کێ فتیلەى ئاشوبى عێراق بەر لە هەڵبژاردن بەتینتر دەکات؟

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

 

پەیامێک لە میستەرەوە بۆ ئاغا: ئاهەنگەکە دەکرێ، بەڵام بەکەیفی تۆ نا!

دواجار پەرلەمانى عێراق بۆ جارێکی تر یاساى هەڵبژاردنى ژمارە 9ى ساڵی 2020ى پەسەند کرد و چەندان خوێندنەوەى جۆراوجۆرى بۆ کرا، هەروەها لەلایەن چەندان ڕەوتەوە بەرهەڵستکاریى کرا، بەڵام لە ئاکامدا بە زەبرى زۆرینەى پەرلەمان بڕیارەکە درا. لایەنەکان دووچارى دڵەڕاوکێ بوون و، نەیاندەزانى چۆن دەچنە ناو پرۆسەکەوە؛ وێنەیەکی تراژیدییان لە پرۆسەکە دەبینی، وەک ساختەکردن، هەڕەشە، ئاڕاستەکردنى دژوار، دەستێوەردان، هەڵخەتاندن، سندووقڕفاندن، یان سووتاندنیان، یان دەستبەسەرداگرتنیان و هتد. تەواوى سیناریۆکان بەو شێوەیە وێنا دەبوون کە لایەنى ڕەشبین زێتر بوون لە گەشبین، چونکە لایەنەکان لەسەر هیچ بنەمایەک، بێجگە لە یاساى هەڵبژاردن بۆ گەمەکە، ڕێک نەکەوتبوون.

چەندان ڕەوت و حزبى سیاسی، کە زیاتر بوون لە 28، کشانەوە و بەشدارینەکردنى خۆیان لە پرۆسەکە ڕاگەیاند، لە پێش هەموویشیانەوە ڕەوتى سەدر، کە لە 15/7/2021 بوو؛ بەڵام دواى نمایشکردنى بەڵگەنامەى چاکسازیی سیاسی لە عێراق، کە وەک نەخشەڕێگه‌یەک وایە بۆ حکوومەتى داهاتووى عێراق کە زیاتر لەلایەن سەرکردە شیعییەکانەوە واژوو کرا، کە مەبەست لێی زیاتر ڕەواندنەوەى گومان وایە لەلایەن ڕەوتەکانى سەر بە ئێران بۆ نیگەرانییەکان و ترسی لایەن و خەڵکی عێراق بەرامبەر ئەوان. ئەوە بوو سەدر دواى ئەوەى لەلایەن پارتى دیموکراتی کوردستانیشەوە پێشنیارى گەڕانەوەى بۆ کرابوو بۆ بەردەوامبوونى لە پرۆسەکە، گەڕایەوە؛ ئێستا کارەکتەرێکی بەهێزی مەیدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقە و شرۆڤەکانیش بە ئەرێنی بۆی دەڕوانن بۆ پێگەى ئەو ڕەوتە لە حکوومەت و پەرلەمانى داهاتووى عێراق.

ئێران و ئەو ڕەوتانەى کە لە خولگەى ستراتیژییەتى ئەودا دەخولێنەوە لە عێراق و، پێگەى سیاسی و سەربازیی بەهێز و کاریگەریان هەیە، زۆر مەبەستیان بوو هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا ئەنجام بدرێ، چونکە وایان دەبینی وەرز و کەشوهەواى پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی ئەواندا دەبێ. هەر بۆیە، زۆر پێداگرییان دەکرد و زۆر کەیفخۆشیش بوون بە کشانەوەى سەدر، چونکە تەواوى گۆڕەپانەکە، به‌تایبەتى زۆنی خۆڵەمێشی و شیعی بۆ ئەوان بەجێ ما. هەرچەندە لە ڕووکاردا داواى گەڕانەوەیان دەکرد، بەڵام تا ساتی گەڕانەوەى سەدر هیچ هەنگاوێکی کرداری و کاریگەر و جددییان بۆ هێنانەوەى سەدر نەکرد، بەڵکوو لە ئاکامیشدا زۆر کەیفخۆش نەبوون بە گەڕانەوەى.

گەڕانەوەى سەدر بزمارێکی کوشندە بوو كه‌ لە تابووتى هێزى ڕەوتى شیعیی سەر بە ئێران درا، چونکە سەدر بە لانی کەمەوە، پێدەچێ تەنیا خۆى یەک لەسەر پێنجى کورسییەکانى پەرلەمان بەدەست بێنێ؛ ئەو ژمارەیەیش بۆ ئەو واقعە پەرتەوازەیەى عێراق زۆرە. ئێران و ڕەوتەکانى سەر بە ئەو، لەو قۆناغە نوێیەدا دەرکیان بە گرانیى تێپەڕاندنى پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا کرد، چونکە لە چەند ئاڕاستەیەکەوە خەریکە گەمارۆ دەدرێن: لە لایەک سەدر گەڕاوەتەوە و پەیوەندییەکى باشی لەگەڵ پارتى دیموکراتی کوردستان و هەندێک لە سوننەکان و حکوومەت و ئەمریکا و مەرجەعییەت هەیە؛ لە لایەکی تریشەوە پرۆسەى چاودێریکردنى هەڵبژاردن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئەوەندەى تر نیگەرانی کردبوون. ئەودەم بۆیان دەرکەوت کە ئەو ئاهەنگەى ئەوان خۆیان بۆ ئامادە کردووە کە پارسەنگی سەرکەوتنیان بێ، بەدەستهێنانى ئاسان نییە و لەژێر گوماندایە. ئەو پەیامەى کە لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی و ئەوروپا و ئەمریکا و دونیاى عەرەبییەوە پێیان گەیشت، ئەوە بوو کە هەڵبژاردن لە وادەى دیاریکراوى خۆى ئەنجام دەدرێ، بەڵام بە میکانیزم و ڕێوشوێنی تایبەت، کە لەگەڵ بەرژەوەندیى ڕەوتەکانى سەر بە ئێران و خودى ئەو وڵاتەدا نایه‌ته‌وه‌.

موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر

بەپێی یاسا نوێیەکەى هەڵبژاردن بونیادی سیاسیی وڵات پەرت کرا؛ لە 18 بازنەوە کرا بە 83؛ لە سیسته‌مى دەنگدانى ڕێژەیییەوە، بوو بە زۆرینەى سادە؛ لە لیستى سیاسییەوە گۆڕا بۆ تاکەکەسی. بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانى پێشوو، دەنگەکان بە هیچ جۆرێک تەحویل نابن. 3523 کاندید ڕەزامەندییان لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە پێ درا؛ لەو ژمارەیە 1002 کاندید هی هاوپەیمانێتییه‌کان بوون، کە ڕێژەکەى دەکاتە 28.44%؛ هەر لەو ژمارەیە 1634 پاڵێوراویان سەر بە حزبە سیاسییەکانن کە ڕێژەکەى دەکاتە 46.38%. بۆ یەکەمین جاریش ژمارەى کاندیدە سەربەخۆکان بۆ پەرلەمان لە عێراق گەیشتە 887 کەس، کە ڕێژەکەى ده‌كاتە 25.17%، کە زیاتر گومانى ئەوەیان لێ دەکرێت سەر بە ئێران بن و پشتیوانییان لێ بکرێ؛ به‌تایبەت لە زۆنی شیعە و سوننە و تا ڕاددەیەکیش لەناو زۆنی کوردی لە کەرکووک و هەرێمی کوردستان؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ژمارەى کاندیدانى ئافرەت لە 951 زیاترە و، ڕێژەکەى نەک هەر 25% بەڵکوو بۆ زیاتر لە 27% بەرز بۆتەوە. هەر بۆیە هەندێ كه‌س واى بۆ دەچن کە ژمارەى ئەندامانى ئافرەت لە پەرلەمانى داهاتوو لە ڕێژەى جاران زۆر زیاتر دەبێ. ئافرەتانیش خۆیان بەهۆى سیسته‌مى هەڵبژاردنەوە چاویان بڕیوەتە نیوەى کورسییەکانى پەرلەمان. لە لایەکی تریشەوە ڕێژەى ئافرەتانى دەنگدەر لەگەڵ پیاوان زۆر نزیکە، بە جۆرێک کە لەو 25.182.594 (بیست و پێنج ملیۆن و سەد و هەشتا و دوو هەزار و پێنج سەد و نەوەد و چوار) کەسە، 12.941.671 یان پیاون کە دەکاتە 51.4% و، ئافرەتانیش 12.240.923 کە دەکاتە 48.6%؛ جیاوازییەکەیش لە تەواوى عێراق لە نێوانیاندا تەنیا 700.748 کەسە.

هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق: میکانیزمێک لە ململانێی ناوچەیی

ئەو پەندەى کە دەبێ عێراقییەکان فێرى بن، ئەوەیە تا هەنووکە خۆیان خاوەنى کارەکانیان نین، بەڵکوو بەشێکن لە شانۆیەکی سیاسی و هاوکێشەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. هەندێ هاوکێشەى هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەن لە پارسەنگى ئەم هەڵبژاردنەدا یەکلایی دەبنەوە؛ هەر لەبەر ئەوەیشە کە ئەوەى پرۆسەکە بەڕێوە دەبات لایەنى عێراقی نین، هەرچەندە لە ڕووکاردا ئاوا دەردەکەوێ. تەنانەت خودى ڕەوتەکانیش بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون: بەرەى قوتارکردنى عێراق لە چنگی ئێران و، بەرەى برەودان بە هەژموونى ئێران و مانەوەى بەسەر عێراقدا. ئەو دوو بەرەیه‌یش تەواوى جومگەکانى ڕەوت و حزبە سیاسییەکانى عێراقی، بە کورد و سوننە و شیعەوە گرتۆتەوە؛ ململانێکانیش سەختن. ئێران بەتەواوى قورساییی سیاسی و لۆجیستی خۆیەوە دابەزیوە. کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە کۆمەکى ماددی و کارگێڕی و سیاسی لەسەر هەر سێ ئاستى نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆژاوا و دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کۆمەکى حکوومەتى عێراق دەکات تا ڕێگه‌ له‌ ساختەکاری بگرێ، کە ئێرانییەکان بەجددى کارى بۆ دەکەن و چەند تۆڕ و کەسایەتى و حزب و چەند ئەندامێکیش لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى عێراق لەو بارەیەوە تێوە گلاون و ئێستا حکوومەتى عێراقی سەرقاڵى لێپێچینەوەیە. کەواتە هەڵبژاردنەکە بۆ یەکلاییکردنەوەى چەندان هاوکێشەى سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئەو پرۆسەیەیش لە بەرەنجامى هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێ دەکات؛ لە لایەک دەرهێنانى حکوومەتى عێراقییە لە چنگ ئێران و دانانى سنوورێکە بۆ قەڵەمڕەوى ئێران و، گێڕانەوەى عێراقە بۆ ناو خولگەى سیاسیی وڵاتانى عەرەبی و گێڕانەوەى سیفەتى ڕکابەری بۆ دەوڵەتی عێراق لە بەرامبەر ئێران.

چاودێریی توندى هەڵبژاردن: خاڵى وەرچەرخان و ئاڕاستەى ململانێ

ئێرانییەکان کەیفخۆش بوون کە هەڵبژاردن لە وادەى خۆی لە 10/10/2021 ئەنجام دەدرێ و، زۆر بەرهەڵستیى دواخستنیان کرد، بەڵام لە بەرامبەر ئەو بەرنامەیەى ئێران، بەرنامەیەکی دژوار بۆ ئەوان هاتە کایەوە، ئەویش لەلایەن حکوومەتى عێراقی و ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوو، تا پرۆسەکە بە کەیفی ڕەوتەکانى سەر بە ئێران بەڕێوە نەچێت. ئەوە بوو لەو بارەیەوە چەند هەنگاوێک گیرانە بەر، لەوانەیش:

  • مەرجەعییەتى شیعەکانى عێراق، علی سیستانی، لە کاتى سەردانیکردنى نوێنه‌ری یۆنامى لە عێراق، پلاسخارت بۆ لاى ئەو لە نەجەف، به‌ مه‌به‌ستی دانانى سنوورێک بۆ کاریگەریى ئێران لە عێراق و کەمکردنەوەى گەندەڵی و ئاشوب، لە 13/9/2020 داواى سەرپەرشتیی نێودەوڵەتیی کرد. ئەمەیش جێی خۆشحاڵیی یۆنامی و بەرەى دژ بە ئێران بوو.
  • دواى داواکەى مەرجەعییەت و یەکلابوونەوەى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەلایەن حکوومەتى عێراقییەوە، ئەوە بوو عێراق لە ڕۆژى 27/1/2021 بەفەرمى داواى سەرپەرشتى و چاودێریی نێودەوڵەتیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندان لایەن و ڕێکخراو و دەوڵەت کرد. عێراق بۆ ئەو مەبەستە 71 داوەتنامەى ئاڕاستەى لایەنە بیانییەکان کرد؛ لەو ژمارەیە 52 بۆ باڵیۆزی وڵاتان بوون کە لە پێشەنگیان وڵاتانى ئەوروپی و ئەمریکا و عەرەبی بوون؛ 19 داوەتیشیان بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بوون، لە سەرووى هەموویشیانەوە ڕێکخراوە حکوومییە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.
  • تەواوى ڕەوت و حزبەکان کە مەبەستیان بوو عێراق بگەڕێتەوە بۆ بڕیارى سەربەخۆی خۆى بەدوور لە ئێران، داواى سەرپەرشتى و چاودێریی نێودەوڵەتییان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن کرد؛ لە سەروو هەموویشیانەوە ڕەوتى سەدر و لایەنە کوردییەکان و سوننییەکان. تەنانەت لەو بارەیەوە حکوومەتى هەرێم بەفەرمی هەڵوێستى ئەرێنیی خۆى ڕاگەیاند و لەسەر زارى سەرۆکی حکوومەتى هەرێم سوپاس و خۆشحاڵیی خۆى دەربڕی بەرامبەر بە ڕۆڵی ئەرێنیى نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیى ئەوروپا سەبارەت بە چاودێریکردنیان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
  • تا ئێستا زیاتر لە 600 چاودێری نێودەوڵەتیی لایەنە بیانییەکان ئامادەییی خۆیان بۆ چاودێریی وردی ئەو پرۆسەیە دەربڕیوە؛ لەو ژمارەیەیش 130 چاودێر کارمەندى نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
  • دانانى 7 تۆڕی چاودێری لەلایەن حکوومەتى عێراقییەوە بۆ ئەو مەبەستە، کە ئەزموونى باشیان لەو بوارەدا هەیە، کە ژمارەیان زیاترە لە 60 هەزار کەسى شارەزا و بەئەزموون.
  • تەرخانکردنى ئەمریکا بە 5.2 ملیۆن دۆلار و، ژاپۆن بە 2 ملیۆن دۆلار، کە ده‌كاته‌ 10 ملیار و 325 ملیۆن دینارى عێراقی؛ ئەویش بۆ چاودێریکردنى وردی هەڵبژاردنەکان و قوتارکردنى لە ساختەکردن لەلایەن ڕەوتەکانى سەر بە ئێران. هەر بۆیە لە ئێستاوە ڕەوتەکانى سەر بە ئێران لە وێستگەى بەرگریدان و تاوانبارى پێشوەختەن.
  • دانانى سزا لەلایەن ئەنجومەنى ڕێپێدراوانەوە بۆ ئەو کەسانەى کە لە جیاتی کەسانى تر دەنگ دەدەن، بە زیندانیکردنیان بۆ ماوەى شەش مانگ و یەک ملیۆن دیناریش غەرامە.
  • بەشداریکردنى یەکێتیى ئەوروپا بە 80 کارمەندى پسپۆر بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردنەکان.
  • چاودێریکردنى توندی دەروازە سنوورییە ئاوی و وشکانییەکانى عێراق، تا له‌وێوه‌ هۆکاری ساختەکردن نەیەتە عێراقەوە. هەر بۆیە دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق ڕۆژى 23/9/2021 ڕای گەیاند کە لە "بەندەرى ئوم قەسر" لە باشوورى عێراق بڕێکی زۆر لە مۆرى ساختەکراو گیراون و ئێستا لایەنى پەیوەندیدار خەریکی لێکۆڵینەوەن.
  • چاودێریی ورد و بەردەوامى حکوومەتى عێراقی بۆ هەندێ لایەن و گرووپ، کە گومانى کارکردنیان لێ دەکرێ بە هەوڵدان بۆ ساختەکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن. هەر لەو بارەیەوە حکوومەتى عێراق ڕای گەیاند کە تۆڕێکی گومانلێکراویان گرتووە، کە هەوڵی ساختەکردنى هەڵبژاردن دەدەن. ئەو گرووپە چەندان سایتی جۆراوجۆریان کردۆتەوە و هەوڵی نانەوەى ئاشوب ده‌ده‌ن لە نێوان حزب و ڕەوتە سیاسییە عێراقییەکان و، وێستگەیشیان لە دەرەوەى عێراقە. یەکێک لەو سایتە سەرەکییانە سایتى "سیدة الخضراء"ه‌ و لەلایەن سێ کەسەوە بەڕێوە دەبردرێ و چەندان ملیار دیناریش بۆ ئەو مەبەستە فەراهەم کراوە. حکوومەتى عێراق ئەوەیشی ڕاگەیاند کە ئەو تۆڕە، پەیوەندییان بە چەند لایەنێکی سیاسیی عێراقییەوە هەیە و تەنانەت لە ماڵی یەکێک لە سەرکردەکانیش کۆبوونەوەیان کردووە.
  • دەرکردنى فەتواى ڕۆشن لەلایەن هەردوو مەرجەعییەتى سوننى "مەجمەعی سوننی" و "عه‌لی سیستانی"، مەرجەعی شیعە، بەوەى کە کڕین و فرۆشتن بە کارتى دەنگدانەوە حەرامە.
  • ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕای گەیاند کە پێنج بەربەستیان بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنى ساختەكاری داناوە: یاساى هەڵبژاردن، پاڵیوراوى تاکەکەسی، فرەبازنەییی ناپەیوەندیدار بەیەکەوە، کۆتا، چاودێریکردن.
  • بەشداریکردنى زۆرى هێزەکانى ئاسایش بۆ پاراستنى شوێنە گشتییەکان و بنکەکانى هەڵبژاردن؛ ئەویش بە بەشداریى هێزەکانى پاراستنى دامەزراوەکان، پۆلیسی ناوخۆیی و هەندێ دەستە لە وەزارەتى ناوخۆ، پۆلیسی فیدراڵی.
  • ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن دواى سێ کاتژمێر لە تەواوبوونى پرۆسەکە و ناردنى ئەنجامەکان بە ئینتەرنێت بۆ بارەگاى سەرەکیی کۆمیسیۆن و پێدانى وێنەیەک بە چاودێرى لایەنە سیاسییە بەشدارەکانى هەر بنکەیەک؛ ئەمەیش وەک ڕێوشوێنى یەدەگ وایە، بۆ ئەوەى لە کاتى فڕاندن یان سووتاندن، یان دەستبەسەرداگرتنى سندووقەکانى دەنگدان، هیچ کاریگەریى نەبێ لەسەر ئەنجامەکان.
  • بەردەوام تاقیکردنەوەى ئامێرەکانى دەنگدان و تۆکمەکردنیان، تا بوارى ساختەکردنیان نەهێڵن.
  • ئیمزاکردنى پاڵیوراوانى لایەن و سەربەخۆکان لەسەر بەڵگەنامەیەکى پەیوەندیدار بە پرۆسەى هەڵبژاردن، بەوەى کە نابێ ناوى یەکدی بزڕێنن، توندوتیژی بکەن، هەڕەشه‌ بكه‌ن و...، کە ئەویش 13 خاڵ لەخۆ دەگرێ و لەلایەن خودی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیى ئەوروپا و کۆنسوڵی وڵاتانى میواندار لە عێراق سەرپەرشتى دەکرێ.
  • ڕاگەیه‌ندراوى سەرۆکی هەرێم لە 10/9/2021 سەبارەت بە پرۆسەى هەڵبژاردن و داواکردن لە کاندیدەکان کە هەڵمەتێکی بێگەرد و دروست بکەن و هانا بۆ لەکەدارکردن و ناوزڕاندنى یەکدی نەبەن.
  • هەوڵى بەردەوامى حکوومەت و دامەزراوەکانى بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەى خەڵک و فریونەخواردن و هانانەبردن بۆ ساختەکاری لەژێر بارى هەڵخەڵەتاندن و هەڕەشە؛ لە سەرووى هەموویشیانەوە سەرۆکوەزیران کە لە 22/9/2021 لە وتەیەکی ئاڕاستەکراودا بۆ گەلی عێراق زۆر بەئاشکرا گوتى، بڕۆن بۆ هەڵبژاردن و کۆتایی بە گەندەڵی بێنن لە عێراق؛ دەنگیش مەدەن بە دوو جۆر لە کاندیدەکان: ئەو کاندیدانەى کە سەربەخۆن و ئەوانەی کە پەیمانى بریقەدار و گەورە و درۆ بە خەڵک دەدەن.

کۆمارى ئیسلامیی ئێران و بەرەکەى، زۆر نیگەرانن

چاودێریی نێودەوڵەتی لەسەر پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، تەواو کۆمارى ئیسلامی و ڕەوتەکانى سەر بە ئەوى نیگەران کردووە؛ هەر پێشوەختە خۆیان کردۆتە تاوانبار و سوارچاکی ساختەکردنى ئەنجامەکان. لەو بارەیەوە چەند هەڵوێستێک دەخەینە ڕوو:

  • دواى ڕاگەیاندنى مەرجەعییەتى شیعەى عێراق، علی سیستانى، سەبارەت بە داواکردنیان بۆ سەرپەرشتیى نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەکە، لە نێوه‌ندى سەردانى نوێنەرى یۆنامی بۆ لاى مەرجەعییەت لە نەجەف لە 13/9/2020، هەر زوو بەرپرسانی ئێرانیی سەر بە ڕابەرى گشتى، عەلی خامنەیی، لە "ڕۆژنامەى کەیهان"ى سەر بە نووسینگەى ڕابەرى گشتیى ئێران، لە هەمان مانگى ئەیلوولی ساڵی 2020 هێرشیان کردە سەر سیستانی و زۆر ڕاشکاوانە تۆمه‌تباریان كرد و پێیان گوت: ئێوە هەڵەتان کرد.
  • "عصائب أهل الحق" کە گرووپێکی توندڕەوى سەر بە ئێرانە و یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانى حەشدی شەعبی لە عێراق، لە 20/10/2020، بابەتى سەرپەرشتیکردنى نێودەوڵەتی و یۆنامیی بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕەت کردەوە.
  • نوورى مالیکی کە سەرکردایەتیى بەرەى دەوڵەتى یاسا دەکا، لە 20/1/2020 بابەتى چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنى پرۆسەى هەڵبژاردنى لەلایەن یۆنامییەوە، ڕەت کردەوە.
  • بەرەى فەتح کە چەندان گرووپی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێ، هەمان بابەتى ڕەت کردەوە و بە بەزاندنى سەروەریى عێراق وەسفی کرد.

ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق

 

ئایا سەرپەرشتیکردن و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنى 10/10/2021، جیاوازیى چییە لەگەڵ ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنەکانى پێشوو؟

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئەو پرسیارە، دەتوانین جەخت لەسەر چەند خاڵێک بکەینەوە:

  • ئەم جارەیان حکوومەتى عێراقی باسی ئەوەى نەکرد کە لاریى نییە لەسەر هەر لایەنێکى بیانی کە بیەوێ چاودێریی پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان بکات، بەڵکوو خۆى بەفەرمی بۆ دابینبوونى شەرعییەتى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن داواى سەرپەرشتیکردنى لە نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێری لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد.
  • هاتنەناوەوەى ڕاستەوخۆى ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پێشکەشکردنى هاوکارى و ڕاوێژ بۆ حکوومەتى عێراقی سەبارەت بە پرۆسەى هەڵبژاردن و سەرپەرشتیکردنى؛ کە پێشتر ئەم حاڵەتە نەبووە.
  • ئامادەبوونى نێودەوڵەتی لە پرۆسەى هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق ڕۆڵی چاودێریی تێپەڕاند بۆ سەرپەرشتیکردن، ئەویش لەسەر داواى فەرمیى حکوومەتى عێراق؛ کەواتە ئەگەر ئەنجومەنى ئاسایش دان بە ئەنجامەکاندا نەنێت، هیچ شەرعییەتێکی نابێت. لەو بارەیەوە پێویستە دوو بابەت لە یەکدی جیا بکەینەوە: سەرپەرشتیکردن و چاودێری، لەگەڵ بەڕێوەبردن؛ ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیکردن و چاودێرییە بەتەنیا، بەڵام حکوومەتى عێراقی لەلایەن خۆیەوە پرۆسەکە بەڕێوە دەبات.
  • پێدانی دەسەڵاتێکی زۆر لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بە یۆنامی لە عێراق؛ ئەوەیش بەڕوونی لە بڕیارى ژمارە 2522 ئەنجومەنى ئاسایش دیارە، کە لە ڕۆژى 29/5/2020 دەرکراوە، کە 7 ماددە و 14 بڕگەیە؛ تەنانەت لە فەقەرە ب/2 دەسەڵاتى ئەوەى پێ دراوە کە ڕاوێژ بداتە حکوومەتى عێراقی سەبارەت بەو کێشە سنوورییانەى کە لە ناوخۆى وڵاتدا دروست بوون، به‌تایبەت لە نێوان هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ. لەوەیش زیاتر، دەسەڵاتەکانى، سنوورى عێراق دەبڕن و دەتوانێ بۆ هەر بابەتێک کە پەیوەندیی بە گفتوگۆ و هاوکاریى ناوچەیییەوە هەیە ڕۆڵ ببینێ، به‌تایبەت ئەو بابەتانەى کە عێراق پەیوەستدارە پێیانەوە. هەر لەو نێوه‌نده‌وه‌ نوێنەرى یۆنامی لە عێراق، خاتوو پلاسخارت، سەبارەت بە هەندێ بابەتى هەنووکەییی عێراق، به‌تایبەت وەک هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ علی ئەکبەر ویلایەتى کۆ بووەوە.

کەواتە نیگەرانییەکە سەبارەت بە ئێران و ڕەوتەکانى سەر بە ئەو لە کوێدایە؟ ئەویش دوو بابەتى چارەنووسساز دەگرێتەوە:

  • ئەگەر ئەنجامەکان دروست نەکەونەوە و تانەى شەرعییەتیان لەلایەن یۆنامییه‌وه‌ بەرکەوێ، کەواتە ئەمریکا و یەکێتیى ئەوروپا و وڵاتانى عەرەبی و ناوچەکە هەمان هەڵوێستیان سەبارەت بە ئەنجامەکان دەبێت؛ ئەمەیش تەواوى پرۆسەى سیاسیی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە و واقعێکی پڕتراژیدیایی چاوەڕوانى ئاییندەى پرۆسەى سیاسیی عێراق دەکات.
  • لە کاتى کەوتنەوەى ئاشوب لە پارسەنگی هاوکێشەى هەڵبژاردن و بارى نەخوازراو لەلایەن ڕەوتەکانى سەر بە ئێرانەوە، ئەوا ئەنجومەنى ئاسایش دەتوانێ دەسەڵاتى تەقدیریی خۆى لەو بارەیەوە بەکار بێنێ، چونکە پێشتر حکوومەتى عێراقی مافی سەرپەرشتیکردن و چاودێریی داوەتە نەتەوە یەکگرتووەکان. میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەشی حەوتى میساقدا ئەو ڕێوشوێنانەى دیاری کردووە کە ئەنجومەنى ئاسایش دەتوانێ لەو بابەتانە بیانگرێته‌ به‌ر، کاتێک کە ئاشتى و ئاسایشی هەرێمی دەکەوێتە مەترسییەوە. کەوتنەوەى ئاشوب لە عێراق، واتە کەوتنەوەى ئاشوب لە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ ئەمەیش کارى دەسەڵاتى تەقدیریی ئەنجومەنى ئاسایشە. هەروەک چۆن لە داگیرکردنى عێراق بۆ کوێت ئەنجامی دا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژ بە عێراق بۆ دروست کرد.

وەرز، وەرزى ساختەکردنە، بەڵام لەسەر کەشوهەواکە وەستاوە

ئەم وەرزە بۆ ڕەوتەکانى سەر بە ئێران زۆر گونجاوە؛ سەدان هەزار کەس دەچنە بۆنەکە، وادەى بۆنەکەیش تا ڕۆژى پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. ئەمەیش گوڕێکی باش دەداتە ڕۆحییەتى شیعە و هەڵمەتى هەڵبژاردن و هەڵنانیان بۆ بەشداریکردن. لە لایەکی تریشەوە پەیوەندیکردنى لایەنەکان بە خەڵکەوە ئاسانتر بووە، چونکە ئەو گوژمە زۆرەى خەڵک لە یەک شوێندا، کارەکە خێراتر و ئاسانتر دەکا؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە سەردانكه‌رانى دەرەوەى عێراق، ده‌كرێ له‌جیاتی دەنگدانى کەسانی تر بەکار بهێندرێن. بەڵام ئایا ئەو کەشوهەوا لەبارە بۆ ڕەوتەکانى سەر بە ئێران بێگرفت تەواو دەبێت؟ بێ گومان نەخێر، چونکە لەو شوێنەى کە ئەو گوژمە زۆرە لە خەڵک تێیدا کۆ دەبێتەوە، زیاتر لە مەوداى نفووزى موقتەدا سەدردایە؛ هەر بۆیە لایەنەکانى تر ناتوانن ئازادانە تەڕاتێنی تێدا بکەن. لە لایەکی تریشەوە حکوومەتى عێراقى چاودێریی توندى خستۆتە سەر لایەنەکان و، کارى ساختەکردنى قورس کردووە؛ گەرچی تواناى حکوومەتى عێراقی لەو بارەیەوە ئاسان نییە، چونکە کۆنترۆڵکردنى ئەو حەشاماتە کارێکی مەحاڵە؛

هەرچەندە حکوومەتى عێراقی وا خۆى داناوە لە نێوه‌ندی ئەو ڕێوشوێنە توندانەوە کە گرتوونییەتە بەر، ڕێژەى ساختەکردن لە 3% تێ نەپەڕێ.

ئەلتەرناتیڤەکانى ئێران بۆ كۆنترۆڵكردن و ئیداره‌دانی ئەنجامەکانى هەڵبژاردن

پرسیارە جەوهەرییەکە لەو بارەیەوە ئەوەیە: ئایا ئەگەر ڕەوتەکانى سەر بە ئێران بە هاوکاریى حکوومەتى ئێران نەیانتوانى پرۆسەى ساختەیان بۆ بچێتە سەر و بەربەستیان زۆر بۆ دروست بوو، ئایا ئەلتەرناتیڤی ئێران چین بۆ کەوتنەوەى بەرەنجامێک لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت؟ ئەگەر نا فتیلەى لەباربردنى پرۆسەکە دادەگیرسێنن! بۆ ئەو مەبەستە دەتوانین جەخت لەسەر چەند بابەتێک بکەینەوە:

  • هەرچیان کردووە دەبێ سودمەند بن لە مانەوەى ئەو سەردانیکارانەى مەزارگەى شیعەکان، چونکە ئێستا وەرزى سەردانیکردنە و کەس گومان لەمانەوەیان ناکات. چونکە بۆنەکە ڕێک، کەوتۆتە کاتى ڕۆژى دەنگدان، به‌تایبەت ئەو سەردانكه‌رە عەرەبانەى کە لە ئێرانەوە هاتوون و ڕۆڵپێگێڕانیان لە ناوچە شیعەکانى خوارووى عێراق، چونکە لەهجەى قسەکردنیان لە دانیشتووانى خوارووى عێراق دەچێ. بۆ ناوچە سوننەکانیش ئەو سوورییانە بەکار دێنن کە لە هەندێ ناوچەى ڕۆژاواى عێراق لە ناوچە سوننییەکان نیشتەجێن یان تواناى هێنانیان بۆ عێراق ئاسانە.
  • هەڵخەڵەتاندنى خەڵک لە ڕێگەى پێدانی پارە و دەنگدانیان بە ئەوان لە ڕۆژى هەڵبژاردن.
  • هاندانی خەڵک لە هەندێ ناوچە بە نەچوونیان بۆ دەنگدان.
  • نانەوەى ئاشوب لە هەندێ ناوچەى سوننە و کورد و ڕێگەخۆشکردن لەو نێوه‌نده‌وه‌ بۆ پاڵێوراوانی خۆیان لەو بازنانە، به‌تایبەت لە ناوچە سوننییەکان و کەرکووک.
  • هەڕەشە و هەڵخەڵەتاندن دژ بە هەندێ کاندید بۆ پاشەکشەکردنیان لە پرۆسەکە، کە لە بەرامبەردا لە بەرژەوەندیی کاندیدى خۆیان دەکەوێتەوە.
  • تیرۆرکردنى هەندێ کاندید کە چانسی زۆرى دەرچوونیان هەیە لە بەرامبەر ئەو ڕکابەرانەى کە سەر بە خۆیانن.
  • کارکردن لەسەر کاندیدە سەربەخۆکان، کە زۆربەى هەرە زۆریان سەر بە ئێرانن و وەک ئەلتەرناتیڤ دانراون؛ ئەگەر خەڵک دەنگى بە ڕەوتە سیاسییەکان نەدا، با دەنگ بە سەربەخۆکان بدەن، بە بیانووى ئەوەى کە ئەوان سەر بە هیچ ڕەوتێکی سیاسی نین. کاندیدە سەربەخۆکان ژمارەیان 887 کەسە و، ڕێژەى 25.17% لە کۆى پاڵێوراوان بۆ پەرلەمانى عێراق پێک دەهێنن؛ ئەمەیش ڕێژەیەکی مەترسیدارە. هەر بۆیە لەو بارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر ڕاشکاوانە ئاگادارى خەڵکی عێراقی کردەوە، بەوەى نەخەڵەتابن دەنگ بە کاندیدە سەربەخۆکان بدەن، چونکە ئەوانە جێی مەترسین بۆ عێراق و سەربەخۆ نین؛ تەنیا ڕۆڵی نوێنه‌رایه‌تی دەبینن لە جیاتی ڕەوتە سیاسییەکان.
  • هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەى ڕەوتە سیاسییە شیعییەکان.
  • نانەوەى ئاشوب و هەوڵدان بۆ تێکدانى یەکڕیزیى شەقامى عێراقی و نانەوەى دووبەرەکى، تا لە ئاکامدا بیانوویەک بێتە ئاراوە بە نەکردنى هەڵبژاردن، یان پەرتکردنى دەنگەکان و سوودمەندبوون لێی.
  • پشتگیریکردنى ئەو ڕەوتانەى کە لەگەڵ سیاسەتى ئێرانی لە عێراقدا هەماهەنگن، لەناو کورد و سوننە و شیعە، کە دواتر تەواوکەرى ئەو هاوکێشە ناتەواوە دەبن کە لە پرۆسەکە خۆیان نەیانتوانیوە بەدەستى بێنن، بە ئەوانی پڕ دەکەنەوە و، بەمەیش هەمان حەڵەتیان چنگ دەکەوێ کە خوازیارى بوون.
  • هەر لە ئێستاوه‌ کارکردن بۆ دروستکردنى گەورەترین فراکسیۆن لەناو پەرلەمانى عێراق، ئەویش لە نێوه‌ندى کۆکردنەوەى تەواوى ئەو فراکسیۆنە پەرت و کەمکورسییانەى پەرلەمان، تا ڕەوتى سەدر و کورد نەتوانن حکوومەت پێک بهێنن.
  • کارکردن بۆ حکوومەتێکی تەوافوقی کە ئەوان تێیدا کاریگەرن و پەرلەمانیش پاڵپشتیى دەکات.

هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق: ململانێی نەوەکان

ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانى پرۆسەى سیاسی و هەڵبژاردنى نوێی عێراق، بەوەى ئایا هیچ وەرچەرخانێک لە دەستاودەستکردنى نەوەکان ڕوو دەدات؟ ئایا لاوەکان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن کە شتێکیان بۆ وڵات لەدەست دێت؟ ئایا نەوەى پێشوو هەر ئاوا زوو تەسلیم دەبێ و دەستەوستانە، یان تواناى گونجاندنى هەیە لەگەڵ دۆزە نوێیەکەدا؟ ئەوەى کە سەرنج دەدرێ، لە ڕووى سیاسییەوە گەنجان تا ئێستا هەر لەژێر هەژموونى نەوەى پێشوودان؛ ئەو تروسکایییەیش بۆ هاتنەپێشیان کەمە. هەر بۆیە پرۆسەى سیاسیی عێراق لەناو دەستەبژێرێکدا ئەملا و ئه‌ولا دەکات و کەمتر لاى گەنجەکانى لەنگەر دەگرێ، هەرچەندە سەرژمێرییەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق لەو بارەیەوە لە ڕووى ژمارەوە شتێکی تر دەڵێت: ژماەرى دانیشتووانى عێراق لە ساڵى 2021 دەگاتە 41.179.350 کەس؛ لەو ژمارەیە ئەوانەى تەمەنیان لە نێوان 15 – 64 ساڵانە، دەگاتە 59.2%؛ بەڵام ڕێژەى ئەوانەى تەمەنیان لە 65 ساڵان بەرەو سەرە لە 4% تێپەڕ ناکات؛ كه‌چی تا ئێستایش هەر زیاتر ئەو لە سەدا چوارە پرۆسەى سیاسەت و حوکم بەڕێوە دەبات. بەپێی نوێترین پۆلێنی ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانییش، لە نێوان 25 – 65 ساڵان، بە لاو ئەژمار کراوە.

ئەوانەى عێراقێکی نوێیان دەوێت لاوەکانن؛ ئەوانەى کە دەیانەوێ خۆیان دەرباز بکەن لەژێر چەپۆکی حزبە سیاسییە کلاسیکییەکان کە ناتوانن خۆیان لەگەڵ سەردەم بگونجێنن لاوەکانن؛ ئەوانەى کە دەیانەوێ عێراقێکی نوێ لەسەر بنەماى نیشتمانسازی بونیاد بنێن هەر لاون. بەڵام ئایا ئەو بوارەیان پێ دەدرێ؟ ئەوەى مەبەستەکەیە، ئەو گرفتەیش زیاتر زۆنى شیعە و سوننە دەگرێتەوە بە پلەى یەکەم و کەمتر لەناو زۆنی کورد، چونکە ڕێژەى بەشداریى لاوان لە پرۆسەى سیاسی و بڕیاردان و بەشداریکردن لە ئاستێکی باشدایە. هەر بۆیە گوتارى حزب و ڕەوتە سیاسییەکان و کاندیدەکان بۆ لاوان پانتایییەکى بەرفراوانى هەیە و ڕێژەیەکى بەرچاویش لە پاڵێوراوان لەنێو ڕێزى لاواندان. لەو بارەیەوە یەکێک لە بونیادەکانى پرۆسەى سیاسیی نوێی عێراق بۆ قوتاربوون لە کارى پێشین و گەندەڵی، جەختکردنەوە و پشتبەستنە بە لاوان کە ئەوان دەتوانن هاوکێشەى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە.

ئەو دەمەى ئێران بێئومێد دەبێت (سیناریۆکان)

ئەمە هاوکێشەیەکی مەترسیدارە؛ واتە کەوتنەوەى ئاشوب لە عێراق لەسەر دەستى ڕەوتەکانى سەر بە ئەو، کە ژمارەیان لە 80 هەزار زیاترە و بڕیارى تەواوى حەشدی شەعبییان بەدەستە و پڕچەکن و تەنانەت هەندێ سەرچاوەى سەربازی وای بۆ دەچن، کە ئەوان لە سوپاى عێراق بەهێزترن و عێراق دەکەوێتە بەردەم دۆخێکی ترسناک و وڵات بەرەو هەڵدێر دەبات. لەو بارەیەوە دەتوانین سێ سیناریۆى سەرەکى بخەینە ڕوو:

  • مانەوەى دۆزەکە وەک خۆى؛ هەرچەندە ئەگەر ئەنجامەکانیش لە بەرژەوەندیى ڕەوتەکانى سەر بە ئەو نەبن، چونکە حکوومەتى عێراقی بە هاوکاریى نێودەوڵەتى، چوارچێوەیەکى بۆ هەڵبژاردن داناوە و ناتوانن لێی دەرچن. لە لایەکی تریشەوە حکوومەتى ئێستاى ئێران لە بەردەم تاقیکردنەوەدایە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی کە چیى لە هەگبەدایە و چیی دەوێ. ئێران لەبەر ئەوەى لە واقعی سیاسی و پراکتیکیی عێراق بە باڵادەستى بمێنێتەوە، تواناى سازشی هەیە لەسەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردن و زۆر لاى گرنگ نییە؛ گرنگ ئەوەیە لە گەمەکە نەکرێتە دەرەوە، چونکە سەرەداوى گەمەکە تا هەنووکە هەر لە دەستى ئەودان. بۆ ئەو مەبەستەیش خەریکی بابەتى گرنگتر و گەورەترە، وەک ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ عەرەبستانى سعوودی و وڵاتانى ناوچەکە بەگشتى و لابردنى گەمارۆکان لەسەرى، چونکە بەهۆى هەر تەنگژەیەک لەگەڵ ئەو، تەواوى نفووزى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەوێتە مەترسییەوە. لە لایەکی تریشەوە پێشبینیی ئەوە دەکرێ کە هیچ کام لە لایەنەکان لە 65 کورسی زیاتر نەهێنن؛ لەو حاڵەتەدا به‌ناچار حکوومەتێکی تەوافوقی-ئیئتلافیی لاواز له‌ عێراق پێك ده‌هێنرێ و، چەقی ململانێ بۆ جارێکی تر دەکەوێتە پەرلەمان و حکوومەتیش لاواز ده‌بێ. لەسەر ئاستى واقعیش ئێران لە ڕێگەى ڕەوتەکانى حەشدی شەعبییەوە دەتوانێ کۆنترۆڵی شەقام بکات و بە بەهێزى بمێنێتەوە. کەواتە ئەم سیناریۆیە ئەوە دەردەخا کە ئێران هیچ موغامەرەیەک نەکات؛ تەنیا ئەوەندە نەبێت هەوڵەکانى بۆ دوو ئامانج چڕ دەکاتەوە،: پەرتکردنى بونیادی واقعی سیاسیی عێراق، ئەگەر هات و سەرکەوتوو نەبوو لە نزیککردنەوەى ڕەوتە شیعییە سەرەکییەکانى عێراق لە یەکترى، تا خۆى لەو نێوه‌نده‌وە بە باڵادەستى بمێنێتەوە؛ دواتریش هەوڵ بۆ هێنانى زۆرترین کورسیی پەرلەمان بۆ ڕەوتەکانى سەر بە ئێران.
  • سیناریۆى دووەم، لەباربردنى دۆزەکە و کەوتنەوەى ئاشوب؛ بە جۆرێک کە لە کۆنترۆڵ دەربچێ و حکوومەتى عێراقی بەناچارى هەڵبژاردن دوا بخات و پەنا بۆ ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی ببات لە عێراقدا. بەڵام لەو حاڵەتەدا ئایا بارى ئاسایی لەژێر ڕەحمەتى کێدا دەبێ؟ ڕاستە لە ڕووى دامەزراوەیی و بڕیارەوە دەکەوێتە دەست حکوومەتى ئێستا، بەڵام هیچ نفووزێکی لەسەر شەقام نییە و ناتوانێ ڕەوت و گرووپە چەکدارە شیعییەکان کۆنترۆڵ بکات؛ ململانێکانیش دەچنە ترۆپکە و، کێرڤی کەوتنەوەى جه‌نگى ناوخۆیش لە بەرزبوونەوەدا دەبێ؛ مەوداى ئاشوب و ڕێکكەوتن دوور دەبێ و گێڕانەوەى عێراق بۆ دۆخی ئێستا زۆر زەحمەت و کاتى دەوێ و لە دابەشبوون نزیک دەبێتەوە و دەستێوەردانى دەرەکییش زیاتر.
  • سیناریۆى سێیەم ئەوەیە: هەڵبژاردن دەکرێ، لایەنەکان هەوڵی بەدەستهێنانى زۆرترین کورسیی پەرلەمان دەدەن، هەڵمەتەکە زۆر دژوار و سەخت و زەحمەت و پڕململانێ و تەشەنوج دەبێ، دواتر لایەنە ڕکابەرە سەرەکییەکان بە ئەنجامەکان ڕازی نابن؛ به‌تایبەت ئەگەر هات و ڕەوتەکانى سەر بە ئێران زانییان لە بەرژەوەندیى ئەوان نییە، ئاشوب دروست دەبێ. یان لە لایەکی ترەوە، ئەگەر هات و یۆنامی گەیشتە ئەو قەناعەتەى کە ئەنجامەکان ساختە کراون، ئەوکات قەیرانی شەرعییەت دروست دەبێ و، ڕەوتەکانى سەر بە ئێران لە هەوڵی سەپاندنى بەرەنجامەکان دەبن. لێرەدا ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دێتە پێش، به‌تایبەت ئەنجومەنى ئاسایش، چونکە تەواوى پرۆسەکە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی ئەودایە و؛ قسەى کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە پرۆسەکە لاى ئەوە. ئەگەر قەیرانی شەرعییەتى بەرەنجامەکان کەوتەوە، ئەوا ئاشوب دروست دەبێ؛ ئەودەم بۆ پاراستنى ئاشتى و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی، دەبێ ئەنجومەنى ئاسایش دەسەڵاتى تەقدیریی خۆى بۆ یەکلاییکردنەوەى قەیرانەکە بەکار بێنێ و هاوپەیمانێتییەکى نێودەوڵەتى بۆ بەڕێوەبردنى عێراق سەرلەنوێ دروست بکاتەوە؛ کە ئەمەیش کارێکی ئاسان نییە و ئەوسەرى قەیرانەکە دیار نییە و وڵاتانى ڕۆژاوا جارێکی تر نایەنەوە ناو زۆنگى عێراق؛ بەڵام پشتیوانیى نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتى عێراق تا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکاتەوە زۆرتر دەبێ. لەو حاڵەتەدا هاتنەوەى هێزە بیانییەکان بۆ عێراق جارێکی تر ئەگەرێکی نزیک دەبێت. مەبەست لە بەکارهێنانى دەسەڵاتى تەقدیریى ئەنجومەنى ئاسایش لە شێوازێکی تردا دەبێت، نەک بە ڕێگەچارەکانى پێشوو کە لە قەیرانەکان گرتوونییەتە بەر.

پارسەنگی داگیرسانی فتیلەکە لەسەر ئاییندەى پرۆسەى سیاسیی عێراق

ئایا ئێران ئەو لایەنەیە کە ئه‌گه‌ر بێئومێد بوو، فتیلەکەى ئاشوب دادەگیرسێنێ؟ ئایا لێرەدا مەبەست لە داگیرساندنى فتیلەى ئاشوب، لە پارسەنگى هەڵبژاردنەکان چییە؟ ئایا تەنیا مەبەست لێی تێکدان و لەباربردنى دۆزەکەیە بەرەو خراپتر؟ دیارە داگیرسانی فتیلەکە تەنیا یەک ڕێگەى نییە؟ هەرسێ سیناریۆکە فتیلەکە دادەگیرسێنن، بەڵام تینی ئاگرەکە جیاوازە، بەڵام پارسەنگەکەى مەترسیدارە، ئەویش:

  • هەر یەکێک لەو سیناریۆیانە کۆمەڵگەى عێراقی بەرەو تەقینەوە دەبەن، چونکە چوارچێوەى کۆمەڵگەکە پڕمەتەرێز و بەسوپا کراوە. جارێکی تر گەڕانەوە بۆ دۆخی مەدەنى لە عێراق کارێکی قورسە، چونکە ئەوەندەى لۆژیکی نفووز و هێز بەرقەرارە، ئەوەندە دیموکراسییەت و هەڵبژاردن برەوێکی نییە؛ تەنیا ئەوەندە نەبێ کە لایەنی زۆرینە بۆ نوێکردنەوەى شەرعییەت هەر چوار ساڵ جارێک یان کەمتر پەناى بۆ دەبات.
  • پرۆسەى هەڵبژاردن لە عێراق ئەوەندەى میکانیزمی ململانێیە، ئەوەندە چاوەڕوانی گۆڕانى باش و وەرچەرخانى ئەرێنیی دیموکراسیی لێ ناکەوێتەوە؛ لایەنەکان تەنیا ئەوەندەیان لە هەڵبژاردن دەوێ تا پێی خۆیان قایمتر بکەن و لەو نێوه‌نده‌یشەوە خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن.
  • عێراق پێش ئەوەی دووچارى جه‌نگى ناوخۆ ببێ، دووچارى ئیفلاسبوون دەبێ؛ ئەمەیش هەڵدێرانی ئاسانتر دەکا.
  • مامەڵەى نێودەوڵەتی لەگەڵ حکوومەتى عێراق دژوار دەبێ؛ بە جۆرێک کە نازانن مامەڵە لەگەڵ کێ بکەن، چونکە ئەوەى کە باڵادەست دەبێ، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی بێزراو دەبێ. لەمەیشەوە قەیرانی شەرعییەتی دەسەڵات قووڵتر دەبێتەوە.
  • دەستێوەردانى نێودەوڵەتی زێتر دەکات، چونکە لایەنەکان لە بەرامبەر مەترسیی زۆرینە، پەنا بۆ پشتیوانیى هەرێمی و نێودەوڵەتى دەبەن.
  • عێراق لە دابەشبوون نزیک دەبێتەوە.
  • هەڵبژاردن لە عێراق وەک میکانیزمێکی ململانێی نێودەوڵەتى و هەرێمی بەگەڕ خراوە. سەرکەوتنى هەر ڕەوتێکی سیاسی لەو هەڵبژاردنە، بەرامبەرە بە سەرکەوتنى قەڵەمڕەوێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
  • ئەگەر لە چوارچێوەیەکی عێراقدا مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکە نەکرێ، دەبێتە قەیرانێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و، دووریش نییە جەنگێکی ترسناکی لە ناوچەکە لێ بکەوێتەوە.

کورد دەبێ چی بکا؟

پوختەى قسان ئەوەندەى کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە چەند شتێکە:

  • خۆلادان لە هەر جەنگێکی تائیفەگەرى یان مەزهەبی، کە دوور نییە پێش هەڵبژاردن لە بێئومێدیدا بکەوێتەوە، چونکە سەبارەت بە کورد جەنگێکی بێهوودەیە و لە نێوه‌ندیشییەوە دەبێتە بەشێک لە ململانێیەکى هەرێمیی ترسناک؛ بەڵام خۆپاراستن لە خۆیدا بەهێزییە.
  • زیاتر کار لەسەر لایەنە سیاسییەکانى عێراق بکرێ نەک حکوومەت، چونکە ئەوەندەى لایەنەکان کاریگەرترن لە واقعی پراکتیکی، ئەوەندە حکوومەت نفووزى بەسەریانەوە نییە. چەند پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکان ئەرێنی بن، ئەوەندە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمانى عێراق باشتر دەبن.
  • پێویستە لەسەر لایەنە کوردییەکان، زۆرترین کورسیی پەرلەمان لە ناوچە جێناکۆکەکان بەدەست بێنن، کە دەبێتە قەڵغانێکی یاساییی پتەو بۆ ماددەى 140 و پاراستنى دانیشتووانى کورد لەو ناوچانە و بەرگرتن لە سیاسەتەکانى تەعریب.
  • یەکڕیزیى کوردستانى و گوتارى نیشتمانسازیی هاوبەش، چونکە چەند کێرڤی یەکڕیزی بەرز بێت، ئەوەندە تواناى بڕیاردان و دەستکەوتنى مافەکانى مسۆگەر دەبێ.
  • دەبێ کورد لەوە تێ بگا کە چەقی ململانێکان لە حکوومەتى داهاتوودا پەرلەمانە. گەرچی لەوانەیە بەشدارى لە حکوومەتیشدا بکات، دەبێ ئەو سەنگەرە زیاتر بەپسپۆرى بکرێ و بایەخی زێترى پێ بدرێ و ناوەندێکی لێکۆڵینەوەى بۆ دروست بکرێ، تا ببێتە پشتیوانێکى بەهێزى فراکسیۆنى کوردستانى لە پەرلەمانى عێراقی.
  • هەوڵدان بۆ دروستکردنى فیدراسیۆنێکی کوردستانیی هاوبەش لە پەرلەمانى عێراق.
  • خۆئامادەکردن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندان دۆسیەى هەستیار و مەترسیدار بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە پەرلەمانى داهاتووى عێراق لەلایەن زۆرینەوە، خاڵی وەرچەرخان و یەکلاییکردنەوەى پرسەکانە، وەک: دەستوور، ماددەى 140، یاساى نەوت و غاز و دادگه‌ى فیدراڵی و هتد.
  • هێشتنەوەى پەیوەندییەکانى بەبەهێزى لەگەڵ هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان.
  • تا دەکرێ هاوسەنگى لە پەیوەندییەکان بپارێزرێ، به‌تایبەت لەگەڵ ئەو لایەنانەى کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارى دۆزی عێراق هەیە.
  • زیاتر نزیکبوونەوە لەو لایەنە عێراقییانەى کە بەرژەوەندییەکانى هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرن و خوازیارى نەهێشتنى گەندەڵی و دروستکردنى عێراقێکن لەسەر بنەماى فیدراڵییەت و مەدەنییەت.
  • سەرۆکى هەرێم دەتوانێ خاڵی گەیەنەر و ئەرێنی بێ لە ناوخۆى کوردستان و هێشتنەوەى پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانى هەرێم لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ و لایەنە عێراقییەکان، تا لەوێوه‌ بەرژەوەندییەکانى هەرێم بەدی بێن و پارێزراو بن.
  • هەوڵدان بۆ یەکلاییکردنەوەى دۆسیە هەڵپەسێراوەکانى هەرێم لەگەڵ بەغدا، چونکە جۆرێک لە ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکان کاتییە و دژوارییەکە دواى هەڵبژاردن و، لە یەکەم چرکەساتی یاساى بوودجەى ساڵانەى نوێ، بیانووەکان سەرلەنوێ هەڵدەدەنەوە؛ ئەویش ئامادەییی پێویستە، چونکە ململانێکە لە جاران بێڕەحمتر و دژوارتر و توندتر دەبێ و مەترسییەکان لەوێوه‌ بۆ سەر هەرێم زۆرتر دەبن.