ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

خوێندنەوەیەک بۆ ڕای گشتی (بەشی دووەم و کۆتایی)

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

 

یەکەم، پێناسەی ڕای گشتی

پێش ئەوەی بپڕژێینە سەر بابەتی پێناسەی ڕای گشتی، پێویستە بزانین کە لە ڕووی زمانەوانییەوە ڕەگ و ڕیشەی ئەم چەمکە چۆن سەری هەڵداوە؛ چونکە لەسەر ڕیشەی چەمکەکە کۆدەنگی هەیە، بەڵام لەسەر پێناسەکان بۆچوونەکان جیاوازن. لە ڕووی زمانەوانییەوە وشەی  OPIONION بە ڕەچەڵەک وشەیەکی لاتینییە و بە مانای (ھزر، ڕا، بۆچوونی ھزری) دێت کە لە ڕیشەی وشەی عەقڵ (opion) وەرگیراوە بە مانای (باوەرپێبوون، پێکھێنانی فیکرەیەک، مەبەست)؛ ڕیشەی لاتینیشی  OPINION و لە فەڕنسیشدا OPINION ە کە بە مانای کۆمەڵێک کاروبار دێت. بەڵام وشەی PUBLICی ئینگلیزی لە وشەی فەڕەنسی PUBLIQUE وەرگیراوە بە مانای عامەی خەڵک، یان گشت تاکەکانی گەل دێت؛ ئەم وشەیە ڕیشەی لاتینی نییە بەڵکوو وشەیەکی نوێیە کە لەسەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیدا سەری ھەڵداوە.

پرسی ڕای گشتی چونکە بابەتێکی مرۆڤایەتییە و زۆرتر دەچێتە چوارچێوەی زانستەکانی کۆمەڵناسی، دەروونناسی و زانستی سیاسەت، هەر بۆیەیش هەر جۆرە پێناسەیەک لەم چەمکە، پێناسەیەکی قورسە؛ چونکە پێویستە پێناسەکە تاکڕەهەندی نەبێت و گشت ڕەهەندە پێکەوەگرێدراوەکانی کۆمەڵگه‌، وەک ئابووری، که‌لتوور، ئایین، یاسا و تەنانەت ژینگەیش ڕەچاو بکرێن و کۆی ئەم بوارانە کاریگەری لەسەر چۆنێتیی سەرهەڵدان، دروستبوون و ئاراستەکردنی ڕای گشتی دروست دەکەن. لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانین ڕای گشتی بەپێی ئەو شتەی کە نییە پێناسە بکەین؛ واتە لە خودی بنیاتە کۆمەڵایەتی و که‌لتوورییەکاندا نییە، بەڵام لێیانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ ڕێکخراوێکی فەرمی ئه‌ركی فێرکردنی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌ و نەیشی سەپاندووە؛ کەواتە ئایدیولۆژیایەکیش نییە. سەرەنجام ڕای گشتی، ئۆرگانێکی ھۆشیارکەره‌وە نییە؛ ھەرچەندە ناکرێت بەبێ بوونی هەقیقەت و وێناکان بوونی ھەبێت. لەلایەنی پۆزەتیڤی بابەتەکەوە، فرەییی بیر و بۆچوونەکان، مەرج نییە ببێتە لەمپەر لە بەردەم بوونی تاکە ڕایەکی گشتیدا کە پەرچەکردارێکی لەخۆرا و ھاوبەشە لە ھەمبەر ڕووداوەکان کە بەپێی بەرژەوەندی و ئارەزووە گشتییەکان دێته‌ کایەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا، ناکرێ ئەوە پشتگوێ بخەین کە لەسەردەمی سۆشیال میدیا و بەرفراوانبوونی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، هەوڵ بۆ دروستکردنی ڕایەکی گشتی بە ئاراستەیەکی دیارکراودا دەدرێت. دەکرێ هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە نموونەکانی ئەم ئاراستەیە هەژمار بکەین؛ ئەگەرچی هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فرەڕەنگی سیاسییە.

کەواتە هەروەک ئاماژەمان پێ کرد، خستنەڕووی پێناسەیەک لە ڕای گشتی کە گشت توێژەرانی ئەم بوارە لەسەری کۆک و ھاودەنگ بن، کارێکی ئاستەم و سەختە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم دیاردە کۆمەڵایەتی - سیاسییە بزاڤ و دینامیکییەتی تایبەت بە خۆی ھەیە، کە لە کات و شوێنی جیاواز بەپێی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌کان و ڕاددەی ڕۆشنبیرییان دەگۆڕدرێت. لە لایەکی ترەوە، ئەم چەمکە سەر بە زانستی مرۆڤایەتییە و ھەر بۆیەیش سنوورەکانی بەرفراوانە و بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و که‌لتوور و کۆمەڵناسی و دەروونزانی و چەندین زانستی تر لەخۆ دەگرێت. ئەمەیش وای کردووە کە ھەر توێژەرێک لە ڕوانگەی ئەو زانستەی کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم دیاردەیە ئەنجام دەدات، بەپێی ڕامانی خۆی پێناسەی تایبەت بۆ ڕای گشتی دابڕێژێت. هەر ئەمەیش کێشەزا سەرەکییەکەیە و دەبێتە هۆی دروستبوونی پێناسەیەکی تاکڕەهەندی لە ڕای گشتی.

کەواتە ڕای گشتی بەو پێیەی کە لەگەڵ کام شێوە لە گشتێتی بەکار دەھێنرێت، مانای جیاواز دەدات؛ گشتێتییەک کە لە نێوه‌ندیدا پشتگیری لە ھێزی ڕەخنەگرانەی ڕای گشتی لە چاودێریکردن بەسەر چۆنێتیی بەکارھێنانی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکرێت، یان گشتێتییەک کە لە ڕێڕەویدا ھەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی پروپاگەندەی ھەڵخەڵتێنەر و نمایشی ساختە ڕای گشتی بەرھەم بھێنرێت و لە بەرژەوەندیی ھەندێ کەس و دامەزراوە و بەرنامە و کاڵای بەکارھێنراودا بێت. کەواتە لێرەدا دوو جۆر ڕای گشتی لە دوو ژینگەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی جیاوازدا سەر هەڵدەدەن: ژینگەیەکی دیموکراسی کە ڕای گشتی، ڕەخنەگر و بنیاتنەرە؛ ژینگەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتیی نادیموکراسی کە ڕای گشتی، ساختە و هەڵخەلەتێنەرە. باشترین نموونەیش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ٢٠٢١ی سووریا بوو کە سەرلەنوێ بەشار ئەسەد بە سەرۆکی سووریا هەڵبژێردرایەوە.

بەم شڕۆڤەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەگشتی پێویستە بزانین، پێناسەی ڕای گشتی چوار خاڵ لەخۆ دەگرێت:

١. بوونی ناکۆکی لە ڕوانین، بوونی قەیران یان ناتەبایی بۆ ئەوەی ڕای گشتی بجووڵێتەوە.

٢. بوونی تاقمی دژبەیەک، کە ھەر یەکیان، ڕای گشتیی تایبەتی ھەبێت.

٣. مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ شکڵگرتنی ڕای گشتی، کردەی دوولایه‌نەی کۆمەڵایەتییە.

٤. ئامانجەکانی ھەر تاقمێک لە ڕای گشتیدا دەردەکەوێت، بەڵام زانین و زانیاریی تەکنیکی بۆ ھێنانەدیی ڕای گشتی، تەنیا لە ھەلومەرجی تایبەتدا دەخرێتە ڕوو. واتە پێویستە ڕووداوێک ڕوو بدات و کاریگەریی دەروونی لەسەر تاکەکان دروست بکات. کەواتە لێرەدا چەمکی "تاکەکان" بەکار دەهێنرێت نەک "تاک"؛ چونکە ڕای گشتی، پرۆسەیەکی به‌كۆمه‌ڵه‌.

"فیلپز دیڤیس" لە وتارێکدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕەوتی ڕای گشتی دەڵێت کە، ڕای گشتی دەرەنجامی بڕواکانی تاک نییە، بەڵکوو ئەو شتەیە کە لە حەزە ھاوبەشەکانی گرووپێک سەبارەت بە بابەتێک و بەرپەرچدانەوەی ئەم گرووپە وەک دەرەنجامی ئەم حەزانە ھەڵدەقووڵێت. ناوەڕۆکی ئەم پرۆسەیەیش، لە بەدەستھێنانی زانیاری و پەیوەندیی ناوەوەی گرووپ، تا توانەوە لە ڕای گشتیدا لەخۆ دەگرێت.

"ئاڵپورت" وای بۆ دەچێت کە ڕای گشتی ھەڵوێستی ژمارەیەک لە تاکەکانە کە دەردەبڕن یان داوایان لێ دەکرێت کە دەری ببڕن بۆ ڕەزامەندینواندن یان پشتیوانیکردن - یان بەپێچەوانەوە - لە حاڵەت یان کەس یان پێشنیارێکی دیاریکراو کە بایەخی زۆری ھەیە؛ جا چ لە ڕووی ژمارە یان ھێز یان بەردەوامی بێت، کە دەبێتە ھۆی کاریگەربوون بەسەر کارێک بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کە ئەویش دەبێتە ھۆی ھێنانەدیی ئامانجی دیاریکراو. ھەروەھا ڕای گشتی، بە کۆمەڵێ بیروباوەر و بۆچوونی تاکەکانی کۆمەڵگە دەگوترێت کە لە ساتەوەختێکی دیاریکراو سەبارەت بە بابەتێکی تایبەت دەخرێتە ڕوو.

بە بڕوای "سەمیر حوسێن" ڕای گشتی لە کۆمەڵگه‌یەکدا بریتییە لە پوختەی ڕایەکانی کۆمەڵە خەڵکێک، یان ڕای زاڵ، یان باوەڕی باو، یان کۆدەنگیی ڕایەکان یان ڕێککەوتنێکی به‌كۆمه‌ڵ لەلایەن زۆرینەی توێژەکانی گەل، یان جەماوەر ھەمبەر بە بڕیار، یان دیاردە، یان بابەت، یان دۆزێک کە دەشێت کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی بێت؛ ھەروەھا دەشێت لۆکاڵی یان نەتەوەیی یان ھەرێمی یاخود نێودەوڵەتی بێت کە مشتومڕ لەبارەیەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم کۆدەنگییەیش ھێز و کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەو دۆز یان بابەتەی کە پێوە بەندە.

"داڤیسۆن" ڕای گشتی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: کۆی ڕای تاکەکانە سەبارەت بە دۆزێکی بایەخدار -بەرژەوەندیی گشتی - کە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەم ڕایانە لەسەر ھەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵ و سیاسەتەکانی حکوومەت کاریگەرن.

لە کۆبەندی ئەم بۆچوونانەی سەرەوە، دەکرێت ڕای گشتی بەم شێویە پێناسە بکەین: ڕای گشتی بەرپەرچدانەوە یان ھەڵوێستوەرگرتنی جەماوەرە سەبارەت بە ڕووداو یان دەستێوەردانێک کە گاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان ھەیە و، کێشە و گرفت دەخوڵقێنێت.

دووەم، فاکتەرەکانی کاریگەر لەسەر دروستبوونی ڕای گشتی

ئەم پێناسانەی سەرەوە بۆمان دەردەخەن کە بۆ ھاتنەدیی ڕای گشتی، پێویست بە چەند فاکتەرێک ھەیە کە لە ھاتنەئارایدا ڕۆڵی کارا دەگێڕن، ئەم فاکتەرانەیش بریتین لە:

١. جەماوەر: ڕای گشتی بۆ دروستبوونی، پێویستی بە جەماوەر ھەیە. زۆری یان کەمیی ژمارەی جەماوەر گرنگ نییە؛ ئەگەرچی زۆریی ژمارەی ڕای گشتی دەبێتە ھۆی کاریگەرتربوونی ڕای گشتی. کەواتە دەکرێ بڵێین لە ڕووداوە لۆکاڵییەکان ژمارەی جەماوەر کەمتر و کاریگەریی ڕای گشتیش لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری کەمتر دەبێت، بەڵام لە پرسە نیشتمانییەکان ژمارەی جەماوەر زۆرتر و کاریگەرییەکەیشی قووڵتر دەبێت.

٢. دۆز: دەبێ دۆز یان کێشەیەک ھەبێت کە ڕای گشتی بێتە کایەوە. کەواتە ڕای گشتی لە بۆشاییدا دروست نابێت. هەر بۆیەیش دەڵێن ڕای گشتی پەرچەکردارێکە لە هەمبەر ڕووداو یان پرسێک کە کاریگەریی لەسەر تاکەکان دروست دەکات.

٣. بەرژەوەندیی گشتی: ڕای گشتی لە دەرەنجامی کەوتنەوەی بەرژەوەندیی گشتییە لە دۆخێکی مەترسیداردا. ئەم بەرژەوەندییە دەکرێ لۆکاڵی بێت، یاخود نیشتمانی، یانیش دەکرێ بەرفراوانتر بکرێت و ببێتە پرسێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی؛ وەک پرسی پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی.

٤. جووڵانەوە (الحرکیە): ڕای گشتی لە بزاڤ و جووڵانی بەردەوامدایە، واتە سەقامگیر و ھەمیشەیی نییە. ئەم خەسڵەتەیش لەوەوە سەرچاو دەگرێ کە ڕای گشتی لە هەمبەر گرفتێکی دیار سەر هەڵدەدات و بە نەمانی گرفتەکە، ڕای گشتیش نامێنێت.

٥. ڕێککەوتن: دەبێ ئاستێک لە ڕێککەوتنی جەماوەری ھەبێت سەبارەت بە چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە ڕای گشتی لە پێناویدا سەری ھەڵداوە. کەواتە بۆ کاریگەربوونی ڕای گشتی، پێویستە لەناو خودی ڕای گشتیدا ئاستێک لە ڕێکخستن هەبێت تا داواکارییەکانی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بکات.

٦. مشتومڕ (جدل): لە نێوان جەماوەر مشتومڕ دێتە ئاراوە بۆ گەیشتن بە ڕایەکی لێکنزیک. ئەم مشتومڕە مانای نەرێنی نادات، بەڵکوو کردنەوەی دەرگه‌ی گفتوگۆیە لە نێوان ئەو لایەنانەی کە لە دروستکردنی ڕای گشتیدا بەشدارن.

٧. بەرپەرچدانەوە: ڕای گشتی لە دەرەنجامی بەرپەرچدانەوەی جەماوەرە بۆ سنووردارکردنی دەستێوەردانی دەسەڵات لە کاروباری ژیاندا. دەکرێ ئەم دەسەڵاتە لۆکاڵی بێت، دەکرێ نیشتمانی بێت. واتە کاتێک تاکەکان بەرپەرچدانەوەیان دەبێت کە هەست بکەن سنووری ئازادی و دەسەڵاتەکەیان لەلایەن دەسەڵاتێکی لە خۆیان سەرووتر پێشێل دەکرێت.

٨. ئازادی: ئازادی بەشێکی دانەبڕاوە بۆ دەڕبڕینی بیروڕاکان و دروستبوونی ڕای گشتی. کەواتە لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە ڕای گشتی زۆرتر لەناو کۆمەڵگە دیموکراتەکاندا سەر هەڵدەدات. ئەمەیش بەو مانایە نایه‌ت کە لە سیستەمە نادیموکراسییەکان ڕای گشتی نییە، بەڵام لەم کۆمەڵگه‌یەنەدا هەر جۆرە سەرهەڵدانێکی ڕای گشتی ئەگەری توندوتیژی یاخود گۆڕینی سیستەمی سیاسیی لێ دەکەوێتەوە. باشترین نموونەیش، خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی"ن لە وڵاتە عەرەبییەکاندا.

٩. ڕێکخستن: ڕای گشتی بۆ بەدەستھێنان و گەیشتن بە ئامانجەکانی، پێویستی بە ڕاددەیەک لە ڕێکخستنی جەماوەری ھەیە. ڕێکخستن، کڕۆکی گەیشتن بە ئامانجەکانە.

١٠. گشتگیری: مەبەست لە گشتگیری ئەوە نییە کە گشت ئەندامانی کۆمەڵگه‌ لەخۆ بگرێت، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە ئەو ڕووداوەی کە بووە بەھۆی دروستبوونی ڕای گشتی، کاریگەریی بەسەر زۆرینە یاخود بەشێک له‌ چین و توێژەکانی کۆمەڵگه‌دا ھەبێت؛ جا بە ئەرێنی بێت یان بە نەرێنی. ئاستی ئەم گشتگیرییەیش بەپێی قەبارەی ڕووداو و کارتێکەریی ڕووداوەکە لەسەر تاکەکان دەگۆڕدرێت.

پوختە

لە کۆبەند و پوختەی ئەم بابەتەدا، دەگەینە ئەم دەرەنجامەی کە ڕای گشتی لە ھەر کۆمەڵگه‌یەکدا بوونی ھەیە. ڕاددەی کاریگەربوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕاددەی کراوەیی یاخود داخراوەییی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگه‌دا. ڕای گشتی، ئامرازی ڕەخنەگرانەیە لە دەسەڵات کە ھاووڵاتیان، واتە ئەو کەسانەی لە دەرەوەی دامەزراوەی دەسەڵاتن، پشتی پێ دەبەستن و بەرجەستەی دەکەن تا بەرژەوەندییەکانیان دەستەبەر بکەن. دەسەڵاتیش بەپێی توانا و ئەو ئیمکانییەتانەی کە لەبەردەستیدایە، وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک دەداتەوە. ھەردوو چەمکیش کارتێکەرییان لەسەر یەکتر ھەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمەیش لەسەر ڕاددەی ئەو ھێز و ئامرازانە دەوەستێت کە ھەردوو لایەن بەکاری دێنن.

Latest from هیوا مەجید خەلیل