هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی: ئەگەر و سیناریۆکان

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق لە ١٠/١٠/٢٠٢١ بەڕێوە دەچێت؛ هەڵبژاردنێک تەواو جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی تر. لەو هەڵبژاردنە عێراق لە ١٨ بازنەی هەڵبژاردن بۆ ٨٣ بازنە فراوان کراوە، کەسانی سەربەخۆ دەتوانن لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار بن، ٤٤ هاوپەیمانی، ٢٦٧ حزبی سیاسی و ٨٨٧ بەربژێری بێلایەن کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی دەکەن. لەم هەڵبژاردنەدا ٦٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی لە ٥٢ وڵات بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن. ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، پرۆسەیەکی قورس دەبێت و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە کە سەرلەنوێ پەنا ببردرێتە بەر دەستنیشانکردنی کەسێکی بێلایەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر پێکهاتە سەرەکییەکانی بەشدار لە پەرلەمان و پشتیوانیی وڵاتانی هەرێمایەتی و سیناریۆکانی داهاتوو.

پێکهاتەی شیعە

هەمان ئەو نوخبە کۆنە سیاسی و ئایینییەی کە لە دژی ڕژێمی سەددام حوسێن خەباتیان کرد و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن، تا ئێستا خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و ئایینین. ئەگەرچی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بووە هۆی هاتنەناوەوەی چەند کاندیدێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەم کاندیدانە بە حوکمی ستراکتۆری سیاسیی عێراق، کە ستراکتۆرێکی چەقبەستووە، ناتوانن گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیدا بکەن؛ چونکە پێشوەختە ئەم ستراکتۆرە لە نێوان هێزە سەرەکییەکانی کورد، شیعە و سوننە دابەش کراوە و گۆڕانکاری لەم ستراکتۆرەدا ناکرێت. ئەم ستراکتۆرە بریتییە لە تەرخانکردنی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە. کەواتە گشت گەمە سیاسییەکانی عێراق، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی ئەم ستراکتۆرەدا ئەنجام دەدرێت. لە ئێستادا لە گۆڕەپانی سیاسیی شیعەدا چەند قەوارەیەکی سەرەکی ڕکابەرێتی لەگەڵ یەکتردا دەکەن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین.

هاوپەیمانیی سائیرون: ئەم هاوپەیمانییە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا توانی ٥٤ کورسی دەستەبەر بکات؛ هاپەیمانییەک کە بە پلەی یەکەم ڕەوتی سەدر و کۆمۆنیستەکانی عێراق تێیدا بوونەتە بە هاوپەیمان، کە لە تیۆریدا دوو ڕوانگەی تەواو جیاوازیان بۆ سیاسەت و کۆمەڵگە هەیە. ئەم هاوپەیمانییە بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر بانگەشەی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی دەکات. بە واتایەکی تر پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران دەکات. ئەم پێداگرییە لە گوتەکانی موقتەدا سەدر و گشت ئەندامانی ئەم ڕەوتە، بووەتە گوتەیەکی ڕۆژانە. بەڵام بەپێی واقعی نوێی هەڵبژاردن، خراپیی ئەدای وەزیرەکانی سەر بەم ڕەوتە، بەتایبەتیش لە کابینەکەی مستەفا کازمی کە هەر یەک لە وەزارەتی کارەبا، تەندروستی، ژینگە و بانکی ناوەندی لەدەست وەزیرەکانی ئەم ڕەوتی سەدر/سائیرونه‌ بوون و خراپترین ئەدای حکوومەتییان هەبوو، هەروەها خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و کەمیی ڕێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنانەدا، سەختە ئەم هاوپەیمانییە هەمان ڕێژەی دەنگی جارانیش بهێنێتەوە.

دەوڵەتی یاسا: ئەم هاوپەیمانییە کە لە ئێستادا تەنیا خاوەن ٢٥ کورسییە، ڕکابەری سەرەکیی هاوپەیمانیی سائیرونە. کاتێک کە موقتەدا سەدر بایکۆتکردنی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند، ئەمە شه‌نسێکی گەورەی بە دەوڵەتی یاسا بەخشی کە بتوانێ دووبارە پۆستی سەرۆکوەزیران دەستەبەر بکات. هەر یەکە لە (حزبی دەعوە، حزبوڵڵای عێراقی، حزبی دەعوەی ئیسلامی، بزووتنه‌وه‌ی بەشائیر، بزووتنه‌وه‌ی بیدایە، پێكه‌وه‌ له‌ پێناو یاسا (معا للقانون)، یه‌كێتیی ئیسلامیی توركمانی عێراق، بزووتنه‌وه‌ی ئیرادە) لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییەدان. زۆربەی سەرکردەکانی ئەم لیستە هەمان سەرکردەی جارانن و هۆکاری سەرهەڵدانی داعشیش لەناوچە سوننەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری لەناوچە شیعەکان بە پلەی یەکەم، دەدرێتە پاڵ ئەو سەردەمەی کە نووری مالیکی سەرۆکوەزیران بوو کە ئێستا سەرکردایەتیی ئەم هاوپەیمانییە دەکات. زیاد لەمەیش بەشێک لە سەرکردەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە لێی جیا بوونەتەوە و لیستی نوێیان پێک هێناوە. سەختە ئەم لیستەیش لە ئاستی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە.

هاوپەیمانیی فەتح: ئەم هاوپەیمانییه‌ لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ٤٧ کورسیی دەستەبەر کردبوو. بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە میلیشیاکانی وەک عەسائیب و بەدر و نوجه‌با و (ڕێکخراوی بەدر، گردبوونه‌وه‌ی سەنەد نیشتمانی، مەجلسی ئەعلا، ڕێکخراوی عەمەلی ئیسلامی، سادقوون، بزووتنه‌وه‌ی جیهاد و بینا) لەخۆ دەگرێت. بە حوکمی ئەوەی کە پێکهاتەی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە لە حەشدی شەعبییە، بۆیە جەماوەری بەرچاوی هەیە؛ بەڵام ئەوەی کە لەم هاوپەیمانییەدا کێشەیە، بریتییە لەوەی کە بەشێک لەو هێزە چەکدارانەی سەر بەم هاوپەیمانییە، وەک حزبوڵڵای عێراق، بە لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە و چونکە ئەم خولەی هەڵبژاردن فرەبازنەی بچووکە. بەڵام، شه‌نسی ئەم هاوپەیمانێتییە لە هاوپەیمانیی ڕەوتی سائیرون و دەوڵەتی یاسا زۆرترە و پشتیوانیی زۆرتری ئێرانیشی لەگەڵدایە، بەتایبەتیش کە کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس، دەکرێ بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و دەنگدان بەم هاوپەیمانییە بەکار بهێنرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم دەرفەتە هەیە کە هێزە چەکدارەکان کە لە بازنەیەک باڵادەست بن، بتوانن ساختەکاری لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردندا بکەن.

هاوپەیمانیی "هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی" (قوی الدولة الوطنیة): ئەگەرچی سەرکردەکانی ئەم لیستەیش کۆنن، بەڵام خودی لیستەکە،  لیستێکی نوێیە بە سەرۆکایەتیی عەمار ئەلحەکیم کە لەم حزبانە پێک دێت: ڕه‌وتی حیکمەی وەتەنی، موئتەمەر وەتەنی عێراقی، حزب مەد عێراقی، کوتلەی نەسر و ئیسلاح، ڕه‌وتی وەتەنییۆن). ئەم هاوپەیمانییە هاوپەیمانییەکی میانڕەوە.

پێکهاتەی سوننە

پێکهاتەی سوننە، بڕیاری داوە کە ئەم جارە بە گشت توانایەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، بەڵام سوننە ڕووبەڕووی دوو کێشەی سەرەکی بووەتەوە:

کێشەی یەکەم: بەپێچەوانەی کورد و شیعە کە مەرجەعیان هەیە (شیعە مەرجەعە ئایینییەکان و ئێران، کوردیش دامەزراوەکانی هەرێم و نوخبەی سیاسیی کۆن)، بەڵام سوننە ئەم مەرجەعەی نییە کە بتوانێت بڕیاری یەکلاکەرەوە لە چارەسەرکردنی پرسەکان بدات.

کێشەی دووەم، لیستە بەشداربووەکانی عەرەبی سوننە لە هەڵبژاردنەکان زۆرتر ڕەنگدانەوەی پارێزگا سوننەنشینەکانن نەک ئەوەی کە ڕەنگدەرەوەی پێکهاتە و قەوارەی جوگرافیی سوننە بێت. بۆیە ئەمەیش وای کردووە کە دەنگی عەرەبە سوننەکان بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو پەرتەوازەتر بێت. بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە، سوننە بە چەندین لیست بەشدار بووە کە سێ لێست لە گشتیان گرنگترن و بریتین لە:

  • هاوپەیمانیی "پێشكه‌وتنی نیشتمانی" (تقدم الوطنی)، بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی، کە لە پارێزگای ئەنبار و دەوروبەری بەهێزە. ئەم ڕەوتە، ڕەوتێکی نوێیە و تا ڕاددەیەک پشتیوانیی کورد و کۆمەڵێک لایەنی شیعەیشی لەگەڵدایە. تورکیایش تا ڕاددەیەک لەم ڕەوتە نزیکە. ئەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە حزبەکانی وەک گردبوونه‌وه‌ی هاوكاری (تجمع التعاون)، حزبی تەقەدوم، خه‌یار ئەلعەرەبی، حەق ئەلوەتەنی، گردبوونه‌وه‌ی نەهزەی جیل، موبادرەی وەتەنی، موقتەدیرون بۆ ئاشتی و بنیاتنان (مقتدرون للسلم والبناء).
  • هاوپەیمانیی "عه‌زمی عێراق" (العزم العراق)، بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، کە زۆرتر لە پارێزگای سەڵاحەددین و دەوروبەری بەهێزە. خەمیس خەنجەر پێشتر لە ڕووی دارایییەوە یارمەتیی ئەو سوننانەی دەدا کە لە دژی حکوومەتی بەغدا بوون. ئەم هاوپەیمانییە خاون پرۆژەی "مەشرووع عەرەبی"یە. لە دوای ڕووداوەکانی داعش و بەهێزبوونی حەشدی شەعبی و دەستگرتن بەسەر ناوچە سوننەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، خەمیس خەنجەر لە حەشدی شەعبی و ئێران نزیک بووەتەوە، چونکە لەوە ئاگادارە کە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەبێ بە ڕەزامەندیی ئێران بێت. ئەم هاوپەیمانییە پێک هاتووە لە: مەشرووعی عەرەبی لە عێراق، حزبی مەسار ئەلمەدەنی، کوتلەی وەفا، کوتلەی عێراقی حور، حزبی مەجدی عێراق، حزبی تەسەدی، گردبوونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ چاكسازی (كتلة المدنی للاصلاح)، حزبی حەل.
  • هاوپەیمانیی "پڕۆژه‌ی ڕزگاریی نیشتمانی" (المشروع الوطنی للانقاذ)، کە لەلایەن "ئوسامە نوجەیفی"یە سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەم لیستە زۆرتر نوێنەرایەتیی پاریزگای مووسڵ و دەوروبەری دەکات. ئوسامە نوجەیفی کە پێشووتر سەرۆکی پەرلەمان بووە، زۆرتر ڕوانگەیەکی عرووبەی بەعسیزمی هەیە و لەگەڵ جەماڵ زاری هاوپەیمانیی بەستووە. ئەگەرچی ئەم هاوپەیمانییە، لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکان و تەنانەت تورکیایش پشتیوانی دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا لاوازترین هاوپەیمانییە لە نێوان سوننەکان، چونکە ناوچەی مووسڵ کە پێگەی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییەیە، لە سەردەمی داعش خاپوور کرا؛ بەشێکی بەرفراوانی لە دەنگدەرانی کوردن و دەنگ بە لیستە عەرەبییەکان نادەن و زۆربەی عەرەبەکانی ئەم ناوچەيەیش ئاوارەی هەرێمی کوردستانن. خودی هاوپەیمانییەکەیش ڕابردوویەکی سیاسی و که‌لتووریی پاکی نییە و بەشێک لە سەرکردەکانی بە ئەنجامدانی گەندەڵی و ساختەکاری تاوانبار کراون.

پێکهاتەی کورد

هەرچی سەبارەت بە کوردە، دوو هێزی سەرەکی هەن:

یەکەم: "پارتی دیموکراتی کوردستان"، کە جۆرە لێکتێگەیشتنێکی لەگەڵ ڕەوتی سەدر هەیە. بەڵام بەگومانەوە دەڕوانێتە ئەم لێکتێگەیشتنە، بەتایبەتیش لە دوای هەڵوێستی موقتەدا سەدر سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان و دواتر گۆڕینی هەڵوێستی خۆی کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەشدار دەبێت. بە حکومی سنووری جوگرافی لە نێوان ناوچەی ژیر کۆنتڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و وڵاتی تورکیا، بۆیە حکوومەتی تورکیا لە نێوان لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، زۆرتر پشتیوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات؛ ئەمەو سەرەڕای بوونی بەرژەوەندیی ئابووریی دوولایەنە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

دووەم: "هاوپەیمانیی کوردستانی" کە پێک هاتووە لە "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" و "بزووتنەوەی گۆڕان"، بەڵام بەهۆی بەهێزبوونی "جووڵانەوەی نەوی نوێ" لەناوچەی سلێمانی، هەڵه‌بجە و گەرمیان، هەروەها بەهۆی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشبینی دەکرێت کە ئەم هاوپەیمانێتییە دەنگەکانی لەکەمی بدات. لەناو ئەم هاوپەیمانێتییەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هاوپەیمانیی فەتح/حەشدی شەعبییەوە نزیکە. خودی ئەم هاوپەیمانییەیش بە حوکمی هەبوونی سنووری جوگرافیی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی و بەرژەوەندیی ئابوورییه‌وه‌ زۆرتر لە ئێران نزیکە. خودی ئێرانیش پشتیوانی لە هاوپەیمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی فەتح دەکات.

ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمایەتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا

ئێران

لەم هەڵبژاردنەدا نەک تەنیا ئێران و تورکیا ئامادەیییان هەیە، بەڵکوو چەند وڵاتێكی تری وەک سعوودیا و ئوردنیش بۆ هاوکێشەکە زیاد بوونە، بەڵام ڕۆڵی هەرێمایەتیی ئێران لە عێراقدا، ڕۆڵی سەرەکییە. ئەگەرچی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و دواتریش کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو موهەندس لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، ڕۆڵی ئێرانی لە عێراقدا کەم کردووەتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای لاوازیی ڕۆڵی ئێران نایه‌ت، چونکە ئێران هەموو تەرکیزی خۆی خستووەتە سەر حەشدی شەعبی و گرووپەکانی سەر بەم حەشدە. تەنانەت لە سەرەتای مانگی سێپتەمبەر، ئێران توانی ٣٠،٠٠٠ چەکداری تر بخاتە سەر دەستەی حەشدی شەعبی و، مستەفا کازمییش کە پێشتر دژی ئەم هەنگاوە بوو، بەم بڕیارە ڕازی بوو. ئێران، وەک نەریتی باو پشتیوانی سەرەکیی شیعەکانه‌؛ هاوکات لەناو شیعەکانیشدا بە پلەی یەکەم پشتیوانی لە هاوپەیمانییەتیی فەتح/حەشدی شەعبی و دەوڵەتی یاسا دەکات. ئەگەرچی پشتیوانییەکەی لە ڕەوتی سەدر لاوازە، بەڵام بە مانای ئەوە نایه‌ت کە ئەم ڕەوتەی پشتگوێ خستووە، چونکە ڕەوتی سەدر و حزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگەی ئێرانەوە پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و تەواوکەری هیلالی شیعەن کە ئێران هەوڵی دامەزراندنی دەدات. سەرەڕای ئەوەی کە لەناو خودی لیستە بەشداربووەکانی سوننە، ئێران هەم لە محەمەد حەلبووسی نزیکە هەمیش لە خەمیس خەنجەر. ئەگەر بە ڕەزامەندیی ئێران نەبوایه‌، محەمەد حولبووسی نەدەبوو بە سەرۆکی پەرلەمان.

ئێران لە ڕێگەی سەرۆکوەزیرانەوە، گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان دێنێت؛ گوشارەکانی وەک بڕینی بوودجە، چارەسەرنەکردنی کێشەی پێشمەرگە، بەهێزکردنی حەشدی شەعبی و دەربازکردنی یاساکان بە زۆرینەی شیعە. ئەم گوشارەی ئێران بۆ چۆکپێدادانانی هەرێمی کوردستانە، چونکە هەرێمی کوردستان لەناو جەرگەی جوگرافیای تەواوکردنی هیلالی شیعییە کە لە ڕێگەیەوە ئێرانه‌وه‌ دەگاتە دەریای سپیی ناوەڕاست. زیاد لەمەیش لە کابینەی نوێی ئێراندا، بەپێچەوانەی پێشوو، ڕەفتارێکی تەواو پارێزگارانە دەبینرێت، چونکە خودی سەرۆکوەزیرانی ئێران، جێگرەکەی و وەزیری دەرەوە سەر بە باڵی پارێزگارن کە لە سوپای پاسدارانەوە نزیکن و جێبەجێکاری سیاسەتی سوپای پاسدارانن کە زۆرتر گرنگی بە چالاکییەکانی میلیشیایی دەدەن نەک دیپلۆماسی؛ واتە ئەوەی کە لە ئێران بە سیاسەتی "مەیدان" ناسراوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە تەرکیزی ئێران زۆرتر بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیە، کە لەم نێوەندەدا، ناسەقامگیرکردنی عێراق بۆ ئێران زۆر گرنگە. زیاد لەمانەی سەرەوە، ئەوەی کە دیاریکەری ئاراستەی سیاسەتی ئێرانە لە هەمبەر عێراق، لەژێر کاریگەریی دانوستاندنەکانی دۆسێی ئەتۆمیی نێوان ئێران و ئەمریکادایە. واتە جۆری پەیوەندیی نیوان ئێران و ئەمریکا، ئاراستەی سیاسەتی ئێران لە عێراقدا دیاری دەکات.

تورکیا

هەرچی سەبارەت بە تورکیایە، ئەگەرچی خوی لە لایەنە سوننەکان و کوردەکان نزیک دەکات، بەڵام تورکیا هەوڵ دەدات کە بەغدا لە هەولێر بەهێزتر بێت. خاڵی سەرەکیی بەیەکگەیشتنی تورکیا و هەرێمی کوردستان بریتییە لەوەی کە هاوکات هەم تورکیا و هەمیش هەرێمی کوردستان، دژی بەهێزبوونی هەژموونی ئێرانن لە عێراقدا؛ بۆیە لێرەدا تورکیا ناتوانێت بەباشی لە عێراق گەمە بکات، چونکە پشتیوانیکردن لە بەغدا، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئێران و، پشتگوێخستنی بەغدا دەبێتە هۆی بەهیزبوونی هەرێمی کوردستان. ئەمەیش بەو مانایە دێت لە هەردوو لایەنەوە کێشە بۆ بەرژەوەندی و یەکپارچەییی خاکی تورکیا دروست دەبێت و عێراق بۆ تورکیا بووە بە گرێکوێرەی ئاسایشی (security dilemma).

ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان

بە باسکردن لە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا، بەرچاوڕوونیمان سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمی لە عێراقدا زۆرتر دەبێت. هەروەک باسمان کرد، لەم هەڵبژاردنانەدا نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێر دەبێت. ئەمەیش بووە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی لایەنە شیعەکان لە هەمبەر ئەم بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتیش ئێران، هاوپەیمانیی سائیرون و گشت ئەو لایەنە سیاسی و سەربازییانەی کە سەر بە میلیشاکانی حەشدی شەعبین وەک جووڵانەوەی نوجەبا و حزبوڵڵای عێراق.  بەپێچەوانەوە، هەر یەک لە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە، کوردەکان و زۆربەی نوخبەی سیاسیی سوننە، جیا لە حەلبووسی، پشتیوانی ئەم بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون؛ چونکە ئەم بڕیارە دەبووە هۆی کەمکردنەوەی دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراقدا.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ٢٥٢٢ کە لە ڕێکەوتی ٢٩/٥/٢٠٢٠ دەرکراوە، بەپێی ئەم بڕیارە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یۆنامی، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بۆ تاوتۆێکردنی ڕەوشی ئەمنیی عێراق گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بکات. هەر بۆیەیش جنین پلاسخارت لەم بارەوە هەم سەردانی تورکیا و هەمیش ئێرانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئاسایشی عێراق. زیاد لەمەیش بەپێی ئەم بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان مافی ئەوەی هەیە کە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی، دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا بکات. کەواتە هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەبارەی داهاتووی عێراق، بریتییە لە پاراستنی سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی گشت لایەنەکان. تا حاڵی حازریش ئەوە بەرژەوەندیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بووە کە عێراقی وەک وڵاتێکی یەکپارچە تا ئێستا ڕاگرتووە، ئەگەرنا عێراق هاوشێوەی "پیاوە نەخۆشەکە" (ئیمپراتورییه‌تی عوسمانی)یە کە لەسەرمەرگدایە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم هەڵبژاردنەیش دوایین هەڵبژاردنی عێراق بێت.

کەواتە خودی ئەم هاوکێشەی سەرەوەیە دیاری دەکات، گەمەی سیاسی لە عێراقدا لە نێوان ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا چۆن دەبێت. لەم گەمەیەدا، گەمەی سەرەکی لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانە. لێرەدا دوو هێزی بەهێز هەن کە بریتین لە ئێران و ئەمریکا. دوای ململانێ ناوخۆیییەکان بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین کورسیی پەرلەمانی، هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دیاریکردنی کەسایەتییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە سەرەکییەکانی وەک سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی عێراق گفتوگۆ دەکەن، بەتایبەتیش لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە ناوبژیوانیی بریتانیا. ئەگەر هات و ئەو هێزانەی کە ئێران پشتیوانییان دەکات، لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو نەبن، ئێران ئامادەیە لە هەمبەر ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا بە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕازی بێت؛ تەنانەت ئەگەر دەرەنجامەکان بەپێچەوانەی خواستی ئێران بێت. هەر لەم سۆنگەیەوە ئێران پێشوەختە بە ناوبژیوانیی عێراق، دەستی کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ سعوودیا، چونکە ئێران زۆر بەباشی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری ئەوە هەیە دەرەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە سوودی ئێران نەبێت.

سیناریۆکانی بەردەم عێراقی دوای هەڵبژاردن

هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە، هەڵبژاردنی ئاڵۆزن و پێشبینیکردنی دەرەنجامەکانی دوای هەڵبژاردن کارێکی قورسە؛ ئەمەیش بەو هۆیەوە کە عێراق وڵاتی ڕوودانی "ڕووداوە لەناکاوەکان"ە. بەگشتی بۆ داهاتووی عێراق باس لە چەند سناریۆیەک دەکرێ:

سیناریۆی یەکەم: هاوپەیمانیی سائیرون یاخود ڕەتی سەدر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان مسۆگەر بکات و بە هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی سوننە و کورد، حکوومەتی داهاتوو پێک بێنیت. دەکرێ ئەم سناریۆیە لە واقعەوە نزیک بێت، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی کە هاوپەیمانیی سائیرون زۆرترین دەنگ بێنێتەوە، بەڵکوو بەو هۆیەوە کە پۆستی سەرۆکوەزیران لە ستراکتۆری سیاسیی عێراقدا بەپێی نەریتی سیاسی لە دوای ٢٠٠٣ بۆ شیعە مسۆگەر کراوە. هەر لە دوای ٢٠٠٣وە، هەر یەک لە حزبی دەعوە، دەوڵەتی یاسا و فەتح، حوکمی عێراقیان کردووە؛ کەواتە بەپێی نەریت ئەم جارە نۆرەی ڕەوتی سەدرە.

سیناریۆی دووەم: بریتییە لەوەی کە نەخشەی سیاسیی عێراق وەک جاران هیچ گۆڕانکارییەکی ئەتۆی بەسەردا نەیه‌ت و سەرەڕای بەرفراوانکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن و بوونی بەربژێری سەربەخۆ، بەڵام هەمان لیستە تەقلیدییەکان کورسییەکانی پەرلەمان مسۆگەر بکەن و ژمارەی کورسییەکانی هە لایەنێکیش لە ژمارەی کورسییەکانی لایەنەکانی تر نزیک بێت. لەم دۆخەدا پێکهێنانی کابینەی داهاتوو کارێکی قورس دەبێت؛ هاوشێوەی پێکهێنانی کابینەی نووری مالیکی کە نزیکەی هەشت مانگی خایاند یاخود کابینەی عادل عەبدولمەهدی کە نزیک بوو لە ماوەی سەرەوە. دەکرێ ئەم سناریۆیە خوێندنەوەی تریشی بۆ بکرێت، واتە بە حوکمی ئەوەی کە گفتگۆکان درێژە بکێشن و هیچ لایەنێکیش زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر نەکات و دۆخی دارایی و ئەمنیی عێراقیش نالەبارە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان پەنا ببەنە بەر پاڵێوراوکردنی کەسێکی سەربەخۆ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران؛ هاوشێوەی ئەوەی کە بۆ مستەفا کازمی ڕووی دا.

سیناریۆی سێیەم: سیناریۆی سێیەم باس لە جۆرە کودەتایەک دەکات، کە ئەگەری جه‌نگی ناوخۆ لە دوای ئەنجامدانی ئەم هەڵبژارنانە لە ئارادایە. واتە بە حوکمی کەمیی ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکان، جۆرە قەیرانێکی ڕەوایەتی لە سیستەمی سیاسیی عێراق بێتە کایەوە و زۆرتریش لایەنە سیاسییەکانی سەر بە ئێران بە گەیاندنی عێراق بەم دۆخە تاوانبار دەکرێن. هەر بۆیەیش لە ڕێکەوتی ١/١٠/٢٠٢١، موقتەدا سەدر هۆشداریی دایە وڵاتانی دراوسێی عێراق کە دەستێوردان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا نەکەن؛ کە مەبەستی سەرەکیی موقتەدا سەدر ئێران بوو. ئەم سناریۆیەیش پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێ:

  • بەهێزبوونی لایەنە چەکدارەکانی شیعە و قووڵبوونەی ململانێ لەناو خودی شیعەکان.
  • هاتنی سوننە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی و داواکردنی مافی سوننە بە پاڵپشتیی وڵاتانی وەک ئیمارات، سعوودیا، ئوردن؛ ئەمەیش وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر ئێران. ئەگەر بۆ چەند ساڵ لەمەوبەریش بگەڕێینەوە، پێش سەرهەڵدانی داعش سوننە لە دژی حکوومەتەکەی نووری مالیکی دروشمی "اما قلیم، او التقسیم" (یان بوون بە هەرێم یان جیابوونەوە)یان به‌رز كرده‌وه‌. ئێستایش لە پێش هەڵبژاردنەکان بە ماوەیەکی کەم و لە ڕێکەوتی ٢٤/٩/٢٠٢١، کۆنفرانسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێسرائیلیان لە هەولێر گرێ دراوە؛ کە ئەم ڕووداوانە ئاماژەن بۆ هاتنەوەی سوننە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق. لەم سناریۆیەدا ئەگەری هەڵپەساردنی دەستووری عێراق، ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و بەهێزبوونی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی حکوومەتی عێراق لە ئارادایە.

پوختە

هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق هەڵبژاردنێکی ئاڵۆزە. ئەگەرچی هەڵبژاردنەکانی یەک لە دوای یەکی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئێستا تەنیا بەهێزبوونی شیعەی لێ کەتووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵگه‌ی عێراقی لە دۆخەکە ناڕازییە؛ تەنانەت هەڵبژاردنی پێشوەختە کە خواستی شەقام بوو، لە ئێستادا خودی شەقام لە دژی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەستاوەتەوە، چونکە بەو دەرنجامە گەیشتووە کە هەڵبژاردن هیچ لە دۆخی نالەباری عێراق ناگۆڕێت. بۆیە پێشبینیی ئەوە دەکرێت کە لە دوای هەڵبژاردن دۆخی عێراق زۆرتر بەرەو ناسەقامگیری بڕوات. جگه‌ لەمەیش هاوکات بە ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک لە عێراق ژمارەی ئەکتەرەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی زۆرتر دەبێت کە دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەردەدەن.