ئاماژەکانى بەڕێوەچوون و بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنى پەرلەمانى پێشوەختەى 2021 لە عێراق

(خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانی پارسەنگی سیناریۆ گەرمەکان)

 

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

پڕه‌نسیپێکی بنەڕەتیى هەڵبژاردنەکە

بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختى پەرلەمانى عێراق لە 10/10/2021 لە کۆڕ و کۆبوونەوەى حزبە سیاسییەکان درا، نەک لە ناوەندەکانى دروستکردنى بڕیار و لێکۆڵینەوە و سەنتەرەکانى قەیران. هەمووان بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختەكەیان بەڕاستەوخۆیی یان ناڕاستەوخۆیی دا؛ وەڵامی کۆمیسیۆنیان دا بە بەشداریكردن له‌ پڕۆسەکەدا؛ دەنگیان بە یاساى هەڵبژاردنى نوێ دا؛ بوودجەى تایبەتیان بۆ دیاری کرد؛ ناویان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تۆمار کرد و لیستیان دروست کرد و ژمارەیشیان بۆ کاندیدانیان وەرگرت. هەمووان بەرەو ئەو وادەیە دەچن کە باوەڕیان پێی نییە و ڕاڕان لەسەرى. تا ئێستا لەسەر بنەماکانى ململانێ ڕێک نەکەوتوون. تا ئێستایش زۆرێک لە حزبە سیاسییەکان نازانن چۆن بڕیاریان دا و، تەنانەت چۆن دەچنە ناو پڕۆسەکەوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە کاندیدیان دیاری کردووە. لە لایەکی ترەوە هەمووان ئەوەیان دەزانى کە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەو واقعە سیاسییەى عێراق، کارێکی مەحاڵە و ئاکامى باشی لێ ناکەوێتەوە. تەنگژەکان هێندە بەیەکدیدا چوون، بوارێک نەماوەتەوە بۆ هەڵبژاردن. بەرەکان هێندە ددانیان لە یەکتر تیژ کردۆتەوە، بوارى دیپلۆماسییەت و هێوربوونەوە قورسە. کەواتە ئەمە ئەو پڕه‌نسیپەیە کە هەمووان لەسەرى ڕێک کەوتوون کە بەرەو پرۆسەیەک دەچن زۆربەیان نە ئامادەن و نە باوەڕیشیان پێیەتى. بەڵام وەک دەرچەیەک بۆ ئەو واقعە سیاسییەى کە لە عێراق هەیە، کارێکی خراپ نییە.

تەنفیس (هه‌ناسه‌دان)ی  قەیران نەک هەنگاو بەرەو چاکسازی

هەڵبژاردن ئەو دەمە بڕیارى لەسەر درا کە وەک دەرچەیەک بۆ قەیرانی سیاسی سەرنج درا، کە لایەنەکانى ناو حکوومەت و دەرەوەى حکوومەت پێیان باش بوو، نەک وەک هەنگاوێک بەرەو چاکسازی و پاککردنەوەى دەسەڵات و پۆست و دامەزراوەکانى لە گەندەڵکاران. هەر یەک لەوانەیش لەو ڕوانگەیەوە سەرنجی دەدا کە دەبێـتە مایەى پاکبوونەوەى لە بەرپرسیارێتى بەرامبەر ڕای گشتى و خواستەکانى. تەنانەت لە کاتى خۆپێشاندانه‌کانى تشرینی پێشووى 2019ی عێراق، هەمووان بەرامبەر بە حکوومەت لە یەک بەرە بوون؛ ئەو حکوومەتەى کە خۆیان نوێنەرایەتییان دەکرد و وەزیرەکانى لە خۆیان بوون. هەر بۆیە ئەمڕۆ لایەنێک لەسەر شەقام بوو؛ لە کشانەوەى ئەودا لایەنێکی تر دەهاتنە سەر شەقام، تا ئەو حاڵەتەى کە هێرشی لایەنێک بۆ سەر لایەنگرانی لایەنەکەى دی، کە خۆپیشاندان دەکەن، ڕووی دا و چەندان کەس بوونە قوربانی. کەواتە بڕیاری هەڵبژاردنى پێشوەختە وەک تەنفیسێک (هه‌ناسه‌دانێك) وا بوو بۆ قەیرانی سیاسیی عێراق، کە ئەلتەرناتیڤه‌كه‌ی، جەنگى ناوخۆ بوو لە عێراق، بەم شێوەیە:

  • حکوومەتى ئەوکات کە عادل عه‌بدولمه‌هدی سەرۆکایەتیى دەکرد، بە فورسەتى زانى کە خۆى لەو بەرپرسیارێتییە گەورەیه‌ ڕزگار بکات، کە چارەسەرى چەندان ساڵ و هۆکارى مەحاڵى پێویستە. لە لایەکی تریشەوە باش دەیزانی چاکسازی بەو ناکرێ، چونکە خودی پاڵاوتنى ئەو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نەبوونى کەسی ترى حزبیدا بوو، کە لایەنە شیعەکان لەسەر کەسى هیچ لایەنێکى تر کۆک نەبوون و نەگەیشتنە ئەنجام؛ یان دەبا‌ قۆناغەکە بەرەو خراپتر و جەنگى نێوان گرووپە شیعەکان بچێ، یان تازە هەڵبژاردن کراوە و قۆناغێکی نوێیە، دەبێ دەرچەیەکی بۆ بدۆزنەوە. هەر بۆیە هانایان بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی برد و، بووە هۆکارى دواخستنى پەرتەوازەیی و لێکترازانى ماڵی شیعە لە عێراقدا. عادل عه‌بدولمه‌هدی زۆر ڕژد بوو لەسەر ئەوەى هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ زەمینەیەکی نە لە پەرلەمان و نە لەناو حکوومەتدا نەبوو؛ ئەمەیش پێگەى وەک سەرۆکوەزیران لاواز کردبوو. بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختە، خودی سەرۆکوەزیرانی لە بەرپرسیارێتیی بارودۆخەکە ڕزگار دەکرد.
  • کازمی بە هەمان میرات و هۆکارى عادل عه‌بدولمه‌هدی پۆستى سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵام ئەم لەوى دی، داخوازیى لە دەسەڵات و مانەوەى زیاتر بوو، هەر بۆیە گرووپە شیعییەکان سێ داواکارییان خستە بەردەم: چاکسازی، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا. کازمی زیاتر لە عه‌بدولمه‌هدی توانی هەردوو قەیرانەکەى عێراق کە دەبوو لە ساڵی 2020 ڕوو بدەن دوا بخا؛ واته‌ جەنگى ناوخۆ و قەیرانی ئابوورى. یەکەمیان بە هەڵبژاردنی پێشوەختە و دووەمیشیان بە بەرزکردنەوەى نرخی دۆلار، بۆ ئه‌وه‌ی کورتهێنانی بوودجەى عێراقی پێ پڕ بکاتەوە و داڕووخان ڕوو نەدا. بەڵام کازمی بەدەر لەوەى کە بەشداریى هەڵبژاردن ناکات وەک لیستى سەربەخۆ، بەڵام هەردەم چاوى لە ئاسۆیە لەگەڵ چەند گرووپێک بگاتە ئاکام و لەسەر پۆستەکەى بەردەوام بێت، کە لە هەمان کاتدا تا هەنووکە پشتیوانیی چەندان گرووپی ناوخۆى لەگەڵە وەک کورد و ڕەوتى سەدر و چەند دەوڵه‌تێكى ناوچەیی وەک کەنداو و میسر و ئوردن و تورکیا و...؛ تا ڕاددەیەکیش ئێران. لەسەر ئاستى نێودەوڵەتییش، ئەمریکا و چەندان دەوڵەتى تر لەسەر ئاستى ئەوروپا و ئاسیا. تا هەڵبژاردنی پێشوەختەیش لەسەر ڕێگه‌ بێ، حکوومەتەکەى بە ڕاگوزەر ئەژمار دەکرێ و بەرپرسیارێتییەکەیشی کەمتر و تواناى جووڵەى زیاتر.
  • هەردوو قەیرانەکە دوا خراون، نەک چارەسەر کرابن. قەیرانی ئابوورى تا هەنووکە، پەیوەستە بە نرخی نەوت. دوور نییە ئەو بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلارە لە ئاییندەدا بتوانێ ساڕێژى ئەو کورتهێنانە بکات، چونکە سه‌رلەنوێ کۆرۆناى دەلتا خەریکە دونیا شەکەت دەکات و دەیگێڕێتەوە دۆخی متبوونى جارانی. سەبارەت بە قەیرانی جەنگى ناوخۆیش، هێندەى ئاماژەکان هەڵکشان بەرەو جەنگى ناوخۆ دەدەن، ئەوەندە ئاماژەکان پۆزەتیڤ نین بەرەو هێوربوونەوە و سەقامگیری؛ کەواتە هێندەى نەماوە جەنگى ناوخۆ بگاتە بەردەرگه‌ى هاووڵاتیانی عێراق.

تێستەکەى موقتەدا سەدر

موقتەدا سەدر پێش جەژن جاڕی دا کە بەشدارى لە هەڵبژاردندا ناکات، چونکە ئەو هەڵبژاردنە لە ئاستى نیشتمانپەروەریى ئەودا نییە؛ ڕکابەرانی گەندەڵ و خوێنڕێژن، هاووڵاتیانیان بەرەو داڕووخان و هەڵدێر بردووە و، به‌م شێوه‌یه‌ خۆى لە هەموو کارێكی سیاسیی ئەمڕۆى وڵات بێبەری کرد. جەنابیان لە ساڵی 2003وە ئەوە یەکەمین جاری نییە کە گوتارى ئاگرین و بڵێسەدار دەدا، بەڵام دواتر زۆرێک لەو هەڕەشانەى خاو بوونەتەوە و جێبەجێی نەکردوون. هەر بۆیە لە ساڵی 2003وە تا ئێستا بەپێی بەدواداچوونەکان بۆ ڕەفتارى سیاسیی ئەو سەرکردەیە، دەرکەوتووە کە زیاتر لە 167 گوتارى لەو شێوەیەى داوە بەڵام تەنیا 11 لەوانەى جێبەجێ کردووە. بە مانایەکی تر، تەنیا نزیکەى 7%ی ئەو هەڕەشانەى جێبەجێ کردووە و کەمتر لە 43%ی ئەو پەیمانانەى کە داویەتى بە بەرامبەر، پێوەى پابەند بووە. بەدواداچوونەکان هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ خۆنواندن و بەرژەوەندیى ئەو سەرکردەیەیە لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا.

بەڵام لێرە پرسیارە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە بۆچى ئەم جارەیان ده‌ستی بۆ ئه‌م كاره‌ برد و بۆمبێکی دەنگیى تەقاندەوە؟ دەکرێ چەند ئاماژەیەک بۆ ئەو مەبەستەى سەدر بخەینە ڕوو:

  • سەدر، درکی بەوە کردووە کە ئاماژەکانى ئه‌نجامنه‌دانی هەڵبژاردن لە ئه‌نجامدانی زۆرترن.
  • سەدر له‌وه‌ تێ گه‌یشتووه‌ کە هەڵبژاردن لەبەر ڕەحمەتى لوولەى تفەنگەکانى میلیشیاکانى سەر بە ئێران بەڕێوە دەچێ، چونکە ئەوان هێز و دەسەڵاتێکن لە سەرووى حکوومەتى عێراقی و دامەزراوەکانییەوە.
  • خۆبێبەریکردن لە هەر بەرپرسیارێتییەک کە لەسەرشانییه‌تی لە حکوومەتى کازمی دا و، بەپاکانە چوونە ناو هەڵبژاردنی نوێوە.
  • بۆ زیاتر پێوانەکردنى ڕێژەى بەجەماوەریبوون و سەنتەربوونى خۆى لەناو هێزە عێراقییەکاندا.
  • بۆ خستنەڕووى هەڵوێستێکی مەبەستدار و زانینی کاردانەوەى ئەوانى تر، وەک: حکوومەتى کازمى، هێزە شیعییەکانى عێراق (به‌تایبەت ئەوانەى کە سەر بە ئێرانن)، حکوومەتى تازە هەڵبژێردراوى ئێران، هێزە کوردییەکان، دەوڵەتانى ناوچەیی. هەندێکیش لەوانە هەر زوو کاردانەوەى خۆیان لە بەرامبەر ڕەفتارە سیاسییەکەى سەدر ڕاگەیاند، به‌تایبەت هێزە شیعییە عێراقییه‌كانی سەر بە ئێران.
  • گەیاندنى ئەو پەیامەى کە ئەم، میحوەرى سەرەکیی ڕەوتى سیاسیی شیعەیە لە عێراق و دەبێ مامەڵە و حیسابی تایبەتى بۆ بکرێ لە ئێستا و دواى قۆناغی وەفاتی "سیستانی"ش وەک مەرجەعی شیعەکان، چونکە تاکە ڕەوتە کە هەرسێ ڕەهەندەکەى هێزى شیعیی تێدایە لە عێراقدا كه‌ بریتین له‌: مەرجەعبوونی بنەماڵەیی، بوونى زەمینەى جەماوەرى، بوونى هێزى سەربازی؛ بەوەى کە به‌بێ ئه‌و، هیچ هاوکێشەیەکی شیعی و سیاسی و حکوومى لە عێراق بەئاکام ناگات.

ئەی سەدر چیی دەوێ؟

سەدر لەسەر دوو ئاست کارى بۆ ئامانجەکانى کردووە:

مەوداى نزیک: بریتی بوون لەو ئامانجانەى کە ڕیزى کردبوون کە پەیوەندییان هەبوو بە زانینى کاردانەوەى لایەنەکان و جەماوەر و زیاتر ناساندنى وەک میحوەرى ڕەوتى سیاسی لە عێراقدا، به‌تایبەت لەناو هێزە شیعییەکاندا؛ ئەویش چنگ کەوت.

مەوداى دواتر، ئەگەر هات و هەڵبژاردن کرا: ئەویش وەک ئامانجێکی یەدەگ دانراوە و، داواکردنى هەندێ گه‌رەنتى لە هێزەکانى ترى شیعەى عێراقی و حکوومەتى تازە هه‌ڵبژێردراوى ئێران؛ بەوەى کە ئەو زۆرینەى دەنگەکان بەدەست دێنێ و نابێ کۆت دروست بکەن لە بەردەم پرۆسەى هەڵبژاردن و، دەستیش نەخەنە بەرەنجامەکانى هەڵبژاردنەوە و کوتلەى زۆرینە لە پەرلەماندا ئەوەیە کە زۆرینەى دەنگەکانى لە هەڵبژاردن کۆ کردۆتەوە و نابێ ببنە ڕێگر و سەرۆکوەزیرانی داهاتووى عێراق لە ڕەوتى سەدرە.

لایەنەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن

ڕەوتى عێراقی

ئەم ڕەوتە لە تەواوى ئەو هێزانە پێک هاتووە کە زیاتر جەخت لەسەر سەربەخۆییی بڕیارى سیاسیی عێراقى دەکەن و هەرچی زووترە لە شوێنکەوتەیی و زاڵبوونى نفووزى ئێرانی دوورى بخەنەوە و، ئەوەى کە دەمێنێتەوە پەیوەندییەکى باشی دراوسێیانەى تەواوکەرى نێوان هەردوو وڵاتە. ئەو هێزانە مەبەستیانە کە عێراق بەهێزەوە بگەڕێتەوە پێگەى ناوچەییی خۆی و ڕۆڵی پۆزەتیڤی هەمەچەشنەى خۆى لە ناوچەکەدا دەرهەق بە هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە بگێڕێ و چیتر نەبێتە مەوداى یەکلاییکردنەوەى هاوکێشە سیاسییه‌كان و ستراتیژییەته‌کانى دەوڵەتانى دونیا و ناوچەکە؛ لەو هێزانە: حکوومەتى عێراقى، تەواوى هێزە سوننییە عەرەبەکان؛ هەرچەندە ئێستا ئه‌مانه‌ بەهاى سیاسییان لە گۆڕەپانی عێراقدا کەمی کردووە، به‌ڵام هەندێک لە هێزە کوردییەکان وەک پارتى دیموکراتی کوردستان و چەند حزبێکی تری کوردستانى، به‌تایبەت پێکهاتەکانى ترى غەیرە کورد، وه‌ك ڕه‌وتێك، جۆرێک لە پشتیوانیى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لەگەڵدایە.

ڕەوتى ئێرانی

بریتین لەو هێز و ڕەوتانەى کە جەخت لە پەیوەندییەکى پاشکۆیی بۆ ئێران دەکەن و بەڕاستەوخۆیی یان ناڕاستەوخۆیی لەژێر سایەى فەرمانى ڕابەرى گشتیى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانن و تەواوى جووڵەى سیاسییان لە خوڵگە و مەوداى ستراتیژییەتى ئێراندایە. زۆرێک لەو هێزانەیش بەتەواوى لەلایەن کۆمارى ئیسلامییەوە لە هەموو لایەکەوە کۆمەکی و پشتیوانییان لێ دەکرێ و تەنانەت بەو هێزانە دەگوترێ ئەوانەن کە خاوەندارێتیى دەسەڵاتن لە عێراق و نفووزێکن لە سەرووی دەوڵەتى عێراقییەوە و بەهێزترین گرووپ و هێزی سوپای عێراقن. هەر بۆیە هەر هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێ، لەبەر ڕەحمەتى ئەواندایە، بە ئه‌نجامدان یان ئه‌نجامنه‌دانی. لەو هێزانەیش تەواوى 75%ی هێزەکانى حەشدی شەعبی کە زیاتر سەر بە ئێرانن و زیاتر لە  85%ی بڕیارى هێزی حەشدییان کۆنتڕۆڵ کردووە، "بەرەى فەتح" و تا ڕاددەیەک "بەرەى حیکمە"یش- هەرچەندە هەڵوێستى کۆتاییی ئەو دیار نییە-، هەروەها هەندێ لایەنى کوردی- بزانن یان نا- کەوتوونەتە ناو ئەو ڕەوتەوە، ئەویش بەوەى کە هەماهەنگی یان هاوپەیمانییان لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانى پێک هێناوە و بڕیارە دواتر ببنە فراکسیۆنێکی سەربەخۆ لە بەرامبەر پارتى دیموکراتی کوردستان.

بەڵام ئایا درک بەوە کراوە کە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان چەندان جار لەگەڵ ڕەوتى نزیک لە ئێران کۆ بووه‌تەوە و جۆرێک لە تێگەیشتن و تا ڕاددەیەکیش ڕێکكەوتنى هەیە؟ کەواتە دابەشبوونى نەخشەى هەڵبژاردن و سیاسەتکردن بەسەر ئەو دوو ڕەوتەدا تا ناوماڵی کوردیش هاتووە و، هەر یەک لە زۆنی زەرد و زۆنى سەوز نوێنەرایەتیى یەکێک لەوانە دەکەن. بەڵام لێرە پێویستە ئاماژە بە ڕووداوەکانى ئەم دوایییەى ناو یەکێتیى نیشتمانى بکەین، کە ئایا تاچەند کاریگەریى لەسەر پڕۆسەى هەڵبژاردن هەیە، چونکە ئەوەى کە له‌ ئارادایه‌ خودی هاوسەرۆکی یەکێتیى نیشتمانییە و سەرۆکی هاوپەیمانیی بزووتنەوەى گۆڕان و یەکێتیى نیشتمانییە بۆ هەڵبژاردن. ئەم ڕەوتە تەنیا لەلایەن کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیى لێ دەکرێ.

سیناریۆکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن

پرسیارە بنەڕەتییەکە لەم سۆنگەیەوە ئەوەیە: ئایا ئاماژەکانى ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن کامانەن؟ ئەویش دەکرێ لە نێوه‌ندى چەند سیناریۆیەکەوە بیانخەینە ڕوو:

  • گرووپەکانى ڕەوتى سەر بە ئێران بەنیازى تەحەکومکردنن بە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەوە؛ هەر لە بەسرەوە تا بەردەرگه‌ى کورد و ناوماڵی سوننە، بە مووسڵیشەوە. ئەگەر ئەو نیازەیان بۆ چووە سەر، ئەوا بەدڵنیایییەوە ئەنجام دەدرێ و گرووپەکانى تر ناتوانن بەری لێ بگرن، چونکە لە ڕووى هێزەوە بەسەر حکوومەتدا باڵادەستن و لە پەرلەمانیش زۆرینە. گومانیش لەوەدا نییە کە ئاماژە سەرەکییەکە لە ئێرانەوە دێت نەک لەو هێزانەوە بەڕاستەوخۆیی.
  • نزیکبوونەوەى ئەمریکا و ئێران؛ چەنده‌ ئەمریکا و ئێران لە ڕێکكەوتنى ئەتۆمى و دونیاى سیاسەت لە یەکترى نزیک ببنەوە، ئەوەندە چانسی ئەنجامدانى هەڵبژاردن زۆر دەبێت، ئەویش بۆ بەخشینى سەقامگیرییەک بە عێراق و سووککردنى ململانێکانى نێوانیان.
  • مەبەستى ئێران لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن؛ چونکە چەندان هاوکێشە لە عێراقدا هەن کە لەلایەن پەرلەمانەوە یەکلایی دەکرێنەوە یان دروست دەکرێن و شەرعییەتیان پێ دەبەخشرێ؛ هەر لەو نێوه‌ندەوە ئەوەندەى پەرلەمان باس لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا دەکات لە عێراقدا، لە بەرامبەردا ئەوەندە حکوومەت باسی ناکات. هەر بۆیە ئەنجامدانى هەڵبژاردن و تەحەکومکردن بە ئەنجامەکانى بۆ بەرژەوەندیی خۆى و یەکلاییکردنەوەى پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لە خولی داهاتووى پەرلەماندا باسی گەرم دەبێت و تەواوى ئەو دۆسیانەى کە لە بەرژەوەندیى ئێرانن لە عێراقدا لە ڕێگەى پەرلەمانى عێراقییەوە یەکلایی دەکرێنەوە. ئەو هەڵوێستە بۆ ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن لە دواى 15/8/2021 بەدەردەکەون، چونکە تا سەرۆکی نوێی کۆمارى ئیسلامی دەستبەکار نەبێت، ئەو ئاکامە بەدەرناکەوێ.

پارسەنگی نێگەتیڤییانەى دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن و هەڕەشەکان

  • دروستبوونى گرفت و تەنگژە لەسەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردن، کە دوور نییە هێزە شیعییەکانى ڕەوتى عێراقی و ئێرانی پێکهەڵپڕژێن؛ هێزەکانى تریش کەمتر، یان هێزەکانى تر ڕۆڵی یاریدەدەر دەبینن بۆ هەر یەکێک لەو دوو ڕەوتە.
  • تەنگژەى کێ گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانە، ئەوەى کە زۆرترین ئەندامى پەرلەمان بەدەست دێنێ، یان ئەوەى کە لە پەرلەمان دروست دەکرێ؛ ئەوەیش گرفتێکی یاسایی دێنێتە ئاراوە، کە هۆکارەکەیشی دادگه‌ى دەستوورییە، چونکە یاساکانى هەڵبژاردن و دەستوور باس لەوە دەکەن کە کام فراکسیۆنە زۆرترین دەنگى لە پرۆسەى هەڵبژاردن بەدەست هێناوە، نەک ئەوەى کە لە پەرلەمان دروست دەکرێ؛ بەڵام دادگه‌ى دەستوورى وا شرۆڤەى دەقەکەى کرد، بەوەى کە مەبەست لەو فراکسیۆنەیە کە لەناو پەرلەمان دروست دەبێ. بەڵام زەمەنى ئەو شرۆڤە سیاسییەى دادگه‌ى دەستوورى گۆڕاوە، بەوەى ئەوکات زۆرینەى بەدەستهاتوو لەسەر سوننە ئەژمار کرا کە عەلاوى بوو، تا بدرێتە مالیکی، بەڵام ئێستا هەردوو لایەنەکە شیعەن. سەدریش لەو بارەیەوە نزیکەى یەک ساڵە ئاگاداریى داوە، بەوەى فراکسیۆنی زۆرینە ئەوەیە کە لە هەموو فراکسیۆنەکانى تر، زیاتر ئەندامى لە هەڵبژاردن بەدەست هێناوە.
  • دواکەوتنى پێکهێنانى حکوومەتى داهاتووى عێراق؛ چونکە هەر لە ئێستاوە دوو ڕەوتەکە تەواو جیا بوونەتەوە و هەماهەنگی لە نێوانیاندا نییە. هەر لە ئێستایشەوە لەنێو خۆیاندا باس لە پێکهێنانى حکوومەت دەکەن.
  • دانپێدانەنانى بەرەنجامەکان لەلایەن لایەنەکانەوە؛ کە ئەمەیش تەنگژەیەکی گەورەیە دوچارى عێراق دەبێتەوە و دەیگەیەنێتە لێوارى جەنگى ناوخۆ، یان دانپێدانەنانى لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی و مامەڵەنەکردن لەگەڵیدا. ئەمەیش دەبێتە پشتیوانییەک بۆ ئەو بەرەیەى کە ئەنجامەکان ڕەت دەکاتەوە. دواتر دروستبوونى خۆپیشاندان و لێکترازانی ناوخۆیی و زۆربوونى ململانێی نێوان ڕەوتى ئێرانی و عێراقی و هەڵکشانى ناسەقامگیری و دیسانەوە نزیکبوونەوە لە لێوارى جەنگى ناوخۆ.

سیناریۆکانى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن

لە بەرامبەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن، چەند ئاماژەیەکیش هەن لەو بارەیەوە کە دەکرێ وەک سیناریۆیەک باس بکرێن بۆ ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن، لەوانەیش:

  • تێکچوونى بارى ئەمنیى عێراق، بەرەو خراپتر لەوەى کە ئێستا تێی کەوتووە؛ ئەمەیش وا دەکات کە هیچ جۆرە زەمینەسازییەک نەبێت بۆ هەڵبژاردن و زۆربەى حزبە سیاسییە سوننى و کوردەکان و ئەوانى تر و ڕەوتى سەدر داواى دواخستنى هەڵبژاردن بکەن. به‌تایبەت هەڵکشانى ڕووبەڕووبوونەوەکانى میلیشیاکان و ئەمریکا. هەر کاتێک حاڵەتەکانى توندوتیژى و ناسەقامگیری زۆر بوون، ئەوەندە لە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە؛ ئاماژەکانیش بەرەو ئەو حاڵەتە دەچن. بەڵام هەموو تێکچوونى بارى ئەمنى، ئاماژەى دواخستنى هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو ئه‌وه‌ گرووپەکانى حەشدی شەعبین كه‌ بۆ تێکدانى زەمینەى هەڵبژاردن و بەرتەسککردنەوەى ڕێژەى بەشدارى، ئه‌و كاره‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن، تا لەوبارەیەوە خەڵکی دوچارى ترس و دڵەڕاوکێ بکەن و لە ئاکامیشدا تەحەکومپێکردنى.
  • هەر کاتێک ئێران بۆی دەرکەوت کە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیى خۆى نییە، بە هیچ شێوەیەک بوارى ئه‌نجامدانی نادات، ئەویش لە ڕێگەى هێزەکانى سەر بە ئێران.
  • گوشارى حکوومەت بۆ سەر پەرلەمان، بەوەى کە ناتوانێ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکات و کۆمیسیۆنیش لەو بارەیەوە هەڵوێستى فەرمیی خۆى دەدات، کە لە توانایدا نییە لەو زەمینەیەدا هەڵبژاردن بکرێ. گومان لەوەدا نییە کە حکوومەت، ئەوکاته‌ ئەو هەڵوێستە ده‌نوێنێ کە بکەوێتە ژێر گوشارى نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو حزبە سیاسییانەى کە لە خولگەى ڕەوتى ئێراندا ناخولێنەوە. بەڵام هەر پێویستى بە پەرلەمان هەیە تا ئەو بڕیارە دەربکات.
  • کاتێک کە ئەمریکا نیازی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنى هەبێ لە عێراقدا؛ ئەویش بە دروستکردنى زەمینەیەکى نائارام لە نێوه‌ندى بەرپەرچدانەوەى میلیشیا چەکدارەکانى پاشکۆى ئێران لە عێراقدا و بەرەوخراپچوونى زیاترى پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا.
  • هەوڵدانى لایەنەکانى دژ بە ئێران بۆ هێشتنەوەى کازمى لە دەسەڵات؛ چونکە ئەو پڕۆژەیەى کە بەنیازە عێراق لەگەڵ میسر و ئوردندا بە ناوى "شامی نوێ"وە ئەنجامى بدات، جارێ لەسەرەتادایە و کاتى پێویستە؛ کازمیش ئەو وادەیەى دەوێ. لە لایەکی تریشەوە خودی کازمی زۆر ئارەزووى بە هەڵبژاردن نییە، چونکە ئەوەى کە دەیویست بیکات لە چاکسازی، بەهۆى دواکەوتنى بوودجەى ساڵى 2021 نەیتوانی بەپێی پێویست بیکات؛ هەر بۆیە پێویستى بە کاتى زیاترە.
  • ئاگادارکردنەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق؛ بەوەى هەر هەڵبژاردنێک لەو بارودۆخە ئەمنییەى عێراقدا بکرێ هیچ شەرعییەتێکی نابێ و تەنیا لە بەرژەوەندیى گرووپەکانە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییش مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و حکوومەتى داهاتووى عێراق ناکات، چونکە دەبێتە مایەى هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى ناوچەکە؛ چونکە گرووپەکان تەحەکوم لە واقعدا دەکەن نەک حکوومەت. ئەو پەیامەیش بەڕوونى لەلایەن نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە دەسەڵاتدارانى عێراق گوترا و کاردانەوەیشی لێ کەوتەوە؛ به‌تایبەت ئەو گرووپانەى کە سەر بە ئێرانن و، داوایان له‌و وڵاته‌ کرد چیدی دەست وەرنەداتە کاروبارى ناوخۆى عێراقەوە.
  • هەڵوێستى پەرلەمانى عێراقی، یەکلاکەرەوە دەبێت؛ چونکە تواناى دواخستنى هەڵبژاردنی هەیە. چۆن بە پڕۆژەیاسایەک ڕەزامەندیی دا، ئاوایش بە "پەنجا كۆ یەک" دەتوانێ بە بڕیارێک هەڵبژارنە پەرلەمانییەکە-کە لە تایبەتمەندیى ئەوە- دوا بخات؛ بەڵام دەبێ لایه‌نێك پڕۆژەیاساکەى بخاتە بەردەست، ئەویش سەرۆککۆمار یان ئەنجومەنى وەزیران، یاخود وەک پێشنیار لەلایەن دە ئەندام پەرلەمان یان لەلایەن یەکێ لە لیژنە تایبەتمەندەکانییەوە.
  • ئەگەر هات و پەرلەمان بەپێی ماددە 64/1 خۆى هەڵنەوەشاندەوە تا 10/8/2021، یان بەپێی ماددەى 61/8 بە پەنجا كۆ یەک متمانەى لە حکوومەت سەندەوە و وڵاتى دوچارى بێحکوومەتى کردەوە، بۆ دروستبوونى حکوومەتى نوێ، پێویستى بە لانى کەم سی ڕۆژ هەیە. یان ئەگەر پەرلەمان لەو پازدە ڕۆژەى ئاییندەدا هەوڵی لێپرسینەوەى لە سەرۆکوەزیرانی دا کە لەلایەن تەنیا 25 ئەندام پەرلەمانەوە دەکرێ بەسەند بکرێ، ئەوکات بەپێی ماددەى 64/1 ناتوانێ خۆى هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنەکان دوا دەخرێن. کەواتە لەو بابەتە تەنیا 25 ئەندام پەرلەمان دەتوانن لەو پازدە ڕۆژەى ئاییندەدا هەڵبژاردن دوا بخەن؛ ئەمەیش زیاتر لە بەرژەوەندیى ڕەوتى ناهەماهەنگە لەگەڵ ئێران، به‌تایبەت ئەگەر لە 10 ڕۆژى سەرەتاى مانگى هەشت بێت.

پارسەنگی دواخستنى هەڵبژاردن بۆ نیسان یان حوزەیرانی ساڵی ئاییندە

  • هەڵکشانی نێگەتیڤییانەى بارى ئەمنیی عێراق و زۆر نزیکبوونەوە لە جەنگى ناوخۆ.
  • گۆڕان لە هاوپەیمانێتییەکان و نەخشەى هێز.
  • زیادبوونى ڕۆڵی نێگەتیڤییانەى پەرلەمانى عێراق بەرامبەر نەیارانى ئێران.
  • زۆر گوشارخستنە سەر حکوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە و زۆربوونى ململانێ لە نێوانیاندا.
  • گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێک لە بابەتى بوودجە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە لایەک و حکوومەتى فیدراڵی و پەرلەمان لە لایەکی تر.

پوختە

لە کۆتاییدا دەتوانین سەبارەت بەو ئاماژانە بڵێین:

  • تا هەنووکە بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەچنگ ئێراندایە؛ لە لایەک لە نێوه‌ندى ئەو ڕەوتانەى کە سەر بە ئێرانن یاخود پەرلەمانى عێراق، یان پەیوەستە بە یەکلاییبوونەوەى هاوکێشەکان و پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دۆسێی ئەتۆمی و ناوچەکە. باشیی پەیوەندییەکان بڕیارى ئەنجامدانى پرۆسەکە دەدات و بەپێچەوانەیشەوە دروستە.
  • بەدەر لە خاڵی یەکەم، ئاماژەى ئه‌نجامنه‌دانى هەڵبژاردن زۆرترن لە ئه‌نجامدانی، بەڵام ئەوەندە بەسە کە بەدەر لە خاڵی یەکەم بڵێین، هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێ کە لە بەرژەوەندیى ئێران نەکەوێتەوە. چونکە ئەوانەى کە هاتنە سەرشەقام و داواى چاکسازییان کرد، زۆربەیان لە پرۆسەى هەڵبژاردنى پێشوەختە کشانەوە کە زیاتر بوون لە 17 ڕەوت و ڕێکخراو و دەستەى جیاواز؛ بەوەى کە پرۆسەى هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق نییە.
  • پێویستە سەرکردایەتیى کورد بۆ هەر یەکێک لەو سیناریۆیانەى کە ئاماژەمان پێ دان، وربوونەوە و پلانى پێشوەختە و ئامادەییى تایبەتى هەبێت و هەرچی زووتر و زۆرترە شرۆڤەیان بکات و لەگەڵ پسپۆر و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەوێتەوە گفتوگۆ و خۆئامادەکردنەوە، چونکە ڕۆژانی داهاتووى عێراق لێڵن.