سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە عێراق

د. چنار بابەکر محەمەد، دکتۆرا لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی - کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەلاحەددین

دەسپێك

دیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سیاسەتی خۆیدا سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ، گۆڕانکاریی کردووە. ئەمریکا لەم سەردەمە و بە گوێرەی ژینگەی نێودەوڵەتی و بەهۆی گوشارەکانی ناوخۆیی، هەوڵ دەدات سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە جۆرێك پەیڕەو بکات، سەرچاوە دارایی و توانا مرۆیییەکانی خۆی لەو ناوچانە نەخاتە گەڕ، کە ڕاستەوخۆ نابنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی.

هزرڤانی ناودار، جۆزێف نای، لە کارنامەیەکی لەژێر ناونیشانی "The Future of Power" ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا هەروەک وەڵاتێکی بەهێز دەمێنێتەوە، بەڵام نە وەکوو زلهێزێكی باڵادەست (Dominanat power). نای پێی وایە، ئەمریکا ناتوانێت بەتەنیا و بێ هەماهەنگی و هاوکاریی  هاوپەيمانەکانی ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە، کەوا ئێستا لەسەر ئاستی جیهان بوونیان هەیە. بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نییە کە ئەمریکا چیتر بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ناگەڕێت و دەرفەت بە نەیاران و ڕکابەرانی دەدات جێگەی بگرنەوە. ئەمریکا دەتوانێت سیاسەتەکانی بە شێوەیەك جێبەجێ بکات، خۆی ڕاستەوخۆ دەستێوەردان نەکات و دەرفەت بە ئەکتەرە لۆکاڵی و ناوچەیییەکان بدات بەرژەوەندییەکانی بەدی بهێنن.  

ئەگەر لە چوارچێوەی Retrenchmnet Strategy بڕوانینە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، واتا کشانەوە لە کێشە جیهانییەکان؛ ئەوا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکا لەناوچەیەك بکشێتەوە، چ لایەنیك جێگەی پڕ دەکاتەوە؟ بەپێی یاساکانی فیزیا، سروشت حەز بە بۆشایی ناکات. کاتێ ئەمریکا لە شوێنێك دەکشێتەوە، بۆشایییەك دروست دەبێت و لایەنێ پڕی دەکاتەوە؛ جا لەوانەیە ئەو لایەنە نەیاری ئەمریکا بێت و بەو شێوەیەیش مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا دروست بکات.

ڕاستە عێراق دەچێتە خانەی ئەو وڵاتانەی، لە ڕابردوودا گرینگیی خۆی لەناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەبووە، بۆیە زۆر پرسیار و دیبەیت دەکرێت لەسەر ئەوەی ئایا ئەمریکا چۆن دەڕوانێتە عێراق، ئایا ئەمریکا پاش کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق، دەکرێت ڕۆڵ و سەنگی لەم وڵاتە بمێنێتەوە؟ ئایا ئەنجامی دوا هەڵبژاردنەکان لە عێراق ئاراستەکانی سیاسەتی ئەمریکا دەگۆڕێت؟

ئەنجامی هەڵبژاردن لە عێراق: پێشهات و سیناریۆکان

ستایشکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە عێراق لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەو وەرچەرخانە دیموکراسییەی لە عێراق ڕووی داوە؛ ئەگەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بکرێت، کە پێشێلکاریی زۆری بەخۆیەوە بینی.

ئەم جارە ئەو کارڕایییانەی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کران سەرکەوتوو بوون، بەتایبەتی لە ڕووی شەفافییەت و کەمکردنەوەی ئاستەنگ بۆ دەنگدەران. بەڵام ڕێژە و ئەنجامی کورسیی حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی ئەم جارە، بەهۆی پاشەکشەکردنی ئاشکرای ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی نزیكن لە ئێران و بەهۆی لەدەستدانی کورسییەکانیان لە پەرلەمان (مەبەستمان ئەو لایەنانەیە کە پشتیان بە سیاسەتی سازان لەگەڵ ئێران بەستبوو، گوایە ئێرانییەکان هاوپەیمانی ستراتیژین لە پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران) و بەهۆی بەرجەستەبوونی ئەو لایەنانەی مكوڕن لەسەر گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق، دوور لە هەر هەژموونێکی دەرەکی، نەخشەیەکی سیاسیی نوێی لە عێراق خستە ڕوو.

ئەم جارە هاوپەیمانیی فەتح تەنیا ١٤ کورسیی بەدەست هێنا، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بە ٤٨ کورسی، دووەم براوە بوو. هاوپەیمانیی "قوی الدولة" یەکێکی ترە لە دۆڕاوە دیارەکانی هەڵبژاردنی ئەم جارە، کە تەنیا ٥ کورسیی بەدەست هێنا. ئەم هاوپەیمانێتییە بریتی بوو لە "ڕەوتی حیکمە" بە سەرۆکایەتیی "عه‌مار حه‌کیم"، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی پێشوو "حه‌یده‌ر عه‌بادی". هاوپەیمانێتیی "نه‌سر"، کە عه‌بادی سەرۆکایەتیی دەکرد، بە بەدەستهێانی ٤٢ کورسی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨، سێیەم براوە بوو؛ ئەوکات ڕەوتی "حیکمه‌" ١٩ کورسیی بەدەست هێنا.

هەروەها ئەنجامە سەرەتایییەکان سەرکەوتنی هێزی نوێی درخست؛ لەوانە "بزاڤی ئیمتیداد" (حرکة الإمتداد)، کە چالاکوانانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دایان مەزراند، بێجگە لە سەرکەوتنی ٢٠ کەسیی تری سەربەخۆ. پێکهاتەی "ته‌قه‌دوم" بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمانی پێشوو "محه‌مه‌د حه‌لبووسی" ٣٨ کورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا و، "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، "نووری مالیكی"، ٣٧ كورسی. ئەم جارە ڕەوتی سەدر بە سەرکردایەتیی "موقتەدا سەدر" توانی بە ٧٣ کورسی لە ڕیزبەندی یەکەم بێت، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ تەنیا ٥٤ کورسیی هەبوو.

سیناریۆکانی پێکهینانی حکوومەت

ڕاستە ئەم کورسییانە دەرفەت بە سەدر نادەن بەتەنیا حکوومەت پێک بهێنێت و، ناچار دەبێت لەگەڵ پێکهاتە و لایەنەکانی تری وەکوو سوننە و کورد دەسەڵات دابەش بکات بۆ پێکهێنانی زۆرینە لە پەرلەمان بە مەبەستی بەدەستهێنانی زۆرینەیەکی سادە (٥٠+١)؛ واتە ١٦٥ کورسی لە کۆی ٣٢٥ کورسی لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو.

ئەم جیاوازییە نوێیە کە لە سروشتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان و پاشان لە سروشتی داڕشتنی سیاسەتەکانی ئاییندە بۆ عێراق دروست بووە، لەناو ماڵی شیعە قەیرانی دروست کردووە و بەدڵنیایییەوە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر ئەدای حکوومەتی "مستەفا کازمی"ی کاربەڕێکەر و دامەزراندنی کابینەی نوێ و پڕکردنەوەی پۆستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکان، چونکە هێشتا دەسەڵات و هەژموونی ئێران و بریکارەکانی بەگشتی، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ڕەوشی سیاسیی عێراقی نوێ هەیە.

هەندێ لە چاودێڕانی ڕۆژاوایی پێیان وایە هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، (لە ڕێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی بە مەبەستی کوشتنی) کە بەهۆیەوە پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئێران دەکرێت، ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت لەوەی ئەنجامدەران مەبەستیان بووە؛ چونکە ئەو کردارە دەرفەتێك دەبێت بۆ مانەوەی مستەفا کازمی وەکوو سەرۆکوەزیران؛ هەروەها تواناکانی موقتەدا سەدر و مستەفا کازمی بەهێزتر دەکات بۆ کارکردنیان لەسەر بەرنامەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیا چەکدارانەی، کە لە دەرەوەی یاسا دەجووڵێنەوە. 

لە بەرامبەردا سیناریۆیەکی تر هه‌یه‌ لە ڕێگەی دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەك لە نێوان هێزە شیعەکانی تردا، کە دەکرێت کورسییەکانیان لە پەرلەمان، زیاتر بێت لە ژمارەی کورسییەکانی ڕەوتی سەدر؛ بەو شێوەیە کۆتایی بە دەرفەتەکانی بەردەم سەدر دەهێنرێت لە بەدەسهێنانی زۆرینە و پێکهێنانی حکوومەت. ئەو  هەنگاوە، ئەگەر بگیرێتە بەر، تا چەند دەستوورییە؟ ئەوەیش پرسیارێکە، دەکرێت لە دەرفەتێکی تر کاری لەسەر بکرێت و وەڵام بدرێتەوە. پێم وایە سیناریۆی دامەزراندنی حکوومەت لە ڕووی بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی "پشكپشکێنه‌ی حزبی"، جیاوازتر نابێت لە سیناریۆەکانی دامەزراندنی حکوومەتەکانی پێشووتر.

زۆر لایەن پێیان وایە دەرفەت لە بەردەم مستەفا کازمی هەیە تا دووبارە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید بکرێتەوە، چونکە کازمی هەم پاڵپشتیی ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکای هەیە و هەم ئامادەیە- هه‌روەک لە ڕابردوو بەکردار پیشانی داوه‌- لەگەڵ ئەو لایەنانەی پاڵپشتیی دووبارە کاندیدکردنەوەی دەکەن، نەرمی بنوێنێت. لە کاتێکدا ئەو هێزانەی دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی کازمی ڕادەوەستن، ناتوانن کاندیدێکی جێگرەوە بسەپێنن؛ چونکە دۆخەکە لەناوخۆ و لە دەرەوە، ئاڵۆزترە لەوەی کە بەڕووکەش دەبینرێت.

لە ڕابردوو لە پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو دۆخەکە بەپێی نه‌ریتی سیاسی بەڕێوە چووە؛ بەو شێوەیە شیعە سەرۆكوەزیرانی بەرکەوتووە، کە پۆستێکی بەهێزی جێبەجێکردنە، كورد پشکی سەرۆکایەتیی کۆماری بەرکەوتووە و سوننە سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێ سپێردراوە. بە بڕوای من ئەم جارەیش هەر سازان دەکرێت لە نێوان هێزە براوەکانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی تر بەپێی سیستەمی "پشكپشکێنه‌".  واتە هاوپەیمانێتییەکانی ئەم جارە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ئاییندە، جیاوازتر نابێت لە هاوپەیمانێتییەکانی پێشووتر، بەڵام پێویستە کار بۆ دیالۆگی جددی بکرێت بە تێپەڕاندنی مەترسیی ڕوودانی توندوتیژیی چەکداری، کە گرووپ و تاقمە چەکدارەکانی شیعەی نزیك لە ئێران لە ڕابردوو، پاش دۆڕاندنیان لە هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان پێ کردبوو. 

گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و هەوڵدان بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان

پاش هەڵبژاردن ئاماژەیەکی بەهێز بەدی دەکرێت وەکوو سەرەتایەك بۆ کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی ئەو گرووپ و تاقمە چەکدارانەی، کە لەژێر سایەی حەشدی شەعبی چالاکیی نایاسایی دەنوێنن. شەقامی عێراق لە هەڵبژاردندا ئاشکرای کرد، ئیتر لەمڕۆ بەدواوە ئامادە نییە پشتگیریی هەبوون یان قبووڵکردنی مانەوەی ئەو تاقم و گرووپ و چەکە ناکۆنترۆڵکراوانە بکات.

یەکەم، هەوڵەکانی ئەو گرووپانە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتیان لە پێناو کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی عێراق و هێرشکردنە سەر لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لێدانێکی قورسە لەسەر ئاستی هەژموون و کاریگەری، کە بە خراپی بەسەریاندا دەشکێتەوە؛ دواجار ئەم هەوڵانەیان دەبێتە مایەی لاوازبوون و پاشەکشەکردنی ڕۆڵی سیاسییان.

دەوەم، کێشەی چەکی دەرەوەی یاسا و دەوڵەت بەهەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە. ئەمەیش پێویستی بە بڕیارێکی بوێرانە و ویستی سیاسی هەیە بۆ کونترۆڵکردن و داماڵینی چەك.

ئەگەر ئەو کارە ئەنجام نەدرێت، ئەوا ئەو گرووپ و تاقمانە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و پشتیوانیی سیستەمی حەشدی شەعبی دەکەن و حەشد بەهێز دەکەن. ئەمەیش ئەو سێبەرە تاریکەی خۆی بەسەر حکوومەتەکانی داهاتوو لە عێراقدا دادەگرێ و لە بەرامبەردا هەڵوێستی ئەو حکوومەتانە لەمەڕ  ئه‌و هێزانە بە لاوازی دەهێڵێتەوە.

سێیەم، چەکی میلیشیاکان هیچ پەیوەندییەکی بە بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق نییە؛ چونکە ئەمریکا هیچ کات گرفت نەبووە بۆ عێراق، بەڵکوو گرفت بووە بۆ ئێران و بەربەست بووە لە بەردەم  هەوڵەکانی ئێران، کە مەبەستیەتی سەرجەم عێراق کۆنترۆڵ بکات.

کەواتە هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لە ڕێگەی ئەو هێرشەی کە بە "درۆن" (فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان) ئەنجام درا، دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ عێراق و هێزە سەربازی و سیاسییەکانی دەوڵەتی عێراق تا بتوانێت میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە گوێڕایەڵ نین، کونترۆڵ بکات. هەروەها ئەم ڕووداوە دەرفەتێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تا بەرەنگاری ئەو هەڕەشە ڕاستەقینانە ببێتەوە، کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە. بە بۆچوونی من هەر جووڵەیەكی ناوخۆیی یان دەرەکی، دەتوانێت ببێت بە کلیلێك بۆ گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق و ڕزگاربوونی لە هەژموونی هەرێمی و نێودەوڵەتی؛ لە ئاییندەدا دەتوانێ ببێت بە زامنی مانەوەی دەوڵەتی عێراق، دوور لە هەڵوەشانەوە و دابەشبوون.

سیناریۆی هاوپەیمانێتیی سەدر و پێکهینانی حکوومەتی نوێ

ئەمڕۆ پێکهاتەی سەدر، کە زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ی بەدەست هێنا،  لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایه‌، تا بتوانێ بە سیاسەت و بە شێوەیەکی ئاشتییانە بێتە مەیدان و لەناو پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ هاوپەیمانێتییەكی فراوانتر دابمەزرێنێت؛ هاوپەیمانێتییەك کەلێنی لێ نەکەوێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە سەدر دەتوانێت ڕوو لە هاوپەیمانێتیی "ته‌قه‌دوم" و "پارتی دیموکراتی كوردستان"-کە وەکوو حزب لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە- بکات. تەنانەت سەدر دەتوانێت سەرنجی سەربەخۆکان بۆ لای خۆی ڕابکێشی، بەتایبەتی ئەو سەربەخۆیانەی نزیکن لە مستەفا کازمی، تا پێکەوە بەرامبەر بە لایەنە دۆڕاوەکانی وەکوو فەتح و حیکمە و دەعوە و نەسر و... ڕاوەستن، کە لە ئێستادا خۆیان لەناو چوارچێوەی هەماهه‌نگیکردن "الأطار التنسيقي" دەبیننەوە و تەنانەت هەندێکیان ڕاستەوخۆ بە بەکارهێنانی هێزی چەك هەڕەشە دەکەن؛ لەو ڕێگەیەوە سەدر دەتوانێت دەنگی ڕەها بەدەست بهێنێت. ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە دەتوانێت دووبارە مستەفا کازمی وەک سەرۆكوەزیرانی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەسەڵات، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێ مەرجیش لەسەری بسەپێنێت.   

ئایا ئێران وەکوو هێزێکی هەژمووندار و کاریگەر ئەم حکوومەتە نوێیەی پێ پەسەندە؟

ڕاستە سەدر لە قەوارەی جددیبوونی ئێران تێ دەگات و دەزانێت ئێران بەپێی دەربڕینە میدیایییەکانی، چاوپۆشی لەوە ناکات عێراق لە ئێران دوور بخرێتەوە و لەژێر سایەی ئێران دەربچێت، بۆیە لای خۆیەوە کار دەکات بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەك، كه‌ بتوانێت زیاتر بەرژەوەندییەکانی ئێران لەبەرچاو بگرێت. بەڵام لەبەر چەندین دۆسیەی گەرمی نێودەوڵەتی، لە بەرژەوەندیی ئێرانە ئەگەر دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە بەغدا، بێ گرفت و توندوتیژی و گرژی بەڕێوە بچێت.

هەروەها لە بەرژەوەندیی ئێرانە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، مستەفا کازمی، لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، چونکە کازمی لە کاتی بەڕێوەبردنی حکوومەت چەند ڕۆڵێکی هەرێمیی گێڕاوە، کە لە ڕابردوو لە بەرژەوەندیی ئێران بووە و پێویستە بەردەوامییان هەبێت؛ لەوانە دیالۆگی نێوان تاران و ڕیاز. لە لایەکی تر ئەگەر ئێران كار له‌سه‌ر پاشاگەردانی و پشێوی بكات، سەقامگیری نامێنێت و ئەمەیش دواجار بە زیانی ئێران تەواو دەبێت.

ئەو گروپ و تاقمانەی کە لایەنداری ئێرانن، لەوانە هاوپەیمانێتیی فتح دەنگی زۆریان بەدەست نەهێنا و بەو پێیە ئەم جارە کورسیی کەمتریان بەرکەوت، هەروەها کەسانی وەکو " ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری " کە بەرپرسی "کەتایبی حزبوڵڵا"یە بەئاشکرا هەڕەشە لە سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن. دیارە ئەم هەڕەشانە بە هۆی ئەو شکستەیە کە بە هۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تووشی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەکانیان سنووردارە و ناتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت. لەوانەیە هەندێ پشێوی ڕوو بدات، بەڵام گەلی عێراق ئەمڕۆ هۆشیارتر بووە و بەسۆزەوە ناکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو هەڕەشانە و، ئەو جۆرە وتاره‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزانه‌یش ناتوانن بە هیچ شێوەیەك ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگۆڕن. 

دروشمەکانی سەدر و کێشەکانی ناوخۆی عێراق

سەدر ئەمڕۆ دروشمی "نە شەرقی و نە غەربی"ی بەرز کردۆتەوە، کە لە ڕابردوو دروشمی "شۆڕشی ئیسلامیی ئێران" بووە. ئەم سیاسەتە، کە پێی دەگوتری "بێلایەنیی ئەرێنی"، لەلایەن مستەفا کازمییه‌وه‌ پەیڕەو دەکرا و سەدر پشتگیریی دەکرد، بە مەبەستی گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق و کرانەوەی بەڕووی وڵاتانی کەنداو و عەرەبیدا.

دۆسیەی چاکسازی و پەرەپێدان و تۆکمەکردنی ژێرخان و نەهێشتنی پاشاگەردانی و گەندەڵی و چەکی دەرەوەی یاسا و هەژموونی دەرەکی و باشترکردنی دۆخی بژێوی و خوێندن و پەروەردە و خزمەتگوزاری، قورسترە لە دۆسیەی سیاسه‌تی دەرەوە و، پێویستە بەجددی کاری لەسەر بکرێت.

شەقام لە عێراق-سەرەڕای بەشدارینەکردنی لە دەنگدان بە ڕێژەیەکی بەرچاو- بەوردی چاودێریی دۆخەکە دەکات و دەزانێت عێراق ئەمڕۆ لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستی بە سیاسەتێکی عەقڵانی و ژیر هەیە؛ بۆیە پێویستە کۆمپاسی عێراق ڕوو لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان بکات و حکوومەتی عێراق بەڕێزەوە بڕوانێتە ماددە دەستوورییەکان و جێبەجێیان بکات.

سیناریۆکانی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق

سەبارەت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە بڕیارە لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، وەکوو دوا ڕێكه‌وت، ئەنجام بدرێت، دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین کەوا ئەو هێزە لە "تیمێکی سەربازی"یه‌وه‌ بۆ "تیمێکی ڕاوێژکاری و ڕاهێنان" دەگۆڕدرێت، بەڵام چاودێرییەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامیی دەبێت، بەتایبەتی لە نێوان هەردوو هێڵی ٣٢ و ٣٥، کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە؛ بەدیاریکراوی ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە ڕێکخراوی داعش تیایاندا چالاکی دەنوێنێت.

واشنتن مەبەستیەتی، بەردەوام بێت لە دووبارە دروستکردنی هاوسەنگییەك بۆ سەرچاوە سەربازییەکانی، ئەویش لە ڕێگەی کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوەپێکردنەوەی ئەو هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و شوێنی تر. دیارە ئەم ویستەی ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوو لای هەردوو ئیدارەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان پەسەند بووە، بەڵام هەڕەشە بەردەوامەکان و ڕوودانی پشێویی کۆمەڵایەتی و سیاسیی فراوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوون بە ئاستەنگ لە بەردەم بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمریکا؛ بۆیە ئەو پرۆسەیە دوا خرا.

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، لە کاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی حکوومەتی عێراق، مستەفا کازمی، لە کۆشکی سپی لە تەمووزی ٢٠٢١ دۆسیەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق یەكلا کردەوە و جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە، ڕۆڵی وڵاتەکەی تەنیا خۆی لە بەردەوامبوون لە ڕاهێنان و هاوکاریکردنی عێراق چڕ دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش؛ بەڵام پاش ساڵی ٢٠٢١ هێزەکانی ئەمریکا ئیتر ئەرکی هێرشکردن و شەڕکردن لە عێراق لە ئەستۆ ناگرن. بۆیە ئێمە پێمان وایە ناکرێت ئەو هەنگاوانەی ئێستای ئەمریکا بە كشانەوە ناوزەد بکرێت، بەڵکوو ئەمە گۆڕینی هێزێكە بە هێزێکی تر.

ئەوەی کە ڕوو دەدات جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکكەوتنی ئاسایشی واژووکراوی نێوان هەردوو وڵاتە، تا ئەركەکان بە توانا ناوخۆیییەکان لە عێراق بسپێردرێت و ئەو توانایانە بە هاوکاریی لۆجیستیی نێودەوڵەتی پاڵپشتی بکرێن. سەبارەت بە ئاییندەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوا دەکرێت بڵێین عێراق هێشتا هاوپەیمانێکی گرینگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ئەو بابەتە تا ڕاددەیەك بۆ هەردوو لا یەكلا بۆتەوە.

لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەگەر بڕوانینە ئیدارەکانی پێشووتری ئەمریکا، بۆ نموونە لە سەردەمی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترامپ، ئەوا بەبەردەوامی سازش لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران لە عێراق کراوە؛ بە شێوەیەك کە ڕەزامەندیی عێراق، ئێران و ئەمریکای لەسەر بووە؛ بۆ نموونە لە کاتی دەستنیشانکردنی نووری مالیکی، حەیدەر عەبادی، عادل عه‌بدولمه‌هدی و مستەفا کازمی؛ بۆیە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووتر بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران لە عێراق.

ئەمەیش دیسان بەپێی ڕێکكەوتن دەبێت لە نێوان لایەنەکان. تەنانەت ئەگەر موقتەدا سەدریش لە پێکهێنانی حکوومەت سەرکەوتوو بێت، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق تا ڕاددەیەك گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، تا ئەو کاتەی پێشهاتەکان نەبن بە هەڕه‌شە بۆ سەر بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا.

کام لەم سیناریۆیانە بە سوودی هەرێمی کوردستانە؟

هەرێمی کوردستان بەپێی ئەزموونەکانی پێشووی لەگەڵ حکوومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێراقی پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، بۆی ڕوون بۆتەوە حکوومەتەکانی پێشووتر ویستیان نەبووە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن. هەر لایەنێ پێش چوونە سەر دەسەڵات بەڵێنی دابێ، مافە دەستوورییەکانی گەلی كوردستان جێبەجێ بکات، پاش هاتنە سەر دەسەڵات، نەك تەنیا بەڵێنەکانی نه‌بردۆته‌ سه‌ر، بەڵکوو مافە دەستوورییەکانیشی پێشێل کردووە.

ئەوەی بووە بە ڕاستییەكی تاڵ، حکوومەتەکانی عێراق، بە هۆکار و بێ هۆکار، گوشاری سیاسی و ئابوورییان خستووە سەر هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوون لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەك دەست و یەك دەنگ و بە وتارێكی تۆکمە و یەکگرتوو بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێراق بکەن و ستراتیژێکی ڕوون بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان پەیڕەو بکەن.

پێویستە لایەنە کوردستانییەکان  دان بە خۆیاندا بگرن و چاوەڕوانی دوا بڕیاری شیعە بن، تا شیعە لە نێوماڵی خۆیان پێک دێن؛ ئەگەرچی زۆر گرینگە كوردستانیان تا بکرێت لەگەڵ لایەنێکی نوێ حکوومەت پێک بهێنن و کێماسییەکانی ڕابردوو چارەسەر بکەن و ئەو دروشمە پەیڕەو بکەن، کە دەڵێ "ئەو کەسەی لە ڕابردوو تاقی کراوەتەوە، دووبارە تاقی نەکرێتەوە." پێویستە هەرێمی کوردستان پاش تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان زیاتر پشت بە هێزی ناوخۆ ببەستێت و زۆر چاوەڕوانی لایەنی دەرەکی نەبێت بۆ بەدیهینانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

ڕەنگە ئەوەیش ڕاست بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەگرینگییەوە دەڕوانێتە پێگەی هەرێمی کوردستان؛ بەڵام ناکرێت لەبیرمان بچێت، بۆ مانەوە بە شێوەیەكی بەهێز لە ناوخۆ، پێویستمان بە سەقامگیری و یەکگرتوویی هەیە، تاکوو ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەمریکایش، وەکوو لە بەرنامەیدایە لە کۆتاییی ٢٠٢١ لە عێراق پاشەکشە بکات، ئەوا پێویستە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتییه‌وه‌ کار لەسەر بەهێزکردنی پێگەی خۆی بکات، چونکە تەنیا هێز و بەهێزیی ویست دەتوانێت هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان سەرکەوتوو بکات و بەسەر ئاڵینگارییەکاندا زاڵ بێت.

Latest from چنار بابەکر محەمەد