ئایا "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو؟"

(لە چەقبەستووییی ژمارەوە بەرەو جەنگی هزرەکان)

 

قەرەنی قادری

بیرکاری دەڵێت: "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" (٢=١+١). ئەم هاوکێشەیە لێرەدا کۆتایی پێ دێت و، ڕوونکردنەوەکەیش هەر ئەوەندەیە و بەس. ئەمە وڵامێکی دروست و کورتە. بیرکاری لێرەدا قسەیەکی زیاتری پێ نییە، چونکە باسەکە چەندایەتی (ژمارە)یە نەک چۆنایەتی. بەڵام ئاخۆ لە مەیدانی سیاسەت، جەنگ و ئەمنیدا ئەمە دروستە؟ بەڵێ، تەنیا لە باری چەندایەتی (ژمارە)وە دروستە، چونکە یەکسانن، بەڵام لە بواری چۆنایەتییەوە دروست نییە و ئاکام و شتی تری بەدوادا دێت. ئەگەر تەنیا بەپێی مەنتقی وشکی بیرکاری کە دەڵێت "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" ڕەفتار بکەین، یان بیر لە یه‌كسانیی هێز بکەینەوە و شتەکان لێک بدەینەوە، سەرکەوتن مسۆگەر نابێت!

سەد پێشمەرگە و سەد هێزی چەکداری دوژمن، یه‌كسانه‌ بە دوو سەد؛ ئەم دوو سەدەیش تەنیا ژمارەیە و بەس؛ واتە تەنیا بە ژمارە یەکسانن. لێرەدا با یه‌كسانیش بن، بەڵام لە کردەوەدا ئەوە ژمارە نییە کە دەیباتەوە، بەڵکوو ئەوە توانایی، کەرەسە، دەرفەت، فەرماندەی لێزان، وریا و لێهاتوو، "خوێندنەوەی هێزی خۆت و دوژمن، یان ئاگاداربوون لە خاڵی بەهێز و لاوازی خۆت و دوژمن"، هەروەها ئاستی ڕاهێنراویی کەسەکانە کە دەتوانێت هاوکێشەی چەندایەتیی "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" تێک بدات و هاوکێشەی چۆنایەتی زەق بکاتەوە. بیرکاری زیاتر لە "یەکسان"، ناتوانێت شتێکی تری پێ بێت. بۆیە لە گۆڕەپانی سیاسەت، ئەمنی و جەنگدا، یەک کۆ یەک، یەکسان نییە بە دوو، چونکە باسه‌كه‌ له‌سه‌ر چۆنایەتییە. هێزی بە ژمارە کەمتر، دەتوانێت هێزی بە ژمارە زۆرتر تێک بشکێنێت کە زۆریش نایه‌كسانن!

لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی

بۆ ئەوەی لە چەندایەتییەوە بەرەو چۆنایەتی دەرباز بین و بەپێی مەنتقی وشکی "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" نەجووڵێینەوە و نەبێتە بنەمای کاری بەڕێوەبردن، لە بواری سیاسی، سوپایی و ئەمنییەوە، پێویستە بیر لە ئاستبەرزیی کار، ئاکام و سەرکەوتن بکەینەوە. بۆ دەربازبوون لە چەندایەتیی وشکەوە بۆ چۆنایەتی؛ پلانی تۆکمە، بەڕێوەبردن، ڕێکخستن، دیسیپلین و ڕاهێنانی بەردەوام (خۆنوێکردنەوە)، لە بنەما سەرەکییەکانن.

"سۆنیا كۆكریجا" سەبارەت بە پلان (ستراتیژی) دەڵێت: "پلاندانان شتێكی ئایینده‌یییه‌ و ئاراسته‌كانی ڕێكخراوێك ده‌ستنیشان ده‌كات. پلاندانان ڕێگه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك و ژیرانه‌ی بڕیاردانی ئه‌مڕۆیه‌ كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داهاتووی ڕێكخراوه‌كه‌ هه‌یه‌." پلان بڕبڕەی پشتی هەر دامەزراوەیەکە، هەر لەبەر ئەوە گرینگیی ستراتیژیی هەیە و لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتی و وه‌ڵامدەری دروست دەکات. ئەمە پیشانی دەدات کە هەر ڕێکخراو، دامەزراوە، حزب یان تەنانەت حکوومەتیش کە بێپلان بێت، بێ شک هەر لە سەرەتادا تووشی پاشاگەردانی و ناڕێکی لە ناوخۆ و لەناو کۆمەڵگەدا دەبێتەوە؛ هەروەها چەشنێک سەرلێشێواوی و فرەکوێخاییش دروست دەکات. کە پلان نەبوو، هەماهەنگییش دروست نابێت. کاتێک پلان ڕووی لە ئێستا و داهاتووە، بێ شک دەبێ هەڕەشە و دەرفەتەکانیش بخوێندرێنەوە و پلانی تۆکمە بۆ ئەوانیش هەبێت.

کە پلان هەبوو، بێ شک بەڕێوەبەری و بەڕێوەبردن پرسی هەرە سەرەکین؛ پلانی سەرکەوتوویش تەنیا لە گرەوی بەڕێوەبەری و هونەری بەڕێوەبردندایە، چونکە بەڕێوەبەری، کۆڵەکەی سەرەکیی پلانە بۆ ئەوەی ئامانجی خۆی بپێکێت. "ڤان فلیت" و "پیترسن" به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی بەڕێوەبەری دەکەن: به‌ڕێوه‌بردن بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك چالاكی و به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی دروست و كاریگه‌ر بۆ  به‌دواداچوون و به‌ده‌ستهێنانی ئامانجێك یان زیاتر."

بەڕێوەبەری، بەکارهێنانی زانست و هونەرە بۆ هەماهەنگی و ڕێکخستنی سەرچاوە دارایی و مرۆڤییەکان لە کارکردندا، تا چۆنایەتیی کار ببێتە ئامانج. بەڕێوەبەری، تێکەڵاوێکە لە زانست و هونەر؛ یەکەمیان کە پەیوەندیی بە زانستەوە هەیە، دەبێ بیخوێنین و فێری زانستی بەڕێوەبەری بین؛ دووەمیان کە هونەرە ڕێک پەیوەندیی بەو زانستەوە هەیە کە پێویستە لە کردەوەدا بەگەڕ بکەوێت و بگونجێندرێت. لێرەدایە کە وریایی و لێهاتوویی، هونەری بەڕێوەبردن بەرهەم دێنن.

کاتێک پلان و بەڕێوەبەری هەبن، ڕێکخستن بەهانایانەوە دێت. "هێنری فه‌یول" دەڵێت: "ڕێكخستنی كارێك، واته‌ فه‌راهه‌مكردنی هه‌موو شتێكی به‌سوود بۆ ئه‌م كاره‌، یان پڕۆژه‌یه‌؛ بۆ نموونه‌ دابینكردنی مادده‌ی خاو، ئامێر، پاره‌ و ده‌ستی كار." ئەمە یانی دابەشکردنی عەقڵانیی مرۆڤ و کەرەسەکان بۆ مەبەستێکی دەسنیشانکراو. پێشینانی ئێمە فەرموویانە: "نان بۆ نانەوا و گۆشتیش بۆ قەساب!" ئەمە ڕێک هەمان واتایە کە دەڵێت: "کەسی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو!"؛ "نان بۆ نانەوا و گۆشتیش بۆ قەساب!": یانی هەر کەس بە کارێکەوە سەرقاڵ بێت. ئەمە پۆلێنکردنێکی جوانی کار و کەسەکانە. یان بە چەشنێک، ڕێکخستنی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەیە. هەر ئەو پۆلێنکردنە لە ڕەوتی کاردا، کەسانی لێهاتوو و لێزان بەرهەم دێنێت، کە هاوکوفی پیشەکانیان دەبن. ئەمەیش کۆمەڵگە لە پاشاگەردانی ڕزگار دەکات!

ئەم شێوە ڕێکخستنە لە کاردا، بنەماکەی لەسەر "زۆری و بۆری" (دامەزراندنی لەشکری بێکاری مووچەخۆر و بندیوار)، دانامەزرێنێت، بەڵکوو پشت بە "کەم و پوخت" (کەمیی هێز بە ژمارە، بەڵام باشترین بەرهەم) دەبەستێت." لێرەدا ئەولەوییەت بۆ چۆنایەتییە، نەک چەندایەتی. لە جیهانی ئەمڕۆدا بەپێی ئەوەی کە کەرەسەی کار بەجیهانی بووە و، بە ڕێگەی ئامرازی ڕاگەیاندنی مۆدێرنەوە کە لە ئاکامی شۆڕشی دیجیتاڵیدا هاتۆتە کایەوە، مرۆڤ زۆر بەسانایی دەستی بەو زانست، زانیاری و ئەزموونانە ڕادەگات کە لە بواری پێشەی خۆیدا پێویستی پێیەتی. کاتێک دەرفەت ئاوا کراوە، فرە و لەبەردەستدا بێت، بێ شک ئاستی فێربوون و داواکارییەکانیش بەرز دەبنەوە.

بۆ ئەوەی پلان، بەڕێوەبەری و ڕێکخستن بەباشی بەگەڕ بکەون و بەرهەمیان هەبێت، دیسپلین یارمەتیی دەدات. کێن گینزبێرگ دەڵێت: تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه‌ چۆن و باشترین شێوازی فێركردنی دیسپلین چییه‌، یارمه‌تیمان ده‌دات كه‌ زیاتر له‌ خودی مانای دیسپلین تێ بگه‌ین. ڕه‌گی وشه‌ی دیسپلین له ‌"دیسپل"ه‌وه‌ هاتووه؛ واته‌ فێركردن یان ڕێنیشاندان، نه‌ك سزادان یان كۆنترۆڵكردن. به‌ شێوازێكی ئاسانتر، وا دابنێ كه‌ مانای دیسپلین، "فێركردن یان ڕێنوێنیكردن"ه‌. هەر بە ڕێگەی پلانی ڕوون و دیسپلینەوەیە کە مرۆڤەکان لە جغزی کار و چالاکیدا دەخولێنەوە و خۆیان بە بەشێک لە کارەکە دەزانن. ئەمەیش بە نۆرەی خۆی دەتوانێت کەلتوور و ئەخلاقی کار بەرهەم بێنێت. بەڵام بۆ ئەوەی پلان سەرکەوتوو بێت و هەڕەشە و دەرفەتەکانی بەردەم پلان ئاشکرا بن، ببینرێن و کەرەسەی ڕووبەڕووبوونەوەیان بۆ ئامادە بکرێت، ڕاهێنانی بەردەوام (خۆنوێکردنەوە) لە بنەما سەرەکییەکانە.

لە مێژوودا، ئەوە "سوون تزوو" (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز) بوو کە "داب"ی "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو"ی خستە ژێر پرسیارەوە و گوتی: "فەرماندەی لێهاتوو ئەو کەسەیە کە ١٠٠ هەزار سەرباز ڕابێنێت وەکوو ئەوەیە کە سەربازێک ڕادێنێت و فێری دەکات." مامۆستای جەنگ، ١٠٠ هەزار سەرباز لە سەربازێکدا کۆ و چڕ دەکاتەوە و هاوکێشەکە تێک دەدات و، چۆنایەتی (Quality) دەگەیه‌نێتە لووتکە!

لە ناخۆیشماندا زۆر جار کە باس لە جەنگ و شەڕەکان دەکرێت، دەڵێن لە فڵان شەڕ لەگەڵ دوژمندا هێزەکانمان بەرانبەر (یەکسان) نەبوون، بۆیە سەر نەکەوتین!؟ هزری زاڵ بەسەر ئەو بۆچوونەدا، بنەماکەی تەنیا لەسەر "ژمارە" وەستاوە و، شتێکی عەقڵانییش بەدەستەوە نادات. ئێمە ئەگەر تەنیا بیر لە "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" (بەرانبەری لە هێز)دا بکەینەوە کە لە کاتی ئاوادا دەتوانین دەستەویەخەی دوژمن ببینەوە، بێ شک دەرگەمان بەسەر عەقڵ، ئاوەز، وریایی، لێهاتوویی، ناسینی خاڵی بەهێز و لاوازی خۆمان و دوژمنەکانماندا دادەخەین؛ کە ئەمەیش ڕێک بە مانای سنووردارکردنی خۆمانە.

جەنگی هزرەکان نەک ژمارەکان

٢ هەزار و ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، "سوون تزوو" (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز)، جه‌نه‌ڕاڵی فەیلەسووف و نووسەری کتێبی "هونەری جەنگ"، لە مەیدانی جەنگ و تیۆریدا پێی وابوو کە زۆریی هێزی دوژمن تەنیا ژمارەیە و، ئەمەیش هۆکار نییە بۆ سەرکەوتن؛ هەروەها هەوڵیشی نەدا کە لە مەیدانی جەنگدا بەپێی مه‌نتقی بیرکاری بجه‌نگێت، بەڵکوو جەختی لە وریایی، خوێندنەوەی وردی دوژمن، تاکتیکی گونجاو و بیری لە دۆزینەوەی خاڵی لاوازی دوژمن دەکردەوە و ڕووبەڕووی خاڵی بەهێزی دوژمنیش نەدەبووەوە. سوون تزوو لە شەڕێکی مێژووییدا توانی به‌ لەشکرێکی ٣٠ هە‌زار کەسی، لەشکری ٢٠٠ هەزار کە‌سیی سوپای دوژمن تێک بشکێنێت. ئەو فەرماندە فەیلەسووفە، لەو شەڕەدا توانی هاوکێشەی چۆنایەتی (Quality) بەسەر چەندایەتی (Quantity)ی ژمارەدا زاڵ بکات.

نزیکه‌ی ٦٥٠ ساڵ دوای سوون تزوو، "کائۆ کائۆ" (١٥٥-٢٢٠ی زایینی؛ سەرۆکوەزیرانی بنەماڵەی هانی ڕۆژهەڵات و دامەزرێنەری "پاشایەتیی وۆ" کە بە "سوڵتانی جەنگ"یش ناوی دەبرێت)، هەر بە پەیڕەوی لە هزری سوون تزوو، ئەویش زۆریی هێزی دوژمنی بە ژمارە ناو دەبرد و لە مەیدانی جەنگدا بڕوای بە مەنتقی وشکی بیرکاری یان هەوڵدان بۆ یەکسانیی هێز نەدەکردەوە؛ یان ئەگەر ژمارەی دوژمن زۆر بایە ڕووبەڕووی نەدەبووەوە. کائۆ کائۆ لە جەنگێکی مێژووییدا، توانی بە ٧٠ هەزار سەربازی ڕاهێنراو (چۆنایەتیی سەربازەکان)، فەرماندەی ئازا، وشیار و لێهاتوو، هێزی ٧٠٠ هەزار کەسیی دوژمنەکەی تێک بشکێنێت! گشتی ئەمەیش لە گرەوی ستراتیژی، پلان، ڕێکخستن و سەرکردایەتیکردنێکی وردبین، وریا و تۆکمەدایە!

جەنگی "گابەردی سوور" (Red Cliff) کە لەنێوان ساڵانی (٢٠٨ تا ٢٠٩)ی زایینیدا ڕووی دا، یەکێکە لە بەناوبانگترین شه‌ڕه‌کانی مێژووی چین؛ هەروەها بە یەکێک لە گەورەترین شه‌ڕه‌ دەریایییه‌كانی چین باسی لێوە دەکەن؛ هەم سەرەتای کۆتاییی ئیمپراتۆرییه‌تی هان بوو، هەم بناغەی سێ ئیپمراتۆرییه‌تیشی لە چین داڕشت. لەو شه‌ڕه‌دا پاشایەتیی "شوو" و "وۆ" بە ٥٠ هەزار سەرباز و بە هێزی دەریاییی خۆیان، بەڵام بە ژمارەیەک فەرماندەی لێهاتوو، توانییان سوپای ٨٠٠ هەزار کەسیی "پاشای وی" تێک بشکێنن. لەو جەنگەدا "ژووگێ لیانگ" بە ته‌کتیک و وردبینیی خۆیەوە، هەروەها بە زانیاریی پێشوەختە لە دوژمن، لە لووتکەدا بوو.

"ژووگێ لیانگ" (١٨١-٢٣٤ی زایینی)، ناسراو بە "وۆلۆنگ"، "ئەژدیهای خەوتوو"، سەرۆکوەزیران و گەورەترین ستراتیژیستی سه‌ربازیی سەردەمی خۆی لە مێژووی چیندا دەڵێت: "ئەگەر سەربازەکان ڕاهێنانی باشیان پێ بکرێت، یەک سەرباز دەتوانێت سەدان سەربازی دوژمن ببەزێنێت و بەسەریاندا زاڵ بێت." ئەو ئاڵوگۆڕە لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی، نەک تەنیا لە مەیدانی جەنگدا، بەڵکوو بەدڵنیایییەوە، دەکرێت لە بواری کار و کارگێڕی، هەروەها لە هونەری بەڕێوەبەرایەتیدا کەڵکی لێ وەربگیرێت و ببێتە سیستەمی کارکردن و بیرکردنەوە. بۆ نموونە ڕاهێنانی کارمەندان یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی دامەزراوەیەک لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بێت و، خاوەنی باشترین بەرهەمیش بێت. ئەوەیش پەیوەندیی بە وەگەڕخستنی توانای تاکەکانەوە هه‌یه‌ و، لە ناوەڕۆکی خۆیدا ئاره‌زوو، حه‌ز، مه‌یلی کاركردن و بەرپرسیارێتی لەناو کارمەندان (هاوکاران)دا دەخوڵقێنێت؛ هەروەها کەلتووری کار و ئەخلاقی کاریش بەهێز دەکات و، لە هەمان کاتیشدا دیسپلین و ڕێكوپێكی لە کاردا دێنێته‌ دی.

لە بری فەرماندەی لێهاتوو و لێوەشاوە، دەکرێت لە دامودەزگەکانی حکوومەت و كۆمپانیا ئابووری و بازرگانییەکاندا، بیر لە بەڕێوەبەری لێهاتوو، لێوەشاوه‌، زیرەک و وریا بکرێتەوە، کە چۆن لە مەیدانی کاردا، ڕێکخەر، بڕیاردەر و وه‌ڵامدەر بێت و سیستەمی کارەکەیشی لەسەر بنەمای ئاسۆیی ڕێک بخات و دەوری یەکلاکەرەوەیش بگێڕێت.

لە مەیدانی کار و کارگێڕییشدا هەر وایە؛ ئەگەر دامەزراوەیەک بە سەد کەس کار دەکات (زۆری و بۆری)، دەکرێت بیر لەوەیش بکرێتەوە کە لە بری ١٠٠ کەس، بە کەمتر لە ٥٠ کەسیش بتوانرێ کارەکان ڕاپەڕێندرێن؛ بەو مەرجەی، شێوازی ڕێکخستن لە "ستوونی"یەوە بۆ "ئاسۆیی" بگۆڕدرێت، هەروەها ڕاهێنانی بەردەوام بە ٥٠ کارمەندەکەیش ئەو توانایەیان پێ دەبەخشێت کە کاری سەدان کرێکار بکەن، ئەویش بە چۆنایەتییەکی بەرزەوە. لەو شێوە ڕێکخستنەدا، کارمەندان دەبنە بەشێک لە پرۆسەی کار و بڕیاردان. ئەم چەشنە لە بیرکردنەوە و کارکردنە، دەتوانێت بەر بە گەندەڵی، دزی، چێکردنی لەشکری بندیوار و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات بگرێت و، کۆمەڵگە بەرەو گەشەسەندن ئاراسته‌ بکات.

لە بیرکاریدا، وه‌ڵامەکە ڕوانگەی چەندایەتیی هەیە، بەڵام لە سیاسەت و جەنگدا گەرچی ژمارە گرینگە و بەشێکە لە ئامار، ڕوانگەکە چۆنایەتییە، کە ئەویش خۆی لە وریایی، خۆگونجاندن، ستراتیژی، خوێندنەوەی هێزی دوژمن و خۆی، هەروەها دەستنیشانکردنی خاڵی بەهێز و لاوازی خۆی و دوژمنەکەیدا دەبینێتەوە. ئەوە چۆنایەتییە کە بەسەر ژمارەدا زاڵ دەبێت و هاوکێشەکە لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی دەگۆڕێت. بۆیە لەو بوارانەدا، "یەک کۆ یەک، یەکسان نییە بە دوو"؛ ئەوە چۆنایەتییەکەیە هاوکێشەکە تێک دەدا. دەکرێت ئەو شێوە لە کارکردن و ئیدارەدانە، بە ململانێی هزرەکانیش ناوی ببەین، چونکە بنەماکە لەسەر وەگەڕخستنی عەقڵ و لێکدانەوە دادەمەزرێنێت و کێبەرکێی بێغەشیش، دامەزراوە و وڵات بەرەو پێشه‌وه‌ دەبات!

 

هونەری جەنگ