ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن (بەشی دووەم و کۆتایی)

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

 

تەوەری دووەم، بنیاتنانی نەتەوە و بنیاتنانی دەوڵەت

بەکارهێنانی چەمکی بنیاتنانی نەتەوە بۆ وڵاتانی پۆست کۆلۆنیال، بیرۆکەیەکی باو بوو. بە هەرەسهێنانی یەکێتیی  سۆڤیەت، چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت لە پاڵ بنیاتنانی نەتەوە، لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بایەخی تایبەتی پێ درا.  هەر یەک لەم چەمکانە، بە چەمکی تری وەک بنیاتنانی کۆمەڵگه‌ و بنیاتنانی ئاشتییەوە گرێ دراون. مەبەستی سەرەکیش لە گشت ئەم بنیاتنانانەدا، بریتییە لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری لەو وڵاتانەی کە تووشی داڕمانی دامەزراوەی دەوڵەت و پێکدادانی ناوخۆیی هاتوون.

یەکەم، بنیاتنانی نەتەوە

چەمکی بنیاتنانی نەتەوە لە دوای سەرهەڵدانی دەوڵەتە تازە سەرهەڵدراوەکانی دوای کۆلۆنیالیزم برەوی سەند، بەڵام تا هەنووکەیش مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر ناوه‌ڕۆکی ئەم چەمکە لە ئارادایە. بنیاتنانی نەتەوە، بەتایبەتیش لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیتە و گەشەسەندندا، لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو چەمکیکی باو بوو. هەندێ توێژەر وەک بۆداندی (Bogdandy) بەپێویستی دەزانن پێش ئەوەی کە باس لە چەمکی بنیاتنانی نەتەوە بکرێت، باشتر وایە باس لە چەمکی شکستی نەتەوە بکرێت. بە بڕوای ئەو، کاتێک نەتەوە شکست دێنێت کە لە وڵاتێکدا نەتەوە چیتر دەسەڵاتە گشتییە بەرقەرارەکە پەسەند نەکات و هیچ کۆدەنگییەک لەسەر که‌لتوور و مێژوو و دابونەریت و سیمبولی هاوبەش بوونی نەبێت. لە ڕاستیدا، ئەم بۆچوونەی بۆداندی بۆچوونێکی بەرتەسکە. ئەو گشت نەتەوەکانی لەناو سنووری یەک دەوڵەتدا بە یەک نەتەوە هەژمار دەکات. هەر بۆیەیش بە بۆچوونی بۆداندی، بنیاتنانی نەتەوە بریتییە لە پرۆسەیەکی هێنانەدیی ناسنامه‌یه‌کی هاوبەش و بوونی دیدێکی مەشرووعییەتبەخش بە دەسەڵاتی بەرقەرار لە هەرێمێکی دیاریکراودا. توێژینەوەکانی بیرمەندانی ئەمریکی، یارمەتیدەر بوون بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە تێکەڵییە. ئەوان زۆرتر چەمکی دەوڵەت-نەتەوەیان بەکار دێنا، لە بری بەکارهێنانی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە(کان).

لە لایەکی ترەوە، لە زۆربەی بەڵگەنامە سیاسییەکاندا ئەم چەمکە لە گریمانەوە نزیکترە تا پێناسەکردنێکی دیار. بە واتایەکی تر، بنیاتنانی نەتەوە زۆرتر لە پراکتیکەوە نزیکە تا تیۆری. ئەوه‌یش بەهۆی ئەوەی کە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ئەم چەمکە بەرفراوانن.  بۆ نموونە، لە بنیاتنانی نەتەوەدا، پێویستە باس لە ناسنامه‌ جیاوازەکان و که‌لتوورە جیاوازەکان بکرێت و ڕێزیان هەبێت و لە هەمان کاتیشدا پێویستە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم وردە-که‌لتوورە ناوخۆیییە جیاوازانەدا بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی کە "ئێمە" لە "ئەوانیتر" جیا بکاتەوە. بە واتایەکی تر، هێنانەدیی ناسنامه‌یه‌کی سیاسی-که‌لتووریی هاوبەش کە گشت تاکەکانی کۆمەڵگه پێکەوە گرێ بدات. هەر بۆیەیش بنیاتنانی نەتەوە وەک هێنانەدیی ناسنامه‌یه‌کی هاوبەش لە نێوان گرووپ و نەژادە جیاوازەکاندا هەژمار دەکرێت کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەژین. ئەمەیش چەمکی بنیاتنانی نەتەوە لە چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت جیا دەکاتەوە. چونکە بنیاتنانی دەوڵەت واتە بنیاتنانی دەوڵەتێکی کارا کە بتوانێت ئەرکەکانی دەوڵەتی مۆدیرن ڕاپەڕێنێت. لێرەوە، پرسی چۆنێتیی بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کاراییی ئەم دامەزراوانە دێتە کایەوە. کەواتە، بنیاتنانی دەوڵەت تیشک دەخاتە سەر بەهێزکردن و کاراکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و، بنیاتنانی نەتەوە تەرکیز لەسەر پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت دەکات.

لە ڕوانگەی که‌لتوورگەرایییەوە، بنیاتنانی نەتەوە باس لە پرۆسەی بنیاتنانی ناسنامه‌یه‌کی که‌لتووریی هاوبەش بۆ دانیشتووانی وڵاتێک دەکات. ئەم ناسنامه‌یە لە نێوه‌ندی ڕەگەزەکانی وەک زمان، مێژوو، ڕوانگەی سیاسی، ئەدەبیات، کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبییه‌كان و شاعیرە  ناسراوەکانی نەتەوەیەک و، تەنانەت لە ڕێگەی جۆری پۆشاک و خۆراکدا بەرجەستە دەبێت.

بە بڕوای "هێتنێ"، نووسەری كتێبی "تیۆری گەشەسەندن و سێ جیهان"، بەهێزکردنی ژێرخانی ماددیی دەوڵەت لە ڕێگەی پرۆسەی بەپیشەسازیبوونەوە ئەنجام دەدرێت؛ بەڵام خودی ئەم پرۆسەیەیش پەیوەندیی بە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوەوە هەیە. بنەماکانی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتیش بریتین لە:

  • کۆنتڕۆڵكردنی سیاسییانە و سەربازییانەی خاکی وڵات.
  • بەرگریکردنی لە خاک لە هەمبەر هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.
  • هێنانەدیی خۆشگوزەرانیی ماددی و دابینکردنی مەشرووعییەتی سیاسی لە ناوخۆی وڵاتدا.

کەواتە ئەگەر سەیری بنەماکانی پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە بکەین، زۆر نزیکن لەو بنەمایانەی کە هەم ناسیۆنالیزم و هەمیش گەشەسەندن جەختی لێ دەکاتەوە؛ چونکە گەشەسەندن پێش هەموو شتێک پێویستی بە ئیندیماج (تێكه‌ڵكردن)ی نیشتمانی و سەقامگیریی سیاسی هەیە.

 "لۆشیان پای" سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان گەشەسەندن و بنیاتنانی نەتەوەوه‌ دەڵێت، گەشەسەندنی سیاسی بە مانای کردەوەکانی دەوڵەت-نەتەوەیەک دێت. پای بەم شێوەیەی خوارەوە باس لەم پرۆسەیە دەکا:

    "بە سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن، کۆمەڵێک پێداویستی سەبارەت بە شێوازی تایبەتی سیاسەتکردن هاتنە ئاراوە. بۆیە ئەگەر کۆمەڵگه‌یەک بیەوێت وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، پێویستە لە چوارچێوەی ئەم پێداویستییە نوێیانەدا پێداچوونەوە بە دامەزراوە سیاسییەکان و کردارەکانیدا بکات. شێوازی حوکمڕانیی ئیمپراتۆرە مێژوویییەکان و خێڵ و کۆمەڵە نەژادییەکان و کۆڵۆنەکان، پێویستە بگۆڕدرێن بۆ سیاسەتێک کە بتوانێت دەوڵەت-نەتەوەی کارا بەرهەم ببێنێت و بتوانێت لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا بە سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکانی تردا بکات."

بەم پێیەیش گەشەسەندنی سیاسی دەبێتە پرۆسەیەک کە لە نێویدا کۆڵۆنەکان تەنیا بە ڕووکه‌شەوە دەوڵەت-نەتەوەن، بەڵام لە ڕووی واقعییەوە لە ڕێگەی ئیرادە (courtesy)ی نێودەوڵەتییەوە بوونەتە بە دەوڵەت-نەتەوە. ئەم پرۆسەیەیش تیشک دەخاتە سەر گەشەی توانایی بۆ هێنانەدیی جۆرێکی تایبەت لە نەزمی گشتی، لە پێناو مۆبیلیزەی سەرچاوەکان و هێنانەدیی جۆرێکی تایبەت لە ڕێکخراوە به‌كۆمه‌ڵه‌كان (collective enterprises) و ملکەچبوون بۆ پابەندییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها بەپێی ئەم ڕوانگەیە، لە تاقیکردنەوەی گەشەسەندنی سیاسیدا پێویستە تیشک بخرێتە سەر:

یەکەم، بنیاتنانی پۆڵێک لە دامەزراوە گشتییەکان کە بەردی بناغەی دەوڵەت-نەتەوە پێک دێنن.

دووەم، کۆنترۆڵکردنی ڕادەربڕینەکان لە ژیانی گشتیدا؛ واتە ئەو دەربڕینانەی کە بەندە بە دیاردەی نەتەوەگەرایی. بۆیە دەتوانین بڵێین کە گەشەسەندنی سیاسی بریتییە لە سیاسەتی نەتەوەگەرایی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە لەم ڕوانگەیەدا، نەتەوەگەرایی تەنیا ڕەهەندێکی زەرووڕییە، بەڵام خاوەنی گشت هەلومەرجی خوازراو نییە بۆ گەرەنتیکردنی گەشەسەندنی سیاسی. پێویستە گەشەسەندنی سیاسی، هەستە پەرتەوازه‌ و ڕێکنەخراوەکانی نەتەوەگەرایی کۆ بکاتەوە و بیانگوازێتەوە بۆ ڕۆحی هاووڵاتیبوون و یەکسانی. هەروەها ئەم ڕوانگەیە جەخت دەکاتە سەر دامەزراندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەک کە بتوانێت ئاواتەکان (aspirations) و هاووڵاتیبوون بخاتە چوارچێوەی سیاسەت و بەرنامەکانیدا. بەکورتی گەشەسەندنی سیاسی لەم ڕوانگەیەوە، بریتییە لە بنیاتنانی نەتەوە.

دووەم، بنیاتنانی دەوڵەت

چەمک و پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت، ڕاستەوخۆ بە چەمکی شکستی دەوڵەت یان دەوڵەتی شکستخواردووه‌ گرێ دراوە. دەوڵەت کاتێک شکست دێنێت کە نەتوانێت مەشرووعییەتی مانەوەی خۆی گەرەنتی بکات یاخۆد نەتوانێت پێداویستییە گشتییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان دابین بکات؛ یان کاتێک کە نەتوانێت یەکپارچەییی خاکی وڵات بپارێزێت. لەم بارودۆخەدا ئەگەری ناسەقامگیریی سیاسی و تێکچوونی نەزمی کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە. کەواتە دەتوانین بەم شێوەیە پێناسەی بنیاتنانی دەوڵەت بکەین کە بریتییە لە:

       "دامەزراندن یان دووبارە دامەزراندنەوە و بەهێزکردنی ستراکتۆرە گشتییەکان لە هەرێمێکی دیاریکراودا، کە توانای دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەبێت."

ئەگەر سەرنجی ئەم پێناسەیە بدەین دەبینین کە پێناسەیەکی تەواو ئابووری و کارگێڕییانەیە؛ بۆیە پێویستە ڕەهەندی مەشرووعییەتی سیستەمی سیاسییش بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەوڵەت زیاد بکەین. ڕاستییه‌كه‌ی، کاتێک کە باس لە بنیاتنانی دەوڵەت دەکەین، چونکە خودی دەوڵەت چەمکێکی ئەبستراکتە، کەواتە بەناڕاستەوخۆ مەبەست بنیاتنانی دامەرزاوەکان و شێوازی حوکمڕانییە. حکوومەت وەک بریکاری دەوڵەت، ئەم ئەرکانە پراکتیزە دەکات. ئەمەیش لە ڕاپۆرتی گەشەسەندنی جیهانیدا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. ڕاپۆرتی گەشەسەندنی جیهان لە ساڵی ٢٠١١،  باس لە زەروورەتی بنیاتنانی دەوڵەتی کارا دەکات لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی لەرزۆکیی دامەزراوەکان، ململانێ و پێکدادانی ناوخۆیی بوونەتەوە. ڕاپۆرتەکە بانگەشەی دامەزراندنی دامەرزاوەی کارا دەکات کە بتوانێت ئاسایش و دادپەروەری و هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە بێنێتە کایەوە.

واڵدنێر (Waldner) بنیاتنانی دەوڵەت و گەشەسەندنی وڵات پێکەوە گرێ دەدات و چوار ڕێکار بۆ گەشەسەندن و بنیاتنانی دەوڵەت دەخاتە ڕوو:

١. جۆری پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه.

٢. سروشتی سیستەمی بیرۆکراسی.

٣. چۆنێتیی ئیدارەدانی کەرتی دارایی و ماڵی لەلایەن دەوڵەتەوە.

٤. جۆرەکانی دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابووریدا.

واڵدنێر بەم دابەشکارییە، خوێندنەوەیەکی "ماکرۆ"یانە بۆ ئەدای دەوڵەت دەکات. ئەو بەراوردی هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و سووریا لەگەڵ کۆریای باشوور و تایوان لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ تا کۆتایییەکانی ١٩٨٠ دەکات و ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن نوخبەی سیاسیی هەردوو وڵات هەوڵی بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی دا، بەڵام ئەم هەوڵانە لە هەر یەک لە کۆریای باشوور و تایوان خۆشگوزەرانی و کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەتووی هێنایه‌ دی، کەچی لە سووریا و تورکیا بووە هۆی باڵادەستبوونی نوخبەی سیاسی بەسەر دامەزراوەکان و لە دەرەنجامدا دواکەتووییی ئابووریی لێ کەتەوە. کەواتە، چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت، تەرکیز لەسەر دامەزراندن و سەقامگیربوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات (Scott, 2007). لەگەڵ ئەمەیشدا، ناکرێت بابەتی گرنگی نوخبەی سیاسی لە دامەزراندن و سەقامگیرکردنی هەردوو پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت و بنیاتنانی نەتەوەدا پشتگوێ بخرێت. بۆ دامەزراندنی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە، وڵات پێویستی بە نوخبەیەکی سیاسی هەیە، کە هەم نوخبەی نیشتمانی بن و هەمیش بڕوایان بە ڕیساکانی گەمە بەپێی بنەماکانی دیموکراسی هەبێت. دەکرێت نەتەوەی بەهێز بنیات بنرێت (وەک ئەڵمانیای نازی) یاخود دامەزراوەی بەهێز بنیات بنرێت، بەڵام دواجار ئەم دامەزراوانە لە خزمەت بنیاتنانی نەتەوە و دەوڵەتدا نەبن (وەک یەکێتیی سۆڤیەت) و، لە دوایین وێستگەدا ببنە هۆی دواکەتنی وڵات و پارچەبوونی نەتەوە.

بە خوێندنەوەی هەردوو چەمکی بنیاتنانی نەتەوە و بنیاتنانی دەوڵەت دەتوانین بڵێین کە لە ڕووی تیۆرییەوە چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە دەکرێت لێکجیا بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە ئەم دوو چەمکە پێکەوەگرێدراون. ئەویش بۆ بارودۆخی هەر وڵاتێک دەگەڕێتەوە کە ئەم دوو چەمکەی تێدا بەکار دێت. نەك تەنیا مێژوو و زمان و کۆمەڵێک سیمبولی هابەش دەتوانن ناسنامه بە نەتەوەیەک ببەخشن، بەڵکوو کاراییی دامەرزاوەکانی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەتوانن ئەم ناسنامه‌یە بەرهەم بهێنن. کۆریای باشوور و کۆریای باکوور کە یەک نەتەوەن، بەڵام زۆر لێکجیاوازن و ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. ئەوەی کە ئەم یەک نەتەوەیە لێکجیا دەکاتەوە کارایی و جۆری دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی سیاسییە کە دوو جۆرە بنیاتنانی جیاوازی  بەرهەم هێناوە. لە هەندێ دۆخدا، چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت، ئاراستەی بەدیهێنانی کۆمەڵگه‌یەکی یەکدەست دەگرێتە خۆ. لە هەندێ حاڵەتیشدا، چەمکی بنیاتنانی نەتەوە کە جەخت لەسەر ناسنامه و که‌لتووری هاوبەش دەکاتەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی جیابوونەوەی نەتەوەیەک لە دەوڵەتێک، جا ئەگەر دەوڵەتەکە کارا بێت یان ناکارا؛ بۆ نموونە، هەنگاوەکانی سکۆتلەندا بۆ جیابوونەوە لە بریتانیا. هەر بۆیەیش دەکرێت ئەم چەمکە بەپێی ڕوانگەی ئەو کەسەی کە توێژینەوە لەسەر ئەم چەمکانە دەکات (کۆمەڵناس، ئابووریناس، زانای سیاسی و...) یاخود ئەو وڵاتەی کە توێژینەوەی لەسەر ئەنجام دەدرێت، مانای جیاواز وەربگرێت.

سێیەم، ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن لە هەرێمی کوردستان

ئەگەر نەتەوە و ناسیۆنالیزم پەیوەست بکەین بە بوونی دەوڵەت، ئاوا بۆ شڕۆڤەکردنی پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن لە هەرێمی کوردستاندا تووشی کێشە دەبینەوە. تەنانەت لە خودی نەتەوە یەکگرتووەکانیش (united nations) وشەی نەتەوە (nation) هاوواتای وشەی دەوڵەت (state) بەکار هاتووە. بەو واتایەی کە دەوڵەتەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیی نەتەوەکەیان دەکەن. لەگەڵ ئەم پارادۆکسەیش دەتوانین شڕۆڤەیەک بۆ ڕەوتی ناسیۆنالێزم و گەشەسەندن لە هەرێمی کوردستان بکەین. ڕاستە کە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام گشت دەوڵەتەکان لە ڕێگەی نوێنەرەکەیانه‌وه‌ (agent)، واتە حکوومەت نمایشی خۆیان دەکه‌ن. ئەو لایەنەیش کە پلان و میکانیزمەکانی گەشەسەندن دادەڕێژێت و جێبەجێ دەکات حکوومەتە نەک دەوڵەت، چونکە هەروەک باسمان کرد دەوڵەت زۆرتر چەمکێکی ئەبستراکتە تا واقعی. هەرێمی کوردستانیش ماوەی سی ساڵە کە خاوەن حکوومەتە. لە لایەکی تریشەوە، ئەمە هەستی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزم بووە کە بووەتە هۆکارێک بۆ دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر حکوومەتی بەغدا. واتە بە درێژاییی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ئەم هەستە لە لای زۆربەی تاکی کورد هەبووە کە هۆکاری دواکەوتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ژێردەستبوونی ئەم نەتەوەیە و، مافی خۆیەتی کە بۆ سەربەخۆ بوون تێ بکۆشێت. لووتکەی به‌رجه‌سته‌بوونی ئەم تێکۆشانەیش لە ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ دەرکەوت کە پتر لە ٩٣٪ خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. هۆکاری سەرەکیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ئەم ئارگیومێنتە بوو کە چیتر بەغدا وەک هەرێم و نەتەوەیەکی جیاواز لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی کوردستان هەڵسوکەوت ناکات و ئەم ڕەفتارەیش بووه‌تە هۆکاری بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی دەستووری عێراق و مافە نەتەوەیییەکانی گەلی کورد.

بەڵام لەگەڵ بوونی ئەم هەستە ناسیۆنالیستییە و بوونی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ئاستەنگی ناوخۆیی و دەرەکی لە هەمبەر ئەم گەشەسەندنەدا هه‌ن. بۆ نموونە، یەکێک لە خەسڵەتەکانی گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری، بوونی دامەزراوە سیاسییەکانی وەک پەرلەمان، حزبه‌ سیاسییەکان و پرۆسەی هەڵبژاردنە، کە گشت ئەمانە لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێن. بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایا ئەم دامەزراوانە وەک پێویست کاران؟ بۆیە لێردا دەتوانین بەپێچەوانەی بۆچوونەکەی ساموێل هانتینگتۆن قسە بکەین کە لە پێشەکیی كتێبی "سیستەمی سیاسی لە کۆمەڵگه گۆڕدراوەکاندا" باس لەوە دەکات کە گرنگ، بوونی دامەزراوەکانە نەک ئەوەی کە دامەزراوەکە دیموکراسی بێت یاخود نادیموکراسی بێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر سەیری دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتە دواکەتووەکان بکەین، دەبێ بڵێین کە لە پاڵ بوونی دامەزراوەکان وەک ستراکتۆرێک، پێویستە گرنگی بە کارکرد و پەیام (massage)ی خودی ئەم دامەزراوانەیش بدەین کە تاچەند ڕێگر یاخود ڕێگەخۆشکەر بوونە بۆ گەشەسەندن. بۆ نموونە، حکوومەت، پەرلەمان و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی ڕێگر بن لە هەڵگیرسانی جه‌نگی ناوخۆ لە نێوان ساڵانی (١٩٩٤-١٩٩٨). کەچی هۆکاری سەرەکیی دامەزراندنی ئەم دامەزراوانە، هەستی نەتەوایەتی و هێنانەدیی ئاستێک لە ژیانێکی ستاندارد بوو بۆ گەلی کوردستان.

لەگەڵ ئەمەیشدا دۆخەکە هەر بەم شێوە نەمایەوە و لە سەروبەندی ئەگەرەکانی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس پێش ساڵی ٢٠٠٣ و تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، کورد بە یەکهەڵویستی (سەرەڕای گشت تێبینییەکان) لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوت دەکات؛ هۆکاری ئەمەیش بە پلەی سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی نەتەوەیییەوە لەگەڵ نەتەوەی عەرەبی عێراق جیاوازە. خودی ئەم جیاوازییە نەتەوەیییە بوو کە لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا دان بە نەتەوەی کورد نراوە، هەروەک چۆن لە ڕاستیدا خودی ئەم جیاوازییە نەتەوەیییە بوو  کە بووە هۆی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن خێراییی زۆرتری بەخۆوە بینی، ئەویش هەم بەهۆی یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی، هەمیش لەمە گرنگتر بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بوودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان. لە حاڵی حازردا، کورد لە نێوه‌ندی پرۆسەی بەدامەزراوییکردندایە؛ کە ئەمەیش تەنیا لایەنێکە لە لایەنەکانی گەشەسەندن. لایەنێکی تری بریتییە لە کێشەی تێكه‌ڵكردنی دامەزراوەکان؛ واتە نوخبەی سیاسی تا چ ڕادده‌یەک هەوڵ دەدات گشت دامەزراوەکان دامەزراوەی نەتەوەیی-نیشتمانی بن؟ بۆ نموونە، هێزی پێشمەرگە تا چ ئاستێک هێزێکی نیشتمانییە و تا چ ئاستێک هێزێکی حزبی؟ ئەمەیش ڕەنگدانەوەی لەسەر تێكه‌ڵكردنی دامەزراوەکانی دروست کردووە و پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی دوا خستووە.

پوختە

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا کۆمەڵێک نووسەر هەن کە لەو بڕوایەدان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر یەکتر هەیە؛ کۆمەڵێک نووسەری تر بەپێچەوانەوە دەڕواننە بابەتەکە. بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا ئەم دوو چەمکە پێکەوەگرێدراون. بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزم ببێتە هۆی هێنانەدیی گەشەسەندن، پێویستە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت، بنیاتنانی نەتەوە و بنیاتنانی دامەزراوەکان دەرباز بێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، لەم کورتە گوتارەدا، تەنیا تیشک خرایە سە ڕەهەندی بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستان وەک ڕەهەندێک لە ڕەهەندەکانی ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن؛ چونکە یەکێک لە ڕەهەندەکانی ناسیۆنالیزمی کوردستان دامەزراندنی دامودەزگه‌ی کارگێڕیی سەربەخۆ بوو کە لە گشت ڕێککەوتننامەکانی نێوان حکوومەتی بەغدا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ئەم داواکارییە لە ئارادا بووە. گرنگیی تیشکخستنە سەر دامەزراوەکانیش لەم گوتارەدا دەکرێ لەم پرسیار و وەڵامی "واینێر" بدۆزینەوە کە لە وتارێکدا کە لە ساڵی ١٩٦٥دا بڵاو کرایەوە دەپرسێت، بۆچی هەندێ کۆمەڵگە لە دروستکردنی کۆمەڵێک ئافرەت و پیاو کە لە توانایاندایە کۆمەڵێک ڕێکخراوی فرەئەرک و پایەدار لە پێناو خزمەتی گشتی دابمەزرێنن، سەرکەوتوو دەبن؟ "واینێر" وەڵامەکەی لە پێشکەوتن لە دامەزراندنی دامەزراوەکاندا دەدۆزێتەوە.

 

 

Latest from هیوا مەجید خەلیل