لە قوربانییەوە بۆ بکەر

(خوێندنەوەیەک بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان-عێراق و ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی ستراتیژیی نوێی بریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)

 

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانكۆی سەڵاحەددین

 

سەردانی سێ ڕۆژەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێشوازییەکی ئاستبەرز لە هەموو ئاستەکان، ئەو پرسیارە گرنگ و جەوهەرییە دروست دەکات و دێنێتە ئاراوە کە، چی ڕووی داوە و چی گۆڕاوە کە جگە لەوەی بریتانیا لە ساڵی ٢٠١٧دا یەکێک لەو وڵاتانە بوو بەتوندی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بوو و، لە هەمان کاتیشدا بریتانیایەک کە بە داڕێژەری ڕێککەوتننامەی "سایکس-بیکۆ" و بە هۆکاری سەرەکیی دابەشکردنی کوردستان و ڕێگری سەرەکیی نەبوونی نەتەوەی کورد بە دەوڵەت دەناسرێت، بەم شێوازە ئاستبەرزە لەلایەن وەزیری بەرگری و پەرلەمانتارانی بریتانیی دۆستی کورد، هەروەها لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی لۆردانی بریتانیاوە پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت؟

چی هاتۆتە ئاراوە کە لیز ترەس، وەزیری نوێی دەرەوەی بریتانیا، لە یەکەم دیداری فەرمیی خۆی لەو پۆستەدا پێشوازی لە بەرزترین بەرپرسی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکات و لەگەڵی کۆ ببێتەوە؟ چ ئاڵوگۆڕێک لە ئارادایە کە ئەم جارە نێچیرڤان بارزانی وەکوو پێزانین و ئەمەگناسییەک لەلایەن کوردەوە، پێشوازی لە جۆن مەیجەر سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بریتانیا بکات و لە کۆتاییشدا ئەوە دەبێت چ وەرچەرخانێک هاتبێتە ڕۆژەڤەوە کە، لە بەردەم دەرگه‌ی ژمارە (10) لە داونینگ ستریت لە شاری "لەندەن"، کە سەردەمانێک بە دەروازەی چوونەژوورەوەی ناو سیاسەتی جیهانی دەناسرا، لەلایەن بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت؟

لە وه‌ڵامێکی ساکار و سەرەتاییدا دەتوانین بڵێین کە لە دوو ئاست و بواردا گۆڕانکاریی گەورە ڕووی داوە: یەکەم، هاوکێشە جیۆستراتیژی و جیۆسیاسییەکانی جیهان و ناوچەکە گۆڕانی قووڵی بەسەردا هاتووە؛ دووەم، نە کورد سەرەڕای هەموو شکستەکان هەمان نەتەوە و ئەکتەری قوربانیی ١٠٠ ساڵ لەمەوبەرە و نە بریتانیایش هەمان زلهێز و دەوڵەتە "هەرگیز خۆر لێیەوە ئاوا نابێت"! بەم واتایە کە هەم سروشتی هەڕەشە و مەترسییەکان گۆڕاوە و هەمیش جێگۆڕکێی گەورە بە ئەکتەرەکانی سەر شانۆ و گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا كراوه‌. هەر ئەمەیش وای کردووە کە قوربانیی دوێنێ، ئەکتەر و هاوبەشی ئیمڕۆ و دابەشکەری دوێنی[1]-بەپێچەوانەی سیاسەتە باوەکەی[2]- پشتیوان بێت بۆ بەهێزبوونی کورد لە ڕێگەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزی سەربازیی هەرێمی کوردستان[3]!

جێگەی سەرنجە کە یەکەم پێشوازیی فەرمی لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە کۆتاییدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە سەردانی ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی ساندهێرستی بریتانیا کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی دێنێت؛ بەم واتایە سەرەتا و کۆتاییی دیدارەکان پەیوەندیی بە ئاسایش و بەرگرییەوە هەیە. لێرەدا پێویستە گۆڕانکارییەکان لە ڕوانگە و، دوا به‌ دوای ئه‌وه‌یش سیاسەت و ستراتیژیی بریتانیاوه‌ بخەینە ڕوو.

بریتانیا پێش برێگزیت (Brexit)، ڕۆڵی پردی پەیوەندیی لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دەبینی، بەڵام پاش دەرچوونی لە یەکێتیی ئەوروپا هاوکێشەکان گۆڕانی بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە و بریتانیا هەوڵ دەدات ڕۆڵ و پێگەیەکی جیاوازتری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بەدەست بێنێت؛ چونکە بریتانیا لە ئێستادا هێزێکی مامناوەندییە نەک زلهێزی پلە یەکی جیهان بەراورد بە چین و ڕووسیا و ئەمریکا و...، بەڵام هەروەک چۆن مەترسی و هەڕەشەکانی ئێستای سیاسەتی جیهانی، سەروو-دەوڵەتی و سەروو-هەرێمایەتی یاخود سنووربەزێنن، هەر بەم شێوەیەیش بەرژەوەندییەکانی بریتانیا جیهانین، هەر ئەمەیش وای کردووە کە بریتانیا بەسەر سیاسەت و ستراتیژیی دەرەکی و بەرگری و ئاسایشی و سەبازی و بەم پێیەیش پەیوەندییەکانی خۆیدا بچێتەوە.

بۆیە بریتانیا لە پاش دەرچوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی نوێ و جیاوازی دیکە لە ئاستی ناوچەکەدا بگێڕێت کە، بۆشاییی دەرچوونی ئەمریکا پڕ دەکاتەوە و ڕێگە لەوە دەگرێت کە دوژمنەکانی وەکوو هێزە تیرۆریستییەکان و نەیارەکانی وەکوو ڕووسیا و چین و، هەروەها ئەکتەرە دەوڵەتییە ڕکابەرەکانی وەکوو ئێران و تورکیا، ئەم بۆشایییە پڕ بکەنەوە و ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی بریتانیا.

یەکێک لە جەنەڕاڵە پلە باڵاکانی بریتانیا بە ناوی "پاتریک ساندەرز" فەرماندەی کاروباری ستراتیژیی بریتانیا، لە نوێترین لێدوانیدا لە ١٧-٩-٢٠٢١ پێی وایە کە بریتانیا ڕووبەڕووی جۆرێکی نوێ لە هەڕەشە بۆتەوە، ئەویش لە لایەک بەهۆی هاتنەسەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕێکخراوە تیرۆریستی و جیهادییەکان لە سەرتاسەری جیهان ورە و ئیرادەیان بەرز بۆتەوە و ئەمەیش ئەگەری هێرشی تیرۆریستی بەرز دەکاتەوە؛ هەروەها بۆتە هۆی بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی و لە لایەکی تریشەوە سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە وڵاتانی سەرکوتکەر و نەیارەکانی بریتانیادا کە لە پاش ساڵی ١٩٣٠ ئەمە بێوێنەیە.

بە بڕوای فەرماندەی کاروباری ستراتیژیی بریتانیا، هەر ئەو جۆرە وڵاتانە، بەتایبەتی ڕووسیا و چین، لە ڕێگەی گرتنەبەر و پەیڕەوکردنی ستراتیژیی جەنگی لەناکاو و خێرا (وەکوو نازییەکان) سیستەمی نێودەوڵەتی و یاساکانی پێشێل دەکەن. بۆیە ئەمە دەری دەخات کە بریتانیا هەم گرنگی بە جەنگی دژەتیرۆر و مەترسیی بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی دەدات و بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر خۆی و، هەمیش بەهاکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان بە بەهای باڵای بریتانیا پێناسە دەکات و ڕژێمە سەرکوتکارەکانیش بە هەڕەشەی ئاسایشی دەزانێت، چونکە دەبنە هۆی بەهێزبوونی گرووپە ڕادیکاڵ و تیرۆریستییەکان؛ هەروەها درووستبوونی ناسەقامگیری و نا-ئاسایشی و تەنانەت جەنگی ناوخۆیی و دروستبوونی لێشاوی کۆچبەران و بەهێزبوونی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان و بڵاوبوونەوەی چەک و...، هەموو ئەمانەیش لە ستراتیژیی نوێی بریتانیادا وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌ پێناسە کراوە. ئەمە دەری دەخات کە بریتانیا لە ڕێگەی گرنگیدان بە هەرێمی کوردستان، نایەوێت پاش دەرچوونی ئەمریکییەکان بۆشاییی هێز دروست ببێت و ڕووسیا و چین وەکوو دوو ڕکابەر و نەیاری سەرەکیی ئەمریکا و بریتانیا دەست بەسەر عێراق و ناوچەکەدا بگرن.

ڕاستییه‌كه‌ی، بریتانیا دەیەوێت لە ڕێگەی قایمکردنی پێگەکەی لە عێراق لە بۆشاییی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئاسایشی وڵاتانی کەنداو، کە پەیوەندییەکی مێژوویییان لەگەڵ بریتانیا هەیە، بپارێزێت. بۆیە هەم دەیەوێت لە ڕووی ئاسایشی وزەوە بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر بکات و هەمیش ئەم پەیوەندییانە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەکەی لە هەمبەر ڕووسیا و چین بەکار بێنێت. بۆیە ئەمە دەرفەتە بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرێت. بۆ نموونە بریتانیا دەیەوێت لە ڕێگەی کۆمپانیای بریتانیی Carrier Strike Group پێگەی دەریاییی خۆی لە ناوچەی کەنداو بەهێز بکات پاش ئەوەی کە لە ساڵى ٢٠١٥دا بنکەی دەریاییی هەمیشەییی خۆی بە ناوی HMS Juffai لە بەحرێن دامەزراند و لە ساڵی ٢٠٢٠ بریتانیا بە بڕی ٢٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار پاوه‌ندی بریتانی وەبەرهێنانی لە بنکەی سەربازیی خۆی لە بەندەری "الدقم" لە وڵاتی عومان کرد؛ ئەمەیش جگە لە ناوچەی کەنداو، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی هێزی بریتانیایە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ناوچەی ئیندۆ-پاسێفیک. هەروەها لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢١ بریتانیا لەگەڵ قەتەر ڕێکكەوتنی ئەنجام داوە بە مەبەستی پەرەپێدان و بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوبەشیی هێزی ئاسمانیی قەتەر و بریتانیا و، هەروەها تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٢ ڕادەستکردنی ٢٤ فڕۆکەی شەڕکەری تایفۆن (Eurofighter Typhoon) بەم وڵاتە.

پرۆژەی نوێی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا بەئاشکرا باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی نهێنی و هەندێ جار ئاشکرا کار لەگەڵ ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان؛ لەوانە بەکارهێنانی پرۆکسییەکان (هێزە بەنوێنەرایەتییەکان) لە ململانێکاندا. بە بڕوای بریتانییەکان ئەمەیش وا دەکات کە ئەو دەوڵەتانە توانای نکۆڵیکردنیان هەبێت لە کارە تێکدەرانەکانیان و بەرپرسیارێتیی کارەکانیشیان هەڵنەگرن و، ئەمەیش هێڵی نێوان هەڕەشەکانی دەوڵەت و جۆرەکانی تری هەڕەشەکانی ئەمنی، وەک بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژ و کیمیایی و بایۆلۆژی و ئەتۆمی و دەستپێڕاگەیشتنی تیرۆریستان بەم چەکانە و بڵاوبوونەوەی تیرۆر و گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان، هەروەها تاوانی ڕێکخراو و بازرگانی بە مرۆڤ و قاچاقچێتی و کۆچی نایاسایی و... دەشێوێنێت.

لێرەوە دەردەکەوێت کە بریتانیا گرنگی بە ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان دەدات، کە هەم لە ڕووی سیاسی و ئاسایشی و ئابوورییەوە پێویستی بە بریتانیایە و هەمیش بریتانیا دەتوانێت لە ڕێگەی سەرکردەیەکی وەکوو نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکایەتیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دەکات، بۆ ئه‌وه‌ی لە لایەک پێگەی خۆی لە عێراق و ناوچەکە بپارێزێت و لە لایەکی تریشەوە لەم ڕێگەیەوە بەرەنگاری ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی تر (بۆ نموونە گرووپە تیرۆریستییەکان وەک داعش و ئەلقاعیدە و تەنانەت هێزەکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵلای لوبنان و...)، کە بەپێی پرۆژەی ستراتیژیی نوێی بریتانیا بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی بریتانیا هەژمار دەکرێن، ببێتەوە. بۆیە پێدەچێت ئەم جارە بەپێچەوانەی ڕابردوو کە بریتانیا زیاتر مامەڵەی لەگەڵ ئەکتەرە دەوڵەتییەکانی ناوچەکە دەکرد، لەمە بەدواوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆی بەتایبەتی لە عێراق، بریتانیا لە ڕێگەی مامەڵەکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان، ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی بەپێی ئەم ستراتیژییەتە نوێیە بپارێزێت.

 بە شێوەیەکی گشتی سیاسەتی بریتانیا لە چوارچێوەی ستراتیژییەتێک پێناسە دەکرێت کە لە چوارچێوەی ستراتیژیی گەڕانەوەی بریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی نۆکەندی سویس (RISE OF BRITAIN’S ‘EAST OF SUEZ’ BASING STRATEGY) یاخود بەکورتی basing strategy داڕێژراوە. لە لایەکی تریشەوە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠% لە گازی سروشتیی  پێویستی بریتانیا، لە قەتەرەوە دابین و هاوردە دەکرێت و ئەمەیش لە ڕێگەی گەرووی هۆرمزەوە دەچێتە بریتانیا.

لەمانەیش گرنگتر، پێدەچێت و پێشبینی دەکرێت کە بریتانیا ئەم جارە و بەپێی ئەم ستراتیژییە نوێیە لە بواری سیاسەتی دەرەکی و بەرگریدا ببێتە پردی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە. ئەمە کرۆکی ئەو ستراتیژییە نوێیەی بریتانیا پێک دێنێت؛ بەم واتایە کە بەهۆی ئەوەی کە بریتانیا شارەزایییەکی مێژووییی لە ناوچەکەدا هەیە و بە ناوچەی دەرەوەی نزیکی بریتانیا (Near Abroad) دادەنرێت و کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ژیانیی هەیە، هەروەکوو چۆن پردی پەیوەندیی نێوانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بوو، هەر بەم شێوەیەیش بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە سیاسی و ئابووری و ئاسایشییەکانی، دەبێتە پردی پەیوەندی بۆ دوو شێواز:

 ١- لە نێوان  ئەکتەر و وڵاتانی ناوچەکە لە لایەک و ئەمریکا لە لایەکی ترەوە.

 ٢- لە نێوان ئەکتەرە دەوڵەتییەکان و ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکانی ناوچەکە.

ئەم ستراتیژییەیش وا دەکات کە هەم بەرژەوەندییە نوێیەکانی بریتانیا پارێزراو بێت و هەمیش ئاسایش و ئه‌منییه‌تی بەرژەوەندییەکانی، بەهۆی بۆشاییی دەرچوونی ئەمریکا لە ناوچەکە نەکەوێتە مەترسییەوە. بەپێی بەڵگەنامە ستراتیژییە نوێیەکە، لێرەدا بریتانیا هێزەکانی ناوچەکە، کە ئەکتەری نادەوڵەتی یاخود وەکوو خۆی پێناسەی کردووە "هێزە پرۆکسییەکان"یش هاوسەنگ دەکاتەوە. هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە بریتانیا لەم ڕێگەیەوە بپرژێتە ناوچەیەکی تری گرنگ کە لە پرۆژە و بەڵگەنامەی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەکی و بەرگری و بازرگانیدا وەکوو گرنگترین ناوچە ناوی هێنراوە و پێگەی هێزی بریتانیا دیاری دەکات لە داهاتوودا، كه‌ ئەویش ناوچەی "ئیندۆ-پاسیفیک"ە.

یەکێک لە گرنگترین هەنگاو و ئاماژەکانیش لەم بوارەدا ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتیی نێوان بریتانیا و ئەمریکا و ئوستراڵیایە بە ناوی ئۆکۆس (AUKUS) لە ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢١. جێگەی سەرنج و هەڵوەستەلەسەرکردنە کە جگە لە چین، فەڕەنسا بەتوندی دژی ئەو ڕێککەوتنە هاتە دەنگ و ئەوەی بە خیانەتکردن لە متمانەی فەڕەنسا و، هەروەها خەنجەرێک لە پشتەوە لەلایەن ئوستراڵیاوە وێنا کرد کە گرێبەستی ٩٠ ملیار دۆلاریی لەگەڵ فەڕەنسا بۆ دروستکردنی ١٢ ژێردەریایی هەڵوەشاندۆتەوە و تەنانەت جۆزف بۆرڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەکیی یەکێتیی ئەوروپا ڕای گەیاند کە، سەبارەت بەم ڕێککەوتنە هیچ ڕاوێژێک بە ئێمە نەکراوە و؛ ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە ناچارین بیر لە سەربەخۆییی ستراتیژیی یەکێتیی ئەوروپا لە ناوچەکەدا بکەینەوە.

لەم چوارچێوە و هاوکێشە ئاڵۆزە جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییانەی ناوچەکەدایە کە ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەرجەستە دەبێتەوە، کە لە لایەک سەرۆکایەتیی ئەکتەر یاخود کیانێکی نادەوڵەتی دەکات لە ناوچەکە کە هەردوو جۆر و چەشنی هەڕەشە و مەترسییەکانی پێناسەکراو بۆ سەر ئاسایشی بریتانیا ئامادەیی و بوونی هەیە؛ لە لایەکی تریشەوە بریتانیا دەیەوێت لە ڕێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، کوردستان بکاتە ئەو ناوچەیەی کە هەم جەنگی دژەتیرۆر و گرووپە توندڕەوەکان و هێزە پرۆکسی و میلشیایییەکان بکات و هەمیش بەهۆی پەیڕەوکردنی دیموکراسی و فرەیی و پێکەوەژیانی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، پەرە بەم مۆدێلە بدات وەکوو بەشێک لە ستراتیژییەتی باڵای بەرگری و سیاسەتی دەرەکیی ئە وڵاتە؛ تەنانەت بەپێی پرۆگرامە ستراتیژییە نوێیەکەی بریتانیا، ئارامی و سەقامگیری دەتوانێت بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بریتانیا و دەستپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە و کۆمپانیاکانی لە بواری وزە بپارێزێت کە پاش دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا گرنگیی تایبەتی هەیە.

بەم شێوه‌یه‌، هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەم وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر و دیموکراسی سەرنجی بریتانییەکان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییە نوێیەکەیان ڕابکێشێت و، هەمیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کە وەکوو کەسێکی کراوە، پراگماتیست و میانڕەو ناسراوە، دەتوانێت کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات بە مەبەستی ئەوەی کە لانی کەم بارگرژی لە نێوانیاندا نەبێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئاسایشی و بازرگانی و سیاسییەکانی بریتانیا و کۆمپانیاکانی پارێزراو بێت؛ هەروەها لەم ڕێگەیەشەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕووبەڕووی مەترسیی دروستبوونی بۆشاییی هێز لە پاش دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا ببێتەوە.

جگە لەمانەیش بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان دەتوانێت وا بکات کە، باڵانس لە عێراق لە هەمبەر شیعەی توندڕەو و پرۆکسییەکانی ئێران دروست ببێت و هەرێمی کوردستان ببێت بە هێزێکی باڵانسەر و ئەمەیش دواجار خزمەتی بریتانیا و کۆمپانیاکان و بەرژەوەندییەکانی دەکات.

کۆبەند

بەپێی ئەو هێڵە ستراتیژییانەی کە خستمانە ڕوو و لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین هۆکاری گرنگیپێدانی بەڕێز بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و ئەو پێشوازییە ئاستبەرزە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو فاکتەری گرنگ لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە جیۆستراتیژی و جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە و خودی یەکێتیی ئەوروپا و تەنانەت سیاسەتی نێودەوڵەتی:

یەکەمینیان لە پاش دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا و نەگەیشتنە ڕێکكەوتنێکی تۆکمە و هەمەلایەنە لەگەڵ یەکێتیییەکە لەسەر پرس و بوارە جۆراوجۆرەکانی نێوانیان، لە ئێستا جگە لە هاوکاری لە نێوان بریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەتی فەڕەنسا، لە هەمان کاتیشدا ڕکابەرایەتییش لە نێوانیاندا هەیە و بەهۆی گرنگیپێدانی فەڕەنسا بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، بریتانیا نایەوێت ئەو گۆڕەپانە بۆ یەکێتیی ئەوروپا و بەتایبەتی فەڕەنسا چۆڵ بکات و بینەری بەرزبوونەوەی پێگەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا لە عێراق و ناوچەکە بێت، لە کاتێکدا بریتانیا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت لە ناوچەکەدا. دووەمیان بریتییە لە دەرچوونی ئەمریکا و دروستبوونی بۆشاییی هێز لە عێراق و ناوچەکە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە؛ چ لەلایەن هێزەکانی نەیار و دوژمنه‌وه‌ و چ لەلایەن هێزەکانی دۆست بەڵام ڕکابەری بریتانیاوه‌. لەم نێوەندەیشدا سەرۆکوەزیرانی بریتانیا دەیەوێت لە ڕێگەی پەیوەندییە دێرینه‌كانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان، بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە و هەر لە چوارچێوەی ستراتیژیی "basing strategy" بریتانیادا، هەرێمی کوردستانیش ئەو بنکە و پێگەیە بێت کە بریتانیا بتوانێت بەرژەوەندییەکانی تیایدا بپارێزێت و دەستی بەسەر ناوچەکانی تریش ڕابگات و لە هەمان کاتیشدا ئەمە وادەکات هەرێمی کوردستان لە مەترسییە ئاسایشییەکان دوور بکەوێتەوە. ئەمە جگە لە پرسی ئاسایشی وزە لە عێراق و ناوچەکەدا و هەوڵدان بۆ باڵادەستی لەم بوارەدا لە ڕووی ئاسایشی و ئابوورییەوە.

 

 

[1] - بریتانیا

[2] - سیاسەتی نەرێنیی بریتانیا لە رابردوودا بریتی بوو لە "پەرت کە و زاڵ بە"؛ وەکوو ئاماژەیەک بە دابەشکاریی نەتەوەی کورد و کەمایەتییەکانی تری ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبی لەنێو دەوڵەتانی ناوچەکە و، هەروەها کێشان و بەجێهێشتنی سنوورەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی پڕ لە کێشە و قەیران و تەنانەت جەنگ.

[3] - وەکوو ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی بریتانیا و هاوپەیمانان بە مەبەستی سەرخستنی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ئامانجی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

Latest from پەرویز ڕەحیم