چیدی هاوکێشەى گەمەکانى هەڵبژاردن تەماوى نەماون

(خوێندنەوەیەک بۆ دیمەنە ئاڵۆزەکانى پێش وادەى هەڵبژاردن)

 

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

 

بانگەشەکان دەستیان پێ کرد، بەڵام ئاماژەى بەڕێوەنەچوون هەر لە ئارادایە

دوا سات لە ئاکامدا دەرکەوت کە حزب و لایەنە سیاسییەکان بەرەو هەڵبژاردن بەڕێ کەوتن؛ بڕیارە گەمەکە بکەن، تا هەر یەکەو بە مورادی خۆیان بگەن، بەڵام گەمەیەکی دژوار و ئاسان بەڕێوە ناچێ. ئاسۆی کارەکە دیار نییە. چەندان ئاماژە هەن کە دوور نییە لە نیوەى ڕێگە بگەڕێنەوە، بەڵام بڕیارەکە پێشتر دراوە؛ سەنگی لایەنەکانیش ڕۆژى دەى تشرینی یەکەمى ئەمساڵ ئەگەر پرۆسەکە بەڕێوە چوو، بەدیار دەکەوێ. هەندێک پاشەکشەیان کرد، هەندێکیان بەڕێوەچوونى بە سوودمەند دەزانن وەک لەوەى کە نەکرێ، هەندێکی تریش بە شکست ئەژمارى دەکەن و بە زەنگى مەترسیدارى جه‌نگی ناوخۆى دەزانن، به‌تایبەت ڕەوتەکانى سەر بە ئێران. کەوایە بۆ دوورخستنەوەى پێکهەڵپڕژانی ڕەوتی شیعی-شیعی، هەر دەبێ هەڵبژاردن بەڕێوە بچێ.

گەلی عێراقیش بەدەر لە لایەنگرانى لایەنە سیاسییەکان، دوچارى دڵەڕاوکێ بوون سەبارەت بە بەشداریکردن لە پرۆسەکە، چونکە گەمە دیموکراسییەکە هیچ بەرەنجامێکی ئەرێنیی هەر لە ساڵی 2005ه‌وە پێ نەبەخشیون، بەڵکوو گەمە دیموکراسییەکە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق بۆتە میکانیزمێک بۆ تێکچوونى بارى ئەمنى و تەشەنەکردنى گەندەڵی و شەڕکردن لەسەر پۆست و ململانێی ناشەریفانەى نێوان لایەنە سیاسییەکان و خستنەوەى دووبەرەکیى نێوان لایەنە سیاسییەکان و زاڵبوونى گرووپە چەکدارەکان بەسەر دەسەڵات و حکوومەت و، دەرکەوت کە بڕیارى کۆتایی لاى ئەوانە نەک حکوومەت و دامەزراوەکانى. متمانەیش بە دیاردەى سیاسیی وڵات لەوپەڕی ئاستى نزمیدایە. بەشداریی سیاسی، بەبێهوودە سەیر دەکەن و بە پرۆسەیەکی بەخشین و بەخشینەوەى پۆست و ئیمتیازات بۆ لایەنە سیاسییەکانى دەزانن و دانیشتووانیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەژارى دەخلیسکێ. ڕێژەى بەشدارى لە پرۆسەى سیاسیی وڵات، ساڵى 2004 لە 78% بوو، بەڵام خول دواى خولی هەڵبژاردنەکان ڕێژەى بێمتمانەیی و بەشدارینەکردن ڕووی لە دابەزین کرد. ساڵی 2006 بووە 70% و، 2010 بوو بە 62.2% و، 2014 بوو بە 62% و، دواتریش لە ساڵى 2018 دابەزی بۆ 44.52%؛ واتە لە ساڵی 2004 – 2018 ڕێژەى کەمبوونى بەشداریى سیاسی و بێمتمانەیی گەیشتە 33.48%. لەوەیش زیاتر تەنیا لە نێوان خولی 2014 و 2018ى پەرلەمان، 17.48% بەشداریى سیاسی لە هەڵبژاردن کەمی کردووە. بۆ خولی پێنجەمى پەرلەمانی عێراقیش کە لە 10 تشرینی یەکەمى ئەمساڵ وا بڕیارە بەڕێوە بچێ، ناوەندەکانى بەدواداچوون و پێوەروەرگرەکان باس لە ئاستى بەشداریى سیاسیی نزم دەکەن، بەوەى کە لە باشترین حاڵەتدا لە نێوان 40 – 50% زیاتر بەرەو ژوور نابێ.

بەکۆڵەوارى چوونە ناو جەنگەوە

لە ئەزموونى شازدە ساڵەى دیموکراسی لە عێراق دەرکەوت کە گەمەیەکی سفرییە. ئەوەندەى کە ڕۆتینی پرۆسەى سیاسییە، ئەوەندە بەرەنجامى لێ نەکەوتۆتەوە؛ هیچ ئاییندەیەکی ڕۆشنیشی لێ چاوەڕوان ناکرێ. لە بابەتەکانى پێشتر ئاماژەمان بەوە دابوو کە ئەم پرۆسەیە بۆ دەستاودەستکردنى دەسەڵات و گەمەى دیموکراسییەت نییە، هێندەى دەرچەیەکە بۆ قەیرانێکی قووڵ کە ئەوسەرى دیار نییە و زۆرێک لە ناوەندانى بڕیار و پسپۆر و بەدواداچوون وای بۆ دەچن کە هێندەى قەیرانى تر بەدواى خۆیدا دێنێ، هێندە تواناى گۆڕانکارى لەسەر ئاستى وڵات و لایەنە سیاسییەکان بەدەستەوە نادات. ئەمە هەواڵێکی خۆش نییە، بەڵام سروشتى گەمەى سیاسی و ململانێ لە عێراق هەر لە کۆنەوە ئەو پەندەمان پێ دەڵێ، کە قەیرانەکان هیچ کات ئاکامێکی ئەوتۆیان بۆ گەلانى عێراق بەدەستەوە نەداوە، بەڵکوو قورساییی خستۆتە سەر شانیان و باجی زۆریان بۆ داوە، کە هەندێک لە پارسەنگی ئەو قەیرانانە وەک میرات بۆ نەوەکانى دواتر ماونەتەوە.

کاتێک بڕیارى هەڵبژاردن درا، لە پێناو گەمەیەکى دیموکراسی نەبوو، بەڵکوو بۆ تەسلیمکردنى قەیرانێک بوو لە نێوه‌ندى هەڵبژاردنەوە بە قەیرانێکی خراپتر، چونکە هەمووان ئەوەیان لا ئاشکرایە کە هەڵبژاردن تەنیا دیمەنەکان ئاڵوگۆڕ پێ دەکات و لەوانەیە هەندێ کەس بخاتە دەسەڵات و ئەوانى تر خانەنشین بکات، بەڵام یاریزانە ڕەسەنەکان کە حوکم دەکەن، سەرەداوى هاوکێشە سیاسییەکانى وڵات هەر لە چنگیاندا دەبێت. بێ گومان ئەوەیش دیارە کە جیاوازى هەیە لە نێوان ئەوەى کە دەسەڵاتى لەبەردەستە یاخود بۆى دابین دەکرێ، لەگەڵ ئەوەى کە حوکم دەکات. هەر بۆیە ئەوانەى کە حوکم دەکەن، لە ڕێزەکانى دواوە پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن و زۆر دەگمەنە چووبنە سەر کورسیی دەسەڵات. ئەمە سەرەداوى دۆزینەوەى ئاکامى هاوکێشەکانى عێراقە: تا ئەوانەى کە لە ڕیزەکانى دواوە خۆیان مەڵاس داوە و گەمەکە بەڕێوە دەبەن، له‌باره‌ی ئەوانەى له‌ ده‌سه‌ڵاتدان ڕێک نەکەون، ئەوا بۆ ئەوانەی دەسەڵات مەحاڵە هیچ بڕیارێکی ئەتۆ و دروست بدەن، هەر بۆیە ئەوانەى دەسەڵات هەمیشە چاوەڕێی ئاماژەیەکی ئەودیو شووراکانى دەسەڵات دەکەن تا کارەکان بکەن.

عێراق هیچ کام لە قەیرانەکانى چارەسەر نەکرد تا بچێتە هەڵبژاردنێکی نوێوە؛ ئایا هەڵبژاردنی نوێ بەسەر کێدا دەکرێ؟ یاخود لە دژى کێ دەکرێ تا هەوڵ بدرێ لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە؟ ئایا خودی لایەنە سیاسییەکان خۆیان ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە لە پرۆسەکە؟ ئایا ئەوانەى کە لە دەسەڵاتن سەر بە کێن؟ ئەمانە و چەندان پرسیارى تر کە جێی بایەخ و مشتومڕن، بەڵام لاى زۆربەى لایەنە سیاسییەکان وەڵامەکانى دیارن، چونکە گرفتى هەرە سەرەکی لەو نێوەندەدا ئەوەیە کە، ئەوەى لە عێراق بڕیار و دەسەڵاتى کاراى بەدەستە، خاوەنى بڕیار نییە، بەڵکوو لە ژینگەیەکی دەرەوەى وڵاتەوە ئەو بریارەى بۆ دروست دەکرێ، نەک بڕیارەکان خۆڕسک و خۆماڵی بن؛ بەڵکوو لەوەیش زیاتر، تەواوى ژینگەى وڵاتێک خراوەتە بەر ڕەحمەتى نفووزى وڵاتێکی تر و لە مەوداى ستراتیژى ئەودا دەخولێتەوە، کە ئەویش ئێرانە.

لەو ساتەى کە بانگەشەى هەڵبژاردنى تێدا ئەنجام دەدرێ، دەبێ کام به‌ڵێن و پەیمان بە جەماوەر بدرێ؟ ئایا کێ ئەو بوێرییەى هەیە کە پەیمان بدا؟ ئایا ئەوانەى کە دەیانەوێ متمانە بەدەست بهێنن بۆ هەڵبژاردن، هەر ئەوانە نین کە گەلانی عێراقیان دوچارى فەوتان و هەلاکەت و بێهیوایی کردووە؟ ئایا هەر ئەوانە نین کە تا دوێنێ و ئەمڕۆ و تەنانەت بەیانیش بڕیار بۆ خەڵک دەدەن؟ ئایا چیی زیادەیان پێیە بۆ جەماوەر؟ لەو کەشە گەرمەدا خەڵکی عێراق بێجگە لە هەرێمی کوردستان لە گەرمان پڕووکا. قەیرانى کارەبا لە عێراق کەسێتیى وڵاتى خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەوەى ئایا چۆن ده‌بێ دەوڵەتێک دواى سەد ساڵ لە تەمەنى نەتوانێ کێشەى کارەبا چارەسەر بکات؟ عێراق پێویستى بە نزیکەى بیست و نۆ هەزار میگاوات کارەبا هەیە، بەڵام تا ئێستا توانیویەتى دوو لەسەر سێی ئەو ڕێژەیە بەرهەم بێنێ؛ بەڵام خودی ئەو ڕێژەیەیش کە نزیکەى نۆزدە هەزار میگاوات بوو، لە مانگى حوزەیراندا هاتە خوارەوە بۆ نزیکەى چوار هەزار میگاوات و ئێرانیش لەو بابەتە و لە گەرماى هاویندا پشتى لە عێراق کرد کە پێشتر نزیکەى هەزار و دوو سەد میگاواتى بە عێراق دەفرۆشت.

لە عێراق ساڵی 2004 کۆى مووچەى فەرمانبەران و ئەوانەى کە لە خەزێنەى دەوڵەت پارە وەردەگرن، کەمتر بوو لە چوار ترلیۆن دینار کە دەیکردە نزیکەى 12.4% لە کۆى گشتیى خەرجییەکانى وڵات کە نزیکەى 31 ترلیۆن دینار بوو. بەڵام هەر ئەو بابەتە لە ساڵی 2010 گەیشتە 70 ترلیۆن و، لە ساڵی 2021یش گەیشتە 85.2 ترلیۆن دینار. بەڵام ئەوەى کە لێرە گرفتێکی گەورە بۆ عێراق دەخوڵقێنێ ئەوەیە كه‌، ئایا سەرچاوەکانى پەیداکردنى داهاتى حکوومەتى عێراقی چین؟ گومان لەوەدا نییە کە وەڵامەکە حاشاهەڵنەگر و بەڵگەنەویستە کە "نەوت"ە. هەر بۆیە ڕێژەى داهاتى عێراق لە کۆى بوودجەى ساڵی 2021، زیاتر لە 80%ی سەرچاوەکەى نەوتە؛ بەڵام هەمان بابەت لە ساڵی 2003 و 2004 لە 98% سەرچاوەکەى نەوت بوو. لەو بارەیەوە عێراق دوچارى قەیران بووەوە، کاتێک ساڵى 2019 و 2020 بەهۆى پەتاى کۆڤید 19 نرخی نەوت تەواو دابەزی و مەترسی لەسەر تێچوونى دروست بوو نەک قازانج؛ هەرچەندە بەو بڕە قازانجە، عێراق نەیتوانى بەبێ قەرز مووچە دابین بکات.

زۆربەى هەرە زۆرى ئەو داواکارییانەى کە خۆپیشاندەرانی بزاوتى تشرین لە عێراق داوایان کرد نەهاتە دی و، حکوومەت لە توانایدا نییە جێبەجێیان بکات، هەرچەندە زۆر جاران پەیمانى زۆر ڕژد بە جەماوەریش دەدات و هەوڵیشی بۆ دەدات؛ بەڵام گرفتەکە لە عێراق ئەوەیە، ئەوەى کە سەرەداوى کارەکانى بەدەستە لە تەلارەکان، نفووزیان بستێک لەسەر ئەرزی واقع بەڕێوە ناچێ. یەکێ لە داواکارییەکان بۆ لاوان بوو، کە بەردەوام داواى دامەزراندن و دۆزینه‌وه‌ی كاریان ده‌كرد بۆیان، هەر بۆیە ساڵانە زیاتر لە 700 هەزار گەنج ڕوو لە بازاڕی کار دەکات، بەڵام کارى چنگ ناکەوێ. ئەمەیش یەکێکە لە مەترسییە هەرە گه‌وره‌کان؛ کاتێک حکوومەت ناتوانێ کار و وەزیفە و خزمەتگوزارى دابین بکات، هەر ئەو دەنگە ناڕازییانە بەرەو ئاشووبێکی بێشومار سەر بکێشن کە دواتر کۆنترۆڵکردنى ئاسان نابێ و ئاکام و چارەنووسی دیار نییە؛ ئەمە بێجگە لە پەرتەوازەییی گوتارى سیاسی و ناهەمواریى بارى ئابوورى و لەرزۆکیی بارى ئەمنی و نەبوونى گوزەرانێکی مەقبول (جێی په‌سه‌ند؟) لەسەر ئاستى گەل و زۆربوونى گەندەڵی و بازرگانانى ماددەى هۆشبەر و تیرۆریستان و سەرلەنوێ بەهێزبوونەوەى داعش و ناسەقامگیرى و بەردەوامبوونى تەعریب و ئاوارەکردنى دانیشتووانى کوردی ناوچە جێناکۆکەکان؛ هه‌روه‌ها زاڵبون بەسەر دەوڵەتدا لەلایەن چەند ڕەوتێکی خاوەن هێز کە سەر بە ئێرانن و تەحەکوم لە بڕیارى سیاسی و بەڕێوەبردنى وڵات دەکەن.

کەواتە لە وڵاتێکی کۆڵەواردا گەمەیەکی دیموکراسی هیچ بەرەنجامێکی ئەرێنیى نەبووە و نییە و نایبێ. ئەمەیش ئەو پەندەیە کە دەبێ سەرکردایەتیى کورد باش تێی ڕامێنێ، چونکە ڕەوتى شیعی لە هەر وڵاتێکدا هەبن لە سێ مۆدێلی سیاسی زیاتر ناتوانن کارى سیاسی بکەن، کە هەر سێ مۆدێلەکەیش بەدەرن لە گەمەى دیموکراسی و دەستاودەستکردنى دەسەڵات، ئەوانیش: یان دەبێ فەرمانڕەواى ڕەها بن وەک ئێران، یان دەبێ شۆڕشگێڕ بن و چەکدار بن و لەو نێوه‌ندەوە تەحەکوم لە بەشدارى و بڕیارى سیاسی بکەن وەک لوبنانى ئێستا و عێراق و، پرۆسەى دیموکراسییش تەنیا وەک دەرچەى قەیرانەکان و شەرعییەتدان دەمێنێتەوە بە دەسەڵات و نفووزیان و، قەتماغەکردنى ئەوانى تر لەو ڕێگەیەوە، یان خەریکی کاری نهێنین تا ئەو کاتەى دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، وەک ئەفغانستان و ساڵانی پێش جەنگى ناوخۆى لوبنان و ئەزموونى یەمەن پێش زاڵبوونى حووسییەکان بەسەر وڵاتدا.

داتاکان بێهیواکەرن

هەردوو دامەزراوەى پێوانەى ڕای گشتى لە عێراق (IOT) و گالوپی نێودەوڵەتى لە نیسانی ساڵی 2021 سەبارەت بە ڕای گشتى و پرۆسەى سیاسی ڕاپرسییەکیان ئەنجام داوە، کە زیاتر لە 1200 چاوپێکەوتنیان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ توێژە جیاوازەکانى عێراق لە کورد و سوننە و شیعە ساز داوە. لەو ڕاپرسییەدا ڕەشبینییەکى بێشومار لەلایەن توێژە جیاوازەکانى عێراق بەرامبەر بە پرۆسەى سیاسی بەدی دەکرێ، به‌تایبەت لە نێوماڵی شیعەدا. لەو ڕوانگەوە ئەوە بەدی دەکرێ کە هیچ متمانەیەکی ئەوتۆ بە حکوومەت و پرۆسەى سیاسى و لایەنە سیاسییەکان نەماوە و عێراق لە لێوارى تیاچوون و ڕووخاندایە و جەنگى ناوخۆ هێندەى نەماوە بگاتە بەردەرگه‌ى عێراقییەکان؛ جا ئیدی پێش هەڵبژاردن یان دواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن. لەو ڕاپرسییەدا هاتووە کە لە شەش مانگى یەکەمى حکوومەتەکەى کازمى، 60%ی دانیشتووانى عێراق پشتگیری بوون، کە لەو ڕێژەیە 50% شیعە بوون، بەڵام دواتر ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ 27% شیعە و 46% سوننە و 55% کورد؛ واتە حکوومەتەکەى کازمى ئەوەندەى لەنێو کورد و سوننە پشتگیری دەکرێ، ئەوەندە لەنێو شیعەدا ئەو پشتگیرییەى نییە. هەر لەو ڕاپرسییەدا هاتووە کە تەنیا 5%ى کورد هەست بە نائارامی دەکەن لە شارەکانى خۆیاندا، بەڵام ئەو ڕێژەیە لەنێو سوننە دەگاتە 16% و لەنێو شیعەیش 25%. سەبارەت بەوەى کە ئایا عێراق لەسەر ڕێڕەوێکی سیاسیی هەڵەیە لە حوکمدارى یان دروست، 75%ی عێراقییەکان وای بۆ دەچن کە عێراق بەرەو ئاڕاستەیەکی هەڵە دەڕوات؛ لەو ڕێژەیەیش پشکی شێر لاى شیعەکانە کە ئەو ڕایەیان هەیە ئەویش 80%.

پرۆسەى سیاسی و دیموکراسی هیچ بەهایەکی ئەوتۆى پەیدا نەکردووە لە عێراق و، ئەو ئەزموونى شازدە ساڵە هیچ خەرمانێکی بەرەکەتداری نەهێناوەتەوە کایەوە تا خەڵکی دڵی بە پرۆسەى دیموکراسییەت خۆش بێت. هەر بۆیە لە ڕاپرسییەکەدا هاتووە کە 35%ی کورد بۆچوونیان ئەرێنییە بۆ پرۆسەى دیموکراسییەت لە عێراق، بەڵام لەنێو سوننەدا 14% و لاى شیعەکانیش 11%. گەرچی ئەو متمانەیە بە پرۆسەى دیموکراسییەت لە عێراق لە ساڵى 2004 نزیکەى 71% بوو، بەڵام لە ساڵى 2019 ئەو متمانەیە ڕیژەکەى دابەزی بۆ 57%. نەک هەر لەدەستدانى متمانە بە دیموکراسییەت، بەڵکوو لایەنگرانى حوکمى سەربازی لە 12% له‌ ساڵی 2004، بەرز بووەوە بۆ 50% له‌ ساڵی 2020 و لەوەیش زیاتر. ئێستا ڕێژەکان ترسناکترن، چونکە زۆرێک لە شیعەکان بەتایبەتى، پێیان وایە کە سەرکردەى بەهێز لە نێوه‌ندى پرۆسەى هەڵبژاردن یان پەرلەمانەوە نایەت. ئەو ڕێژەیە له‌ ساڵى 2004، 27% بوو، بەڵام له‌ ساڵی 2020 بەرز بووەوە بۆ 76%.

دیمەنێکی ترى کۆمەڵگەى عێراقی کە لەو ڕاپرسییەوە دەبینرێ و سیاسەتمەدارانی عێراقی هیچ بەهایەکی بۆ دانانێن، بابەتى ترسە لە ئاییندە. هەر بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ دەرچوون لە عێراق زێتر دەبێ، به‌تایبەت ئەو توێژە بنەڕەتییەى کە وڵات چەندان ساڵە دروستی کردوون و پەروەردەى داون تا خزمەت بە وڵات بکەن؛ وەک پزیشک، مامۆستایانی زانکۆ، پسپۆران، بازرگانان و...، بەڵام دیاردەى بەخاکەوەنەنووسان و ئینتیما زۆر لاواز بووە و تەنانەت قوڕ و چڵپاوی وڵاتانى ئەوروپاى پێ باشترە لە خۆشترین گەڕەکی پایتەخت؛ چونکە سەرژمێرییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەوانەى پەنا بۆ ڕۆیشتن دەبەن، کەسانی کەمدەرامەت نین و تواناى ئابوورییان لە ئاستێکی خراپدا نییە. باشترین بەڵگە کە وڵات لە ڕووى ئابوورییەوە بەرەو داڕووخان دەڕوا و ڕێژەى هەژارى لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوەیە کە ساڵی 2007 توێژى ناوەند لە ڕووى ئابوورییەوە لە 61%ی دانیشتووانى عێراقی پێک دەهێنا، بەڵام ئەو ڕێژەیەى توێژى ناوەند، له‌ ساڵی 2020 بۆ 30% دابەزی. سەبارەت بەوەى کە هەمووان ترسیان لە ئاییندە هەیە و چارەنووسیان بەلێڵی دەبینن، لە 73% عێراقییەکان لەوە دەترسن کارەکانیان لەدەست بدەن. لەو سۆنگەیەیشەوە کە وڵات بەهۆى زاڵبوونى گرووپە چەکدارەکانى حەشدی شەعبییەوە وەک جبەخانە و سەربازگەیەکی لێ هاتووە و مەترسیی زۆر کەوتۆتە سەر دامەزراوەکانى حکوومەت و خەریکە شتێک لە عێراقدا نەمێنێ بە ناوى دەوڵەتەوە. ئەم هەستەیش زیاتر لاى شیعەکان دروست بووە، هەر بۆیە لە 60%ی شیعەکانى عێراق پێیان وایە کە گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەى دەوڵەت و یاسا کار دەکەن و هیچ وەلائێکیان بۆ دەوڵەت و دامەزراوەکانى نییە؛ گەرچی زۆربەیشیان لەلایەن خودى دەوڵەتەوە بوودجەیان بۆ تەرخان کراوە. هەر ئەوەیشە تارماییی جه‌نگی ناوخۆ بەردەوام لەبەر گوێی عێراقییەکان و به‌تایبەت دانیشتووانى شیعە زرینگەى دێ. لەوبارەیەوە 76%ی بەشداربووان مەترسیی جه‌نگی ناوخۆیان هەیە لە عێراق. لە کۆتاییدا هاووڵاتیان ئه‌وه‌نده‌ هەست بە بوونى دەوڵەت و دامەزراوەکانى ناکەن، هێندەى هەست بە بوونى باڵادەستیى گرووپە چەکدارەکان دەکەن؛ ئەو پەیامەیش دەگەیەنن کە لە 70% واى بۆ دەچن کە مامەڵەى دادپەروەرانەیان لە وڵاتدا دەرهەق ناکرێ.

تەنگژەى بەشداریکردن

ئاماژەکانى سەقامگیریی بەڕێوەچوونى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن

دەکرێ لەو نێوەندەدا چەند ئاماژەیەک سەبارەت بە سەقامگیریی ڕەوشی هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن بدەین ئەگەر هات و:

  • سەرەڕاى بوونى چەندان هەڕەشەى ئەمنى لە عێراق، بەڵام ئەمریکا و ئێران بتوانن کۆنترۆڵی گرژییەکانى نێوانیان بکەن؛ ئەمەیش ئاماژەیەکی ئەرێنییە. ئەو کەمە سەقامگیرییەى کە لە عێراق لەلایەن کەمیى هێرشەکانى چەکدارانى سەر بە ئێران کەوتۆتەوە، ئەو هەماهەنگییە دەردەخەن، بەڵام ئایا ئەو هەماهەنگییە تا کەى بەردەوام دەبێت؟ بێ گومان دوو ڕەهەند کاریگەریى هەیە بۆ سەر ئەو بابەتە: یەکەمیان، هەڵوێستى ئێران لەمەڕ دانوستانەکانى ئەتۆمی لەگەڵ گرووپی پێنج کۆ یەک؛ دووەمیان: تێکنەچوونى ئەو هەماهەنگییە لە ساتى ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ چ لەسەر ئاستى عێراق یان لوبنان. نەبوونى هەڵوێست لەلایەن ئەمریکاوە لەو حاڵەتەدا ئەستەمە و حاشاهەڵنەگرە کە لایەنگرى ئیسرائیلە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئایا ئێران دەتوانێ کۆنترۆڵی خۆى بکات و وەڵام نەداتەوە؟ چونکە بە وەڵامدانەوەى ئێران-ئەگەر لە ئاستێکی ڕەمزیدا نەبێ- دۆخەکە دەشڵەقێ.
  • گرووپە چەکدارەکانى حەشدى شەعبیی سەر بە ئێران و ئەوانى تریش، دەستیان وەرنەدایە هەڵمەتەکە و بێلایەن بوون و لە دوورەوە چاودێرییان دەکرد. ئەم حاڵەتەیش بۆ ئەوان جێی قبووڵ نییە و بێ گومان بە بیانووى جۆراوجۆرەوە ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبەت لەو ناوچانەى کە شیعەنشین نین؛ چونکە ئەو کارە لە ناوچە شیعەنشینەکان جێی مەترسیی گەورەترە و دوور نییە پێکدادان لە نێوان گرووپە شیعەکاندا ڕوو بدات.
  • گەڕانەوەى "موقتەدا سه‌در" بۆ هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن بە قورسایییەکى باشەوە؛ ئەمەیش گەرەنتیى بەئاکامگەیشتنى هەڵمەتەکە باشتر دەکات.
  • ڕوونەدانى هاوکێشەى سیاسیی نەخوازراو لە ناوچەکە، وەک ڕووبەڕووبوونەوەى ئیسرائیل و ئێران، کەوتنەوەى جەنگێکی خوێناوى لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانى و هاتنەناوەوەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و تێوەگلانی ئێران و عێراق، کەوتنى کابول و کاریگەرییە نەرێنییەکانى لەسەر ئێران و هتد.
  • هێوربوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان کازمى و حەشدى شەعبی، کە ئەمەیش تا ڕاددەیەکی باش سەقامگیری بە هەڵمەتەکان دەدات.
  • هەڵوێستى مەرجەعییەت لەو بارەیەوە بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردن ئەرێنى بوو؛ بەڵام تا ئێستا مەرجەعییەت لەو بارەیەوە هەڵوێستى خۆى ڕانەگەیاندووە.
  • ڕوونەدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، یاخود بە مانایەکی تر تەشەنەنەسەندنیان تا ڕەوشەکە بەرەو خراپتر نەچێ.
  • دانەبەزینى نرخی نەوت لە بازاڕەکانى جیهان، چونکە یەکێک لەو کۆڵەکانەى کە حکوومەتى عێراقی لەسەری وەستاوە، قوتاربوونییەتى لە کەمدەرامەتى بەهۆى بەرزبونەوەى نرخی نەوت و، ئەم جارەیش لە ئیفلاسبوون قوتاری بوو، بەڵام تەوژمى کۆرۆناى نوێ وەک هەڕەشەیەک هەر لەبەرچاوە.
  • ڕۆڵی ئەرێنیی هەردوو دەسەڵاتى جێبەجێکردن و یاسادانان، دەبێتە ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ هەڵمەتەکان، تا لەو نێوه‌نده‌وە لە ڕێگەى هەردووکیانەوە باشترین بەڕێوەبردنى هەڵمەتەکە بکرێ.
  • بەشداریکردنى کورد، بەتایبەت پارتى دیموکراتی کوردستان و بەرەى سوننە بە سەرکردایەتیى "حەلبووسی"، کە ئەم دووانە تا ئێستا بە خاڵی ئەرێنی بۆ هەڵبژاردن ئەژمار دەکرێن.

ئاماژەکانى ناسەقامگیریی بەڕێوەچوونى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن

لە بەرامبەر بوونى ئاماژەکانى سەقامگیری، هەندێ ئاماژەى ترى ناسەقامگیری هەن، کە لەوانەیە هەڵمەتەکە بخەنە مەترسییەوە و ببنە هۆکارى دواخستنى هەڵبژاردن بۆ نیسانی 2022، لەوانەیش:

  • ئەگەر هات و بارودۆخى وڵات بەرەو ئاشووب و ناهەموارى چوو؛ لەو نێوەندەدا حکوومەتى عێراقی نەیتوانى کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات و هیچ پاساوێک بۆ بوونى هەڵبژاردن نەمایەوە.
  • دانبەخۆدانەگرتنى لایەنە شیعییەکان لە هەڵمەتەکانى هەڵبژاردندا و ڕوودانى پێکدادانى شیعی-شیعی لەنێو خۆیاندا؛ بێ گومان لەو حاڵەتەدا لەوانەیە زۆربەى ناوچەکانى عێراق بگرێتەوە و دەستێوەردانی دەرەکییشی لێ بکەوێتەوە، به‌تایبەت ئێران. بەمەیش ڕەوشی هەڵمەتەکان ئاڵۆز دەبن.
  • کۆنترۆڵکردنى گرووپە چەکدارەکان بۆ هەڵمەت و سندووقەکانى دەنگدان و ڕێگریکردن لە کاندیدەکانى هەندێ لایەن تا بەئازادانە بانگەشە بۆ خۆیان نەکەن و ڕێخۆشکەریش دەبن بۆ هەندێ کاندیدی تر. یەکێک لەو شوێنانە "ناوچە جێناکۆکەکان"ن، بەتایبەتیش پارتى دیموکراتى کوردستان و ئەو لایەنە کوردی و سوننى و شیعییانەى کە لە خولگەى ستراتیژییەتى ئێراندا ناخولێنەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش هەوڵەکان بەردەوامن، چونکە هەر تێکچوونێک و دواخستنى هەڵبژاردن، گرووپە شیعییەکانى سەر بە ئێران زیاتر لێی زەرەرمەند دەبن، نەک ئەوانى تر.
  • ئەگەر هات و پەرلەمان پێش سێ ڕۆژ لە ئەنجامدانى پرۆسەى دەنگدان، خۆى هەڵنەوەشاندەوە؛ کە ئەو داوایەیش بەئاشکرا نادەستوورییە، چونکە دەبوایه‌ بەپێی دەستوورى عێراقی 2005، پەرلەمان پێش 10/8/2021 خۆی هەڵبوەشاندایەتەوە. ئەو بابەتەیش بە دوو ئیعتبار کراوە، ئەوانیش: گرووپە شیعییەکان متمانەیان بە دۆخەکە نییە و وەک کارتى گوشار و فورسەت بۆ خۆیان هێشتۆتەوە. ئەگەر بزانن هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیى ئەوان نییە، ئەوا زۆر بەئاسانی دەتوانن هەڵبژاردن لەو ڕێگەیەوە دوا بخەن. لەلایەکی تریشەوە خودی ئەندامانى پەرلەمانن، کە فراکسیۆنە شیعییەکان داواکەیان قبووڵ کرد و کردیانە مەرج بۆ یاساى هەڵبژاردنى نوێ، ئەویش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پەرلەمانە پێش سێ ڕۆژ لە دەنگدان، تا زۆرترین ئیمتیازات وەربگرن. بەڵام لاى هەندێ ناوەند واى بۆ دەچن ئەى ئەگەر ئەندامانى پەرلەمان نەیانویست خۆیان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ تا ئیمتیازاتى ئەو حەوت مانگەى کە ماوە لە دەستیان نەچێ؟ بێ گومان ئەمەیش بە ئاماژەى ئاڕاستەکراوى لایەنە سیاسییەکانە دەبێت بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە نەبێـتە مۆدێل و دەرچە و خۆقوتارکردن لە قەیرانەکانى عێراق.
  • تێکچوونى بارودۆخى سیاسی و ئەمنیى ناوچەکە و هاتنەئاراوەی هەندێ هاوکێشەى نوێ، کە لەوانەیە ببنە ڕێگر لە بەردەم پرۆسەى هەڵبژاردن.
  • ئەگەر هات و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی باوەڕی هێنا بەوەى کە حکوومەتى عێراقی ناتوانێ چاودێرى و سەرپەرشتیى هەڵمەت و پرۆسەى هەڵبژاردن بکات؛ ئەوکات دوور نییە بۆ کەوتنەوەى هەڵمەت و هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دیموکراسی، حکوومەت خۆى ئەو داوایە بکات، تا پرۆسەکە لەلایەن ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتى بکرێ. بێ گومان ئەو پرۆسەیەیش لایەنە شیعییەکان هەراسان دەکات و پێی ڕازی نابن.
  • کەوتنەوەى بۆشاییی ئەمنى بەهۆى کشانەوەى هەندێ لە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و نەتوانینی حکوومەتى عێراقی بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشایییانە؛ بەمەیش لەلایەن داعشەوە دەقۆزرێتەوە و ئاشووبی زیاتر ڕوو دەدات.
  • پاشەکشەکردنى پارتى دیموکراتی کوردستان و بەرەى سوننە بەسەرۆکایەتى حەلبوسی لە پرۆسەى هەڵبژاردن، چونکە ئەو بابەتە سەرتاپاى پرۆسەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوەو شەرعیەت لەدەست دەدات و بەئەنجامدانى وڵات دووچارى بارێکی ناهەموار دەکاتەوە، تایبەت کە گەورەترین فراکسیۆنەکانى وڵات لەو پرۆسەیە پاشەکشە بکەن.
  • پاشەکشەى خودى بەرەى فەتح؛ کە ئەمەیش هەم لە ڕووی چەکدارى و هەم لە ڕووی سیاسییەوە هەڵمەتەکە بەرەو ئاشووب دەبات و بەبێگەردى نایهێڵێتەوە. بەڵام ئەم ڕەهەندە بەدوور دەزانرێ، چونکە گرووپە شیعییەکانى سەر بە ئێران هەموو دواخستنێکی هەڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە و بە کارەساتی دەزانن بۆ عێراق و، وای دەبینن عێراق دەچێتە دۆخی جه‌نگى ناوخۆوە.

پوختە

  • گەرچى ئاماژەى ناسەقامگیریی بارودۆخەکە هەر لە ئارادایە، بەڵام دواخستنى پرۆسەکە بۆتە کارێکی ئەستەم، چونکە دواخستنى پێویستى بە پاساوێکی گەورە و بەهێز هەیە. تەواوى گرووپە شیعییەکانى سەر بە ئێران دژى دواخستنى پرۆسەکەن، چونکە گونجاوترین وادە بۆ هەڵبژاردن بۆ ئەوان مانگى تشرینی یەکەمە، کە تەواوى بۆنە مەزهەبییە شیعییەکانى تێدا کۆ بۆتەوە و لێی سوودمەند دەبن، به‌تایبەت بۆنەى "عاشوورا"، چونکە نەفسییەت و زیهنییەت و ڕۆحی شیعیبوون لەو مانگەدا بەرزە.
  • تا ئێستا بارودۆخەکە لە ئاستێکدایە، نەچۆتەوە ناهەموار و ئاشووب؛ هەر کاتێک ئەو ئاستەى تێ پەڕاند، ئەوا حکوومەتى عێراقی لە پێناو کۆنترۆڵکردنى دۆخەکە هەوڵی ڕاگەیاندنى بارى لەناکاو دەدات. بەڵام هەر جاڕدانێکی بارى لەناکاو، بێ هەماهەنگى و قبووڵکردنى مەرجەکانى گرووپە شیعییەکانى سەر بە ئێران نابێت و ناچێتە سەر.
  • بەڕێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردن تا ئەم ساتەیش لە بەرژەوەندیى کوردە و دەتوانێ لێی سوودمەند ببێ لەسەر هەردوو ئاستى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەت؛ چونکە لەم خولەیشدا کورد هەر بە فاکتەرى ئەکتیڤ و یەکلاکەرەوەى هاوکێشە ئەمنى و سیاسییەکان دادەنرێت، تا ئەو کاتەى ڕەوتە شیعییەکان ئەو کەلێنەى کە لە نێوانیاندا هەیە بمێنێ.
  • گەمەى دیموکراسی لە عێراق هیچ بەرەنجامێکی ئەرێنیی نییە و نەبووە و هیچ هیوایەکی ئەوتۆى باشی لەسەر هەڵناچنرێ؛ ئەمەیش هاوکێشەیەکە کە دەبێ زۆر بەدیققەتەوە سەرکردایەتیى کورد بیرى لێ بکاتەوە و بژاردەکانى تر لێک بداتەوە؛ دۆزى عێراقیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپ و هەڵدێر دەڕوات. بەڵام ڕاستییەک هەیە هەر لە سەرەتاوە دیارە؛ ئەویش ئاسۆى بەدەرکەوتنى فەرمانڕەواییى سەربازیی زیاتر بەدەردەکەوێ.
  • بەرەنجامى هەڵبژاردنەکان جیاوازییه‌كی ئەوتۆى نابێ لەگەڵ خولەکانى پێشوو؛ هەندە نەبێ کە فراکسیۆنەکان بە بەراورد لەگەڵ ژمارەى پێشوویان، چەند کورسییەکیان کەم یان زۆرتر دەبێ. بەڵام ئەکتەرەکانى دروستکردنى بڕیارى سیاسی، هەر ئەو سەرەکییانەن کە هەن؛ ئەوانەیشی کە زیاتر له‌وانی دیكه‌ شانسی زۆربوونى ژمارەى کورسییان هەیە، "ڕەوتى سەدر" و "پارتى دیموکراتى کوردستان" و "ڕەوتى فەتح"ە.