حكوومەتی داھاتوو و گەمەی كورد لە نێوان ململانێی ھێزە شيعەكاندا

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر-بریتانیا. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

لێكنزیكیی كورد و شيعە و ڕۆڵی سەرەکیی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەتایبەت لە قۆناغی 2005 -2010،  بە "سەردەمی زێڕینی كورد" ناسراوە. لەم ڕووەوە، كورد ڕۆڵێكی مەزن و گرنگی لە پرۆسە و ھاوكێشە سیاسییەكانی عێراقدا دەگێڕا. كورد بەھۆی پێگە بەھێزەكەی و ھاوپەیمانیكردن لەگەڵ شيعەكان، توانی زۆربەی مافەكانی لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنێت. لەو ماوەیەدا، ھەرێم لە دامەزراوەكانی حكوومەتی فیدڕاڵیدا ڕۆڵێكی كارا و ئەكتیڤی ھەبووە. كورد لە سوپای نوێی عێراقدا خاوەن پلە و پۆستی زۆر گرنگ بووە و، ڕێژەی بەشداریی لە سوپادا لە ئاستێكی زۆر باشدا بووە. بە ھەمان ئاراستەیش، بەغدا بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە گوشارێك لەسەر ھەرێم دروست بكات، بەشە بوودجەكەی دەنارد. لە ناوچە جێناكۆكەكانیش زۆربەی دەسەڵاتە گرنگەكان بەدەست كوردەوە بوون و تەنانەت لە قۆناغی یەكەمی فەرمانڕەواییی "مالیكی"دا، بەغدا بوودجەیەكی تایبەتی بۆ  پراكتیزەكردنی ماددەی 140 تەرخان كرد.

لە لایەكی دیشەوەوە، كورد ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی لە دروستكردنی حكوومەت و دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیراندا ھەبووە؛ بە ڕاددەیەك لایەنی كوردی، ڤیتۆی لەسەر ھەر كەسێك ھەبووایە، ئەگەری بوونی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق زۆر سەخت دەبوو. كەسێكی وەك "ئیبراھیم جەعفەری" لە یەكێك لە لێدوانەكانی خۆیدا ھۆكاری لەدەستدانی پۆستی سەرۆكوەزیرانی لە ساڵی 2006 خستە ئەستۆی كورد و، جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كە ھۆكاری ھەرە سەرەكی بۆ لەدەستدانی پۆستی سەرۆكوەزیران گوشارەكانی كورد بووە. ئەوكات ئیبراھیم جەعفەری ھەڵوێستێكی خراپی لەسەر پراكتیزەكردنی ماددەی 140 ھەبووە. ھەر لەبەر ئەمەیش  كوردەكان پێداگیرییان كرد لەسەر ئەوەی دەبێت شيعەكان بەربژێرێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن و، ئەمەیش ڕێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی مالیكی لە ساڵی 2006 پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت؛ ئەمە بەدەر لەوەی تێڕوانینێكی ھاوبەش لە نێوان كورد و پێكھاتەی شيعەدا ھەبووە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن بە دروستكردنی دەسەڵاتێكی بەھێز و سەنتراڵ لە بەغدا و، كار بكەن بۆ بەفیدڕاڵیكردنی عێراق.

لێرەدا زۆر پرسیار دەكرێت لەسەر ئەوەی بۆچی لە سەرەتای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس (2003-2010)  پێگەی كورد بەھێز بووە؟ ئایا ھۆكارەكەی پەیوەندیی بە فاكتەری كوردییەوە ھەبووە، یاخود به‌ ڕووخانی عێراقەوە؟ بۆچی ھێزە شيعەكان ئەوكات زیاتر ملكەچی داواكارییەكانی كورد دەبوون یاخود دژی كورد نەدەوەستانەوە؟ بۆچی كورد لە دوای 2010  نەك ھەر نەیتوانی پارێزگاری لە پێگەكەی خۆی بكات بەرامبەر بەغدا، بەڵكوو ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازبوون و پەراوێزخستن ڕۆیشت؟ ھەڵەكان و خەلەلەكان لە كوێن؟ ئایا ھەر لە بنەڕەتدا كورد سیاسەت و ستراتیژییەكی باشی بەرامبەر بەغدا ھەبووە؟ بۆچی ھەموو كات ھەرێم  گرەوەكەی لەسەر ئەوە بووە كە دەبێت بەغدا ناسەقامگیر بێت، سوپایەكی لاوازی ھەبێت یان شەڕ و ململانێی شيعە و سوننە بەردەوام بێت تا خۆی بەھێز بێت؟ ئایا ھیچ كاتێك ھەرێم سیاسەت و ستراتیژییەكی ھەبووە، ئەگەر سبەینێ ڕۆژ عێراق ھەستایەوە و سوپایەكی بەھێزی دامەزراند، دەتوانێت ھاوسەنگی بەرامبەر بەغدا ڕابگرێت یان لەلایەن بەغداوە قووت نادرێت؟ لە ڕاستیدا زۆر ھۆكار ھەبوون بۆ ئەوەی كورد بتوانێت لە قۆناغی (2003-2010) ئەو ڕۆڵە  گرنگە بگێڕێت. لێرەدا دەكرێت ھۆكارەكانی لەم خاڵانەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە:

یەكەم، لە سەرەتای ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەعسەوە، تاكە ھێزی ڕێكخراو لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە عێراقدا ھێزی كوردی بووە. ئەمە بەو مانایە نییە كورد توانیبوویان سیسته‌مێكی دیموكراسیی ڕێكوپێك دروست بكەن؛ بەتایبەت ئەوكات تازە چەند ساڵێك بوو لەژێر گوشار و كاریگەریی ئەمریكادا كوردەكان كۆتایییان بە شەڕی ناوخۆ ھێنابوو؛ بەڵام وەك گوتمان كورد تا ڕاددەیەك ئەزموونێكی ھەبوو و خۆی حوكمی خۆی دەكرد. لە بەرامبەردا عێراقێكی داڕووخاو ھەبوو كە بەتەواوەتی لەبەریەك ھەڵوەشابووه‌وه‌. لە ھەموویان گرنگتر ئەوە بوو كە، ھەرێمی كوردستان، بە ھەموو كێشە و گرفتەكانی ھەرێمییه‌وه‌ سەقامگیر بووە؛ كە ئەمەیش ببوو به‌ خاڵی ھەرە بەھێزی كوردەكان.

دووەم، پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ ئەمریكا زۆر بەھێز بووە و ئەوكاتیش ئەمریكا دەسەڵاتی زۆری بەسەر عێراقدا ھەبووە. تەنانەت ئەوكات چاودێرانی سیاسی پێیان وابوو كە سەرەڕای كێشە و گرفتەكان، ھەرێم دەكرێت ببێنە فاكتەرێكی ھەرە بەھێز بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق بەرەو پێش بچێت. بەتایبەت ئەوكات ئەمریكییەكان بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا زۆر پشتیان بە كوردەكان دەبەست؛ ئەمەیش لەبەر ئەوەی كە ئەوكات سوننەكان بایكۆتی پرۆسەی سیاسییان كردبوو و زۆربەی ھێزە شيعەكانیش لەژێر ھەژموون و كاریگەریی ئێراندا بوون. لەو ڕووەوە، كورد كارتێكی بەھێز بووە بەدەست ئەمریكاوە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق ھەبێت.

سێیەم، ئەوكات شيعەكان تازە ھاتبوونە سەر دەسەڵات و ھیچ ئەزموونێكیان لە دەسەڵاتداریدا نەبوو. بۆیە، بە بەراورد لەگەڵ كورد، كە فەرمانڕەواییی خۆیان دەكرد، زۆر لاواز بوون. لەم ڕووەوە، شیعەكان بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان و پاراستنی دەسەڵاتیان، زۆر پێویستیان بە كورد ھەبوو. بەتایبەت، ئەوكات شيعەكان و ئێرانیش  مەترسیی ئەوەیان ھەبووە كە لەوانەیە ئەمریكا بە ھاوكاریی دۆستەكانی، دووبارە سیسته‌مێكی عەلمانی و عرووبایەتی لە عێراقدا زیندوو بكاتەوە و عێراقێك دروست بكات كە ھاوشێوەی ستایلی "سەددام حسێن" بێت. لەم ڕووەوە، شيعەكان ھیچ متمانەیەكیان بە ئەمریكا نەبووە و ترسیان لەوە ھەبووە دووبارە ئەو دەرفەتەی دوای نزیكەی سەد ساڵ ھاتووتە دەست، لەدەستی بدەن و دووبارە سوننەكان بە ھاوكاریی ئەمریكا دەوڵەتە عەرەبە سوننەكان بگەڕێننەوە سەر دەسەڵات.

لێرەدا، تا ڕاددەیەكی زۆر ھەماھەنگی و بەرژەوەندیی ھاوبەش لە نێوان كورد و شيعەدا سەبارەت پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ھەبووە. ھەردوو لا لەگەڵ ئەوە بوون دەسەڵاتەكان دابەش بكرێن و ڕێگە لە دروستبوونی دەسەڵاتێكی ناوەندیی بەھێز بگرن. ھەر ئەمەیش وای كرد كە تەنانەت ھێزە شيعەكانیش ھاوشێوەی كوردەكان، پرۆژەیان ھەبووە بۆ ئەوەی ھەرێمێكی فیدڕاڵی شيعە لە عێراقدا دروست بكەن. ئەوكات ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كە ھێزی ھەرە كاریگەری شيعەكان بوو، خۆی پرۆژەی بۆ بەفیدڕاڵیكردنی ناوچەكانیان ھەبووه‌. ئەمەیش بەھۆی ئەوەی ترسیان ھەبوو لەوەی ئەمریكا دووبارە دەسەڵاتێكی توند و عرووبی لە بەغدا دروست بكات كە دژی بەرژەوەندییان بێت.

ھەڵگەڕانەوەی شيعەكان و لاوازبوونی پێگەی ھەرێم

ھەرچەندە پێش 2010  كێشەكان لە نێوان حكوومەتەكەی مالیكی و ھەرێم سەری ھەڵدا، بەڵام لە  قۆناغی دووەمی فەرمانڕەواییی مالیكیدا، ئیدی ناكۆكییەكانی نێوان كورد و شیعەكان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر ڕۆیشت. بەتایبەت ئەوكات مالیكی دوای ئەوەی بە دەستپێشخەری و پاڵپشتیی كورد دووبارە پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرت، كەوتە دژایەتیكردنی كورد و ھەڵگەڕانەوە لە دەستوور و پروسەی سیاسیی عێراق. مالیكی ھەموو ھەوڵێكی بو ئەوە بووە كە ببێتە خودان دەسەڵاتێكی ڕەھا لە عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستەیش ھەموو ھەوڵێكی دا دەوڵەتێكی سەنتراڵ و بەھێز لە بەغدا دروست بكات. هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه‌دا مالیكی دەستی كرد بە لەناوبردنی دامەزراوە سیاسی و دەستوورییەكان، پێشێلكردنی دەستوور و دژایەتیكردنی كورد و سوننە.

لەم ڕووەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە ھەرێمەوە ھەبووە، پەیوەندییەكانی ھەرێم و بەغدا بەرەو گرژیی زیاتر ڕۆیشت. مالیكی و ئەوانەی دوای ئەویش ھاتنە سەر دەسەڵات، زۆر ھەنگاویان ھاوێشت بۆ لاوازكردنی پێگەی ھەرێم، لەوانە: یەكەم، ھەوڵدان بۆ كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە بەغدا و بەپاشکۆكردنی كورد و سوننە. لەم ڕووەوە، مالیكی و پێكھاتەی شيعە بەگشتی ھەوڵیان دا زۆربەی دەسەڵاتەكان لە ڕووی سیاسی، سەربازی، یاسایی و ئابووری لە بەغدا چڕ بكەنەوە و ھەرێم بێدەسەڵات بكەن. دووەم، مالیكی بەتەواوەتی لە جێبەجیكردنی ماددەی 140 پاشگەز بووەوە و خۆی لە ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان دزییەوە. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە لە قۆناغی یەكەمی فەرمانڕەوایییەكەیدا بوودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردبوو بۆ پراكتیزەكردنی ماددەی 140. سێیەم، لە ساڵی 2014 بەغدا دەستی كرد بە دروستكردنی گوشار لەسەر كورد لە ڕێگەی بەكارھێنانی بەشە بوودجەی ھەرێمەوە. لەم ڕووەوە، لە بڕیارێكی تاكلایەنەدا مالیكی بەشە بوودجەی ھەرێمی بڕی. دەسەڵاتدارانی بەغدا پێیان وابوو كە دەتوانن لەو ڕێگەیەوە ھەم پێگەی پارتی لاواز بكەن (كە ئەوكات دژی سیاسەتەكانی مالیكی بوو) و ھەم دەتوانن مەرجەكانی خۆیان بەسەر ھەرێمدا بسەپێنن؛ بەتایبەت ئەوكات بەھۆی پەرتەوازەبوونی لایەنی كوردی، ھەندێك بەرپرسی ناو یەكێتی، دەستیان ھەبووە لەوەی مالیكی بەو شێوەیە ھەنگاو بھاوێژێت.

چوارەم، حكوومەتی بەغدا سیاسەتەكەی بە ئاراستەی گەمارۆدان و لاوازكردنی ھێزی پێشمەرگە چڕ كردەوە. لەم ڕووەوە، خۆیان دزییەوە لەوەی كە بوودجەی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیسته‌می بەرگریی سوپای عێراق بدەن و، تەنانەت ڕێگەیان نەدا چەك و ته‌قه‌مه‌نییش بگاتە دەست پێشمەرگە. بە ھەمان ئاراستەیش، لە سەردەمی مالیكی، دەست كرا بە لاوازكردنی پێگەی كورد لەناو سوپای عێراقدا؛ بە ڕاددەیەك ڕێژەی بەشداریی كورد لەناو سوپادا بۆ نزمترین ئاست دابەزی كە ئێستا دەگاتە 2%. ئەمە بەدەر لەوەی كە لە گەرمەی جه‌نگی داعشدا، بەغدا نەك ھەر یارمەتیی پێشمەرگەی نەدا، بەڵكوو ئاستەنگیشیان لە بەردەم ئەمریكا و ھاوپەیمانان دروست دەكرد كه‌ ئەوەی یارمەتیی پێشمەرگە بدەن و چەك و تفاق بگەیه‌ننە دەست پێشمەرگە. پێنجەم، بەغدا خۆی لە سەرجەم بڕگە یاسایییەكان دزییەوە كە پەیوەست بوون بە  مافەكانی ھەرێم لە پرسی نەوت و گازدا و، كەوتە دژایەتیكردنی كەرتی نەوت و گاز  و، ھەوڵەكانی چڕ كردەوە كە ئەو سێكتەرە لەدەست ھەرێم دەربێنێت. لە لایەكی تریشەوە، وێڕای بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێم، لەسەر ئاستی دەرەكییش گوشاری زۆری دروست كرد  بۆ ئەوەی  ڕێگری لە ھەناردەكردنی نەوت بكات.

شەشەم، لە دوای ڕیفڕاندۆم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەغدا بە پاڵپشتیی میلیشیا شيعەكان، ناوچە ناكۆكەكانی بە زەبری ھێز داگیر كرد و ئەگەر بەھۆی بەرگریی پێشمەرگە نەبووایە، سیاسەتیان بەو ئاراستەیە بووە كە ئەم جارە قەوارەی ھەرێم بەتەواوەتی لەبەریەك ھەڵبوەشێنن و كۆتایی بە كیانی ھەرێم بھێنن. حەفتەم، لە پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا، كوردەكان ڕۆڵی سەرەکییان لەدەست دا و شيعەكان بەتەواوەتی كورد و سوننەیان پەراوێز خست و تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی شيعەكان بڕیاریان دەدا كێ لە پشكی كورد و سوننە ببێتە سەرۆككومار، یان سەرۆكی پەرلەمان. بۆ نموونە لە كاتی پێكھێنانی حكوومەتەكەی عەبادی لە ساڵی 2014، دوای دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیران، ئەوجا داوایان لە كورد كرد بەشداریی حكوومەت بكات. ھەروەھا لە ساڵی 2018، ئێران و ھاوپەیمانەكانی، خۆیان پۆستی سەرۆككۆماریان بۆ كورد یەكلا كردەوە. لە دوا كارتی گوشاریاندا، دوای توندبوونی ناكۆكییەكانی ئەمریكا و ئێران لە عێراقدا، میلیشیا شيعەكان لە ڕێگەی درۆنەوە ھێرشیان كردە سەر فڕۆكەخانەی ھەولێر و ئێستایش ئەو كارتە وەك گوشار دژی ھەرێم بەكار دێنن.

ھۆكارەكانی لاوازبوونی پێگەی ھەرێم

لە ڕاستیدا زۆر ھۆكار ھەبوون كە وای كرد لە دوای 2010 پێگەی ھەرێم بەرەو لاوازی بچێت، كە لێرەدا دەكرێت ئاماژە بە گرنگترین خاڵەكان بكەم: یەكەم، ھەڵگەڕانەوەی شيعەكان لە پرۆسەی سیاسی و پەراوێزخستنی پڕه‌نسیپ و بنەماكانی تەوافوق و ھاوسەنگی و ھاوبەشی لە عێراقدا و جەختكردن لەسەر زۆرینەی سیاسی. دیارە  لە دوای 2003 عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق، تەوازن و ھاوسەنگی دروست كرا و دەستووریش ڕەنگدانەوەی ئەم بنەمایانە بووە. بەڵام دوای ئەوەی شيعەكان بە پاڵپشتیی ئێران  پێگەی خۆیان قایم كرد، كەوتنە لێدان لەو پڕه‌نسیپانە و توانییان لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە دەست بەسەر ھەموو جومگە گرنگەكانی دەسەڵاتدا بگرن و كورد و سوننە بەتەواوەتی پەراوێز بخەن.

دووەم، سەرەڕای ناكۆكی و دووبەرەكیی ناوماڵی شيعە، بەڵام لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا توانییان یەكڕیزیی خۆیان، بەتایبەت ھەمبەر كورد و سوننە بپارێزن و، ڕێگە نەدەن پێكھاتەكانی تر سوود لە ناكۆكییەكانیان وەربگرن. سێیەم، لێكترازانی ناوماڵی كورد و پەرتەوازەبوونی ھێزە كوردییەكان، بەتایبەت پارتی و یەكێتی و دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ھاودژەكانی ناوخۆیی و ھەرێمیدا، یەكێكی تر بووە لەو فاكتەرانەی كاریگەریی زۆر خراپی كردە سەر پێگەی ھەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی. لەم ڕووەوە، یەكێتی زیاتر بۆ بەھێزكردنی پێگەكەی و لێدان لە پارتی، پشتی بە ئێران و ھێزە شيعەكان بەست. تەنانەت ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی گەیشتە ئاستێك كە  ھەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی داوایان لە مالیكی كرد بوودجەی ھەرێم ببڕدرێت، بۆ ئەوەی گوشار لەسەر پارتی دروست ببێت. نەك ھەر ئەمە، لە دوای ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی، بوونە بەشێك لە گەمەی میلیشا شيعەكان و ئێران بۆ ڕادەستكردنی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان بە بەغدا.

چوارەم، بۆ بەھێزكردنی پێگەی ھەرێم لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، بەرپرسانی كورد ستراتیژییەكی دوورمەودایان نەبووە. واتە كوردەكان سیاسەتیان نەبووە بۆ ئەوەی چۆن و بە چ شێوەك كار دەكەن بۆ ئەوەی پێگەیان لە عێراقێكی بەھێزدا پارێزراو بێت. گرەوی كورد تەنیا لەسەر ئەوە بووە كە دەبێت بەغدا لاواز بێت، ناسەقامگیر بێت، شه‌ڕی شيعە و سوننە بەردەوام بێت، یان سوپایەكی لاوازی ھەبێت بۆ ئەوەی خۆی بەھێز بێت. واتە بەردەوام سەركردەكانی كورد وا بیر دەكەنەوە، كە دەبێت بەغدا لاواز بێت بۆ ئەوەی خۆی بەھێز بێت؛ بەڵام ستراتیژییەتیان نەبووە چۆن لە عێراقێكی بەھێزدا جێگەیان دەبێتەوە. كورد بە درێژاییی 30 ساڵ دەرفەتێكی زێڕینی ھەبووە كە سیسته‌مێكی بەھێزی دیموكراسی دروست بكات، ھێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەی ھەبێت كه‌ دوور بێت لە دەستێوه‌ردانی گرووپ و كەسەكان، دامەزراوەكان بەھێز بكات و ببێتە خاوەن ھەرێمیكی یەكگرتوو و خودان یەك قەوارە. بەداخەوە، ھیچیان نەكرد! ئەمەیش گورزێكی گەورەی لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی كورد دا و، وای كرد لەگەڵ یەكەم ھەنگاوی بەھێزبوونی بەغدادا ھەرێم خۆی لە بەردەم ھەڕەشەیەكی مەزندا ببینێتەوە.

حكوومەتی داھاتوو و گەمەی كورد لە نێوان ململانێی ھێزە شيعەكاندا:

دوای ھەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 و دەركەوتنی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەكان، ئەم جارە بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوو، ناكۆكیی مەزن لە نێوان ھێزە شيعەكاندا دروست بووە و دەرفەتێكیشی بۆ كورد و سوننە ڕەخساندووە تا دووبارە لە ڕوانگەیەكی بەھێزەوە بگەڕێنەوە ناو پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لێرەدا ئەگەرچی ھێشتا دیار نییە ئایا ناكۆكییەكانی شیعەكان تا سەر بەردەوام دەبن و بە دوو بەرە دەچنە ناو پەرلەمان، یاخود لەژێر گوشاری ئێراندا، تەیار و ئیتار دەگەنە ڕێككەوتن سەبارەت حكوومەتی داھاتوو؛ ئەوەی دیارە تاكوو ئێستا ڕوانگەی سەدر زیاتر جەختكردنە لەسەر زۆرینەی نیشتمانی بۆ حكوومەتی داھاتوو. لێرەدا مەبەستی سەدر زیاتر ئەوەیە كە ئەوانەی زۆرینەی دەنگەكانیان لەناو پێكھاتەكاندا دەستەبەر كردووە، پێكەوە حكوومەت دروست بكەن. ھەرچەندە دیار نییە تا سەر، سەدر لەسەر ئەم ھەڵویستە دەمێنێته‌وه‌ یان نا؛ بەتایبەت سیاسەتی سەدر زیاتر بە ئاراستەی دەركردنی نووری مالیكییە لە حكوومەتی داھاتوو، نەك ھەموو ھێزەكانی شیعە. بەڵام سەبارەت ئەو پرسیارەی كە ئایا  بۆ  كورد و سوننە باشترە زیاتر لەگەڵ سەدرییەكان كار بكەن بۆ پێكھینانی حكوومەتی داھاتوو یاخود ئیتاری تەنسیق؟ بەدڵنیایییەوە بۆ ھەرێم باشترە لەگەڵ سەدرییەكان كار بكات بۆ ئەوەی حكوومەتی زۆرێنەی نیشتمانی دروست بكەن. دیارە لێرەدا ھۆكارەكان زۆرن كە دەكرێت باسی بكەین بۆچی ئەو جۆرە حكوومەتە لە بەرژەوەندیی ھەرێمدایە. 

یەكەم، لە حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانیدا نەك زۆرینەی سیاسیدا، كورد و سوننە لە ڕوانگەیەكی بەھێزترەوە بەشداریی حكوومەت دەكەن. واتە تا ڕادده‌یەك ھاوسەنگییەك لە حكوومەت و پەرلەماندا لە نێوان كورد و سوننە و شيعەدا دروست دەبێت. حكوومەتی زۆرینە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و نەكەوێت یان متمانەی لێ وەرنەگیرێت، پێویستی بە پاڵپشتیی كورد و سوننە دەبێت و لایەنی سەدری ناتوانێت بەتەنیا ئەو حكوومەتە ڕابگرێت. كەواتە ئەوكات ھەم سەدرییەكان و ھەم سەرۆكی حكوومەتیش، ئەگەر بەنەچاریش بێت بەرامبەر ھەندێك لە داخوازییەكانی كورد و سوننە نەرمی پیشان دەدەن و بەپێچەوانەوە، دەكرێت بەئاسانی ئەو حكوومەتە برووخێنرێت. دووەم، سەدرییەكان بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لەناو پێكھاتەی شيعە و حكوومەتدا بەھێز بكەن، بەردەوام پێویستیان بە كورد و سوننە دەبێت. بۆیە ناتوانێت بەئاسانی پشت لە كورد و سوننە بكات. ھەرچەندە ھەندێك باسی ئەوە دەكەن گوایە لە دواڕۆژدا لەوانەیە سەدر وەك خومەینی ھەموو عێراق كونتڕۆڵ بكات، بەڵام پێم وا نییە ئەمە ڕوو بدات؛ بەتایبەت نە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و نە لەسەر ئاستی دەرەكی، فاكتەرەكان یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی ئەو پیاوە بەھێزە دروست ببێت.

سێیەم، كورد ئەزموونی دوورودرێژ و تاڵی ھەیە لەگەڵ ئیتاری تەنسیق كە زۆربەی ھێزەكانی نزیك لە ئێران لەخۆ دەگرێت؛ ھەروەھا زۆربەی ئەو حكوومەتانەی لە دوای 2005 دروست بوون، بەدەست سەركردەكانی ناو ئیتاری تەنسیقه‌وه‌ بوون. وەك لە سەرەوە بەوردی ئاماژەمان پێ كردووە، ئەوان ڕۆڵێكی زۆر خراپیان ھەبووە لە دژایەتیكردنی كورد و سوننەكان و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی ھەرێم؛ لە بڕینی بوودجەوه‌ بگرە، تا دەگاتە داگیركردنی كەركووك و ناوچە دابڕاوكان. واتە كورد ئەزموونێكی دوورودرێژی لەگەڵ ئیتاری تەنسیق ھەیە كە بە ھیچ شێوه‌یەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنەكان نەبوون. ڕاستە لە كاتی لاوازیدا زۆر بەڵێن دەدەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع سیاسەتێكی تەواو پێچەوانە پراكتیزە دەكەن. بۆیە دووبارە ڕێككەوتن لەگەڵیاندا، واتە دووبارەكردنەوەی ھەموو ئەو ھەڵانەی كورد لە ڕابردوودا كردوویەتی.

چوارەم، یەكێك لە خاڵە بەھێزەكانی شيعەكان بە درێژاییی 18 ساڵی ڕابردوو، بریتی بووە لە یەكگرتوویییان بەرامبەر كورد و سوننە. بۆیە، ئەگەر شیعەكان ئەم جارەیش بگەنە ڕێككەوتن و سازان لە نێوان خۆیاندا، ئەوكات گەمەی كورد و سوننە زۆر لاواز دەبێت و ناتوانن ڕۆڵێكی مەزن لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بگێرن. تەنانەت ئەو حكوومەتەی كە لە ئەنجامی ڕێككەوتنی پێكھاتەی شيعەكان دروست دەبێت، ھاوشێوەی حكوومەتەكانی پێشوو، نە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی كورد و سوننە و نە ھیچ ھەنگاوێكیش بە ئاراستەی ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەھاوێژێت و، ھەر ڕێككەوتنێكیش بكرێت خاڵەكانی تەنیا لەسەر كاغەز دەمێنێت. كەواتە دابەشبوونی ناوماڵی شيعە و لاوازبوونی ھاوپەیمانەكانی ئێران، لە بەرژەوەندیی كورد و پرۆسەی سیاسییە لە عێراقدا.