هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکانی عێراق لە دوای هەڵبژاردن

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی، زانکۆی بەنگۆر

پێشەکی

هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ی عێراق کۆتایی هات و لیستە براوەکانیش دیاری کران. دوای هەڵبژاردن لە عێراق دۆخێکی تری سیاسی دێتە کایەوە. دۆخی نێوان هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینە، زۆرتر بە دۆخی گوتاری توند و مانۆڕدانی سیاسی و پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی نوێ دەچێت، بەڵام دواتر قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان دەست پێ دەکات و گشت هێزە سیاسییەکان ناچارن ڕەچاوی هێز و قورساییی یەکتر لەناو شەقامی عێراقدا بکەن و، پۆستەکان وەک هەڵبژاردنەکانی پێشووتر لە ڕێگەی ڕێککەوتن و پشکپشکێن دابەش دەبنەوە. دەکرێ قۆناغی نێوان هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینە، بە قۆناغی هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین پۆست و ئیمتیاز هەژمار بکەین. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر دۆخی عێراقی دوای هەڵبژاردن، بەڵام پێش ئەمە، پێویستە بەرچاوڕوونیمان سەبارەت بە ستراکتۆری سیاسیی عێراقی دوای ٢٠٠٣ هەبێت؛ چونکە وەک نه‌ریتێكی سیاسی، گشت گەمە سیاسییەکانی دوای هەڵبژاردن، لە چوارچێوەی ئەم ستراکتۆرە سیاسییەدا دەخولینەوە.

ستراکتۆری سیاسیی عێراق

لە عێراقی دوای ٢٠٠٣، نه‌ریتێكی سیاسی باو بووە کە تا هەنووکەیش پەیڕەو دەکرێت؛ ئەم نه‌ریته‌ بووەتە بە ستراکتۆرێک و لایەنە سیاسییەکان تا هەنووكه‌یش پێوە پابەندن و خودی ستراکتۆرەکە ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازییە قووڵەیە کە لە نێوان پێکهاتە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا هەیە. ئەم ستراکتۆرە بریتییە لە سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ عەرەبی سوننە؛ واتە پۆستە سیادییەکان لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقدا دابەش کراوە و، ئەم دابەشکردنەیش ناوی "دیموکراسیی تەوافوقی"ی وەرگرتووە. کەواتە گشت گەمە سیاسییەکانی عێراقی دوای هەڵبژاردن لەم چوارچێوەیەدا دەبێت و، خودی ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییه‌كانیش هەر لە چوارچێوەی ئەم ستراکتۆرەدا، بۆ دیاریکردنی کەسەکان بۆ پۆستە سیادییەکان ڕکابەرێتیی یەکتر دەکەن. ئەگەرچی لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە عەرەبی سوننە بە پاڵپشتیی وڵاتە عەره‌بییەکانی دراوسێی عێراق، داوای پۆستی سەرۆککۆماری بکەن، چونکە نایانەوێت کوردێک ببێتە سەرۆککۆماری دەوڵەتێکی عەرەبی کە ئەندامە لە کۆمکاری عەرەبی و بە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی خاوەن ڕیشەی عەرەبی هەژمار دەکرێت. خودی ئەم بانگەیشەیەیش ڕەنگدانەوەی ساختەبوونی دەوڵەتی عێراق و لەرزۆکبوونی دیموکراسیی تەوافوقییه‌ لەم وڵاتەدا.

دۆخی شیعە لە دوای هەڵبژاردن

ئەگەرچی شیعەبوون چەتری کۆکەرەوەی گشت لایەن و هێزە شیعەکانە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایه‌ت کە شیعەکان کێشە و ململانێی ناوخۆیییان نییە. دابەشکردنی عێراق بۆ ٨٣ بازنە، بووە هۆی پەرتبوونی دەنگی زۆربەی لایەنەکانی شیعە، بەتایبەتیش ئەو لایانەنەی کە سەر بە حەشدی شەعبین و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی فەتحدا خۆیان دەبیننەوە؛ بەتایبەت ئەگەر بێت و سەیری ئەم ڕاستییە بکەین کە لە کۆی ٧٣ بازنەی هەڵبژاردن، لە پەنجا بازنە هێزە شیعەکان زۆرترین دەنگیان مسۆگەر کردووە. له‌ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق، بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، دەنگی هیچ بازنەیەک بۆ بازنەیەکی تر و دەنگی هیچ بەربژێرێک بۆ بەربژێرێكی تر نەدەگوازرایەوە، تەنیا لە پرسی کۆتاییی تایبەت بە ئافرەت نەبێت؛ بۆیە هەندێ لایەنی سیاسی ناچار بوون لە هەندێ بازنەدا هیچ بەربژێرێکیان نەبێت؛ سەرەڕای ئەوەی کە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان ئاشنای ئەم فرەبازنەیییە نەبوون. بۆ نموونە، باس لەوە دەکرێت کە لە هەندێک بازنە هەر یەک لە بەدرییەکان، عەسائیبی ئەهلی هەق و حزبوڵڵا کە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە هاوپەیمانیی فەتحن، بەربژێریان لە بازنەیەکدا هەبووە و ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە هیچ بەربژێرێکی ئەم لایەنە سیاسی-چەکدارانە سەر نەکەوێت و بەربژێری لیستی سائیرون سەر بکەوێت؛ بەڵام کۆی گشتیی دەنگی ئەم سێ لایەنە لە دەنگی لیستی سائیرون لە بازنەکەدا زۆرترە. یاخود بەپێی توێژینەوەیەک کە "ناوەندی ئور بۆ توێژینەوەی ستراتیژی" ئەنجامی داوە، باس لەوه‌ دەکرێت کە بەهۆی ئەم فرەبازنەیییەوە و شارەزانەبوون لە چۆنێتیی دیاریکردنی بەربژێرەکان بۆ هەر بازنەیەک، هاوپەیمانیی فەتح (٢٠٧،١٤٦) دەنگی سووتاوە کە دەکاتە نزیکەی بیست کورسی. هەر بۆیەیش ئەم هاوپەیمانییە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، توانی ٤٨ کورسی مسۆگەر بکات، کەچی لەم هەڵبژاردنەدا توانیویەتی تەنیا ١٧ کورسی بەدەست بهێنێت. بەڵام هەمدیس ئەگەر تەنانەت بیست کورسییە بەفیڕۆچووه‌کەیشی بۆ هەژمار بکەین، ئەوە بەو مانایە دێت کە هاوپەیمانیی فەتح نەیدەتوانی بەقەدەر خولی پێشوو کورسی دەستەبەر بکات. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە بەپێی داتای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەو کەسانه‌ی کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ مافی دەنگدانیان هەبوو، بریتی بوون لە (٢٤،٣٥٢،٢٥٣) دەنگدەر؛ بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١، پتر لە بیست و پێنج ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبووە. واتە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢١، سێ نەوەی نوێ، مافی بەشداریکردن لە دەنگدانیان هەبووە.

پرسیارێک کە دەبێ لێرەدا سەبارەت بە هێزە شیعەکان بپرسین، بریتییە لەوەی کە دۆخی سیاسیی شیعە بەرەو کوێ دەڕوات؟ شیعەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێ سەرۆکوەزیران لە پشکی شیعە بێت؛ هەروەها ئەگەر لەژێر گوشاری ئێرانیش دەربچن، ناتوانن لەژێر گوتارەکانی "عەلی سیستانی"، گەورە مەرجەحی شیعە دەربچن. ڕاستە ئەو لایەنانەی کە ڕکابەری سەرەکیی موقتەدا سەدرن، "چوارچێوەی هەماهەنگی"یان پێک هێناوە و تا ئێستا توانراوە ٩٣ کورسیی پەرلەمانی لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە لە پێناو ئەوەی کە "کوتلەی ئەکبەر" دروست بکەن و کابینەی حکوومەت پێک بهێنن، بەڵام ئەمە ئەگەرێکی دوورە لە واقعییەتەوە، هه‌رچه‌نده‌ مەحاڵیش نییە. چونکە هیچ لایەنێکی شیعە ناتوانێت لایەنەکەی تر بسڕێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە ئەم هەقیقەتە بزانین کە گشت لایەنە شیعەکان خاوەن هێزی چەکدارن. شیعەکان نایانەوێت ئەو ئەزموونەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٧، لە نێوان سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر و سوپای عێراقی ژێر فەرماندەییی نووری مالیکی، دووبارە بکەنەوە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی خوێناوی لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا.

هەر بۆیەیش دەکرێ گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەم جارە سەدر حکوومەت پێک دێنێت، چونکە ئەگەر سەیری ئەزموونی عێراقی دوای ٢٠٠٣ بکەین، هەرچی حزبێک کە لە عێراق دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا بە دۆڕاوی لە هەڵبژاردنەکان دەرچووە. بۆیە دەکرێت هاندانی سەدر بۆ پێکهێنانی کابینە بە ئەگەریک دابنێن بۆ تێکشکاندنی سەدرییەکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیستەمی سیاسی لە عێراقدا؛ هه‌رچه‌نده‌ ئەگەری ئەوە هەیە کە خودی سەدر ڕازی نەبێت کەسێکی تەواو سەدری ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵکوو کەسێک بێت کە تەنیا وەفاداریی بۆ موقتەدا سەدر هەبێت. ئەگەری ئەوە هەیە کە سەدر ئەم پلانە بگرێتە بەر، لەبەر ئەوەی کە حوکمڕانی لە عێراقدا سەختە و موقتەدا سەدریش نایەوێت بەرپرسیارێتیی گەندەڵی و وێرانیی عێراق لە ئەستۆ بگرێت کە چارەسەرکردنیشی زۆر ئەستەمە. زیاد لەمەیش، هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو، ئەم کابینەیەیش کابینەیەکی تەوافوقی و پشکپشکێن دەبێت، چونکە هیچ لایەنێک، تەنانەت ئەگەر گەورەترین فراکسیۆن بێت و بتوانێت ٥٠+١ی متمانەی پەرلەمانی دەستەبەر بکات، بەڵام ناتوانێت بەتەنیا لە دۆخی ئاڵۆزی عێراقدا کابینەی وەزاری پێک بهێنیت. بۆیە موقتەدا سەدریش ناچارە هاوشێوەی کابینەکانی پێشووتر، لەگەڵ لایەنەکانی تر بکەوێتە دانوستان؛ ئەگەرچی ئەم جارە دانوستاندنەکان سەختتریش دەبێت، چونکە لایەنەکانی شیعەی ڕکابەری موقتەدا سەدر، پێشوەختە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان مافی پێکهێنانی حکوومەتیان هەیە، چونکە دەتوانن گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پێک بهێنن. هەر یەک لە دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی فەتح، عەسائیبی ئەهلی هەق و حزبوڵڵای عێراق، حاڵی حازر لە نێوه‌ندی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا ئەم بانگەشەیە دەکەن؛ کە گشت ئەم لایەنانە لەلایەن ئێرانەوە یان ئاراستە دەکرێن یاخود پشتیوانی دەکرێن و بەشێكن لە بەرەی بەرگری کە لە عێراقەوە دەست پێ دەکات و تا باشووری لوبنان درێژە دەکێشێت.

دۆخی عەرەبی سوننە

بەپێچەوانەی گشت هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەم جارە عەرەبی سوننە بە نوخبەی سیاسیی نوێ و حزب و هاوپەیمانێتیی نوێ گەڕاوەتەوە ناو گۆرەپانی سیاسی. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨، بەو هۆیەوە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵی ناوچە سوننەکانیان کردبوو، توانییان لەم ناوچانە زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن؛ ئەگەرچی ساختەکارییەکی سیستەماتیک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لەم ناوچانە ئەنجام درا. بەڵام بەپێچەوانەوە لە هەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١، هێزە سوننەکان توانییان دەنگەکانی خۆیان کۆ بکەنەوە و سەرووی هەفتا کورسیی پەرلەمانی دەستەبەر بکەن. لەم ژمارەیەیش لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، توانی نیوەی زۆرتری کورسییەکان، واتە ٣٧ کورسی دەستەبەر بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨، حەلبووسی توانیبووی تەنیا ٦ کورسی دەستەبەر بکات و، بەم شەش کورسییەیش ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان. هاوکات لیستی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، ملیۆنێرە بەناوبانگەکەی عێراق، توانیویەتی ١٦ کورسی دەستەبەر بکات. پرسیاری گرنگ لێرەدا بریتییە لەوەی کە بۆچی خەمیس خەنجەری بەناوبانگ، بە بەراورد بە لیستی تەقەدوم کەمتر لە نیوەی کورسییەکانی دەستەبەر کردووە؟ دەکرێ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ خودی کردەوەکانی خەمیس خەنجەر بگەڕێتەوە کە سەرەتا پاڵپشتیی وڵاتانی وەک ئوردن و عەرەبستانی هەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی نزیکبوونەوەی لە ئێران و هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران و بەتایبەتیش حەشدی شەعبی، جەماوەرێتیی خۆی لە نێوان عەرەبی سوننە لەدەست دا و هاوشێوەی هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران، نەیتوانی وەک پێویست کورسی مسۆگەر بکات. بەپێچەوانەوە محەمەد حەلبووسی زۆر بەباشی لەم هاوکێشەیە تێ گەیشتووە کە سەرکەوتنی عەرەبی سوننە لە عێراق پەیوەستە بە ڕاددەی پشتیوانیکردنیان لەلایەن وڵاتانی وەک ئیمارات، عەرەبستان و ئوردن، نەک ئێران. حەلبووسی دروشمی خۆپێشاندەرانی سوننەی لە ساڵی ٢٠١٤ لەبیر بوو کە داوای پێکهێنانی "هەرێمی سەربەخۆ"یان بۆ ناوچە سوننەنشیننەکانی عێراق دەکرد؛ ئەمەیش بەهۆی دەستێوەردانی لەڕاددەبەدەری ئێران لە عێراق و پەراوێزخستنی سوننە لەلایەن شیعەکانەوە وەک تۆلسەندنەوەیەک. لەلایەکی ترەوە، بۆ دەرخستنی ئەم ڕاستییە ئەگەر سەیری نەخشەی لیستە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی بکەین، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە ئەو لیست و لایەنانە براوە بوون کە زۆر لە ئێران نزیک نین کە بریتی بوون لە هەر یەکە لە:

  • لیستی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر کە شیعە، عرووبە و دژی حەشدی شەعبییە.
  • لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی کە سوننە، عرووبە و دژی حەشدی شەعبییە.
  • لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە کوردی، نەتەوەیی و دژی حەشدی شەعبییە.

لەوانەیە دژایەتیی ئەم سێ لایەنە بۆ حەشدی شەعبی یەکێک لە فاکتەرە ڕێخۆشکەرەکان بێت بۆ نزیکبوونەوەی ئەم سێ لایەنە و پێکهێنانی حکوومەت وەک سێ لیستی سەرەکیی براوه‌ی حکوومەت کە زۆرترین ڕێژەی پۆستە سیادییەکان دەستەبەر دەکەن.

ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی

عێراقی دوای ٢٠٠٣، وڵاتێکە کە سەقامگیرییەکەی بەندە بە ڕاددەی بوونی ململانی و بارگرژی لە نێوان ئه‌کتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانەوە. لە ڕاستیدا ململانێی نێوان ئەم لایەنەیش هێندە بەرزە کە ئەگەر بۆ ماوەیەکیش لێک نزیک ببنەوە بەڵام لە ڕووی جیهانبینیی سیاسییەوە زۆر لێکجیاوازن؛ بۆیە ململانێی ئەم لایەنانە بەردەوام دەبێت و کاریگەریی نەرێنییش لەسەر سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا دروست دەکات. تا هەنووکەیش بۆچوونێک لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا باوە کە گوایە گشت هاوکێشەکان لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە ئاراستە و تەنانەت چارەسەریش دەکرێن. ئەم بۆچوونە تا ڕاددەیەک ڕاستە بەڵام تەواوی چیڕۆکەکە نییە. ڕاستە کە ئێران و ئەمریکا دوو ئەکتەری بەهێزی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقن، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت کە بریتانیا وەک هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا، ئەکتەرێکە کە دەوڵەتی ئێستای عێراقی داڕشتووە. دوایین سیستەمی هەڵبژاردنی عێراق، لە سیستەمی هەڵبژاردنی فرەبازنەییی بریتانیا وەرگیراوە.

بریتانیا زۆر بەنهێنی و لەسەرەخۆ لە عێراق کار دەکات و، ئاگاداری که‌لتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراقە؛ دەوڵەتێکە کە یەکەمین دەستوور، یەکەمین دامەزراوە سیاسییەکان، یەکەمین سوپا، یەکەمین کەرتی تەندروستی، یەکەمین زانکۆ و قوتابخانەی مۆدێرنی عێراقی دامەزراندووە و ڕێگه‌وبان و بەندەرەکانی عێراقی بنیات ناوە. هەر لەم ڕوانگەیشەوەیە کە لە گشت کێشە و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بریتانیا ڕۆڵی ناوبژیوان و گەیشتن بە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، لە ئەستۆ دەگرێت.

ڕاستە کە هێزە لایەنگرەکانی ئێران لەم هەڵبژاردنەدا، دەنگی کەمیان هێناوەتەوە، بەڵام حاڵی حازر هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا تەنیا لە میانەی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا توانیویانە ٩٣ کورسیی پەرلەمانی لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە؛ ئەمە جیا لە هێزەکانی تر کە لە ئێرانەوە نزیکن، وەک: لیستی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر. سەرەڕای ئەوەیش هێزە نزیکەکان لە ئێران، ئەو هێزە چەکدارانەن کە هەم کۆنترۆڵی لایەنی ئەمنی و سەربازیی عێراقیان کردووە و هەمیش کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران. گشت ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئێران هەر بە بەهێزی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەمێنێتەوە.

هەرچی سەبارەت بە وڵاتە عەرەبییەکانە، دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق، وڵاتانی سوننەی ناوچەکە، بەتایبەتیش سعوودیا، ئیمارات و ئوردن هەستیان بەم مەترسییە کردووە و هەر یەک بە جۆرێک هەوڵی نزیکبوونەوە لە حکوومەتی عێراق و پێکهاتەی سوننە لە عێراق دەدەن. سعوودیا و ئیمارات ئەگەرچی لەم دوو ساڵەی دوایی لەسەر پرسی یەمەن تووشی کێشە هاتن، بەڵام سەبارەت بە عێراق پشتگیریکردنی خۆیان بۆ لیستی تەقەدوم نەشاردۆتەوە. بانگێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ٢٠٢١، بە مانای خۆئامادەکردنی قەتەر دێت بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق. یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی قەتەریش بۆ عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، ئەگەر ئێران لە ئەفغانستان بەربەست بۆ حکوومەتەکەی تاڵیبان دروست بکات کە لەلایەن قەتەرەوە پشتیوانی دەکرێت، بە هەمان شێوە قەتەریش بتوانێت بۆ ئێران بەربەست دروست بکات. پێچەوانەكه‌یشی ڕاستە؛ واتە قەتەر و ئێران لەسەر کەیسی عێراق و ئەفغانستان هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا بکەن. هاتنی ئەم ئەکتەرە هەرێمایەتییە عەرەبییانە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، هەم بەو مانایە دێت کە ململانێکان لە عێراق توندتر دەبنەوە، هەمیش بەو مانایەیە کە ئێران بۆ پاراستنی پێگەکەی لە عێراقدا، پێویستە لەگەڵ ئەم وڵاتانە ڕێک بکەوێت یاخود ڕكابەرێتییان بکات. گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عەرەبستان لەسەر پرسە جیاوازەکان دەرخەری ئەم ڕاستییەن.

هەرچی سەبارەت بە تورکیایە، تورکیا زۆر بەپێچەوانەی جاران بەڵام زیرەکانتر کار دەکات. تورکیا ئەم جاره‌ کەمترین دەستێوەردان و هەڵویستی لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق هەبوو. بەڵام لە لایەکی ترەوە زۆر لەسەرخۆ خەریکی داگیرکردنی "ویلایەتی مووسڵ"ی جارانە کە تا هەنووکەیش تورکیا بە بەشێک لە خاکی خۆی هەژماری دەکات. پەرلەمانی تورکیا سەرلەنوێ لە ٢٦/١٠/٢٠٢١، دەسەڵاتی بە حکوومەتی تورکیا دا کە بۆ دوو ساڵی تر دەستوەردانی سەربازی لە هەر یەک لە سووریا و عێراق ئەنجام بدات؛ ئەمەیش بەو مانایە دێت کە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، تورکیا بەشێکی زۆرتر لە خاکی عێراق/هەرێمی کوردستان داگیر دەکات. لە لایەکی ترەوە، حاڵی حازر کۆمپانیاکانی تورکیا وەبەرهێنەری یەکەمن لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەسەر دەستی داعش وێران کراون؛ ئەمەیش بەو مانایە دێت کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئامادەییی سەربازی و ئابووریی تورکیا لە نیوەی خاکی عێراق (واتە ناوچە کوردییەکان و ناوچەکانی عەرەبی سوننە) بەهێزتر دەبێت. ئەمەیش ئاڵینگارییەکی نوێیە هەم لە بەردەم حکوومەتی عێراق و هەمیش لە بەردەم دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا. بۆ یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش، بوونی تورکیا لە عێراقدا خوازراوترە لە بوونی ئێران لە عێراقدا.

پوختە

ئەگەر بێت و لە گشت ڕەهەندە ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانه‌وە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ لە عێراق بکەین، دەبینین کە ئەم هەڵبژاردنە لە بری چارەسەرکردنی کێشەکان، گرفتەکانی قووڵتر و ئاڵۆزتر کرد، ئەویش لە چەند ڕوویەکەوە:

یەکەم: هاتنی هێز و لایەنی سەربەخۆ بۆ ناو پەرلەمانی عێراق

دووەم: لاوازبوونی هێزەکانی لایەنگری ئێران لە ڕووی کورسیی پەرلەمانییەوە

سێیەم: گەڕانەوەی عەرەبی سوننە بۆ ناو نەخشەی سیاسیی عێراق

چوارەم: سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی موقتەدا سەدر

پێنجەم: سەرکەوتنی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە هێزێکی سەربەخۆخواز ناسراوە

شەشەم: زۆرتربوونی ژمارەی ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

کەواتە ئەگەر سەیری ئەم ڕەهەندانەی سەرەوە بکەین، بەو دەرەنجامە دەگەین کە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی عێراق کارێکی قورس دەبێت و ڕازیکردنی گشت ئەم ئەکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییانە کارێکی قورستر دەبێت؛ بۆیە ئەگەری زۆرە کە گشت لایەنەکان ناچار بن دووبارە هاوشێوەی کابینەکەی مستەفا کازمی، لەسەر بەربژێرکردنی کاندیدێکی بێلایەن بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆکوەزیران ڕێک بکەون. زیاد لەمەیش، دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە سەلماندی، کە ئەگەری هەیە ئەگەر گشت ئەم لایەنانە ڕێک نەکەون، هەڵبژاردنەکەی ١٠/١٠/٢٠٢١، دوایین هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت لە فۆرمی ئێستادا و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، بە سیستەمە سیاسییەکەی ئێستا ئەنجام نەدرێت. ئەمەیش بەو مانایە نایه‌ت کە عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە بچێت، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە شێوازی فیدراڵییەتی ئێستای عێراق سەرکەوتوو نەبووە و هێزە ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان ناچارن هزر لە شێوازێکی سیاسیی گونجاوتر و کراوەتر بۆ عێراق بکەنه‌وه‌.