بۆچی ئەفغانستان كەوتە دەست تاڵیبان؟

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

لە 15ی ئابی 2021 ھێزەكانی تاڵیبان توانییان دەست بەسەر "كابوول"ی پایتەختی ئەفغانستاندا بگرن و دەسەڵاتەكەی ئەشرەف غەنی، كە لەلایەن ئەمریكا پاڵپشتی دەكرا بڕووخێنن. لە ڕاستیدا، ڕووخانی حكوومەتەكەی كابوول لە ماوەیەكی زۆر كەم و پێوانه‌ییدا، بووتە جێگەی سەرنج و تێبینیی شرۆڤەكارانی سیاسی و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە و ناوەندە میدیایییەكانی جیھان. لەم ڕووەوە زۆر پرسیار دەكرێت و دەورووژینرێت كە دیارترینیان ئەمانەن: بۆچی حكوومەتی ئەفغانستان بەو ئاسانییە و بێ بەرگرییەكی ئەوتۆ، كەوتە دەست تاڵیبان؟ بۆچی سەرەڕای ئەوەی ھێزەكانی سەر بە حكوومەت، كە بە گوتەی بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، نزیكەی 300 ھه‌زار سەربازی  ھەبوو و خاوەن چەكی پێشكەتوو بوون، بەرامبەر گرووپێكی میلیشیایی نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن؟  ھۆكار و فاكتەرە ڕاستەقینەكانی پشت كەوتنی ئەفغانستان بەدەست تاڵیبان چین و كامانەن؟ ئایا فاكتەرە دەرەكییەكان یان ناوخویییەكان زیاتر ھۆكار بوون بۆ كەوتنی كابوول و سەركەوتنەكانی تاڵیبان؟ ڕاستییەکەی، ئەگەر بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێین، بۆمان ڕوون دەبێتەوه‌ زۆر ھۆكار و فاكتەر ھەن كە بوونە ھۆكاری ھەرەسھێنانی دەسەڵاتی ئەشرەف غەنی و حكوومەتەكەی كابوول، كە لێرەدا دەكرێت ئاماژە به‌ گرنگترینیان بكەم:

یەكەم، ھەبوونی گەندەڵی لە دامەزراوەی سەربازیدا، یەكێك بووە لە ھۆكارە ھەرە سەرەكییەكانی كەوتنی حكوومەتەكەی كابوول بەدەستی تاڵیبان. لە دامەزراوەكانی سەربازیدا، بەتایبەت لە وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ و پۆلیسدا  گەندەڵییەكی یەكجار زۆر ھەبووە. ئەمریكا و ھاوپەیمانه‌كانی، نزیكەی 20 ساڵ لە ھەموو ڕوویەكەوە پاڵپشتیی سوپای ئەفغانستانیان كرد، بەتایبەت لە ڕووی پێدانی چەكی پێشكەتوو، دابینكردنی مووچە و مه‌شق و ڕاھێنان بە ھێزەكانیان. بەڵام ئەمە نەك ھەر نەبووه‌ ھۆكاری ئەوەی ھێزەكانی حكوومەت خۆیان بەرامبەر تاڵیبان ڕابگرن، بەڵكوو لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا بەتەواوی ھەرەسیان ھێنا. لێرەدا بێ گومان ھەبوونی دیاردەی گەندەڵی لەناو سوپای ئەفغانستان، یەكێكە لە دیارترین ھۆكارەكانی ھەرەسھێنانی حكوومەتەكەی كابوول. سەرچاوە سەربازییه‌ ئەمریكییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ژمارەی ھێزی سەربازیی ئەفغانستان نزیكەی 300 ھه‌زار كەس بووە. بەڵام ئەوەی لە مەیدان بەكرده‌وه‌ شەڕیان دەكرد، تەنیا 50 ھه‌زار كەس بووە. واتە نزیكەی 250 ھه‌زار كەس لە ھێزەكان "وەھمی" و "بندیوار" بوون. سەركردە سیاسییەكان و فەرماندە سەربازییەكانی ئەفغانستان بە ده‌یان ھه‌زار كەسیان بۆ خۆدەوڵه‌مەندكردن و وەرگرتنی پارە وەك بندیوار لەناو ھێزەكانی ئەفغانستان نووسیوە، بەبێ ئەوەی ھیچ كەسێك ھەبێت لێكۆڵینەوە لەو ھێزە گەورە وەھمی و بندیوارە بكات.

بێ گومان ئەو گەندەڵییە گەورەیە، كاریگەریی زۆر خراپی كردۆته‌ سەر ھێزە شەڕكەرەكان و لە چەند لایەنەوە زەربەیان لێ داوە: یەكەم، بووه‌تە ھۆكاری ئەوەی مۆراڵ و ورەی ھێزە چەكدارەكان بەتەواوەتی دابەزێت و وەك پێویست نەتوانن شەڕ بكەن. دووەم، بووە ھۆی ئەوەی كە لە كاتی ھێرشەكانی تاڵیباندا، بەتایبەت بەھۆی ھەبوونی ژمارەیەكی زۆری ھێزی وەھمی، ھێزی پێویست لە  بەرەكانی شەڕ نەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری بكەن. سێیەم، نەمانی بیروباوه‌ڕ لەناو ھێزەكانی ئەفغانستاندا؛ بەھۆی ئەو نایه‌كسانی و گەندەڵییەی دەكرا، خەڵك و ھێزە سەربازییەكان ئامادە نەبوون شەڕ بۆ دەسەڵاتیكی گەندەڵ بكەن یاخود خۆیان لە پێناویدا بەكوشت بدەن. چوارەم، سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زۆربەی ئەو یارمەتییانەی كە لە ڕووی خوراك و تەنانەت چەك بۆ ھێزەكان دەچوون، فەرماندەكان و گرووپە دەستڕۆیشتووەكان دەستیان بەسەردا دەگرت و لە بازاڕەكان دەیانفرۆشت. ئەمەیش وای كرد بەشێكی زۆری  ھێزەكانیان كە لە سەنگەرەكان بوون، بێچەك و خوراك مانەوە. پێنجەم، لە لایەكی تریشەوە، سەركردەكان و دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان نەیانتوانی ھێزێكی یەكگرتوو و بەھێز دروست بكەن؛ بە شێوەیەك كه‌ لەلایەن كەس و گرووپەكانەوە ئاراستە نەكرێت و بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حكوومەتدا بێت. ھێزەكان سەر بە گرووپ، كەس و ھێزە  فرەجۆرەكان  بوون و ھەر كەسێك كۆمەڵێك ھێزی چەكداری ھەبوو. واتە ھێزێكی مونەزەم  و ڕێكخراو نەبوو.

دووەم، ناكۆكیی سیاسی لە نێوان ھێزە سیاسییەكاندا و نەبوونی ھیچ ھێڵێكی سوور بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خەڵكی ئەفغانستان، ھۆكاریكی دیكەی شكست و ھەرەسھێنانی ده‌وڵه‌تی ئەفغانستان بوو. زۆربەی بەرپرسەكانی ئەفغانستان كە بەحازری و بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریكا ھاتنە سەر دەسەڵات، گەندەڵ بوون و بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانەوە بوون، نەك بیركردنه‌وه‌ لەوەی چۆن ئاییندەیەكی باش بۆ خەڵكی ئەفغانستان دابین بكەن و سیسته‌مێكی ڕێكوپێكی دیموكراسییان ھەبێت. سەركردەكانی ئەفغانستان ھەرگیز ئامادە نەبوون لە پێناوی خەڵكی ئەفغانستان، واز لە بەرژەوەندیی كەسی و تایبەتی خۆیان بھێنن؛ بۆیە نەیانتوانی ھێزەكانی خۆیان ڕێك بخەن؛ نەیانتوانی یەكگرتنێكی سیاسی لەنێو خۆیاندا دروست بكەن.

تەنانەت ئەشرەف غەنی كە لە ساڵی 2014 بووە سەرۆكی ده‌وڵه‌ت و لە ھەڵبژاردنەكانی 2019 دووبارە سەركەوتنی بەدەست ھێنا، سەركەوتنەكەی زۆر جێگەی گومان و پرس بووە. بەتایبەت باس لەوە دەكرا كە له‌ پرۆسەی ھەڵبژاردندا لە بەرژەوەندیی ئەشرەف غەنی، تەزویرێكی یەكجار زۆر كرا؛ ئەمە به‌دەر لەوەی كە لە دوایین پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا ژمارەیەكی یەكجار كەم لە خەڵك بەشدارییان كرد كە ھەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن ڕێژەكەی له‌ 25% دەرباز نەبووە. بێ گومان ئەمەیش ئاماژەیەكی ڕوون بووە بەوەی كە خەڵك چیتر باوەڕی بە دەسته‌بژێر و دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان نەماوە.

سێیەم، بەجددیوەرنەگرتنی ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا و ڕێككەوتن لەگەڵ تاڵیبان، دیسان ھەڵەیەكی تری ستراتیژی سەركردەكانی ئەفغانستان بووە. لە مانگی شوباتی 2020، ترامپ لەگەڵ تاڵیبان ڕێككەوتنی واژوو كرد كە ھەندێ له‌ گرنكترین خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە ئەمانه‌ بوون: یەكەم، ئەمریكا لە تا مانگی حوزەیرانی 2021 بەتەواوەتی لە ئەفغانستان دەكشێتەوە. دووەم، تاڵیبان تا ئەو ماوەیه‌ ھێرش ناكاتە سەر بەرژەوەندی و ھێزەكانی ئەمریكا. سێیەم، تاڵیبان بەڵێن دەدات كە لەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتیدایە، ڕێگە بە داعش و قاعیدە و گرووپە توندڕەوەكانی ئیسلامی نادات كە بنكە و پێگەیان ھەبێت و زیان لە بەرژەوەندیی ئەمریكا بدەن. چوارەم، تاڵیبان دەبێت بكەوێتە دانوستاندن لەگەڵ حكوومەتی كابوول بۆ گەیشتن بە ڕێككەونتی سیاسی و كوتاییھێنان بە نزیكەی 4 دەیە لە جه‌نگ كە بەرۆكی خەڵكی ئەفغانستانی گرتووە. لە دوای ترامپ، ئیدارەی بایدن لە  14-4 2021  بڕیاری دا لەسەر ھەمان بنەماكانی ڕێككەوتنی ترامپ لەگەڵ تاڵیبان بڕوات و سیاسەت بكات و، تەنیا كاتی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا گۆڕانكاریی بەسەردا ھات و بڕیار درا تاكوو 11 سێپتەمبەری 2021 ئەمریكا بەتەواوی لە ئەفغانستان بكشێتەوە. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە كه‌، سەرەڕای گوشار و ھاندانی ئەمریكا بۆ ئەوەی حكوومەتی كابوول لەگەڵ تاڵیبان گفتوگۆ بكات، بەڵام حكوومەتەكەی كابوول ڕەتی كردەووە لەگەڵ تاڵیبان دانوستاندن بكات.

ڕاستییه‌كه‌ی، ئەم ھەڵوێستەی حكوومەتی كابوول بەھۆی كۆمەڵێك فاكتەرەوە بووە: یەكەم، سەركردە و دەسەڵاتدارەكانی كابوول پێیان وابوو ئەوەی ئەمریكا دەیكات، تەنیا گوشار و ھەڕەشەیە؛ ئەگەرنا ئەمریكا بەتەواوەتی لە ئەفغانستان ناكشێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنیان. دووەم، ئەوانەی لە دەوروبەری سەرۆكی ئەفغانستان بوون ڕۆڵێكی زۆر خراپیان گێڕا لەوەی كابوول ڕازی نەبێت بە دانوستاندن لەگەڵ تاڵیبان؛ بەتایبەت كەسە نزیكەكان و ڕاوێژكارەكانی ئەشرەف غەنی پێیان وابوو ئەمریكا دەمێنێتەوە و ناكشێتەوە و تەنانەت ئەگەر بكشێتەوە ھێزەكانی ئەفغانستان دەتوانن بەرگری بكەن. سێیەم، لەوانەیە سەركردەكانی ئەفغانستان زۆر بەھەڵەدا چووبن و حسابیان ھەڵە بێت لەوەی كە  باوەڕیان  بە شیان و توانای ھێزەكانی خۆیان دەكرد و لەو  باوه‌ڕەدا بوون كە دەتوانن بەرگری لە ئەفغانستان بكەن و تاڵیبانیش ئەو ھێزە نییە بتوانێت دووبارە ئەفغانستان داگیر بكات، یان ئەگەر شتێكی وەھا ڕوو بدات دووبارە ئەمریكا یارمەتییان دەدات. ھەموو ئەم ھۆكارانە وای كرد كە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان نەك ھەر بەگوێی ئەمریكییەكانیان نەكرد بۆ ئەوەی ھەوڵی جددی بدەن بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ تاڵیبان، بەڵكوو ھیچ ئامادەكارییەكیان نەكرد بۆ ئەگەری كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا. بە شێوەیەك ھەڵسوكەت و سیاسەتیان دەكرد كە ھیچ شتێك ڕوو نادات. بۆیە ھیچ ئامادەكارییەكیان نەكرد بۆ قۆناغی دوای كشانەوەی ئەمریكا و كاتێكیش لە یەكەم ھەنگاودا ئەمریكا دەستی كرد بە كشانەوەی ھێزەكانی، ئیدی ئاماژەكانی كەوتنی حكوومەتی كابوول بەدەركەوتن. بێ گومان ئەوكاتیش زۆر درەنگ بوو بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ تاڵیبان بكەن؛ بەتایبەت لە ماوەیەكی زۆر كەم دەسەڵاتەكەی كابوول ھەرەسی ھێنا و كابوولیش كەوتە دەست تاڵیبان.

چوارەم، تاكتیكی تاڵیبان و بەھێزیی بیروباوەڕیان لە بەرامبەر ھێزێكی گەندەڵ و بێورە، یەكێكی ترە لەو فاكتەرانەی بووە ھۆی كەوتنی خێرای حكوومەتەكەی كابوول. بزووتنەوكەی تاڵیبان لەسەر ئەوە پەروەردە كراون كە شه‌ڕ لە پێناوی ئیسلام و دژی ھێزە داگیركەرەكان دەكەن. بۆیە خاوەن عەقیدە و باوەڕێكی زۆر بەھێز بوون و چەكدارانی تاڵیبان ئامادە بوون لە پێناوی بیروباوەڕیان و ئامانجەكانیاندا خۆیان بەكوشت بدەن. لە بەرامبەردا، وەك ئاماژەمان پێ كرد، سوپای حكوومەت سوپایەكی لاواز و گەندەڵ بووە و خاوەن ھیچ بیروباوه‌ڕێك نەبووە بۆ ئەوەی خۆیان لە پێناویدا بەكوشت بدەن؛ بەڵكوو زۆربەیان ئامادە نەبوون لە پێناوی دەسەڵات و دەسته‌بژێرێكی گەندەڵ خۆیان بەكوشت بدەن یان بەرگری لە وڵاتەكەیان بكەن. ھەر ئەمەیش وای كرد بەئاسانی خویان ڕادەست بكەن.

پێنجەم، یارمەتیی ده‌وڵه‌تی پاكستان بۆ ھێزەكانی تاڵیبان ڕۆڵێكی گرنگی گێڕا لەوەی كە بە درێژاییی 20 ساڵ بزووتنەوەی تاڵیبان خۆی بگرێت و دووبارە خۆی ڕێك بخاتەوە و لە كۆتاییشدا بتوانێت دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێت. پاكستان لە ڕووی ماددی و لۆجیستیكییەوە بەردەوام یارمەتیی تاڵیبانیان داوە و تەنانەت پاكستان وەك سەنتەرێكی گرنگ وا بووە بۆ كۆكردنەوەی ھێزە توندڕەوە ئیسلامییەكان و سەركردەكانیان؛ لەوانەیش داعش و قاعیدە. بەرپرسانی ئەمریكا زۆر جاران بیریان لەوە كردۆته‌وە كە سزای ئابووری بەسەر پاكستاندا بسەپێنن، بەڵام خۆیان لەو بژاردەیە بەدوور گرتووە، لە ترسی ئەوەی لەوانەیە سزا ئابوورییەكان ببێتە ھۆی ڕووخانی ده‌وڵه‌تی پاكستان و لە كۆتاییشدا چەكی ئەتومیی ئەو وڵاتە بكەوێتە دەست ھێزە تیرۆریستەكان. دیارە كە بەشێكی زۆری ھێزەكانی تاڵیبان لە پاكستانەوە هاتوونه‌ته‌ نێو ئەفغانستان و، دەزگه‌ ھەواڵگەرییەكانی ئەمریكا بەردەوام پاكستانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی كە كە یارمەتیی گرووپە توندەڕەوەكان دەدات، بەتایبەت تاڵیبان و، ئامادە نییە لەگەڵ ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی كار بكات بۆ سەقامگیركردنی حكوومەتی كابوول و یارمەتیدانی. ڕاستییه‌كه‌ی، سەرەڕای گوشارەكانی ئەمریكا بەڵام ده‌وڵه‌تی پاكستان ئامادە نەبوو یارمەتیی حكوومەتی كابوول بدات یاخود دژی بزووتنەوەی تاڵیبان ڕاوەستێت. نەك ھەر ئەمە، لە كاتی كەوتنی كابوولیش بەدەست تاڵیبان، عیمران خان، سەرۆكوەزیرانی پاكستان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی.

گومانی تێدا نییە كە زۆر ھۆكار ھەن بوونەتە ھۆی ئەوەی كە پاكستان  پاڵپشتیی تاڵیبان بكات. ده‌وڵه‌تی پاكستان پێی وابووە ھەبوونی حكوومەتێكی وەك تاڵیبان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی ھیندستان؛ بەتایبەت حكوومەتەكەی ئەشرەف غەنی زیاتر لە ھیندستانەوە نزیك بووە نەك پاكستان. ئەمەیش جێگەی نیگەرانیی دەسەڵاتدارانی پاكستان بووە. بۆیە دەسەڵاتدارانی ئیسلاماباد پێیان وابووە كە له‌ بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییی پاكستانە، كە ھێزێكی ھاوشێوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتدار بێت بۆ ئەوەی وەك ھێزێكی پرۆكسی دژی ھیندستان بەكار بھێنرێت یاخود وەك كارتێكی گوشار بێت دژی مەترسییەكانی ھیندستان. بە ھەمان شێوەیش ناكۆكی لە نێوان ئەمریكا و پاكستانیشدا ھەبووە سەبارەت به‌ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ھیندستان. ئەمریكا، زیاتر لە پاكستان، ھیندستانی وەك ھاوپەیمانی ستراتیژیی خۆی دەزانی و، ئەمەیش جێگەی نیگەرانیی پاكستان بووە. بۆیە دەسەڵاتدارانی پاكستان سیاسەتێكی پێچەوانەی ئەمریكایان لە ناوچەكەدا پراكتیزە دەكرد و زۆر گوێیان بە گوشار و نیگەرانییەكانی ئەمریكا نەدەدا؛ ئەمە بەدەر لەوەی ده‌وڵه‌تی پاكستانیش پێیان باش نەبووە سیسته‌مێكی سەقامگیر و دیموكراسی لە ئەفغانستان ھەبێت یاخود ده‌وڵه‌تی كابوول سیاسەتێكی سەربەخۆ لەسەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە بكات.

گومانی تیدا نییە ھاتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، دەرھاوێشتەی زۆری دەبێت و كاریگەریی دەكاتە سەر ھاوكێشە سیاسییەكان، بەتایبەت لەسەر ئاستی ناوچەكە. پێدەچێت ده‌وڵه‌تی پاكستان، قەتەر و توركیا سوودمەند بن لەو گۆڕانكارییانە؛ بەتایبەت ئەمانە زیاتر پاڵپشتیی گرووپە ئیسلامییە سوننەكان دەكەن و تاڵیبانیش گومانی تێدا نییە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی سیاسەتی ئەو ده‌وڵه‌تانە، بەتایبەت پاكستان و قەتەر. لە لایەكی تریشەوە، بۆ ئێران، ھیندستان و تەنانەت ڕووسیا و چینیش لەوانەیە ھەواڵێكی زۆر خۆش نەبێت. ھەروەھا عێراقیش لەو دەوڵەتانەیە لەوانەیە بەنیگەرانییەوە بڕوانێتە گۆڕانكارییەكانی ئەفغانستان و ته‌نانەت ئەگەری زۆر ھەیە ئەوەی لە ئەفغانستان ڕووی دا، لە عێراقیش ڕوو بدات بەڵام بە شێوەی جیاوازتر. چونكە ھەموو ئەو فاكتەرانەی بوونە ھۆی ھەرەسھێنانی حكوومەتەكەی كابوول، لە بەغدایش بەزیادەوە هه‌ن. بەتایبەت لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا، ئەم جارە ئێران سەركەوتووی گەمەكە دەبێت. لە گوتاری پیشوومدا بەوردی باسم له‌ ئەگەرەكانی كشانەوەی ئەمریكا و دەرھاوێشتەكانی لە عیراقدا كردووە.