ئێران و سعوودیا لە گەمەی نوێی ئەمریکادا

پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

پێشەکی

هەواڵی نافەرمیی دیدار و کۆبوونەوەی ئێران و سعوودیا لە بەغدا لە ڕێکەوتی ٩-٤-٢٠٢١ لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بوویەوە، ئەم دیدارە نهێنییەیش بە نێوەندگیریی عێراق و ڕۆڵی "مستەفا کازمی" ڕێک خراوە. لەم نێوەندەیشدا پەیامی ئەرێنی و نەرمی "محه‌مه‌د بن سه‌لمان" لە ڕێکەوتی ٢٨-٤-٢٠٢١ لە نێوه‌ندی چاوپێکەوتنێکی تەله‌ڤزیۆنی سەبارەت بە ئێران، یەکێک لەو ڕووداوە چاوەڕواننەکراوانه‌ بوو کە لەم دوایییەدا زۆربەی ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد. سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامەکان چ دەبێت، ئەوەی کە تێگەیشتن لێی گرنگە و پێویستە وەکوو پرسیار بخرێتە ڕوو ئەوەیە کە، هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەم هەوڵە کامانەن؟ ئایا ئەمە تەنیا هەوڵێکی کاتییە یاخود لێکەوتەی هاوکێشە و ئاڵوگۆڕی ڕابردوو و گۆڕانکارییە چاوەروانکراوەکانە؟ ئایا پرسەکانی جێگەی مشتومڕ و ناکۆکیی نێوان ئێران و سعوودیا بەرەو چارەسەرکردن دەڕوات؟ کامە لایەن دەستپێشخەر بووە؟ و هتد. هاوكێشه‌ سیاسی و جیۆپۆلیتیكییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ دۆخی گۆڕان و وه‌رچه‌رخاندایه‌. بۆ نموونە خۆپیشاندانی بەرفراوان و نارەزایەتییەکانی عێراق و لوبنان و پێشبینیکردنی ئالوگۆڕی سیاسی لەو دوو وڵاتە، هەروەها گرێدانی پەیمانی ئاشتی لە نێوان بەشێک لە وڵاتانی سوننە و ئیسڕاییل، دانوستانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە لایەک و ئەم دانوستانە نێوان ئێران و سعوودیا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی جیهانی سوننه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لە لایەکی ترەوە. تەنانەت بەرزبوونەوەی ڕۆڵی عێراق وەکوو ناوبژیوانێک، هەڵگری چەندین لێکەوتە و خوێندنەوەیە.

١- هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ڕابردوو

كۆماری ئیسلامیی ئێران و سعوودیا دوو دەوڵەتی كاریگەری ناوچەكە و، دەوڵەمەندن لە ڕووی سەرچاوەكانی نەوت و غازه‌وه‌. هه‌روه‌ها خاوەن پێگەی گرنگی ستـراتیژیكن لە ناوچەكەدا. به‌گشتی ئێران و سعوودیا بە دوو ناوەندی شیعە و سوننی لە جیهانی ئیسلام و، هەروەها دوو جەمسەری كه‌لتووری و هزری و مەزهەبی هەژمار دەكرێن. پێش شوڕشی ئیسلامیی ئێران، سعوودیا و ئێران دوو ستوونی دۆكتۆرینی "نیكسۆن" بۆ پاراستنی ئاسایش و دژایەتیكردنی كۆمۆنیزم لە ناوچەكە بوون؛ ئێران لە ڕووی چەك و سیاسییەوە و سعوودیایش لە ڕووی ئابووری و دارایییەوە. بەڵام پاش ساڵی (1979)وە، بەهۆی سیستەمی سیاسیی نوێی ئێران و سیاسەتی دژەڕۆژاوایی و سەربەخۆییخوازیی ئێران و پرسەكانی "هەناردەكردنی شۆڕش" و دژایەتیی سیستەمی نێونەتەوەیی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران و، هەروەها جۆری پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پرسی ئیسرائیل، ئەم هاوكێشەیە تێك چوو.

گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی، بووە هۆی ئەوەی كە مەزهەبی شیعە وەك هێزێكی كاریگەر دەربكەوێت و ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمەی بەرجەستە كردووە؛ هەر لە ڕووخانی سەددام حوسێن لە ساڵی (2003) تا جەنگی سی و سێ ڕۆژەی حزبوڵڵا لە لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی (2006)دا، گۆڕانكاریی جیۆپۆلیتیكی لە قازانج و بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران دروست كرد. لە ڕوانگەی وڵاتانی سوننە و نوخبە سیاسییەكانیانەوە، ئامرازی سەرەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نفووز و كۆنتـڕۆڵی ناوچەكە، گرووپە شیعەكانی لایەنگری ئێرانن لە ناوچەی كەنداو، عێراق، سووریا، لوبنان، بەحرێن، سعوودیا و هتد.

دوای ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئیداره‌ی ئۆباما له‌گه‌ڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ و ڕزگاربوونی كۆماری ئیسلامی له‌ ئابڵووقه‌ و گوشار و سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌رفه‌تی به‌هێزبوون لە ئاستی هه‌رێمایەتی بۆ ئێران ڕه‌خسا. ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆی نیگه‌رانیی سعوودیا له‌ ئیداره‌ی ئۆباما و دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشیی سعوودیا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌. بەڵام پاش هاتنه‌سه‌ركاری "ترامپ" و دەرچوونی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڕێکەوتی 8-5-2018  و، ناساندنی "سوپای پاسدارانی ئێران" وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" لە ڕێکەوتی 8-4-2019 و دروستکردنی گوشار بۆ ئێران و توندكردنی سزاكان و هەوڵدان بۆ كۆتاییهێنان به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و، به‌م پێیه‌ سنوورداكردنی ڕۆڵی هه‌رێمایه‌تیی كۆماری ئیسلامی، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ سعوودیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌ ئه‌مریكا نزیك ببنه‌وه‌.

لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، ئه‌مریكا ده‌یه‌ویست له‌ ڕێگه‌ی گوشارهێنانی ڕاستەوخۆ بۆ سه‌ر ئێران بە سەپاندنی سزا و ئابڵووقە و بەناڕاستەوخۆ له‌ ڕێگه‌ی وڵاتانی سوننه‌وه‌، كه‌ خاوه‌ن پێگه‌ی جیۆئێكۆنۆمین له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئێران لاواز بكات و له‌ سنووره‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی ئابڵووقه‌ی بدات و قه‌تیسی بكات. ئه‌مه‌یش بووە هۆی گۆڕانكاری له‌ پێگه‌ و هێزی ئێران و، به‌م پێیه‌یش توانای گه‌مه‌ و جووڵه‌ی ئێرانی لاواز و سنووردار کرد. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی پێگه‌ی جیۆکاڵچەر و جیۆئێكۆنۆمیی سعوودیا له‌گه‌ڵ ستراتیژیی نوێی ئیداره‌ی ئه‌مریكا له ‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ هاوته‌ریب بوو‌.

٢- بارگرژی و ململانێکانی نێوان سعوودیا و ئێران

بەگشتی خاڵە ناكۆكەكانی سعوودیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەندین پرسدا خۆی دەبینێتەوە، وەكوو: بانگەشەی ڕێبەرایەتیی جیهانی ئیسلام، پرسی سەرچاوەكانی وزە (نەوت و غاز) و هەناردەكردنی، كە لەگەڵ سیاسەتەكانی وزەی كۆماری ئیسلامیی ئێران یەك ناگرێتەوە. هاوپەیمانێتیی سعوودیا لەگەڵ ڕۆژاوا بەگشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتایبەت، لە بوارە جیاجیاكانی سیاسی و ئابووری و سەربازی، هەروەها ڕۆڵی سعوودیا لە دژایەتیكردنی كۆماری ئیسلامی لە ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو و مەتـرسییەكانیان لە بەهێزبوونی ئێران؛ هەروەها ئاڵوگۆڕە ناوچەیییەكان وەك لەناوچوونی ڕژێمی سەددام حوسێن و پاڵپشتی و پشتیوانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسەڵاتی شیعەكانی عێراق لە لایەك و، پاڵپشتی لە سوننەكان لە عێراق لەلایەن سعوودیاوە، خاڵێكی تـری جێگەی ناكۆكییە.

 تـرس و دڵەڕاوكێی سعوودیا لە هاندانی شیعەكانی ئەم وڵاتە دژی سیستەمی دەسەڵاتی سوننەی سعوودیا لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، خاڵێكی تـری جێگەی ناكۆكییانە. پرسی چارەسەركردنی كێشەی فەلەستینییەكان كە هەردوو دەوڵەت گۆشەنیگا و ئامانج و بەرژەوەندی و مەبەستی تایبەتی خۆیان هەیە؛ بۆ نموونە سعوودیا پاڵپشتی لە پڕۆژەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان دەكات كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەگشتی ڕۆژاوا و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پاڵپشتی و چاودێریی دەكات. ئەمەیش لەگەڵ سیاسەتەكانی دژایەتیی ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ناگونجێت. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پاڵپشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین لە ڕووی دارایی و چەكەوە یاخود لە ڕووی سیاسییەوە، جێگەی نیگەرانیی سعوودیایە، كە خوازیاری بینینی ڕۆڵی گەورەتـرە لە پرسەكانی ناوچەكە و بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا یاخود ناكۆكیی سعوودیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرسی لوبنان و پاڵپشتیی ئێران لە گرووپە توندڕەوەكان، وەك حزبوڵڵا لە دژی هێزەكانی تـری لایەنگری ڕۆژاوا و سعوودیا. پرسی سووریا و پاڵپشتیی ئێران له‌ حكوومه‌تی ئه‌سه‌د له ‌لایه‌ك و پاڵپشتیی سعوودیا له‌ هێزه‌ سوننه‌كان، خاڵێكی تری جێگه‌ی بارگرژی و ململانێی نێوانیانه‌.

 یه‌مه‌ن و پاڵپشتیی ئێران له‌ حووسییه‌كان، له‌ ناوچه‌یه‌ك كه‌ به‌ حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی سعوودیا هه‌ژمار ده‌كرێت، ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ ئێران له ‌به‌هێزبوون و نفووزی سعوودیا له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ست به ‌دڵه‌راوكێی ئاسایشی ده‌كات. بۆیه‌ سعوودیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه ‌نادات ئێران له‌و ناوچه‌یه‌ی نزیكی خۆی باڵاده‌ست بێت. لە پرسی ئەتۆمیی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سعوودیا هەم بە تەنیا و هەم لە ڕێگەی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداوەوە، بەردەوام دژایەتی و دڵەڕاوكێكانی خۆی دەربارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندووە.

٣- هۆکار و پاڵنەرەکانی سعوودیا بۆ ئاساییکرنەوەی پەیوەندییەکان و دیالۆگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران

سعوودیا بەهۆی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکەدا بە چەندین هۆکار هەست دەکات کە کاتی ئەم دیالۆگە بە مەبەستی سڕینەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هاتووە:

یەکەم؛ گوشارەکانی ئەمریکا یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە وای کردووە سعوودیا هەوڵی سڕینەوەی بارگرژییەکان بدات. بۆ نموونە جۆ بایدن سیاسەتی خۆی لە هەمبەر سعوودیا لەسەر بنەمای پابەندیی دەسەڵاتدارانی سعوودیا بە بەها دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەبەستێتەوە و، تەنانەت ڕەخنەی توند لە ترامپ دەگرێت کە بۆ نموونە لە کەیسی جەماڵ خاشقچی، لایەنگریی لە سعوودییەکان کردووە نەک بەهاکانی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانییەکی ئەمریکی. هەروەها بایدن پێی وایە کە سیاسەتی ترامپ لە هەمبەر پرسی جەنگی یەمەن هەڵە بووە و بۆتە هۆی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی و پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ. هەر بۆیە بڕیاری هەڵپەساردنی فرۆشتنی چەک بە سعوودیا و دەرکردنی حووسییەکانی لە لیستی تیرۆردا وەک بەشێکە لەو ڕوانگەیەی جۆ بایدن بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن بەپێی بەها دیموکراسییەکان لە بەرامبەر هاوپەیمانە نادیموکراسییەکانی. ئەمەیش پەیام و سیگناڵێکی بەهێزە بۆ سعوودیا. جگە لەمانەیش خودی سعوودیا هەست دەکات جەنگی یەمەن زۆر لە ئاست و قەبارەی خۆی زیاتر درێژەی کێشاوە و زیانی زۆری ماددی و تەنانەت زیانی بۆ ناوبانگی سعوودیا لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەبووە. لەم نێوەندەیشدا هەست دەکات کە جگە لە ئەمریکا، ئێران ئامادەیە لە پاش لاچوونی ئابڵووقەکان له‌سەری، ئەم دۆسییەیە چارەسەر بکات. بۆیە دەیەوێت ڕاستەوخۆ بکەوێتە دانوستان لەگەڵ ئێران کە لە ڕێگەی ئەم دۆسییەیەوە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی لە جەنگی یەمەن بپارێزێت و لە هەمان کاتیشدا خۆی لە گوشار و ڕەخنەکانی ئەمریکا دوور بخاتەوە.

دووەم؛ سعوودیا ئەو بڕوایەی لە لا دروست بووە کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەگاتە ڕێککەوتن و دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ و سزاکانی سەری سووکتر دەکات و، هه‌ر بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتن و بنەمایە سعوودیا خۆی بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە ئامادە دەکات؛ بەم واتایە کە دەیەوێت ئەو پەیامە بە ئێران بدات کە سعوودیا بەشێک نییە لە بارگرژییەکان و ئەو ئابڵووقە و سزایانە.

سێیەم؛ لە ئێستادا سعوودیا خوێندنەوەی ئەوەیە کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی لوبنان و عێراق، کە بەشێکی زۆری لە دژی حزب و هێزە پرۆکسییەکانی ئێران و تەنانەت ڕۆڵی خراپی ئێران لەو وڵاتانەدا بووە، لە بەرامبەر ئێراندا پێگەیەکی بەرزتری هەیە لە ناوچەکەدا. تەنانەت لە سووریایش بەهۆی هاتنەئارای هاوکێشەی نوێی سەربازی و سیاسی لەلایەن ڕووسیا و ئیسراییل، پێگەی ئێران وەکوو ڕابردوو نییە و پەراوێز خراوە؛ ئەمەیش یارمەتیی سعوودیا دەدات کە لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەدا باڵادەستتر دەربکەوێت.

چوارەم؛ سعوودیا بەهۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر، لە پێگەیەکی بەرزتر و بەهێزترەوە دیالۆگ لەگەڵ ئێران دەکات، چونکە ئێران ئەم بۆشایی و بارگرژییانەی نێوان قەتەر و وڵاتانی تری هاوپەیمانی سعوودیای قۆستبووەوه‌. بەڵام لە ئێستادا ئێران ناتوانێت بە کارتی قەتەر ناکۆکی و لێکترازان لە نێوان وڵاتانی کەنداو و سوننە_عەرەبیدا دروست بکات.

پێنجەم؛ پاش هاتنەسەرکاری بایدن لێکەوتەکانی ئەم ئاڵوگۆڕەی دەسەڵات لە ئەمریکا تەنیا سعوودیای نەگرتەوە، بەڵکوو تورکیایش زۆر لەژێر گوشاردایە و لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە هەڵوێستی سیاسی لە پاڵپشتیکردنی سعوودیا لە دژی حووسییەکان و تەنانەت هەواڵی نافەرمیی پێدانی درۆن (فڕۆکەی بێفرۆکەوان) بە سعوودیا و بەکارهێنانی لە دژی حووسییەکان، لەگەڵ وڵاتانی سوننە بارگرژییەکانی بسڕێتەوە و پەیوەندییەکانی بەهێز بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵی داوە کە لە مسڕیش نزیک ببێتەوە و تەنانەت هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئێسراییل دەدات بۆ دروستکردنی کاریگەری لە ئەمریکا و کەمکرنەوەی گوشارەکانی ئیدارەی جۆ بایدن. هەموو ئەمانەیش تورکیا لە ئێران دوور دەکاتەوە و ئەمە هاوسەنگیی هێز لە قازانجی سعوودیا دەگۆڕێت. بۆیە ئەم هاوکێشەیەیش وای کردووە کە سعوودیا بە متمانەیەکی زیاترەوە بچێتە دانوستان لەگەڵ ئێران.

شەشەم؛ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی بەشێک لە وڵاتانی کەنداو و عەرەبی وای کردووە کە هاوکێشەی نوێی جیۆسیاسی لە ناوچەکەدا دروست ببێت، کە ئەمە بە ڕەزامەندیی سعوودیا و تەنانەت پاڵپشتیی سعوودیا بووە. بۆیە سعوودیا پێی وایە کە ئێستا دەرفەتە کە ئەم بلۆکە نوێیەی دروست بووە لەگەڵ ئێران، هەوڵی چارەسەرکرنی لانی کەم بەشێک لە کێشەکان بدات و بە پاڵپشتیی ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ ئیسراییل و ترسی ئێران، پێگەی خۆی لە هاوکێشەکانی داهاتوو بپارێزێت و تەنانەت بەرزتر بکاتەوە.

هەفتەم؛ سعوودیای سەردەمی محه‌مه‌د بن سه‌لمان جگە لە کرانەوەی کۆمەڵایەتی، چەندین بەرنامەی بەرزه‌فڕانەی وەکوو ٢٠٣٠ و تەنانەت ٢٠٤٠  لە بواری ئابووری و گەشتیاری و تەکنەلۆژی و ژینگەیی و...[1]ی بۆ سعوودیا هەیە؛ بۆ نموونە دەیەوێت گرێدراویی ئابووریی سعوودیا بە داهاتی نەوت ساڵ بە ساڵ کەم بکاتەوە و ئابووریی وڵات بكاتە ئابوورییەكی فرە-جۆر و، وەبەرهێنەره‌ بیانییەکان بۆ سعوودیا ڕابکێشێت. هەر بۆیە پێویستی بە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەیە و، هەر بۆیە هەوڵ دەدات لەم ڕێگەیەوە بارگرژییەکان لە ناوچەکە بەتایبەت لەگەڵ ئێران کەم بکاتەوە.

٤- پاڵنەرەکانی ئێران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دیالۆگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سعوودیا

گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە سەدەمی ترامپ، بەتایبەتی لێکنزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل لە چوارچێوەی "ئاشتیی ئیبراهیم" (Abraham Accords) ، وای کردووە کە ئێران هەست بە گەمارۆی ستراتیژی بکات. بۆیە بۆ شکاندنی ئەم هاوپەیمانی و بلۆکە نوێیە، پێویستی بەوە هەیە کە لەگەڵ کاریگەرترین وڵاتی عەرەبی لە ناوچەکە- کە بارگرژیی لەگەڵیدا هەیە- بکەوێتە دانوستاندن.

 ئێران باش دەزانێت کە ئەگەر سعوودیا و وڵاتانی کەنداو لەپاڵ ئیسراییل بەردەوام بن لە گوشارەکانیان بۆ سەر ئەمریکا، ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لاچوونی سزاکانی سەر ئێران لەگەڵ ئەمریکا زۆر ئەستەمتر دەبێت.

بۆیە ئێران لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت مەترسییەکانی سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی لە هەڵگرتنی سزاکانی بڕەوێنێتەوە و لەمەیش گرنگتر ئەوەیە کە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت و تا گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنەکە و کەمبوونەوەی گوشارەکانی سەری، کەلێن و لێکترازان لە نێوان ئیسراییل و وڵاتانی عەرەبی کەنداو زیاتر بکات یاخود ئەو هاوپەیمانییە جیۆسیاسییە و بلۆکە بشکێنێت و ئیسراییل بەتەنیا بمێنێتەوە. ئەو کاتە ئێران بەهۆی دووژمنایەتی لەگەڵ ئیسراییل باشتر توانای مانۆڕی دەبێت لە ئاستی ڕای گشتیی وڵاتانی ناوچەکە و، ڕەوایەتیی ئایدیۆلۆژیشی دەبێت بۆ ململانێکانی داهاتوو لە بەرامبەر ئیسراییلدا.

لە لایەکی تریشەوە ئێران دەتوانێت بە ئەوروپییەکان و تەنانەت ئیدارە و دانوستانکارەکانی ئەمریکایش بڵێت کە، ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان هیچ مەترسی و دڵەراوکێی دروست نەکردووە بۆ وڵاتانی ناوچاکە و، ئەوە تەنیا ئیسراییلە کە دژی دەوەستێتەوە و، ئەمەیش دەتوانێت وەکوو بەڵگە و ئەرگیۆمێنتێک لە ئاستی ڕای گشتی و گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی هەوڵەکان و لایەنگرانی ئیسراییل لە ئەمریکا بەکار بێنێت.

 کۆبەند

بە لێوردبوونەوە و شرۆڤەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش هاتنەسەرکاری ئیدارەی جۆ بایدن، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دانیشتنی نێوان سعوودیا و ئێران بە بەرنامە و هاندان و پاڵپشتیی ئەمریکا بووە، چونکە ئەمریکا دەیەوێت گوشارەکانی سەر خۆی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕێکنەکەوتن لەگەڵ ئێران و هەڵنەگرتنی سزا و ئابڵووقەکانی سەری، کەم بکاتەوە. تەنانەت ئەم هەوڵەی کە لەلایەن عێراقەوە دراوە، وەکوو بەشێک لە پلانی ئەمریکا بۆ عێراق و ناچەکە و بەهێزکردنەوەی عێراق لە ئەگەری دەرچوون یاخود کەمکردنەوەی ئامادەییی سەربازی لە عێراق و ناوچەکە، هاوتەریب لەگەڵ کشانەوە لە ئەفغانستان و کۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن بە مەبەستی پڕژانە سەر مەترسییەکانی چین و پاشان ڕووسیا دادەنرێت. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا لە لایەک پێشوازی لە وەڤدی باڵای ئیسراییل دەکات و دڵنیایی دەداتە ئیسراییل کە ڕێککەوتنەکە ئاسایشی ئیسراییل ناخاتە مەترسییەوە و، لەلایەکی تریشەوە هانی ئێرانی و سعوودییەکان دەدات کە بارگرژییەکانیان کەم بکەنەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین؛

١- هاندەر و بەرنامەداڕێژەری ئەم دانیشتن و دیالۆگەی نێوان سعوودیا و ئێران، ئەمریکایە.

٢- ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێت؛ بۆ ئەم مەبەستەیش دەیەوێت ڕێگرییەکان نەهێڵێت و زەمینە فەراهەم بکات و، له‌م نێوه‌دا سعوودیا و ئیسراییل لە ناوچەکە گەورەترین بەربەستن.

٣- ڕەخساندنی دەرفەت لەلایەن ئەمریکا بۆ عێراق بەم نێوەندگیرییە، پلانی داهاتووی ئەمریکا بۆ عێراق و ناوچەکە زیاتر ڕوون دەکاتەوە.

٤- ئێرانیش ڕەزامەندە کە عێراق ئەم ڕۆڵە ببینێت بۆ ئەوەی عێراق وەکوو وڵاتێکی ناوەندی نەبێتە بەشێک لە ئەجێندا و ناوچەی نفووزی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی سعوودیا؛ بەڵکوو لە ڕێگەی عێراقەوە، ئێران ببەسترێتەوە بە ناوچەیەکی بەرفراوانتری جیۆسیاسی و، هەروەها ڕۆڵێکی نوێ بۆ عێراق پێناسە بکات کە گرێدانی ئێرانە لە ڕووی سیاسی و ئاسایشی‌ و تەنانەت ئابوورییەوە بە جیهانی عەرەبی.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، پێناچێت بەم سیاسەت و ناسنامەیەی ئێستای کۆماری ئیسلامی، بارگرژییەکانی لەگەڵ سعوودیا و وڵاتانی تری ناوچەکە بەتەواوی چارەسەر بێت، بۆیە دەتوانین ئەم ئاڵۆزی و توندوتیژییە بەردەوام و جێگیرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ناونیشانی چەمكێك بە ناوی ململانێ و پێكدادانی دەرەنجام-كراوە یاخود كۆتاییی نادیار (Open-ended Conflict) پێناسەیان بكەین.

 

[1] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: برامج تحقيق الرؤية - رؤية السعودية 2030 :

 available at: <https://www.vision2030.gov.sa/ar/v2030/vrps/>.  Last visited: 29-4-2021.