ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان لە پەرەسەندنی فەرهەنگی

محەمەد کەریمخان، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان - زانکۆی تاران

 

کورتە

پایەیەکی پتەو و پاڵگەی پەرەسەندنی پایەدار، پەرەسەندنی فەرهەنگییە. واتا بابەتی پەرەسەندن، بەبێ ڕەچاوکردنی بابەتگەلی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، چوارپایەیەکی لەقە. بۆ هێنانەوەی هاوسەنگی، دەبێ سیاسەتی فەرهەنگی، خورت و پێکراو بێت. یەکێک لەم سیاسەتانە گرینگیدانە بە بابەتی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی. لەو ناوەدا، کارەکتەرەکانی فەرهەنگسازی تەنیا دامەزراوە فەرهەنگییەکان نین، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی، دەکەوێتە ملی کۆمپانیا ئابوورییەکانیش. بەو پێیەی دیواری ئەدەبیاتی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان هێشتا نەوییە، لێرەدا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێین کە گرینگیی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان بۆ داکشاندنی لێکەوتە نەرێنییە کۆمەڵایەتییەکان و سازبوونی بەستێنی پەرەسەندنی پایەدار چییە.

پێشەکی

بەدوور لە پێناسە پۆزەتیڤیستییەکەی و بە چاویلکەی پەرەسەندن، بابەتی فەرهەنگ، لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، لەناو نەتەوە زیندووەکانی جیهاندا تۆختر بۆتەوە و وەک داری پێشکەوتن، بە تیۆر و میتۆدی زانستی ئاودێری دەکرێت؛ تا وای لێ هاتووە ئێستا غەڵفی وەک چەمکی "پەرەسەندنی فەرهەنگی"ی لێ شین بووە. چارەگی کۆتاییی سەدەی بیستەم هاوکات بوو لەگەڵ سووڕانی بابەتگەلی فەرهەنگی و دیاردەی پۆستمۆدێرنیزم. ئەم گۆڕانە دەرخەری ئەوە بوو کە دەسەڵات و هێزی نەرمی فەرهەنگ، چەندە مەیداندار و مەیدانگرە و چەندە کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە.

بەپێچەوانەی بیرە مارکسیستییەکان، فەرهەنگ یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی پەرەسەندن، کە کاریگەریی لەسەر وارەکانی دیکەی پەرەسەندن هەیە. بەتایبەتی، کاتێک لەسەر بابەتی پەرەسەندنی پایەدار قسە دەکرێت، دەبێ پەرەسەندنی فەرهەنگی، وەک ڕەهەندێکی سەرەکی، لەبەرچاو بگیرێت. ئەم جۆرە تێڕوانینە وای کردووە، ئەمڕۆکە پۆلێنبەندیی وڵاتان بە پێوەری پەرەسەندنی پایەدار بپێورێت و بەپێی ئەم پێوەرە دیار دەبێت که کام وڵات پەرەسەندووە، کامیان لەپەرەسەندندایە و کامەیان پەرەنەسەندوو و پاشکەوتووە. هەر کات لەم دیدگه‌یەوه‌ سەیری پەرەسەندن کرا، دەبێ لە ئاستی بەرز و گشتگیر سیاسەتی فەرهەنگی لە لایەن دەوڵەت بۆ کۆمەڵگه‌ دابڕێژرێت. یەکێک لەو سیاسەتانە، گرێدانی پرسە ئابوورییەکانە بە سیاسەتی فەرهەنگییه‌وه‌. بەتایبەتی پرسێکی نوێ و گرینگی وەک بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەم وارەیە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە. لێرەدا هەوڵ دەدرێت لە ڕوانگەی پەرەسەندنه‌وه‌ تەماشای پرسی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان بکرێت. ئەو پرسیارەی وەک ختۆکە خۆ دەردەخات ئەوەیە کە، بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان چییە؟ بەگوێرەی گریمانەی نزیک، پێویستە بە ڕوانگەیەکی زانستییانەی کۆمەڵایەتی، بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کارا و کاریگەر بۆ کۆمپانیا ئابوورییەکان پێناسە و دیاری بکرێت.

تیشکی تیۆری و ئامرازی ئانالیزە

بەپێی خستنەڕووی ئەم پرسە، کەڵک لە ڕوانگەی تیۆریی "میشێل کروزییە"، لەبارەی ڕەوتی کۆمەڵناسانە، لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، وەردەگرین. لە دیدی کروزییە، دامەزراوەکان دیاردەی بنه‌ڕه‌تیی کۆمەڵگەی مۆدێرنن. گرینگیی ئەم دامەزراوانە تا ئەو ڕاددەیە گرینگە کە ناسینی دامەزراوەکان، بەستێنی ناسینی کۆمەڵگه‌ و تاوتوێی کارکرد و گرفت و قەیرانەکانیش دیاری دەکات. ڕوانگەی کروزییە بۆ ئەم بابەتە، کارکردی و ستراتیژیکە.[1] کارەکتەران کەسانی هۆشمەند و چالاکی ناو دامەزراوەکانن و بەدوای ئامانجگەلێکن کە لە نێوان ڕێکارە جۆراوجۆرەکاندا توانای هەڵبژاردنیان هەیە و لەسەر بنەمای دۆخ و هەلومەرج، ڕەفتاری خۆیان ڕێک دەخەن.[2] لەم کەڵێنەوە، دەکرێ پەیوەندیی دامەزراوەکان لەگەڵ کۆمەڵگه‌ ببردرێتە ناو بازنەی پەیوەندیی نێوان دامەزراوە ئابوورییەکان، هەروەها واری فەرهەنگی و ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی دامەزراوە ئابوورییەکانی پێ هەڵسەنگێنین. بۆ ئەم مەبەستە شێوازی بەراوردکاری بە کەڵکی ئەم نووسینە دێت. هەرچەندە لەبەر ئەوەی هێشتا ئەدەبیاتی بابەتی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان لە ڕووی چەندێتییه‌وه‌ بە ژمار کەمە و لە ڕووی چۆنێتیشه‌وه‌ کوالێتییەکەی شلکە، هەوڵ دەدرێت سوود لە میتۆدی گەڕانی توێژینەوەیی و وەرگێڕانی هەندێک بابەتی پەیوەندار وەربگیرێت.

پەرەسەندن و سیاسەتی فەرهەنگی

چەمکی فەرهەنگ، سازە و بینایەکی مانایییە کە شتی ماددی و ناماددیی هاوبەشی، لە نێوان ئەندامانی گرووپێکی تایبەت، تێدایە کە بە فێربوون و ئەزموون وەدەستی دێنن و بە دابینکردنی پێداویستیی ماددی و مەعنەویی مرۆڤەکان، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ژیانیان.[3] ئەم چەمکە لە مەیدانێکی بەرینتر تاو دەخوات کە ئەویش مەیدانی پەرەسەندنی فەرهەنگییە و گرینگییه‌كی نێونەتەوەییی پەیدا کرددووە. بەپێی پێناسەی یۆنسکۆ "پەرەسەندنی فەرهەنگی برییتیە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌یەک بە ئامانجی بەها فەرهەنگییەکان، بە جۆرێک کە لەگەڵ واقعی پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی گونجاو و هاوتا بێت." ئەوەی کە لێرەدا جێی هەڵوەستەیە، ئامرازی کاراکردنی ئەم پەرەسەندنەیە. ئەگەر بە دیدگه‌ی "لێفت ویچ"[4] لە دەوڵەتە پەرەسەندووخوازەکان بڕوانین، پێویستە پێش هەر شتێک لە واتا و مانای سیاسەتی گشتی بدوێین.

سیاسەتدانان واتا هەموو ئەو شتانەی کە دەوڵەت بڕیاریان لێ دەدات[5]. ئەم سیاسەتدانانە گشتگیرە و پەل داوێتە ناو تان و پۆی فەرهەنگی و دەتوانێ پەرەی پێ بدات. لە واری فەرهەنگی، سیاسەتی فەرهەنگی بریتییە لە خواستی حکوومەت بۆ دانان یان توندوبەندکردن یان گۆڕانی ڕێساکان و ڕێکخستنی مەیدانی فەرهەنگی[6]. سیاسەتی پەرەسەندن پێویستییەکی سەرەکیی بە بابەتی فەرهەنگەوە هەیە. کاتێک بەرنامە ئابوورییه‌كان بە مەبەستی پەرەسەندن دادەڕێژرێن، دەبێ سەرنج بدرێتە باوەڕ، نۆڕم، سیمبول و واتاکان؛ بەپێی ئەم شتانە پێویستە ئەوە دیاری بکرێت کە چالاکییەکی ئابووری، چ مانا و ئامانجێکی هەیە و چەندە لەگەڵ ئەم سیاسەتانە هەماهەنگە و ئەگەری زیانەکان چین و چۆن دەکرێت لەو نۆڕم و باوەڕانە، بەستێنی پەرەسەندن بێته‌ کایەوە؛[7] ڕۆڵ و ئەرکی دامەزراوە ئابوورییەکان لەناو کۆمەڵگه‌دا چییە و چ جۆرە بەرپرسیارێتییەکی گشتی و فەرهەنگییان دەکەوێتە سەرشان کە نەک هەر خزمەت بە ڕەوتی فەرهەنگیی کۆمەڵگه‌ بکات، بەڵکوو ببێتە هۆی پێشکەوتنی زیاتر لە وارگەی ئابووریشدا.

بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی

بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی، یەکێک لە گرینگترین شته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگه‌یەکی شارستانییە؛ بە یەکێک لە نیشانەکانی پەرەسەندن دێتە ژمار کە لەناو هەر کۆمەڵگه‌یەکدا، تاک و دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، بەگوێرە و گوێڕایەڵی لە یاسا، نۆڕم و بەها فەرهەنگییەکان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ فێری دەبن و دواجار دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پایەدار.[8] هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی وا لە مرۆڤ دەکات، کە بەرپرسی هەست، ناسین و ڕەفتاری خۆیان بن و دان بەوە دابنێن کە خۆیان بەرپرسی سەلامەتی، سەرکەوتن، پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و دەوروبەرن[9]. فەرهەنگ وا لە مرۆڤ دەکات کە لەبارەی خۆی بەقووڵی و ژیرانە و ئەخلاقییانە بیر بکاتەوە؛ لە ڕێگەی فەرهەنگە کە بەها و نۆڕمەکان لێک جیا دەکرێنەوە؛[10] بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی زیاتر ئەم بەها و نۆڕمانە دیاری دەکات. "کارلێس چیبات" بەرپرسیارێتی، بە دەرەنجامی پڕۆسەی فێرکاریی پەرەسەندن دادەنێت؛ ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی کەسانێکە کە بە وشیاری و ئاگاییی خۆیان توانیویانە کەشی دەوروبەریان بگۆڕن و بەها کۆمەڵایەتییەکان ببریسکێننەوە.[11] ئەم جۆرە بەرپرسیارێتییە لە بازنەی تاک تێ دەپەڕێت و دەچێتە ناو مەیدانی دامەزراوە گشتییەکان. یەکێک لەو بەرپرسیارێتییانە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە کۆمپانیا ئابوورییەکانەوە هەیە. بەو پێیەی، ناکرێ بەبێ باسکردنی ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگه‌ باس لە پەرەسندن بکەی؛[12] لە واری ئابووریشدا، ناکرێ بابەتی فەرهەنگی نادیدە بگیرێت. لەبەر ئەوەی کە هەموو چالاکییەکی ئابووری باری فەرهەنگییان هەیە، لێرەدا زیاتر تیشک دەخەینە سەر بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان.

بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان

پێش هەر شتێک، دەبێ ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکان لەگەڵ بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی جیاوازە؛ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکان زیاتر دەچێتە سەر خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵایەتی، وەک دروستکردنی نەخۆشخانە، فێرگە، ئاوەدانکردنەوە و هتد. ئەدەبیاتی بەرپرسیارێتیی کۆمپانیایی، پڕە لە نووسینی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییانە. بەڵام لەم ناوەدا، بابەتی زۆر لەبارەی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان، بەتایبەتی لەناو ئەدەبیاتی زانستیدا نییە. تەنانەت لە وێبگه‌ڕان و گووگڵگەڕانیشدا، بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی، پێشتر ئەم بابەتە نەبوو. بەڵام ئەمڕۆ تا ڕاددەیەک لەو بوارەدا ئەدەبیاتێکی نائاکادیمیک بەرهەم هاتووە؛ هەرچەندە هێشتا ئەدەبیاتەکەی لەژێر کاریگەریی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکاندایە. ئەوەی کە لەبارەی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا گوتراوە، لەناو سنووری هێزی مرۆییی خودی ئەو کۆمپانیاگەلەدایە و بە هیچ شێوەیەک وێکچوونی لەگەڵ بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیدا نییە؛ کەواته‌ ئەم ئایدیایە ساوایە، هێشتا دەستی بۆ نەبراوە و نەناسراوە.[13]

وەک باس کرا، کۆمپانیا ئابوورییەکانیش وەک دامەزراوەیەکی ئابووری، کۆمەڵێک بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە سەر شان. بەڵام وەک پرسێکی سەرەکی، دەبینین ئێستا هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەم کۆمپانیاگەلە هیچ جۆرە وێكچوونێکی لەگەڵ پرەنسیپە فەرهەنگییەکان و ئاست و ڕێژەی کاریگەریی فەرهەنگیدا نییە. ڕاستییه‌كه‌ی، بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان بیرۆکەیەکی نوێیە کە تێیدا، کۆمپانیاکان نەک هەر لەناو کاروباری کۆمەڵایەتی (وەک خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و فێرکاری و...)، بەڵکوو لەو شتەی کە پەیوەندیی بە فەرهەنگی گشتیی کۆمەڵگه‌وە هەیە بەرپرسیارن. ئەم بەرپرسیارێتییە واری فرەی هەیە: هەڵکشانی ئاستی پێکەوەژیانی نێودەوڵەتی، ناسینی فەرهەنگی دوولایەنەی نێوان چالاکانی ئابووری، ناسینی دیاردە هونەرییەکانی وڵاتانی هاومامەڵە، وەک مۆسیقا، فیلم و سینەما، جۆراوجۆریی فەرهەنگی و داهێنان، باشترکردنی ژیانی شارستانی و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە فەرهەنگ و ڕەفتار و بیری ژیانی مرۆڤەوە هەیە.

بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی، ڕوویەکی تەواو جیاواز دەداتە شێوازی بەرپرسیارێتیی کۆمپانیاکان، بە جۆرێک کە تەنیا لە ئاستی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا نامێننەوە و دەچنە ناو پەیوەندییەکانی "نێوان فەرهەنگی". ئەم جۆرە بەرپرسیارێتییە توانایەکی پڕ لە سەرچاوەی داراییی کۆمپانیا ئابوورییه‌كان دەداتە واری فەرهەنگی. کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتیی تەکنیکی زانیاری و پەیوەندییەکان، بیناسازان، کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێن و بازرگانیی دەرمان و...، خەریکی کاری گەورەی ئابوورین و هەر یەکەیان بەپێی شایستەیی، کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ژیانی فەرهەنگی دادەنێن. لە ئاستی نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی دەتوانێت ڕۆڵی هەرمانی هەبێت و سەرچاوەگەلێکی چالاکییە ئابوورییەکانی کۆمپانیاکان بڕژێنێتە ناو واری فەرهەنگ؛ فەرهەنگ وەک شێوازی ژیان[14].

لێکەوتی نابەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییه‌كان

لە سەردەمی ڕەوگرتنی کۆمپانیا دەوڵەتییه‌كان و کەرتی تایبەت و کۆمپانیا نیشتمانی‌ و فره‌نەتەوەیییه‌كان، بەهۆی لاوازیی ئەدەبیاتی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان و گرینگیدان بە یەک تاکەڕەهەندی ئابووریی سەرمایەخوازانە، زیانگەلێکی درێژخایەن و ڕیشەیی بەر ڕیشەی کۆمەڵگه‌کان کەوتووە کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین. بۆ وێنە، زیانگەلێک لە بەدڕەفتاریی ئاپارتماننشینیدا هەیە. بەدڕەفتاری، سەرچاوەگرتووی ڕەفتارێکی فەرهەنگییە. کێ بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی ئاپارتماننشینی لەناو کۆمەڵگه‌دا لە ئەستۆ دەگرێت؟ ئایا ئەم بەرپرسیارێتییە ڕەهایە یان هەندێک بەشی کۆمەڵگه‌، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی سازکەر، دەبێ بپڕژێنە سەر ڕۆڵی فەرهەنگیی خۆیان؟ ساڵانە لە تەواوی دونیادا ئاپارتمان و بیناسازی، تێچوویەکی زۆری تێ دەچێت. بەو پێیەی ئاپارتماننشینی فەرهەنگ و ئاداب و نەریتی تایبەت بە خۆی گەرەکە، ئایا کۆمپانیاکانی بیناساز، کە سوودێکی فرە لەم چالاکییە ئابوورییە وەدەست دێنن، لەم وارەدا بەرپرسیارێتیی فەرهەنگییان نییە؟ بەرپرسیارێتیی دەستەواژەی فەرهەنگی ترافیک، لە ملی کێیە؟ ئایا دەبێ داوا لە هێزی پۆلیسی هاتوچۆ بکرێت کە بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی لە ئەستۆ بگرن؟

کۆمپانیاگەلێک لە بەرهەمهێنان و بازرگانیی دەوا و دەرمان چالاکن و قازانجی زۆریش، لە کەڵەکەی ئەو دەرمانانەی لەناو بازاڕ دەپەسترێن، دەکەن؛ چ دەرمانی تایبەت، چ ئەو دەرمانە تەواوکەرانەی کە پێویستیان بە نووسراوی پزیشک نییە و بەپێی کەلتوور و شێوازی ژیانی خەڵک، بەکار دێن و زیانگەلی فرەیان پێوەیە. خراب بەکارهێنان، هەڵقووڵاوی ڕەفتارێکی کەلتوورییه؛ کێ بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی دەرمان لەناو کۆمەڵگه‌دا هەڵدەگرێت؟ ئایا ئەم بەرپرسیارێتییە ڕەهایە یان هەندێک لایەنی کۆمەڵگه‌، بەتایبەتی کۆمپانیاگەلی دەرمانساز، دەبێ بە ڕۆڵی فەرهەنگیی خۆیان هەڵبستن؟[15] گوێنەدان بە واری فەرهەنگی وای کردووە، لە کاتی سەرهەڵدانی ئیپیدێمییەکی وەک کۆڕۆنا، ئەو وڵاتانەی کە فەرهەنگیان بەلاوە گرینگ نییە، زۆرتر تووشی زیانی ماددی و مرۆیی بن. چونکە بەهۆی هاوردەکردنی دەرمانگەلی هێورین (ئارامبه‌خش)، بەرگریی لەشی کۆمەڵگه‌یەک دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر سەیری حەکیم و لوقمانانی وڵاتێکی وەک ژاپۆن بکەین، لەمێژە فەرهەنگی بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانانەیان، چ بەشێوەی فیزیکی چ بە شێوەی نەرمەئامرازی فەرهەنگی، بە مەبەستی هەڵکشانی سیستەمی بەرگریی لەش، لەناو دڵی کۆمەڵگه‌دا بنەجێ کردووە.

کۆمپانیاکانی تەکنیککاری زانیاری و پەیوەندییەکان، لە "هواوی" ڕابگرە تا دەگاتە "سامسۆنگ" و "ئەریکسۆن"، ساڵانە بە ملیار دۆلار لە بازاڕە گەورەکانی وڵاتان داهات وەدەست دێنن. ئایا ئەم کۆمپانیایانە لە بەرانبەر بەستێنی فەرهەنگیی ئاڵوێری خۆیان، واتا پەیوەندیی "نێوان فەرهەنگیی" وڵاتانی چین، کۆریای باشوور، سوید، ئێران و...، هیچ بەرپرسیارێتییەکیان نییە؟ ئایا ئەم کۆمپانیایانە لە بەرانبەر ئەو گۆڕانەی کە لەناو خەڵکیدا دروستی دەکەن –بۆ نموونە لە واری ڕۆشەنبیریی میدیایی- هیچ بەرپرسیارێتییەکیان نییە؟ لەم کونیژگەوە با سەیری دادگه‌کانی کوردستان بکەین، بزانین نەبوونی فەرهەنگی چاک بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە چیی بەسەر کۆمەڵگه‌ هێناوە. هەروەها با تەماشای دابەزینی ئاستی خوێندنەوەی کتێب و بابەتی ڕەسەن بکەین، بزانین بۆردومانی بەردەوامی زانیاریی نامیتۆدییانە و ناپۆلێنکراو و بێبناغەی فەیسبووکی و ویکیپێدیایی چەندە کاتگرە و چەندە ئاستی لاوانی کۆمەڵگه‌ی کوردستانی داکشاندووە و چەندەیش ناز و داواکاریی بێژەرانی تیڤی و چاوەڕوانیی دەرچووانی "زانکۆیە کۆنسێرڤ"ییەکانی هەڵکشاندووە.

بیرۆکەی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان وەڵامێکی ئەرێنییە بۆ ئەم پرسیارانە. خۆی لە خۆیدا وێنەی بەری ئەم جۆرە کارانە، بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان پشتڕاست دەکاتەوە. ئاڵوێری ئابووری، لەسەر بەستێنی ناسینی دوولایەنەی فەرهەنگی و متمانە پەرە دەستێنێت؛ ئەم مامەڵەیە بەبێ تێگەیشتنی دوولایەنە لە فەرهەنگی یەکتر، ناپایەدار و هەندێک جار مەترسیدارە و ڕەنگە بگاتە خەسارەت و لادەری و تەنانەت کێشەی درێژخایەنیشی لێ بکەوێتەوە. چالاکیی ئابووری، وەک گۆڕاوێکی سەربەخۆ، دەتوانێت گۆڕانگاریی ڕەفتاریی قووڵ لەناو کۆمەڵگه‌کاندا بێنێتە دی و بەستێنی فەرهەنگی-مێژووییی وڵاتان تووشی ئاوەژووبوون بکات. بۆ وێنە، کار و کردەی بەرهەمێکی وەک مۆبایل و ئەو گۆڕانەی کە لە شێوازی ژیانی مرۆڤ و ڕەفتاری فەرهەنگیی هێناویەتە ئارا، وه‌ك پێویست گۆیای ئەوەیە تا بەریناییی فەرهەنگیی ئەم کاریگەرییە بزانین. کەواتا، بکەری سەرەکیی ئەم گۆڕانە، واتا کۆمپانیا ئابوورییه‌كان، لە بەرانبەر ڕەفتار و چالاکییەکانی خۆیان بەرپرسن. کۆی گوتە ئەوەیە کە کۆمەڵگە، زنجیرەیەکی لێکهاڵاو و گرێدراوی یەکترە و، ناکرێ پێناسەی چالاکیی ئابووری لەناو بازنەی بەدەستهێنانی داهاتدا بچووک بکەینەوە. ئەوەی کە داهات بەدەست دێنێت، لە بەرانبەر ئەو لێکەوت و گۆڕانکارییانەی کە دەیکات، بەرپرسیارێتیشی هەیە.[16]

ڕۆڵ و ئەرکی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکان

ئەمڕۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییه‌ گه‌وره‌كان لە مەیدانی جیهانیدا، چالاکیی بەرفراوانیان هەیە. ئەگەر ئەم کۆمپانیایانه‌ ڕۆڵی بەرپرسانەی فەرهەنگیی خۆیان ببینن، دەتوانن لە واری ئاشتی، ئاسایش و تێگەیشتنی نێودەوڵەتیدا کاریگەری دابنێن. دەکرێ ئەم چالاکییانە، لەناو چەمکێکی تەنگی فەرهەنگ، لە ڕێگەی پشتیوانی لە بڵاوکردنەوەی خزمەتگوزاری و بەرهەمە فەرهەنگییەکان ڕەنگ بدەنەوە. لەناو چەمکێکی بەرینی فەرهەنگ، دەتوانن لە ڕێگەی ڕێزگرتن و ناسینەوەی دووبارەی شێوازی ژیانی لایەنەکانی چالاکیی ئابووری، بۆ پەرەدانی پەیوەندیی "نێوان فەرهەنگی" و بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی فەرهەنگی کار بکەن. لە ئاستێکی بەرزتر، گفتوگۆی نێودەوڵەتیی فەرهەنگی، گرینگترین دەستکەوتی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکانە.[17] لەم دەروازەوە، فکری بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان لە ماوەی چەند ساڵدا، لە هەندێک وڵاتدا، چەمکسازی و تیۆرسازیی بۆ کراوە و لە بنەما دینی و کەلتوورییەکانی کۆڵدراوەتەوە.

پێداویستییەکانی جێبەجێکردن

  • پێویستە چەمکی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی، لە بەر دیدی ڕەخنە و گفتوگۆی کارناسانە دابندرێت تاکوو مشتوماڵ بدرێت و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی وەدەر بکەون. بەتایبەت ڕەخنەگرتن بۆیە گرینگە، چونکە جیاوازییەکەی لەگەڵ "بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی" دەردەکەوێت. بیرۆکەی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان، دەبێ بشێت پچڕانی خۆی لە "بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی" بەئاشکرا نیشان بدات و سەربەخۆییی واتایی و پراکتیکیی خۆی وەدەست بێنێتەوە.
  • دەبێ ئەم هزرە لەناو بەرپرسانی چالاکیی ئابووری، بەرپرسان و نوێنەرانی کۆمپانیاکان و هونەرمەندان و چالاکانی فەرهەنگی، بخرێتە ڕوو و کاریگەری و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی بناسرێن. دواتر پڕۆژە پراکتیکییەکەی بناسرێت و پۆلێن بکرێت. بۆ نموونە، بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی لە وارگەلی ئابووری، وەک کۆمپانیاکانی تەکنیکی زانیاری و پەیوەندی، بیناسازی، ئۆتۆمبێلسازی، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێن و بازرگانیی دەرمان و...، دیار و ئامارگیری بکرێن.
  • ڕەهەندە یاسایییه‌كان و ئەرک و ڕێکاری یاسایی و ڕێساییی پێویست بە مەبەستی کاراکردنی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان، ئامادەکاری و پێشنیازی بۆ بکرێت.
  • ئامادەکاری و زەمینەسازیی پێویست بۆ ڕێکخستنی دامەزراوە مەدەنییەکان بکرێت، تاکوو چالاکیی کۆمەڵایەتیی پێویست بە مەبەستی بڵاوکردنەوە و گەیشتنە ئاکامی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان لە ئاستی نەتەوی و نێونەتەوەییدا بێتە دی.
  • دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی فەرهەنگی، لە بەرانبەر بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بە ئەرکی خۆیان ڕابن.[18]

دەرەنجام

پەرەسەندن تەنیا کەشێکی دروشمین و سازکردنی سازەی شووشەیی و سەمای شەوچرا نییە؛ ئەگەر کلیلەکەی نەدۆزرێتەوە و هەوڵ بۆ پەرەسەندنێکی دەروونزا نەدرێت، کۆمەڵگه‌ وردە وردە لەناو گێژەنی گۆمی دواکەوتوویی ڕۆ دەچێت. زۆر لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و تەنانەت هەندێک لە وڵاتە پیشەسازییەکانیش نیگایەکی ئابووریی تەوەرانەیان بۆ پەرەسەندن هەبوو، بۆیە لە شەوستانی ناوردبینیدا سەریان بەر تاشەبەردی بنبەست کەوت. پەرەسەندن بابەتێکی فرەڕەهەندە و، یەکێک لە پایەکانی پەرەسەندنی پایەدار پەیوەندیی بە سیاسەتی فەرهەنگییەوە هەیە. لاوازیی ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی ئەوەی بیر لە بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی نەکرێتەوە و دواجار گرێ و گرفتی کەڵەبوو بەسەر شانی کۆمەڵگه‌ و حکوومەتدا بار و سەربار دەبێت. یەکێک لەو کارانەی کە پێویستە لەو ئاڕاستەدا سیاسەتی بۆ دابڕێژرێت، بابەتی بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیا ئابوورییەکانە. ئەم جۆرە بەرپرسیارێتییە، نەک هەر لە ڕووی کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە‌ پێویست و بەکەڵکە، بەڵکوو لە ڕووی ئابووریشه‌وه‌ بەسوودە. بەپێی پرسیاری سەرەکی، وەڵامێک ڕەنگان دەنوێنێت، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە بە ڕوانگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەدواداچوون بۆ بەرپرسیارێتیی فەرهەنگیی کۆمپانیاکان بکرێت. لێرەدا ئەرکی لایەنە فەرهەنگسازەکان بە پلە یەک دێت. ئەڵبەتە لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە بەپێی پێوەری زانستی سیاسی و پسپۆڕی لە سیاسەتی فەرهەنگی، کەس و لایەنە فەرهەنگسازەکان دەستنیشان بکرێن.

 

سەرچاوەکان

  1. وحید، مجید (1386)، بحثی در سیاست گذاری فرهنگی، فصلنامه سیاست، مجله دانشکده حقوق و علوم سیاسی، دوره 37، شماره 3، صص 287-306.
  2. وحید، مجید (1386)، همان (1).
  3. پناهی، محمدحسین (1375)، نظام فرهنگی، کارکردها و دگرگونی آن، در نامه پژوهش، شماره 1 و 2.
  4. لفت­ویچ، آدریان (1385)، دولت­های توسعه­گرا (پیرامون اهمیت سیاست در توسعه)، ترجمه دکتر جواد افشار کهن، مشهد: مرندیز، نی نگار.
  5. Dye, Thomas R, Understanding Public policy, Eleventh Edition, New Jersey Pearson Prentice Hall, 2005.
  6. وحید، مجید (1386)، همان (1).
  7. پناهی، محمدحسین (1394)، توسعه فرهنگی ضرورت توسعه اقتصادی، اجتماعی و سیاسی، فصلنامه برنامەریزی رفاه و توسعه اجتماعی، شماره 22.
  8. مرادی، علی (1399)، بررسی رابطه بین هوش فرهنگی و میزان مسئولیت پذیری اجتماعی، فصلنامه انجمن ایرانی مطالعات فرهنگی و ارتباطات، سال شانزدهم، شماره 59، صص 353-381.
  9. بهرامی، فاطمه، حسین ملکیان و محمدرضا عابدی (1385)، بررسی و مقایسه راهکارهای افزایش مسئولیت­پذیری در بین دانش­آموزان دورە راهنمایی شهر اصفهان، فصلنامە آموزه، شمارە 2، صص 45-48.
  10. دوپویه، گزاویه (1374)، فرهنگ و توسعه، ترجمه: فراهانی و زرین قلم، تهران: مرکز انتشارات کمسیون ملی یونسکو در ایران.
  11. Chebat, Jean-Charles (1986), "Social Responsibility, Locus of Control and Social Class. The journal of social psychology. Vol. 126, pp. 559-
  12. هانتینگتون، ساموئل (1379)، اهداف توسعه در درك توسعه سیاسی، تألیف: مایرون واینر و ساموئل هانتینگتون، ترجمه: پژوهشکده مطالعات راهبردی، تهران: پژوهشکده مطالعات راهبری.
  13. اشتریان، کیومرث، بشیر خالقی پور (1399)، مسئولیت فرهنگی شرکت‌ها چیست؟، https://www.ricac.ac.ir/news/3326، تاریخ رجوع: 10/1/2021.
  14. اشتریان، کیومرث، بشیر خالقی پور (1399)، همان (13).
  15. اشتریان، کیومرث، بشیر خالقی پور (1399)، همان (13).
  16. اشتریان، کیومرث، بشیر خالقی پور (1399)، همان (13).
  17. اشتریان، کیومرث، بشیر خالقی پور (1399)، همان (13).
  18. اشتریان، کیومرث، بشیر خالقی پور (1399)، همان (13).

 


 

Latest from محه‌مه‌د کەریمخان