبەتە بە پرسی کورد و دەمپارتی، نەمانی پەکەکە کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر قەبارەی کورد لە بەشداریی سیاسیدا. بە دووری نابینم ژمارەی کورسییەکانی کورد لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا زۆر زیاد بکات. هەڵبەتە ئەوە لە کاتێکدایە ئەگەر لە تورکیا پەکەکە پەنا نەباتە بەر دروستکردنی حزبێکی سیاسیی تر؛ واتا دابەشبوونی کوردی لێ نەکەوێتەوە کە بە ڕای من ئەگەرێکی بەهێز نییە. کە دەڵیم لە ئاستی ناوەخۆدا پێگەی کورد بەهێزتر دەبێت، مەبەستم ئەوەیە کە کاریگەریی پەکەکە لەسەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی دەمپارتی هەڵدەگیرێت. واتا دەمپارتی دەتوانێت لە تورکیا ئازادانەتر سیاسەت بکات؛ پاساوی تاوانبارکردنیشی بە پاڵپشتیی حزبێکی “تیرۆریست”، نامێنێت.

لە ئاستی ناوچەییشدا، دیسان نەمانی پەکەکە لە بەرژەوەندیی تورکیایە، چونکە تورکیا توانیی ئەو کارتەی دەستی ئێران و ئیسرائیل بسووتێنێت کە بتوانن پەکەکە لە دژی تورکیا بەکار بهێنن. ئەمە کاریگەریی لە ڕۆژاوای کوردستانیش دەبێت؛ وای کرد کورد لە سووریا نەبێتە بەشێک لە ئەجێندایەکی دەرەکی. ئەمە بە ڕای من هەم لە بەرژەوەندیی تورکیا، هەمیش لە بەرژەوەندیی ڕۆژاوای کوردستان بوو، چونکە ئەوکات تورکیا بە چەندان پاساوی تر ڕێگه‌ی نەدەدا هێزە کوردییەکان وەک ئەکتەرێکی پڕۆکسیی سەر بە ئیسرائیل، دژی بەرژەوەندیی تورکیا لە سووریا بمێننەوە.

لە ڕووی ئابوورییەوە، تورکیا دەرفەتێکی گرنگی بۆ دەڕەخسێت کە پەرە بە پرۆژە هاوبەشەکانی بدات، بەتایبەت لە عێراق و سووریا، بێ ئەوەی مەترسیی پەکەکەی لەسەر بێت؛ پێشتر تورکیا وەک پێویست نەیدەتوانی پرۆژە ئابوورییە گرنگەکانی لەم دوو وڵاتە هەبێت، چونکە بەزۆری لەلایەن پەکەوەو دەکرانە ئامانج. ئەمە وا دەکات پرۆفایلی ئابووریی تورکیا لە عێراق و سووریا بەهێز بێت و، تا ئاستێکی زۆر جێگه‌ی ئێرانییەکان بگرێتەوە؛ نەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو گەیشتن بە کەنداویش لە ڕێگه‌ی گەشەپێدانەوە. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین تورکیا هه‌رگیز بەقەد ئێستا دەرفەتی هێزێکی هەرێمیی بەهێزی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ نەڕەخساوە؛ هەر یەکە لە سووریا و پەکەکە دوو بەربەستی گەورە بوون لە بەردەم تورکیا.

کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان

بەشێکی تری کوردستان کە بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە زۆر کاریگەر دەبێت، ڕۆژاوای کوردستانە، کە تا ئاستێکی زۆر وەک درێژەپێدەری ئەزموونی پەکەکە سەیر دەکرا، چ لەلایەن تورکیا بێت، یان لەلایەن کورد؛ چونکە بەبێ هاوکاریی سەربازیی پەکەکە، ئەستەم بوو شتێک هەبێت بەو جۆرەی کە بتوانێت خۆی لە بەردەم هێرشەکانی داعش و هێزە تیرۆریستییەکانی تورکیاش ڕابگرێت. ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان ئەزموونێک بووه‌ كه‌ تێچووی سیاسی و سەربازی و گیانیی زۆری هه‌بووه‌ لەسەر کورد بەگشتی و کوردانی ڕۆژاوای کوردستانیش بەتایبەتی.

لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئەردۆغان گوشارەکانی لەسەر پەیەدە کەم دەکاتەوە. ئەمە ڕێگه خۆش دەکات کە کورد لە سووریا وەک نەتەوە قبووڵ بکرێن؛ بەڵام نەک خاوەنی هیچ جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بن. تورکیا دەیەوێت کورد تێکەڵی دەوڵەتی سووریا بێت؛ بەپێچەوانەوە تورکیا بەردەوام دەبێت لە گوشارەکانی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان. لە ئەگەری بەردەوامیی گوشارەکانی تورکیا، دوور نییە ڕۆژاوای کوردستان پەنا بباتە بەر ئیسرائیل. ئیسرائیل نەیشاردۆتەوە کە ئەوان ئامادەن “دەستی هاوکاری بۆ هاوپەیمانە درووز و هاوڕێ کوردەکان لە سووریا درێژ بکەن.” ئەمە ئەگەرێکی کراوە دەبێت، کە ئیسرائیل بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە سووریا سوود لە هێزەکانی سووریای دیموکرات وەربگرێت. بەڵام ئەمە ئەستەمە سیاسەتێکی درێژخایەنی ئیسرائیل بێت لە سووریا، بەڵکوو زیاتر کارتێکی گوشارە دژی تورکیا و دەوڵەتی نوێی سووریا بۆ ئەوەی ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکەن. بۆیە گرنگە کورد لە سووریا نەبێتە ئەجێندای وڵاتێکی دەرەکی، ئینجا چ ئیسرائیل بێت یان ئێران؛ چونکە ئەمە پاساوێک دەداته‌ دەست تورکیا و سووریا بۆ ئەوەی گورزێکی گەورە لەو ئەزموونەی کورد لە سووریا بوه‌شێنن.

یەکێکی تر لە لێکەوتەکان، دەکرێت ئەوە بێت کە هێزە کوردییەکانی سووریا ناچار بکات کە خۆیان لە میراتی چەکداری و ئایدیۆلۆژیی پەکەکە دوور بخەنەوە تا ئاستی گۆڕینی ناوی پەیەدە و هێزەکانی تریش؛ دواتریش زیاتر ڕوو لە دەوڵەتی سووریا بکەن؛ واتا بە دوای ڕێکكەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێێ سووریا بگەڕێن. هەڵبەتە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەرفەتی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات باشتر دەکات، بە مەرجێک ئەردۆغان هەر ڕژد نەبێت لەسەر ئەوەی کە “هەسەدە بەشێکە لە پەکەکە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە”. خۆ لەم دۆخەیشدا دیسان دەرفەت هەیە کە هێزە کوردییەکانی سووریا لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی نوێدا یەکێتییەک دروست بکەن لەگەڵ گشت گرووپەکانی تریش کە تا ئێستا بە هۆکاری گوشاری پەکەکه‌ ڕێگه نەدراوە ببنە بەشێک لە ‌هێزەکانی سووریای دیموکرات.

ئەمە ئەگەرێکی تریش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەویش ئەگەری نزیکبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتە لە هەرێمی کوردستان؛ چونکە لە نەمانی پەکەکەدا ئەم پەیوەندییە زیاتر گەشە دەکات و پێویستیشە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سووریا. واتا لە بری ئەوەی پەکەکە خاوەنی بێت، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی پرسی کورد لە سووریا. ئەمە دەرفەتی وەرچەرخانێکی گەورە دروست دەکات لە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.  لە دەرەنجامدا دەتوانین بڵێین کە نەمانی پەکەکە دەرفەتی مانەوەی ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان بەهێزتر دەکات.

کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

یەکێکی تر لەو بەشانەی کوردستان کە کاریگەریی هەڵوەشاندنەوە و نەمانی پەکەکەی لەسەر دەبێت بریتییە لە هەرێمی کوردستان، چونکە تەواوی جه‌نگی پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە هەرێمی کوردستان بووە. هەرێم لە ڕووی ژینگە و دۆخی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌، لە ململانێی پەکەکە و تورکیا زیانی زۆری بەرکەوتووە. هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک بووژانەوەیەک دەبێت بۆ ئەو ناوچە بەرفراوانەی کە مەیدان و جێگەی بارەگاکانی پەکەکە و تورکیا بووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق نزیکە سەد بنکە یان ناوچەی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەتایبەت بنکە سەرەکییەکانی وەک زیلکان و بامەڕنێ و چیای مەتینا. ئەو ناوچانەی بوونەتە مەیدانی شەڕ، شوێنی گرنگی کشتوکاڵی و بەروبوومی سەرەکین کە دەتوانن لە ئاییندەدا ڕۆڵی گرنگیان هەبێت لە بەهێزبوونی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا، کە بەشێکن لە ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئاییندەدا وەک کەرتێکی سەرەکی پشتی پێ ببەستێت.

واتا لە ڕووی ئابوورییەوە دەرگه‌یەکی تر لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ڕۆژاوای کوردستان و سووریاش، کە پێشتر مەترسیی لەسەر بوو. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە مەرج نییە نەمانی پەکەکە ببێتە هۆی پەیوەندی و هەماهەنگیی باشتر لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. ئەوەیش لەبەر چەند هۆکارێک: یەک، مەزەندە دەکرێت هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی بگێرێت لە پرسی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا، وەک ناوەندێک بۆ سیاسەت و دیپلۆماسییەت و هەماهەنگی لە پێناو پرسی کورد؛ ئەمە جێگه‌ی ڕەزامەندیی تورکیا نابێت. دوو، دوای نەمانی پەکەکە ڕۆڵی “پارتی دیموکراتی کوردستان” بەهێزتر دەبێت وەک یەکەم حزبی کوردی کە  توانای سیاسی-ئابووریی هەیە و ڕه‌نگه‌ لە بەشەکانی تری کوردستانیش کاریگەری دروست بکات. واتا دوای نەمانی پەکەکە، پارتی ئەگەر بیەوێت دەتوانێت ببێتە حزبێکی سەرتاسەری و پارێزەری مافە سیاسییەکانی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا؛ چونکە لە بەشەکانی تری کوردستان، بەتایبەت لە باکووری کوردستان، ڕێگه نادرێت حزبێکی کوردی ئەو ڕۆڵەی هەبێت. دواتر، حزبە سیاسییەکانی تری کورد، نە ئەو توانا ئایدیۆلۆژییەیان هەیە، نە ئەو توانا ئابوورییەی،ش نە ئەو کاریزمایەی کە سەرۆکی ئەو حزبە هەیەتی لەسەر خودی حزب و پرسی کورد لە ناوچەکەدا؛ ئەمەیش دیسان لە ڕاستیدا جێگه‌ی ڕەزامەندیی تورکیا نابێت.

نەمانی پەکەکە، بەنیسبەت هەرێم چەندە دەرفەتە،  دەکرێت ئەوەندەیش هەڕەشە بێت. بەتایبەت ئەو سنوورە بەرفراوانەی کە هێزەکانی تورکیا و پەکەکەی لێیە، ئایا دوای پەکەکە تورکیا ئامادەیە چۆڵی بکات؟ خۆ ئەگەر بە پاساوی دەرکەوتنی هێزی تری هاوشێوەی پەکەکە چۆڵی نەکات، ئەوە ئەو جارە هەڕەشەکە ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت. یاخود ئایا دوای پەکەکە چ هێزێک ئەو بۆشایییە پڕ دەکاتەوە؟ خۆ نە حکوومەتی هەرێم و نە حکوومەتی عێراقیش توانای پاراستنی ئەو جوگرافیا سەختەیان نییە. دواتر، ئایا ئەگەری ئەوه‌ هەیە لایەنێکی توندڕەو یان هەر لایەنێکی تر، ئەو ناوچانە داگیر بکات، بەتایبەت کە وڵاتانی هەرێمی لە پشتگیریکردن و دروستکردنی ئەو جۆرە لایەنانەدا ئەزموون و شارەزایییان هەیە؛ یان ئەو چەکدارانەی پەکەکه‌ کە بەشێکیان هی باشوور و ڕۆژهەڵاتن، یان ئەوانەی کە ناتوانن بچنەوە باکووری کوردستان؛ ئایا ئەمانە پاڵ دەدەنە لای لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، یانیش هەوڵی دروستکردنی لایەنێکی سیاسی دەدەن لە هەرێمی کوردستان؟ هەرچەندە هیچ لایەنێکی تری پاشماوەی پەکەکە ناتوانێت لە ڕووی کاریگەری و هێزی سیاسی و سەربازی و ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ جێگه‌ی پەکەکە بگرێتەوە، بەڵام ئەمانە هەمووی پرسیاری زۆری بێوەڵامن  و ئەگەری کاریگەر و کراوەن بۆ ئەو دۆخە نوێیەی کە دروست بووە.

دەرەنجام

هەرچەندە سەرنجی زۆر هەن لەسەر ئەوەی لە پێناو چی ئۆجەلان پەکەکەی هەڵوەشاندەوە؟ ئایا چ ئامانجێک یان گەرەنتییەک لەلایەن تورکیاوە دراوە بە پەکەکە کە خزمەت بە پرسی کورد بکات لە تورکیا؟ ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو وەڵامەی کە دەتوانێت ببێتە مەحەک بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە: ئایا مانەوە و بەردەوامیی خەباتی چەکداریی پەکەکە بەو شێوەیەی ئێستا، لە بەرژەوەندیی خودی پەکەکە و پرسی کوردە لە تورکیا؟ ئایا پەکەکە ئەو توانا سەربازییەی جارانی ماوە کە بتوانێت  زیانی گەورە لە تورکیا بدات؟ بەپێی داتاکانی گرووپی قەیرانەکان (crisis group) پەکەکە لەو ٢٠ ساڵەی دواییدا نە لە ڕووی جوگرافی و نە لە ڕووی ژمارەی کوژراو، نە لە ڕووی دەستکەوتی سیاسییشەوە سەرکەوتوو نەبووە. جگە لەوەیش، ئەوەی کورد لە تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ڕێگه‌ی پەرلەمان و خەباتی مەدەنیدا بەدەستی هێناوە، خەباتی چەکداری ناتوانێت بەدەستیان بهێنێت. بۆیە سەرکردەی زیرەک ئەوەیە کە هەستی کرد پلان و ڕێگه‌کەی هەڵەیە، پلانەکەی بگۆڕێت، نەک بەردەوام بێت لەسەر ڕۆیشتن بەو ڕێگه‌ هەڵەیه‌دا.

لەم سۆنگەیەوە هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) چرکەساتێکی مێژوویییە لە خەباتی سیاسی و سەربازیی پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. ئەمە ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر پرسی کورد لە گشت بەشەکانی تری کوردستاندا، بەتایبەتیش لەسەر پڕۆسەی سیاسی و ئاییندەی پەیوەندیی پرسی کورد لە تورکیا.

هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبێت بەو پڕۆسەیە و، پێ دەچێت لەمەودوا ڕۆڵێكی جەمسەری لە پرسی کورد لە ناوچەکەدا بگێڕێت و، وەک ناوەندێکی نیشتمانی بۆ پرسی کورد سەیر بکرێت. بەڵام ئەم پڕۆسەیە کاتی دەوێت و، پێویستی ی بەزەمینەی سیاسی و یاسایی و مەدەنی هەیە لە تورکیا؛ بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا کە ڕێگه بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە خۆش بکات.

 هێشتا وردەکاری و ڕێکاری زۆر هەن کە دیار نییە ئەم پڕۆسەیە دواجار بە کام ئاقاردا ده‌ڕوات، بەڵام بە ئەگەری زۆر، بواری سەرکەوتن و جێبەجێکردنی لە هەموو ئەزموونەکانی تری پێشوو زیاترە، چونکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و شکاندنی حزبوڵڵا و حەماس لاوازبوونی ئێران، دۆخێکی تری هەرێمی دروست بووە کە دەکرێت لێکەوتە و کاریگەریی زۆری لەسەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا هەبێت.

 

 

 

سەرچاوەکان:

  1. Ayse Isin Kirenci (Behind the veil: Why Iran covertly supports the PKK? <<https://www.trtworld.com/turkiye/behind-the-veil-why-iran-covertly-supports-the-pkk-terrorists-18166775>>.
  2. CNN (12 May 2025) Kurdish PKK militants announce decision to dissolve after decades of conflict with Turkey. <https://edition.cnn.com/2025/05/12/middleeast/turkey-pkk-militia-dissolves-intl-hnk>.
  1. LSE (September 2016) Estimating the economic cost of Turkey’s PKK conflict <https://blogs.lse.ac.uk/europpblog/2016/09/29/economic-cost-pkk-conflict-turkey/>.
  2. Mohammad Salami,The Impact of a Potential Turkey-PKK Peace Agreement on the Kurdistan Region of Iraq.”, Centre Français de recherche sur l’Irak (CFRI), 16/01/2025, [https://www.cfri-irak.com/en/article/trump-and-the-new-era-of-middle-eastern-policies-2025-01-17].
  3. French Research Centre on Iraq (CFRI), 07/02/2022. “Turkey’s military engagement in Northern Iraq, a never-ending story”. << https://eismena.com/en/article/turkeys-military-engagement-in-northern-iraq-a-never-ending-story-2022-04-12>>.



ئایا سووریای دوای ئەسەد دەبێتە خاڵی بەریەککەوتنی تورکیا و ئیسرائیل؟

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

ئیسرائیل هەرچەندە لە سووریا شەڕەکەی بردۆتەوە، بەڵام هێشتا جەنگەکەی نەبردۆتەوە؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو خودی سەرکردە سیاسی و سەربازییە ئیسرائیلییەکان ترسی ئەوەیان هەیە، ئەوەی لە سووریای دوای ئەسەد دروست دەبێت زۆر مەترسیدارتر بێت لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل لە سووریای کاتی ئەسەد. 

ڕاستییەکەی هۆکارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی داڕێژەرانی سیاسەتی ئیسرائیل نیگەران بن، چونکە لە سووریای دوای ئەسەد هیچ شتێک سەقامگیر نییە؛ تەنیا ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، هەژموونی ئێران گۆڕاوە بە هەژموونی تورکیا، بەڵام تورکیا ئێستا لە سووریا زۆر لە ئێرانی سەردەمی ئەسەد بەهێزترە. تورکیا بەئاشکرا بنکەی سەربازی لە سووریا دروست دەکات؛ دەیەوێت سووریایەک دروست بکاتەوە وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت. لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تریش خەریکە واز لە سووریا دێنن بۆ تورکیا. ئەمە نیگەرانیی زۆری ئیسرائیلی لێ کەوتۆتەوە، کە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین بەتێروتەسەلی شرۆڤەی بکەین.

ئایا ئیسرائیل دەتوانێت نەخشەی سیاسیی ناوچەكە بگۆڕێت؟

لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەو هێزانەی دەتوانن سیستەمی جیهانی یان هەرێمی بگۆڕن، یان زلهێزن (super powers)، یانیش هێزی گەورەن (great powers)، یان ئەوەتا هێزی هەرێمین (regional powers). ئیسرائیل لە پلەی سێیەمە؛ واتا هێزێکی هەرێمییە بەڵام هێزە هەرێمییەکانیش لە ئاست و کاریگەریدا جیاوازییان هەیە. وەک دەزانین ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا چەند هێزێکی هەرێمیمان هەیە: تورکیا، ئێران، سعوودیا. ڕاستە پێشتر سووریا و میسر و عێراقیش هێزی هەرێمی بوون بەڵام ئێستا ئەم سێ هێزە هیچیان لە ئاستی هێزە هەرێمییەکاندا نەماون.

مارک هێلێر (, 2011‌Heller) کە لە توێژینەوەکانیدا بەوردی کاری لەسەر هێزە هەرێمییەکان کردووە، بەتایبەتیش ئیسرائیل، دەڵێت: “ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی هێزێکی سەرنجڕاکێشە، هێزی ڕێگرتنی (block) هەیە، بەڵام هێزی داڕشتنی سیستەمێکی هەرێمیی نییە. ڕاستە ئیسرائیل توانای پاراستنی ئاسایشی خۆی لە بەرامبەر هەڕەشەکانیدا هەیە، بەڵام ئیسرائیل هێزێکی ناوچەیی نییە کە توانای بەڕێوەبردنی نەزمی ناوچەییی هەبێت. ئیسرائیل دەتوانێت ڕێگری لە سەرهەڵدانی هێزێکی تر بکات کە بتوانێت زیانی گەورەی پێ بگەیەنێت، بەڵام لە بونیادی هێزدا (power) چەند خەسڵەتێکی کەمە، وەک هێزی نەرم یان زیرەک.”

لویس فاوست (فاوست ٢٠١١: ١٦٣)، کە یەکێکە لە توێژەرە بەتواناکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باس لەوە دەکات کە هاوسەنگیی هێزە ناوچەیییەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا گۆڕاوە. هێز و هەژموونی ئەمریکا لەکەمیی داوە و، وڵاتە عەرەبییەکان لە ڕابردوودا هێزێکی لاواز بوون. “بەهاری عەرەبی” ئەو لاوازییەی زیاتر دەرخست؛ بووە هۆی قەیرانی قووڵ لە چەند وڵاتێک. بەپێی پێوەرەکانی فاوست، وڵاتێک دەتوانێت سەرکردایەتیی هێزێکی هەرێمی بکات یان سیستەمێکی هەرێمیی نوێ دابڕێژێت ئەگەر: تێکەڵەی هێزی ڕەق و نەرم بەکار بهێنێت؛ بتوانێت دامەزراوە هەرێمییەکان پەرە پێ بدات؛ خزمەتگوزاریی گشتی دابین بکات؛ ئەجێندای ناوچەیی دیاری بکات؛ دەسپێشخەریی هەرێمیی هەبێت  و هەندێک جاریش بەشدار بێت لە کۆمەکی هەرێمی.

بەپێی ئەم پێوەرانە بێت، زۆرێک لە هێزە هەرێمییەکان بەتەواوی هێزی هەرێمی نین، تەنانەت ئەو هێزانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هێزی هەرێمین: تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و ئێران، لە ڕەگەزی سەرکردایەتیدا سنووردارن. بەڵام فاوست دەڵێت ئیسرائیل لە هەندێک ڕوانگەدا سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانیوە نەزمێکی ناوچەیی دروست بکات یان دامەزراوەی ناوچەیی پەرە پێ بدات بەڵام “هێزێکی گەورەی ناوچەیییە”. ئەو هۆکارانەی کە وا دەکات وڵاتێک ببێتە هێزێکی ناوچەیی، هێشتا بەتەواوی ڕوون نییە. بەڵام  “هێزی ئابووری” گرنگییەکی زۆری هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسییەکاندا تا ئێستا ڕوانگەی جیاواز هەیە لەبارەی پێگەی ئیسرائیل، کە دەتوانم لە دوو ئاستدا کۆی بکەمەوە: یەکەم، وای دەبینێت کە ئیسرائیل وڵاتێکی بچووکە بە ژمارەی دانیشتووانێکی کەم، بەڵام بەهێزترینە لە ناوچەکەدا لە ڕووی ئابووری و سەربازییە. دووەم، دەڵێ، ئیسرائیل کاریگەرییەکی سنوورداری هەیە و ناتوانێت بەتەواوی ببێتە هێزێکی هەرێمی.  ئەوەی هێزی زۆرتری داوە بە پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ئەوەیە کە، ئیسرائیل پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە و هاوپەیمانێکی ستراتیژییە؛ هەروەها بەشدارێکی گرنگی ئابوورییە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بۆ نموونە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٢ ئیسرائیل بە ئامانجی لەناوبردنی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین هێرشی کردە سەر لوبنان. لەوەیش زیاتر، ویستی حکوومەتێکی میانڕەو بە سەرکردایەتیی مەسیحییەکان لە بەیرووت دابمەزرێنێت و هێزەکانی سووریا لە وڵاتەکە دەربکات. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت لە هەرسێ ئامانجەکەدا شکستی هێنا. دوای پێنج ساڵ، ڕاپەڕینی یەکەمی فەڵەستین، لە غەززە سەری هەڵدا و کەناری ڕۆژاوایشی گرتەوە. ئەمە دەکرێت بۆ ئێستایش وانەیەک بێت، چونکە ئێستایش فەڵەستینییەکان وەک جاران لە ڕەتکردنەوەی داگیرکاریی ئیسرائیلدا هەروەک جارانن.

لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین، ڕاستە ئیسرائیل زۆربەی نەیارەکانی لە ئێستادا تێک شکاون، بەڵام هێشتایش هەر هەڕەشەی لەسەرە. بێجگە لەوە ئیسرائیل هاوپەیمانی هەرێمییشی نییە لە ناوچەکەدا؛ هێزێکی تەنیایە و، زیاتر پشت بە ‌هێزی ئەمریکا و ئەوروپا دەبەستێت. هەڵبەتە ئێستا هێزی ئیسرائیل لە هەموو قۆناغەکانی پێشتر زیاترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئەستەمە یاخود ناتوانێت نەزمێکی نوێی هەرێمی دروست بکات و بیپارێزێت. ئەمە ڕەنگە بۆ هەردوو هێزە هەرێمییەکەی تریش، واتا سعوودیا و تورکیا، ڕاست بێت.

پێشتر ئێران توانای زۆری هەبوو لە سەپاندنی سیستەمێکی هەرێمیدا، بەڵام ئێستا ئەو توانایەی لەدەست داوە. بۆیە ئەو ڕوانگەیەی دەڵێت ئیسرائیل دەیەوێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت، کەموکوڕیی زۆری هەیە، چونکە ئیسرائیل ناتوانێت ئەم نەخشەیە بەبێ هەردوو هێزە هەرێمییەکەی تر (تورکیا و سعوودیا) بگۆڕێت. ڕاستە ئیسرائیل هێزێکی هەرێمییە بەڵام توانای گۆڕین و سەپاندنی نەخشەیەکی نوێی هەرێمیی، سنووردارە. بە زمانی ڕۆبێرت کاپێل (Robert Kappel بڵێم: ئیسرائیل هێزێکی نیمچەهەرێمییە (Partial regional power).  

ستراتیژیی ئیسرائیل بۆ سووریای دوای ئەسەد چییە؟

بوونی بۆشاییی دەسەڵات دوای ڕووخانی ئەسەد وای لە ئیسرائیل کرد کە ڕوانگەی ئەمنیی خۆی لە سووریا دووبارە ڕێک بخاتەوە. ئێستا ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاریگەر قەڵەمڕەوی سەربازیی خۆی لە باشووری سووریا فراوان کردووە؛ ناوچەیەکی قەڵغانی (buffer zone) لە بەرزایییەکانی جۆلان دروست کردووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی سووریا لە سنووری ئیسرائیل. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە مانگی شوبات و ئادار، لە سەرانسەری سووریا دەیان هێرشیان كردووە و، کۆگەکانی چەک، شوێنی ڕادار و، پاشماوەی پێکهاتەی سەربازیی ڕژێمی ئەسەدیان کردونەتە ئامانج. واتا ئیسرائیل نایەوێت ئەو دەسەڵاتەی ئێستا توانای سەربازیی بەهێز بێت. بە مانایەکی تر ئیسرائیل متمانەی بە دەسەڵاتی نوێی سووریا نییە. ئیسرائیلییەکان هێشتا گومانیان لە حکوومەتی نوێی کاتیی سووریا لەژێر سەرۆکایەتیی “ئەحمەد شەرع” هەیە. هێشتا وێنە کۆنەکەی، وەک سەرکردەیەکی ئەلقاعیدە لە خەیاڵی ئیسرائیل ئاوا نەبووە. “ئیسرائیل نیگەرانە لە شەرع و پەیوەندییە ئیسلامییەکانی و، دەترسێت کە بەهێزبوونی دەسەڵاتەکەی ببێتە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل پێی دەڵێت “مەترسی لە سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی جیهادی لە سنووری باکوور”.

هەرچەندە دەستەی تەحریر شام ئەسەدیان لە دیمەشق لا برد، بەڵام ئیسرائیل سەیری ڕژێمی نوێ دەکات وەک ڕژێمێکی ئایدیۆلۆژیی ڕادیکاڵی ئیسلامی. جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، شارێن هاسکێل، بەم دوایییە دەسەڵاتی شەرعی وەک “گرووپێکی تیرۆریستیی جیهادیی ئیسلامی کە دیمەشقی بەزۆر گرتووە و لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت” وەسف کرد. هاسکێل هۆشداریی دا کە ئیسرائیل کار دەکات بۆ ڕێگرتن لە دەرکەوتنی قەڵایەکی ئیسلامیی دوژمن لە نزیک سنوورەکانی. بە پشتبەستن بەو ڕوانگەیەی کە شرۆڤەکارانی ئیسرائیل بە “دوکتۆرینی دوای ئەسەد” ناوی دەبەن، پێ دەچێت ئیسرائیل سووریایەکی پارچەپارچەکراوی لاوازی پێ باشتر بێت، نەک سووریایەکی یەکگرتوو لەژێر دەسەڵاتێکی ئیسلامیدا کە بە ئەگەری زۆر دۆست نابێت بۆ ئیسرائیل؛ بەپێچەوانەی تورکیا کە پشتگیری لە سووریایەکی بەهێز و ناوەندی و سەقامگیر دەکات. ئەمەیش وای کردووە بەرکەوتن لە سیاسەتی دوو هێزی هەرێمی (تورکیا و سووریا) کە سووریا وەک وڵاتێکی کاریگەر لەسەر ئاسایشی خۆیان دەبینن دروست بکات.

تورکیا؛ لە دۆستەوە بۆ دوژمن

تورکیا نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکوو لە ڕووی سەربازییشەوە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی سووریا بکات. ئەنقەرە ئێستا دەستی کردووە بە دانانی بنکەی سەربازی لە شوێنە سەرەکییەکانی سووریا. بە گوێرەی چەند ڕاپۆرتێک، تورکیا بەنیازە چەندان بنکە بە کەڵکوەرگرتن لە ژێرخانی فڕۆکەخانەکانی سووریا، بەتایبەتی لە ناوچەی پاڵمیرا، لەوانەیش فڕۆکەخانەی پاڵمیرا و بنکەی ئاسمانیی T4 دابمەزرێنێت. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی فراوانتری تورکیا بۆ زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینییەکانی لە سووریا. ڕاستییەكەی، تورکیا خەریکە بەقووڵی دەچێتە ناو جومگەکانی بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا؛ تورکیا دەستی کردووە بە نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق. جگە لەوەیش پشتیوانیی تورکیا بۆ سوپای نیشتمانیی سووریا و گرووپەکانی دیکە کە لەژێر فەرماندەییی ئەودا لە باکووری سووریا کار دەکەن، بە شێوەیەکی بەرفراوان تەشەنەی کردووە.

کەواتە، ئایا تورکیا وەک دوژمنی داهاتووی ئیسرائیل لە ڕیزبەندیدایە؟ مەرج نییە بگاتە ئەو ئاستە، بەڵام ئەمە دەوەستێتە سەر مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات. سۆنەر کاگاپتای لە ئینستیتیۆتی واشنتۆن ئەمە بە “قۆناغی سێیەم”ی سیاسەتی تورکیا ناو دەبات؛ ئەو سەردەمەی کە تورکیا پشت دەکاتە جیهان و تەنیا عاشقی خۆیەتی. ڕاپۆرتەکانی ئه م دوایییه ئاشکرایان کردووه که تورکیا هێز و کەرەستەی سەربازیی له بنکەی ئاسمانیی سەربازیی مێناغ له باکووری سووریا جێگیر کردووه. ئەم بنکەیە نزیکەی ٣٥ کیلۆمەتر لە باکووری شاری حەلەب و تەنیا ١٣ کیلۆمەتر لە باشووری سنووری تورکیا دوورە. بەپێی زانیارییەکان بنکەکە بە سیستەمی ڕاداری نوێ و یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و کەرەستەی سەربازیی دیکە پەرە پێ دراوە. ئەم فراوانکردنە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانیی سووریایە بەڵام لە ڕاستیدا لەژێر سەرپەشتیی تورکیادایە.

کەواتە دەتوانین بڵێین، تەنانەت ئەو ڕێکكەوتنەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریای دیموکرات کردی، گومانی ئەوەی لێ دەکرێت لە پێناو کپکردنەوەی دەنگی کورد بێت لە دژی دەسەڵاتی نوێی سووریا، بە ئامانجی ئەوەی دەرفەتێک بداتە دەسەڵاتی شەرع تا خۆی بەهێز دەکات و جۆرێک لە شەرعییەتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پەیدا دەکات. لە سەرێکی تریشدا ئەو ڕێکكەوتنە دەرفەتی کارتی کوردەکانی لەدەست ئیسرائیل دەرهێنا کە لەمەودوا دژی تورکیا و سووریای نوێ بەکاری بهێنێت. بە واتایەکی تر، ئەم ڕێکكەوتنە دەکرێت تاکتیکێکی کاتی بێت؛ هەرکات دەستی حکوومەتی شەرع کرایەوە، ئەوکات دەست دەکات بە کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردییەکان. ڕاگەیاندنی دەستووری نوێی سووریا، دەکرێت یەکێک بێت لە ئاماژە سەرەتایییەکانی ئەم مەبەستەی تورکیا و ئەحمەد شەرع بەرامبەر کورد و کەمینەکانی تریش لە سووریا.

ئامانجی تورکیا دووڕەهەندییە: یەکەم، تورکیا هەوڵ دەدات بۆ ڕێگرتن لە هەر بزووتنەوەیەکی خۆسەری کوردی لە سووریا. لە ڕێگەی ناچارکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و تێکەڵکردنیان لەگەڵ فەرماندەییی ناوەندی لە دیمەشق  (کە تورکیا سەرپەرشتیی داڕشتنی کردووە)، ئەردۆغان هیوادارە ناوچە نیمچەسەربەخۆکەی کورد کە لەژێر پاراستنی ئەمریکا لە باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بوون لەناو ببات. بەرپرسە تورکییەکان “زیاتر لەوە نیگەرانن کە ئیسرائیل پشتگیریی داوای سەربەخۆیی (جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی)ی کورد و درووزی و عەلەوییەکان دەکات” لە سووریا؛ چونکە ئەم جۆرە خۆسەرییە مەترسی بۆ ئامانجی درێژخایەنی تورکیا، واتا یەکگرتووییی سووریا دروست دەکات. 

دووەم، تورکیا بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی سەربازیی خۆی، سوود لە هاوپەیمانی نوێی دیمەشق وەردەگرێت. لە ساڵی ٢٠١٦وە، تورکیا بنکەی سەربازیی لە باکووری سووریا هەیە و پشتگیریی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای کردووە. ئێستا، قەڵەمڕەوی تورکیا زیاتر بۆ باشوور و ڕۆژهەڵات فراوان دەبێت.

بە گوێرەی سەرچاوە سووری و ئیسرائیلییەکان، ئەنقەرە لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە لەگەڵ دیمەشق بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنتڕۆڵی یەکەی سەربازی لە ناوچەی پاڵمیرا – لە بەرامبەر پەیمانی پشتگیریی ئابووری و سەربازیی تورکیا بۆ حکوومەتی نوێی سووریا. هەرچەندە بەرپرسە تورکەکان  ناردنی سەربازیان ڕەت کردۆتەوە، بەڵام ئیسرائیل وای نابینێت؛ ئیسرائیل وای دەبینێت کە تورکیا لە ڕووی سەربازی و ئایدیۆلۆژییەوە دەیەوێت دەسەڵاتێکی سوننیی ئیخوانی لە سووریا دروست بکات، ئیبراهیم کاڵین، مانگێک دوای کەوتنی سووریا، یەکەم بەرپرسی بیانی بوو سەردانی سووریای کرد و لە مزگەوتی ئەمەوی نوێژی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام کرد. ئەمە دەکرێت ئاماژەیەک بێت، کە تورکیا لە سەرێک زیانی لێ دەکات، لە سەرێکی تریش قازانج، کە وا دەکات وڵاتانی سوننە و کەنداو پشتگیریی ئەجێندای تورکیا بکەن.

ئەگەری بەریەکكەوتنی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ئیسرائیل و تورکیا هێشتا پەیوەندییەکی فەرمییان هەیە، بەڵام زمان و وتارەکانیان لەسەر سووریا ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت. لە دوای بەهاری عەرەبی تا ڕووخانی بەشار ئەسەد، ڕاپۆرتە ئەمنی سەربازییەکانی هەردوولا بە نهێنی یەکترییان وەک ڕکابەر و سەرئێشە دەبینی، بەڵام ئەم ڕکابەرییە نەگەیشتبووە ئەوەی کە یەکتر وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆیان ببینن، ئێستا بەئاشکرا لێدوان و هۆشداری لەسەر تەشەنەکردنی ناکۆکی لەلایەن بەرپرس و شرۆڤەکارانی هەردوولا دەدرێت؛ بە جۆرێک وەک شارەزای سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە پەیمانگەی بروکینگز، ئەسلی ئایدینتاشباس دەڵێت: “سووریا بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کە بەڕوونی یەکتری وەک ڕکابەری ناوچەیی دەبینن.” ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە، چونکە لەسەر زۆربەی شتەکان ئێستا ململانێ هەیە لە نێوان هێزەکانی سووریای تورکیا  لە لایەک و ئیسرائیلیش لە لایەکی تر.

ئەم بارودۆخە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو لا لە داهاتوودا. بەنزیکی، هەموو بوارەکانی داهاتووی سووریا – هەر لە پرسی کورد و عەلەوییەکان، تا ڕۆڵی ئێران، تا کۆنتڕۆڵی سەرچاوە سروشتییەکان – بووەتە شوێنی ڕکابەریی نێوان ئەنقەرە و ئورشەلیم.

لای تورکیا، دانپێدانانێکی ڕاستەقینە هەیە کە بە ئەگەری زۆر ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەبێت. تورکیا بێ گوێدانە ئیسرائیل، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگە سەربازییەکانی لە سووریا بەهێز دەکات. ئەگەر هەردوو هێز بەردەوام بن لەسەر ئەم ڕێگەیە، لەوانەیە سەر بکێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە؛ ئینجا چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانیی سووریا. میدیای تورکی لەم دوایییانەدا، باس لەوە دەکەن کە ئەنقەرە ناتوانێت بەئاسانی دەستبەرداری کاریگەریی خۆی  بێت لە سووریا؛ تەنانەت ئەگەر مەترسیی ئەوەیش هەبێت کە ئەمە ئیسرائیل تووڕە بکات – چونکە ئەردۆغان سووریای دوای ئەسەد وەک دەروازەیەک دەبینێت بۆ فراوانکردنی هەژموونی هەرێمیی تورکیا. تا ئەو ئاستەی، ئەردۆغان لە هەفتەی ڕابردوودا لە پەیامێکدا کە بەگشتی وەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئیسرائیل، بەڕوونی وتی: “ئەوانەی کە هەوڵ دەدەن بۆ دابەشکردنی ڕەگەزی و ئایینی لە سووریا بە سوودوەرگرتن لە ناجێگیریی دۆخی ئێستا… ئامانجەکانیان بەدەست ناهێنن.” لە ئاستی فەرمییش بەرپرسانی تورکیا، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بەوەی چەک دەبەخشێت یان هانی گرووپە “جوداخوازەکان” دەدات (کورد، درووزی، تەنانەت عەلەوی) بۆ لاوازکردنی دیمەشق.

لە هەمان کاتدا لەلایەن ئیسرائیل، قسەکردن لەسەر “ڕووبەڕووبوونەوەی حەتمی” لەگەڵ تورکیا، زیاتر لە بازنە ئەمنییەکان دەبیسترێت. لە کۆبوونەوەیەکی بەرزی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا لە سەرەتای مانگی ئادار، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی دەڵیت: “ڕێگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا ئەستەمە، بەهۆی هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ سنووردارکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە.”

لیژنەی ناگڵ: ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات

زانیارییەکان دەری دەخەن کە بازنەی کابینە سەرەکییەکەی نەتانیاهۆ، خەریکی دیاریکردنی پلانی جێگرەوەن (بەدیل). کەناڵی ١٢ی هەواڵ (Channel 12 News)ی ئیسرائیلی دەڵێت کە ڕاوێژکارەکانی سەرۆکوەزیران هەوڵیان داوە میدیای ئیسرائیلی بە ڕاهێنان لەسەر ئەوە قایل بکەن کە “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تورکیا لەسەر خاکی سووریا، شتێک نییە ڕێگەی لێ بگیرێت.” ئەمە لەوانەیە وەک ڕێگەیەک بێت بۆ ئامادەکردنی ڕای گشتی. هەڵبەتە ئیسرائیل مەرج نییە ڕاستەوخۆ هێزە تورکییەکان بکاتە ئامانج، بەڵام ئەو هێزانە دەکاتە ئامانج کە تورکیا ئامادەی کردوون و ڕاهێنانیان پێ دەکات، بە ئامانجی دووبارە دروستکردنەوەی سوپای سووریا.

لە سەرەتای مانگی ئازاردا، باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق، لە ڕێگەی هاوپێچی سەربازی (ملحق عسکری)، “لیوا عەقید حسێن گۆز”، دانی نا بە بوونی هاوپەیمانیی سەربازی لەگەڵ سووریا و جەختی لە “هاوکاریی سەربازیی نێوان هەردوو لا کردەوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئەلجەزیرە نێت لە سەرچاوەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە دەستی کەوتووە، پێشبینی دەکرێت بنکەی سەربازیی هاوبەش لە نێوان سوپای تورکیا و سووریا لە چەند ناوچەیەکی سووریا دابمەزرێن؛ دیارترینیان فڕۆکەخانەکانی مێناغ، دێرەزۆر، تی ٤ و پاڵمیرایە. ئەو شوێنانە بۆ ئۆپەراسیۆنی مەشق و ڕاهێنان و پەرەپێدان بۆ هێزەکانی سووریا دیاری دەکرێن؛ ئەمەیش بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو لا. ئەمە ئەوە دەردەخات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دوایییەی ئیسرائیل لە سووریا، هۆشدارییەکی پێشوەختە بن لە دژی ئەم جۆرە هەنگاوانەی تورکیا. سەرچاوە سەربازییەکان لە دیمەشق، بەدوور ناگرن کە شوێنە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیادا جێگیرکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لەخۆ بگرێت، وەک ئەوەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی لیبیا لە ڕۆژاوای وڵاتەکەدا دەیکات.

بێجگە لەوەیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەنقەرە هەوڵ دەدات سوپای نوێی سووریا بخاتە ناو هاوپەیمانییەکی ناوچەییی چوارقۆڵییەوە کە سووریا و ئوردن و عێراقیش لەخۆ دەگرێت. پێشبینی دەکرێت ئەم هاوپەیمانییە تایبەت بێت بە شەڕی دژی داعش؛ هاوتەریب لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە خواستی ئیدارەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی لە سووریا.

لە هەفتەی دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ ڕاهێنانی سەربازی بە ئیدارەی نوێی سووریا ڕاگەیاند، ئەگەر بیەوێت. لە ٢٠ی ئازاردا سوپای تورکیا کاروانێکی سەربازیی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی مێناغ لە باکووری شاری حەلەب کرد. پێشبینی دەکرێت ئەم فڕۆکەخانەیە ببێتە یەکەم بنکەی هاوبەشی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق؛ تا ئەو ئاستەی لە مانگی کانوونی دووەمدا، کۆمیتەیەکی نهێنیی تایبەت بە حکوومەتی ئیسرائیل بە ناوی کۆمیتە/لیژنەی ناگل (Nagel Committee Report) ئاگادارییەکی ڕوون و ئاشکرای دا لەسەر هاوپەیمانیی تورکیا و سووریا. ڕاپۆرتی لیژنەکە کە ١٣٠ لاپەڕە بوو، (تەنیا بەشێکی بڵاو کرایەوە)، داوای لە نەتانیاهۆ کرد کە خۆی بۆ جەنگێکی شاراوە لەگەڵ تورکیا لە سووریا ئامادە بکات. ڕاپۆرتەکە باسی لەوە دەکرد کە ڕژێمێکی پشتگیریکراو لەلایەن تورکیاوە لە دیمەشق دادەمەزرێت كە “مەترسییەکی نوێ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دروست دەکات؛ لەوانەیە مەترسییەکەی لە مەترسیی “ئێران”یش زیاتر بێت کە ئیسرائیلی بۆ چەندان ساڵ سەرقاڵ کرد.”  کۆمیتەکە لە کۆتاییدا ڕای گەیاند کە ئیسرائیل پێویستیی خێرای بە بەهێزکردنی ئاستی سەربازی لە باکوور و دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی وەک ڕووسیا هەیە بۆ ڕێگرتن لەو هەوڵەی تورکیا. ڕاپۆرتی لیژنەکە سەبارەت بە بوودجەی بەرگری و ئەمنیی ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل دەبێت خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا ئامادە بکات. هۆشدارییش دەدات لەوەی کە تەماحەکانی تورکیا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و میراتی عوسمانییەکان، دوور نییە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئەگەری هەیە بەرەو ململانێ پەرە بستێنێت.

بەپێی ئەو بڕگانەی لە ڕۆژنامەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کراونەتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “هەڕەشەی سووریا دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە پرسێکی مەترسیدارتر لە هەڕەشەی ئێران.” راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە هێزەکانی سەر بە تورکیا دەتوانن وەک هێزی پڕۆکسی مامەڵە بکەن؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ناسەقامگیریی ناوچەکە، بەتایبەتیش بۆ ئاسایشی ئیسرائیل. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە لە دەرکەوتنی مەترسییەکانی هێزێکی توندڕەوی جیهادیی سوننە لە سنووری ئوردن، کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری هاندان و سەرهەڵدانی گرووپە چەکدارەکان لە شانشینی ئوردن، کە زۆر جار تێ دەکۆشن بۆ ئاڵۆزکردنی نائارامییەکانی فەڵەستین. هەڵبەتە تێکچوونی ئاسایشی ئوردن دواجار دەبێتە مەترسی بۆ ئیسرائیل.

بێجگە لەو پرسانەی ئاماژەمان پێ دان، لیژنەکە پێشنیاری زیادکردنی بوودجەی ساڵانەی بەرگریی ئیسرائیلی كردووە تا ١٥ ملیار نیس (NIS)  بە درێژاییی ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) کەلوپەلی پێویستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی تورکیا و، هەروەها هەڕەشەکانی دیکەی ناوچەکەیش هەیە.

لیژنەی ناگل دەڵیت: دەبێت ئاستی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ 70% بەرز بکرێتەوە؛ هی بەرگرییش بە ڕێژەی 30%. بۆ بەدیهێنانی ئەمە و دابینکردنی پێداویستییە گەورەکانی دەستبەجێی بەردەوامی IDF، ناگل پێشنیاری زیادکردنی نۆ ملیار شیکلی کرد بۆ بوودجەی ساڵی 2025 و هێشتنەوەی ئەم زیادەیە تا نزیکەی ساڵی 2030.

سەرەڕای پەیوەندییە باشەکانی پێشووی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری ئەوە کراوە کە ئیسرائیل ستراتیژێک پەیڕەو بکات کە بتوانێت بەتەنیا بەرگری لە خۆی بکات بەبێ هیچ هاوکارییەکی دەرەکی. بەم پێیە لیژنەکە پێشنیاری کردووە کە ئیسرائیل دەست بکات بە بنیاتنانی هێز و چەکی پێویست بۆ ئەوەی بتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران و بەتەنیا بەرگەی جەنگێک لەگەڵ تورکیا بگرێت؛ واتا بەرزکردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی سوپای ئیسرائیل و ئامادەکردنی بۆ هێرشی لەناکاو.

نەتانیاهۆ دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کرد: “ئێمە شاهیدی گۆڕانکاریی بنەڕەتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئێران هەمیشە گەورەترین مەترسی بووە بۆ سەر ئێمە، بەڵام هێزی نوێ دێنە ناو گۆڕەپانەکە؛ دەبێت ئامادە بین بۆ پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکان. ئەم ڕاپۆرتە نەخشەڕێگەیەکمان بۆ دابین دەکات بۆ داهاتووی ئیسرائیل”.

شایەنی باسە، ڕاپۆرتی ئەم لیژنەیە کاریگەری و ڕەنگدانەوەی زۆری هەڵوێست و سیاسەتی ئێستای “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان”ە لە ناوچەکەدا، کە ئێستا نوخبەی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل بە دوژمنایەتی و مەترسی دەبینن بۆ بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی دەوڵەتی عیبری لە ناوچەکەدا. لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، تورکیا خەریکە دەچێتە حساباتی هەڵسەنگاندنی “درێژخایەنی” ئیسرائیلییەوە؛ بەو پێیەی پێشتر و بەردەوام، تەلئەبیب بە لۆژیکی سوودی کورتخایەن (منطق المنافع قصيرة الأمد) مامەڵەی لەگەڵ تورکیادا کردووە؛ لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە تورکیا تاکە وڵاتی موسڵمانە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵە پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەبێ بوونی کێشەی ئایینی یان هەستی نەتەوەیی. پێ دەچێت – بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەکە – ئەم سەردەمەی بیرکردنەوەی ئیسرائیل کە ڕوانگەی کورتخایەنی هەبوو بەرامبەر تورکیا، بە نەمانی ڕژێمی ئەسەد بەرەو کۆتایی بچێت. ڕاپۆرتەکە وای دەبینێت کە لەوەتەی ئەردۆغان هاتووە، تورکیا چیتر وەک ئەو هاوپەیمانەی جاران نەماوە؛ بەتایبەت کاتێک بە لۆژیکی بەرژەوەندیی “درێژخایەن” سەیری تورکیا بکەین، دەبینین تورکیا وەک هەڕەشەیەک وایە کە هیچی کەمتر نییە لە هەڕەشەی ئێران.

لێکەوتە هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکان

بارگرژی و ڕکابەریی ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. جیاواز لە شەڕە نهێنییەکانی پێشووی ئیسرائیل لە سووریا دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دوو وڵاتی بەهێز لەخۆ دەگرێت کە هاوپەیمانی ڕۆژاوان؛ لە هەمان کاتدا سەرئێشە بۆ ناتۆ و ئەمریکاش دروست دەکات. تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل، کە لە ناتۆ نییە بەڵام هاوپەیمانی گەورەترین هێزی ناتۆیە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانە، ئەمە واشنتۆن دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆز. تا ئێستا، ئەمریکییەکان بەوریایی هەڵسوکەوتیان كردووە؛ پشتگیریی مافەکانی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن و هێرشکردن بۆ سەر “ئامانجە تیرۆریستییەکان” لە سووریا دەکەن، بەڵام خۆیان نەکردۆتە تەرەف لە گرژییەکانی هەردوو لا.

دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان دەترسن کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا دواجار ئارامییە ڕێژەیییەکەی ئێستای سووریا تێک بدات و سەر بکێشێت بۆ قەیرانێکی هەرێمیی فراوانتر؛ چونکە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی سووریا، دووەم هێزی گەورەی ناتۆ (تورکیا) دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەهێزترین هێزی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئیسرائیل). بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا لە پشت دەرگە داخراوەکانەوە، کار دەکەن بۆ ڕێگرتن لە پێکدادانی سەربازی؛ هەرچەندە هەندێکیان لە پشتگیری، دابەش بوون بەسەر ئەو دوو هێزە. بۆ نموونە، فەرەنسا و یۆنان بەناڕاستەوخۆ پشتگیری لە مامەڵەی توندی ئیسرائیل لە بەرامبەر تورکیا دەکەن، لە کاتێکدا هەندێک وڵاتی تری ناتۆ (وەک ئەڵمانیا) ئامۆژگاریی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان دەکەن.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەکرێت کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناتۆش هەبێت. وەک بەرپرسێکی ناتۆ دەڵێت: “ئەم قەیرانە نوێیە دەبێتە کێشەیەکی سیاسیی ئاڵۆز بۆ ناتۆ: دوو هاوپەیمانی گرنگمان لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن.” هەرچەندە تا ئێستا، ناتۆ وەک دامەزراوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کێشەی سووریا بەشدار نەبووە، بەڵام هاوپەیمانییەکە بەچاودێرییەوە سەیری ڕووداوەکان دەکات.

لە ئاستی وڵاتانی عەرەبییش، شەڕ لەگەڵ تورکیا، دەکرێت نزیکبوونەوەی نوێی ئیسرائیل لەگەڵ هەندێک وڵاتی زۆرینەی موسڵمان تێک بدات. بەپێچەوانەوە، دەکرێت هەماهەنگیی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانی وەک میسر، ئیمارات و، عەرەبستانی سعوودی بەهێز بکات کە جۆرێک لە ناکۆکییان هەیە لەگەڵ تورکیا. بەتایبەتی ڕووسیا – کە تا ساڵی پار سەرەکیترین هێزی بیانی بوو لە سووریا –، بەڵام ئێستا لەناو هاوکێشەکەدا نییە، بەڵام دەکرێت دووبارە خۆی وەک نێوەندێکی جێگیرکەر دەربخات؛ بەتایبەت کە ئیسرائیل داواکارییەکی وای لە ڕووسیا کردووە کە بنکە سەربازییەکانیان لە سووریا بهێڵنەوە، چونکە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، ئیسرائیل ناچارە خۆی بێتە ناو گۆڕەپانی سووریا؛ کە ئەمەیش تێچووی سەربازی و سیاسی و ئابووریی زۆری دەبێت بۆ وڵاتێکی بچووکی وەک ئیسرائیل و، ناتوانێت لە چەندان بەرەدا شەڕ بکات. تا ئەو ئاستەی، ئیسرائیل پشتگیری لە مانەوەی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا دەکات لە سووریا. ئەمە نیشانەی گۆڕانکارییەکی دیارە. ئیسرائیل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا هاوڕایە لەسەر سووریا و، تەنانەت باکی بە گەڕانەوەی سنوورداری ئێرانیش نییە لە سووریا؛ تا ئەو ڕاددەیەی کە دەسەڵاتی تورکیا سنووردار بکات.

ڕۆڵی ئەمریکا چی دەبێت؟

شایەنی باسە تا ئێستا ئەمریکا وەک پێویست خۆی لە کێشەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا هەڵنەقورتاندووە. تورکیا دەیزانی، سەرەتا پێویستە پرسی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ ئەمریکا یەکلا بکاتەوە  بۆ ئەوەی بپرژێتە سەر کێشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هەر بۆیەیش ڕازی بوو بە ڕێکكەوتنی شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە زیاتر لە چاوپۆشییەکی کاتی دەچێت، تا چارەسەری پرسی کورد لە سووریا. دوا بە دوای گفتوگۆی ئەم دوایییەی نێوان ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ و، سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەمریکا، خەریکە نەخشەی سیاسەتی نوێی واشنتۆن بەرامبەر بە سووریا ڕوونتر دەبێتەوە، لەوانەیش: چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک SDF و PKK، هەروەها بێدەنگیی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئەنقەرە.

تورکیا دەیەوێت باوەر بە ئەمریکا بێنێت کە سەقامگیریی سووریا پەیوەستە بە کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا؛ هەروەها کۆدەنگییەکی تورکیا-ئەمریکی دەتوانێت هاوکێشەی ناوچەکە بگۆڕێت. بەڵام، ئیسرائیل هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەرەسەندنی سەربازی و میدیایییەوە ئاستەنگ لە بەردەم ئەم نزیکبوونەوەیە دروست بکات؛ لەنێویاندا دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگری سەبارەت بە بوونی تورکیا لە سووریا. سەردانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ واشنتۆن، بۆ تاوتوێکردنی سزاکان و پرسەکانی سووریا و غەززە، وەک ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ. ئیسرائیل چانسی باشی هەیە کە دۆستی زۆری هەیە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا، بەڵام سەبارەت بە ترەمپ، سووریا هیچ گرنگییەکی وای نییە تا ئامادە بێت شەڕی لەسەر بکات.

کۆتایی

سووریای دوای ئەسەد، ئەوەندەی دەرفەت بوو بۆ ئیسرائیل، ئەوەندەیش هەڕەشەیە لە ئێستادا، چونکە بە هیچ پێوەرێک ئیسرائیل دڵنیا نییە لەوەی سووریای ئەحمەد شەرع دوژمنی ئاییندەی ئیسرائیل نابێت، یان پشتگیریی فەڵەستین و دژایەتیی ئیسرائیل ناکات. ستراتیژیی ئیسرائیل ئەوەیە سووریا لاواز و دابەش بێت بەسەر جۆرێک لە نامەرکەزی، یان فیدرالیزم؛ بە جۆرێک کە دەسەڵاتی ناوەند لەو ئاستە نەبێت هەڕەشە بۆ ئیسرائیل دروست بکات؛ بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە ئیسرائیل پشت بە ئیدارەی نوێی ترەمپ و پێکهاتەکانی تری سووریا، بەتایبەتیش کورد و درووز و عەلەوییەکان، دەبەستێت. ئەم ستراتیژییەی ئیسرائیل تەواو دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیایە.

هەرچی ئەردۆغانە دەیەوێت سووریا وەک ناوچەیەکی کاریگەر ( sphere of influence)ی خۆی بۆ فراوانکردنی هێزی هەرێمیی تورکیا بەکار بهێنێت. بۆ ئەمەیش کار دەکات بۆ ئەوەی کارتەکانی دەست ئیسرائیل بکوژێت؛ واتا پاڵپشتیی ئەمریکا و کەمینەکانی سووریا و ئەگەری گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ سووریا. ئەردۆغان لە هەرسێ ئاستدا کار دەکات، بەتایبەت لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هەرێمیی جێگرەوە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات، كە سەری ڕمی ئەو هاپەیمانییەن، کۆتاییی پێ بهێنێت. ئەمانە هەمووی ئەگەری بەریەکەوتنی تورکیا و ئیسرائیل خێراتر دەکەن، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا چارەسەرێک بۆ دڵنیاییدان بە ئیسرائیل نەدۆزنەوە.

بە پشتبەستن بەو شرۆڤەیە، هێشتا پرسی سووریای دوای ئەسەد لە مەترسی و قەیرانێکی تری هەرێمی ڕزگاری نەبووە. تورکیا و دەسەڵاتی نوێی سووریا دەیانەوێت بەخێرایی شەرعییەتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتی نوێی سووریا دروست بکەن، بەڵام ئەمە بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە و، چارەسەرێکی ئاڵۆزی پێویستە بۆ ئەوەی سووریای نوێ دروست بکرێتەوە.

 

سەرچاوەکان:

 

  1. Fawcett, L. (2011). ‘Regional Leadership? Understanding Power and Transformation in the Middle East’. In N. Godehardt & D. Nabers (Eds.), Regional Powers and Regional Orders (pp. 155–172). Routledge.
  2. Kappel, R. (2015). ‘Israel: The Partial Regional Power in the Middle East’. In: Godehardt, N. and Nabers, D. (eds.) Regional Powers and Regional Orders. Palgrave Macmillan, pp. 145–161. Available at: https://link.springer.com/chapter/10.1057/9781137484758_8 [Accessed 29 Mar. 2025].
  3. Kappel, R. (2011). On the Economics of Regional Powers: Theory and Empirical Results. GIGA Working Paper No. 145. German Institute of Global and Area Studies (GIGA). Available at: https://www.files.ethz.ch/isn/121210/wp145_kappel.pdf. [Accessed 29 Mar. 2025].
  4. CNN, 2024. (September 29, 2024) Israel’s War with Lebanon: History and Consequences. Available at: https://edition.cnn.com/2024/09/29/middleeast/israel-war-lebanon-history-consequences-wedeman-intl/index.html [Accessed 29 Mar. 2025].
  5. The Kyiv Independent, (March 1, 2025). Israel Wants the US to Keep Syria Weak by Allowing Russian Bases, Sources Say. Available at: https://kyivindependent.com/israel-wants-us-to-keep-syria-weak-by-allowing-russian-bases-sources-tell-reuters/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  6. ATS, (March 10, 2025). The Nagel Committee Report: Evolving Israel’s Defense Strategy. Available at: https://ats.org/our-impact/the-nagel-committee-report-evolving-israels-defense-strategy/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  7. Associated Press (AP), (March 15, 2025). Turkey and Israel: Rising Tensions in Syria. Available at: https://apnews.com/article/turkey-israel-rising-tensions-syria-1e9f9e9d27517162a6559b1313bcb4e6 [Accessed 29 Mar. 2025].
  8. Medya News, (March 24, 2025). Israel and Turkey on Collision Course in Syria after Palmyra Airstrikes. Available at: https://medyanews.net/israel-and-turkey-on-collision-course-in-syria-after-palmyra-airstrikes/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  9. TurkPress, (March 25, 2025). Turkey’s Growing Influence in the Region. Available at: https://www.turkpress.co/node/105028 [Accessed 29 Mar. 2025].
  10. Moment Magazine, (March 26 2025). Turkey: An Emerging Enemy of Israel? Available at: https://momentmag.com/turkey-emerging-enemy-israel/ [Accessed 29 Mar. 2025].
  11. MSN News, (March 26, 2025). Israel and Turkey May Attack Each Other Due to This Country – It’s Not Lebanon or Gaza. Available at: https://www.msn.com/en-in/news/world/israel-and-turkey-may-attack-each-other-due-to-this-country-its-not-lebanon-or-gaza-the-name-is/ar-AA1BFFDL [Accessed 29 Mar. 2025].
  12. TurkPress, (March 26, 2025). Turkey’s Expanding Role in Syria and Its Regional Implications. Available at: https://www.turkpress.co/node/105040 [Accessed 29 Mar. 2025].
  13. JNS, (March 27 2025). Turkey’s Expansionism in Syria Creates New Challenges for Israel. Available at: https://www.jns.org/turkeys-expansionism-in-syria-creates-new-challenges-for-israel/ [Accessed 29 Mar. 2025].



هەڵسەنگاندنی سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆڕبەندنی ئاسایشی میونشن

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

دیدار و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆنفرانسی میونشن و کۆڕبەندی داڤۆس، ئەنتاڵیا و…، سەکۆیەکی گرنگن بۆ گفتوگۆگردن لەگەڵ کاراکتەرە سەرەکییەکانی وڵاتان و داڕێژەرانی بڕیاری سیاسی لە ناوچەکە و جیهاندا؛ بەتایبەت بۆ قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان ئەو دیدارنە زۆرتریش پێویستن، چونکە هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی زۆر لە ڕووی سیاسی، ئابووری و مۆڕاڵییەوە پشت بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی دەبەستێت. هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێویستیی بە ئامادەبوون لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا هەیە. ئەم دیدارانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەموو ئەو ئامانجانەی پێکا کە هەرێمێکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان دەتوانێت بیکات؛  بەتایبەت کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستووری و باڵادەستیی سیاسییشەوە ئەو ڕێگەیەمان پێ نەدراوە کە هاوشێوەی دەوڵەتێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جووڵە و چالاکیی دیپلۆماسی و ئابووری بكەین.

بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە (٦١)ەمین کۆنفرانسی میونشن و ئەنجامدانی زیاتر لە ٣٠ کۆبوونەوە و دیداری جیاواز لە ئاستی وڵاتانی زلهێز و هەرێمی و ناوەندە ئاسایشییەکان، دەتوانێت لە ئێستا و ئاییندەیشدا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبێت، کە دەتوانین لەو چەند ئاستەی خوارەوەدا بیانخەینە ڕوو:

١. لە بواری پەیوەندیی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی

   – پێشخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: بەشداریکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و کۆڕبەندە جیهانییەکان شان بە شانی دەوڵەت و هێزە گەورە و هەرێمییەکان، دەتوانێت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهێزتر بکات و ڕۆڵی هەرێم وەک یەکەیەکی سیاسی و ئابووری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت. لە ئاستی دیپلۆماسی، پێشوازیی نێودەوڵەتی و مامەڵەی هێزە سیاسییەکانی جیهان هەمیشە گرنگە بۆ ئەوەی لە سیستەمی هەرێمیدا وڵاتان حسابت بۆ بکەن، چونکە مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر مامەڵەی هێزەکانی تری ناوچەکەیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێم هەمیشە گرنگی بەو بوارانە دەدات و ئامانجی ئەوەیە هەرێمی کوردستان پێگە و ڕۆڵی سیاسیی لە ئاستی دەوڵەتاندا بمێنێتەوە.  

   – پشتگیریی نێودەوڵەتی: ئەم کۆبوونەوانە دەرفەتێکن بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کورد و پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووری. بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەوەی بێتە عێراق بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر، هەروەها دیدار لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بریتانیا، فەڕەنسا، تورکیا و سووریا، سەرۆکی بولگاریا، سەرۆکوەزیرانەکانی هۆڵەندا و ئەرمینیا، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە، هەمووی دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە. ئینجا لە هەموویشی گرنگتر ئەو پشتگیرییە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە بەڵکوو بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش بووە، بەتایبەت ئەمساڵ سەرۆکی هەرێم  چاوی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان و باکووری کوردستانیش بوو و، بەئاشکرا وتی “کاری لەپێشینەی ئێمە لە سووریا ئەوە بووە چۆن برایانمان لەوێ بپارێزین. لەوەیشدا سەرکەوتوو بووین. تورکیاش لەوەدا یارمەتیدەر بووە.”

بە هەمان شێوەی پرسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەمانە لە ڕاستیدا پێشڤەچوونی گرنگن لە ئاستی دیپلۆماسیدا، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن پرسی بەشەکانی تری کوردستانیش بخاتە ئەجێندای خۆیەوە. ئەمە نێچیرڤان بارزانی داهێنەری ئەو دیپلۆماسییەتە بووە. بە واتایەکی تر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هەرێمی کوردستان وەک ناوەندی پرسی کورد لە جیهان و ناوچەکەدا سەیر بکرێت.

٢.  گەشەپێدانی ئابووری:

   – هاندانی وەبەرهێنان: بەشداریکردن لە کۆنفرانسی میونشن دەرفەتێکە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و داوەتکردنی کۆمپانیا و پیاوانی کار بۆ هەرێمی کوردستان. ئامادەییی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا، دەکرێت هاندەر و “مارکێتینگ”ێک بێت بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشێت؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی تەنیا چاوی لەسەر عێراق نەبێت و هەرێمی کوردستانیش ببینێت وەک قەوارەیەکی سیاسی و ئابووریی گەشەکردوو لە عێراقدا.

   – پەرەپێدانی پیشەسازی و بازرگانی: ئامادەییی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم کۆنفرانسەدا، دەتوانێت وەک مارکێتینگ و متمانەیەک بێت بۆ ڕەخساندنی هەلی گەشەپێدانی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت لە بواری نەوت و وزە و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ. ئەم ئامادەیییە سیاسی و دیپلۆماسییە، بێ گومان کاریگەریی لەسەر ڕوانگە و متمانەی کۆمپانیا پیشەسازی و بازرگانییەکان دەبێت لە هەمبەر هەرێمی کوردستان.

٣. پاڵپشتی لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی:

هەرێمی کوردستان، سەڕەرای سنوورداریی پێگە سیاسییەکەی، بەڵام بەشدارێکی سەرەکی بووە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا. ئەم بەشدارییەیش لە ڕێگەی هێزە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکانەوە بووە؛  بەڵام ئەو بەشداربوونە بەتەنیا بەس نییە ئەگەر پیشانی جیهان نەدرێت و لە سەکۆ جیهانییەکان هاوبەشیی پێ نەکرێت. نێچیرڤان بارزانی لەو سۆنگەیەوە بە بەشداری لەگەڵ سەرکردەکانی وەک ئەمریکا، بریتانیا، فەڕەنسا، ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ویستی بە جیهان بڵێت کە ئێمە وەک کورد بەشێک بووین لە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان. ئەمەیش دەتوانێت لە دوو ئاستدا وەبەرەهێنانی پێوە بکرێت.

   – هاوکارییە ئەمنییەکان: بەشداریکردن لەکۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و هاوکاری لە بواری سەربازی، بەتایبەتی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان بەهێزتر بکات؛ کە ئەمەیش دەتوانێت ببێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا. بۆیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە زۆربەی کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پێویستە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکرێت لە دژی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، بەتایبەتیش کە داعش تا ئێستایش مەترسیی سەرەکییە. هەر بەم بۆنەیەیشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریکا کرد کە هێزەکانیان لە عێراق و سووریا نەکشێننەوە؛ ئەمە لە ڕاستیدا گەورەترین پشتیوانییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.

   – ڕێگەگرتن لە ناکۆکییەکانی ناوچەکە: پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە ڕێگەگرتن لە ناکۆکییەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی. سەرۆک نێچیرڤان ئەم کۆنفرانسەی بە دەرفەت بینی بۆ پاراستن لە بەرژەوەندییەکانی پرسی کورد لە سووریا و تورکیا، کاتێک بەڕاشکاوی وتی: “ئێمە لە سووریا فاکتەری سەقامگیری دەبین و داوا لە برا کوردەکانمان دەکەین خۆیان بە خاوەنی سووریای نوێ بزانن.” هەروەها لەبارەی باکووری کوردستانیش وتی: ” لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی ئەم پرۆسەیەمان کردووە و، هەست دەکەم تورکیا زۆر بەجددی هەوڵ دەدات ئەم پرۆسەیەی ئاشتی بەڕێوە ببات؛ پێویستە ئەم کێشەیە لە ڕووی سیاسییەوە بەئاشتی چارەسەر بکرێت. هیوادارین پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.”

 ئەم پەیامانە هەمووی دەچنە قاڵبی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتیش کێشەی گەلی کورد لە ناوچەکەدا. بەتایبەت بارزانی بەئاشکرا وتی کە “کاری لەپێشینەی ئێمە لە سووریا ئەوە بووە، چۆن برایانمان لەوێ بپارێزین. لەوەیشدا سەرکەوتوو بووین.”

٤.  لە ئاستی کەلتووری و بەها مرۆیییەکان:

   – ناساندنی کەلتووری کوردی: بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان ئەگەرچی بەزۆری پەیامی سیاسی و دیپلۆماسیی هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، دەکرێت دەروازەیەکیش بێت بۆ ناساندنی کەلتووری کوردی و مێژووی کوردستان بە جیهان؛ کە ئەمەیش دەتوانێت ببێتە هۆی زیاتر ناسراویی پرسی کورد و مێژووی کوردستان. ئەم بوارە تا ئێستا وەک پێویست گرنگیی پێ نەدراوە، بەڵام دەکرێت لە ئاییندەدا کاری باشتری لەسەر بکرێت.

   – پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ: ئەم کۆبوونەوانە دەتوانن دەرفەتێک بن بۆ پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی ئافرەت و منداڵان و، هەروەها ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان و بواری کۆمەڵگەی مەدەنی کە هەرێمی کوردستان پێویستیی زۆری پێیەتی. ئەم پرسانە بەشێکن لە ڕوانگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پرۆسەی حوکمڕانی و دەوڵەتداری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیشدا.

٥.  کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە ناوخۆیییەکان:

   – پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا: بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان دەتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق باشتر بکات و دەلیڤەی زیاتر بکاتەوە کە بۆ گفتوگۆی نێوانیان هاندەر بێت. ئامادەییی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن و ئەنجامدانی ئەو هەموو دیدار و پەیوەندییە دیپلۆماسییە، بێ گومان ئەو ڕووە پیشانی عێراق دەدات کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی دیپلۆماسیی هەیە و وڵاتان مامەڵەی لەگەل دەکەن، بەتایبەت کە سەرۆک نێچیرڤان زۆر بەئەرێنییەوە باسی پەیوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و وتی، پەیوەندییەکانی هەردوو لا لە دۆخێکی زۆر باشدایە، نەک دەرگەی ناکۆکی بەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو لادا بکاتەوە.

   – پشتگیریی ناوخۆیی: ئەم کۆبوونەوانە دەتوانن پشتگیریی ناوخۆیی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن، بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. بەشداریی سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لە ئاستی ناوەخۆییشدا ئەو پەیامە دەدات کە هەرێمی کوردستان و پرسی کورد پێگەیەکی باشی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا هەیە؛ بەتایبەت کە گوتاری سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی نیشتمانی و کوردانە بوو و، چاوی لەسەر یەکڕیزیی نیشتمانی بوو، دوور لە هەموو جیاکاری و ناکۆکییەكی حزبی لە ناوەخۆدا. نێچیرڤان بارزانی لەو کۆنفڕانسەدا، توانیی نوێنەرایەتیی هەموو هەرێمی کوردستان بکات.

بەکورتی؛ بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەتایبەتیش کۆنفرانسی ئەمساڵ (٢٠٢٥)، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبێت، لە ڕووی سیاسی، ئابووری، ئاشتی، کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە. ئەمە دەتوانێت هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی گرنگ لە ناوچەکە پیشان بدات؛ بە جۆرێک کە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادە بن مامەڵە و ڕاوێژی لەگەڵ بکەن. ئەم ئامادەیییە جۆرێکە لە “مارکێتینگ” و “لۆبیکردن” بۆ هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە ناوچەکەدا. ئەمە کەم نییە بۆ قەوارەیەکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕتەنگژە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بتوانێت سەرنجی هێزە سەرەکییەکانی جیهان بۆ خۆی ڕابکێشێت. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە بۆ ئێستا و ئاییندەی پێگەی هەرێمی کوردستان، زێدە پێویستن.




پاڵپشتیی مەرجدار: ستراتیژیی وڵاتانی کەنداو بۆ سووریای دوای ئەسەد

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە چەند مانگێک، هەوڵێک هەبوو لەلایەن ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (بەتایبەت سعوودیا و ئیماڕات) کە ڕژێمی ئەسەد بگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاساییی خۆی؛ بۆ ئەمەیش ڕێگە درا، دیمەشق وەک میوان بەشداری لە لووتکەی کۆبوونەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری جەددە لە سعوودیا (مایسی ٢٠٢٣) بکات، بەڵام بە مەرجێک سووریا هەندێک پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران بکات[1].  ئەمەیش زیاتر لە پێناو ئەوە بوو کە لە لایەک سووریا لە چنگی هەژموونی ئێران ڕزگار بکەن و لە لایەکی تریش لە گوشارەکانی تورکیا، لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی. بەڵام ئەم هەوڵە وای کرد ئەسەد لە قەبارەی خۆی دەربچێت و بە شێوەیەک ڕەفتار بکات وەک ئەوەی مەترسی لەسەر ڕووخانی ڕژێمەکەی نەمابێت.

لە ساڵی ٢٠٢٣ تا کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ڕۆژ بە ڕۆژ باوەری زیاتر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست دەبوو کە پێویستە مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ سووریا بکرێت و، وڵاتان هەوڵیان دەدا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە. بەڵام پاش ئەوەی تورکیا (بەئاگاداریی قەتەر) بێهیوا بوو کە ناتوانێت لەگەڵ ئەسەددا ڕێک بکەوێت، لەناکاو دەستی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا و میلیشیاکانی نزیک لە خۆی کردەوە کە تا دەتوانن بچنە پێشەوە. ئیتر بەم شێوەیە لە هەفتەیەکدا کۆتایی بە ڕژێمی ئەسەد هات.

بۆچی وڵاتانی کەنداو ویستیان ڕژێمی ئەسەد بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی؟

هەرچەندە لە ساتەوەختی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە میدیا و بەرپرسانی ڕۆژاوایی بەخێرایی لە حکوومەتی ڕاگوزەری نوێی سووریا نزیک بوونەوە، بەو هیوایەی سووریای نوێ فۆڕمێکی جیاوازتر لە دەسەڵاتی ئەسەد پێشکەش بکات، بەڵام پرسەکە بۆ وڵاتانی کەنداو جیاوازترە؛ ئەوان لە ڕوانگەی ئاسایشی خۆیان و سەقامگیریی سیستەمی سیاسی و ئیسلامی سیاسی سەیری سووریای نوێ دەکەن. هەرچەندە ئەستەمە گشت ئەو بوارانە بەیەکەوە ببەسترێنەوە، بەڵام نیگەرانیی وڵاتانی کەنداو ئەوەیە کە نەبوونی ئاسایش و ڕژێمێکی بارگاویکراو بە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی توندڕەو لە سووریادا، دەتوانێت ببێتە هۆی تەشەنەکردنی کێشەکان بۆ گشت ناوچەکە. وڵاتانی کەنداو ڕژێمێکیان دەوێت کە بەشێک بێت لە جیهانی عەڕەبی، نەک لە وابەستەییی ئێرانەوە ببێتە وابەستەی تورکیا؛ لە کۆتاییشدا بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بکات و لە چوارچێوەی ماڵی عەرەبی دەرنەچێت. بە مانەیەکی تر، وڵاتانی کەنداو هیچیان دیدگەیەكیان بۆ سووریایەکی لیبڕاڵ و دیموکراسی نییە [2].

وڵاتانی کەنداو نیگەران نەبوون بە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، چونکە ئەسەد تەنیا مایەی سەرئێشە و درستکردنی کێشە بوو بۆ وڵاتانی کەنداو؛ بەتایبەت کە ئەسەد هاوپەیمانێکی ئایدیۆلۆژی و بەهێزی ئێران بوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای کرد وڵاتانی کەنداو-بێجگە لە قەتەڕ- هەوڵی هەستانەوەی ڕژێمی ئەسەد بدەن، ترسان بوو لە تەشەنەکردنی دۆخی توندڕەویی ئیسلامی لە سووریا؛ بە جۆرێک کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەکانی کەنداو هەبێت و، سووریا ببێتە مەیدانێک بۆ کێشکردنی گەنجانی کەنداو بۆ جەنگی تائیفی و جیهادی. ئەمە لە کاتی بەهاری عەرەبی بەئاشکرا دیار بوو؛ ژمارەی کەنداوییەکان لەناو ڕیزەکانی داعش و هێزەکانی نوسرە و تەحریر شام، کەم نەبوون.

ترسان لە تەشەنەکردنی هەستی تائیفی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی جیهادی و دینامیکە تائیفییە ناوخۆیییەکان، بەتایبەت هەڕەشەی هەردوو ڕادیکالیزمی ئیسلامیی سوننە و شیعە لە وڵاتانی کەنداو، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتیش ئیمارات و سعوودیا، مەترسیی زۆریان هەبێت لە مانەوەی دۆخی سووریا وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو و تێکشکاو.

سعوودیا و ئیمارات پێشەنگ بوون لە هەوڵی کارکردن بۆ هەستاندنەوەی ڕژێمی ئەسەد؛ نەک لە دۆستایەتی بۆ ئەسەد بەڵکوو لە ترس لە مانەوەی ڕژێمەکەی بەشکستخواردوویی. بۆیە، سعوودیا بەرپرسێکی تایبەتی بۆ کاروباری سووریا دەستنیشان کرد و لە ساڵی 2024 باڵیۆزخانەی کردەوە، کەچی لە ساڵی 2012ەوە هیچ نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسیی نەبوو لە سووریا. لە هەمان ساڵدا، ئیماراتیش یەکەم باڵیۆزی خۆی لە سووریا دەستنیشان کرد .[3]

لە ٢٠٢٤ هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات سەرکردایەتیی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی ڕژێمی ئەسەدیان دەکرد. بەشار ئەسەد لە دوو لووتکەی کۆتاییدا لە کۆمکاری وڵاتانی عەڕەبی بەشداریی کرد؛ جگە لەوەیش ئیماڕات لە ساڵی 2022 لە سەردانێکدا میوانداریی ئەسەدی کرد. ئەمەیش لە دوای ٢٠١١ یەکەم سەردانی بوو بۆ وڵاتێکی عەرەبی.

ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەو ساتەوەختە تایبەتە لە کاتی خۆیدا بۆ ئاساییبوونەوە لەگەڵ ئەسەد، هاوکات بووبێت لەگەڵ ئەوەی کە لە هەمان کاتدا دانوستاندن هەبوو بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تاران. هەرچەندە جۆرێک لە هۆشیاری هەبوو لەلایەن ئیمارات و سعوودیا کە سووریا لەوانەیە لەبەر سەرقاڵیی ڕووسیا بە جەنگی ئۆکڕاینا و گوشارەکانی سەر بەرەی مقاوەمە، بەرەو لاوازبوون بچێت و، پێ دەچێت ئەم باوەڕە لای بەشار ئەسەدیش هەبووبێت؛ بۆیە لە کۆتایییەکانی تەمەنی ڕژێمەکەیدا پەنای بردە بەر وڵاتانی کەنداو.

کاریگەریی فاکتەری تورکیا و ئیسرائیل

تورکیا ڕۆڵیکی سەرەکیی بینی لە ڕووخاندنیی ڕژێمی ئەسەد و پاڵپشتیکردنی دەستەی تەحریر شام و ئەوەی پێی دەوترێت “سوپای نیشتمانیی سووریا”. ئەو ڕۆڵە نوێیەی تورکیا لە سووریا، ئەوەیە كە پێگەی خۆی لە بەرامبەر ئێران لە شوێنەکانی دیکەی وەک قەفقازی باشوور بەهێزتر دەکات؛ بەتابیەت کە تورکیا پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ ئازەربایجان هەیە، لە کاتێکدا ئێران پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەرمینیا هەیە. ئێران ئەو ڕۆڵە نوێیەی تورکیا لە سووریا وەک گورزێک لە بەرژەوەندییەکانی ئێران تێ دەگات. تورکیاش هەست بەو نیگەرانییەی ئێران دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات جۆرێک لە دڵنیایی بداتە ئێران کە ڕێگە نادات سووریای نوێ ببێتە مەترسی لەسەر ئێران؛ هەرچەندە ئەمە دادای ئێران نادات!

 لە سەرێکی تر هێشتا ئێران کارتی ماوە لە دژی تورکیا بیجووڵێنێت، بەتایبەت کارتی پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە فۆبیا (ترس)ی سەرەکیی تورکیایە لە سووریا. بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی دەزگەی میت، ئیبراهیم کاڵین، لە کۆتاییی هەفتەی ڕابردوودا (٨/٢/ ٢٠٢٥) لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، هەروەها عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، فەرماندەی ئاسایشی ئێران کە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە، دیداری تایبەتیان هەبوو. دوای ئەویش وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان، پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. پرسی پەکەکە و “تیرۆر” و دۆخی سووریا بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان بووە[4].

بێجگە لەوەیش ئەنقەرە ناتوانێت بەتەنیا قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا لە ئەستۆ بگرێت. بەبێ پشتیوانیی وڵاتانی کەنداو، ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەدانی دۆخی سیاسیی دوای ئەسەدیش بۆ تورکیا ئەستەم دەبێت. هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی کەنداو دەتوانێت هەم شەرعییەت و هەم سەرچاوە دارایییە پێویستەکان بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا دابین بکات. بۆیە تورکیا ناتوانێت بەبێ هاوکاریی وڵاتانی کەنداو ئیدارەی سووریا بدات.

لە نێوان وڵاتانی کەنداودا، ڕەنگە قەتەر زۆرترین کاریگەریی لەسەر سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق هەبێت، چونکە ڕۆڵێکی ناوەندیی بینیوە لە ئاسانکاریکردنی دانوستانەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، ڕووسیا و ئێران لە سەروبەندی کۆڕبەندی دۆحە، کە دواجار چارەنووسی ئەسەدی دیاری کرد[5].  لە کۆبوونەوەکانی دۆحە لەگەڵ شارەزایانی ئەنجومەنی ئەتڵەسی، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ڕووخانی ئەسەد لە ٨ی دێسەمبەردا، کەسایەتییە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانیی قەتەر، دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی بوون لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد. قەتەر تاکە وڵات بوو لە کەنداودا کە پێش ڕووخانی ئەسەد میوانداریی هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریای کرد و وەک تاکە نوێنەری شەرعیی سووریا دانی پێدا نا[6].

بە هەمان شێوەی تورکیا، ئیسرائیلیش دیسان کاریگەریی دەبێت لەسەر هەڵوێست و پێگەی وڵاتانی کەنداو لە سووریای نوێدا، بەتایبەت کە هەردووکیان هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکان. بۆیە وڵاتانی کەنداو شتێک ناکەن لە سووریا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بێت. ئیسرائیل ڕەنگە، ڕێبازێکی زۆر دەستوەردانگەرانە (interventionist)  لە سووریا پەیڕەو بکات. لە نێوان ٨ بۆ ١١ی کانوونی دووەمدا (٢٠٢٥) ئیسرائیل زیاتر لە ٤٠٠ جار هێرشی کردۆتە سەر سووریا و چەند ناوچەیەکیشی داگیر کردووە. هێرشەکانی ئیسرائیل لانی کەم لەسەدا ٨٠ی توانا سەربازییەکانی سووریای لەناو بردووە.

بۆ بەهێزکردنی هێزی ئیسرائیل لەو ناوچەیەی کە کێبڕکێی لەسەرە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە 15ی کانوونی دووەمدا ژمارەی سەربازانی ئیسرائیلی لە بەرزایییەکانی جۆلان، دووئەوەندە زیاد کرد.

سیاسەتی ئیمارات و سعوودیا بەرامبەر دەسەڵاتی نوێی سووریا

ڕووداوی ڕووخانی ئەسەد هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد. حکوومەتەکانی کەنداو پەرۆشی دۆخی سووریا بوون. سیاسەتی قەتەر، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، هاوتەریب بووە لەگەڵ سیاسەتەکانی پێشووی دۆحە بەرامبەر بە ڕژێمی ئەسەد و بزووتنەوە ئیسلامییەکان (بەتایبەتیش ئیخوانییەکان) لە جیهانی عەڕەبیدا. قەتەر بە جۆرێک لە جۆرەكان سیاسەتی سووریای خۆی لەگەڵ تورکیا تەریب کردووە، هەر بۆیەیش زوو هاتە سەرخەت بۆ مامەڵەکردن و پشتگیریکردن لە دەستەی تەحریر شام.

سەبارەت بە سعوودیا و ئیمارات، دوای ماوەیەکی کەم، ڕیاز سیاسەتێکی کراوەی بەرامبەر بە دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق پەیڕەو کرد. هەرچی ئیماراتە،  ئێستایش بە جۆرێک لە دوودڵییەوە مامەڵە لەگەڵ دیمەشق دەکات؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانییە لەمێژینەکانی سەبارەت بە ئیسلامی و ئیخوانییەکان. هەردوو حکوومەت هەنگاویان ناوە بۆ وازهێنان لە سیاسەتی لەمێژینەی دژەئیسلامییەکانیان و، ئێستا هەوڵ دەدەن سووریای نوێ لە خۆیان نزیک بکەنەوە؛ نیشانەکانی ئەم سیاسەتە نوێیە لە ماوەیەکی کەمدا دەرکەوت. سعوودیا یەکەم دەسپێشخەریی کرد بۆ کۆبوونەوەیەک لە ڕیاز لە ڕێگەی بانگهێشتکردنی وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبی، تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا. محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ “ئەحمەد شەرع” قسەی کرد. وەزیری دەرەوەی تازە دەستنیشانکراوی سووریا، ئەسعەد شیبانی، سەردانی هەردوو شاری ڕیاز و ئەبوزەبی و، هەروەها پایتەختەکانی دیکەی کەنداوی کرد.

لە کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس لە سویسرا، ئەلشیبانی کە ئاماژەی بە “سووریای نوێ” کرد، وتی ئیلهامەکەی لە دیدگەی سعوودیا بۆ ٢٠٣٠ وەرگرتووە. فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیا، ستایشەکەی گەڕاندەوە و ئاماژەی بە “گەشبینی کرد و ” ئەم دۆخەی وەک “دەرفەتێکی گەورە” وەسف کرد بۆ ئەوەی سووریا بە “ئاراستەیەکی ئەرێنی” بڕوات[7].

 ئەم گۆڕانە خێرایە وای کرد وڵاتانی کەنداو بەناچاری دۆخی نوێی سووریا قبووڵ بکەن. بەم شێوەیە لە ١٢ی کانوونی دووەمدا (٢٠٢٥)، بەحرێن، کە ئەمساڵ سەرۆکایەتیی کۆمکاری عەرەبی دەکات، لە ڕێگەی نامەیەکەوە بۆ سەرکردایەتیی نوێ لە سووریا، پشتیوانیی خۆی بۆ سووریای نوێ دەربڕی[8]. لە 14ی کانونی یەکەمدا، لیژنەی پەیوەندیی وەزاریی عەرەبی بۆ سووریا (کە دیپلۆماتکارانی عەرەبی، ڕۆژاوا و تورکیا لەخۆ دەگرێت) لە دیداری عەقەبە پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبیی بۆ قۆناغی گواستنەوەی سیاسیی سووریا لەژێر دەسەڵاتی کاتیی ئێستادا دەربڕی[9].  

بە هەمان شێوە دوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد، سعوودیاش “بەهێزترین پشتیوانی”ی بۆ گەلی سووریا دەربڕی  و ستایشی ئەو ڕێوشوێنانەی کرد کە سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق بۆ پاراستنی کەمینەکانی سووریا و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری دەیگرنە بەر. بێجگە لەوەیش شاندێکی سعوودی بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری دادگەی شاهانەی سعوودیا، لە 22ی کانوونی دووەم لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا کۆ بووەوە. تا ئاستێک  باس لەوە دەکرێت کە سعوودیا دەست بە دابینکردنی نەوت بۆ دیمەشق دەکات[10].

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، سعوودیا و ئیمارات بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە ڕاگوزەرەی سووریا دەکەن. ڕاستە، وڵاتانی کەنداو پێشوازی لە لاوازبوونی نفووزی ئێران لە سووریا دەکەن، بەڵام نیگەرانییەکی زۆریشیان هەیە هەم لە توانای ڕژێمی ئێستا و هەم لە دەستوەردانەکانی تورکیا و ئیسرائیل.

ڕەنگە گرنگترین بوار لە ئامانجی وڵاتانی کەنداو بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سووریا، پارەدارکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە بێت. کەنداو لەمێژە خەریکی بنیاتنانی ئەو هەوڵەیە لە ڕێگەی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کە بە “دیپلۆماسیی ڕزگارکردنی کەنداو” ( Gulf Bailout Diplomacy) ناسراوە؛ واتا هاوکاریکردنی بنیاتنانەوەی ڕژێمەکان/ دەوڵەتەکان. لەم سۆنگەیەوە کەنداو ئامادەیە لە چەند بواری جیاوازەوە لە دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سووریا وەبەرهێنان بکات[11]. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە کە قەتەر ئامادەییی خۆی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە سەرەکییەکاندا دەربڕیوە، لەوانە: وزە و ژێرخانی بەندەرەکان[12]. هەروەها وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە دەربڕینی ئامادەییی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هاووڵاتیانی سووریا بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی زێدی خۆیان؛ بەحرێن سەرکردایەتیی ئەو جۆرە هەوڵانە دەکات، بەتایبەت دوای سەردانی سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی ستراتیژیی بەحرێن بۆ دیمەشق[13]. بەڵام لەگەڵ ئەوەیش، وڵاتانی کەنداو ڕەچاوی کاریگەریی پێشهاتەکانی سووریا لەسەر سیاسەتی ناوخۆی خۆیان دەکەن. هەردوو وڵاتی ئیمارات و کوێت میوانداریی ژمارەیەکی بەرچاوی ڕەوەندی سووریا دەکەن. کوێت هەر زوو زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە دژی پەنابارانی سووریا لێ دا، کاتێک ڕۆژێک دوای کەوتنی ئەسەد بەشداریی ڕێپێوانە شادییەکانی کەوتنی ڕژێمی ئەسەدیان کرد[14]. وەزارەتی ناوخۆی کوێت هۆشداریی لە تۆڵەسەندنەوە لەو جۆرە کارانە دەرکرد. سعوودیا، کوێت و بەحرێن، بەڵام بەتایبەتی بەحرێن، نیگەرانی سەلامەتیی دانیشتووانی شیعەی خۆیان دەبن کە بۆ سەردانی ئایینی بۆ مزگەوتی سەیدە زەینەب و شوێنە پیرۆزەکانی دیکەی شیعە گەشت دەکەن. دوای کەوتنی ئەسەد  گەشتیاری نێوان وڵاتانی کەنداو و سووریا لەو جۆرە سەردانانە زیاتر دەبێت[15].

بۆچی ئەم گۆڕانە خێرایە لە سیاسەتی وڵاتانی کەنداو ڕووی دا؟

چەند فاکتەرێک هەن، دەکرێت وەک هۆکاری سەرەکی سەیر بکرێن لە گۆڕینی خێراییی سیاسەتی وڵاتانی کەنداو لە بەرامبەر سووریای دوای ئەسەد:

یەکەم/ هەر یەکە لە ئیمارات و سعوودیا گۆڕانکارییەکانی سووریا وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکەدا. هەرچەندە ڕیاز (لە ئایاری ٢٠٢٣) بە ناوبژیوانیی چین پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ تاران هەندێک ئاسایی کردۆتەوە، هەروەها هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات لەگەڵ ئێران هەماهەنگ بوون بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکانی یەمەن لە دژی کەنداو[16]؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، نابێت لەبیرمان بچێت کە هەر یەکە لە ڕیاز و ئەبوزەبی بەردەوام نیگەرانن لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران، لە عێراق، سووریا، لوبنان، فەلەستین و یەمەن. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو حەماس و حزبوڵڵای لاواز کردووە و بەو هۆیەوە ئێران، لەگەڵ لەدەستدانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، جۆرێک لە هیوای لای زلهێزەکانی کەنداو دروست کردووە کە بتوانن یارمەتیدەر بن بۆ دەرکردنی ئێران لە سووریا و بڕینی ڕێگەکانی نێوان عێراق و لوبنان. سعوودی و ئیماراتییەکان بەباوەشکردنەوە بۆ حکوومەتی نوێی سووریا، هیوادارن کە بۆ هەتاهەتایە ئێران نەتوانێت جارێکی تر پێ بنێتەوە سووریا. بەتایبەت کە سووریای نوێ هاتنی ئێرانییەکانی بۆ سووریا قەدەغەی کردووە[17].

دووەم/ ئەبوزەبی و ڕیاز لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی عێراق و یەمەن، وانەی بەنرخیان لە هەڵەکانی ڕابردوویان وەرگرتووە و نایانەوێت ئێستا لە سووریا دووبارەی بکەنەوە. لە عێراق؛ سعوودیا و ئیمارات دوای ڕووخانی سەددام لە ساڵی 2003 بڕیاریان دا بەشداری نەکەن، چونکە ئەوان لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەددامدا نەبوون، بەڵام ئەو هەڵوێستە لە ئەنجامدا لێکەوتەی خراپی هەبوو؛ بە جۆرێک کە تەنیا ئەمریکا و ئێران، عێراقی نوێیان داڕشتەوە. لە یەمەنیش بە هەمان شێوە؛ وڵاتانی کەندو و سعوودیا، سیاسەتی پشتگوێخستنی ململانێکانیان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ پەیڕەو کرد تا بزووتنەوەی حووسی کە لەلایەن ئێرانەوە پارەدار و چەکدار دەکرا، باکووری یەمەنیان گرتە دەست و دژی گرووپەکانی دیکە کەوتنە شەڕەوە.

ڕیاز و ئەبووزەبی خەریکی سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی عەرەبین بۆ لادانی حووسییەکان. ئەو دوو وڵاتە بەشدارییان لە جەنگێکدا کرد کە گەشەی کرد و بوو بە جەنگێکی خوێناوی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەمەن فراوانتر بوو. سعوودیا و ئیمارات بەهۆی دوودڵیی سەرەتایییانەوە لە بەشداریکردن لە یەمەن، ناچار بوون باجێکی گەورەی سیاسی و ئەمنی بدەن. لە سووریا، وڵاتانی کەنداو لە سەرەتاوە دەیانەوێت بە دوای ڕۆڵێکی چالاکتردا بگەڕێن بە بەراورد بە ململانێ ناوچەیییەکانی ڕابردوو؛ بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات دەیانەوێت لە قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریادا ڕۆڵیان هەبێت و، ئەم مەیدانە بۆ تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران چۆڵ نەکەن.

سێیەم/ ئێستا سووریا لەناو جەرگەی گۆڕانکارییە جیۆستراتیژییەکانی دوای جەنگی غەززە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. شوێنپێی ئیسرائیل لە دەرەوەی خاکەکەی و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین فراوانتر بووە، لە کاتێکدا هەژموونی هەرێمیی ئێران زۆر لاواز بووە؛ ئەمەیش سندووقێکی پاندۆرا لە سیاسەت و پرسیارە مشتومڕاوییەکانی سیاسەت و سەروەری لە وڵاتانی شام، عێراق، سووریا و لوبنان دەکاتەوە. نزیکیی جوگرافیای لێڤانت لە کەنداو، پێویستی بە دیپلۆماسییەتێکی چالاکانەی سعوودیا و ئیمارات و پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتەی نوێی دەسەڵات و کاریگەری لە لێڤانتدا هەیە؛ ئەمەیش لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە سیاسەتە فراوانخوازییەكانی ئیسرائیل و خەونە نیوعوسمانییەکانی تورکیا سەبارەت بە ڕۆڵێکی هەژموونگەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها ڕیاز و ئەبوزەبی دەیانەوێت ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی ئێران و بریکارەکانی وەک پاترۆن بۆ سووریا ڕەت بکەنەوە[18].

چوارەم/ پەیوەندیی سعوودیا و ئیمارات لەگەڵ سووریا لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن ئامادەییی سیاسیی زیاتریان لە ناوچەکە هەبێت. هەردوو وڵات بەبێ دوودڵی گەیشتوونەتە ئەولەوییەت بۆ بەشداریکردن لە هەموو شانۆ ناوچەیییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا کە تایبەتمەندە بە ململانێ و ناسەقامگیری. ئەم سیاسەتە دەرەکییە لە غەززە و لوبنان و، هەروەها لە سووریاشدا ڕەنگی داوەتەوە و خەریکە ئاماژەکانی دەردەکەون. هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات خەریکن لە زۆر لە پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن، بەتایبەت لە سەروبەندی ئەو گورزە گەورەیەی کە بە ئێران و دۆستەکانی کەوتووە، دەرفەتێکی باشی ڕەخساندووە بۆ هەر یەکە لە ڕیاز و ئەبوزەبی کە ڕۆڵیکی جەمسەری بگێڕن؛ ئەمە بێجگە لەوەی کە هاتنی ئیدارەی ترەمپ ئەم دەرفەتە بەهێزتر دەکات. پێ دەچێت لە ناوچەکەدا ڕۆڵی گەورەتر بەو دوو وڵاتە بسپێرێت، بەتایبەت کە ئیمارات بەشێکە لە ڕێکكەوتنەکانی “ئەبراهام” کە ئەگەری هەیە ئەو بەرەیە لەو چوار ساڵەی ئیدارەی تڕەمپدا فراوانتریش بکرێت.

دەرەنجام

سووریا هێشتا ڕێگەیەکی درێژی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا حوکمڕانیی دوای ئەسەد دەتوانێت ئەم قۆناغە بەسەلامەتی تێ پەڕێنێت یان نا، بەڵام بەگشتی نییەتێکی هاوکاری و پاڵپشتی هەیە لەلایەن وڵاتانی کەنداو کە سووریا بکەوێتەوە سەرپێێ خۆی و نموونەی سووریای ئەسەد و سووریای ئیسلامی توندڕەو کۆتاییی پێ بێت. دۆخەکە پەیوەستە بەوەی ئایا چۆن گرووپێکی توندڕەو، کە پڕۆفایلێکی باشیان نییە لە حوکمڕانیی مەدەنی، دەتوانن سەرکردایەتیی قۆناغی گواستنەوەی سووریا بکەن و دەوڵەتێکی میانڕەو دابمەزرێنن کە نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خەڵكی سووریا و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەیش.

بەکورتی، ڕێبازی پراگماتیکی وڵاتانی کەنداو بۆ سووریا جەخت لەسەر ئەولەوییەتدانیان بۆ سەقامگیری و ئاسایش دەکاتەوە. دۆخەکە بۆ قەتەر جیاوازە؛ دژایەتیی قەتەڕ بۆ ئەسەد ڕەزامەندیی حکوومەتی ئینتقالیی سووریای بەدەست هێناوە. بەڵام ئەندامەکانی تری وڵاتانی کەنداو، بێجگە لە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری، ڕەچاوی ڕەهەندە هەرێمییەکانی ڕژێمەکەیش دەکەن؛ بە مانایەی سووریای نوێ تا چەند خزمەتی هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا و ئێران و ئیسرائیل دەکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆیان گرنگە ئەگەر کەنداو ئامادە بێت پارەی بووژانەوەی سووریا دابین بکات؛ ئەوا ئەم هەوڵە تەریب دەبێت لەگەڵ بەشداریکردنی دیپلۆماسیی وریادا (کە وڵاتانی کەنداو پەیڕەوەی دەکەن) بۆ ڕەخساندنی هاوسەنگی لە نێوان پشتگیریکردنی خەڵک و ڕەخساندنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها کەمکردنەوەی توندڕەویی ئایدیۆلۆژی و تائیفی.

سەرچاوەکان

[1] Al Jazeera (19/5/2023) Assad gets warm welcome as Syria welcomed back into Arab League. Available at: https://www.aljazeera.com/news/2023/5/19/assad-gets-warm-welcome-as-syria-welcomed-back-into-arab-league.

[2] Omer Journal (1/5/ 2025) The Gulf’s approach to a new Syria: Proceed with caution and care. Available at: https://omerjournal.com/2025/01/05/the-gulfs-approach-to-a-new-syria-proceed-with-caution-and-care/.

[3] Reuters (January 30, 2024) UAE sends first ambassador to Syria since conflict. Available at: https://www.reuters.com/article/emirates-syria-ambassador/uae-sends-first-ambassador-to-syria-since-conflict-idUSKBN1ZR0ZQ.

[4] Daily Sabah (December 9, 2024) Turkish intel chief visits Iran for talks on terrorism, other topics. Available at: https://www.dailysabah.com/politics/turkish-intel-chief-visits-iran-for-talks-on-terrorism-other-topics/news>.

[5] Atlantic Council (December 9, 2024). Dispatch from Doha: Assad’s fall, Iran’s weakness, and the impact of unintended consequences. Available at: <https://www.atlanticcouncil.org/blogs/new-atlanticist/assads-fall-irans-weakness-and-the-impact-of-unintended-consequences/>.

[6] Atlantic Council (December 24, 2024) Dispatch from Doha: Assad’s fall, Iran’s weakness, and the impact of unintended consequences. Available at: https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/what-role-will-gulf-states-play-in-shaping-the-new-syria/.

[7]  Carnegie Endowment for International Peace (2025) The Gulf shifts policies in response to the new Syria. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2025/01/the-gulf-shifts-policies-in-response-to-the-new-syria?lang=en.

[8] Shaheen, K. (2025) Letter from king of Bahrain as the current head of the Arab League to Jolani/Ahmed al-Sharaa pledging to support Syria and consult with it regularly. [Twitter] Available at: https://twitter.com/kareemshaheen/status/1234567890.

[9] . Jordan Times (Dec 14,2024) Aqaba meeting underlines Arab support for Syria’s political transition, sovereignty, territorial unity*. Available at: https://www.jordantimes.com/news/local/aqaba-meeting-underlines-arab-support-syrias-political-transition-sovereignty-territorial.

[10] Arab News (December 23, 2024) Saudi Arabia. Available at: https://www.arabnews.com/node/2584000/saudi-arabia.

[11]  IISS (2023) Gulf Bailout Diplomacy*. Available at: https://www.iiss.org/research-paper/2023/11/Gulf-Bailout-Diplomacy/.

[12]  AA (24.12.2024) Syria’s new administration leader says Qatar to have active role in country’s development process. Available at: https://www.aa.com.tr/en/middle-east/bahraini-security-official-meets-new-syrian-administration-leader-reaffirms-support-for-transition/3436994.

[13] Anadolu Agency (29.12.2024) Bahraini security official meets new Syrian administration leader, reaffirms support for transition. Available at: https://www.aa.com.tr/en/middle-east/bahraini-security-official-meets-new-syrian-administration-leader-reaffirms-support-for-transition/3436994>>.

[14]  Kuwait Times (December 9, 2024) Kuwait MoI: Strict measures against participants in festive marches. Available at: https://www.kuwaittimes.com/kuwait-moi-strict-measures-against-participants-in-festive-marches/.

[15] Omer Journal (1/5/ 2025) The Gulf’s approach to a new Syria: Proceed with caution and care. Available at: https://omerjournal.com/2025/01/05/the-gulfs-approach-to-a-new-syria-proceed-with-caution-and-care/.

[16] Reuters (March 11, 2023) Iran and Saudi Arabia agree to resume ties in talks brokered by China. Available at: https://www.reuters.com/article/iran-saudi-china/iran-and-saudi-arabia-agree-to-resume-ties-in-talks-brokered-by-china-idUSKBN2A00ZQ.

[17] Reuters (17/01/2025) Iranians and Israelis barred from entering Syria, airport source says. Available at: https://www.reuters.com/article/syria-iran-israel/iranians-and-israelis-barred-from-entering-syria-airport-source-says-idUSKBN1ZR0ZQ.

[18] Carnegie Endowment for International Peace (2025) The Gulf shifts policies in response to the new Syria. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2025/01/the-gulf-shifts-policies-in-response-to-the-new-syria?lang=en.