جەدەلیەتى لامەرکەزى لە نێوان بەرنامەى حکوومەتى هەرێم و ململانێی حزبیدا

(خوێندنەوەیەک بۆ چەسپاندنى مافەکان نەک بونیادنانەوەى دووئیدارەیی)

د. سەردار قادر، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

 

لامەرکەزییەت ڕەهەندى حوکمڕانیی حکوومەتى نوێی هەرێمە

دواى چەندان مانگ لە گفتوگۆ و بێنەوبەردەى سیاسیی نێوان حزبە سەرەکییەکانى هەرێمی کوردستان و ڕێکكەوتنیان لەسەر پێکهێنانى حکوومەت، ئەوە بوو لە ئاکامدا گەیشتنە ئەو بەرەنجامەى کە بەرنامەى ستراتیژیى کابینەى حکوومەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێ بەو شێوەیە بێ، کە دواتر لە پەرلەمان لەلایەن فراکسیۆنە جیاجیاکانەوە پەسەند کرا. ئەودەم پەتاى کرۆنا نەبوو؛ پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ لە تەنگژەدا نەبوو؛ حکوومەتێکی ئیئتلافی لە نێوان حزبە سیاسییە سەرەکییەکانى هەرێم پێک هات؛ زۆرینەى پەرلەمان یاریدەدەر بوو بۆ مەسەلەکە؛ سەرەداوەکانى کارکردن بەیەکەوە لە نێوه‌ندى ڕێكکەوتنەکانەوە بە جیاواز لە قۆناغەکانى پێشوو و خولەکانى ترى حکوومەت ڕۆشنتر بوون؛ بەشدارییەکان لەسەر بنەماى موجامەلاتى سیاسی نەبوو، بەڵکوو لە نێوه‌ندى ڕێكکەوتنەوە بوو، کە دەبوایه‌ لایەنەکان پێوەى پابەند بن و...؛ هەر بۆیە حزبەکانى بەشداربووى ناو حکوومەت لەسەر چەندان پرس کۆک بوون کە پێویستە کاری جددیى لەسەر بکەن، لەوانەیش پڕۆژەى دەستوور و گەندەڵى و چاکسازی و سیسته‌مى کارگێڕی و هتد. یەکێک لەو تەوەرانە سیسته‌مى لامەرکەزیى کارگێڕی بوو بۆ هەرێمی کوردستان و شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکان بوو بەمەبه‌ستى کەمکردنەوەى ڕۆتین و کارئاسانى و بەمۆدێرنەکردنى سیسته‌مى کارگێڕی لە سەرەوە بۆ خوارەوە. ئەمەیش ئەو ڕەهەندى حوكمڕانییە بوو کە هەر لە سەرەتاوە کابینەى نوێی حکوومەت بە ڕێكکەوتنى حزبە بەشداربووەکان زۆر ڕاشکاوانە بەرنامەى لامەرکەزیى کارگێڕییان خستە بەردەم پەرلەمان و پەسەند کرا، کە ئەمەیش ده‌قه‌کەیەتى:

هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2122 وشە کە 10 لاپەڕە دەکات بە فۆنتى چواردە و دابەش بووە بۆ 7 تەوەرەو 52 بڕگە، کە بە تەوەرەى چاکسازی دەست پێ دەکات و بە لامەرکەزیەت کۆتایی دێت... ئەوەى جێی مەبەستە تەوەرەى لامەرکەزیەتە کە لە دوو بڕگەى سەرەکی پێک هاتووە، بەم شێوەی خوارەوە:

"لە ئاستی کارگێڕی:

  • یەکەم: کار دەکەین بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستەمی یاسایی و کارگێڕیی هەرێمی کوردستان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بەپێی یاسا، لەژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی حکوومەت.
  • دووەم: کاری جددی دەکەین بۆ تەرشیقی هەیکەلیەتی دامودەزگه‌کانی حکوومەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە شێوەیەک کە بۆ هەرێمی کوردستان گونجاو بێت؛ ئەمەیش بەپێی پلانێکی تۆکمە و ئامادەکردنی نەخشەڕێگه‌یەکی زەمەنی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا."

کەواتە لامەرکەزیەت ڕەهەندێکی سەرەکیی کارنامەى حکوومەتى نوێی هەرێمی کوردستانە و لەو نێوەندەیشدا تەواوى حزبە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان لەو پرسەدا بەشدارن و لە ڕێگەى پەرلەمانى هەرێمى کوردستانەوە پەسەندیان کردووە و، پڕۆژەیەکە بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەپێدان و بەمۆدێرنەکردن و شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکان و جارێکی تر دابەشکردنەوەى دادپەروەرانەى داهاتەکانە لە بوارى کارگێڕی و پارێزگاکاندا.

بونیادی گونجاندنى یاساییی لامەرکەزیەت لە عێراقی فیدراڵ

  1. ستراکچەرى کارگێڕی

لە دەستوورى هەمیشەییی عێراقى ساڵی 2005  لە ماددەى 116و 122 بڕگەى یەکەم هاتووە بەوەى: "ڕژێمی فیدراڵی عێراق، پێک دێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزیەکان و ئیدارە خۆجێیەکان (قەزا و ناحیەکان)." بە هەمان شێوە لە ماددەى 1ى یاساى پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمدا (قانون محافظات غير منتظمة في إقليم)ى عێراق ژمارە 21 ساڵى 2008 هاتووە بەوەى، پارێزگا "یەکەیەکی کارگێڕییە، لە قەزا و ناحیە پێک هاتووە"؛ هەروەها مادده‌ى 3ى یاساى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان ژمارە 3ى ساڵى 2009یشدا هاتووە بەوەى کە، هەرێمی کوردستان "لە ڕووى کارگێڕییەوە دابەش دەکرێ بۆ پارێزگاکان و پارێزگاکانیش بۆ قەزا و ناحیە." ئەمەیش ئەوە دەردەخا کە لە نێوان لامەرکەزیەت و هەرێمەکان بونیادێکی کارگێڕیی تر نییە. هەر لەو نێوەندەدا ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بارى یاسایییان یەکلا نەکراوەتەوە و تەنیا بە ڕێنماییی ئەنجومەنى وەزیران ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێ. هەر لەو نێوه‌دا تایبەتمەندییەک بە یەکەیەکی کارگێڕیی دروستکراو لەناو پارێزگایەکدا دراوە بۆ باشتر بەڕێوەبردنى کارەکان و دابەشکردنیان، بەڵام تەواوى دەسەڵاتەکان هەر لە پارێزگایە نەک لاى یەکە کارگێڕییەکان؛ ئەمەیش لە یاساى دەستووريدا، بە "مەرکەزیەتى نەرم" ناسراوە.

کەواتە لە نێوه‌ندى هەردوو یاساکەوە وڵات و هەرێم وەک دوو یەکەى فەرمانڕەوایی لەسەر بنەماى ئيدارەى لامەرکەزیى سیستەمى کارگێڕییان بۆ پارێزگاکان دابەش کردووە؛ ئەمەیش هیچ مشتومڕێکی کارگێڕی و یاسایی و سیاسی هەڵناگرێ و دەبێ لە چوارچێوەى ئاماژەپێدراوى خۆىدا جێبەجێ بکرێ.

  1. کەسایه‌تیى مەعنەوى

لە ڕوانگەى ماددەى 122 بڕگەى پێنجەمى دەستوورى هەمیشەییی عێراقدا هاتووە بەوەى، "ئەنجومەنى پارێزگا ناکەوێتە ژێر ڕکێف و چاودێریی هیچ وەزارەت یان لایەنێکەوە کە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتێکەوە و دارایییەکى سەربەخۆى خۆى هەیە." هەمان بابەت لە ماددەى 3ى یاساى ژمارە 3ى ساڵى 2009ى پارێزگاکانى هەرێم ئاماژەى پێ دراوە بەوەى، "یەکە کارگێڕییەکان کەسایەتیى مەعنەوى و زیممەتى داراییی سەربەخۆیان لەناو بوودجەى پارێزگادا هەیە." ئەو کەسایەتییەیش لەوەوە هاتۆتە دی کە ئەنجومەنەکان بە شێوازى هەڵبژاردنى نهێنییه‌وه‌، ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و بوودجەیەکی تایبەتیشیان هەیە؛ هیچ لایەنێکیش ناتوانێ ئەو مافە لە ئەندامانى هەڵبوەشێنێتەوە بێجگە لە پەرلەمان کە بە دوو لەسەر سێ لەسەر پێشنیارى ئەنجومەنى وەزیران یان یەک لەسەر سێی ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا دەتوانێ متمانە و کەسایه‌تیی مەعنەوییان لێ بسەنێتەوە، چونکە پەرلەمان بە دەنگى خەڵک شەرعییەتى وەرگرتووە و ئاستى کەسایه‌تیی مەعنەوى لە ئەنجومەنى پارێزگاکان بەرزترە.

  1. شۆڕکردنەوەى دەسەڵات نەک دابەشکردن

ئەمە دوو زاراوەى جودان و هەرگیز مورادیف و هاوواتای یەکتر نەبوون و نین. لە یاساى دەستووریدا هەمیشە شۆڕکردنەوەى دەسەڵات لە سیسته‌مى لامەرکەزیدا بەکار دەهێنرێت؛ بەو مانایەى لە سیسته‌مى لامەرکەزیدا بە هیچ شێوەیەک دابەشکردنى دەسەڵات نییە. ئەم بابەتە لە ماددەى 123ى دەستووردا باس کراوە، گەرچى دواتر لەو نێوه‌نده‌وه‌ دەسەڵاتەکە بە لایەنێکى تر دراوە تا بەپێی یاساکان بەکاری بێنێ، بەڵام ئەوەى کە دەمێنێتەوە ئەوەیە، لایەنى پێدراو ناتوانێ دەسەڵاتەکەى بە لایەنى سێیەم ببەخشێ، بەبێ ئاگاداریی لایەنى پێدەر. هەمان بابەت لە ماددەى 2ى یاساى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستانى ساڵى 2009دا هەیە؛ گەرچى لە یاساکەدا باس لە دابەشکردنى دەسەڵات دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکات دەبێ لەسەر بنەماى پرنسیپی ناسەنتەری بێ، کە هەمان ماناى پێشوو دەگرێتەوە.

بەڵام دابەشکردنى دەسەڵاتەکان، چەمکێکە لە یاساى دەستوورى لەنێو دوو یەکەى فەرمانڕەوایی یان لەسەر بنەماى پسپۆری بەکار دەهێنرێ. ئەمەیش زیاتر لە دەوڵەتانى فیدراڵ پەناى بۆ دەبردرێ، چونکە یەکەکانى ناو دەوڵەتى فیدراڵ یەکەى فەرمانڕەوایین نەک ئیدارى. هەرێمەکان هەمیشە دەسەڵاتێکن لە بەرامبەر دەوڵەتى فیدراڵ و هەردوو سیفەتى سەربەخۆیی بۆ خۆیان و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنى کاروبارەکان لەسەر ئاستى دەوڵەتى فیدراڵ هەیە. بەڵام لە سیسته‌مى ئیداریدا ئەو چەمکە بوونى نییە، چونکە یەکەى فەرمانڕەوایی تەنیا یەکە؛ بەڵام دەکرێ تایبەتمەندى بە هەندێ یەکەى ئیدارى بدرێ بۆ باشتر بەڕێوەبردنى کارەکان و دەسەڵاتەکانى بۆ شۆڕ بکرێتەوە بەیێ گەڕانەوەى بۆ مەرکەز؛ بەڵام ئەوەى هەیە ئەوەیە کە دەبێ لە چوارچێوەى یاسایی و دەستوورى باودا لە وڵات دەرنەچێ، هەروەک چۆن لە هەردوو یاساکانى عێراقی فیدراڵ و هەرێمدا هاتووە.

  1. تایبەتمەندیى ئەنجومەنى پارێزگاکان

دەتوانین لە چەند ڕەهەندێکەوە تایبەتمەندیى ئەنجومەنى پارێزگاکان بخەینە ڕوو کە له‌ هەردوو یاساکانى حکوومەتى فیدراڵ و هەرێم هاتووە، ئەوانیش:

  • یەکەیەکى فەرمانڕەواییی ئیداریى سەربەخۆیە نەک سیاسی؛ ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە بۆ ماوەى چوار ساڵ هەڵدەبژیردرێن و لایەنى شەرعییەتیان لە خەڵکەوەیه‌ نەک حکوومەت.
  • ئەنجومەنى پارێزگا بەرزترین پێگەى یاسایی و ئیدارییە لە چوارچێوەى سنوورى جوگرافی و ئیداریى پارێزگادا؛ بەو مەرجەى یاسا و ڕێنمایییەکانى دژیەک و پێچەوانە نەبن لەگەڵ دەستوور و یاساکانى هەرێم و، لە چوارچێوەى سیسته‌مى ئیداریى لامەرکەزیدا بن.
  • دیاریکردنى سیاسەتى گشتیى پارێزگا بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان؛ بەڵام لە کاتى ناکۆکی (تناقض)، ئەولەویەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنى پارێزگا.
  • ئامادەکردنى پڕۆژەى بوودجەى پارێزگا و پەسەندکردنى؛ ئەمەیش سەربەخۆییی دارایی دەگرێتەوە و لەماو بوودجەى وڵات یان هەرێم جێگەى دەکرێتەوە.
  • دەسەڵاتى چاودێریى هەیە بۆ سەر تەواوى کارەکانى دەسەڵاتى جێبەجێکردن کە پارێزگارە لە پارێزگاکەدا، چونکە شەرعییەتى پارێزگار لە ئەنجومەنەوە سەرچاوە دەگرێ و هەڵبژێردراوى خۆیەتى.
  • دواى دەرکردنى خەرجییە ستراتیژییەکانى هەرێم یان حکوومەتى فیدراڵ، ڕاستەوخۆ بوودجەى تایبەتى خۆى لە وەزارەتى دارایییەوە وەردەگرێ.
  • سەربەخۆیە و لەلایەن هیچ وەزارەت و دەزگه‌یەکەوە سەرپەرشتی ناکرێ، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە پەرلەمان مافی چاودێریی هەیە و هەر ئەویشە بە میکانیزمى خۆى دەتوانێ متمانەى لێ وەربگریتەوە و بانگەشەى هەڵبژاردنێکی نوێ بکات؛ هەر بۆیە ناکرێت ئەندامانى ئەنجومەن بە دانان دیاری بکرێن. هەروەها لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایییەوە بەدواداچوونى بۆ دەکرێ؛ هەروەک تەواوى دامەزراوەکانى ترى حکوومەتى هەرێم یان عێراقی فیدراڵ.
  1. بوودجەى تایبەت و خەرجکردنى سەربەخۆ

لە هەردوو یاساى ژمارە 21 ساڵى 2008ى یاساى پارێزگاکانى عێراق ماددەى 44 و یاساى پارێزگاکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ماددەى 27، داهاتەکانى پارێزگا لە دوو بواردا کۆ کراونەتەوە: ئەوەى کە لە بوودجەى گشتیدا حکوومەت بۆی دابین دەکات و ئەوى تر ئەو داهاتانەیە کە لە ناوخۆى سنوورى جوگرافی و ئیداریی خۆیدا کۆیان دەکاتەوە کە بەپێی یاساکانى هەرێم بەدەستیان دەهێنێ. کەواتە هیچ یاسایەکى دارایی لە ئەنجومەنى پارێزگاوە دەرناکرێ، بەڵکوو تەواوى یاسا دارایییەکان لە پەرلەمانەوە دەردەچن و، ئەوەى کە ئەنجومەنى پارێزگا ئه‌نجامی ده‌دات، ئیجتیهادکردنە لە خەرجکردن بە ئاگاداریى تەواوى وەزارەتى دارایی لەو بارەیەوە.

هەر بۆیە پارێزگا خۆى خاوەنى بوودجەیەکی سەربەخۆیە و بەپێی یاساکان، ئازادە لەسەر چۆنێتیی خەرجکردنى بەپێی یاسا بەرکارەکانى حکوومەت. بەڵام ئەو داهاتانە لە هەردوو یاساکانى حکوومەتى فیدراڵ و هەرێم سەرچاوەکانى وزەى نیشتمانى ناگرێتەوە، وەک نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانى تر کە مەرکەزین، بەڵام پێبڕانی پرۆسەى پێترۆدۆلار بۆ شارەکان ئەوە بابەتێکی ترە.

کەواتە ئەو بابەتەى کە زۆر گرنگە لەو نێوه‌دا ئەوەیە، هیچ گرفتێکی ئەوتۆى یاسایی نییە لەسەر چۆنێتیى جێبەجێکردنى یاساى پارێزگاکان و بەلامەرکەزیبوونیان، بەڵکوو زەمینەسازییەکى یاسایی و دیموکراسی و ئیداریى باش بۆ ئەو بابەتە هەیە و هەر چوار ساڵێک خەڵک خۆیان لە پارێزگاکان چارەنووسی نوێنەرەکانیان یەکلایی دەکەنەوە، نەک ئەنجومەنى وەزیران. بەڵام ئەوەى کە دەکەوێتە سەر ئەنجومەنى وەزیران ئەوەیە، بڕیارى دروست بۆ ئەو مەسەلەیە دەربکا و وەزارەتەکانیش هەروەک لە هەردوو یاساکانى هەرێم و عێراق و دەستووردا هاتووە، دەست وەرنەدەنە کاروبارى ئەنجومەنەکان، چونکە ئەوان حکوومەتێکی شەرعی-ناوچەیی- ئیدارین و خۆیان لەژێر ڕۆشناییی یاسا بەرکارەکانى حکوومەت خاوەنى بڕیارن. ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێ کە ڕۆڵى وەزارەتەکان پەراوێز دەخرێ، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئاسانکارى و زوو ڕاپەڕاندنى کارەکان ئاکامیەتى.

بۆ دەبێ لامەرکەزیەت بەسیاسی بکرێ

ئەمە پرسیارە جەوهەریەکەیە: دواى ئەو هەموو ئاماژە یاسایی و ئیدارى و دیموکراسییانەى کە باس کران، بۆ دەبێ ئەو پرسە کە پرسێکی کارگێڕییە، بەسیاسی بکرێ؟ بۆ ئەو مەبەستە ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکەین، ئەوانیش:

  1. پێشکەوتنى ئەزموونێک تا ڕاددەیەک بەرامبەر ئەوى تر، کەمێک ئیحراجیی بۆ کاربەدەستانى زۆنەکەى تر دروست کردووە؛ ئەمەیش (لامەرکەزیەت بەو شێوەى کە دەخرێتە ڕوو)، بۆ پەردەپۆشکردنى کەموکورتییەکان و پاساوهێنانەوە بۆ سەرنەکەوتن، پاساوێکی باشە.
  2. هەمیشە هێشتنەوەى یەکەیەکى ئیدارى بە ڕووپۆشێکی سیاسی لە بەرامبەر ئەوى تردا، به‌تایبەت "پارتی دیموکراتى کوردستان" لەلایەن "یەکێتیى نیشتمانیی كوردستان"ەوە، هێشتنەوەى مۆرکی تایبەتمەندیى خۆیەتى لە بەرامبەر زۆنى زەرد.
  3. هەمیشە دروستکردنى ئاستەنگێک بۆ تێکەڵنەبوون و جیاکردنەوەى خود بەکار دەهێنرێ، لە نێوه‌ندى لامەرکەزیەتەوە بەو شێوەیەى کە خراوەتە ڕوو.
  4. دروستکردنى ڕەدعێکی دەسەڵات لە نێوه‌ندى ئەو لامەرکەزیەتەى کە لە بەرامبەر حکوومەتى ناوەندى هەرێم خراوەتە ڕوو، کە ئەمەیش لە ئاکامدا دووئیدارییی زیاتر دێنێتە ئاراوە و حکوومەتى هەرێم هیچ باڵادەستى، دەسڕۆییشتوویی و قەڵەمڕەوى بەسەر پارێزگاکانى خۆیدا نامێنێ.
  5. ئەوەندەى کە تەعبیرە لە میکانیزمێکى ململانێی حزبی، ئەوەندە میکانیزمێکى ئیدارى و سیاسی نییە؛ چونکە بۆ جێبەجێکردنى لامەرکەزى، سەرلەنوێ پێویست بە پڕۆژەى جەماوەرى ناکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لە خودی یاساکەدا هاتووە کە لە ڕووى یاسایی و دارایییەوە تەواو سەربەخۆیییان هەیە.
  6. ئەوەى کە لە ئارادایە و بانگەشەى بۆ دەکرێ کە لامەرکەزیەت بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێ، دەرەنجامى ناهاوسەنگیى هێزە لە کوردستان. ئەمەیش هەندێ جار خودى پرۆسەى دیموکراسی ئەو ئاکامەى بەدەستەوە داوە و، نەخشەى سیاسیی لە هەرێمی کوردستان گۆڕیوە.
  7. دوو لایەنى سیاسی کە ناکۆکیى دێرینیان لە بەیندا هەبێ، گومان لەوەدا نییە کە شێواز و مۆدێلی ململانێکانیش دەگۆڕێن، بەتایبەت ئەو دەمەى کە تفەنگەکان بێدەنگ کراون و بوارى "شەڕى خۆکوژى" لەسەر ئاستى هۆشیاریى نەتەوەیی و نیشتمانى ڕەواجی نەماوە، بەڵکوو پەنا بۆ میکانیزمە ئیدارییه‌كان و هۆکارەکانى ترى ململانێی بەدوور لە توندوتیژى دەبرێ.

تەڵەزمەکانى لامەرکەزیەت

لەوبارەیەوە دەکرێ بۆ ئاشنابوون بە تەڵەزمەکانى لامەرکەزیەت و حاڵیبوون لێیان، ئاماژە بە چەندێکیان بدەین، ئەوانیش:

  1. ئەم بابەتە، کۆنە. ئاماژەدان بە لامەرکەزیەت هەر لە پڕۆژەى دەستوورى هەرێمی کوردستان کە ساڵى 2006 سەرلەنوێ خرایەوە ڕوو، لە ماددەى 103دا زۆر بەڕوونى باسی لەو بوارە کرد. بەڵام ئەوکات چونکە داهاتەکان لەسەر بنەماى 43% بۆ زۆنى سەوز و 57% بۆ زۆنى زەرد دابەش دەکران، ئەو بابەتە ئەوەندە گرفت نەبوو. بۆ هەر یەکێک لەو ڕێژەیە ئەزموونێکى حوکمڕانیی پێ بنیات نراون، کە ئێستا جێی مشتومڕ و ناکۆکییە، بەوەى ئەویان لەپێشترە لەوى تر. بێ گومان ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتیى تەوزیفکردنى ئەو ڕیژەیە لە بونیادناندا.
  2. ساڵى 2009 بۆ جارێکی تر لە نێوه‌ندى یاساى ژمارە 3ى یاساى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتە لە ڕووى یاسایی و ئیدارییەوە یەکلایی کرایەوە. لەلایەن حکوومەتى هەرێمیشەوە هەندێ هەنگاوى جددى بۆ شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکان نرا، بەڵام بارودۆخەکە و جددینەبوونى حکوومەت ئەو بابەتەى بەرەو پێشەوە نەبرد؛ هەر بۆیە ئێستا بۆتە کێشەیەکی سیاسی.
  3. بۆچى ئەو بابەتە لە کاتى تەنگژە و قەیران دێتە بەرباس، کە هەمیشە گەلان لە کاتى قەیرانەکاندا لە هەوڵی ئەوەدان بەکڕیز و یەکگوتار و تەبا بن؟ کەچى ده‌بینین لە هەرێمی کوردستان تەنگژەکان زیاتر لە یەکتریمان دوور دەخەنەوە. کەواتە لەگەڵ بوونى ئەو هەموو کاتە لە ساڵى 2006وە تا ئێستا، بۆچى پێشتر ئەو بابەتە بەجددى باس نەکرا؛ نە لەسەر ئاستى حکوومەت و نە لەسەر ئاستى حزبە سیاسییەکان و نە لەسەر ئاستى یەکێتیى نیشتمانى بە شێوەیەکى تایبەتتر؟
  4. بۆچى پرسێکی نیشتمانى نەبێ؟ پێشتریش بزووتنەوەى گۆڕان هەمان بابەتى وەک بانگەشەى هەڵبژاردن و، زۆربەى حزبە سەرەکییەکانى کوردستان لە هەڵمەتى هەڵبژاردن هەمان بابەتیان لە بەرنامەى حزبەکانیاندا هەبوو، کەچى پشتگوێ خرا. بەڵام ئەو بابەتە پرسێکی نیشتمانییە نەک هی پارێزگایەک بەتەنیا و، هەر ئەوەیشە کە لە پەرلەمانى هەرێمی کوردستان لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە لە ڕێگەى فراکسیۆنەکانیانەوە پەسەند کرا. هەر بۆیە بەحزبیکردنى پرسەکە، بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات.
  5. بۆچی ئەو پرسە تا ئێستا لەلایەن ئەنجومەنى پارێزگاکانەوە، به‌تایبەت ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییه‌وه‌، هیچ داوایەک بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرز نەکراوەتەوە؟
  6. هەر سێ پارێزگاکە خاوەنى یەک پرسن، بەڵام هیچ جۆرە هه‌ماهه‌نگییه‌ك لەو بارەیەوە لە بەرامبەر ئەنجومەنى وەزیران نابینین، کەچى هەموویان گازەندەیان لە جێبەجێکردنى یاساى ژمارە3 ى ساڵى 2009ى یاساى پارێزگاکانى هەرێم هەیە. هەردوو لەو چوار پارێزگایانە لەلایەن هەر دوو پارتى سەرەکیی حوکمڕانی کوردستانەوە بەڕێوە دەبردرێن، به‌تایبەت لەسەر ئاستى ئەنجومەنى پارێزگاکان.
  7. ئەگەر گرفتێک لەو بارەیەوە هەبووە و حکوومەت هیچ گوێی پێ نەداوە، بۆچی ئەنجومەنى پارێزگاکان ئەو کەیسەیان لە بەرامبەر ئەنجومەنى وەزیران لە دادگاى کارگێڕی نەجووڵاند و بەرز نەکردەوە؟
  8. ئەگەر ئەو پڕۆژەیە هی یەکێتیى نیشتمانیی کوردستانە، ئەدی بۆچى لەلایەن فراکسیۆنەکەیانەوە ناخرێتە ناو کارنامەى پەرلەمانەوە، کە دووەم زۆرترین کورسیی پەرلەمانیان هەیە و تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانیش هەر لەو حزبەیە؟

هۆکارەکانى جێبەجێنەکردنى لامەرکەزیەت لە هەرێم

پێدەچێ چەند هۆکارێکی ڕۆشن لەو بارەیەوە هەبن، وەک:

  1. هیچ کام لە حزبە سیاسییەکانى هەرێم پێشتر، تا كاتی دروستبوونی تەنگژە و قەیرانەکان، بابەتەکەیان بەجددى وەرنەگرتبوو. قووتکردنەوەى بابەتەکە بە بیانووى کەمکردنەوەى ئاسەوارى قەیرانەکان بوو لەسەر پارێزگاکان، نەک پرۆژەیەکی مۆدێرن و جێبەجێکردنى یاسا دەرچووەکان لەو بارەیەوە.
  2. کەمتەرخەمیى حکوومەت لەو بارەیەوە، که‌ یاسایەک لە ساڵی 2009وە درەچووە، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
  3. جەنگى داعش و بوونى مەترسیی دەرەکی لەسەر هەرێم، کە واى لە حکوومەت کرد زیاتر خۆی لە دەورى خۆی کۆ بکاتەوە و کارەکان لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوە له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌دا بەسەنتەر بکاتەوە.
  4. بوونى قەیرانی دارایی، بەهۆى بڕینی شایستە دارایییەکانى هەرێم لەلایەن بەغداوە، کە بۆ ماوەى حەوت ساڵە ئەو سیاسەتى برسیکردنە بەردەوامە. حکوومەت بۆ زیاتر خۆکۆکردنەوە و بەسەنتەرکردنى داهات و خەرجییەکان و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەیان، نەیتوانى بڕیارى لامەرکەزى جێبەجێ بکات.
  5. ململانێی هەردوو حزبە سیاسییەکە تا 16ی ئۆکتۆبەر، نەگەیشتبووە ئەو ئاستە لە ململانێ؛ هەر بۆیە لامەرکەزى لەجیاتی ئەوەى پڕۆژەیەکی نیشتمانى بێ بۆ گەشەسەندن و خزمەتگوزارى و دیموکراسی و گەشەپێدان، ئێستا بۆتە ڕوخسارێکی ترى ململانێی حزبی لە کوردستان.

خوێندنەوەیەک بۆ پرۆژەى لامەرکەزیەتى نوێی سلێمانى

ئەو پڕۆژەیەى کە بۆ لامەرکەزیەتى سلێمانى خراوەتە ڕوو، لە 845 وشە و 11 ماددە پێک هاتووە. بێ گومان ئەمه‌، ئه‌و پڕۆژەیە نییە کە لە یاساکانى هەرێم و عێراق بۆ لامەرکەزیەت هەن بەڵکوو سنوورى داواکارى و دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانى پارێزگاى زیاتر کردووە. هەر بۆیە دواى خوێندنەوە بۆ پڕۆژەکە چەند تێبینییەکم لا دروست بوو، ئەوانیش:

  1. خودی پڕۆژەکە لە ڕووى داڕشتنى وەک پڕۆژەیەکی یاسایی، کەموکورتیى زۆری تێدایە و پێویستى بە دەستکارى و پێداچوونەوە هەیە.
  2. هەندێک لە بڕگەکانى پڕۆژەکە، هەمان ئەو بڕگانەن کە لە یاساى پارێزگاکانى هەرێم و عێراقدا هاتووە.
  3. زیاتر مەبەست لە لامەرکەزیەت بۆ پارێزگاى سلێمانى لایەنى دارایییە، نەک ئەوانى تر؛ چونکە ئەوەندەی بابەتى دارایی بایەخى پێ دراوە، ئەوەندە بابەتەکانى تر جێی مشتومڕ نین و، لە یاساى پارێزگاکانى هەرێم و عێراق باسیان لێ وەکراوە. هەر بۆیە وەرگرتنى ئەو پرۆژەیە بەو هەستیارییە نییە، وەک لە هەندێ ناوەند دەخرێتە ڕوو.
  4. هەندێ بابەت کە لە پڕۆژەکەدا باس کراون، وەک نەوت و گاز و سامانى سروشتى وەک داهاتی پارێزگا، ناکەونە سنوورى دەسەڵاتى پارێزگاکان؛ ئەگەرچى تایبەتمەندییان بەرچاو بگیرێ وەک پرۆژەى پێترۆدۆلار کە مافى خۆیانە و حکوومەت دەتوانێ بە یاسا ڕێکی بخا، بەڵکوو لە دەستوورى عێراقدا بە سامانى نیشتمانى ناوزەد کراون و لە دواى ساڵى 2007یشەوە لە سنوورى سیادەى حکوومەتى هەرێمدان.
  5. خەرجکردنى داهاتەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەت و وەزارەتى دارایی یان ڕەزامەندنەبوونیان، کارێکی ئاسان نییە و لە ئاکامدا نادادپەروەرى دێنێتە ئاراوە؛ چونکە هەندێ پارێزگا داهاتى لەوى تر زۆر زیاترە و، تاکە پارێزگا کە سوودمەندە لەو نێوەندەدا، دەکرێ بڵێین هەولێرى پایتەختە، بۆ نموونە تەنیا لە ساڵى پار 51%ی تەواوى باجەکان کە گەڕاونەتەوە بۆ حکوومەت لە هەولێر بوون.
  6. ئەولەویەتدانان بۆ پارێزگا بەو شێوەیەى کە لە پڕۆژەکەدا هاتووە، حکوومەتى هەرێم دەکاتە پلە دوو، کە ئەمەیش لە سیسته‌مى فیدراڵی دەچێت نەک سیسته‌مى کارگێڕی. ئەمەیش لە پڕۆژەی دەستوورى هەرێمى کوردستاندا قەدەغە کراوە، بەوەى کە هیچ هەرێمێکى تر لەنێو هەرێمی کوردستان ڕێپێدراو نییە؛ گەرچی دژبەیەک و پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوورى عێراق و یاساکانى هەرێمی کوردستان.

لە ئاکامدا ئەوەى گرنگە له‌و نێوه‌نده‌دا بگوترێ ئەوەیە کە:

  1. پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان جێگەیەکى تایبەت بۆ لامەرکەزیەتى پارێزگاکان لە بوودجەى پێشنیارکراوى هەرێمی کوردستان بۆ ساڵى 2021 بکاتەوە و دەست بە جێبەجێکردنى بڕگەى لامەرکەزیەت بکات، هەروەک چۆن لە کارنامەى پەسەندکراوى کابینەى نوێی حکوومەتى هەرێمدا هاتووە و دادپەروەرانە داهاتەکان سەرلەنوێ دابەش بکاتەوە. بێ گومان ئەوەندەى کە لەبەردەستە و هەمووان ئەو ڕاستییەیش دەزانن کە ئێستا بارودۆخی هەرێم بەهۆى نەدانى شایستە دارایییەکانى حکوومەتى هەرێم لەلایەن بەغداوە دوچارى قەیران هاتووە.
  2. ئەگەر یاساى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان کەموکورتییەکی تێدایە، با لە ڕێگەى پڕۆژەیەکەوە لە پەرلەمان هەموار بکرێتەوە و چیتر نەکرێتە کاڵایەکی ململانێی حزبایه‌تیی سیاسی.
  3. پێویستە بەرپرسیارێتییەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان؛ هەر پارێزگایە و دەبێ بەرپرسیارێتیی خۆى هەڵبگرێ و هۆکارى پاشکەوتنى نەخاتە سەر ئەوى تر.
  4. زیاترکردنى ڕۆڵی دیوانى چاودێریی دارایی بەسەر پارێزگا و دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمەوە.
  5. گفتوگۆکان لەسەر ئاستى باڵا زیاتر بکرێن و لە کەسانى پسپۆر سوودمەند بن، به‌تایبەت لە بوارى یاسایی و کارگێڕی و دارایی؛ تا بەو شێوەیە لامەرکەزیەت جێبەجێ بکرێ کە لە بەرژەوەندیى خەڵک و دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێم بکەونەوە.
  6. نابێت وەزارەتەکان بەهەستیارییەوە سەرنجى لامەرکەزیەت بدەن، بەوەى کە هیچ ڕۆڵێک بۆ ئەوان نامێنێتەوە و دەبێتە مایەى ئەوەى کە کارەکان بەبێ ئاڕاستەکردنى ئەوان بەناتەواوى بەڕێوە دەچن.
  7. هەر گرفتێک لەو بارەیەوە ڕوو بدات، پێویستە دادگاى کارگێڕی بکرێتە مەرجەع، نەک ناوەندە حزبییەکان.
  8. پێویستە لەپێناو چارەسەر، بە دیدێکی یاسایی و کارگێڕی سەرنجی بابەتەکە بدرێ نەک سیاسی و حزبی؛ لە یەکەمیان گەیشتنە ئەنجام، ئاسانترە لە دووەمیان.

چۆنێتیى ڕەفتارکردن لەگەڵ پرسەکە حیکمەتى سیاسی و ئیداریى باشی دەوێت، چونکە هەر دەرچوونێک لە چوارچێوەى حکوومەتى هەرێم و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکى تاکڕەوانە، ئاکامەکەى لەناوبردنى حکوومەتى هەرێمە، یان کورتکردنەوەى حکوومەتى هەرێم تەنیا لە هەولێر و دهۆک؛ چونکە بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتدارانی بەغدا شارەکانى هەرێمیان وەک هەرێمێکی تر قبووڵ نییە. بۆ مەبەستەیش ئەزموونى باش هەیە، کە چۆن ڕەفتار لەگەڵ داواى فیدراڵییەتى بەسرە و دیالە و سه‌ڵاحەددین کرا.

لە کۆتاییدا، لامەرکەزیەت بابەتێکی کارگێڕییە نەک سیاسی. پارێزگاکان مافی خۆیانە داواى بکەن، تا لە نێوه‌ندییه‌وە دەرامەتەکان بەڕێوە ببردرێن و به‌هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ وه‌زارەتى دارایی و حکوومەت بۆ شارەکان خەرج بکرێنەوە و، هەرچی زووترە کارەکان ڕاپەڕێندرێن و ڕۆتین کەم بکرێتەوە و گرنگیى زیاتریش بە خزمەتگوزارییەکان بدرێت و ئەو کەسایەتییە مەعنەوییەى کە بەهۆى شەرعییەتى جەماوەرەوە بەرجەستە کراوە بۆیان، بێتە دی و ئەوانیش لە ئاست داخوازییەکانى دانیشتووانى ئەو پارێزگایانەدا بن و چیتر هەموو بابەتەکان نەخزێندرێنە بوارى سیاسەت و ململانێی حزبییەوە؛ بەپێچەوانەوە تەنیا مەبەست لێیان بەرژەوەندیى تاکەکەسی دەبێ و هیچى تر و لە ئاکامیشدا کەمکردنەوەى بەهاى هەرێم و نەهێشتنى.